دیمانە

تورک و کورد لە جەنگی نەغەدەدا

هاوڕێ یوسفی

کاشانی ئەو بۆچوونە ڕەت دەکاتەوە کە جەنگی نەغەدە جەنگی تورکەکان و کوردەکان بووە: "هەڵەیەکی کوشندەیە ئەگەر پێمان‌وابێت کە ئەم جەنگە جەنگی تورکەکان و کوردەکان بووە. بۆ نموونە، ئەگەر تورکەکان پلانێکی پێشوەختیان بۆ شەڕ و جەنگ هەبا بڕوا بکەن دەیانتوانی سەدان کورد بکوژن. قسەکە ئەوەیە کە تورکەکان ئامانجی و نیەتێکی وەهایان نەبوو.

 

تورک و کورد لە جەنگی نەغەدەدا

 هاوڕێ یوسفی

 

پاش سەرکەوتنی شۆڕش لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی لە ئێران و سەرکەوتنی بیری ئیسلامی، زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستان خولێکی هەرە گران و دژواری لە جەنگ و خوێن‌ڕشتن ئەزموون کرد.

شاری نەغەدە یەکێک لە نموونەکانی جەنگ و کوشتاری لە سەرەتاکانی ساڵی ١٣٥٨دا ئەزموون کرد. دەگوترێت بنەمای ئەم پێکدادانە هەڵایسانی ئاگری دەمارگرژیی ئێتنیکی و ئایینیی بوو لە ڕێگەی دەستێوەردانی ڕقاژۆیانەی هەندێک سیمای ئایینیی وەک "غوڵامڕەزا حەسەنی"یەوە.

کوردەکان و تورکەکان لە نەغەدەدا ساڵانێکی زۆر پێکەوە بە ئاشتی و ئارامی دەژیان و هات‌وچۆی یەک‌تریان دەکرد، بەڵام هەڵخراندنەکان و دەنەدانەکان لە کۆتایی‌دا دەرەنجامەکەی بوونە هەڵایسانی ئاگرێک کە گیانی لانیکەم ٣٠٠ کەسی ئەستاند و سەدان بنەماڵەی ئاوارە و شاربەدەر کرد.

"سلێمان کاشانی"، چالاکی سیاسیی خەڵکی نەغەدە کە ئێستا لە سوید دەژی، بە "ئێران‌وایەر"ی وت کە چلۆن خەڵکی ئاسایی تورک و کورد، تەنانەت لە گەرمەی جەنگی لایەنە چەکدارەکانی هەردوو لادا، بەهانای یەک‌ترەوە دەچوون و یارمەتیی یەکیان دەدا.

سلێمان کاشانی لەم وتووێژە تایبەتەدا، چیرۆکی ئەزموونی بەڕێوەبەریی شوورایی شار، هۆکارە بنەڕەتییەکانی جەنگی نەغەدە و دەوری ئەو کەسانە دەگێڕێتەوە کە چارەنووسی شاریان گۆڕی. ئەو سەرەتا پردی پێوەندیی کۆمیتەی جەماوەریی کوردەکان و تورکەکان بوو و پاش ئەوەی هەر دوو کۆمیتەکە لە شوورای شاری نەغەدەدا تێکەڵ بوون، یەکێک بوو لە ئەندامانی ئەو شوورایە.

***

لەم دواییانەدا "سادق زیباکەلام"، مامۆستای زانستە سیاسییەکانی "زانکۆی تاران"، لە لاپەڕە ئینستاگرامییەکەی خۆی‌دا جگە گێڕانەوە ڕفراندنی لە لایەن هێزەکانی "حیزبی دیموکرات" لە ٢٢ی ڕەزبەری ١٣٥٨دا، هەندێک خاڵیش لە پێوەندی‌دا بە جەنگی تورکەکان و کوردەکان و دەوری "غوڵامڕەزا حەسەنی" لە کوردستان‌دا باس کردووە. غوڵامڕەزا حەسەنی یەکێک بوو لە کەسە هەرە نزیکەکانی "ڕوحوڵا خومەینی" و بەرپرسی کۆمیتەکانی شۆڕشی ئیسلامی بوو لە سەرەتاکانی شۆڕش و هەروەها ئیمام جومعەی ورمێ تا کاتی مردنی لە ساڵی ١٣٩٧دا.

زیباکەلام نووسیویەتی کە وەک نوێنەری سەرۆک‌وەزیرانی ئەوکات، "مەهدی بازرگان"، دەنێرتە شاری مەهاباد تاکوو ئەو ئاوارە کوردانەی کە لەبەر جەنگی نەغەدە هەڵاتبوون، بگەڕێنێتەوە بۆسەر زێد و ماڵ‌وحاڵیان.

بەڵام سلێمان کاشانی بۆچوونێکی‌تری هەیە سەبارەت بەم بابەتە، باوکی ئەو یەکێک لەو کەسانە بوو کە گەڕایەوە بۆ نەغەدە: "پاش ئەوەی کە ئاوارەکان گەڕانەوە بۆ شارەکە، ژمارەیەکی زۆریان بەبێ ئەوەی تاوانێکیان کردبێت بە هۆی ڕق و کینەی حەسەنی و کۆمەڵێک دەست‌وپێوەندی ئەوەوە، دەسبەسەر کران و پاشان ئێعدام کران. بۆ نموونە، باوکم کە نە چەکی پێ‌بوو و نە فڕی بەسەر ئەو باسانەوە بوو، لە کاتی جەنگەکەدا بۆ پاراستنی گیانی خۆی هەڵات بۆ ناوچەی شاروێران، بەڵام دوای گەڕانەوە دەسبەجێ دەسبەسەر کرا و لە ساڵی ١٣٦٠دا لە تەورێز و لە تەمەنی ٧٤ ساڵی‌دا لە سێدارە درا."

سادق زیباکەلام لە درێژەی گێڕانەوەکەی خۆی‌دا دەڵێت سەرەتا لەگەڵ تیمەکە چووینە ورمێ و پاش دیدار لەگەڵ "جەمشید حەقگوو"، پارێزگای ئەوکاتی ورمێ، پێکەوە چوونەتە دیداری غولامڕەزا حەسەنی: "لە حەساری ماڵەکەی‌دا هات بە پیرمانەوە و هەرەکە چاوی بە ئێمە کەوت عەباکەی لادا و چەند جار دایبەسەر دەمانچەکەی‌دا و وتی "بە بازرگان بڵێ ئەمە تاقە زمانێکە کوردەکان تێی‌دەگەن؛ ئێوە لە تارانەوە دەس لەم کارە وەرمەدەن. ئێمە بۆخۆمان کێشەکە چارەسەر دەکەین." دەسبەجێ وتم مامۆستا ئەگەر بۆخۆتان کێشەکەتان بۆ چارەسەر کرابا، دوای مانگێک چارەسەرتان کردبوو."

ئەو لە درێژەدا ئەوە زیاد دەکات: "کاتێک هاتینە دەرەوە حەقگوو خۆی نەگرت و گوتی کارێکی باشت نەکرد بەو شێوەیە قسەتان کرد، ئێوە تووڕەتان کرد. هەموو شتێکی پارێزگا و ناوچەکە بەدەستی ئەوە."

حوجەتولئیسلام "غوڵامڕەزا حەسەنی" ناسراو بە مەلا حەسەنی، لە دایک‌بووی بنەماڵەیەکی نەریتی، ئایینی، زەوی‌دار و دەوڵەمەند بوو کە پاش شۆڕش وەک نوێنەری وەلیی فەقیه لە ئازەربایجان ڕۆژاوا و ئیمام‌جومعەی ورمێ دانرا. کوردەکان حەسەنی و هێز و دەست‌وپێوەندەکانی بە هۆکاریی سەرەکیی هەڵایسانی جەنگی خوێناویی نەغەدە دەزانن لە ٣١ی خاکەلێوەی ١٣٥٨دا.

شایانی باسە کە مەلا حەسەنی کوڕە گەورەکەی خۆی، "ڕەشید حەسەنی"ی لەبەر ئەوەی ئەندامی "سازمانی چریکە فیداییەکانی خەڵک" بوو، ئاشکرا کرد و دەسبەجێ لە سێدارە درا. حەسەنی لە یادەوەرییەکانی خۆی‌دا نووسیویەتی: "کاتێک هەواڵی لە سێدارەدانەکەیم بیست، عاجز نەبووم، چونکە ئەرکی سەرشانی خۆم جێ‌بەجێ‌کردبوو."

پێک‌هێنانی شۆڕای هەڵبژێردراوی شار و ئەرکەکانی

ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ لە حاڵێک‌دا کە حکوومەتی پەهلەوەی توانا و ئۆتۆریتییە پێشوەکەی نەمابوو، خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانیش لە نەغەدەدا دەستی پێ‌کرد. سەرەتا سەرۆک شارەبانی خۆی بە دەستەوە دا و پاشان خەڵک بەرەو ژاندارمێری وەڕێ‌کەوتن. ژاندارمەکان تەقەیان لە خەڵکەکە دەکرد و چەند کەسیش بریندار بوون و کوژران کە لە کۆتایی‌دا هەندێک لە ژاندارمەکان بەدیل گیران و ئەوانی‌تریش ڕایان کرد. خەڵک دەستی بەسەر جبەخانەکەی ژاندارمێری‌دا گرت و بە تێکڕا چەکدار بوون. دوایین پێگەی حکوومەتی پێشوو بە تەواوەتی داگیر کرا و شارەکە نەزمێکی کۆمەڵایەتیی نوێی دەخواست.

سلێمان کاشانی، جگە گێڕانەوەی ئەو ڕووداوانە و وێناکردنی چۆنیەتیی ئازادکردنی شاری نەغەدە دەڵێت: "هەر ئەو ڕۆژە و لە گەرمەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان‌دا، دووکاندارێکی کورد بە هۆکارێکی نادیار کوژرا کە هەندێک لە کوردەکان پێیان‌وابوو تورکەکان کوشتوویانە، بەڵام کۆمەڵێک کەسی خۆشناو و جەماوەریی تورک و کوردی شارەکە کۆتاییان بە کێشەکە هێنا."

بەپێی گێڕانەوەکەی سلێمان کاشانی، کوردەکان لە نەغەدەدا تا پێش داگیرکردنی ژاندارمێری کۆمیتەی خەڵکیی خۆیان لە نێو کرێکاران، مۆمۆستایان، قوتابیان، بازاڕییان و خوێندکاران لە مزگەوتی گەورەی ناوچەی کوردەکانی نەغەدەدا هەڵبژاردبوو: "هەڵبەت تورکەکانیش زۆر خێرا کۆمیتەی خۆیان پێک‌هێنا. هەرچەندە پێک‌هاتەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، چینایەتی و سنفیی کۆمیتەی کوردەکان فرەچەشن‌تر، سێکۆلارتر و پێشکەوتووتر بوو و لە لایەن ئیمام‌جومعەی نەغەدە مەلا "ساڵح ڕەحیمی"یەوە پشتیوانی دەکرا کە پێش شۆڕشیش ئیمام‌جومعەی شاری نەغەدە بوو. ئەرکەکەی من پێش تێکەڵ‌کردنی هەر دوو کۆمیتەکە، سازدانی پێوەندی و هاوئاهەنگی بوو لەگەڵ کۆمیتەی تورکەکان."

ئەو کە هەم زمانی تورکی بە باشی دەزانی و هەم لەگەڵ چالاکان و بەرپرسانی سەرەکیی خۆپیشاندانەکان و کۆمەڵگای تورکەکان‌دا پێوەندییەکی هەرە دۆستانە و هاوڕێیانەی هەبوو، دەڵێت پێک‌هێنانی شوورا سەرچاوەکەی دەگەڕایەوە بۆ پێویستییەک کە دوای شۆڕش هاتبووە ئاراوە: "چالاکانی هەردوو لا هەستیان بە پێویستییەکانی زۆر دەکرد بۆ دابین‌کردنی ئەمنیەت و پارێزگاری لە شار. لە دەرەنجام‌دا، پاش ڕاگەیاندنی پێک‌هێنانی شوورای شار، کۆی کۆبوونەوەکانی شوورای شارەکە لە فەرمانداریی‌دا بەڕێوە دەچوو. بۆ وێنە، هەندێک کۆبوونەوە بەڕێوە دەچوون سەبارەت بە دابین‌کردنی ئەمنیەت و بەرپاکردنی کۆمەڵێک سەیتەرە و پارێزگاری لە سەرەتای شار و نێو شاردا. لەگەڵ هەموو ئەندامانی شوورادا شەو و ڕۆژی بە شێوەی هاوبەش و بازنەیی لە سەرتاسەری شارەکەدا پارێزگاریمان دەکرد و لە هات‌وچۆدا بووین بۆ ئەوەی پێش بە پێکدادان، دزی، بشێوی و نائەمنی بگرین."

سلێمان کاشانی جگە ئاماژەدان بە سەرمای مانگی ڕێبەندان و ئەرکی شوورا بۆ دابین‌کردن و دابەش‌کردنی نەوت، گوتی: "شوورای شار بۆ دابەش‌کردنی نەوت بڕیاری دا بە شێوەی هاوبەش سەرژمێری خەڵکی شار دەست‌پێ‌بکات و بەپێی سەرژمێرییەکە و بە شێوەی یەکسان نەوت بەسەر هەموو خەڵکی شارەکەدا دابەش بکرێت. بەپێی سەرژمێریی شوورای ئەوکات، حەشیمەتی نەغەدە ٣٠ هەزار کەس بوو."

مەلا حەسەنی لە کتێبی یادەوەرییەکەی‌دا نووسیویەتی کە لە مانگی خاکەلێوەی ١٣٥٨دا لە ڕێگەی کەسێکەوە بە ناوی "عەزیز ئاغا"، کوڕی "میرزا ئاغا"، کە خەڵکی گوندی "چیانه" لە دەوروبەری شاری نەغەدە بوو، ئەوی لە پیلانی داهاتووی حیزبی دیموکراتی کوردستان ئاگادار کردۆتەوە لەسەر ئەوەی کە: "دەست‌وپێوەندەکانی ئەم حیزبە بە شێوەیەکی بەردەوام لە ناوچە جۆراوجۆرەکان و دەوروبەری شاری نەغەدەدا میتینگ بەڕێوە دەبەن و بە نیازن شاری نەغدە داگیر بکەن."

حەسەنی پاش ئاگادار بوونەوە لەم بابەتە بانگەشەی ئەوە دەکات کە: "قسەکانیم بە ڕاست زانی و گوتم ئەگەر ئەو شارە داگیر بکرێت، ئەوا ڕێگەی پێوەندیی سەردەشت، پیران‌شار، جەڵدیان و پەسوێ لەگەڵ ورمێ دەبچڕێ و پادگانەکانی سەرسنوور بەبێ زەحمەت و دەردیسەری دەکەوێتە دەستیان و چیتر خەڵکی ئازەربایجانی ڕۆژاوا و کوردستان بۆ هەمیشە لە حەسرەتی ئارامی و ئاسایش‌دا دەمێننەوە."

بەڵام سلێمان کاشانی لە وتووێژەکەی‌دا لەگەڵ ئێران‌وایەر ئەم بابەتەی ڕەت کردەوە و گوتی کە لە ڕاستی‌دا کێشەکە تەنیا بەڕێوەچوونی میتینگێکی سیاسی بوو نەک داگیرکردنی شارەکە: "میتینگ بیانوو بوو. ئەوەی ڕاستی بێت، لەو ماوەیەدا هەندێک لە ئاغا و دەرەبەگەکانی ناوچەکە و بەکرێ‌گیراوانی حکوومەتی پێشوو لە نەغەدە لە ڕێگەی لاتەکان و چەقۆکێشەکانی شارەوە جگە بڵاوکردنەوەی تۆوی نەفرەت لە نێو خەڵکی شارەکەدا، بە خەستی سەرقاڵی ڕێک‌خستنی خۆیان و پێوەندی‌گرتن بوون لەگەڵ مەلاحەسەنی و ئامادەکاری بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ. ئامانجی ئەوان بە پلەی یەکەم دەرووست‌کردنی درزێکی قووڵ بوو لە نێوان تورکەکان و کوردەکان و لە کۆتاییش‌دا داسەپاندنی جەنگ بەسەر هەر دوو لادا تاکوو لە ڕێگەی ئاژاوەگێڕی و بشێوی و جەنگەوە، شار بشێوێنن و خەڵک لە تاوان داوای هاتنی ئەرتەش بکەن بۆ دابین‌کردنی ئاسایش و ئارامی."

میتینگەکەی حیزبی دیموکرات و دەسپێکی جەنگ

سلێمان کاشانی دەڵێت کۆتاییەکانی خاکەلێوەی ١٣٥٨ هەواڵی بەڕێوەچوونی میتینگی بەرینی سیاسیی حیزبی دیموکرات لە ستادیۆمی شاری نەغدە، کە کەوتۆتە بەشی تورکەکانەوە، بە شاردا بڵاو بۆوە: "هەندێک لە نوێنەری تورکەکان پێیان ڕاگەیاندین کە باش‌تر وایە میتینگەکە لە ناوچەی تورکەکان‌دا بەڕێوە نەچێت، چونکە پێ‌دەچێت "مەعبوودی" و دەست‌وپێوەندەکانی هەندێک لە گەنجە تورکەکان هەڵخڕێنن و دۆخەکە ئاڵۆز بکەن. بەم پێیە، پێشنیار دەکەین با میتینگەکە لە ناوچەی کوردەکان‌دا بەڕێوە بچێت."

بەپێی گێڕانەوەکەی سلێمان کاشانی، "مەلا ساڵح" و "مەلا برایم" نیگەران بوون لە بەڕێوەچوونی میتینگەکەی حیزبی دیموکرات لە ناوچەی تورکەکان و ئەگەری پێکدادان و بارگرژی و پێیان‌وابوو کە هەر چەشنە پێکدادانێک ڕوو بدات ئەوا کۆنتڕۆڵی دۆخەکە لە دەست دەردەچێ و شار دەشێوێ و جەنگ بەرپا دەبێت: "لە لایەن مەلاساڵح و مەلابرایمەوە ڕاسپێردرام کە نیگەرانییەکان و تێبینییەکانیان سەبارەت بە شوێنی بەڕێوەچوونی میتینگەکە بە بەرپرسانی کۆمیتەی حیزبی دیموکرات ڕابگەیەنێم. کۆمیتەی حیزبی دیموکرات لە شەقامی باڵخچی بوو. چوومە ئەوەێ و لەگەڵ بەرپرسانی حیزبی دێمۆکرات قسەم کرد. ئەوان لە وڵام‌دا وتیان 'خۆ ئێمە نامانەوێ لەگەڵ خەڵک بەشەڕ بێین' هەڵبەت ئاگادارم کە هەندێک کەسی دیکەیش هەر ئەو تێبینی و نیگەرانیانەیان بە بەرپرسانی کۆمیتەی حیزبی دیموکرات وتبوو."

ئەو هەروەها ئاماژەی دا بە دەوری تێکدەرانەی مەعبوودی لە هەڵخڕاندنی ڕێک‌خراوی لات و شەڕاشۆکانی شار بۆ دەست‌پێ‌کردنی پێکدادان و جەنگ و گوتی: "لە کۆتایی‌دا میتینگەکە لە ستادیۆمی ناوچەی تورکەکان‌دا بەڕێوە چوو. لە هەمان یەکەم چرکەکانی بەڕێوەچوونی میتینگە چەند هەزار کەسییەکەدا، کەسێک بە ناوی "سلێمان" کە باوکی دووچەرخەساز و لە دەست‌وپێوەندەکانی مەعبوودی بوو، لە سەربانی یەکێک لە ماڵەکانی نزیک ستادیۆمەکەوە تەقەیەکی هەوایی کرد. میتینگەکە تێک‌چوو، دۆخەکە شێوا و شەڕەکە دەستی پێ‌کرد."

بەپێی گێڕانەوەکەی ئەم چالاکە سیاسییە، ڕۆژی یەکەم دەوری ١٠ کەس کوژران و شوورای شار هەوڵی‌دا دۆخەکە ئارام و هێور بکاتەوە: "من و دوو مەلای تورک و دوو کەس لە ئەندامانی شوورای شار بە سواریی جیپێک و بە بڵیندگۆ و بە هەر دوو زمانی تورکی و کوردی داوامان لە خەڵکەکە دەکرد تەقە نەکەن. دەوری یەک کاتژمێر بە هەموو ئەو ناوەدا هات‌وچۆمان کرد بەڵام کەڵکی نەبوو، چیدی کار لە کار ترازابوو. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج بوو ئەوە بوو کە لەو بشێوییەدا کەس تەقەی لە ئێمە نەدەکرد."

جەنگی نەغەدە جەنگی تورک و کورد نەبوو

کاشانی ئەو بۆچوونە ڕەت دەکاتەوە کە جەنگی نەغەدە جەنگی تورکەکان و کوردەکان بووە: "هەڵەیەکی کوشندەیە ئەگەر پێمان‌وابێت کە ئەم جەنگە جەنگی تورکەکان و کوردەکان بووە. بۆ نموونە، ئەگەر تورکەکان پلانێکی پێشوەختیان بۆ شەڕ و جەنگ هەبا بڕوا بکەن دەیانتوانی سەدان کورد بکوژن. قسەکە ئەوەیە کە تورکەکان ئامانجی و نیەتێکی وەهایان نەبوو. تەنانەت نەک ئەوەی نەبوونە بەشێک لە شەڕەکە، بەڵکوو یارمەتیی ئەو کوردانەیشیان دەدا کە لە کووچە و کۆڵانەکانی ناوچەکەی ئەوان‌دا گیریان خواردبوو بۆ ئەوەی هەرچی زووتر ناوچەکەیان چۆڵ بکەن و دەربازیان بێت. تەنانەت ئاویان هێنا بۆ بەشێک لەو خەڵکەی کە تووشی تەشەنوج و هەناسواربوون هاتبوون و تا دوو سێ کۆچە ئەولاتریشەوە خەڵکیان بەرەو ئەو کۆڵانانە ئاراستە دەکرد کە دەچوونەوەسەر ناوچەی کوردەکان و هاوکارییان دەکردن."

کاشانی پێیوایە کە یەکەم لێکەوتە و بەدواهاتی جەنگی نەغەدە هەڵوەشاندنەوەی ئەزموونی دێمۆکراتیکی دوو مانگەی شار و لەناوبردنی هاوپشتیی جەماوەریی تورکەکان و کوردەکان بوو لە لایەن مەلا حەسەنییەوە.

ڕۆژی سێهەم بەڵام دۆخەکە تەواو گۆڕا: "شارەکە بە تەواوەتی دوو لەت بوو و شەقامە سەرەکییەکەی نێوان ناوچەی کوردەکان و تورکەکان بە ماشێنی گەورە و زرێ‌پۆش دیوار کرا. خەڵکەکە شڵەژا و تۆقابوون، تەنانەت لە نێو کوردەکان‌دا دەنگۆی ئەوە بڵاو ببوەوە کە مەلاحەسەنی و "قاسمعەلی زەهیرنژاد"، فەرماندەی لەشکری ٦٤ی ورمێ، چەک و جبەخانەی جەنگیی سووک و قورسی خستۆتە بەردەستی هێزەکانی سەربەخۆیان و لەوانەیە ئەرتەشیش بۆ سەرکوتی کوردەکان بێتە نێو شارەوە."

ئەو ئاماژەی بە ڕۆژی سێهەم و کۆتایی جەنگ لە نەغەدە کرد و گوتی: "جەنگ سێ ڕۆژ درێژەی کێشا. هەزاران بنەماڵە لە ترسی بەردەوام‌بوونی جەنگ هەڵاتن و بەداخەوە دەوری ٣٠٠ کەس لە هەردوو لا لەو جەنگەدا کوژران. ڕۆژی سێهەم حیزبی دیموکرات شاری چۆڵ کرد و ئەرتەش هاتە نێو شارەوە."

سلێمان کاشانی‌یش یەکێک بوو لەو کەسانەی کە لە کۆتایی‌دا شاری بەجێ‌هێشت.

 

سەرچاوە: ئێران‌وایەری کوردی