شێعر و پەخشان

لە کوێم

جەلالی میرزا کەریم

ته‌نیا خۆمم،

نازانم... كام ڕێگا ئه‌مبا؟

كام ڕه‌شه‌بای ئاگراوی هه‌ڵمئه‌گرێ؟

كام شمشێری ژه‌نگ هه‌ڵگرتوو هه‌ڵمئه‌دڕێ؟

له‌ كوێم

 

جه‌لالی میرزا كه‌ریم

 

وڵاته‌كه‌م… ئافره‌تێكه‌،

مه‌مكه‌كانی… دوو ده‌ریاچه‌ی پڕ زووخاوه‌

((منیش هێشتا، شیره‌ خۆره‌م))

- دایه‌! له‌ كوێیت؟

دڵداره‌كه‌م.. سنوورێكه‌،

بست به‌ بستی به‌ ته‌لبه‌ندی په‌شیمانی داچێنراوه‌

((منیش تازه‌ هه‌رزه‌یه‌كی ئه‌و ڕێ كوێره‌م كه‌ نامه‌ی دڵداریی تری تیا سووتێنرا

پێغه‌مبه‌ری تیا فرۆشرا))

- خوایه‌! له‌ كوێیت؟

دایه‌! پێیان وتم: ئه‌مریت!

وتم: له‌ كوێیت؟

كاتێ… مردم؛ پێیان وتم:

له‌ نێوانی ڕێگای دۆزه‌خ و به‌هه‌شتا

كامیان ئه‌گریت؟

وتم: هیچیان…

چونكه‌ له‌ناو زامه‌كانی نه‌خشه‌ی له‌شتا

به‌غدا و تاران…

ئه‌سته‌مووڵ و شامیش گه‌ڕام،

هه‌ر نه‌مزانی ئاخۆ له‌ كوێیت؟

* * *

خوایه‌! پێیان وتم: ئه‌ژیت!

وتم: له‌ كوێیت؟

كاتێ فه‌رمان درا بژیم… پێیان وتم:

له‌ نێوانی باخی خه‌م و بیابانی پێكه‌نینا؛

چ لایه‌كیان هه‌ڵئه‌بژێریت؟

وتم: هیچیان..

چونكه‌ له‌ناو تابلۆكانی خه‌وبینینا

بۆ تۆ گه‌ڕام

ڕێی مه‌رگ و ژینم لێ ون بوو،

ده‌ پێم بڵێ… ئاخۆ له‌ كوێیت؟

له‌ شوێنێكم…

جێی هه‌ناسه‌م نابێته‌وه‌.

له‌ شوێنێكم…

په‌نجه‌ره‌ بۆ پاساری دڵ ناكرێته‌وه‌.

له‌ شوێنێكم… بێ ناونیشان

نازانم ژیانه‌… یاخود ڕێگای نه‌مان؟

* * *

ته‌نیا خۆمم،

نازانم.. كام ڕێگا ئه‌مبا؟

كام ڕه‌شه‌بای ئاگراوی هه‌ڵمئه‌گرێ؟

كام شمشێری ژه‌نگ هه‌ڵگرتوو هه‌ڵمئه‌دڕێ؟

ڕاسته‌.. مۆمم،

به‌ڵام.. كام ژیله‌مۆی فرمێسك هه‌ڵمئه‌كا.

* * *

ده‌نگم… له‌گه‌ڵ شڵپه‌ی خوێنی

چوارده‌ ساڵه‌ی چرۆی ئاواته‌كانمانا

له‌ كاروانی خه‌می گوڵی

نه‌ورۆزا ڕه‌نگ ئه‌داته‌وه‌.

ڕه‌نگم.. له‌گه‌ڵ ڕوخساری ڕێی

دوانه‌هاتووی ماندووانا

له‌ كه‌روێشكه‌ی كه‌ژاوه‌ی مه‌رگی نیگارا،

ده‌رگای به‌ستی ته‌وژمی خۆر ئه‌كاته‌وه‌.

ژانم… له‌ توێی بزه‌ی لێوا،

سوێی داهاتووم ئه‌خواته‌وه‌.

* * *

ئه‌مجاره‌ش تووله‌ڕێی كێوی هیوا ئه‌گرم،

گیانم.. له‌ناو گۆڕی خۆیدا،

چه‌كی مردووم ئه‌شواته‌وه‌؛

هه‌وراز ئه‌بڕم.

1975