شێعر و پەخشان

ڕێگا دووره‌كانی چاومان

جەلالی میرزا کەریم

ئه‌وا ڕێگا دووره‌كانی دووتوێی نه‌خشه‌ی

ڕازه‌كانی ئه‌مجاره‌مان

باوه‌شی بۆ هه‌نگاونانمان... كردۆته‌وه‌.

بانگمان ئه‌كه‌ن…

 

ڕێگا دووره‌كانی چاومان

جه‌لالی میرزا كه‌ریم

 

گیانه‌! دوورم،

خه‌ونه‌كانی دوێنێ گۆپكه‌

به‌ دره‌ختی زامه‌كانی ئه‌مڕۆم ئه‌گرن.

په‌پووله‌ ئاواره‌كانی

دووره‌ باخی ماچه‌كانمان،

باڵه‌كانیان خوێنی تارای

بزه‌كانی لێوم ئه‌سڕن.

وشه‌كانی شیعری ئێستام،

به‌ ئاسمانێكا هه‌ڵئه‌فڕن…

له‌ من و تۆ…

له‌ گیانبازانی ڕێی عیشق،

چاوه‌ڕوانی هه‌ڵوه‌رینی هێشووی هه‌ورن.

دوورم… هه‌ر نیگایه‌ك لێره‌،

دێڕه‌كانی ناو ده‌فته‌ری منداڵیمان

له‌ت له‌ت ئه‌كا.

((بۆ لای په‌ریزاده‌یه‌كی ترم ئه‌با))

دوورم… هه‌ر چرپه‌یه‌ك لێره‌،

یاده‌كانی سه‌ر كۆڵانی هه‌رزه‌ییمان

په‌رت په‌رت ئه‌كا.

((بۆ سه‌ر ڕۆخی ده‌ریایه‌كی ترم ئه‌با))

دوورم… هه‌ر چرایه‌ك لێره‌،

هه‌موو شه‌وێ سنووری دڵ به‌جێ دێڵێ و

خه‌ونه‌كانی وشیاریمان ئه‌سڕێته‌وه‌.

((بۆ لای داستانی تۆم ئه‌با))

دوورم… هه‌ر بڕوایه‌ك لێره‌،

سه‌رووی هیواكانی دووكه‌ڵ.. به‌ ته‌ورێكی

ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی دڵداریمان ئه‌بڕێته‌وه‌.

((بۆ لای هه‌ڵسانی خۆم ئه‌با))

* * *

گیانه‌… چه‌قۆی تۆڵه‌ی مه‌رگی دڵداریمان

سه‌رله‌نوێ خۆی له‌ هه‌سانی زبری سنگی

نوشستیمان... ئه‌سوێته‌وه‌.

ئه‌وا ڕێگا دووره‌كانی دووتوێی نه‌خشه‌ی

ڕازه‌كانی ئه‌مجاره‌مان

باوه‌شی بۆ هه‌نگاونانمان... كردۆته‌وه‌.

بانگمان ئه‌كه‌ن…

تا سه‌ره‌تای داستانێكی تر ده‌ست پێكه‌ین.

بانگمان ئه‌كه‌ن..

تا كاروانی دڵدارانی هه‌تاو ڕێك خه‌ین.

بانگمان ئه‌كه‌ن...

باخی سنگی گۆرانییه‌كانمان ئاو بده‌ین.

بانگمان ئه‌كه‌ن..

جوانووی ده‌نگی برووسكه‌كانمان تاو بده‌ین.

* * *

خۆشه‌ویستی...

شۆڕه‌سواری خۆی له‌ هه‌موو هه‌ورازێك و

نشێوێكی شاره‌كانی شه‌وا هه‌یه‌.

خۆشه‌ویستی...

ڕووباری خۆی له‌ كیشوه‌ری

تینووی چڵه‌ بزه‌كانی خه‌وا هه‌یه‌.

گیانه‌... شه‌وه‌!

خه‌رمانه‌ی مانگ وشه‌كانی ئێواره‌مان

بۆ ملوانكه‌ی گه‌ردنی خۆر،

به‌ تاڵه‌ ده‌زووی فرمێسكی

دووریمان ئه‌هۆنێته‌وه‌.

گیانه‌.. خه‌وه‌!

هه‌ناسه‌ی بانگ،

نامه‌كانی دڵداریمان…

بۆ تێشووی سه‌فه‌ری دووری

ئه‌مجاره‌ ئه‌پێچێته‌وه‌.

* * *

ئه‌مجاره‌... دڵ

گه‌ڵاڕێزانی ئه‌ستێره‌ی گه‌رداوی ژیل،

له‌ ئاوێنه‌ی شڵپه‌ی خوێنا…

ئه‌كاته‌ ئاڵای بارانی

گه‌رووی په‌ڕه‌سێلكه‌ی تینوو.

ئه‌مجاره‌... باڵی هه‌نسك و هاواری چڵ

هه‌واڵه‌كانی به‌ر ده‌رگای

پۆسته‌خانه‌ی هه‌ناسه‌ی دیل،

له‌ ناو پۆلی دڵدارانی

ئاواره‌ و بێ سه‌ر و شوێنا...

ئه‌كاته‌ وانه‌ی یه‌كه‌می

عیشقی پڕ له‌ هه‌ڵۆی ئومێد

هه‌ڵۆی باڵ نه‌خشه‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگ.

1977