چیرۆک

لە بیرم دێت (٣)

فەڕۆخ نێمەتپوور

سەرئەنجام، مامە، سەلمێی بۆ نەهات. دووای ماوەیەک بە سەرشۆڕی گەڕایەوە بۆ ناو ماڵ و منداڵی خۆی و، سەرلەنوێ لە ناو جێگاکەیدا قن لە ژنەکەی خەوتەوە. بەڵام بەو ئەنجامە گەیشت ئاشقی و دڵداری فڕی بە تەمەنەوە نیە، ئەوەندەی فڕی بە رێکەوت و بە بینینی ئەو کەسەوە هەیە وا دەبێ بیبینی!

 

لە بیرم دێت (٣)

فەڕۆخ نێعمەتپوور

کوڕێکی دراوسێمان لە شەڕی عوممان بووە. بە واتایەکی تر لە دژی شۆڕشگێڕانی زەففار. وەک بۆ خۆی دەڵێ هەم سواری کەشتی بووە، هەم تەیارە و هەم هلیکۆپتەر. دەڵێ کەشتی قۆڕە، دڵت بەیەکا دێت و دەڕشێیتەوە، هەرچەند ئەو گوایا نەڕشاوەتەوە. بەڵام پێ لەسەر ئەوە دادەگرێ کە بەڕاستی تەیارە شتێکی ترە. کۆپتەریش خراپ نیە، ئەوەندەی کە لەرەلەری زۆرە. نە باوەگەورە و نە دایکم و نە مامەکانم نازانن عوممان لە کوێیە. بەڵام من و باوکم دەزانین. من سەیری نەقشەم کردووە، شوێنێک لە باشووری دووڕگەی فارس. دراوسێی ئیمارات لە باکوور و یەمەن لە باشوور. پایتەختەکەی 'مسقەت'ە. هەروەها لەسەر دەریای عەرەبیشە. ئەو دەریای دەگاتە هیندستان. باوکم دەڵێ رەنگە بە تەیارە تا جنووبی ئێران چووبێ، لەوێوە بە فڕۆکە بەسەر دەریای عوممان دا پەڕیبێتەوە و لە ناو خودی عوممانیشدا سواری کۆپتەر بووبێت، بۆ راوی شەڕکەرەکانی ئەوێ. من کە لە زیرەکی باوکم سەرم سوڕدەمێنێ، بەو ئاکامە دەگەم کە نا، باوکم لە هەندێ شوێندا بەڕاستی وشیارە و شیاوی ئەوەیە ببێتە مامۆستای هەمان قوتابخانەی وا ساڵانی ساڵە کاری تیادەکا. تێدەگەم کە باوکم بە جوگرافیاوە یەکجار سەرقاڵە و وادیارە حەزی لێیەتی. هەروایشە، ئەو لە ژوورەکەی خۆی لە مەکتەب، کتێبێکی جوگرافیای لە تەنیشت سەماوەرەکەدا داناوە.

کوڕی دراوسێکەمان کە ئیستا خەڵی ناویان لێ ناوە حەمە عوممانی، دەڵێ 'گوگوش'یشی بینیوە. دەڵێ ئەویش بە هەمان رێگادا هاتووە بۆ عوممان و لە پێگەیەکی گەورەی سەربازی گۆرانی بۆ وتون. تەنانەت وێنەیەکیشی لەگەڵ کێشاوە. حەمە عوممانی لە گەڵ کۆمەڵێک سەربازی تر کە ئەم، وادیارە بە زۆرەملی، تەنیا سەر و ملی دیارە. گوگوش کە دەمی زلە لە کاتی پێکەنیندا هەر سی و دوو دیانەکەی دەرکەوتووە. شۆخ و شەنگ کە بە هەموو جەستەیەوە بەڕووی دونیادا پێدەکەنێ،... رەنگە بەڕووی ئەو عوممانییە نەگبەتانەیشدا وا خەریکن لە دژی سوپای ئێران دەجەنگن، وەک بڵێی پێیان دەڵێ کەرینە وازبێنن، دەرەقەتمان نایەن!

حەمە عوممانی زۆر شایی بەخۆی دێت. دەوڵەت تیکە زەوییەکی باشی پێداوە و وەک دەڵێن پارەیەکی باشیشی وەرگرتووە. هەڵبەت قسەیەکی تریش هەیە، دیارە لە ناو خەڵکیدا، دەڵێن لەوێ شتی دیکەیشی بەدزییەوە لەگەڵ خۆی هێناوەتەوە. چۆن؟ کەس نازانێ. باوەگەورە دەڵێ خنیویەتییە ناو شتەکانی تریەوە. مامەجوێنفرۆش دەڵێ ئەوە من بن و بنەچەی دەناسم، من دەزانم کوڕی چ زۆڵێکە، ئەو لە کونی قنی باوکیشیا بێت هەر دەیانهێنێتەوە! مامەتەنەکە دەڵێ ئەوێ سەحرای عەرەبستانە و بڕواناکا خەڵکی تەنەکە بەکاربێنن؛ دەڵێ لەوێ وەک قەدیم بە گڵەسوور ئاگردان و شتی لەم بابەتە سازدەکەن. تەنیا مامەچایی بێدەنگە. رەنگە لەبەر ئەوەی حەمە عوممان (کە بەرەبەرە بووەتە حەمە عوممانە) هەموو رۆژێک یەک دوو جار خۆی بە چایخانەکەی ئەودا دەکا و خیڕو بێری هەیە بۆی. حەمە عوممانە هەمیشە بزەیەکی لەسەر لێوە. خەڵکی لایان وایە لەبەر ئەو سەروەت و سامانەیە وا بەریکەوتووە. بەڵام کاتێک من تەمەنم لە چل لایدا پێم وایە لەبەر ئەوە هەمیشە بزەی لەسەر لێوە چونکە نەکوژرا یاخود لاقێکی لەسەر مین نەپەڕی و توانی بە ساخی و سەلامەتی بگەڕێتەوە. حەمە وێنەکەی خۆی لەگەڵ گوگوشی لەگەڵ کۆمەڵێک وێنەی تر لە ناو قاپێکدا بە دیواری ژووری میوانەوە هەڵواسیوە، کە نیشانەی ئازایەتی ئەو لە بەرگریکردن لە نیشتمانە. دیسان ساڵانی ساڵ دوواتر بوو لەوە گەیشتم کە دەکرێ بە سەدان و هەزاران کیلومەتر لەوپەڕی نیشتمانەوە شەڕ بکەی بۆ ئەوەی لە نیشتمان بەرگری بکەیت، تەنانەت گەر راستەوخۆ هێرشیشیان نەهێنابێتە سەرت! حەمە عوممانە مانگانەیەکیشی وەک مووچە هەیە. بۆیە کارناکا. حەتاڵ و بەتاڵ بە شەقامدا دێت و دەڕوات. دیارە ئەوەندەی پێ نەچوو لە شارەداری دامەزرا و بوو بە بەرپرسی پاراستن و پەرەپێدانی پارکەکانی شار. وەک دەڵێن جاروبارە سەردانی سۆزانی خانەکانی تارانیش دەکا. لەوێ بینیویانە. دەڵێن وەک خەڵکی دیکە نیە خۆی بشارێتەوە، راستەوخۆ سەیری ناوچاوانت دەکا، وەک بڵێی دەیەوێ بڵێ "پاک لە پاک! ئەوە نیە جەنابیشت لێرەی!" بەڵام من لام وایە قارەمانی نیشتمان نابێ لەو شوێنانەدا ببینرێ. قارەمانەکان پارە بە سۆزانی نادەن، ئەوان تەنیا ئاشق دەبن، عەشقێکی رۆمانسی و حیماسی کە سەربوردەکەی دەبێتە وێردی سەر زمان هەموو خەلکی.

حەمە باریکەلەیەکی باڵا مامناوەندییە و هەمیشە قاتێکی رێک و پێکی کوردی لەبەردەکا. تەسبێحێکی شینیشی بەدەستەوەیە کە جاری وایە دەیخاتە ناو هەر دوو لەپی دەستی، خێرا و مەحکەم دەیگێڕێ و دەیگووشی و خڕەخڕی لێدێنێ. حەزیشی زۆر لە هێلکە و رۆنی چاخانەکەی مامەچاییە. پێم وابێ رۆژێ شەش حەوت هێلکەیەک ئاودیودەکا، بە پەرداخێک دۆی ترشەوە. بەڵام جگەرە ناکێشێ و لە جیاتی ئەوە وەک باوەگەورەم دەڵێ لە گووەکە دەخواتەوە. چۆن بەمە دەزانن؟ ئاشکرایە، کاتێک سەر کوڵمەکانی دادەگیرسێنن و هەر لە خۆوە بەدەم خەڵکییەوە پێدەکەنێ و یەک تاقە وشە چییە لە زارییەوە نایەتە دەرەوە. بێدەنگ بێدەنگ. من لام وایە حەمە عوممانە لەم کاتانەدا یەکجار خوێن شیرینە. پێم وایە لەم کاتانەدایە ئەو عوممان فەرامۆشدەکا و دەبێتەوە بە خۆی.

ئەو باسی ئەو سەربازانەیشی کردووە وا لەشەردا کوژراون و دەڵێ بەخۆشییەوە لەگەڵ هیچیان هەڤاڵ نەبووە و بۆیە لەگەڵ ئەوەی یەکجار بە مەرگیان غەمناکە بەڵام غەمەکە وەک غەمی لەدەستدانی هاوڕێیەک نیە. عەبە بێقۆل بەو تەمەنەی خۆیەوە دەڵێ حەمە وەک سەگ درۆدەکا. دیسان من ساڵانی ساڵ دەزانم کە قسەکەی عەبەبێقۆل راستە. حەمە عوممانە لەوە ناچێ پیاوێکی ئەهلی خەم و مەراق و شتی لەم بابەتە بێت. ئەو ژیانی داوەتە بەر خۆی و بەشوێنیا دەڕوا. بەپێچەوانەی خەڵکی تر کە ژیان بە شوێنیانەوەیەوە، یاخود رێک لە تەنیشتیاندا.

راستی حەمە کە ئەوەندە وەزعی باش بوو، بۆ ژنی نەدەهێنا؟ تەمەنیشی هەڵکشابوو. ئەو ساڵانە خەڵکی لە تەمەنێکی یەکجار جەوانتردا ژنیان دێنا. مامەجوێنفرۆش دەڵێ هۆکارەکەی قەحبەخانەکانی تاران و شارانە. تەنیا پوورم سەبارەت بە حەمە هیچ ناڵێ. وەک بڵیی لای مەزوع نەبێ. بەڵام نیگاکان و حالەتی وا ناڵێن. کوڕە دە چاوی حەمە عوممانە دەربێ! ئەمە چییە وەها ئەم خەڵکەی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە!

ئەوەندەی پینەچوو هەواڵ گەیی حەمە لە خانەسازمانییەکان خانوویەکی کریوە. خانە سازمانییەکان! وای وای! هەموو خەڵکی واقیان وڕدەما و لە ناخی دڵیانەوە بەخیلییان پێ دەبرد. منیش هەڵبەزیمەوە. حەمە عوممانەیش بەرەبەرە چووە ناو خاسانەوە. من رۆژێک کە لە کتیبخانەکە دەگەڕامەوە حەمەم بینی وەک کوڕە گەنجەکەی تر رۆژنامەیەکی بەدەستەوە گرتبوو و لە کاتێکدا گوێی لە گۆرانییەکی ئارام دەگرت، رووەو شاخەکەی باشووری شار دانیشتبوو و دەیخوێندەوە. حەمە گەیبووە ئەوێ. بیرم کردەوە گەر حەمە بگا، ئەی ئەوانی تر بۆ نا،... ئەی من بۆ نا؟ بەڵام چۆن؟ نەکا منیش دەبێ بچم بۆ عوممان! تەزوویەک بە لەشمدا دەگەڕێ. من و شەڕ؟

ساڵانی دوواتر کاتێک شۆڕش کرا و خەڵک رژانە شەقامەوە، حەمە عەممانە نەک تەنیا لە هیچ خۆپیشاندانێکدا بەشداری نەدەکرد، بەڵکو کەمتر خۆی دەردەخست. تەنانەت چیتر لە حەوشەیش بەدەم گۆرانییەکانەوە رۆژنامەی نەخوێندەوە. هەڵبەت کەس کاری پێی نەبوو. خاوەن بنەماڵەیەکی زۆرو زەبەند بوو. بەڵام کار لە مەحکەمکاری عەیبی نیە! وەک دەڵێن ئیستا دەردەکەوێ کە سوپا بۆ سەرکوتی ئەو شۆڕشگێڕانە رووی لە عەممان کردبوو وا دەیانەویست سوڵتانی ئەوێیش لەسەر حوکم لابەرن؛ رێک وەک ئێرە. دەڵێن حەمە لە ناو دروشمەکان زیاتر لە هەموویان رقی لە دروشمی "داس و چەکوش دوژمنی سەرنێزەیە"یە. گوایا بیری ئەوێی دەخاتەوە، گوایا ئیستا دەزانێ چ کارێکی قۆڕی کردووە و بەناوی ئەوەی بەرگری لە نیشتمان دەکا، سەرکوتی خەڵکی دیکەی کردووە. هەڵبەت خەڵکی میهرەبانن و کاریان پێی نیە، بەتایبەت کە حەمە عەممانە هەمیشە جلی رێک و پێکی کوردی لەبەردایە و قەت رۆژێک لە رۆژان نە لیباسی عەجەمی لەبەرکرد و نە جل و بەرگی عەرەبی بە دیزداشە و عەگاڵەوە! حەمە گەوهەری خۆی پاراستبوو.

بەڕای من حەمە بەگشتی مرۆڤێکی خۆشبەختە. ئەو یەکجار لە ژیانیدا خۆی خستە مەترسییەوە و ئیتر قەت خۆی تێکەڵی هیچ ماجەرایەکی تر نەکردەوە. بۆ هەمیشە پاڵی لێدایەوە و خەریکی ژیانی خۆی بوو. وەک بڵێی "یەک ژیان یەک شەڕ!"سەرئەنجام ژنیشی لە شارێکی تر هێنا و بگرە زۆر بە بێدەنگی و بە خۆشبەختیش لەگەڵ یەکتر ژیان. ئەو، پیاوی ماڵێش بوو. حەمە عوممانە هەرچی نەگبەتی ژیانی خۆی هەبوو لە عوممان هەڵیڕشتبوو و بە بێ ئەوان گەڕابووەوە.

پوورم دەڵێ "کە گەورەتر بوویت دەتوانی کتێبە مێژووییەکان بخوێنیتەوە، هەروەها لەگەڵ کتێبە سیاسییەکان." مێژوو و سیاست. چ ناوگەلێکی قورس. دەزانم ژیان زۆری بەبەرەوەیە. من جارێکە دەبێ بەردەوام بەسەر جادە بەناوبانگەکەوە بم.

ساڵانی دوواتر منیش دەبم بە هۆگرێکی باشی گۆرانییەکانی گوگوش. بەڕاستی گۆرانییەکانی خۆشن. باشە گوگوش چ کاری بە شەڕی زەففار و کووشتنی خەڵکی دیکەوە هەبوو؟ من لام وایە گەر من خاوەنی وەها دەنگ و هونەرێک بم، تەنیا بەمەوە دەچەسپم و واز لە هەرچی شتی دیکەیە دەهێنم.

پوورم دەڵێ زۆر زوو دەگەییە ئەنجام، کەمێک سەبرت هەبێ، ئەوەندە خێرا بڕیارمەدە!

 

من ئەو ساڵانە نەمدەزانی باوکی جەمشید ساواکییە. نەمدەزانی بەشوێن دۆزینەوە و گرتنی ئەو کەسانەوەیە وا دەسەڵاتی پاشایەتی دەخەنە مەترسییەوە. ئیستایش کە بیردەکەمەوە لام سەیرە پیاوێکی رووخۆش و خۆشپۆش و ئارامی وەک ئەو دەمانچەیەکەی شاراوەی هەمیشە لە لاکەلەکەدا بووبێ و، بەردەوام بە دڕدۆنگی لە دەورووبەری خۆی رووانیبێ! رێک وەک گورگ کە هەمیشە بە شوێن نێچیرەوەیە.

بەڵام راست بوو. ئەو ساواکی بوو. بگرە بەرپرسی سەرەکیی ئیدارەکەیش لە شارەکەی ئێمەدا بوو. وەک چەند ساڵ دوواتر کاتێک خەڵکی دەستیان بەسەر دایرەکەدا گرت و دێکۆمێنتەکانیان هێنایەدەرەوە، ئەو بە دەیان کەسی گرتبوو، هەڕەشەی لێکردبوون، لێیدابوون و بگرە بۆ تارانیشی بەڕێکردبوون. دەیانگوت زۆر بێڕەحم بووە. دەیانگوت خۆی تەنیا جاروبارە، کاتێک کە یەکجار رقی هەڵدەستا لە گیراوەکانی داوە، ئەگینا پیاوی بەردەست و تایبەتی خۆی بۆ ئەم کارە هەبووە. من ئیستایش روخساری باوکی جەمشیدم لەبەر چاودایە. قژێک کە بەرەو دوواوە هەڵدرابووەوە، تەوێڵێکی پان و کشاوە، روخسارێکی هەمیشە بە گوێزان تاشراو کە بۆنی ئۆدکۆلۆنە فەڕەنسییەکەی رۆژەڕێیەک دەڕۆیشت! پیاوێک کە کەسی لە ناو شارە نەدەدواند و وەک دەڵێن تەنیا لەگەڵ فەرماندەی پادگانی شار و سەرۆکی پۆلیس و یەک دوو دەوڵەمەندی شار کە لە تارانیش خانوویان هەبووە لە هەڵسوکەوت و هاتووچۆدا بووە.

جاری وایە بیردەکەمەوە گەر بیزانیایە من هەفتەی چەند جار بە جادەکەدا بەرەو کتێبخانەکە دەڕۆم، داخۆ هەڵوێستی چۆن دەبوو! پێکەنینم دێت. ئاخر کتێبخانەکە خۆ شاراوە و قاچاخ نەبوو و خودی حکومەت داینابوو؛ بەڵام برای دایکم، یەعنی خاڵم، کە ماوەیەکی زۆر لە زینداندا بووە، دەڵێ ئەمەیش فێڵە و دەیانەوێ بەم شێوەیە ئەوانەی بدۆزنەوە وا سەریان دەبزوێ! من ئەم خاڵەم زۆر کەم بینیوە. لە تایفەدا زۆر خۆشەویستە و زۆریشی باسدەکەن. من رقم لە خۆمە کە ئەوەندە بچوکم وەها کە تەمەنم ئیزنی نەداوە بیبینم و لەگەڵیا دانیشم. من تەنیا بیرەوەرییەکی لێڵی ئەو کاتەم لەبیرە کە پێم وابێ بە باوەشی دایکمەوە جارێکیان لە زیندانی شار بینیبووم. پیاوێک بە هەڵتڕوشکانەوە لەبەر هەتاودا لەبن دیوارێکی ئاجووریدا. پیاوێک بە جلوبەرگی راڕای زیندانەوە کە ئەگەرچی دەزانێ خەریکی چییە، بەڵام نازانێ سەرئەنجام چی لێ بەسەردێ.

باوکی جەمشید ناوی 'ئاغای ئەسەدی'یە. وای پێدەڵێن! ناو چووکەکەی نازانم. یەعنی پێویستیش نیە بزانم. هەندێ ناو خۆی لە خۆیا هەموو شتێک دەڵێ و مرۆڤ پێویستی بە شتی زیاتر نیە. ئاغای ئەسەدی دەستەکانی زۆر تووکاوین. رەگەکانی بەدەرەوەن و جمگەکانی ئەوەندە زەقن کە لە زەوق دەدەن. دەبێ مشتەکانی زۆر ترسناک بووبن. بەڵام من خۆشحاڵم ئەو ئەوەندە لەگەڵ من کە هاوڕێی جەمشیدی کوڕیم مهیرەبانە. وەک بڵێی دونیا شامی شەریفە و هیچ شتێکی وەها کە بیهەوێ بیشێوێنێ، روونادات. دڵنیام بە هۆی منەوە بنەماڵەکەیشم پارێزراوە، خوانەخواستە گەر رۆژێک لە رۆژان هەڵەیەک لێیانەوە سەریدا. لای من تەنیا شوێنێک کە ئەم مەترسییەی لەسەرە، جادە بەناوبانگەکەیە. هەزار جاری دیکەیش بڵێن کتێبخانەکە خودی حکومەت دایناوە و هیچ لە ئارادا نیە، باوەڕناکەم. شتێک لە دەروونمەوە پێم دەڵێ خاڵە نەدیتراوەکەم راستدەکا. جا نازانم ئاغای ئەسەدی چۆن بیردەکاتەوە.

تا ئەو جێگایەی بۆ باوکیشم دەگەڕێتەوە، لەوە دەچێ پێی خۆش بێت من و جەمشید هاوڕێین. باوکم ئەمە بە نیشانەیەک بۆ ئەوەی ئەو لە خەڵکی ئەم شارە جیاوازترە، لێکدەداتەوە. بگرە لای سەیرە من و جەمشید پێکەوە هاوڕێین. ئەو ئەمە بۆ چارەنووسیش دەگێڕێتەوە. لای باوکم چارەنووس هەڵەناکا هەرچەند ئەو سەرایداری قوتابخانەیە. دەڵێ گرینگ ئەوەیە چی لێ دەکەوێتەوە. باوکم هەست دەکا چارەنووسە سەیرەکەی ئەو لە راستیدا لە مندا درێژەی دەبێ و هەر لە منیشدایە دەگاتە ئەو ئەنجامەی وا ئەو چاوەڕوانیەتی. پێم وابێ ئەویش لە دەروونەوە زۆر بیر لە خانەسازمانییەکان دەکاتەوە.

لە دووای ساڵانی ساڵ خۆشحاڵم باوکم نەکەوتە بەردەستی ئاغای ئەسەدی، هەرچەند وەک دەڵێن خاڵم کەوتبووە بەردەستی. هیوادارم هاوڕێیەتی من و کوڕەکەی کەمێک کاریگەری هەبووبێ و ئەو ئەوەندە بەرامبەر خاڵم دڵڕەقیی نەنواندبێ. ئاخر لەم شارە گچکەیەی ئێمە بچکۆلەبوونەکەی دەوردەبینێ. خەڵکی شەرم لە یەکتر دەکەن و زۆر شت وەک عەیبە وەردەگرن و، بۆیە زۆر شت بەرامبەر یەکتر ناکەن.

لە ماڵی جەمشید چەند وێنەی گەوری پاشای وڵاتیش دەبینرێ، بە تاجێک بە سەرییەوە، گۆچانێکی ئاڵتوونی بەدەستییەوەو بزەیەک و نیگایەک کە تا هەناوت بڕدەکەن. جەمشید جارێکیان ئاماژەی پیداو گوتی ئەوە باوکمانە. بەسەرسوڕمانەوە گوتم باوکی تۆ! گوتی نا، باوکی هەموومان. من کەمێک مامەوە، ئەوسا پرسیمەوە چۆن؟ گوتی نازانم هەر ئەوەندە کە باوکم دەڵێ باوکمانە. گوتم یەعنی باوکی باوکی تۆیشە، یەعنی باوەگەورەتە؟ کەمێک بیریکردەوە و گوتی نازانم، دەبێ بپرسم.

شەو لە باوکم پرسی. ئەو لە ژێر چاویلکە سەیرەکەیەوە لێی روانیم، بزەیەکەی هاتێ و گوتی باوکی نیشتمانە. گوتم نیشتمان؟ گوتی ئەرێ. گوتم چۆن، نیشتمان چییە؟ گوتی "ئەم شار و خاکەی تیای دەژین، ئەو خەڵکە." من ئیستایش بەم تەمەنەمەوە لەمە نەگەیشتووم. هێشتا ناتوانم لە نێوان تاقە کەسێک و هەموو نیشتمان پیوەندی باوکایەتی بەرقەراربکەم. من لام وایە ئەوانەی وا بیردەکەنەوە گەمژەن و خۆشیان نازانن چی دەڵێن. لام وایە خۆیان دەخەڵەتێنن. ئاخر چۆن بوونەوەرێک کە کاتییە و تەنیا سەردەمانێک دەتوانێ بژی دەکرێ باوکی شتێک بێت کە یەکجار زیاتر پێش لە ئەو هەبووە و بەڵێنیشە یەکجار زیاتر لە دووای مەرگی ئەو هەبێت!

مامەتەنەکە تەنەکە دەکوتێ و هاوار لە عەبە بێقۆل دەکا ئادەی هەتیو بڕۆ دوو چایی جوان بێنە. عەبە بە بێتاقەتی رادەبێ. بەڵام زۆریشی لا ناخۆش نیە. دەرفەتێکە بۆ بەهەواکردنی جگەرەیەک. لەو جگەرەیەی وا تازە هاتووە "شیراز"، بە نیشانە سەوزەکەی سەرسەرییەوە کە عەبە نازانێ مانای چییە. یان رەنگە ئەم تازە بینیبێتی و لە راستیدا تازە نیە. گرینگ نیە، موهیم ئەوەیە دوو هەنگاو ئەو لاتر دەتوانێ دایگرسێنێ و دوو مژی قووڵی لێبدا. تامەکەی لەوانی تر خۆشترە. باشتر دەنیشێتە گیان. هەرچەند لە تەلەفزیۆنەوە زۆر باسی قەدەغەبوونی جگەرەکێشانی منداڵان و ئەرکی دایک و باوکەکان دەکرێ، بەڵام بەخۆشییەوە ساواک کەس لەسەر ئەمە ناگرێ. دیارە بڕواناکەم عەبەبێقۆل قەت لەسەر ساواکی بیستبێ. لای ئەو دونیا بەسەر دوو بەشدا دابەشدەکرێ: قوتابخانە و دونیای دەرەوەی قوتابخانە. ئیتر ئەوانی تر هەمووی ویڕن! ئەو منی لەگەڵ جەمشید بینیوە و برۆیشی لە من هەڵتەکاندووە. دەڵێ وەی وەی زۆر لووسە! من مچورکەیەکم پیادێ. نەکا رۆژێک گوویەکی زیای بخوا! کاتێکیش باوکی ماتۆڕێکی بۆ دەکڕێ، من ئەوەندەی تر ترسەکەم زیاددەکا. هەرچەند تەنیا ئەو کاتانە ئیزنی لێخوڕینی هەیە وا باوکی لەگەڵی سواردەبێ و بۆ سەیران یان گەڕانی ناو شار، لە دووای کار، روو لە شەقامەکان و سروشتی دەورووبەر دەکەن.

پوورم دەڵێ ئاغای ئەسەدی لە ناو خەڵکی ئەم شارە تەنیا حەمە عوممانەی خۆش دەوێ و تەنیا باوەڕی بەوە. راستی پوورم چۆن ئەمە دەزانێ! من کاتێکیان بە رێکەوت لە ماڵی جەمشید ئاگام لێ بوو کە باوکی باسی سەربازانی رەشیدی وڵاتی دەکرد. گوتی سەربازانی رەشیدی وڵات لە ناو دڵی باوکی نیشتماندان. جەمشید بە دوو جامۆڵکە فڕنی خۆدەکا بە ژوورەوەدا و دەڵێ رۆژێکیش دێ من و تۆ دەبینە سەربازی رەشیدی نیشتمان. چاوم دەچێتە سەر سپیایی فڕنییەکە و زەردیی ئەو دارچینەی وا بەسەریا پژاوە. دەیخۆین. حەزم لە قاپێکی ترە. بە نیگا دەیگەیەنم، بەڵام جەمشید خۆی لێ حۆلدەکا.

لای من ئەو رۆژانە جاری وایە تامی دارچین دەدەن. ماڵی ئێمە قەت فڕنییان دروستنەکرد و دارچینیان بەسەردا نەپژاند. ساڵانی دوواتر بوو دایکم فێری بوو. قەتیش نەموێرا، پێش ئەوەی دایکم فێری بێت، لە ماڵەوە داوای بکەم. ئەسڵەن فڕنی تایبەتی خانە سازمانییەکان بوو، تایبەتی ئاغای جەمشیدی. رەنگە حەمە عوممانەیش کە ئیستاکە بۆ ئەوێی راگواستبوو. بە خۆم دەڵیم نۆرەی منیش دێت. بۆ کوێ دەچێت.

رۆژێک هەواڵ دێت خاڵمیان راگواستووە. دایکم بە ئەسپایی و شاراوەیی دەگری. لە باوەگەورەم دەترسێ. باوەگەورەم زۆر رقی لە گریانی ژنانە. دەڵێ ژن ئاگات لێیان نەبێ بەسەر دڵی خۆیاندا دەتڵیسێنەوە. دەڵێ ئەوەندە بێ ئەقڵن کە نازانن قازانج و زەرەریان لە چیدایە. منیش گریانم دێت و بەرەو ژوورەکە رادەکەم. من ئەوەتەی لەبیرم دێ وابوومە. گریانەکانی دایکم شێتیان دەکردم. بەخۆم دەڵێم نابێ بچی بۆ ماڵی ئاغای ئەسەدی. بە پشتە دەست فرمێسکەکانم دەسڕمەوە و دیسان وەعدەکەم لەگەڵ خۆم دووپاتدەکەمەوە. ئەو وەعدەی زۆر بڕناکا و لە گفتوگۆیەکی زۆر سادە لەگەڵ جەمشیددا وندەبێتەوە.

من ساڵانی دوواتر بوو لەوە گەیشتم زووترین و خراپترین و بێ بنەماترین وەعدە، وەعدەی سەردەمی منداڵییە. لاساییکردنەوەیەکی بێتامی گەورەکان کە کەس نازانێ چۆن چۆنی رووی کردووەتە جیهانی ئێمەیش. بە جەمشید دەڵێم زۆر باشە دێم، ئیمڕۆیش شەڕەتۆپەڵە دەکەین. لە دوێنێکەوە بەفرێکی زۆر خۆش دەبارێ و دونیای سپی پۆش کردووە. جادەکەی رووەوە کتێبخانەکە لەمە جوانتر نابێ! دیسان وەک هەمیشە من یەکەم کەسم رچەکەی دەشکێنمەوە.

هەر ئەو رۆژە جەمشید دەڵێ لە باوکی پرسیوەتەوە و ئاغای ئەسەدی گوتوویەتی باوکی نیشتمان یەعنی ئەوەیکە کاتێک ئێمە دەخەوین، ئەو بەخەبەرە و ئاگای لێمانە.

من جاری وایە نیوەشەوان کاتێک هەموو خێزان خەوتوون، بە ئەسپایی هەڵدەستم و دەچم پەردەکە لادەدەم. سەیری کۆڵان دەکەم. تەنانەت ماوەیەکیش خۆم رادەگرم، بەڵکو باوکی نیشتمان تێپەڕێ و ببینم. رەنگە لە سووچێکەوە لەناو سێبەرەکان و تاریکاییەکان دەرکەوێ، بەڵام هیچ دیارنیە. جاروبارە سەگە بەرەڵاکان تێدەپەڕن، یاخود پشیلەیەک بە ئەسپایی و سرک، یان رێبوارێکی نیوەشەوان کە من بە هەیکەلیان دەیانناسمەوە. زۆربەیان دراوسێکانی خۆمانن. تازە، باوکی نیشتمان ناکرێ هەمان روخسار و هەمان هەیکەلی وەک خەڵکی هەبێ. نا. شەوەکان تێدەپەڕن و دیار نیە. بۆ رۆژی دوواتر و تەنانەت رۆژەکانی تریش قەت ئەمە لە لای جەمشید نادرکێنم.

کوڕە بە من چی نیشتمان باوکی هەیە یان نا. 

 

لە سەرتاسەری شار سێ دووکانی چاککردن و فرۆشتنی دووچەرخە هەیە. دووانیان نەک زۆر دوور لە یەکتر و، یەکیشیان بەتەنێ لەگەڕەکێکی نزیک تاقە سینەمای شار. دووچەرخە جارێکە تایبەتی منداڵان و لاوەکانە و جگە لە پیاوێکی گەچکار کە هەموو رۆژێک بە پاسکیلەکەیەوە بەناو جادەکاندا بۆ سەر کار دەچێ و ئێواران بە توورەکەیەک میوە و شمەکی تر کە بۆ ماڵەوەی کڕیوە دەگەڕێتەوە، هیچ پیاوێکی تر لەم شارەدا بە دووچەرخە هاتوچۆناکا.

بەڵام ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی باوکم بیر لەوە نەکاتەوە پاسکیلێک نەکڕێ. هەڵبەت من قەت نەمزانی باوکم چۆن بەم بڕیارە گەیشت. من لای خۆم دووای ساڵانی ساڵ بەم شێوەیە لێکمدایەوە: یەکەم، ئەوەیکە باوکم دەبووایە بەردەوام ئەوەی نیشان بدایە لە خەڵکی تر جیاوازە؛ دووهەم، چونکە پارەی کڕینی ماشینی نەبوو، دووچەرخە تا رادەیەک ئەم ئاواتەی دەهێنایە دی. رەنگە بپرسن ئەی ماتۆڕ بۆ نا؟ دەبێ بڵێم لەبەر ئەوەی هەستی دەکرد رێک دەیباتە ئاستی براکەی، واتە مامەتەنەکە.

جا بۆ ئەم مەبەستە رۆژێک سەعاتی پێنجی دووانیوەڕۆ، لە کاتێکدا مەلای مزگەوتەکەی گەڕەک بۆ نوێژ دوواکەوتبوو، رووی لە هەر سێ دووکانەکە کرد و بە وردی لە دووچەرخەکان راما، پیایاندا گەڕا و لێیان وردبووەوە. بگرە بە تێرو تەسەلی لەگەڵ خاوەن دووکانەکانیش کەوتە گفتۆگۆ. ئەنجامی سەردان و گفتوگۆگان ئەوەبوو کە باوکم تێگەیشت باشترین سایزی پاسکیل بۆ ئەو وەک گەورەساڵێک ژمارەی بیست و هەشتە. تێگەیشت باشترین رەنگ رەنگی رەشە. هەروەها وا باشیش بوو تەرکی هەبێ لەگەڵ توورەکەیەک کە بەم لاولایدا شۆڕدەبووەوە، توورەکەیەک بۆ میوە و شمەکی تری لەم بابەتە کاتێک ئێوارەیان لە کار دەگەڕایەوە. بەڵام هاوکات دوو کێشەی سەرەکی هەبوو: یەکەم ئەوەیکە باوکم نەیدەزانی پاسکیل لێخوڕێ و، دووهەم ئەوەیکە بەگوێرەی داهاتەکەی یەکجار گران بوو. چوارسەد تمەن یەکجار زۆر بوو.

هەمان ئێوارە، درەنگان کاتێک گەڕایەوە بۆ ماڵەوە، ئیشتیای نانخواردنی نەبوو، تەنیا دوو چایی هەڵقوڕاند و لە کاتێکدا بە قووڵی لە بیردابوو ئاگای لە پرسیارەکانی باوەگەورەیش نەبوو کە لەسەر کڕینی بەرماڵە نوێژێک ماوەیەک بوو گیری دەدا. سەرئەنجام لە دووای هێنان و بردنێکی زۆر باوکم دوو رێگای بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەی دۆزییەوە: یەکەم لە جیاتی دووچرخەی تازە یەکی کۆن بکڕێ، دووهەم روو لە وەستای گەچکار بکا بۆ ئەوەی فێری بکا چۆن چۆنی سواری بێ و لێی بخوڕێ. سەرئەنجام لە دووای شەش مانگ باوکم پاسکیلێکی بە نیوە قیمەت کڕی (دیارە لە دووکاندارێکی ئاشنا پارەکەی بە قەرز وەرگرت و توانی لە دووای ساڵێک بیداتەوە). ئەگەرچی کاتی کڕینی دووچەرخەکە سەرەتای بەهار بوو و هێشتا هەوا سارد، بەڵام بردی و لە تەویلە کۆنەکەی ژێر خانووەکەمان داینا. وەستا گەچکارەکەیش کە یەکجار پیاوێکی میهرەبان و چاک بوو، قەولی پێدا رۆژانی هەینی سەعاتی شەشی دووانیوەڕۆ (دیارە هەر کە هەوا رووی لە خۆشی کرد)، لە دەرەوەی شار لە جادەیەکەی خۆڵین کە پەرپوت و لاکەوتە بوو، فێری بکا.

بەم شێوەیە باوکم سێ جوممە لەسەر یەک لە کاتێکدا بە دوو دەست فەرمانی پاسکیلەکەی دەگرت و بەرەو شوێنی مەبەست لە کووچە و کۆڵانانەوە تێدەپەڕی، خۆی دەگەیاندە وەستا گەچکارەکە. من لام وایە باوکم لەم کاتانەدا دوو هەستی دژبەیەکتری تیا پێکدەهات. لەسەرێکەوە شانازی بەوە دەکرد خاوەن دووچەرخەیە و لە سەریکی تریشەوە چونکە نەیدەتوانی سواری بێت، تەریق دەبووەوە. جا بۆ ئەوەی ئەمەی لێدەرنەکەوێ بە بێ ئەوەی سەیری شوێنێک بکات راستەوخۆ و بەپەلە دەرۆیشت. ژنان لێیان دەڕوانی، منداڵەکان جاری وابوو شوێنی دەکەوتن و هەرە بەغیرەتەکانیشیان بەپەلە دەستێکیان لە دووچەرخەکە دەدا. باوکم هیچی نەدەگوت. بە دەستلێدانێک دونیا کاول نەدەبوو. جگە لەمە تۆزەکەیشیان دەسڕییەوە! هەر چەند بە گشتی منداڵە ورتەکەکان و هەرواهوریایان بە دەوری باوکم و دووچەرخەکەوە، نیشانەیەکی باش نەبوو بۆ ئەو راستییەی کە بەڕاستی باوکم لە خەڵکی دیکە جیاوازبوو.

تەنیا کەسێک لە ماڵەوە یەکجار بە هەبوونی دووچەرخەکە تووڕە بوو، باوەگەورە بوو. منیش لەهەر هەموویان، بگرە خودی باوکیشم، خۆشحاڵتر. باوەگەورە قەت ئەم تووڕەییەی لای باوکم نەدرکاند. شتێکی زۆر سەیر کە من بە ئیستایشەوە هۆکارەکەیم بۆ لێکنەدرایەوە. کاتێک باوکم لەماڵ نەدەبوو بە دزییەوە دەچوومە تەویلەکە و بە سەعات بە تەنیشت دووچەرخەکەوە دادەنیشتم و لێم دەڕوانی. دەستم پیادێنا و لە کاتێکدا دەستم بە فەرمانەکەیەوە دەگرت لەخەیاڵمدا بەناو شەقام و کۆڵانەکاندا لێمدەخوڕی. پاسکیلەکە بەرزبوو و من بە جوانی نەیدەگەیشتمێ. خۆشترین دەنگی دونیایش کە تا ئەو کاتە بیستبووم دەنگی زەنگەکەی بوو. هەرچەند نەمدەوێرا زۆری لێ بدەم و لە کاتێکدا گوێم بە قاپوڕەکەیەوە دەنا، بە ئارامی و بە ئەسپاییەکی وەها سەیرەوە دەستم پیا دەنا بۆ ئەوەی هەر چۆنێک بێت هەوایەک لە ئاهەنگە سیحراوییەکەی، بە بێ ئەوەی بگاتە گوێی دایکم و ئەوانی تر، لە گوێمدا بزرنگێتەوە.

باوکم فێرنەدەبوو. لە دووای ئەو سێ جارە، وەستای گەچکار تووڕە لە گەمژەیی باوکم جوابی کردبوو و پێی گوتبوو ئەوەی پێویست بووە ئەو پێی گوتووە و تەنانەت پیشانیشی داوە. جا ئیتر لەمە بەدووا دەبێ بۆخۆی لە فکری خۆیدا بێت. باوکم سەرەتا زۆر تووڕە ببوو. هەڵبەت نەک لە وەستای گەچکار، بەڵکو لە خۆی. بەس ئەمە هیچ دادی نەدەدا. ئەو دەبووایە کارێک بکات و لەم کەلە هەر چۆنێک بێت سەرکەوێ. سەرئەنجام رۆژێک منی پێش خۆی دا و ئەم جارە لە جیاتی سەعاتی شەشی ئێوارە کاتژمێر دووی دووانیوەڕۆ دەچووین بۆ هەمان شوێن. ئیتر کاری من ئەوە بوو لە دوواوە لە کاتێکدا باوکم لێیدەخوڕی، پاسکیلەکە رابگرم و بە شوێنیا رابکەم و نەهێڵم بکەوێ. بە هەنیسکە هەنیسک لە کاتێکدا ئارەقە بە هەموو ئازای ئەنداممدا دەچۆڕا بە شوێنیا هەڵدەهاتم. زۆر ئەو لە من خێراتر بوو و نەیدەگەیشتمێ و لە دەستم بەردەبوو و ئەوەندەی پێنەدەچوو چەند میتر لە پێشترەوە باوکم لەگەڵ دووچەرخەکە بەلادادەهاتن، دەکەوتن و لە ناو تەپ و تۆزدا نوقم دەبوون. من کە لە بیرم نایەت بە دەست باوکمەوە لێدانم خواردبێ، ئەو رۆژانە بۆ یەکەم جار لە ژیانمدا بەدەستییەوە شەقم خوارد و بگرە چەند جوێنێکی مزریشی ئاوقاکردم. دەبێ دیان بەوەدا بنێم کە رۆژانی ناو جادە لاکەوتە خۆڵاوییەکە لە ناخۆشترین رۆژەکانی ژیانی منن، بگرە هەتا ئیستاکەیش. قەت لە ژیانمدا نە ئەوەندە ماندوو ببووم، نە ئەوەندە تۆزم خواردبوو و نە ئەوەندەیش حەزم کردبوو کارەکەم زوو تەواوبێت و لە دەست باوکم رزگارم بێت!

بە خۆشییەوە سەرئەنجام فێری لێخوڕینی دووچەرخە بوو. هەرچەند بە جوانی لەبیرم نایەت کەی و چۆن! دیارە گرینگ ئەوەیە ئەو فێری بوو و، توانی خۆی بەسەریەوە رابگرێ. ئیتر قسەوباسی تر فلسێک ناهێنێ! لە بیرەوەریی مندا، تەنیا رۆژانی تەمرین و رۆژانی لێخوڕینی باوکم لە ناو جادە و کۆڵانەکانی شاردا ماون. ئیتر وێنەکانی ناوەراست، یەعنی ئەو کاتەی وا ئەو فێری بوو، ونن. باوکم لە کاتێکدا توورەکەیەکی سپی بە تەرکەکەیەوە شۆڕدەبووەوە، لە ماڵەوە بەرەو قوتابخانە و لە قوتابخانەوە بەرەو ماڵەوە بە گەردنێکی کشاوەوە لێی دەخوڕی. مامۆستاکان بزەیەکیان دەهاتێ، سەریان بادەدا و دەیانگوت پیرۆزە! باوکم لە دڵەوە سوپاسی دەکردن. ئیستا ئیتر لە شارەکەی ئێمە کەسێکی تر لە گەورەساڵەکان هاتبووە ناو ریزی پاسکیل سوارەکانەوە. باوکم بە عەینەکە بریندارەکەیەوە کە لە دووای راهێنانەکان خەتی زیاتری تێکەوتبوو، سەروگەردنێک کشاوەتر لە هەمیشە رۆژنامەکانی دەکردەوە و بە ناوچاوێکی گرژ و دەنگێکی جیددییەوە دەیگوت نیشتمان لە پێشکەوتنێکی سەیردایە.

بەڵام دووچەرخەکە لەوە کۆنتر بوو، تەسەوری دەکرا. جگە لەمە لە کاتی فێربوونی باوکم ئەوەندە درابوو بە عەرزدا کە هەم سپەرەکانی هەڵتەکابوون و هەم تەگەرەکەی پێشەوە بە ئاستەم خوارببوو و کەوتبووە واڵەکردن. جگە لەمە تایەکانی کۆن ببوون و زووزوو پەنچەردەبوون. لە گرتنی کونەکانیش دژوارتر ئیش لە دونیادا نەبوو. دەبووایە هەڵتەک هەڵتەک بە بێ ئەوەی بتوانێ سواری بێت، بیبا بۆ ئەو کەسەی وا لێی کڕیبوو تا بۆی چاک بکاتەوە. هەتا بۆخۆیشی فێری پەنچەرگیری بوو، پێی چوو. بە هۆی هەبوونی دووچەرخەکەوە باوکم ئەوەندە هات و چۆی تەویلەکەی کرد کە بۆنی ئەوێیشی گرت. دایکم جارێکیان پێێ گوت کە دەچێ بۆ مەدرەسە ئاگای لە جل و بەرگەکەی بێت. دەبێ بیگۆڕێ! باوکم سەرەتا تێنەگەیشت، بەڵام کاتێک بەمەی زانی خەمێکی قورس دایگرت. بیری کردەوە نابێ بە هیچ جۆرێک بۆنی مانگاکانی جاران بدات. چی بکا چی نەکا، بڕیاری دا دووچەرخەکە بدات بە کۆڵیا و لە داڵانەکەوە بیبا بۆ حەوشەکەی پشتەوە کە پەنایەکی باشتر بوو. ئەمە ئەرکێکی تازە بوو کە ساڵانی ساڵ بەرۆکی بەرنەدا.

باوکم بەوەفا بوو گەلێک ساڵ دووچەرخەی لێخوڕی. ئەوەندە شارەزا ببوو کە جاری وابوو دەستی لە فەرمانەکەیش بەردەدا و هەر بەو سورعەتەی کە دەڕۆیشت خولی پێدەدا و رایدەوەستان! ئەمەی کەمێک گەنجانە دەهاتەبەرچاو، بەڵام خۆ مەگەر باوکم چەندەی تەمەن بوو؟ هەموو منداڵێک وا دەزانی باوکی تەمەنی یەکجار زۆرە، غافڵ لەوەی جیاوازیی نێوان باوک و منداڵ رەنگە تەنیا لە دەورووبەری بیست ساڵێکدا بێت. ئیتر لە دایک مەپرسە کە رەنگە تەنیا چواردە پانزدە ساڵ لێتەوە دووربێت. من دڵنیام گەر باوکم خاوەن چاویلکەیەکی باشتر بووایە، ئەوا هێشتا گەنجتر دەینواند.

ساڵەکان تێدەپەڕن و من ئاگام لێ نیە کە دایکیشم جاری وایە خەون بەو رۆژانەوە دەبینێ وا رەنگە بتوانێ لە بەردەمی باوکم، یاخود لە سەر تەرکی پاسکیلەکە دابنیشێ و لەگەڵیا پێکەوە بەناو شاردا بخولێنەوە. من ئاگام لێ بووە جاروبارە دایکم بەدەم شۆردنی جلەکانەوە، یاخود دەرزی و دروومانەوە بزەیەک دەیبردەوە. دیسان وەک هەمیشە ساڵانی ساڵ دوواترە لە هۆکارەکەی دەگەم.

سەیری ترۆمبیلەکەی ئاغای ئەسەدی دەکەم و بەخیلییان پێدەبەم کە هەر هەموو بنەماڵەکەی، بە بێ ئەوەی خەمی ئەوەیان هەبێ جێیان دەبێتەوە یان نا، دەکەونە خوارەوە یان نا، سواری دەبن و لەو سەر جادەکە، کە بە لای دەستی چەپدا دەچێتەوە سەر جادە بەناوبانگەکە، وەندەبن. ئاغای ئەسەدی جاری وایە لە ئاوێنەکەوە لە دوواوە دەڕوانێ. لە من یان کەسی تر، نازانم.

من لەم کاتانەدا یەکجار بەزەییم بە باوکمدا دێتەوە؛ وەها، دوو دڵۆپ فرمێسکی قەتیسماو و لەناکاو و بێ پرسیار، یەخە بە بیبیلەکانم دەگرن. نا، من نابێ بگریم. من دەبێ تەنیا خەون ببینم و هەوڵبدەم لە خوێندنەوەکانم بەردەوام بم. دڵنیام رۆژێک دەمگەیەننە ئەو شوێنەی وا دەبێ بمگەیەنن!

 

لام وایە ئەو ساڵانە خەڵکی بەرەبەرە فێرببوون زیاتر ئاشق بن! هۆکارەکەیشی تەلەفزیۆن و رادیۆ بوو. بەشێکی بەرچاوی بەرنامەکانی تەلەفزیۆن، بەتایبەت رادیۆ، گۆرانی بوو. هەروەها لە تەلەفزیۆن هەمیشە ئەو ژن و کچە مۆدانە پیشاندەدران کە تەواو خەریک بوو دونیای پیاوانی بەرامبەر بە ژنان دەگۆڕی. راستە بەتەمەنەکان لەم دۆخە توڕەبوون، بەڵام حاڵ و هەوای ژیان گۆڕانی بەرچاوی بەسەردا هاتبوو. لافاوێک هاتبوو و هەمووانی رادەماڵی!

ئەمە ئەو دەرفەتەی دەدا خەڵکی لە ساتە جۆراوجۆرەکانی ژیانی رۆژانەیاندا زیاتر گوێیان لە مۆسیقا و شیعرە رۆمانسییەکان بێت و، بۆیە خەیاڵیان زیاتر بڕوات. کە خەیاڵیش رۆیشت ئیتر بەدەست خۆیەتی روو لە کوێ دەکا، بەتایبەت کاتێک شار هەتا دەهات قەرەباڵغتر دەبوو و دەرفەتی بینینی ئافرەت و کچ لە هەر کاتێکی تر زیاتر دەستی دابوو. ئێوارەیان بەردەرگا دەبوو بە شوێنی کۆبوونەوەی کچان و کۆڵانیش دەبوو بەشوێنی هاتوچۆی ئەو گەنجانەی هەتا دووامودێل خۆیان دەگۆڕی و بەتەمای چاوچاوێن عەوداڵی ناو گەڕەکەکان دەبوون. ئیتر باسی ئەوە مەکە لە شارانەوە چ هەواڵی تر دەگەیشت!

لە ناو تایفەی ئێمەدا ژنان کەسیان مافی ئەوەیان نەبوو بچنە دەرەوە و، لەبەر دەرگا راوەستن. هەموو مامەکانم و باوەگەورە بەتەواوی دژی ئەمە بوون. لەو ناوەدا تەنیا باوکم بوو کاری بەم بەزمەوە نەبوو و، جگە لەوە پووریشم بە هۆی دۆخی تایبەتییەوە و بەو هەیبەتەوە بەهۆی مامۆستابوونەکەیەوە هەیبوو، لە ناو تایفە حسێبی تایبەتی بۆ دەکرا و بۆیە پیاوی دەویست پێی بڵێ مافی ئەوەی نیە بچێ لە کۆڵان راوەستێ.

یەکێک لە بیرەوەرییە خۆشەکانی من ساتەکانی راوەستانی ناو کۆڵان و ئەو قەرەباڵغییە بوو کە زۆربەی گەڕەکەکانی شاری دەگرتەوە. حاڵ و هەوایەک کە تایبەتی ئەو سەردەمە بوو و ئیتر قەت دووپات نەبووەوە. بڕواناکەم قەتیش دووپات بێتەوە. کۆڵان ئەو شوێنە بوو هەموو کەس خۆی تیا دەبینییەوە و خۆی تیا نیشاندەدا، شوێنێک بۆ ئەوەی ببینرێی و ببینی. تەنانەت بۆ پیاوەکانیش، ئەوانەی وا حەزیان بە راوەستانی ژن و منداڵیان نەبوو. تێپەڕین بە ناو ئەو حەشیمەتەدا کە لە ناو کۆڵانەکان لەم سەر تا ئەو سەر رادەوەستان، سەرنجڕاکێش بوو. هەر کەسێک تێدەپەڕی، دەیزانی بەشی ئەوەندە جێگای سەرنج و جێی قسەوباسە؛ تەنانەت گەر ساڵانیش بووایە لەوێوە تێدەپەڕی. هەمیشە شتێکی تازە لەسەر کەسەکان هەبوو. پوورم جارێکیان گوتی ئەم وەزعەی ئێوارەیان لەناو گەڕەکەکاندا دەیبینی تایبەتی شوێنە دوواکەوتووەکانە. من کە یەکەم جار بوو وشەی دوواکەوتووم دەبیست، سەرم بەرزکردەوە و لێم رووانی، بەڵام رووم نەبوو بپرسم کە داخۆ ئەم کەلیمەیە مانای چییە. پوورم نیگای تێگرتمەوە و گوتی ها وادیارە نازانی ئەڵێم چی؟ من هەروا لێم رووانی. گوتی لە شارە گەورەکان، لەو شوێنانەی وا خەڵک وەزع و حاڵیان باشترە و خوێندەوارییان لەسەرەوەترە، ئاوەها لە کۆڵان کۆنابنەوە، بگرە شەرمیشە. من خەیاڵم رۆی. پاش ماوەیەک گوتم یەعنی لە ماڵەوەن؟ ئەی چی ئەکەن؟ گوتی خانووەکانیان گەورەن، جگە لەمە سەرگەرمی تریان هەیە. من بیری خانە سازمانییەکان کەوتمەوە. گوتم لەوێیش مندالەکانیان دێنەدەرەوە، ژنەکانیشیان، من بینیوومن، منداڵەکانیان کایەدەکەن و ژنەکانیان لە پشت تەلەکانەوە لەگەڵ یەکتر قسەدەکەن، هەتا درەنگان، من بینیوومن. پوورم گوتی من باسی شارە گەورەکان ئەکەم. من کە بەجۆرێک دەمزانی ئەوانەی لە گەڕەکی خانەسازمانییەکان دەژین لەو خەڵکەن وا پوورم باسی لێدەکردن، بەڵام نەمدەزانی چۆن چۆنی مەبەستەکەی خۆم بگەیەنم و بۆیە بێدەنگ بووم. لەم کاتەدا سێ گەنج پێکەوە لە کۆڵانەوە تێدەپەڕین. هەر سێکیان جلی فارسییان لەبەردا بوو، بە شەرواڵە هەراوەکانییانەوە، بە کراسە یەخە پانەکانییانەوە و بە سینگی کراوەیانەوە کە مووەکانیان دەرپەڕیبوونە دەرەوە. قژەکانیان چەند جوان داهێنرابوون، هەر کامەیان بە مۆدێلێک. بە ریشە ئەنکاردکراوەکانیانەوە. یەکیان لە کەسی نەدەڕوانی و دووانەکەی تر کچیان نەدەبوارد. ماشینێک بە سورعەت بە بێ ئەوەی گوێ بداتە حەشیمەتە زۆرەکەی ناو کۆڵان، تێپەڕی و تۆزێکی زۆری بە ئاسماندا کرد. سێ گەنجەکە کشانەوە و، بۆ ئەوەی تۆزەکە بە سەریاندا نەچێ لە خانووەکان نزیک کەوتنەوە. یەکیان جوێنێکی بەرزی حەواڵەی شۆفیرەکە کرد. شۆفیرەکە، کە شووشەکەی دادابووەوە گوێی لێبوو، هەر بەو خێراییە قاچی بە تورمزدا نا و گوتی چیت خوارد! من بۆ یەکەم جار ئەو رۆژە بوو شەڕی نێوان گەورەکانم بە چاوی خۆم دەبینی. سیان لەبەرامبەر دووان. پیاوی خۆی دەویست ناوبژیوانیان بکات.

من پێم وایە ئەوەی بووە هۆی شەڕی نێوان ئەو پیاوانە، نەک تەپ وتۆز، بەڵکو شوێنی تەپ وتۆزەکە واتە ئەو کۆڵانەی ئێمە بوو کە ئەم سەر تا ئەوسەری ژن و کچی جوان و جەهێڵی تیایا راوەستابوو. پوورم دەڵێ نا وانیە. هی گەنجیەتییە. دەڵێ هەندێ کەس قوڵمن! من ساڵانی دوواتر کاتێک دیسان دەچمەوە سەر رووداوەکەی ئەو ئێوارەیە، بەم شێوەیە لێکی دەدەمەوە: "کاتێک کوڕان ئاشق دەبن، یان لە کۆڵانێکەوە بەمەبەستی ئاشق بوون تێدەپەڕن، کاتێک ئاشقی تەنیا وەک ئاشقی دەمێنێتەوە و کەس ئیزنی ئەوەی نیە دەستی ئەو کیژەی وا خۆشی دەوێ بخاتە ناو دەستی و بەکەیفی خۆیان پێکەوە بچن بۆ پیاسە و لەیەکتر بئاڵێن، تەنیا تاڵەموویەک مەودا لە نێوان هەستی ئاشقانە و شەڕدا هەیە." پوورم کە ئەم رستانەی من دەخوێنێتەوە، دەڵێ کتێب خوێندنەوەکانت بەفیڕۆ نەچوون! من قەلەمەکەم فڕێدەدەمە سەر دەفتەرەکەم و پاڵ بە نوێنەکانەوە دەدەم و دەڵێم خراپی خوێندنەوە ئەوەیە کە دەبێ لەسەر شتەکان، بەتایبەت ئەوانەی وا بۆ هەمیشە لە زەینتدا دەمێننەوە، دەبێ شتێک بنووسی، شتێک بڵێی. دەڵێ نا، وانیە. دەڵێ پێوەندی بەوەیشەوە هەیە ئەوەی دەخوێنێتەوە کێیە.

راستی من کێم؟ مامەتەنەکە و مامە جوێنفرۆش لایان وایە ئەو رۆژەی پوورم دەستی گرتم و بردمی بۆ کتێبخانەکە تاوانێکی گەورەی لە دژی من ئەنجامداوە، لەبەر ئەوەی من ئەوەندە بە دونیای خۆم و گەڕان لە ناو جیهانی وشە و رستەکانەوە سەرقاڵم کە ئاگام لە هیچ نەماوە و نازانم چۆن رۆژ جێگای خۆی دەدا بە شەو و شەو بە رۆژ. من بەم قسانە پێکەنینم دێ و لەبەر خۆمەوە سەریان لێبادەدەم. عەبە بێقۆلیش پێدەکەنێ و دەڵێ بەشەرەفم مێشیشی لە خۆی پێدەرناکرێ. هەڵبەت من پەشیمان نیم، تەنیا ئەوەندەی نەبێ لەخۆم تووڕەم، تووڕە لەسەر ئەوەی قەت ناگەمە کۆتایی هیچ بڕیار و بیرکردنەوەیەک. هەمیشە شتێکی تر هەیە کە من پەشیمان دەکاتەوە و سەرلەنوێ دەمباتەوە سەرەتای رێگاکە؛ هەڵبەت ناتوانم بڵێم رێک سەرەتای سەرەتا، بەڵام شوێنێک کە زۆریش جیاواز نایەتە بەرچاو. وەک خاڵم. ئەرێ لاتان سەیرنیە پیاوێکی وا بۆ دەبێ لە زینداندا بێت؟ من کە هەر زۆرم لاسەیرە. ئەو پیاوە مەزڵوم و بێدەسەڵات و چاکە کە بڕواناکەم لە ژیانیدا نە دەستی لە کەس بەرزکردبێتەوە و تەنانەت بە دەنگی بەرزیش کەسی دوواندبێ. دیارە پوورم دەڵێ رێک لەبەر ئەمەیە لە زینداندایە. دەڵێم باشە مەگەر زیندان تەنیا شوێنی ئەو کەسانە نیە وا شتی خراپ دەکەن؟ دەڵێ نا! من سەرم دەخورێ. دەیخورێنم. لام سەیرە و بە خۆم دەڵێم ساڵانی ئاشقی بۆ دەبێ وایان لێ بێت. باشە نەدەکرا ژیان ئەو تیلەکۆییانە بێت وا لەسەر رێگای سەقز بۆ سنە کاتێک دەیانەویست بچن بۆ سەفەر، بە زەبتێکی گەورەوە رادەوەستان و هەرکە سواردەبوون هەتا دادەبەزین بە دەنگی بەرز شریتی گۆرانیان بۆ خەڵکەکە دەگرت؟... بە بێ ئەوەی ئیزن لە شۆفیر و لە خەڵکەکە بخوازن کە داخۆ حەزیان لێیە یان نا؟ پوورم دەڵێ ئەمەیش تایبەتی شوێنە دوواکەوتووەکانە. دەڵێ خەڵکی پێشکەوتوو هەمیشە لە پێشدا پرسیاردەکا. هەڵبەت من حەزم لەم جۆرە دوواکەوتووییەیە. ئیستایش لام وایە ژیان لەو کاتەوە تێکچوو کە شۆفیرەکان ئەو جۆرە کەسانەیان دەنگدا و چیتر نەیانهێشت بە زەبتەکانیانەوە مۆسیقای شاد بۆ خەڵکی بڵاوبکەنەوە.

ماوەیەکە تەلەفزیۆن زنجیرەیەک بڵاودەکاتەوە کە یەکجار خۆشە. تەنانەت باوەگەورەیش پێی خۆشە. فیلمەکە کە شەوانی سێ شەممە بڵادەکرێتەوە باس لە بنەماڵەیەک دەکا دەگوازنەوە بۆ گوندێکی تر و لەوێ هەوڵدەدەن ژیانێکی تازە دەست پێ بکەنەوە. بە هەزار و یەک کێشە و نەهامەتییەوە، بەڵام ئەوان بنەماڵەیەکی زیرەکن و هەموو جارێک بەسەر کۆسپەکاندا سەردەکەون، هەرچەند ماندوون و دادەهێزرێن. ژن و پیاوێک بە دوو کچ وکوڕێکەوە. مەگەر کەس بۆی هەیە لە کاتی فیلمەکەدا کە تەنیا یەک سەعاتدەخایەنێ، قسەبکا! باوەگەورە وەها لێی تووڕەدەبێ، نەبێتەوە. باوەگەورە کە لەم کاتانەدا دونیای لەبیردەچێتەوە، تەنیا رقی لەو بڕگانەیە وا ژن و پیاوی ناو فیلمەکە یەکتر ماچدەکەن. باوەگەورە یەک بەخۆی هاواردەکا بیکوژێننەوە. ئێمە هەڵدەبەزینەوە. پوورم کە لە هەموومان بە تەلەفزیۆنەکە نزیکترە، دەیکوژێنێتەوە. تەنیا یەک خولەک. ئەوسا هەڵیدەکاتەوە.

پوورم قەت لای من باسی ئەوەی نەکرد کە داخۆ لە شوێنە پێشکەوتووەکان ماچ قەدەغەیە یان نا.

باوەگەورە هەتا مرد عادەتی بە ماچی ناو فیلمەکان نەگرت. لام وایە تەنانەت نەشیزانی ئەو ساڵانە چلۆن تووی ئەشق لە هەموو شوێنێک چەنرابوو و گووڵی دەکرد. رەنگە هی ئەوە بێت دایەگەورە نەمابوو. یان رەنگە هی ئەوەی کە هەستکردن بە شتەکان پێوەندی راستەوخۆی بە تەمەنیشەوە هەیە.

من لام وایە باوەگەورە بەشی ئەمەی بە بەرەوە نەماوە. رەنگە کاتی خۆی لە گوند تێربووبێ.

 

ئاغای ئەسەدی چەند ساڵێک لە دەرەوەی وڵات بووە. جەمشید دەڵێ لە ئینگلیز بووەو خوێندوویەتی. هەروەها بە دەمییەوە سەردانی چەندین وڵاتی دیکەیشی کردووە. وەک ئیتالیا و فەڕەنسە و سویس. ئەوسا ئەلبومی وێنەکان دێنێ و پیشانی دەدا. لە وێنەکاندا باوکی جەمشید چەند گەنجە و چەند بەختەوەر دەنوێنێ. بە قات و بە کراسی قۆل رووت (ئەمڕۆگوتەنی تی شێرت)، شەرواڵی جین و پێڵاوی ئەدیداسەوە. لە بیگبەن، لەندەن ئای و لەندەن بریج لە کاتێکدا راستەوخۆ لە کامێراکە دەڕوانێ و بزەیەکی گەشی لەسەر لێوە، دەڵێی قسەیەکیشی پێیە و فریاناکەوێ بیڵێ. بەڵام قەیناکا! وێنەکان بۆخۆیان هەموو شتێک دەدرکێنن. عەکسەکانی تریش هینی بورجی ئیفێل و شەقامی بەناوبانگی شانزەلیزە لە فەڕەنسە و، کۆلۆسیۆم و فوارەی رۆم تریوی لە ئیتالیان. هەروەها گەلێک وێنەی دیکەیش کە قەت ساڵەکانی دوواتریش نەمزانی هی کوێن و لە کوێن. جەمشید دەڵێ باوکی دەتوانێ ئینگلیزی بەجوانی قسەبکا، رێک وەک زمانی فارسی. دەڵێ لە ماڵەوە جاروبارە بە ئینگلیزی قسەیان لەگەڵ دەکا و بەتەمایە بیانێرێتە کلاسی تایبەتی. ئەوسا باسی گلەییەکانی باوکی دەکا کە لەم شارە گچکەیەی سەر سنوور هیچ کەلاسێکی تایبەتی لە بواری فێربوونی زمانی خارجیدا لێ نیە. ئاغای ئەسەدی لای وایە زمانی ئینگلیزی داهاتووی جیهانە و بۆیە گرینگە هەموو کەس فێری بێت. ئەوسا جەمشید چەند وشە و رستەی ئینگلیزی دەڵێ: هاو ئار یو، ئایم فاین، هەپی، پیکچێڕ و چەندانی تر! من واقم وڕدەمێنێ. خوایە ئەم زمانە چەند سەیرە و لە هەمان کاتدا چەند خۆش دێتەگوێم. لەم کاتەدا دایکی جەمشید دێتە ژوورەوە و دەڵێ کاتی ئەوەیە بڕۆمەوە! جەمشید لە دایکی دەپاڕێتەوە، بەڵام دایکی مکوڕە. من لە کاتێکدا خەریکە پێڵاوە کەتانییە چڵکن و کۆنەکانم لەپێدەکەم، هەستێکی زۆر ناخۆش دامدەگرێ. لە خۆوە دڵم پڕدەبێ. کە بیر لە باوکم و لە چاویلکەکەی و دووچەرخەکەی دەکەمەوە  ئەوەندە دڵم تەنگ دەبێ لەوانەیە شێت بم. حەزدەکەم خێرا بڕۆم و خۆم بە تاقی تەنیا لە ناو رێگا و لە ناو کۆڵانەکاندا ببینمەوە. لەم کاتەدا جەمشید دەڵێ راستی شتێکی ترم هەیە فریانەکەوتم پیشانت بدەم، بۆ جارێکی تر. من کە ناتوانم لە چاوەکانی بڕوانم، کەمێک رادەوەستم. نازانم بۆ، تەنیا ئەوەندە کە رادەوەستم. وەک بڵێی دەمەوێ ئەوەندەی تر بە جیهانی ئەوان سەرسام بم. جەمشید دەڵێ زۆرباشە پێت دەڵێم، جارەکەی تر 'دەیری'ت پیشاندەدەم. دەیریی خۆم. من کە ئەوەندەی تر وڕوکاس دەبەم، خێرا وەدەردەکەوم و خۆم دەگەیەنمە کۆڵانەکانی ئەو بەری شەقام کە لە دووای چەند راستە و چەند پێچ و پلوچ دەمگەیەننەوە ماڵەوە. هەناسەم قورسە. قاچەکانم لەگەڵم نایەن. رادەوەستم و پاڵ بە دیوارێکەوە دەدەم. بەخۆشییەوە کۆڵان چۆڵە. دەمەوە ئێوارەیە. ئەو کۆڵانانەی وا بەڕووی خانە سازمانییەکاندا دەکرێنەوە، زۆر قەرەباڵغ نین. سەیرە. وەک بڵێی حاڵ و هەوای ئەوێیش ئێرەی بەجۆرێک داگیرکردبێ. قوڵپی گریانەکە سەردەکەوێ. لە قوڕگمەوە تێدەپەڕێ و دەگاتە لێوەکانم و لەوێوە بۆ دەرەوە. بە بێدەنگی دەگریم و بە پشتەدەستەکانم کلوە گەرمەکانی زستانی دەروونم دەسڕمەوە. نیگاکانم لێڵن، هیچ شوێنێک بە جوانی نابینن. پێویستیش نیە بیانبینم. من دەبێ بۆ دەروونی خۆم بگەرێمەوە. کەلیمەی دەیری لە مێشکمدا دێت و دەچێ. رقم لە خۆمە کە ماناکەی نازانم. رقم لە خۆمە کە مانای هەموو ئەو وشە و رستانەی تر وا جەمشید گوتنی نازانم. هەڵدەتروشکێم و پاڵ بە دیوارەکەوە دەدەم. ژیان چەند بێ بەزەییە. باشە ئاغای ئەسەدی بۆ رووی لە شارێکی دوور و نەگبەت و پەرپووتی وەک ئەم شارەی ئێمە کردووە؟ بۆ هاتووە و دەیەوێ چی بکا؟ باوەگەورە جاری وایە لە کاتی سەیرکردنی فیلمەکانی ناو تەلەفزیۆنە رەش و سپییەکە، ئاماژە بە کاراکتێرەکان دەکا و دەڵێ ئەوانە لە وڵاتی کافرستان دەژین. پوورم لای لێدەکاتەوە و دەڵێ بۆ کافر! ئەوانیش دینیان هەیە، تەنیا ئەوەندەیە موسوڵمان نین. باوەگەورە دەڵێ جگە لە ئیسلام هەموو ئەوانی تر کافرن. پوورم دەڵێ ئەیەڕۆ مووسایی و ئەرمەنیش کافرن! ئەم قسانە چییە ئەیکەی بابە گیان!؟ باوەگەورە وەڵام ناداتەوە، بەڵام هەموو کەس دەزانێ تەنیا قسە قسەی خۆیەتی و بەس. خۆی گوتەنی خەڵکی بێ ئەقڵ زۆر نادوێنێ. لەبەر خۆمەوە بە خۆم دەڵێم کەواتە ئاغای ئەسەدی هەموو ئەو وڵاتانە چووە وا من لە فیلمەکاندا دەیانبینم، ئای خوایە گیان خۆزگەم بە خۆی! ئەوسا دەگەڕێمەوە سەر کۆڵانەکە، ئەو شوێنەی وا بەسەر خانە سازمانییەکاندا دەڕوانێ و، لە دوورەوە لە ریزی رێک و پێکیان دەڕوانم کە لە ئیستاوە گڵۆپی ژوورەکان و داڵانەکانیان هەڵکردووە. ئەوەندە دوور دێنە بەر چاوم، نەبێتەوە. بەخۆم دەڵێم بەڕاستی من لەوێ بووم،... ها، بەڕاستی تەنیا چەند دەقیقەیەک لەوە پێش ئەوە من بووم لەو درگایەوە هاتمەدەر!؟

ئەو ئێوارەیە درەنگ دەگەمەوە ماڵەوە. دایکم دەبۆڵێنێ. دەڵێم خەریکی کایەکردن بووم. ئەوسا بەپەلە دەچم و لەبەر شێری ئاوی حەوشەکە دەموچاوە هەڵماسیوەکەم دەشۆم. دەروونم هەروا گەرمە و هەست بە بێهوودەییەکی سەیردەکەم. هەر کە قومێک لە ئاوەکە دەخۆمەوە، هەستدەکەم کەمێک باشتر دەبم. فێنکایی ئێوارەیانی درەنگی حەوشە و ئەو سێبەرانەی وا کەم کەم بەسەر دیوارەکاندا دادەگەڕێنە خوارەوە و پەل بۆ سووچ و شوێنەکانی تر دەهاوێن، سەرنجم دەقۆزنەوە. لەگەڵ ئەوەی ئارامی دەبەخشن، بەڵام ئەوەندەی تر دڵم تەنگ دەکەن. وێنە جوان و سەیروسەمەرەکانی ئاغای ئەسەدیم هەر لەبەر چاودان. بێگومان ئەوەندەی نەماوە جەمشیدیش سەفەربکا بۆ ئەو شوێنانە. ئاخ، جیهانی هەندێ کەس چەند خێرا دەبێ بە شتی ئەفسانەیی. لەم بیرانەدام کە باوکم بە پاسکیلەکەی بە کۆڵییەوە خۆ بە حەوشەکەدا دەکا. هەناسەبڕکێیەتی و ئارەقی لێخوڕین و هەڵگرتنی دووچەرخە، بن باڵ و ناوپشت و تەوێڵی خوساندووە. هەر کە پاسکیلەکە دادەنێ، دەڵێ ها ئەوە چی ئەکەی؟ لە باوکم ورددەبمەوە. دەڵێم بابە تۆ تا ئیستا بۆ کوێ سەفەرت کردووە. باوکم دەستبەجێ باسی سەفەرەکەی تەورێزم بۆ دەکاتەوە. وەک بڵێی یەکەم جارە باسی دەکا! دەڵێم نا، مەبەستم شوێنی ترە. بێدەنگ دەبێ. عەینەکەکەی دەردێنێ و دەیخاتە بەر ئاوەکە. بیلبیلەی چاوەکانی هەتا بە دۆخی بێ عەینەکی عادەت دەگرن، پێیدەچێ؛ بۆیە نیگاکانی باوکم جۆرەیەکن. گوناهتر لە هەمیشە. دەڵی رۆڵە بۆ بەم ئێوارە درەنگانە بیری سەفەر کەوتوویتەوە؟ من لە چاوە خەمبارەکانی باوکم دەڕوانم و، دەڵێم هیچ هەروا! باوکم چاویلکەکەی دەکاتەوە چاوی و پشتم تێدەکا و دەڕوا. لە دووای، بۆنی چایی و سەماوەر جێدەمێنێ،... رەنگە بۆنی گسک و تایتاو و ئەو پەڕۆیانەی وا شووشەکانی قوتابخانەیان پێ خاوێندەکاتەوە.

مامە جوێنفرۆش بڕیاری داوە بچێ بۆ حەج. دەڵێ هەموو موسوڵمانێک لەسەریەتی بچێ. بەتایبەت دەبێ بۆ رەجمی شەیتان رووبکاتە مەککە. کە دەگەڕێتەوە دونیایەک دیاری لەگەڵ خۆی دێنێتەوە، هەروەها وەک هەموو حاجییەکی تر جامانەی حەج کە زەردێکی ئاڵتوونیی بە پەڵەپەڵەی رەشەوەیە لەسەردەکا و ئیستا پێی دەڵێن حاجی. لای منیش ناوەکەی بووە بە حاجی مامە. بۆ خۆی ئەمەی پێ خۆشە و دەڵێ نەخەڵەتابی پێم بڵێی مامەحاجی! منیش وەعدی دەدەمێ. حاجی مامە نایەوێ پیرتر بنوێنێ. دەڵی مامە حاجی بە پیاوی پیر دەڵێن. ئەگەرچی حاجی مامە کراسێکی جوانی لە حەجەوە بۆ من هێناوە، بەڵام من هێشتا لام وانیە چوونە حەج، یاخود سەفەر بۆ مەککە و مەدینە زۆر موهیم بێت. ئەم سەفەرە هیچ لە منا ناجووڵێنێ. حاجی مامە لەگەڵ ئەوەی مانگێکی پێچووە و ئەویش وەک ئاغای ئەسەدی وێنەی جۆراوجۆری هێناوەتەوە، بەتایبەت وێنە بەناوبانگەکەی بن ئەو کێوەی غاری حەڕای لێیە، بەڵام سەرنجی من راناکێشن. حاجی مامە نە زمان فێربووە و نە تەنانەت تەرکی جوێنەکانیشی کردووە. وەک بۆ خۆی دەڵێ ئیستا لە جاران دڵنیاترە کە خوای گەورە دەمپیسییەکەی دەبەخشێ! دەڵی تا نەچی بۆ حەج لە راستیدا هەست بە بوونی خودا ناکەی. ئەو پێی وایەخوای گەورە لە لەوێ لە مەککە و مەدینە دەژی، نەک لەم بەگوتەی خۆی لەم کاولستانەی ئێمە.

جارێکیان بە خۆفشکردنەوە بە جەمشیدم گوت مامم چووە بۆ خاریج، بۆ سەفەر. گوتم چووە بۆ حەج. جەمشیدیش زۆر بە هێندی وەرنەگرت. گوتم بە تەیارە چووە. وێنەیەکی تەیارەخانەکەیشی هەیە. دیسان بێسوود بوو. بەخۆم دەڵێم گەر لای من موهیم نەبێ، لای ئەو ئیتر هەر هیچ. باشە نەدەکرا حاجی مامە بچێ بۆ پاریس؟ رۆژێکی تر جەمشید دەڵێ ئاغای ئەسەدی گوتوویەتی حەج بۆ موسوڵمانان زۆر باشە، بەڵام شوێنێک نیە بۆ ئەوەی بچی و لێی بخوێنی و فێری زمانی خاریجی بیت، گوتوویەتی عەرەبی زمانێکی وەها نیە کە خەمی فێربوونەکەی بخۆی.

باشە ئەم کەس و کارەی من بۆ ئەوەندە گەمژەن؟! حاجی مامە، بووە بە حاجی کەچی! دایکم دەڵێ رۆڵە بەدڵنیاییەوە خوای گەورە لە بەهەشت جێگای بۆ دەکاتەوە. شوێنی بەهەشتی بەرینە، خۆزگەم بەخۆی! ئەوسا من حاجی مامەم دێتەبەرچاو کە لە بەهەشت خەریکی بەنناییە. لەوێیش جوێن بە کاسەکێشەکانی دەدا و زووزوو ناوگەڵی دەخورێنێ و چاو لەو فریشتانە دادەگرێ کە لە تەنیشت رووباری شەرابدا، تەنیا پەنجا میترێک واوەتر، خەریکی سازکردنی بەزمی ئێوارەن. کەواتە حاجی مامە چووە بۆ سەفەر بۆ ئەوەی دوواتر بچێ بۆ بەهەشت. پوورم قاقاپێدەکەنێ و دەڵێ مەگەر بەهەشت شوێنی کەرەپیاوە!؟

من نازانم. بەڕاستی سەرم دێشێ. بەڵام سەرەرای هەموو شتێک لە یەک شت دڵنیام. ئەویش ئەوەیکە گەر گەورە بووم و سەفەرم کرد ناچم بۆ حەج، بەڵکو دەچم بۆ ئەو شوێنانەی ئاغای ئەسەدی چووە. ئەو شوێنەی وا خەڵکەکەی دەڵێن ئای سپیک ئینگلیش، نەک ئەنا ئەتحەس ئەلعەرەبییە! دیارە گەر مەلای مزگەوت عەرەبییەکەی باش بێت و بەجوانی تەرجەمەی کردبێتەوە بۆم.

 

رۆبینسۆن کروز بە باوکی دەڵێ نامەوێ بخوێنم و ببم بە وەکیل، دەمەوێ بچم بۆ دەریا،... دەمهەوێ سەفەربکەم. باوکی کە لەوە پێش دوو کوڕی لەدەستداوە (یەکیان لە شەڕدا کوژراوە و ئەوی تریان ونبووە)، لە ترسانا دەڵێ رۆڵەگیان دەزانی گەر ماڵەوە جێ بێڵی، ئەو ئارامی و دڵنیاییەی وا لێرە هەتە لەدەستی دەدەی. بەڵام رۆبینسۆن سەرەڕای ئەوەی دەزانێ دەریا خەتەرە و گەر بخوێنێ دەپشکوێ و دەتوانێ داهاتوویەکی باش بۆ خۆی مسۆگەربکات، کەچی سەفەر هەڵدەبژێرێ. باوکی دەگری، بەڵام دادی نادا.

ئەم رستانە دەخوێنمەوە و منیش دڵم پڕدەبێ. دڵم پڕدەبێ بۆ باوکی و لە هەمان کاتدا ورەی رۆبینسۆن سەرنجم دەقۆزێتەوە. بیر لەوە دەکەمەوە ژیانی ناو ماڵ چەند خێرا دەتوانێ کۆتایی پێ بێت. ساڵەکان چەند خێرا دەتوانن تێپەڕن و رابردوو تەنانەت زیاتر لەوەی بیری لێدەکەینەوە لێمان دووربکەوێتەوە. وەها کە لە قۆناخێکدا هەست بکەین هیچ مانایەکی نامێنێ. بەڵام بەخۆشییەوە من زۆرم بەبەرەوە ماوە. کتێبەکە بەئارامی دێنمە خوارەوە، وەها نیگاکانم بتوانن ئاودیوی بن و، لە باوکم دەڕوانم؛... لەوێوە بۆ دایکم و منداڵەکان و باوەگەورە و پوورم. دیسانەوە دەچمەوە سەر باوکم. بڵێی رۆژێک ئەویش وەک باوکی رۆبینسۆن بۆ کوڕەکەی بگری؟ بیردەکەمەوە دەریا لە کوێیە؟ دەزانم دەریا یەکجار دوورە و ئێمە لەم شارە خاوەن هیچ چەشنە قەراخێک نین. کەواتە گەر من رۆژێک سەفەربکەم، بە چی بیکەم،... چۆن چۆنی لە نیشتمان دووربکەومەوە؟ هەڵبەت راوەستە، بەڕاستی پێویست دەکا منیش بڕۆم؟ لە کتێبەکەدا نەنووسراوە رۆبینسۆن بۆچی حەزی لە خوێندن نیە و بۆچی دەیەوێ بچێ بۆ سەفەر؟ ئەو هەر ئەوەندە دەزانێ کە خاوەن وەها حەزێکە! هەوڵدەدەم بۆ خۆم هۆکارەکەی پەیدا بکەم. رەنگە هی ئەوە بێت ئەویش دەیەوێ وەک دوو براکەی تری بە گەنجیەتی سەری خۆی هەڵبگرێ و بڕوات. رەنگە دەیەوێ بەم شێوەیە سۆزی دایک و باوکی بۆ خۆی بقۆزێتەوە، ئاخر ئەو بینیبووی چلۆن بۆ کوڕەکانیان پەرۆشن (مەراقی خۆشەویستی). رەنگە دەنگێک لە دەروونەوە پێی دەڵێ ئەمە چارەنووسی بنەماڵەکەی ئێوەیە و تۆیش وەک یەکێک لەوان دەبێ قبوڵی بکەی. یاخود ئەو وەک سێهەم کوڕی بنەماڵە دەیهەوێ ئەوە بسەلمێنێ کە راستە دوو کەسیان تیاچووە، بەڵام سێهەم کەس دەتوانێ سەرکەوێ. ئا، رۆبینسۆن دەیەوێ بە سەر مەرگدا سەرکەوێ و بیبەزێنێ. ئەوە ژیانە لە چاوەکانیدا وەک بورکان دەمی کردووەتەوە و گڕدەهاوێ. مرۆڤ جاری وایە بۆ ئەوەی خۆی بسەلمێنێ دەبێ بڕوات. سەفەر باشترین رێگایە.

ئەوسا شەپۆلە کێوئاساکان دێن. ئەو شەپۆلانەی بەئاسانی پاپۆڕەکان قوتدەدەن و دەیانخۆن. کاپیتان لە کابینەکەیدا چاوەکانی دەقونجێنێ و، دۆعادەکا. رۆبینسۆن ترسی مەرگی لێ نیشتووە، بەڵام پەشیمان نیە. لەگەڵ رستەکان دەروونم زیاتر هەڵدەچێ. وەها کە رقم لە باوکە ترسنۆک و گرینۆکەکان دەبێتەوە. لام ژیان دەبێتە بەرنگاربوونەوە و رووبەڕووبوونەوەی رووداوەکان و نەهامەتییەکان، تێپەڕینێکی ئازایانە و لەخۆبوردووانە بە ناویاندا. هەرچی دەبێ با ببێ! چاوەکانم دەقونجێنم و سەرم بە کتێبەکەوە دەنێم. دەستەکانم لە سەر هەر دوو ئەژنۆکەم دەلەرزن. جەستەم وەها دەئاوسێ کە هەستدەکەم لە ژوورەکەدا جێم نابێتەوە. ئیستا ئیتر رقم لە باوکم و لە دایکم و لە هەموو ئەوانەیە وا لە ژووورەکەدان. تەنانەت پووریشم. لام سەیرە ئەو ئەم کتێبانەی خوێندبێتەوە و کەچی بەردەوام لەم خانووە و لەم ژوورەدا دانیشتووە و دەڵێی نە بای دیوە و نە بۆران. چۆن شتی وا دەبێ! ئەی کوا کوڵ و کفی خۆهاویشتنە دەست شەپۆلە تووڕەکان؟

کتوپڕ دایکم دەنگم دەدا "ئەرێ رۆڵە ئەوە خەریکی چیت؟" لەگەڵ ئەوەی ناوم ناهێنێ، بەڵام دەستبەجێ دەزانم لەگەڵ منیەتی. زوو سەرم لەسەر کتێبەکە هەڵدەگرمەوە و بەپەلە لێی دەڕوانم. نیگاکانی خەمین و لە هەمان کاتدا میهرەبانن. وەک هەمیشە. حەزدەکەم پێی بڵێم رۆژێک لە رۆژەکان منیش دەڕۆم، حەزدەکەم بڵێم هاکا منیش وەک ئەو باڵندانەی وا بەرزبەرز بە ئاسمانەوە هەڵدەفڕن، منیش بفڕم. بەڵام هیچ ناڵێم. تەنیا لێی دەڕوانم. دایکم پڕکێشی لێناکا و لە تەلەفزیۆنەکە دەڕوانێتەوە کە لەسەر هەواڵەکانە. ئوتوبووسێک لە رێی تاران خۆی کێشاوە بە ترێلییەکدا و سووتاوە. کەس دەرنەچووە. دڵنیام ئیستا هەر هەموو ئەندامانی بنەماڵە خۆشحاڵن کە ناتوانن سەفەربکەن، یاخود نەیانتوانیووە سەفەربکەن. ئەیچۆن، سەفەر ئەمەیشی بە شوێنەوەیە! مرۆڤە بەختەوەرەکان چەند ئاسان دەتوانن ببن بە هەرە بەدبەختەکان. دیارە گەر لە دووای مردن بەدبەختی مانای مابێ. دایکم هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەکێشێ و باوکم عەینەکەکەی رێک و پێکتر دەکا. وەک بڵێی دەیەوێ لەناو ترۆمبیلە بەغەڵوزبووەکەدا کە لە دوورەوە فیلمی لێگیراوە، تەرمەکان بدۆزێتەوە. لانیکەم تەرمێک. لەناکاو بە دەنگێکی بەرز و بەپەلە لە کاتێکدا بە قامک ئاماژە بە تەلەفزیۆنەکە دەکا دەڵێ منیش سواری ئەمانە بووم، ئەیچۆن منیش سواریان بووم! جەماعەت لێی دەڕوانن. باوکم کە هیچ سۆزێک لە نیگایاندا بەدی ناکا، دەستبەجێ لە هەواڵەکە سەرلەنوێ ورددەبێتەوە. چل و ئەوەندە کەس تیاچوون. ئوتوبووسەکە لە باشوورەوە بەرەو پایتەخت دەڕۆیشت. بیردەکەمەوە بێگومان لە ئاوداخنکان باشترە لەوەی لە ئاگردا بسووتێی. گەر دەریا نەبایە رەنگە رۆبینسۆن ملی پێوە نەدەنا. شینایی ئاو و راخوشان لەسەری لە کاتێکدا هیچ کەسی تر دراوسێت نیە، تامێکی تری هەیە. لەناو ئاو جەستەت بە ساخی دەمرێ.

بەپەلە لاپەڕەکان یەک لەدووای یەک هەڵدەدەمەوە. وێنە رەش و سپییەکان چەند سەرنجڕاکێشن. لە زۆربەیاندا رۆبینسۆن دەبینم. پیاوێکی ریشن کە ناسرەوێ. لەگەڵ رەشپێستێکی ئەفریقایی، بەناوی جومعە. پێکەنینم بە ناوەکەی دێت. جومعە کوڕێکی زیرەکە و شیاوی ناوێکی باشترە. بەڕای من حاجی مامە شیاوی ئەم ناوەیە. تەعتیلە، رێک دەڕابەکەی داداوەتەوە! دڵنیام گەر رێی بکەوێتە شوێنێکی وەک ئەو دووڕگەیە، هەر یەکەم رۆژ تیادەچێ. ئاخر خۆ ژیان بە جوێن پێکنایەت.

کتێبەکە دەبەستم و دەیخەمە سەر تاقچەکە،... دەڕۆمە حەوشە. ئەستێرەکان بە حەوت تەبەقی ئاسمانەوە تروکە تروکیانە. جاری وایە ئەستێرەیەکی ئاگرین رادەخوشێ. ئاسمان چەند لە دەریا دەکا. مەلەوانەکان ئەوەندەی ئاوێتەی ئاسمانن ئاوێتەی زەوی نین. چیرۆکەکەی رۆبینسۆنیش ئەمە دەڵێ. ئەو ئاسمانەی وەک دەریا هەمیشە وەک خۆیەتی. رەنگە تەنیا لەبەر ئەوەی مرۆڤ دەستی ناگاتێ. من پێم وایە هەموو کەس دەبێ تەنیایی خۆی لەگەڵ ئاسمان تاقی بکاتەوە،... لە سووچێکدا لە حەوشەکەیاندا لە شەوێکی درەنگانی هاویندا. لە ماڵێکی دراوسێمانەوە دەنگی تووڕەبوون و بۆڵەبۆڵی پیاوێک دێت. روون نیە چی دەڵێ. لە شوێنێکی ترەوە دەنگی گریانی منداڵ دێت. لەوە ناچێ بەم زووانە مل بدات. شەو حەزی بە خنکاندنی دەنگە. حەزی ئەوە خەریکە زاڵدەبێ. وەک هەمیشە.

لە دوواوە کەسێک لێم نزیک دەکەوێتەوە. لادەکەمەوە. پوورمە. لە تەنیشتمدا دادەنیشێ. ناپرسێ بۆ لێرەم. وەک بڵێی دەزانێ. لە دووای ماوەیەک بێدەنگی دەڵێ "دەستم نەگرتی و نەمبردی بۆ کتێبخانە بۆ ئەوەی لاکەوتە و تەریک بیت!" جوابی نادەمەوە. لەبیرم دێت بەجوانی لە مەبەستەکی نەگەیشتم. تەنیا لەوە دڵنیا بووم کە ئەم دانیشتنەی من کارێکی باش نیە. بەردەوام بوو "ئەزانم کاتێک لە کتێبەکانا بەرەبەرە رستەکان لە وێنەکان زیاتر ئەبن، دونیا ئەبێ بە شتێکی تر؛ بەڵام کوڕی باش لە بیرت بێت رۆژێک دێت ئیتر هیچ وێنەیەک لە کتێبەکانا نیە و تەنیا کەلیمە و کەلیمە،... رستە و رستەیە، وەک شارەمێروولە بە شوێن یەکترا رائەکەن!"

راستی ئەو کات چی روودەدات؟ ساڵەکان دیسان تێدەپەڕن و وەڵامێک نیە. رەنگە تەنیا ئەوەندەی کە نیگا دەبێ بە شوێنیاندا راکا و بەس.  با راکەن! ئاغای ئەسەدی دەڵی "کەس ناتوانێ لەدەستی ئێمە راکا،... کەس!" راستدەکا بەرینایی نیشتمان سنووردارە. بە ترۆمبیل بەچەند رۆژ سەرەوخوار و سەرەوژووری دەکەی. رەنگە رۆبینسۆن هەر لەبەر ئەمە بوو لە نیشتمان خۆی قوتارکرد. گەیشتە ئەو شوێنەی وا ئاغای ئەسەدی دەستی پێڕاناگا. ژیان بەسەربردن لەگەڵ مرۆڤخۆرەکان باشترە هەتا لەگەڵ باوکی جەمشید. من لە دووای ساڵانی ساڵیش ئەمە بە ئەسپایی لە دڵی خۆمدا دەڵێمەوە. سەرەڕای بارستایی ئەو مەودایەی کە پڕی بێدەنگییەمو لە نێوان من و ئاسماندایە، ئەستێرەکانیش ئەمە نابیستن. دڵخۆشم.

دایکم جێگاکان رادەخا. و باوکم بیجامەکەی دەکاتەبەری. رانە تووکنەکەی سەرنجم رادەکێشێ. قێزم دێتەوە. بیجامەکە قوماشێکی لووسی رەنگ خۆڵەمێشییە. باوکم میشەمیشیەتی. ئەمە نیشانەی ئەوەیە خەوی دێ و تاقەتی هیچی نەماوە. ئەوەی من دەیبینم بڕواناکەم رۆژێک لە رۆژان گەر کوڕەکەی بیەوێ وەک رۆبینسۆن کروز ماڵەوە بەجێ بێڵێ، ئەهلی خەمخواردن و گریان بێت.

رەنگە هەڵەیش بم. کێ چووزانێ. بەرای من زۆر شت پێوەندی بە کاتەوە هەیە.

 

باوەگەورە رۆژی سێ شەممە کاتێک لە بازاڕ دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، یەکجار تووڕەیە. هەر لە دەرگاکە ئەم دیو کەوت، نەڕاندی ئەوە بۆ دەرگای دەرەوە کراوەیە! لە حەوشەیش نەڕاندی بۆچی بەردەنوێژەکەی پیسە. دایکم کە خەریکی جلشۆردن بوو، شەکەت و ماندوو سەری هەڵبڕی، بە پشتە مەچەکی ئەو بستە کەزیەی لەژێر لەچکەکەیەو هاتبووە ناوچاوانی لایدا و گوتی ئەیەڕۆ جا کێ چووەتە سەری؟ باوەگەورە نەڕاندی ئاگات لە توحسانە نیە! دایکم چیتر لێی نەگوت. دەیزانی بێسوودە. راستییەکەی ئەوە بوو بەردەنوێژەکە پیس نەبوو، چونکە کەس نەیدەوێرا بچێتە سەری. نەک تەنیا لەبەر ئەوەی باوەگەورە گەر بیزانیانە یەکجار تووڕەدەبوو، بەڵکو لەبەر ئەوەی وا چووبووە مێشکی منداڵەکانیشەوە کە گوناحیان دەگا و خوای گەورە دەیانخاتە جەهەننەمەوە. منداڵەکان جاری وابوو بە ترس و لەرز لێی نزیکدەکەوتنەوە و بە دڵەڕاوکێیەکی سەیرەوە لێیان دەڕوانی. ئەوان تەنانەت نەیشیاندەوێرا دەستی لێبدەن.

باشە باوەگەورە ئەمڕۆ بۆ یەکجار وەها تووڕە بوو؟ ئاگام لێ بوو نوێژی عەسری کرد و لەدووای ئەوەی کەمێک سەرنجی باخچەکەی دا، چووە ژوورەوە. بۆنی نوێژ و تووڕەیی لە حەوشە ئاڵابوو.

شەو لە کاتی نانخواردن بە بێ هیچ ئامادەکارییەک کتوپڕ گوتی رەحمان ئەیەوێ ژن بێنێ! هەموومان لە باوەگەورەمان رووانی. باوکم پاش ماوەیەک گوتی ژن! ژنی چی، ئەی مەگەر ژنی نیە؟ باوەگەورە ئیتر جوابی نەداوە. باوکم لە دایکم و لە پوورم و لە من کەمێک راما و ئەوجا دەستی کردەوە بە پارووگرتن. نیگای لە سەر سفرەکە چەقیبوو.

رەحمان هەمان مامە جوێنفرۆش بوو. ساڵانی دوواتر زانیم باوەگەورە بەژنهێنانی کوڕەکەی برینی کۆنی کولابووەوە. ئەو  لەبەر ئەوە تووڕەبوو کوڕەکانی نەک تەنیا گوێیان نەدەدایەو ژنیان بۆ نەدەهێنا، بەڵکو خەریک بوو فێری ئەوەیش دەبوون هاوسەرەکانیان بکەن بە دوو! جا هەر ئەوەندەیش براگەورە رچەی شکاند، ئیتر رێگاگرتن بەوانی تر مەحاڵ بوو. باوەگەورە بەتایبەت لە کوڕە گەورەکەی تووڕە بوو، لەبەر ئەوەی پێی وابوو هەم وەزعی لەوانی تر باشترە و هەم وەک کوڕی گەورە دەبووایە زیاتر مشووری باوکی بخوا. بەڵام لەوە نەدەچوو مامە جوێنفرۆش هەر بیر و خەیاڵیشی بەلای باوکیدا بڕۆیشتایە. باوەگەورە ئەو شەوە زوو لە سەر سفرەکە کشایەوە و خێرا داوای چایی کرد. ئەو شەوە تەنانەت حاڵ و هەوای سەیرکردنی تەلەفزیۆنیشی نەبوو. تەواوی شەو لە پەنجەرە تاریکەکەی رووانی و لە داڵغەیەکی سەیردا بوو.

بەڵام هێنانی ژنی دووهەمیش ئەوەندە ئاسان نەدەهاتە بەرچاو. مامۆژن ئەوەندە ژنێکی مەزڵوم و گوێ لە مست نەبوو مامە بتوانێ بە کەیفی خۆی بکا. ئەو ژنێکی یەکجار باوەڕبەخۆ و چاونەترس بوو. هەموو ژنانی گەڕەک حسێبیان لێدەبرد و مامە بە بێ پرسی ئەو دەستی بە ئاودا نەدەکرد. چی بوو ئاوەها خەیاڵی ژنی دووهەم لە کەلەی دابوو و زاتی ئەوەی کردبوو بیدرکێنێ، لەلای زۆر کەس هەر یەکجار سەیربوو. هەندێ گوتیان ئاشق بووە، هەندێکی تر گوتیان ژنەکەی ماوەیەکی زۆرە لەگەڵیا ناخەوێ و هەنێکی دیکە گوتیان ژنەکەی بەتووش نەخۆشییەوە بووە. بەڕای من نە ژنەکەی نەخۆش بوو و نە ئەوەی لەگەڵ مامە نەدەخەوت، راستییەکەی ئەوە بوو مامەجوێنفرۆش ئاشق ببوو. رۆژێک کە بەسەر چێوبەستەکانەوە دەبێ و بەسەر خانوویەکی دراوسێدا دەڕوانێ، لە کاتێکدا لەبەر خۆیەوە گۆرانی دەڵێ و داوای لەتە ئاجوور دەکا، لە حەوشەی ماڵەکەدا چاوی بە ژنێکی تێکسمڕاوی چوارشانە و گۆشتن دەکەوێ کە لەبەر شێری ئاوکەدا خەریکی شۆردنی قاپ و قاچاخە. ژنەکە بە دەم مامەوە پێدەکەنێ و ناز و غەمزەیەکی سەیری بۆ هەڵدەڕێژێ. مامە ئیتر ئاگای لە خۆی نامێنێ و خەیاڵی ژنە لە گەڵ خۆی دەیبا. وەک دەگێڕنەوە ئەو رۆژە لەوانە بووە چەند جارێک لە داربەستەکە بکەوێتە خوارەوە کە تەنیا خوای گەورە بە رەحم و شەفەقەتی خۆی فریای دەکەوێ. مامە دوواتر پرس و جۆ دەکا و دەبینێ ئەو ژنە کە ناوی 'سەلمێ'یە، بێوەژنە و تەنیا دوو مانگ لای مێردەکەی بووە و دوواتر زۆر خێرا تەڵاقی وەرگرتووە. لەبەر خۆیەوە گوتبووی "هەی عەمرت نەمێنێ گرگنی مل کڕێشاوی!" ئیتر لەو رۆژەوە مامەجوێنفرۆش حاڵ و هەوای جارانی نامێنێ و داڵغەیەکی سەیر دەبێ بە میوانی. وەک داڵغەکانی باوەگەورە.

پوورم دەڵێ، رۆڵە کاکم لە دووای ئەوەی 'حەبێ'ی هێنا، جوێنفرۆشی لێدەرچوو! منیش لام وایە ئەو بە جوێن کوڵ و کفی دەروونی خۆی دادەمرکێنێتەوە. ئەوەی لەگەڵ ژنەکەی پێی ناکرێ بەسەر شاگردەکانیدا دەیهێنێ. یاخود پشتەملە بەم و ئەو دەیڕژێ. پوورم لای وایە کاکی زۆر خوێڕی و ترسنۆکە. دەڵێ پیاو چۆن دەبێ ئاوا زەلیلی دەستی ژنی بێت و دوواتر بە منداڵی ژێردەستی خۆی بیڕێژێتەوە! بیردەکەمەوە داخۆ زۆربەمان وەها نین؟ جا هەر کامەمان و بەشێوازێک. رقەکانی دەرەوە سەرچاوەکانیان لەم راستیدا لە ماڵەوەوە دەستپێدەکەن. مامە جوێنفرۆش سەرەتا بۆ دڵنیایی زیاتر دەچێ و لە مەلای مزگەوت دەپرسێ. دیارە دەیزانی بە گوێرەی شەرع مافی ئەوەی هەیە هەتا چوار ژن بێنێ، بەڵام پرسە گورگانەیەکیش خراپ نەبوو. مەلا کە پیاوێکی تەمەن هەڵگەڕاوەی ناوچاوتاڵ و گرگن بوو، دەڵێ دەتوانێ، بەڵام بەو مەرجەی رەزای ژنی یەکەمی لەسەر بێ و جگە لەمە مامم دەبێ بتوانێ ژنی دووهەم بەخێوبکا و عادڵانە هەڵسوکەوت لەگەڵ هەردووکیان بکا. تەنانەت مامم باسی ئەوەیشی کردبوو کە حەبێ پیایا راناگا و شەوانە یەکجار بێ مەیلی نیشاندەدا. مەلا بەمە تووڕە دەبێ و دەڵێ "کەواتە بە تەواوی مافی خۆتە،... لە سەداسەد!" بەڵام کێشە لەوەدایە کە لە نێوان ماف و هەبوونی مافدا یەکجار جیاوازیی هەیە. هەر ئەو شەوە کاتێک لە ماڵەوە لای ژنەکەی باسی دەکا و تەنانەت ئاماژە بە قسەکانی مەلای گەڕەکیش دەکا، حەبێ ئاگرێک دەنێتەوە نەبێتەوە. ئەو شەوە مامە جوێنفرۆش لە ماڵی مامە وردەواڵە دەخەوێ و لەبەر ئەوەی زات ناکا بڕواتەوە شەش شەوی دوواتریشی لە مزگەوت دەنوێ (دیارە بە ئیزنی مەلا).

لە رۆژی دووهەمی ئاوارەیی مامەدا دەبێت کە باوەگەورە هەواڵەکە بەڕێکەوت لە مامە وردەوالە لە بازاڕ دەبیستێ. لە رۆژی چوارەمی ئاوارەیی مامەجوێنفرۆشدا دەبێ کە باوکم دەگا بەو رایەی کاکی گووی پێدەخورێ و بە سەرشۆڕی دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە و وەزعیشی لەوەی کە هەیە خراپتر دەبێ. بەڵام پوورم لای وایە ئاشقی دەردێکی خراپە و ئەوەندە ئاسان مرۆڤەکان بەرنادا. جا لەبەر ئەمە شەڕ و ئاژاوەکە بەردەوام دەبێ.

باوەگەورە ئەگەرچی هیچ نادرکێنێ و بەردەوام لە پەنجەرە تاریکەکان دەڕوانێ و خەیاڵ دەیباتەوە، بەڵام لای وانەبوو دونیا یەکجار ئەوەندە ناعادڵانەیە وەها کە کوڕ هەتاهەتایە ئاگای لە باوک نەبێ و تەنیا بە کەیفی خۆی بکا. لەبەر ئەمە رۆژێک بڕیاری دا، دیارە لە دووای ساڵانی ساڵ، هەستێ بچێ سواری جیپە تڕنەکانی گەڕەکی خواروو بێت و بۆ سەردان بچێتەوە بۆ ئەو گوندەی وا لەمێژ بوو سەردانی نەکردبوو. وەک دەڵین لەوێ کاتێک باوەشی بە هاوڕێیەکی دێرینی خۆیدا کردبوو ئەوەندە گریابوو کە ئەویشی خستبووە گریان. هەڵبەت باوەگەورە قەت عادەتی بە گێڕانەوەی بیرەوەرییەکان نەبوو، من کە بە حەیاتم هیچم لێ نەبیست، بەڵام لەو سەفەرەیدا کتوپڕ یادەکان وەها گەڕابوونەوە کە جگە لە گێڕانەوەیان هیچ چارەیەکی تری نامێنێ. وەها کە خەڵک خواخوایان دەبێ زوو بگەڕێتەوەو وازیان لێ بێنێ.

سەرئەنجام، مامە، سەلمێی بۆ نەهات. دووای ماوەیەک بە سەرشۆڕی گەڕایەوە بۆ ناو ماڵ و منداڵی خۆی و، سەرلەنوێ لە ناو جێگاکەیدا قن لە ژنەکەی خەوتەوە. بەڵام بەو ئەنجامە گەیشت ئاشقی و دڵداری فڕی بە تەمەنەوە نیە، ئەوەندەی فڕی بە رێکەوت و بە بینینی ئەو کەسەوە هەیە وا دەبێ بیبینی! لەوە بەدووا مامە جوێنفرۆش هەوڵیدەدا بەسەر داربەستەکانەوە لە حەوشی ماڵان نەڕوانێ و تەنیا سەرنجی لە سەر قوڕ و خشت و بەردەستە قوندەرەکانی (وەک خۆی دەڵێ) بێت. سەلمێیش کە یەکجار حەزی دەکرد شوو بە مامە بکات، سەرئەنجام لە دووای شەش مانگ، ناهومێد لە غیرەتی مامە، شووی بە پیاوێکی بێگانەی خەڵکی شاران کرد و، بە ترۆمبیلێکی شین بە بێدەنگی گواستیانەوە. مامە تا شەش مانگ لە دووای گواستنەوەی سەلمێ، زۆربەی کات بیری لە جەستەی تێکسمڕاو و مەمکە خر و پڕ و گەورەکانی یاری کۆچکردوو دەکردەوە و، بە ئەسپایی دەگریا. 

لای مامە، ئەشق دیوارێک بوو کتوپڕ دادەنرا و بەڵام خشت بەخشت وێران دەبوو. تەنیا ئەو بوو دەیزانی خشت بە خشت وێران بوونی خانوویش یەعنی چی. حەبێیش پێی وابوو لە دونیادا بێ عارتر و چاوچنۆکتر لە پیاو، خوای گەورە نەیخوڵقاندووە و کەچی زۆر زیرەکانە ژنیان پێش خستووە.

نیوەڕۆیەک کاتێک لە کتێبخانە دەگەڕێمەوە، پوورم دەڵێ رۆژێک دەگات تۆیش کتێبی رۆمانی ئاشقانە بخوێنیتەوە. دەڵێ ئەو جۆرە رۆمانانە باس لە مرۆڤە ئاشقەکان دەکەن و سەر بە مەکتەبێکن بەناوی رۆمانتیسم. دەڵێم یەعنی دەکرێ مامەجوێنفرۆشیش کەسایەتی ناوی کتێب بێت؟ دەڵێ ئەی بۆ نا! دەڵێ مرۆڤەکان هەر هەموویان دەتوانن کەسێکی ناو کتێبەکان بن. بەڵام هاوکات ئەوەیش گرینگە چۆنیان دەنوێنیتەوە.

کەواتە من نابێ ئەوەندە ئاسان بەلایاندا تێپەڕم. بە لای مرۆڤەکاندا دەڵێم. دڵنیام رۆژێک لێوردبوونەوەکانی باوەگەورە لە پەنجەرە تاریکەکان دەکەم بە کتێبێک،... دڵنیام.

 

جەمشید خاوەن دەفتەرێکە بەناوی 'دەفتەری بیرەوەرییەکان'. باوکی بۆی کڕیوە. شەست پەڕەیە و بەرگەکەی لە مەقەبایەکی ئەستوورە، بە وێنەیەکی سوپەرمان بەسەرییەوە. سوپەرمان بە جل و بەرگە تایبەتییەکەی خۆیەوە، لە کاتێکدا هەردوو دەستی کە کراون بە مشت خستووەتە سەر کەلەکەکانی، بە نیگا تیژ و وریاکانی لێت دەڕوانێ. فەرقیش ناکا لە کوێوە لێی دەڕوانی، لە هەر هەموویاندا نیگاکانی رێک لەسەر تۆیە و لێت دەڕوانێ،... تەنانەت گەر بیست کەسیش بن.

 جەمشید یەکجار حەزی بە دەفتەری بیرەوەرییەکانیەتی. لاپەڕە بە لاپەڕە هەڵیدەداتەوە و پیشانم دەدا. پەڕەکانیش رەنگاوڕەنگن، بە دێڕە شاسەکانی ناویەوە. ئەوسا نووسینەکان کە جاری وایە کورتن و جاری وایە درێژ، جاری وایە ورد نووسراون و جاری وایە درشت خۆیان دەنوێنن. دەڵێم چی تیا ئەنووسی. دەڵێ هەموو شتێک،... بیرەوەرییەکانم.

ئەوسا خەیاڵم دەڕوا. بیرەوەری! هەوڵدەدەم بزانم من داخۆ بیرەوەریم هەیە یان نا. بیرەکانم بۆ کۆناکرێنەوە. دەچمەوە سەر دەفتەرەکە. سەردێڕەکان دەخوێنمەوە "رۆژێک لەگەڵ باوکم"، "دایکم شیرینیەکی خۆش دروستدەکا"، تۆپەڵەبازییەکی خۆش"، "ئەمڕۆ لە سەیران بووین" و... . جەمشید چەند خەتی خۆشە، چەند بە جوانی دەنووسێ. دەڵێ باوکم بۆی کڕیوم. باوکی گوتوویەتی ئەوانەی بیرەوەرییەکانیان دەنووسنەوە، زیرەک دەردەچن. گوتوویەتی پیاچوونەوە بە رۆژانی رابردوو مانای ئەوەیە دەزانین سبەیش چۆن چۆنی بژین. من کە زۆر ئەم رستانەم بۆ ناچنەوە سەر یەک، بە جەمشید دەڵێم داخۆ گرانە؟ جەمشید دەڵێ نازانم. ئەوسا هەڵدەستێ و بەپەلە دەچێ لە دایکی دەپرسێ. دێتەوە. دەڵێ پێم وابێ حەوت تمەن. حەوت تمەن! ئەوسا وێنەکان دەبینم کە بە چەسپ بە لاپەڕەکانیا لکاندوون. خۆی و بنەماڵەکەی و جاروبارە ئەو وێنانەی وا لە رۆژنامەکان و گۆڤارەکان دەریهێناون. دەڵێم کەی ئەنووسی. دەڵێ زۆرتر شەوانە لە ناو جێگاکەمدا پێش ئەوەی خەوم لێبکەوێ.

جەمشید لە ژوورە خەوەکەی تەختی  نووستنی هەیە. ئەوان لە سەر عەرز ناخەون. جەمشید خاوەن ژووری تایبەتی خۆیەتی. پێم سەیرە ناترسێ. پێدەکەنێ و دەڵێ بۆ بترسم، من هەمیشە لە ژووری خۆمدا نوستووم. لە ماڵی ئێمە تەنیا باوەگەورە خاوەن ژووری تایبەتی خۆیەتی. پووریشم کە لە هەمان ژووری دانیشتنەکەدا دەخەوێ. دایکی من گەر شەوانە هەڵنەستێ و منداڵەکانی بەسەرنەکاتەوە، دڵیشی دەتۆقێ. جەمشید چرای شەوخەویشی هەیە. تیشکەکەی کاتێک هەڵیدەکا، شینە. شینێکی ئەهوەن و کز. چەند ژوورەکە سیحراوی دەکا. دایکی من بۆ ئەوەی چاوی ببینێ هەمیشە یەکێک لە پەردەکان بەشی ئەوەندە لادەدا کە تیشکە نادیارەکانی دەرەوە بتوانن روو لە ژوورەوە بکەن؛ هەرچەند هەمیشە لە دووای خەوپیاکەوتنی ئێمەیە پەردەکان لادەدرێن! دەڵێم جەمیشد بەو گڵۆپەوە خەوت لێ ئەکەوێ؟ دەڵێ ئەی بۆ نا! لە دەفتەری بیرەوەرییەکانیشیدا لە شوێنێک باسی ژوورەکەی خۆی کردووە. نووسیویەتی کاتێک ماندوو دەبێت دەچێ و لەوێ رادەکشێ و جگە لەمە دەرسەکانیشی زیاتر لەوێ دەخوێنێ. بەو پەنجەرەوە وا روو لە حەوشەکەی پشتەوەیە و بەسەر ریزە خانوویەکی تردا دەڕوانێ.

بە خۆم دەڵێم منیش رۆژێک دەفتەرێکی لەم چەشنە دەکڕم. منیش دەبێ بیرەوەرییەکانی خۆم بنووسمەوە. رۆژێک لە کتێبخانە چاویشم بە کتێبێک دەکەوێ کە بیرەوەرییەکانی منداڵێکە، رێکە لە شەست پەڕەدا! ئەوسا دەزانم لە نێوان بیرەوەرییەکان و کتێبدا مەودایەکی یەکجار کورت هەیە. نا، من دەبێ هەرچۆنێک بێت دەفتەرێک بکڕم. بەڵام نەک بە وێنەی سوپرمانەوە، بەڵکو،... بەڵکو بە وێنەیەکی ترەوە. لە پشت ویترینی کتێبفرۆشییەکەی ناو شارەوە سەیریان دەکەم و دڵم دەچێتە سەر ئەوەیان وا وێنەی کورێکی لەسەرە بە قەڵەمێک بە دەستەوە و دەفتەرێک لە بەردەمیدا کە خەیاڵ دەیباتەوە چی بنووسێ. ئا، ئەمەیانم دەوێ. جەمشید دەلێ باوکم قەرارە هەموو ساڵێک دانەیەکم بۆ بکڕێ، تەنانەت گەر زیرەک بم لە نووسیندا دوو دانەیش. من هەنگاوەکانم قورس دەبن. لە باوکم دەڕوانم. باوکم ئاگای لێم نیە. رەنگە بیر لە دووچەرخەکەی بکاتەوە، یان رەنگە لە سەفەری دووهەم کە بەڵێنە بچێ و عەینەکەکەی چاکبکاتەوە. پێرێ لە منداڵێکی داوە و بە قڕە نەجاتی بووە. دایکی منداڵەکە پڕ جوێنی کردووە. پێی گوتووە کوێرە، یاخوا زەلیل بی! باوکم دەڵێ خەتای چاویلکەکانیەتی. منیش هەر لەسەر ئەو رایەم، ئەگینا کێ ئەوەندە شێتە منداڵی خەڵکی بکا بە ژێرەوە.

بۆ ئەوەی منیش ببم بە خاوەن دەفتەری بیرەوەرییەکانی خۆم، چیتر راناوەستم و دەست بەکار دەبم. شانزەلاییەکان دەکەم بو دوو کەرتەوە، سەر یەکیان دەخەم، بە سوژن لە سەرەوە کونیان تێدەکەم و ئەوسا پەتێکیان تێدەخەم (لە جیاتی ئەو تەلە ساف و لووس و پێچاوپێچەی وا دەفتەری بیرەوەرییەکانی جەمشید هەیەتی). بۆ خۆم بەرگێکیشی بۆ دەکەم. بەرگەکە لە مەقەبایە و وێنەی رەنگاوڕەنگی گۆڤارێکم بە چەسپ پیالکاندووە. بە خەتێکی درشتیش لەسەرەوەیم نووسیوە "دەفتەری بیرەوەرییەکان". جوانە، خراپ نیە! دەمێنێتەوە ژوورێک. ئەها، چی لە ژێرخانی پشت تەنوورەکە باشتر! دەچم و بەسەریدەکەمەوە. شپڕێوە، شمەکەکان رێک و پێک دەکەم. حەیف تەنیا یەک پەنجەرەی بچووکی هەیە. قەیچێکە! لەوێ لەبەریا لەسەر سندووقێکی دار کە لەقە و جیڕەی دێ دادەنیشم، دەفتەرەکە دەکەمەوە و دەنووسم. بەڵام چی بنووسم. بیردەکەمەوە. بە هیچ شوێنێک ناگەم. نازانم بۆ ئەوەندە زەینم بەتاڵە. ئا، لەسەر ئەمڕۆ دەنووسم،... لە سەر ژوورەکەم و دەفتەرەکەم و پەنجەرەکە. یەکەم رۆژی خۆم لەگەڵ خۆم، بەدوور لە هەراوهوریای دەرەوە. هەر بەڕاستی دەنگیش نایەت. ئێرە چەند کپە. دەستدەکەم بە نووسین "یەکەم بیرەوەری". ئەمە سەردێڕەکەیە. ئەوسا لەوێوە دەستپێدەکەم چاوەکانم لە ژێرخانەکەدا دەیبینن. باس لە تارمایی شتەکان دەکەم، ئەوسا بۆنەکان، ئەو بۆنانەی ساڵانی ساڵە لەوێ ماون و تەواو تایبەت بە خۆیانن. بۆنێک کە تێکەڵ بە سەرتەنووریشە. دوواتر باسی جەمشید دەکەم. کتوپڕ دەنگی خشەیەک دێت. لادەکەمەوە. هیچ نابینم. خشەکە زیادەکا. رادەکەمە دەرەوە. هەرچەند دوواتر بوو زانیم کە جگە لە من و لە مشکەکان کەسی تر لەو ژوورەدا نین، بەڵام ترس شتێکە وەک خۆی کە لە دەرەوە دێت و خۆی دەکا بە دەروونتدا. من دوواتر لەگەڵ جووڵەی مشکەکان راهاتم. بگرە ئەوانیش بوون بە بەشێک لە بیرەوەرییەکانم. ئیستایش ئەو تیشکە روون و بە لێشاوەی وا خۆی لە پەنجەرەکەوە بە ژوورەکەدا دەکرد بەجوانی لەبەر چاومدایە. ئەو ساڵانە لای من وەهان.

باوەگەورە کە حەزی بە ونبوونەکانی من لە ژێرخانەکەدا نەدەکرد، رۆژێک لە دایکمی پرسی "ئەو کوڕە لەوێ چی ئەکا؟" دایکم گوتی نازانێ. باوەگەورە دەنگی دام. نەڕاندی. هاتمەدەرەوە. گوتی ئەوە خەریکی چیت. من کە نەموێرابوو دەفتەر و قەڵەمەکە لەگەڵ خۆم بێنم، گوتم هیچ! گوتی هیچ؟ نەگەڕامەوە و هاتمەدەرەوە. لەوە بەدووا ئاگام لەخۆم بوو لەو کاتانەدا باوەگەورە لە ماڵەوە نیە روو لەوێ بکەم.

بەڵام من قەت بە جەمشیدم نەگوت خاوەن دەفتەری بیرەوەرییەکانم. یەعنی رووم نەدەهات. پێویستیش نەبوو باسی بکەم. لەو ساڵانەوە هەستێکی سەیر لە دەروونمدا سەری هەڵدا سەبارەت بەوەی شتەکانی خۆم دەبێ بشارمەوە و، زۆر باسیان لێنەکەم. هەستمکرد هەندێ شت هەیە لەگەڵ ئەوەی پێوەندیی بە خەڵکی تریشەوە هەیە، بەڵام بەتەواوی هی خۆمە و بەس. من تەنانەت دەفتەری بیرەوەرییەکانیشم لە ژێرەوەی کتێبەکانی دیکەمدا دادەنا. نا، کەس نەدەبووایە چاوی پێ بکەوێ.

من دڵنیام کەس بەقەدەر مامەوردەواڵە خاوەن بیرەوەری نیە. کەس بە ئەندازەی ئەو بە کووچە و کۆڵان و جادەکاندا ناگەڕێ و شت نابینێ. بەڵام باوەڕناکەم قەت بیری لە نووسینی رووداوەکانی ژیانی کردبێتەوە. لێی دەڕوانم و دەزانم خەیاڵی لە هەموو شوێنێکە، جگە لە نووسینەوەی بیرەوەری. رەنگە ئەو لێیشیان هەڵدێ. پوورم دەڵێ کاری باش ئەکەی ئەنووسی، بەلام ئاگات لێ بێت زۆر بە سەریا کووڕ نەبییەوە. راستدەکا، من جاری وایە پشتم دێشێ. خۆم دەکێشمەوە و دیسان کووڕدەبمەوە. رەنگە ئەمە تایبەتمەندیی نووسین بێت. پێم وابێ هەموو کتێبەکان ئاوەها نووسراون. دایکم بزەیەکی دێتێ و دەڵێ کوڕەکەم کوڕە شایە، زیرەک ئەبێ. باوەگەورە (جا لە رووی کەیفەوەیە یان بێتاقەتی) دەلێ تڕحێو! بزەیەکیشی لەسەر لێوە.

من ئەو ساڵە دوو دەفتەری شەستیم پڕکردەوە. جەمشید هێشتا هەر بەو دانەیەوە خەریکە! پێم سەیرە. ئاخر چلۆن ئەوێک کە ئەو هەمووە سوار ترۆمبیل دەبێ و دونیا دەگەڕێ، ئەوێک کە خاوەن ژووری خۆیەتی و شەوانە لەبەر تیشکی شینی شەوخەودا دەنوێ، ئەوەندەی بیرەوەری هەیە و کەچی منێک کە هیچی ئەوانەم نیە، چەند ئەوەندە!

نەکا بیرەوەرییەکان هەر ئەوانە نین وا روودەدەن، بەڵکو ئەوانەن وا حەزمان دەکرد رووبدەن!؟ نەکا بیرەوەرییەکان ئەو رووداوانەن لە ئێمەدا دەقەومێن، نەک لە دەرەوەی ئێمە! دڵنیام لانیکەم بەشێکی گرینگیان لەم چەشنەن. ئەگینا گەر وا نەبووایە هەموو کەس دادەنیشت و دەستی دەکرد بە نووسینەوەی بیرەوەرییەکانی خۆی. باوەڕیشم بەوە نیە کەسەکە دەبێ کەسێکی موهیم بێت بۆ ئەوەی بنووسێتەوە؛ نا، بەپێچەوانەوە. نووسینەوەی بیرەوەریی ئەوەندەی پێوەندی بە حەزی گێڕانەوە و پیاچوونەوە بەوەی وا بووە و ئەوەی وا دەبێ هەیە، پێوەندی بە هیچ شتێکی ترەوە نیە.

پوورم ئەم بۆچوونەی من پشتڕاستدەکاتەوە و، دەڵێ ئەو جادەیەی تۆی گەیاندە کتێبخانەکە زۆر فەرعی دیکەیشی لێدەبێتەوە. تەنیا ئەوەندە پەلە مەکە،... خۆیان دەگەن!

 

چواری مانگی 'ئابان'ە. شار کە لە چەند رۆژ لەوە پێش حاڵ و هەوایەکی تایبەتی پەیداکردووە، لە چواری ئابان تەواو سیمای دەگۆڕدرێ. قوتابخانەکان و هەموو ئیدارەکان، بگرە بازاڕیش تەعتیلە و بەڵێنە رێوڕەسمێکی گەورە و تایبەت بەڕێوە بچێ. هەر لە بەیانی زووەوە دەستەدەستە قوتابی، ئەوانەی وا یونیفۆرمی تایبەتیان لەبەردایە و بە 'شیربچە' و 'پیشاهنگ' بەناوبانگن بە دەوری مامۆستاکانیاندا کۆدەبنەوە. قوتابییەکانی تریش دوواتر دێن کە بەڵێنە ئەوانیش لە ریزی خۆپیشاندەراندا بن. لە دەوری مەیدان و یەکێک لەو خیابانانەی وا لە مەیدانەکە دەبێتەوە، سوپا راوەستاوە. رێک و پێک بە جل و بەرگە جوانەکانیانەوە و ئەو چەکانەی پێیانە، کە بەڕاستی سەرنجڕاکێشە. نەفەربەرەکانیش لەوێن. پۆلیس هاتوون. خەڵکی ئاسایی لە سەر پیادەڕەوەکان راوەستاون و لە دیمەنەکە دەڕوانن. شار تەواو قەرەباڵغە.

سەر دەڕابەی دووکانەکان، دارچرابەرقەکان و دیوارەکان پڕی وێنەی شا و بنەماڵەکەیەتی. لافیتە گەورەکان سێبەر بە سەر شەقامدا دەخەن. شا، قیت و قۆز بە تەنیا، لە تەنیشت شابانودا، لە جلوبەرگی سەربازی، یان بە تاجەکەی سەر سەرییەوە بە بزەیەکەوە لە نیشتمان (یان وەک دەگوترێ مەیهەن) و لە گەل دەڕوانێ. "خودا، شا، مەیهەن"، "شا سێبەری خودایە" دروشمە سەرەکییەکانن. ئێمەیش لەوێین. هاوپۆلەکان پێکەوە دەدوێین و بەردەوامیش لە دەورووبەرمان دەڕوانین. هەستێکی دژبەیەکم هەیە. هەم خۆشە و هەم شتێک لە دەروونمەوە پێم دەڵێ ئەمە راست نیە. جۆرێک لە دەستکردبوون لە هەوادا دێت و دەچێ. تەنیا سوپایە رێک و پێک لەو شوێنەیدایە وا دەبێ ببێ. ئەوانی تر تا رادەیەکی زۆر بە کەیفی خۆیانە. ئاگام لێیە مامۆستاکان بە زەحمەت قوتابییەکان و شیربەچە و پیشاهەنگەکان کۆدەکەنەوە و نەزمیان پێدەبەخشن. هەراهەرا و دەنگەدەنگێکە نەبێتەوە. بەڵێنە بە شەقامەکانی ناو شاردا سوڕێک بدەینەوە و دوواتر بڵاوەی لێبکەین. بەڵێنە کاتێک تەواو دەبێ، دوکان و بازاڕ سەرلەنوێ بکرێنەوە، هەرچەند هەندێ کەس نایکەنەوە و ئەو رۆژە دەکەن بە پشوویەکی تەواو.

مامەتەنەکە و مامەچایی یەکجار رقیان هەستاوە. خواخوایانە هەموو شتێک زوو تەواوبێت بۆ ئەوەی دووکانەکانیان بکەنەوە. مامەتەنەکە کە لە سەر سەکۆی بەر تەنەکەسازییەکەی راوەستاوە و عەبە بێقۆلیشی لە تەنیشتدایە، زووزوو مل دەکێشێ و چاوەکانی بچوک دەکاتەوە. وەک بڵێی دەیەوێ کەسێک یان شتێک ببینێتەوە. عەبەیش جەستەی لەناو کۆتە زەلامەکەیدا دەگێڕێ و دەڵێی کەس نابوێرێ. ئەو، نیگای لەسەر هەموو کەسێکە، بەتایبەت کچەکان کە دەستە دەستە تێکوروکاون و حیلکەحیلکیانە. نازانم عەبە بێقۆل رازییە یان نا، نیگاکان و شێوەی راوەستانی هیچ نادرکێنن. زۆر جیددی دێتەبەرچاو! لەبەر خۆمەوە دەڵێم لە خەیاڵی چیایە؟ بەڵام مامە جوێنفرۆش لێرە نیە، یەعنی دڵنیام لێرە نیە. ئەو لە کووچە و کۆڵانەکان، دوور لە چاوی حکومەت خەریکی کاروباری خۆیەتی. ئاجوورەکان سەر یەک دەنێ و ئاە هەڵدەکیشێ. ئەو ئەم رۆژانەی ناوناوە 'رۆژی کەرکەرێن'! لای وایە ماکەر و نێرەکەر تێکەڵدەبن و دەیکەن بە رۆژی حەشر! باوەگەورە بەلاچاو لێی دەروانێ و لای وایە رەحمانی کوڕی گەوجترین کوڕە گەورەی دونیایە وا خوا هەتا ئیستا خوڵقاندوویەتی. لەبەر خۆیەوە دەڵێ بمکردایە بە کونە دیواردا خێرم زۆرتر دەگەیشتێ! بەڵام رەحمان کوڕی یەکەم بوو و رێک هی ئەو سەردەمە بوو وا دایەگەورە و باوەگەورە یەکجار چاویان لەسەر یەکتر بوو.

من کە کتێبەکانم تەواوبوونە و دەبوایە ئەمڕۆ بچم و دوو بەرگی تازە وەربگرم، لە خۆم تووڕەم کە دوێنێ فەرامۆشم کرد و نەچووم بۆ کتێبخانە. من لام وایە کتێبخانە بۆ رۆژی وەها دانراوە و لە راستیدا نابێ تەعتیل بکرێ. دەزانم گەڕەکی کتێبخانەکە تەنانەت ئێستاکە چۆڵتر و کش و ماتترە لە هەر کاتێکی تر و جادەکە بە دەگمەن کەسی پیاتێدەپەرێ. خانە سازمانییەکانیش بێدەنگتر لە هەر ساتێکی تر. هەموو ئەوانەی لەوێ دەژین لێرە لە رێوڕەسمەکەدان. بە ژن و پیاوەوە. تەنیا گەڕەکێکە هەر هەموویان دێن و هەر هەمووشیان، پێکەوە و جیا لە خەڵکەکەی دیکە، رێک لە ناو جەرگەی خیاباندا لە نزیک سوپا راوەستاون و ئەوەندەیش دەنگەدەنگیان لێوە نایەت. خوایە، ئەوان چەند تایبەتن! بە جلوبەرگە جوان و مۆدەکانیانەوە چەند سەرنجڕاکێشن! بە تایبەت ژن و کچەکانیان. هێزێکی پۆلیسی تایبەتیش چاوەدێرییان دەکا. ئەگەرچی نیگاکان لەسەریانە، بەڵام کەس ناوێرێ هەڵەیەک بکا، چ بە وشە و چ بە کردە، تەنانەت عەبە بێقۆلیش. حەمە عوممانەیش لە ناویاندایە، لە دووای دوواوەوەیان. بە تەنیا. نە کەس دەیدوێنێ و نە ئەویش کەس. ئەگەرچی لەوە دەچێ تامەزرۆی هەڤاڵێکە. ئاغای ئەسەدیش لەوێ نیە. وەک بڵێی کارێکی تایبەتی هەبێ. بەڵام دایکی جەمشید و ئەوانی تر لەوێن. جەمشید لە ناو پیشاهەنگەکاندایە. دەیبینم. زۆر سەرقاڵە.

کە سوپا دەجووڵێ و دەکەوێتە رێژە، خەڵکیش دەکەونە جووڵە. ئیتر تەواو جەوەکە دەگۆڕدرێ. کۆڕی مۆسیقاکە دەژەنێ و زەوی لە ژێر قاچەکانی سوپادا دەکەوێتە لەرین. هەناسە چییە لە خەڵکەکەوە نایەت. ئەو تەپڵ و تەنەکانەی دەیانکوتن و شەقام دەلەرێننەوە، هەتا هەناوت دێن. جوان جوان. سەرتاپات دەخرۆشێنن. ئەوسا روخساری ئەفسەر و سەربازەکان کە چەندە جیددی و چەندە بڕیاردەرن. وەک بڵێی گاڵتەیان لەگەڵ کەس نیە و گەر بتەوێ هەڵەیەک بکەی، دەستبەجێ لەسەر سەرتن! لەبەر خۆمەوە دەڵێم گەر گەورە بووم حەزدەکەم ببم بە سەرباز. سەربازی مەیهەن! ئەوسا بیری خاڵم دەکەومەوە. پوورم دەڵێ شا خاڵتی گرتووە. من تەنیا گوێی لێدەگرم و ناڵێم بۆ. ناپرسم لەسەر چی. من رقم لە وێنەکانی شایە کە داروبەردیان داپۆشیوە. بەڵام سوپا شتێکی ترە  باوکم دەڵێ لە کاتی شەڕدا پێش ئەوەی سوپا هێرش بەرێ، ئەم ساز و ئاهەنگەیان بۆ لێدەدەن، بەم شێوەیە مەستیان دەکەن و رووبەڕووی دوژمنیان دەکەنەوە. ئیتر لە مەرگ ناترسن و بە ئاسانی خۆیان دەدەنە دەم فیشەکە گەرمەکان. ساڵانی دوواتر من لە فیلمەکاندا شەڕەکانی ناپلیۆن و شەڕی ناوخۆی ئامریکام بینیبوو. باوکم درۆی نەدەکرد. دەستەیەکی موزیک بە شوێن، یاخود لە تەنیشت سوپاوە دەجووڵا و دەیکوتا! هێرش لە ناو مۆسیقادا و مردن لە ناو موسیقادا. باوکم رێک لەناو خۆپیشانانەکەدا دەستدەکا بە گریان و بە پەنجەی فرمێسکەکانی لە ژێر چاویلکەکەیەوە دەسرێ. باوکم پێی وایە نیشتمان بە بێ سەرۆک هەتیوێکی بێ پدەرە و لە راستیدا خوای گەورە کەرەمێکی گەورەی کردووە کە ئەوی لە ئاسمانەوە وەک فریشتەکان بۆ مەهیەن بەڕێکردووە. من لە باوکم دەڕوانم و دیسان دوو هەستی دژبەیەک تیاما دەگەڕێ. دەزانم ئەو حەزی بە خاڵم نیە و هەتا دەتوانێ خۆی لێ دەپارێزێ. نە باسی دەکا و نە دەیشچێ بۆ سەردانی، دیار دەستیش ناهێنێتە سەر رێی دایکم. چواری ئابان رۆژی لەدایکبوونی سەرۆکە و باوکم دەڵێ بێگومان رۆژی لەدایکبوونی مەیهەنیشە.

لە چواری ئابان کەس بەقەدەر مامەوردەواڵە خۆشحاڵ نیە. بە داخستنی بازاڕ و دوکان، مشتەرییەکانی ئەو چەند قات زیاددەکەن. بە روویەکی خۆش و پڕ لە پێکەنینەوە بەناو حەشیمەتەکەدا دەگەڕێ و زیاتر لە هەمیشە بە کەیفخۆشییەوە هاواردەکا. تەنیا لە کاتی لێدانی مۆسیقا و هوتاف کێشانەکاندایە دەنگی دەخنکێ. دیارە بە گوێرەی هەستێکی خۆڕسک دەزانی کە دەبێ ئەویش لەم کاتانەدا بێدەنگ بێت. خەڵک خۆ چاویان دەبینێ و دەزانن چی پێیە. بۆیە بە بێدەنگیش دەشێ. لەم جۆرە رۆژانەدا جگە لە سندووقە قووڵەکەی کە بە پەتێکەوە بە مل و شانییەوە هەڵیواسیوە، توورەکەیەکیش بە شوێن خۆیدا رادەکێشێ. کە ماندوو دەبێ، جێگایەک بۆ خۆی لە سەر سەکۆی بەردووکانێکدا دەکاتەوە و پشوویەکی خێرا دەدا. من لام وایە تەنیا دوو کەس دروشمەکان دووپات ناکەنەوە، کە یەکیان مامە وردەواڵە و ئەوی تریان باوەگەورەیە. باوکم ئەوەندە بە دەنگی بەرز دەیانڵێتەوە کە بۆ یەک هەفتە دەنگی دەنووسێ و دایکم بەردەوام نەبات داخی بە قورگدا دەکا. کە خۆپیشاندان تەواودەبێ، مامە چایی دەستبەجێ دەرگای چاخانەکەی دەخاتە سەرپشت و کتوپڕ وەها لە مشتەری پڕدەبێ کە قەرەبووی ساتە داخراوەکانیش دەکاتەوە، بگرە بە زیایشەوە! دەڵێ بێگومان لە خۆپیشاندان لە دونیادا زەحمەتتر نیە، خەڵکی بڕستیان لێدەبڕێ. راستدەکا. منیش کە دەگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە یەکجار ماندووم. پووریشم شەکەتە. کە جلوبەرگە مۆدەکەی دادەکەنێ و پاڵدەداتەوە، دەڵێ ئەمڕۆ دوو مامۆستا نەهاتبوون، حەتمەن سبەی لێیان دەپرسنەوە. من بە تەعەجوبەوە لێی دەڕوانم. دەپرسم لێیان دەپرسن!... بۆ؟ پوورم لێم دەڕوانێ و دەڵێ تۆ هێشتا دەبێ لە خوێندن بەردەوام بی! منیش ئەوەندەی تر رقم لە خۆم دەبێتەوە کە ئەمڕۆ نەمتوانی کتێبەکانم تازەبکەمەوە.

شەو لە دووای نانخواردن روودەکەمە پوورم و دەڵیم راستی شا سێبەری خوایە یەعنی چی؟ باوکم لێم ورددەبێتەوە، باوەگەورە هەروا خەریکی سەیرکردنی تەلەفزیۆنە کە راپۆرتی خۆپیشاندان و رێوڕەسمەکانی ئەمڕۆ لە سەرتاسەری مەیهەن بڵاودەکاتەوە، بە بنەماڵەی پاشاوە کە هەر هەموویان بزەیان لەسەر لێوە. هەروەها هەندێ وێنە و فیلمی مێژوویی. دەڵێم مەگەر خوا سێبەری هەیە؟ باوکم کە کتوپڕ توڕەدەبێ و من بە دەگمەن وەهام بینیوە، دەڵێ ئیتر گووخواردن بەسە،... دەمت داخە! پوورم لێی دەڕوانێ، قنج دەبێتەوە و بە دەنگی بەرز دەڵێ دەی کوڕەکە بخۆ، بیخۆ دەی! لەجیاتی ئەوەی بۆی باسبکەی دەگوڕێنی. باوکم میشەمیشی دێت و لەبەر دەمی خۆی مۆڕدەبێتەوە. ئەوسا پوورم بەردەوام دەبێ "خوا لە ئاسمانەکان ئەژی و هەتاویش لەوێیە، کە جارجارە لە بەینی هەتاو و زەمینەوە تێدەپەڕێ، دەبێ بە سێبەر بەسەر زەویدا!" من هەروا لێی دەڕوانم. چاوەکانی پوورم پێدەکەنن. باوکم وەک بڵێی لەم وەسفە دڵشادە، سەر بەرزدەکاتەوە و لە پوورم دەڕوانێ کە ئێستاکە زۆر جیددی دیارە.

بە خۆشییەوە چواری ئابان تەنیا یەک رۆژە لە ساڵدا. هەرچەند رۆژەکانی تریش هەن، نۆی ئابان و بیست و چواری ئیسفەند و... بەڵام هیچیان وەک ئەم رۆژە نیە.

هەوڵدەدەم بۆ جارەکانی تر لەبیرم بمێنێ رۆژێ پێشتر کتێبەکانم نوێ بکەمەوە. رۆژە مێژووییەکان نابێ بەر بە پلانەکانی من بگرن.

 

باوکم: ئەلوووو!

باوەگەورە: ئالەو!

ـ پوورم: ئەلۆ!

دایکم جارێکە زات ناکا دەست بداتە تەلەفۆنەکە. هەر کە زەنگ دەخوات، یان خۆی لێ گێل دەکات و بە شتی ترەوە خۆی دەخافڵێنێ، یان چاوی لە سەر منە. منیش بەقسەی دەکەم. یەعنی پێویستیش ناکا لێم بڕوانێ. من خواخوامە کەسی تر گووشییەکە هەڵنەگرێ. هەتا چەند مانگ دووای هەبوونی تەلەفۆنەکە، یەکەم کەس کە مافی وەڵامدانەوەی هەبوو باوکم بوو.

منیش کورت و خێرا: ئلو!

نازانم بۆ، بەڵام حەزدەکەم بە شێوازی خۆم وەڵامی خەڵکی بدەمەوە. نە ئەلوووو، نە ئالەو و نە ئەلۆ. هەرچەند من ئەوەی پوورم لەوانی تر بەدڵترە، تەنانەت لە هی خۆیشم.

لەم کۆڵانەی ئێمە جارێکە هەر ماڵی ئێمە خاوەن تەلەفۆنە. سیمێکی ئیزافی کە لە دارچرابەرقەکەوە خۆی دەکا بە خانووەکەماندا و ئەوانی دیکە لێی بێ بەرین. باوکم یەکجار شانازی بەوەوە دەکا یەکێک لەو کەسانەیە وا لە شارەکەدا لە پێش خەڵکی ترەوە بووەتە خاوەن تەلەفۆن. کە ئێوارەیان بە پاسکیلەکەی دەگەڕێتەوە، قەیرێک لە بەر دەرگادا رادەوەستێ و لە حەوا دەڕوانێ و جوان جوان وایەرەکە بەسەردەکاتەوە، نەکا عەیبێکی هەبێ. نەکا با رفاندبێتی و یاخود دراوسێیەکی ناڕەسەن بەڵایەکی بەسەردا هێنابێ. راستییەکەی ئەوەیە لەو کاتەوە بووینەتە ساحیب تەلەفۆن، باوکم کەمێک بەدگومانی لێدەرچووە.

تەلەفۆنەکە رەشێکی زلی وەک دەڵێن هێندلییە. بە گووشییەکی زەلامی قورسەوە کە کاتێک بە گوێیەوە دەنێی، لایەکی روخسارت دادەپۆشێ. ژمارەکەیشمان چوار رەقەمە: ٩٩٨٨. باوکم ئەمەیش وەک موعجیزەیەک لێکدەداتەوە. ژمارەیەکی وەها لەبەرکردنەکەی ئاسانە. بۆ ئەوەیش لەگەڵ خەڵکی تر تەماس بگری، دەبێ سەرەتا زەنگ بۆ موخابەرات لێ بدەی و ژمارەکە بڵێی یاخود ناوی ماڵەکە ببەی! ئەوانیش وەسڵی دەکەن. تەلەفۆنەکەی ئێمە لە ژووری دانیشتنەکە لەسەر تاقێکی بەرزی قووڵە و کاتێک باوکم قسە دەکا، کەمێک دەنەوێتەوە، خۆی دەخا بەسەر هەنیشکێکیدا کە لەسەر تاقەکەیە،... ژێرچەناگەی دەماسێنێ و زووزوویش بە قامکی ئیشارە چاویلکەکەی بەرزدەکاتەوە. وەک بڵێی هەمیشە کارێکی زۆر موهیمی هەیە. چاوەکانیشی لەسەر یەک شوێن مۆڵەق دەبن.

راستە باوەگەورە دەڵێ ئالەو، بەڵام یەکجار کەم دەستدەداتە تەلەفۆنەکە، مەگەر ئەوەی بانگی بکەن. بە دەنگی یەکجار بەرزیش قسەدەکا (دیارە هەر هەموومان وەهاین). دیارنەبوونی کەسی بەرامبەر ئەو بۆچوونەمان تیا دروستدەکا کە نەکا گوێی لێنەبێ،... بۆیە دەبێ هەتا دەتوانین بەرز بدوێین. رێک وەک دوو جوتیار لەمبەراوبەری شیوێکەوە،... لە گوند لە داوێنی سروشت. هەڵبەت تەنیا یەک کەس مافی ئەوەی نیە بەرز قسەبکا، ئەویش منم. باوەگەورە یەکسەر دەنگم دەدا کە "ئەوە ئەو زەڕەزەڕەت لە چییە، ناتوانێ کەمێک هێواشتر قسەبکەی!" دایکم لەم کاتانەدا بزەیەکی دێتێ و خۆی لە ژێر لەچکەکەیەوە دەشارێتەوە. من کە قسەکانم لە بیردەچنەوە، بۆ ماوەیەک نیگاکانم لە نێوان دایکم و باوەگەورەم دێن و دەڕۆن. بەڵام بە خۆشییەوە ئەلۆی ئەوەی بەرامبەر وشیارمدەکاتەوە و هەر چۆنێک بێت سەرەداوی قسەکان دەدۆزمەوە.

من زۆرتر لە گەڵ جەمشید قسەدەکەم. ئلۆکەی ئەو یەکجار ناسکە. وەک بڵێی لە شوێنێکە لە نێوان قوڕگی و دەمیدا، بە ئاسمانەوە. باوکم ئەمە بە شانازییەکی گەورە لەقەڵەم دەدا کە لە ماڵی ئاغای ئەسەدییەوە زەنگمان بۆ لێدەدرێ. جاری وایە تەنانەت هەستدەکەم بەخیلی بە من دەبا. رەنگە بیر لەوە دەکاتەوە کە بۆچی نەدەکرا ئەویش لە تەلەفۆنەکەدا لەگەڵ باوکی جەمشید بدوێ.

جاری وایە دانیشتووانی گەڕەک دێن و داوا دەکەن لە ماڵی ئێمەوە زەنگ بۆ خەڵکی دیکە بدەن. بە شەرمەوە دێن، بەڵام هەر ئەوەندەی کەوتنە قسەکردن، ئیتر ئێمەیان لەبیردەچێتەوە. کە دەیشڕۆن دیسان شەرمەکە بە هەمان قیاس دەگەڕێتەوە. دایکم دەڵێ ماڵێ خۆتانە. باوکیشم لای وایە ئەمە وەڵامێکی شیاونیە و تەنیا بۆ کاتی میوانی دەخوا، بەڵام هاوکات هیچ پێشنیارێکیشی نیە. جاری وایە هەستدەکەم باوکم بیر لە دۆزینەوەی رستەیەکی باشتر دەکا، جوملەیەکی شیاو کە بتوانێ دەربڕی وەها دۆخێک بێت. من لەبەر خۆمەوە دەڵێم "تەلەفۆنی خۆتانە!"

لای من تەلەفۆنەکە زیاترە لە تەلەفۆن. جیهانێکی سەیر کە تیایا وندەبی. زیاتر لەوەی حەزبکەم قسەی پێبکەم، حەزم لە کایەکردن بە ژمارەکانیەتی. ژمارەکان لە سفرەوە تا نۆ نیوەی دایرەیەکی ئەستوری روونی لە پلاستیک سازکراویان گرتووەتەوە کە کاتێک دەیگێڕی، دەنگێکی خۆشی لێوەدێت. شتێک وەک کرچە کرچ. بە پەنجە خولی دەدەیت و ئەوسا بەریدەدەی بۆ ئەوەی بۆخۆی بگەڕێتەوە بۆ سەر جێگای خۆی. کاتێک کەس لە ناو ژوورەکەدا نیە، پەنجەی تێدەهاوم و دەیگێڕم. وەڕەزنابم. لەسەریەک لەسەریەک چەندپاتی دەکەمەوە. دەزانم نابێ لەم کاتانەدا گووشییەکە هەڵگرم. جاری وایە هەستدەکەم شێتم. بادانەکە لەگەڵ خۆی دەمبا و دەمباتەوە. دڵنیام مامەجوێنفرۆش ئاگای لێ بێت دەڵێ ئەوە کرمی هەیە! راستیش دەکا، من کرمم هەیە.

لە قوتابخانە دەرسێکمان هەیە لەسەر تەلەفۆن. ئەلکساندر گراهام بێل کە خەڵکی سکاتلەندە و لە ١٨٤٧ لە دایکبووە و ساڵی ١٩٢٢یش مردووە، خوڵقێنەرەکەیەتی. جوان لە وێنەکەی رادەمێنم. پیاوێکی سەرو ریش سپی، بە نیگایەکی گەرم و پڕ لە زیرەکی. هەفتاوپێنج ساڵ ژیاوە. هەتا دەتوانم و وەڕەزی ئیزنم دەدا، لێی ورددەبمەوە. باشە چۆن توانیویەتی دەنگ لە ناو سیمێکی باریکەوە بنێرێ بۆ شوێنە دوورەکان! زۆر جار منیش لە کۆڵان لەسەر سەکۆی بەر دەرگای ماڵەکەماندا دادەنیشم و وەک باوکم لە وایرەکە دەروانم. بە هیچ شوێنێک ناگەم. تەنانەت بەستنەوەی دوو سەری سیمێکی دە میتری بە دوو قوتوویشەوە، کە من هاورێکانم هەوڵدەدەین قسەی پێبکەین، هیچ یارمەتییەک بۆ دۆزینەوەی وەڵام نادا. ئەوسا تێدەگەم زانست شتێکە وەک بوونێکی نادیار کە لە ناو شتەکاندایە. رێک وەک چۆن کەلیمەکان لە ناو دوو توێی بەرگی کتێبەکاندان. بە خۆم دەڵێم کتێبخانەکە ون نەکەی! چما ئەلکساندریش ونی نەکرد.

ئێستاکە شەوانە تا درەنگان لە ناو جێگاکەدا سوڕدەخۆم و لە تاریکایی دەروانم. خوایە چەند حەزدەکەم منیش شتێک بخوڵقێنم، شتێک وەک تەلەفۆن. بیردەکەمەوە و بیر دەکەمەوە. بێسوودە. خەیاڵ ناگاتە هیچ شوێنێک. تا شەوێک بە خۆم دەڵێم ئا، دەبێ شتێک دروستبکەم کە بتوانم لە تاریکاییدا وەک رۆژ شتەکان ببینم، شتێک کە گڵۆپ نیە و تەنیا لە چاوی کەسەکەدایە. بەم خەیاڵەی خۆم خەنیم. ساڵانی ساڵ نایدرکێنم. نەکا لێم بدزن! بەڵام چۆنی سازبکەم، نازانم. سەیری گراهام بێل دەکەمەوە. دیسان بێسوودە.

ساڵانی دوواتر دەزانم ئەو لە سەردەمانێکدا ژیاوە کە چەند رووداوی گەورە لە جیهاندا روویانداوە: شەڕی فەڕەنسە و ئاڵمان، کۆمۆنی پاریس، شەڕی رووس و ژاپۆن، شۆڕشی رووسیا، نوقمبوونی کەشتی تایتانیک و شەڕی یەکەمی جیهان. بڕواناکەم ئاگای لە هەمووی ئەمانە بووبێت. دیارە پیویستیش نیە.

شەوێک خەودەبینم ئەلکساندر لە ماڵی ئێمەیە، رێک لەو دیو، لە ژووری تەلەفۆنەکە. کەس لە ماڵەوە نیە. تەنیا من و ئەوین. گووشییەکە هەڵدەگرێ و دەڵێ "منیش بۆ خۆم پێی سەرسامم!" هەر ئەوەندە. بۆ سبەی لە دووای ساڵان مامەتەنەکە دێت بۆ سەردانمان. بە تەنیا هاتووە. هاتووە تەلەفۆنەکە لە نزیکەوە ببینێ. دەڵێ بەتەمایە ئەویش یەک راکێشێ. باوکم کە پێی ناخۆشە و ناتوانێ نەیدرکێنێ، دەڵێ ئەمە بۆ هەموو کەس نیە! مامەتەنەکە دەڵێ مەگەر بە پووڵ نیە، دەی عانەی خۆت بدە و تەواو! باوکم دەڵێ نا، بە شتی تریشە. مامە دەڵێ بە چی؟ باوکم تیایا دەمێنێتەوە. کە مامە تەنەکە دەڕواتەوە، ئەوجا وەڵامەکە لە دەمی باوکم دێتەدەرەوە: "بە خوێندەوارییە،... بە ئەقڵە!"

دڵنیام ئەو شەوە لە داخی ئەوەی نەیتوانیبوو قسەی دڵی خۆی راستەوخۆ بکا، هەتا درەنگان خەوی لێ نەکەوتووە. مامە لە دووای یەک دوو مانگێک بوو بە خاوەن تەلەفۆن و یەکەم شوێنیش زەنگی بۆ دا، ماڵی ئێمە بوو. باوکم چەقۆت لێبدایە خوێنی لێنەدەهات.

کە یەکەم فیشی پووڵی تەلەفۆنەکە هاتەوە، باوکم زانی گران دەکەوێ و بۆیە دەنگی داین کە لە خۆوە زەنگ بۆ ئەم لاو ئەو لا لێنەدەین. من نازانم چەندەی دەدا، بەڵام پوورم گوێناداتێ و بە کەیفی خۆی قسەدەکا. لە دووای ماوەیەک پێکەوە لەسەر ئەوە سازان پووریشم بەشێکی خەرجەکەی بدات. ئەو زۆرتر لەگەڵ مامۆستاکانی هاوڕێی قسەی دەکرد.

تەنیا دایکم بوو کە بەردەوام لە دەرەوەی وەزعەکەدا بوو. ئەو هەر خەریکی منداڵ بەخێوکردن و کاروباری ناو ماڵ بوو. من بە ئیستایشەوە نازانم گەر تەلەفۆنەکەی هەڵبگرتایە چۆن چۆنی دەیگوت ئلو! جاری وابوو هەستم دەکرد لە خەڵوەتی خۆیدا بە بێدەنگی تەمرینی ئەم وشەیەی دەکرد. بە جۆری جوولەی لێوەکانیدا دەمزانی.

دڵنیام سەرئەنجام ئەویش زاتی دەشکێ و، سامی تەلەفۆنەکە و شەرم لە باوەگەورە بۆ هەمیشە دەروونی ئەو و چوارچێوەی ئەم خانووە گڵینەیە جێ دێڵن. بۆ هەمیشە.

درێژەی هەیە...