چیرۆک

قاڵاوی سپی

ڕەحمان سۆفی

پێڵاوی نەرم و ڕاحەتی له پێدابوو. گورج و چالاک و ئەرخەيان بەڕێدادەڕۆيی. چاوه سەوزه وردبينەکانی به ئاگا ھەموو کەلێن و قوژبنێکی ئەم بەرو ئەوبەری دەبينی. سەيرێکی جۆگەلەی ئاوی شەقامەکەی کرد. ئاوەکه تەواو ليخناو و لێڵ بوو.

قاڵاوی سپی

 

چیمەن له زانکۆ دەرکەوت. پێش ئەوەی بگاته سەر شەقام، له بەر درگای حەوشەکە ڕاوێستا. هەر وەکوو ئەوەی لە کەسێک بگەڕێ سرک وێنەی کارمامزە دەيڕوانييه ڕێبوارەکان.

گەورەکچێکی باڵابەرزی خوش سيما دەهاتە بەرچاو. بەھەر شێوەیەک جلوبەرگی دەپۆشی پێی دەکەوت. لەنجه و لاری سەرنجی ھەموو ھەستيارێکی ڕادەکێشا. چەن هەنگاوێک دوور کەوتەوه. له پەنای داربییە کۆنساڵەکەی پيادەڕەوەکه ئيستێکی گرت و ئاوڕێکی داوە. دوایە بە هۆشيارییەوە مقۆ مقۆيەکی کرد و جا مەقنەعه ڕەشەکەی لەسەری داگرت و ڕووسەرييەکی شينی له سەر و ملی ئاڵاند. سيمای ڕووناکتر دەرکەوت.

پاش نيوەڕۆی ڕۆژێکی بەھاری بوو و هەواخۆشی بوو کزەبايکی بەھاری گەڵای دارەکانی دەلەراندەوه. ئەو دەڕۆیی و دنیای خۆیدا دەيڕوانيیه تابلۆی سەر دووکانەکان. نووسراوەی جامخانەکانی بوتيکەکانی دەخوێندەوه. ھات و چۆی ئەو مرۆڤانەی که بە تاڵۆکه دەھاتن و تێدەپەڕین بەلايەوه سەير و سەرسووڕ ھێنەر بوو. تێڕاما بوو بۆچی ئەو خەڵکه وا به پەلەن!.

چەن کۆتر له سەر بانی مزگەوتی سوورەوه له شەقەی باڵيان دا. دەستی کرده کەپره بۆ تەوێڵی و ڕوانييه فڕينی کۆترەکان. دياردەی فڕين ھەموو زەينی داگیر کرد. بيری لە فڕين دەکردەوە.

پێڵاوی نەرم و ڕاحەتی له پێدا بوو. گورج و چالاک و ئەرخەيان به ڕێدا دەڕۆيی. چاوه سەوزه وردبينەکانی به ئاگا ھەموو کەلێن و قوژبنێکی ئەم بەرو ئەوبەری دەبينی. سەيرێکی جۆگەلەی ئاوی شەقامەکەی کرد. ئاوەکه تەواو ليخناو و لێڵ بوو. تۆمەزانە ڕاگوزەر کەوچک و چنگاڵ، دەوری، و ئاوخۆری پلاستيکی و شتی وايان تێ فڕێ دەدا. پاکەته سيگاری بەتاڵ و ميوەی گەنيو و بتڵی ئاو و نۆشابەيان تێ دەھاويشت. چەن سپوری چەکمه له پێ و گسک و بێڵ به دەست که ئارەقه به نێوچاوانياندا دەتکا خەريکی جاده و کۆڵان خاوێن کردنەوه بوون. یەکێک لە سپوورەکان گسک و بێڵەکەیی فڕێدابوو و چبووه نێو جۆگەلەکەوه. به دەست و پەنجه زڕوزبڵی له ئاوەکه ھەڵدێنجا و دەيکرده نێو فەرغونێکەوه.

چيمەن کەپۆی به دەسرەکەی دەستی گرت بوو. بەڵام بەوردی دەيڕوانی. ڕاونییە پیادەڕەوەکە ژنێکی بينی چارەکەيەکی له خۆيەوه پێچا بوو. سەر و چاوی وا داپۆشی بوو چاوی نەبێ، ھيچ کوێی ديارنەبوو. سەيرتر ئەوه بوو کە پەتوێکی چوارلا ڕاخست بوو و منداڵێکی مەلۆتکه کراوی له سەر پەتوەکە درێژی کرد بوو. له بەردم مناڵەکەدا دەسرەيەکی پان کردبروه. دەستی گرتبووەوە و دەپاڕاوه. «ئەی خێرۆمەن، ھەتيوبارم، بێکەسم، خێرێکم پێبکەن. خوا خێرتان باتەوە» ڕاگوزەری وا بوو ورده دراواێکی بۆ دەھاويشتە سەر دەسرەکە. زۆربەشیان گوێیان نەدەدايه و به پەله بەلایدا تێدەپەڕ دەبوون.

چيمەن بە پەنجە قەڵمییەکانی ئەسکيناسێکی لە کیفەکەی دەرهێنا و خسته سەر دەسرکەی ژنە سواڵکەرەکە. له دڵەوە ئاخێکی هەڵکێشا. ئاواتەخوازی ئەو ڕۆژەی دەکرد چیدی ڕۆژێک له ڕۆژان سواڵکەر لە وڵاتەکەیدا نەمێنێ.

ڕێی پێوا. گەيشته کۆڵانی ماڵی خۆيان. بینی ژنانی گەڕەک لەبەر درگای ماڵی «خاتوامين» دانيشتوون و توگوڵەبەڕۆژە دەتروکێنن. دەردی دڵيان بۆ یەکدی دەکەن. له دەست مێرد و خەسوو، منداڵ و ژيانی پڕ مەينەتی خۆيان ئاهوناڵەيان دەگاتە ئاسمانی خۆڵەمێشی. ئیوا ھەبوو کڵاوی دەچنی. يەک دوانێک گوڵدۆزيان دەکرد. يەکی ديکه دەسکێش و گۆرەوی بۆ زستانی خۆشەویستەکەی دەچنی.

منداڵانيش ھەڵبەز و دابەز و ھار و ھاجييان دەکرد. منداڵێک شەپێکی له تۆپتکی ھەڵدا، تۆپ ڕاست له تەپڵی سەری خاتوئامين کەوت. خاتوئامين ھاواری لێ ھەستا و کوتی «دەی کوێربی، ئەوه نابينی ئێمه لێره دانيشتوين! بڕۆنه ئەولاترەوه تۆپێن بکەن» له سەر و بەندی قسەکانی خاتوئامين دا چيمەن گەيشته لای ژنەکان.

ژنان فەرموویان کرد کە دانيشێ. خاتوئامين لەگەڵکوو چاوی به چيمەن کەوت، مۆڵەتی نەدا به تەواوی چاک و چۆنی لەگەڵ ژنەکان بکا؛ به نقه نق ھەستا، له دوورەوە باوشی بۆ کردەوە و گوتی«خانم دوکتەر گیان، خوايه زۆرشوکر ئەوه خانم دوکەتەر ھاتەوه. ئازيزەکەم ڕەبی، بەقوربانت بم، چاوەڕێت بووم له دەورتگەڕێم، مەگەر ھەر خۆت فريام کەوی. چەن ڕۆژه، نامەی تاقانەکەم ھاتووه؛ کەسێک نەبوو بۆم بخوێنێتەوه. بردوويانه بۆ ئيجباری، جێگاکەی ئەونده دووره، لەوسەری دنيايه. نازانم ناوی شارەکە چی چی جەنه» چيمەن پێکەنی و گوتی خاتوو«چی چی جەن نە «بیرجەند» شارەکه ناوی بيرجەندە» خاتوو بە پێکەنینەوە گوتی« ئەی بە قوربانت بم. خۆت دەزانی ئێمه مانان نەخوێندەوارین چوزانين دنیا بەری بەکوێوەيه. ھا، ئەوه نامه کەيه بۆم بخوێنەوە! بزانم چی نووسيووه» خاتوو دڵی پڕ بوو لە ده رد، دای له قوڵپەی گريان. چيمەن ھەر لەوێ له بەر درگاکه دانيشت. نامەکەی له خاتو وەرگرت و کرديەوه و چاوی لێکرد. به فارسی نووسرا بوو. دوای خوێندەوه و دەیکرد به کوردی. خاتوو به گيان و دڵ گوێی دابووه چيمەن و له بەرخۆيەوه قسەی دەکرد «ئەی دایکت بمرێ ڕۆڵە، ڕيگاکەی زۆر دووره، مەرەخەسێشی نادەنێ»

چيمەن نامەکەی خوێندەوه و دايەوه دەست خاتووامین. خاتوئامین چاو بەفرمێسکەوه ئەملا و لای چیمەنی ماچ کرد و پرسی «خانم دوکتەر گيان! کەی جوابەکەيم بۆ دەنووسييەوه؟» چیمەن دڵی نەھات دڵی خاتوو بشکێنێ گوتی«هەر وەختێک  تۆ بڵێی» خاتوو گوتی «زەحمەت نەبێ ئەگەر بکرێ ھەر ئێستا، با بچینە ماڵەوە، لێرە لە بەر ئەم دەرگایە نابێ. قاو و قیژی منداڵە ورکە ناهێڵێ» چیمەن ھەستا و لەگەڵ خاتووامین چوونه حەوشه. چيمەن ھەستی به بۆنێکی خۆش کرد. لە خاتووی پرسی «ئەو بۆنه خۆشه چييه؟» خاتوو گوتی «ئەی له دەورت گەڕێم، ئەوە بۆنی ڕەشەڕێحانەيه. قەزاوبەڵات له گيانم» خاتوامین چوو چەپکێکی چنی و ھێنای بۆ چیمەن و گوتی «فەرموو بۆنی کە! بۆنی زۆر خۆشه» چيمەن بەڕوو خۆشییەوە چەپکه ڕێحانەکەی لە خاتوو وەرگرت و بۆنەکەی ھەڵمژی. چوونه ژوورێ. خاتوو لبادێکی لە له سەر حەسيرێک ڕاخست و گوتی« فەرموو دانيشه!» چیمەن دانيشت. دەفتەرەکەی له کيفەکەی دەرھێنا. قەڵەمی نا نێوان پەنجەکانی و له خاتووی پرسی «دەی باشه، بڵێ بزانم چی بنووسم؟ خاتوو گوتی «بنووسه دايکت باشه خەمت نەبێ، پوڵيشی بۆ ناردوی؛ ئەگەر پێت گەيوه بۆم بنووسه» ھەرچی خاتوو دەيگوت چیمەن دەينووسی. نامه نووسينەکە تەواو بوو. چیمەن ڕووی لە خاتوو کرد و پرسی«پاکەتی نامەت هەیە؟» خاتوو چوو سەری سندوقێکی هەڵداوه و دەفتەرێکی هێنا و گوتی «ها ئازیزەکەم وابزانم ئا لەمەدایە» چيمەن دەفتەری لێوەرگرت. پەڕ به پەڕی پشکنی بەڵام پاکەتی نامەی پەيدا نەکرد. گوتی«خاتوو کوا پاکەتی تێدانيیە،دەی باشه خۆم له ماڵەوه پاکەتم ھەيه؛ بۆت له پاکەت دەخەم و له سندووقی پۆستی داوێم» خاتوو هەستا و چوو دوو پیاڵە شەربەتی بڵاڵوکی بۆ چیمەن و خۆی هێنا و بە ڕەزامەنديیەوه گوتی «فەرموو شەربەت بخۆوه، خۆم دروستم کردووه. بڵاڵوکەی ئەو دارەی حەوشەيەی خۆمانە. ئەوداره یادگاری باوکی ڕەحمەتیمە. خۆی خەڵفەکەی ناشت بوو. دايکمیشم ئەوندەی دڵی پێی خۆش بوو، مەگەرھەر خوا خۆی بزانێ. ئای خانم گيان دنيا وەفای بۆ ھيچ کەس نییە»

چيمەن شەربەتەکەی لە خاتوو وەرگرت، بۆنی پێوە کرد و گوتی «زۆر خۆشە، دەست و چاوت خۆش بێ». تەماشايەکی کاتژمێرەکەيی کرد و گوتی«ئای درەنگە، دەبێ بڕۆم دايکم نيگەران دەبێ» هەستا که بڕوا، خاتووش ھەستا و دەستی کردە ملی، و ئەملا و لای ماچ کرد، ماڵاوييان له يەکدی کرد.

دوو درگا ئەولاتر ماڵی خۆيان بوو. درگای حەوشە کرابووەوه، چيمەن له باريکه ڕێی نێوان گوڵباخییەکانی دايکيەوه تێپەڕی، له پليکانەکان سەرکەوت، پێی نايه ھاڵەکەوە. دايکی زوو بە دەنگێکی بڵیند گوتی «ئەڵڵاھوئەکبەڕ»چیمەن تێگەیی يانی دایکی خەریکە نوێژ دەکا. بەبێخشپە ڕووسەريیەکەی لە سەری داماڵی و گوڵۆڵەی کرد و توڕی هەڵدا. ڕووسەری کەوته سەر بەرماڵی نوێژەکەی دايکی. پرچه درێژەکەی له سەر شان و ملی پڕش و بڵاکردەوە. ڕووناکی دەروونيشی دەرکەوت. زۆری نەخەياند دايکی سڵاوی نوێژەکەی داوه. ڕووی کرده چيمەن و بەتوڕەييەوه گوتی «خانم دوکتور! نوێژ ناکەی بۆ سووکايەتی به نوێژەکەی من دەکەی! يان لەگەڵ ڕووسەريەکەی خۆت به شەڕدێی! ئەوی گوت و به دڵشکاويەوه ڕۆيی بۆ ئاشپەزخانه و خۆی به چێشت لێنانەوه خەريک کرد. چيمەنيش به دوايدا ڕۆيی، لێی نزيک بووه ویستی دڵیخۆشی بداتەوە؛ بەپێکەنینەوە گوتی«دايکه گيان با منیش يارمەتيت بدەم» بەڵام دایکی دڵشکاو بە لالووتەوە گوتی«یارمەتی تۆم ناوێ، تۆ ئەگەر نوێژەکانت بکەی؛ له ياريدەکردنی من باشتره» چيمەن به ڕووخۆشييەو گوتی«ئەگەر من دەرسەکانم باش بخوێنم زۆر لە نوێژ کردن چاکترە، دەنا وانییە؟ ئەوەنییە باوکم جارنەجارێک تووڕە دەبێ و ئامۆژیاریم دەکا کە باش بخوێنم»

ئەوەی گوت و ڕۆيی بۆ بەرھەيوان. پاڵی دابوو به ديواری ھەيوانەکەوه، دەيڕوانييه ئاوا بوونی خۆرەتاو؛ بینی له ئاسۆی دووره دەستەوه پۆلێک مەل بەرەو پيره دارەکەی حەوشەی کۆشکی له مێژينه دفڕين. پۆلی مەل چەن سووڕ سووڕانەوه و سەرنجام له سەر پيرەداری کۆنساڵ نيشتنەوه. چيمەن تێڕاما، بيری لە ھەڵبژاردەی سروشت دەکردەوه. زەينی ئاڵۆزی ئەوە بوو؛ بۆ مروڤ ناتوانی هەڵفڕێ؟ ئەی چۆنه ئەو گيانداره چکۆلانانه له فەزادا دێن و ده چن!. ھەرچەن بيری لێدەکردەوه و لێکدانەوەی دياردکه ئاڵۆزتر دەبوو و گرێ پووچکەی تێدەکەوت. بەوردی ڕوانييه پيرەداری حەوشەی کۆشکی کۆنساڵ. بيری چوو بۆلای سەختی، و خۆڕاگری و کۆڵ نەدانی پيرەدار. ساڵيانی ساڵ بەفر و باران، باگژ و تۆفان کۆڵیان بە پیرەدار نەدابوو. زۆر جاران لق و پۆپيان شکاند بووه. سەدان گەڵاڕێزانی به خۆیەوه ديوبوو. بەڵام له دڵی خاکدا ڕەگ و ریشەی قورس و قايمتر ببوو.

چيمەن خۆی بەوه قانع کرد کە «ھەڵبژاردەی سروشت نەھێنی خۆی ھەيه و مرۆڤ سەره ندەری لێناکا»

پۆلی مەل لە سەر لق و پۆپی پيرەدار نيشتنەوە. قژ قژ، قيژ تاک و جووت دەھاتن. تا دەھات زياتر دەبوون. وای لێھات پيرەدار ڕەش داگەڕا. چيمەن ھۆشی کۆکردەوه و بەوردی تێڕاما. ئەودياردە سروشتييەی له دنيای زەينی خۆيدا سەير دەکرد. دايکی ھاواری لێ بڵیند بوو و گوتی«ئەوە له کوێی؟ بۆ خەريکی دەرس و دەورەکەت نابی! ئەی ناڵێی دەرس بخوێنی قازانجی له نوێژ کردن زياتره! ئەی بۆ لەوێ ئاتڵ و باتڵ وێستاوی؟»

چيمەن گوتی «دايکه گیان تۆ وەرەمەبە! وەرە تەماشاکە ئەو ھەموو باڵندەيه له کوێوه پەیدا بوون؟» دايکی  گوتی «جا، من چووزانم کچێ وەرە ژوورێ» ئەوەی گوت بەڵام خۆشی به سەرسووڕمانەوە گوتی «ئەيەڕۆ ئەو ھەموو قاڵاووه ڕەشه لەکوێوه ھاتوون! به عومری خۆم نەم ديوه قاڵاو پۆل پۆل لەجێگاێک بنيشنەوه» چيمەن وەکوو ئەوەی جادووی لێکرابێ نوقمی تەماشا و تێڕوانينی ئەو پۆله به وتەی دايکی"قاڵاوه ڕەشه" بوو. زۆری سەير کرد، ئەوەی دەيبينی ھەر ڕەشايی قاڵاوه ڕەشه بوو.

ئێوارەش بەرەو تاريکان دەچوو. وەکوو ئەوەی چاوی ڕەشکه و پێشکه بکا، چەن پەڵەی سپی له نێوان ئەو ھەمووه ڕەشايەدا دەھاتە بەرچاوی له چاوی خۆی کەوتبووه گومان «تۆ بڵێ ئەوی ديبينم ڕاست بێ؟ بانگی «کرد دايکە وەره! ئەو پەڵه سپيانه چييه له نێوان ئەو ھەموو ڕه شايەدا؟ تۆ بڵێێ قاڵاوی سپيش ھەبێ!»

دايکی هەندێکی تێڕوانی و گوتی«کچێ تۆ شێت بووی، قاڵاوی سپی کێ ديویە لەونت لێ گوڕدراوه»

چيمەن گوتی«نا داکە باش بڕوانه! ئەوەتا، دايکه» دايکی لەبەرخۆيەوه "ئەستەغفڕەڵڵا ئاخر زەمانه" يان کچه خوێندەوارکەی من تێکچووه؟» دايک و کچ سەرقاڵی تەماشای پۆلی قاڵاو بوون لەودەمەدا، تەقه لە درگای حەوشه ھەستا. باوکی چيمەن درگای کردەوە هەرکە له پليکانەکان سەرکەوت، به سەرسووڕمانەوه ڕوانی ديتی لق و پۆپی پيرەدار وەکوو قەترانی ڕەش داگەڕاوه چەشنی ئەوەی هەرگیز بە جاوی خۆی نەدیوە. نەشی دەزانی دەمەقاڵە چيمەنی کچی و خێزانی لەسەر چییە.

باوکی چیمەن ڕووی کردە خێزانی و پرسی «چێشتی چیت لێناوە؟ زووکە سفرە ڕاخە زۆرم بسییە»