چیرۆک

دینز و بەفری کوێستان

هاوڕێ نەهرۆ

گەنجە تێکسمراوەکە خەڵکی شارباژێڕ بوو بە دینزی گوت برا ناوەکەیشت کوردی نییە. دینزیش بە کورتی سەرگوزەشتەی باوک و باپیرەی گێڕایەوە وگوتی لەسەر داخوازی باپیرەم ناویان لێ نام دینز، دینز وشەیەکی تورکی یە بە واتای دەریا دێت.

 

 

دینز و بەفری کوێستان

             هاوڕێ نەهرۆ               

دینز خەڵکی دەشتی هەولێرە. تەمەنی نزیکەی بیست و دوو ساڵێک دەبوو، کاتێ خۆی باپیرەو باوکی لە کوردستانی باکوورەوە جەڵەبیان هیناوە بۆ گوندەکانی دەشتی هەولێر. ئەو دەمە باوکی سەڵت دەبێ بەرێکەوت لە گوندی باغەمرە حەزی دەچێتە کچیکی نەشمیلانەی ئەو گوندە، سەرەتا باپیرەی دینز ڕازی نابێ کوڕەکەی ئەو کچە بێنێ بەڵام باوکی دینز سوورە لەسەر هینانی کچەکە لە دواجار دا باپیرە بە کوڕەکەی دەڵێ بەمەرجی ئەو کچە دێنێ ئەگەر کوڕێکتان بوو ناوی لێ بنێن دینز، ئا بەم شێوەیە دینز ناو نرا. دینز خوێندنی سەرەتایی لە گوندەکەیان تەواو کرد بۆ خوێندنی ناوەندی و ئامادەیی رووی لە هەولێر کرد. لە کن خزمێکی دایکی، دینز زۆر زیرەک وچالاک بوو، لە دوا ساڵی ئامادەیی پلەیەکی بەرزی بەدەست هینا. هەر بۆیە لە زانکۆی تەکنۆلۆژی لە بەغدا ناوی دەرچوو، دوای دوو ساڵ خۆیندن لە زانکۆ رێک ساڵی ١٩٨٢ قوتابیە کوردەکانی زانکۆ مانیان گرت وەک بەدەنگ هاتنەوەی خەڵکی ڕاپەریوی کوردستان لەو دەمە، ساڵی ١٩٨٢ ساڵیکی بەرهەڵستکاری بوو لە کوردستان و عیراق زۆرترین خەڵک لە زیندانەکان لە سێدارە دران.

دینز هەر ئەو ساڵە وازی لە خۆیندن هینا و چووە ریزی پێشمەرگەکانەوە. سەرەتا لاویکی خوێن گەرم و بێ ئەزموون بوو بەڵام دوای ماوەیەک هەست و هۆشی کرایەوەو کەوتە گومان لە جوڵانەوەکە، رۆژ لە دوای رۆژ جوڵانەوەکەی لەبەرچاو ڕەش بوو، پێ وابوو جۆڵانەوەکە ستراتیژی نییە بەڵکۆ پارتێکی تەکتیکی ین، هەر بەناو لایەنگی هەژارو زەحمەتکێشن ئەگینا لە ناواخن دا فرسەت تەلەبن. رۆژێک لەگەڵ ڕژێمی ئیراق هاوکاری دەکەن بۆ پتەوکردنی خۆیان ڕۆژێک لەگەڵ ئیران، سکرتیرەکەیان کەسایەتییەکی میکافیلی هەبوو، دوای دوو ساڵ خەباتی بێووچان لە ریزی پێشمەرگەکان دینز وازی لێیان هینا بەواتایەکی تر چەکی دانا بەڵام ناوچەکەی بەجێ نەهێشت لە ناوچە رزگارکراوەکان هاتوو چۆی رێکخراوەکانی چەپی ئیرانی دەکرد بەتایبەتی ریکخراوی جەنگاوەرانی ئازادی چینی کریکار لە ناوەراستی ساڵی ١٩٨٥ ئاشنایەتییەکی باشی لەگەڵ پەیدا کردن، بارەگاوبنکەی رێکخراوەکە لە گوندی (میم) بوو، ئێوارەیەکی زستانی یەنیوار نیازی سەردانی گوندی (هاء) بوو، خێزانیکی ئاشنای لەو گوندە هەبوو کچێکی جوانیان هەبوو، دینز هەر بە خەیاڵی کچە جوانەکەیان شەو لەماڵی کچەکە مایەوە، هەرچەندە دینز بروای بە خۆشەویستی ئەفلاتونی هەبوو، هیچ نیازێکی تری نەبوو، بەم شێوەیە نانی ئیوارە لە ماڵی کچەکە خواردوو کە بریتی بوو لە شلە ساوەر، کاتێک کچەکە بەگەرمی پێسوازی لێ دەکرد ئاهێکی خۆشی بە دەمارەکانی دڵی دا گوزەری دەکرد. کچەکە هەستی کرد کە ئەم کوڕە عاشقە بەڵام عاشقێکی سەیرو سەمەرە کە نازانی چۆن تەرجەمەی عیشقی خۆی بکا، دینز بەیانی زوو لە خەو هەڵسا و قەواڵتی کردو ملی رێگای گرتە بەر بەرەو گوندی (سین) نێوان گوندی (هاء) وگوندی (سین) نزیکەی سەعات و نێوێک دەبوو بە پیادە بەڵام شەو بەفرێکی زۆر باریبوو، دینز ئەزموونی زۆری نەبوو لە کوێستان. رێگاکە کەس بەفرەکەی نەشکاندبوو بە واتایکی تر دوای بەفر بارین کەس پیا تێپەڕ نەببوو، دینز جووتی پێڵاوی لاستیقی لە پێ دابوو، زۆر بە بێ باکی ملی رێگای گرتەبەر هەر نێو سەعاتی یەکەم خۆش بوو دواتر پەیتا پەیتا گەردەلوول هەڵی کرد، لە ڕیگاکەدا تووشی چاڵاییەک بوو چەشنی دوڵ وا بوو پڕ بوو لەبەفر بە هۆی گەردەلوولەوە، دینز تا بن ڕانی نوقمی بەفر بوو لە پڕ هەستی بە بێ ئۆمیدی کرد چونکە پێڵاوێکی لە نێو بەفرەکە بەجێ ما. دەستی برد دەریبێنێ، بەڵام بەفرەکە قووڵ بوو ئاکام سەرکەوتوو نەبوو هەر بۆیە بە تاقە پێڵاوێکەوە ملی رێگای گرتە بەر، دەستی بە نیمچە ڕاکردن کرد چونکە ترسی گورگی هەبوو لەم چۆڵەوانی یەدا، دوای ماوەیەک مەزەندەکەی ڕاست دەرچوو، گورگێکی بینی بە لوقە لوق لە چیاکە هاتە خوارەوە یەکسەرو دەستبەجێ دینز ترسی لێ نیشت نەخواسمە هیچ جۆرە چەکێکی پێ نەبوو تا دەهات گورگەکە نزیک تر دەبووەوە، دینز هەنگاوەکانی خێرا تر کرد. لەنێوان ئەم دوو گوندە رێبوارێک بەدی نەکرد، کێ بەم بەفرو گەردەلوولە دەردەچی دینزیش ئەگەر ئەزموونی کویستانی هەبووایە دەرنەدەچوو، بێ ئومیدی باڵی کێشا بەسەر مێشکی دا بەڵام لە هەمان کاتدا چاوەڕێ فریاد ڕەسێکی دەکرد بەڵام چۆن و کەی و لە کوێ؟ نەیزانی تا لە قەراغ رێگاکە دارێکی بەدی کرد بەفر دایپۆشیبوو تاڕادەیەک بڵندبوو، دینز نەیزانی داری چی یە؟ گرنگ نەبوو بەلایەوە لەناسینی جۆری درەخت و ناوی گوڵەکان زۆر کولەوار بوو.

بە ئاسانی هەڵگژا بە قەد دارەکەو سەرکەوت بەو نیازەی لە گورگەکە رزگاری ببی دوای چەند ساتێک گورگەکە بە لوقە لوق هات بۆ لای دارەکە، گورگەکە دیار بوو زۆر برسی یە. دینزیش لەسەر دارەکە دەلەرزی لە سەرما هەروا بەتەواوەتی ترسی لێ نیشتبوو بەڵام لەکانگای دڵی دا چاوەڕی فریادڕەسیکی دەکرد نەیزانی چۆن و کەی و لە کوێ؟ دوای ماوەیەک گورگێکی دیکە پەیدا بوو بەرەو دارەکە بە لوقە لوق هات دیارە بۆنی ئادەمیزادیان کردووە.

تا دەهات دینز زیاتر ترسی لێ دەنیشت، ئێستا بوونە دوو گورگ دینزیش لەسەر دارەکە دەلەرزی هەم لە ترس و هەم لەسەرما تا دەهات گەردەلوولەکەش توند تر بوو. دینز کاتێ خۆی لە بەغدا چیرۆکێکی خوێندبووەوە لەسەر چارەنووسی کابرایەک کە لەسەر درەخت دایەوە وچەند گورگێک لە خوارەوە چاوەڕێ ئەکەن بکەویتە خوارەوەو بیخۆن، کاتێ دینز ئەم چیرۆکەی خوێندبووەوە لەو بروایە دا نەبوو رۆژێک لە رۆژان خۆی تووشی هەمان چارەنووس دەبێ بەڵام قارەمانی چیرۆکەکە پەنجەی خۆی بریندار دەکاو خوێنی پەنجەی بەر ئەداتەوە سەر یەکی لە گورگەکان ئاکام گورگەکانی دی پەلاماری گورگی خوێن بەرکەوتوو دەدەن بەم شێوەیە قارەمانی چیرۆکەکە لە دەستی گورگەکان رزگاری دەبێ، دینز بیری کردەوە چۆن دەستی خۆی بریندار بکاو بە چی؟

چۆن رێک خوێنی پەنجەی بەر بداتەوە سەر یەکی لە گورگەکان، دینز سەری هەڵبڕی بو ئاسمان جگە لە تەم و مژی گەردەلوول شتی دیکەی بەدی نەکرد، دەستی برد بۆ گیرفانی چەقۆیەکی قەلەم بڕی دۆزییەوە لەگەڵ لایتێکی قەڵەمی، نیازی بوو پەنجەی خۆی بریندار بکا، چەند هەوڵی دا جورئەتی نەکرد پەنجەی خۆی بریندار بکا، لە دڵی خۆی دا دەیگوت دوای ماوەیە گورگەکان بێ ئۆمید دەبن خۆیان دەرۆن ئاکام ئەویش دیتە خوارەوەو بەرەو گوندی (سین) بەڕا کردن دەڕوا بەڵام لە پڕ دینز گوێی لە دەنگی تەقەیەک بوو، تەقەی گوللەیەک بوو بەرەو ئاراستەی دارەکە، هەر بۆیە گورگەکان ڕەوینەوە ڕایان کرد، دوای ماوەیەک گەردەلوولەکە کپ بوو دینز سەیریکرد دوو کەسی بینی لەسەر رێگاکە چەکدار بوون تومەز ئەوان لە دوورەوە گورگەکەیان بینیوە بۆیە تەقەیان کرد، گورگەکان بەرەو شاخەکە رۆیشتن و لەچاو ون بوون بەبێ ئەوەی هیچ دەست کەوتێکیان هەبێ.

دینز لە دارەکە هاتە خوارەوەو بە ئاراستەی دوو کەسەکە رۆیشت، یەکێکیان گەنجێکی تێکسمڕاو بوو رووی دەمی لە دینز کردوو پێ گوت برا پێ دەچی دەشتەکی بێ بۆیە لەم رۆژە بە بێ چەک هاتووچۆ دەکەی لەم کویستانە، دینز توزی بەسەر خۆی دا شکایەوەو بەشەرمەوە گوتی بەڵی خەڵکی دەشتی هەولێرم ناوم دینزە، گەنجە تیکسمڕاوەکە دیقەتی دینزی دا و پێ گوت تاقە پێلاوەکەت لە کوێ یە؟ لە وەڵام دا دینز گوتی لەو دوڵە نوقمی ناو بەفر بوو نەمتوانی دەری بێنم بۆیە بە جێم هێشت.

گەنجە تێکسمراوەکە خەڵکی شارباژێڕ بوو بە دینزی گوت برا ناوەکەیشت کوردی نییە. دینزیش بە کورتی سەرگوزەشتەی باوک و باپیرەی گێڕایەوە وگوتی لەسەر داخوازی باپیرەم ناویان لێ نام دینز، دینز وشەیەکی تورکی یە بە واتای دەریا دێت.

گەنجە تێکسمراوەکە لە دینزی پرسی ئاخۆ پارەت پێ یە؟ دینز وەڵامی دایەوەو گوتی بەڵی دە دینارم پێ یە، گەنجە تیکسمراوەکە گوتی دەی باشە لە گوندی (سین) دوکانی لێ یە دەتوانی جووتی گورەوی و جووتی پێڵاو بکڕی، بەم شێوەیە دینز دوای کێشمەکێش گەیشتە گوندی (سین) لە دوکانی گوندەکە پیداویستیەکانی کڕی و چوو بۆ مزگەوت لە بەر سوپا دارینەکەی خۆی گەرم کردەوەو بە بینینی هاورێیەکانی شاگەشکە ببووەوە.