دیمانە

بۆ شەڕی ناوخۆیی...

هاوڕێ یوسفی

ئەنوەر حسێن جگە لەوەی باوەڕی وایە کە هەموو وڵاتانی ناوچەکە بە تێكڕایی یەک ڕوانگەیان بۆ کورد هەیە بەڵام دەوری ئێران لە ناوچەکەدا بە گرینگ دەزانێت و سەبارەت بە پێوەندیی نێوان پەکەکە و کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت: "هەرچەندە ئێران بەوە ناسراوە کە هاوکاریی پەکەکە دەکات و وەک دۆستی خۆی لە ناوچەکە سەیری دەکات، بەڵام ئەو پێوەندییە تاکتیکییە نەک ستراتێژیک.

 

بۆ شەڕی ناوخۆیی نێوان پەکەکە و پەدەکە دواخرا؟

هاوڕێ یوسفی

 

ئەگەری ڕوودانی شەڕی ناوخۆیی لە نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" و پارتی دیموکراتی کوردستان "پەدەکە" ماوەیەکە هەموو لایەنە سیاسییەکان، کۆمەڵگای مەدەنی، چالاکانی مافی مرۆڤ و سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی نیگەران کردووە و ڕەنگدانەوەیەکی بەرچاوی هەیە لەناو ماڵپەڕەکان، میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان‌دا.

هەنووکە باس لەوە دەکرێت ئەو دوو حیزبە سیاسییە سەرقاڵی نۆژەن‌کردنەوە و ئاوەدان‌کردنەوەی سەنگەرە کۆنەکان و درووست‌کردنی سەنگەری تازەن و خۆیان بۆ شەڕێکی یەکلایی‌کەرەوە ئامادە دەکەن.

ئێران‌وایەری کوردی لە پێوەندەی‌دا بە ئەگەری شەڕی ناوخۆیی نێوان پەکەکە و پەدەکە وتووێژێکی تایبەتی کردووە لەگەڵ "ئەنوەر حسێن"، ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی سەبارەت بە فاکتەرە ناوخۆیی و ناوچەییەکانی پاش‌خستن و پێش‌خستنی شەڕی نێوان ئەو دوو هێزە کوردییە.

***

باشووری کوردستان لە نێوان شەڕی پەکەکە و تورکیا

ئەگەرچی گرژییەکانی نێوان پەکەکە و پەدەکە مێژوویەکی کۆنی هەیە بەڵام فاکتۆرەکانی سەرهەڵدان و ئەگەڕی شەڕی نێوان ئەو دوو حیزبە کوردییە لە دوای کاڵ‌بوونەوەی "ڕێکەوتنی لۆلان" لە نێوان ئەم دوو حیزبە لە ساڵی ١٩٨٠، ناکۆکییەکانی نێوانیان بەپێی قۆناغ گۆڕانی زۆریان بەسەردا هاتووە.

ئەنوەڕ حسێن لەم پێوەندەدا جگە لە ئاماژەدان بە سێ هۆکاری بنەڕەتیی گرژییەکانی نێوان پەکەکە و پەدەکە لەو باوەڕەدایە کە سەرەتای ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییانەی نێوان پەکەکە و پەدەکە دەگەڕێتەوە بۆ کێشەکانی زینی‌وەرتێ لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠دا کە جگە لە گرژبوونەوەی زیاتری پێوەندییەکانی نێوان ئەو دو حیزبە تەنانەت بوو بە خاڵی ناکۆکیی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هێزەکانی ٧٠ لەگەڵ پەدەکە، چونکە ئەم سنوورانە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتین.

بە گوتەی ئەم ڕۆژنامەنووسە شەڕی نێوان ئەو دوو هێزە ئەگەردار و نزیکە بەڵام ئەوەی شەڕەکە دوا دەخات جگە لەوەی کە پەکەکە جەختی کردۆتەسەر ئەمنیەت و سەقام‌گیرکردنی ڕۆژاوای کوردستان "پێ‌دەچێت ئەمریکایش چرای سەوزی نیشانی تورکیا و هاوپەیمانەکانی نەداوبێت کە هێرش بکەنە سەر پەکەکە، بەڵام ئەوەى پێویستە ئەمەیە کە دەبێ پەکەکەش موراعاتى پەدەکە بکات و بگەنە سازش و ڕێک‌کەوتن."

ئەم چاودێرە سیاسییە بڕوای وایە کە ناکۆکیی نێوان پارتی و پەکەکە هەمیشە پێوەندیی بە تورکیاوە هەیە و تا ئەو شوێنەی دەگەڕێتەوە سەر دەنگۆ یان ئەگەری شەڕی ناوخۆیی نێوان پەکەکە و پەدەکە لە ئێستادا فاکتۆری یەکەم پرسی نەوت و ڕێکەوتنی ٥٠ ساڵەی نەوتیی نێوان پەدەکە و تورکیایە: "من بۆخۆم ئەم ڕێکەوتنەم نەدیوە بەڵام سەرچاوە باوەڕپێ‌کراوەکان دەڵێن یەکێک لە خاڵەکانی ئەوەیە کە پەدەکە پێویستە شەڕی پەکەکە بکات."

ئەنوەر حسێن جگە لە ئاماژەدان بە بڵاوبوونەوەی هێزە ئەمنیەتییەکانی میتی تورکیا لە ناوچەکانی باشووری کوردستان بۆ دەس‌وەشاندنی سپای تورکیا لە پەکەکە، لە زمانی سەرچاوە ئەمنییەکانی پەکەکەوە دەڵێت: "تورکیا و دەزگای هەواڵگریی میت ٢٧ بنکەی سەربازی و هەواڵگری لە سنووری بادینان و لە ناوچەکانی بامەڕنێ، شیلادزێ، باتووفان، کانی ماسی، کیبری‌بیس، سینکێ، زەیری، کوبکی، قومری، کوخی سپی، سەری زیرێ، دۆڵی زاخۆ و ئامێدی‌دا هەیە."

"هەروەها خەریکی تەنینەوەی تۆڕێکی جاڵجاڵووکەییە لە ناوچەی بادینان کە به کەرەستە و تەکنۆلۆژیای سیخوڕیی پێشکەوتوو کە هەر هەموویان هەماهەنگن لەگەڵ فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی تورکیایی و هێزی کۆنتراگریلا کە لە خاپوورەوە درێژ دەبێتەوە تا سۆران، بنکە هەواڵگرییەکانی سیدەکان، دیانا و چۆمان بۆ چاودێری‌کردنی ناوچەکانی قەندیل لە خنێزە، خواکورک و کێلەشین بۆ ئەوەی ناوچەکانی دێرەلووک و شیلادزێ، زاب و زاگرۆس و ڕێگاکانی نێوان زاب و هەکاری کۆنتڕۆڵ بکەن و لە دەستی پەکەکەی دەربهێنن."

بە گوتەی ئەم چاودێرە سیاسییە هەموو ئاماژەکان دەلالەت لەوە دەکەن کە پەدەکەیش لە درێژەی ئەم پڕۆژەدا بە نیازە ئامادەکارى بکات بۆ شەڕی پەکەکە چونکه هێزی پێشمەرگەی لەو ناوچانە زیاد کردووە و لە لایەکی‌ترەوە پەکەکەیش پەدەکە بەوە تۆمەتبار دەکات کە یارمەتیدەری تورکیایە و بنکە و بارەگایەکی زۆری سپا و میتی تورکیای لەوێ جێگیر کردووە: "تەنانەت باس لەوە دەکرێت کە فڕۆکە بێ ‌فڕۆکەوانەکانی تورکیا لەو بنکانەوە هەڵدەسن و بۆردومانی هێزەکانی پەکەکە لە قەندیل دەکەن. وەک پەکەکە بۆخۆی دەڵێت ١٤٤ گرووپی کۆنترا گریلای تورکیا بە مەبستی کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر چالاکییەکانی بەو ناچانەدا بڵاوکراونەتەوە. تەنانەت پەکەکە دەڵێت کە تیرۆرکردنی "دیار غەریب"، ئەندامی "کۆنسەی سەرۆکایەتیی پەکەکە" لە ٥ی جولای ٢٠١٩ لە "کورتەک"ی قەندیل بە پێدانی زانیاری لە لایەن گرووپەکانی کۆنترا گریلاوە کراوە."

هەروەها لە درێژەی قسەکانی‌دا لاى ‌وایە کە پەدەکە لە هەژموون و نفووزی پەکەکە نیگەرانە چونکە: "هەژموونی پەکەکە لە سنوورەکانی جوانڕۆ و هەورامان لە ڕۆژهەڵاتەوە واتە لە تەوێڵە و بیارە و سنوورەکانی پشت دەسەڵاتی یەکێتییەوە درێژبۆتەوە بۆ باشماخ و پێنجوێن، بەرزنجە، شارباژێڕ، ماوەت، سەنگەسەر، قەڵادزێ، قەندیل، خواکورک و حاجی ئۆمەران تا دەگاتە ئامێدی، بەراوری باڵا، حەفتانین و تا سنووری ڕۆژاوای کوردستان و شەنگال. کۆی ئەم سنوورانە بە دەست پەکەکە و هێزە هاوپەیمانەکانی وەک پەیەدە، یەپەژە و یەرەکەوەیە. بۆیە، پەدەکە لە بڵاوبوونەوەی هێزەکانی پەکەکە لەم سنوورانە نیگەرانە. چونکە، سەرجەم ئەو سنوورانەی کە دەکەوێتە نێوان ئێران، تورکیا و سووریاوە بەشێکی بەرچاوی کەوتۆتە دەست پەکەکە."

بە گوتەی ئەنوەر حسێن دەوڵەتی تورکیا لە ساڵی ١٩٨٣ تا ١٩٩٩ سی دو ئۆپێراسیۆنی بە خەرجی ٧٠ میلیارد دۆلار و لە ساڵی ١٩٩٩ تاکوو ئێستا بیست و چوار ئۆپێراسیۆنی بۆ شەڕ بە دژی پەکەکە ئەنجام داوە. بەڵام لە درێژەی نفووز و هەژموونی پەکەکە لە باشووری کوردستان باسی کۆمەڵێک ئاماری کرد کە دەرخەری نیگەرانیی زیاتری پەدەکە و ئەگەری دەست‌پێ‌کردنی شەڕی ناوخۆیین: "پەکەکە بە تایبەتی لە قەزای ئامێدیی سەربە پارێزگای دهۆکی ژێر دەسەڵاتی پەدەکە دەوری ٢٥٠ گوندی بە دەستەوەیە کە هاوکات زۆرترین بنکە و بارەگای سپای تورکیا و میتیش لەو شارۆچکەیەدا جێگیرن، چونکە پەکەکە لە سەتا حەفتای جوگرافیاکەی کۆنتڕۆڵی کردووە. هەروەها لە قەزای مێرگەسوور و لە ناوچەی بارزان، پیران و شیروان نزیک ١٥٠ گوندی بە دەستەوەیە."

پرسی نەوت لە نێوان پەکەکە و پەدەکە

لە ڕوانگەی ئەم ڕۆژنامەنووسەوە یەکێکی‌تر لە خاڵە جەوهەرییەکانی ئەگەری ڕوودانی شەڕی نێوان ئەو دوو هێزە پرسی نەوتە: "بەپێی هەندێک سەرچاوەی ناڕەسمی، ڕووسیا دەستی هەیە لە پشتیوانیی پەکەکەدا بۆ گوشارخستنەسەر پەدەکە و تورکیا لە مەسەلەی ناردنەدەرەوەی نەوت. دەگوترێ لەم دواییانەدا پەکەکە داوای پشکی خۆی کردووە لە نەوتی هەرێمی کوردستان چونکە ئەو بۆریە نەوتانەی هەناردەی تورکیا دەکرێن بە سنووری ژێر دەسەڵاتی پەکەکەدا دەڕون و پەدەکەیش ئەمە قبووڵ ناکات."

ئەنوەر حسێن دەڵێت: "ئێستاکە 'ڕۆزنەفت' کە یەکێکە لە کۆمپانیا بەرهەهێنەرەکانی نەوت لە ڕووسیا دەوری بەرچاوی هەیە لە گرژبوونەوەی زیاتری دۆخەکە و بەشێک لەو دەورەیش بە قەناعتی من دراوەتە پەکەکە. هەرچەندە پێوەیستە ئاماژە بەوەیش بکەین کە ئێرانیش لەم پێوەندەدا بێ‌لایەن نییە و پشتیوانی لە پەکەکە دەکات بە تایبەت لە گەرمەی کێشەکانی نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان‌دا. لە ڕاستی‌دا، ڕووسیا هەوڵ دەدات نەوتی کوردستان لە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی‌دا بمێنێتەوە و چونکە ئەو بۆرییە نەوت و گازەی کە ئازەربایجان بە پشتیوانی تورکیا و ئەمریکا هەناردەی دەکات کێشەی بۆ نرخی ئێنێرژی و سووتەمەنیی ڕووسیا درووست کردووە."

پرسی شنگال وەک چەقی ململانێیەکی ناوچەیی

ئەم چاودێرە سیاسییە پێیوایە کە یەکێکی‌تر لە فاکتەرە گرینگەکانی هەڵگیرسانی شەڕ پرسی شەنگالە "بە ڕای من، بەشێکی‌تریشی ئەوەیە کە پێ‌دەچێت ڕێکەوتنێک هەبێت لە نێوان حکومەتی عێراق و پەدەکە بۆ ئەوەی پەکەکە و هێزەکانی یەبەشە شنگال چۆڵ بکەن."

بە گوتەی ئەنوەر حسێن بەشێکی ئەو ململانێیانەی کە لەسەر پرسی شنگال بە تەنیا پێوەندی بە پەکەکە و پەدەکەوە نییە بەڵکوو وڵاتانی ناوچەکەیش دەوریان هەیە لە مانەوە یان نەمانەوەی هێزەکانی پەکەکە و حەشدی شەعبی لە شنگال‌دا " بۆ نموونە، دوو مانگ لەوە پێش بە تایبەتی دوای سەردانە شاراوەکەی "هاکان فیدان"، سەرۆکی "دەزگای میتی تورکیا" بۆ بەغداد هەر دوو لا لەسەر ئەوە ڕێکەوتن کە یەبەشە لە شنگال دەربکرێت. دەگوترێت یەکێک لە خالەکانی ڕێکەوتنەکە هەماهەنگیی نێوان عێراق و تورکیا بووە لەسەر دەرکردنی پەکەکە لە خاکی عێراق و بێ‌دەنگ‌بوونی عێراق بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بۆسەر پەکەکە لە سنوورەکانی باشووری کوردستان لە ڕێگەی فرۆکەی بێ‌فڕۆکەوانەوە."

بەڵام ئەنوەر حسێن پێیوایە کە ڕێکەوتنەکەی هاکان فیدان لەگەڵ بەغداد دوای هاتنەکەی "ئێمانوێل ماکرۆن"، سەرۆکی فەڕانسا بۆ عێراق تووشی گرفت هات "چونکە هاتنی سەرۆکی فەڕانسا پەیامێکی ڕاشکاوبوو بە تورکیا کە پێویستە دەست لە بوردومانی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و خاکی عێراق هەڵ‌بگرێت. هەر ئەمەیشە کە دەرکردنی هێزەکانی یەبەشە زۆر بە خاوی بەڕێوە دەچێت چونکە تورکیا ئەو پەیامەی فەڕانسای بە جیدی وەرگرت. بە تایبەتی لە گەرمەی کێشەکانی فەڕانسا و تورکیا لەسەر دەرهێنانی نەوت و گاز و سووڕانەوەی کەشتییەکانی تورکیا لە دەریای سپیی ناوەڕاست‌دا."

ئەم چاودێرە سیاسیە لە درێژەی قسەکانی‌دا ئاماژەی دایە پارادۆکسێکی سیاسی لەناو حکومەتی عێراق سەبارەت بە پرسی شنگال‌: "بۆچی موستەفا کازمی پشتیوانی لە دەرکردنی هێزەکانی پەکەکە دەکات لە شنگال کەچی حەشدی شەعبی هەر لەو شارە هاوپەیمانیەتی؟ ئەم پێوەندییە دوو لایەنە دەرخەری ئەوەیە کە کازمی لە ڕێگەی ئەم پەیامەوە هاوپەیمانی لەگەڵ تورکیا تۆخ‌تر دەکاتەوە و هاوتەریب دەڕوات لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەمریکادا و حەشدی شەعبیش بە پێچەوانەی حکوومەتەی کازمییەوە ئەو ئامانجەی کە ئێران هەیەتی لەو ناوچەیە پێشی دەخات. بە ڕای من کازمی و حەشدی شەعبی نوێنەرایەتی دوو دەوڵەت دەکەن لەناو یەک دەوڵەت‌دا."

بە گوتەی ئەنوەر حسێن "ئەگەر تورکیا یەبەشە لە شنگال دەربکات جگە لەوەی کۆمەڵێک ئامانجی ستراتێژیک دەپێکێت کۆمەڵێک کێشەی گەورەیشی لێ‌دەکەوێتەوە کە دەبێتە چەقی ململانێیەکی گەورەی وڵاتانی ناوچەکە: ‌"دەرکردنی یەبەشە لە شنگال قرتاندنی ئەو هیلالە شیعییەیە کە لە تارانەوە دەست‌پێ‌دەکات تا کرماشان و لەوێوە تا سنوورەکانی دیالە، تکریت و شەرگات و تا دەگاتە شنگال و لەوێشەوە بەرەو ڕۆژاوا تا دەگاتە حیزبوڵا. ئەگەر ئەمە سەر بگرێت و بکەوێتە دەست حکوومەتەکەی کازمییەوە لە عێراق، کە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، و پارتی دیمکراتی کوردستان کە دۆستی ئەمریکا و تورکیایە، ئەو هیلالە شیعییە بەربەستێکی بۆ درووست دەبێت کە ئامانجی ئەمریکییەکانیشە. هەڵبەت پێویستە ئاماژەیش بەوە بکرێت کە شنگال جگە لەوەی ناوچەیەکی گرینگی ستراتێژیکە خاڵی لێک‌هەڵپێکرانی هێزەکانی سەربە پەکەکەیە لە باشووری کوردستانەوە بۆ ڕۆژاوای کوردستان و هەروەها ڕێگای تەئمین و یارمەتیدانی هێزەکانی پەکەکە لە قەندیلیش."

هەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دواخستنی شەڕی پەکەکە و پەدەکە

ئەنوەر حسین وەک ڕۆژنامەنووسێک لە درێژەی قسەکانی‌دا ئاماژەی دایە یەکێک لە فاکتەرە گرینگەکانی دواکەوتنی شەڕی نێوان پەکەکە و پەدەکە کە ئەویش هەڵوێستی یەکێتییە سەبارەت بەو شەڕە. چونکە یەکێتی بۆچوونی ئەوە نییە کە پەکەکە شەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بەڵکوو پێیوایە کە ئەوە شەڕی نێوان پەکەکە و پەدەکەیە: "لە ڕاستی‌دا جگە لەوەی هەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە هەڵوێستێکی نیشتمانی و نەتەوایەتی بووە، لەم بارەیشەوە پێیوایە کە هەبوونی پێوەندیی وڵاتانی دەوروبەر گەلێک گرینگە بەڵام نابێ بنەڕەتی ئەو پێوەندییە گوشارخستنەسەر حیزبەکانی پارچەکانی‌تر لەوانە پەکەکە بێت. بێ‌گومان ئەمە یەکێکە لە هۆکارەکانی دوا کەوتنی شەڕی نێوان پارتی و پەکەکە. پێویستیشە کێشەکانی نێوانیان لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکەن. تەنانەت پەکەکە هەوڵی داوە لە ڕێگەی یەکێتییەوە پەیامەکانی بە پەدەکە بگەیەنێت. کەواتە، باش‌ترین چارەسەر بۆ کێشەکە دیالۆگ و گفتوگۆى پەدەکە و پەکەکەیە چونکە کورد بەگشتى لەو شەڕەدا زەرەرمەند دەبێت."

ئەنوەر حسێن جگە لەوەی باوەڕی وایە کە هەموو وڵاتانی ناوچەکە بە تێكڕایی یەک ڕوانگەیان بۆ کورد هەیە بەڵام دەوری ئێران لە ناوچەکەدا بە گرینگ دەزانێت و سەبارەت بە پێوەندیی نێوان پەکەکە و کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت: "هەرچەندە ئێران بەوە ناسراوە کە هاوکاریی پەکەکە دەکات و وەک دۆستی خۆی لە ناوچەکە سەیری دەکات، بەڵام ئەو پێوەندییە تاکتیکییە نەک ستراتێژیک. گرینگ ئەوەیە لەوە تێ‌بگەین کە وڵاتانی ناوچە بە تێکڕایی یەک ڕوانگەیان بۆ کورد و پرسەکەی هەیە بەڵام جیاوازییەکانیان دەگەرێتەوە بۆ تاکتیک؛ بە تایبەتی کە پەکەکە هێزێکی گرینگە لە ناوچەکەدا."

 

سەرچاوە: ئێران‌وایەری کوردی