شرۆڤە

شیعر و فرێدریک نێچە

ناڵە حەسەن

هەر لەوێدا باسی ئەوە کراوە کە، (نێچە) شاعیرێکی جیاواز بووە و بە ستایلێکی جیاواز نووسیویەتی، هەروەک مێژوونووسی فەڕەنسی (ئەلیکسیس ڤیلۆنینکۆ) پێیوایە، (نێچە ئیستاتیکای ڕووکەشی دەقی واتە فۆرم)ی پێش وردیی مانا خستووە.

 

شیعر و فرێدریک نێچە

ناڵە حەسەن

پەیوەندی نێوان شیعر و (فرێدریک نێچە) پەیوەندییەکی توندوتۆڵە، هەروەک لە پێشتر نووسیومانە / نێچەیان بە فەیلەسوفێکی شاعیر ناوبردووە، بەڵام بەرلەوەی باسی (شیعر و نێجە) بکەین هەوڵدەدەین زۆر بە کورتی باسی پەیوەندی نێوان (گیرکەگۆر و نێچە) بکەین، هاوکات کە شیعر لەنێوان ئەو دوو بیرمەند و فەیلەسوفە چ جێگایەکی بڵندی هەیە، هەروەک لە کتێبی (چەند فەیلەسووفێکی بوونگەرا)دا دەڵێت (کاتێک کە (کیرکەگۆر) کۆچیدواییکرد هێشتا (نێچە) قوتابی قوتابخانەی سەرەتایی بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەری (نێچە) لەسەر بیری فەلسەفی لە کاریگەری (کیرکەگۆر) لە پێشتر بووە، لە ڕاستیدا (کیرکەگۆر) هەر بەنادیار و لەبیرکراو مایەوە تا ئەوکاتەی، کە بۆیەکەمجار وەرگێڕدرایە سەر زمانی ئەڵمانی و پاشان زمانی فەڕەنسی... تا ئەوەبوو کە توانی ببێتە سەرچاوەی تەوژمێکی نوێی ئاشکراو ڕۆشن لە مێژووی هاوچەرخی بیری مرۆڤایەتیدا!)، هاوکات هەر لەم کتێبەدا باسی شێواز و پەیوەندییەکانی ئەم دوو بیرمەندە بلیمەتەمان بۆ دەکات و دەڵێ / (لە ڕاستیدا لانادەین ئەگەر بڵێین ئەو ئایدیا سەرەکییانەی کە لە مێشکی هەر یەکەیاندا خولاوەتەوە یەک ئایدیا بووە، تەنانەت ئەو شێوازەیش کە تایبەتمەندییەکەی بریتییە / لە لاقرتێ و گاڵتەجاڕی توند، هەروەها شاعیرێتی و شاعیرگەرایی گەرموگوڕ، زۆرجار کۆک و تەبایان دەکات و یەکیاندەخات!). دەبینین یەکێک لە خاڵە هاوبەش و درەخشانەکەی نێوان شێوازی ئەم دوو بیرمەندە، (شاعیرێتی و شاعیرگەرایی) بووە، واتە لەپاڵ چەمکەکانیتر شیعریش یەکێک لەم چەمکانە بووە کە ئەم دووانەی لە یەکتری نزیک کردۆتەوە، چونکە هەردووک ژیانی خۆیان کردبوو بە سەرچاوەی بیرکردنەوە و فەلسەفەکەیان، کە ئەمەش زێتر ڕێگە خۆشدەکات کە شاعیرانە بڕوانن و شاعیرانەش بیربکەنەوە . چونکە ژیان و شیعریش وەک بوونێکی ئاوێتە و تێکەڵاو و یەکجەستەیی وایە. دیوێکیتری پەیوەندی نێوان ئەم دوو بیرمەندە، (فەلسەفەی هەریەکەیان دۆزینەوەیەکی هەمیشە و بەردەوامی خودەکانییان بوو، تا ئەوئاستەی (کیرکەگۆر) وتەیەکی هەیە دەڵێت (من کتێبەکانمم بە خوێنی خۆم نووسیوە!)، ئێمە پێشتر لە وتارەکانی ترمان ئەمەمان نووسیوە یەکێک لە جیاوازییەکانی قوتابخانە ئەدەبییەکانی مۆدێرنە هەر ئیشکردن لەسەر زمان و فۆرم نەبووە بەڵکو، خاڵێکیتری گرینگ ئەوەبوو کە ئیشییان لەسەر خود کردووە، لە وتاری (شیعر و ناخودئاگایی) لەسەر پەیوەندی (شاعیر و خود) یان پەیوەندییەکنی نێوان (خود و دەرەوە) هەڵوێستەی زێترمان کردووە، بە تایبەت (نێچە) سەبارەت بە (بوونی مرۆیی و خودی تاک) زێتر چڕ دەبێتەوە بۆ نموونە، (نێچە بەنگەشە بۆ ئیرادەی هێز دەکات کەوا لە مرۆڤ دەکات / جەخت لە بوونی خۆی بکات و وابەستەی ژیان بێت!)، ئەم گوتنەی (کیرکەگۆر)یش بۆ شیعر و داهێنان یان، بۆ شاعیرێکی داهێنەر کە خەونی داهێنانی هەبێت ڕاستە، چونکە ئەو شاعیرانەی خەونی گەورەی داهێنانییان هەیە و لە هەوڵی ئەوەدان بەرینترین ڕووبەری جوانی بە ژیان ببەخشن و وەک پەیامبەرێکی ڕێگای ژیان ئامادەن هەموو شتە تایبەتییەکانی خۆیان ببەخشن و (ژیانییان بۆ شیعر و داهێنان) بوێت ئەم قسەیەی گیرکەگۆر بۆ ئەم جۆرە شاعیرانەش راستە و ئەوانیش کتێبە شیعری و لێکۆڵینەوەکانییان بە خوێنی خۆیان دەنووسن. دوای ئەم دەروازە و پیشەکییە ، لێرەوە رێرەوی قسەکانمان دەبەینەوە سەر پەیوەندی نێوان (شیعر و نێچە) بە پشتبەستن بە کتابی ( ڕووبەروو لەگەڵ شیعر) بە تایبەت وتاری، (شیعر و فەلسەفە یان فەلسەفە و شیعر) بە کەمێک دەستکاری و ئیزافاتی نوێوە ، پەیوەندی نێوان شیع و بیرمەندی گەورە (نێچە) دەخەینە ڕوو، (نێچە) پاراستنی زات بە خراپترین شێوەی ویست دەزانێ، واتە کەسێکی کەنارگیر و نامۆ، ئەم زیاتر خوازیاری مرۆڤی باڵا و سوپەرمانی و یاخی و خودان ویستی هێزە. تەنانەت لە ڕوانگەی (زەردەشت )یش، ڕێگەی ژیان بەسەربردن لایەنگری لە چوارچێوەی مەنتیقی و ژیرانە و عەقل نییە، بەڵکو کەسەکان ئازادن بۆ هەڵبژاردنی ڕێگەی ژیانی خۆیان، لە ڕاستیدا / ئازادی بەشێکە لە بوونی مرۆڤ ، واتە لەدەرەوەی بوون و مومارەسەکردنی ئازادانە، وشەی ئازادیش وەک چەمکەکانیتر بێبەها و هیچ بەهایەکی بۆ نامێنێتەوە، ئەمەش بە مانایەک / هەڵوەشاندنەوەی پاوەرەکان و سنوورەکانی عەقل و سیستەماتیکە. (شیعر و داهێنان) پێویستییان بە کرانەوە و پچڕاندنی هەموو کۆت و زنجیرەکانی بەها و نەریتە میراتییەکانە، بۆ ئەوەی ببی بە کەسێکی داهێنەر، دەبێت خۆت بەها و نەریت و ڕەفتار بۆ خۆت بتاشی کە پێچەوانەی ئەوانەی پێش خۆت بن! بەمانایەک بە هەموو پێوەرەکان (هەرخۆت بیت و هیچیتر!) هەروەها لەم وتارەمان وردتر باسی ئەم فاکتانە دەکەین کە ئەم بیرکردنەوەیە نا دروستانەی ئەفلاتوون ڕەتدەکەنەوە، بۆ نموونە باس لەوە دەکەین کەوا، شیعریش وەک فەلسەفە لەسەر بنەمای بیرکردنەوە ئیش دەکات و ڕەهەندی فیکری و مەعریفی لە پشتە. زۆرن ئەو فەیلەسوفانەی کاریگەرییان لەسەر شیعردا هەبووە، یان قسەیان لەسەر شیعر کردووەو باسی گرنگی و پەیوەندییەکانی فەلسەفە و شیعریان کردووە، یان زمانی شیعرییان بەکارهێناوە بۆ دەربڕینی فەلسەفەکانییان، ئەم فەیلەسوفانەش بە (فەیلەسوفی شاعیر) ناوبراون. یەکێک لەوانە (فرێدریک نێچە )یە. لە پەیوەند بە شیعرەوە، تایبەتمەندی (نێچە) جیاوازە لەگەڵ فەیلەسوفەکانیتر، چونکە هەندێک لە فەیلەسوفەکان هەم شاعیریش بوون هەم فەیلەسوف، واتە لەپاڵ فەلسەفە شیعریشیان نووسیوە یان سەرەتا بە شیعر دەستییان پێکردووە، لەوانە (مارکس، جان جاک ڕۆسۆ، سامویل تەیلۆر کۆلیریچ) بەڵام (نێچە)، لەگەڵ ئەوەی شیعریشی نووسیوە بەڵکو کتێبە فەلسەفییەکانیشی بە زمانی شیعر نووسیون، بۆیە بە بڕوای هەندێک کەس (نێچە لە زکماکەوە شاعیر بووە!) واتە، هەر بە شاعیری لە دایک بووە. شیعر گەورەترین بەشی نووسینەکانی و تەنانەت بوون و ناخ و فەلسەفەکەشی داگیرکردووە. نێچە زۆر بە ڕۆشنی درکی بە بەها و ڕۆلی زمانی کردووە کە، زمان چ سیحرێک و هێزێکی تیایە بە تایبەت زمانی شیعری، وەک سەرچاوەی (چێژ) چ کاریگەرییەک لەسەر بیرکردنەوە و خەیاڵی مرۆڤەکان جێدەهێڵێت، بۆیە لە شوێنێک دەربارەی زمانی شیعری دەڵێ، (زمان گەمەیەکی گەمژانەیە، بەهۆی زمانەوە مرۆڤ دەتوانێ سەما بەسەر هەموو شتێکەوە بکات)، نێچە فەیلەسوفێکە، ئامانجی بەرهەمهێنانی (مرۆڤی باڵا)  بووە لە ڕێگەی ئیرادە و ویستی هێزەوە، بۆیە لە زۆر شوێن پێ لەسەر ئەوە دادەگرێ و دەڵێ، (من هاتووم هەواڵی مرۆڤی باڵاتان پێڕابگەیەنم، مرۆڤی باڵا ئەو کەسەیە لە نەریتی باو یاخی دەبێت و خودان ئیرادە و هێزی کارای خۆی دەبێ) ئەمە ڕۆشن بووە لای (نێچە) کەوا داهێنان بە کەسی لاواز و بێ ئیرادە ناکرێت، کەسەکانی دیلی بەندی کلتوور و ئایین و دیلی مرۆڤەکانیتر بن، ئەوکەسانەی لەژێر کاریگەری هێزە دەرەکییەکانن لە سەرووی خۆیان ئیرادەیتریان بەسەردا دەسەپێندرێ، ئەو کەسانە کەسانی کۆیلە و نامۆن ناتوانن داهێنان بکەن! لای (نێچە) بۆ ئەوەی ببی بە کەسێکی داهێنەر وا پێویست دەکات هەموو کۆت و زنجیرەکان بپچڕێنیت، ببی بە خۆت و تەعبیر لە ویستی خۆت بکەی، هەموو شتێکی میراتی تووڕ هەڵبدەی، خۆت بەها و نەریت و ڕەفتار بۆ خۆت دیاری بکەی، خۆت هێزی جووڵێنەری خۆت بی، جووڵە ڕەفتارەکانی خۆت پێچەوانەی ئەوانەی پێش خۆت بن، بەمانایەک هەروەک دروشمێکی هەبوو کەوا، (تەنها خۆت بیت و ئەویتر نەبیت!) چونکە / داهێنان وا دەخوازێ کە دنیاو جیهانێکی نوێ بخوڵقێنی. (نێچە) لە کتێبی (ئا ئەمەیە مرۆڤ)دا دەڵێ، (من لە هیچ شتێک لاسایی کەس ناکەمەوە، گاڵتە بە هەموو ئەو مامۆستایانە دەکەم کە هێشتا فێرنەبوونە گاڵتە بە خۆیان بکەن، لەسەر دەرگای ماڵەکەم ئەمە نووسراوە!). نێجە وەک (شوبنهاوەر)، کاری بە (فەلسەفەی ویست) کردووە بە تایبەت ویستی هێز. چونکە (شوبنهاوەر ) کتێبێکی هەیە بە ناوی، (جیهان وەک ویست فیکرە)، لەم کتێبەیدا پوختەی فەلسەفەکەی خۆی تیا باسکردووە، باوەڕی وایە / کە عەقل ئامرازێکە بە دەستی ویستەوە، لای ئەو / بوون لەسەر بنەمای حیکمەت و ئەزموون و مەبەستێک وەستاوە!)، بۆیە نێچەش پێ لەسەر ئەم بیرۆکەی ویستە دادەگرێ و ئامانجیەتی، تاکەکان خودان هێز و ئیرادەی خۆیان بن، کە ناوی ناون (مرۆڤی سوپەرمانی) یان (مرۆڤی باڵا)، بۆیە پێیوابوە، دەسپێک و سەرچاوەی ویست و هێز لەسەر ویژدان و فیکردا شتێکی بنەڕەتی و جەوهەری شتەکانە. یان بە بڕوای (نێچە)، (گرنکترین دەرکەوتەی ژیان، لە تیۆری داڕشتن لە ڕێگەی هێزی عەقڵ نییە، بەڵکو (ویستە)، ناوەڕۆکی ژیان ویستە، ئەم ویستەش ویستی هێزە!) (نێچە) پاراستنی زات (خود) بە خراپترین شێوەی ویست دەزانێ ، ئەو پێیوایە، کەسێک بەدوای پاراستنی زات بێ، خۆی لە قەرەی مەترسییەکان نادات و ژیانی پارێزگارانە هەڵدەبژێرێت، مەبەستی ئەوەیە کە مرۆڤ دەبێ ئامادەیی قوربانیدانی تیا بێت لەپێناو خەونە گەورەکاندا، بە مانایەک / ئەو کەسانەی کە، ناتوانن زنجیری کۆت و بەندەکان بشکێنن و بەهاکانی ئایین و کلتوور و ئەو بەهایانەی بەزۆر سەپێندراون بەسەریاندا ڕابماڵن، لە هەمانکاتیش ناتوانن وەک مرۆڤێکی باڵا خودان ویست و هێزی خۆیان بن! بە کورتی پوختەی فەلسەفەکەی نێچە ئەوەیە کە، (فەلسەفەی عەقلێکی ئازادە، فەلسەفەی ئاوەژووکردنەوەی بەها چەسپیوە کۆنەکانە، ئازادکردنی مرۆڤە لە هەموو کۆتوبەند و ئەخلاق و ئایین و مەعریفەی دەستاودەست، فەلسەفەی نێچە بە دەنگێکی بەرز بانگەوازی ڕزگاربوون دەکات!)، ئەمانەشی هەمووی بە زمانی شیعر لە نێو شیعرەکان و کتێبە فەلسەفییەکانی دەربڕیوە، بۆیە نێچە (فەیلەسوفی شاعیران و شاعیری فەیلەسوفان بووە!). کتێبی (وەهای گوت زەردەشت) یەکێکە لە بەناوبانگترین کتێبی نێچەیە، کە لە ساڵی ١٨٨٣ چاپکراوە ، کتێبێکە بە شێوەیەکی ئەدەبی ڕەخنەیی نووسراوە، بە زمانێکی شیعری ناسک و پاراو، لەم کتێبەدا چەندین بیرۆکەی گرنگی داڕشتووە، کە وێنەی مرۆڤی باڵا و هەڵکشاوی کێشاوە، ئەو مرۆڤەی لە دەستی کۆت و زنجیر کۆمەڵایەتی و کلتووری و ئەخلاقی ڕزگاری بووە، کتێبێکە نێچەی پێدەناسرێتەوە، (نێچە) لەم کتێبەیدا هەروەک سەرچاوەکان دەڵێن، خۆی وەک شاعیرێکی مەزن دەبینێت نەک وەک فەیلەسوفێک، دەربارەی کتێبی (وەهای گوت زەردەشت)، ئەدیبی گەورەی ئەڵمانیا (تۆماس مان) دەڵێ، (ئەم کتێبە باشترین کتێبە کە بە زمانی ئەڵمانی نووسرابێت)، نەک تەنها کتێبەکانی بەڵکو شیعرەکانیشی پڕن لە بیرۆکەی فەلسەفی و ئاوێنەیەکن بۆ ڕەنگدانەوەی تێز و بیرکردنەوەکانی خۆی، بەڵام شتێکی گرینگ هەیە، نێچە پرسیارە فەلسەفییەکان و ئایدیا و بیرۆکە شیعرییەکانی، لە قووڵایی و هەناوی ژیان دەردێنێت و پەیوەستییان دەکاتەوە بە مرۆڤ و خۆشبەختی و بەختەوەرییەکانییەوە. دیارە نەک هەر لەلای (نێچە) بەڵکو، لای زۆربەی فەیلەسوفەکانی سەردەمی مۆدێرنە، مرۆڤ دەبێتە ناوەندی گرنگیدان، هەوڵدانێکە بۆ بە بەرهەمهێنانی سەربەخۆیی بیرکردنەوە و عەقلی مرۆڤ. دەرکێشانی لەژێر هەموو کاریگەرە دەرەکییەکان، دەکرێ ئەمەش بە یەکێک لە خاڵە هاوبەشەکانی نێوان شیعر و فەلسەفە حیساب بکەین، لێرەدا چەند نموونەیەکی شیعری نێچە دەخەینە ڕوو و قسەی لەسەر دەکەین، هەروەک لە کتێبی (نێچە فەیلەسوفێکی بەرزەفڕ)دا، لە بەشی (پێنجەم)، بە ناوی (نێچە، شاعیرێکی جیاواز )دا، کە لە سەرەتا باسی شاعیربوونی (نێچە) و بیرکردنەوەکانی و دواتر چەند نموونەیەکی شیعری هێناوەتەوە، ئێمە لێرەدا قسە لەسەر هەندێکییان دەکەین. هەر لەوێدا باسی ئەوە کراوە کە، (نێچە) شاعیرێکی جیاواز بووە و بە ستایلێکی جیاواز نووسیویەتی، هەروەک مێژوونووسی فەڕەنسی (ئەلیکسیس ڤیلۆنینکۆ) پێیوایە، (نێچە ئیستاتیکای ڕووکەشی دەقی واتە فۆرم)ی پێش وردیی مانا خستووە، چونکە نێچە بەرلەوەی فەیلەسوف بێت، بە پلەی یەکەم شاعیر بووە، لە نێو نووسینە پەخشانی و شیعرییەکانی داهێنانی سوریالییانەی کردووە، بە تایبەت لە کتێبی (وەهای گوت زەردەشت) هێندە دوور دەڕوات ئەستەمە تێی بگەیت! (نێچە) کەسێک بووە زۆر قووڵ بیری کردۆتەوە، هەمیشەش بە زمانی ڕەخنەیەکی توند نووسیویەتی، تا ئاستی ئەوەی مەرگ بۆ خوداوەند دەخوازێ و ئەخلاق و ئایین و کلتوورە دواکەوتووەکان ڕەتدەکاتەوە، تا مردن لە نووسین ناکەوێت، (نێچە) بە درێژایی ژیانی هەمیشە ئەوەی دووبارە کردۆتەوە کەوا (هێشتا پێویستە بژیم، چونکە هێشتا گەرەکمە بیربکەمەوە!)، نێچە بیری لە هەموو سەکۆ و گۆشە و کەلێنەکانی ژیان و مرۆڤ کردۆتەوە، ئەوەی بە فەلسەفە دەرەقەتی نەهاتووە بە شیعر قسەی لەسەر کردوون، بۆیە شیعر و فەلسەفەکەی بە یەک ئاراستە ڕۆیشتوون. (نێچە) لە شیعری (مرۆڤە بەرزەکان) دا دەڵێت.

ئەوەی ڕادەپەڕێ، پێویستە پێیدا هەڵدەین!

وەڵێ ئەو لە بەرزاییەوە ئەمە پەسەند دەکات

تاکو لە سەرووی پەسەندگرەوە بژیت

ئەو لە بەرزی دایە ئەو لەسەر دەرگای ماڵی منە

ئەو لە ماڵی من نیشتەجێیە

هەرگیز بە دوای کەس نەکەوتووم

لە سەرووی ئەمانەش ، قۆشمەم بە هەموو مامۆستایەک کرد.

ئەم شیعرە تا بڵێی شیعرێکی ناسک، (نێچە) بە زمانێکی شیعری ناسک و پڕ لە هارمۆنیا و ئیستاتیکایەکی جوان، کرۆک و ئامانجی بیرکردنەوە و فەلسەفەکەی خۆی دەخاتە روو واتە ئەم شیعرە بیرکردنەوەیەکی ئامانجداری لە پشتە، لێرەدا (نێچە) باس لە (مرۆڤی باڵا) دەکا، ئەوانەی خودان هێز و ئیرادەی خۆیانن، دەیانەوێت ڕاپەڕین بکەن و زنجیری دیلیەتی و ستەم بپسێنن کەسانێکی ڕاستگۆ و ئازاد بن، ئەو پێیوایە ئەوانە لە شوێنێکی بەرزی ژیان وەستاون، ئەوانە هێندە بەرز و خۆشەویستن، بەشێکن لە ڕۆحی ئەو لە ماڵەکەی ئەو نیشتەجێن. ئەمان ئەو مرۆڤە بەرزانەن کە /  خودان هێز و سەربەخۆیی و بیرکردنەوەی خۆیانن، کە دوای هیچ کەسێک ناکەون و پاشکۆی هێزەکانی سەرووی خۆیان نین، بەس خۆیانن و هیچیتر، ئەمان ئەوکەسانەن لە مامۆستاکانییان فێردەبن ، سنوور و تخوبەکان دەبەزێنن و لە ئاستێکی بەرز لە مرۆڤایەتی و ژیان دەڕوانن.

هەروەها لە شیعری (جەسوور) دا دەڵێ ..

لە هەر کوێیەک بیت، قووڵ هەڵکۆڵە

بنەوان لە ژێرەوەیە

وازبێنە لە پیاوانی ڕەشبین با بچریکێنن

"دۆزەخ بەردەوام لە ژێرەوەیە" ...!

لێرەشدا وێنەی مرۆڤێکی جەسوور و خاوەن هێز و توانایەکی لەبن نەهاتوومان .بۆ دەکێشێ، ئەو مرۆڤانەی لە پێناو ئامانجە پیرۆزەکان مرۆڤی تێکۆشەر و کۆڵنەدەرن ، ئەو مرۆڤانە لە شەوە ئەنگوستە چاوەکان فوو لە پشکۆکان دەکەن، ئەوانەی هەمیشە بە ورەیەکی پۆڵایین و بە دید و بەرچاو ڕۆشنییەوە بەرەو لوتکەی ئاسۆ و ئامانجەکانییان دەکەونە ڕێ، خودان خەونی گەورەن، بێوچان  و نەسرەوتن هەردەڕۆن و هەر دەڕۆن، (نێچە ) ڕقی لە مرۆڤی لاواز و ڕەشبینە، ڕقی لەو کەسانەیە کە هەمیشە بۆ پاروە نانێک دەکڕوزێنەوە، (نێچە) لە شوێنێکدا دەڵێ، (مرۆڤە لاوازەکان، ئەوانەن بۆ مردن باشن، شایستە بە ژیان نین!) بۆیە لەم شیعرەشدا دەڵێ (واز بێنە لە پیاوانی ڕەشبین با بچریکێنن). دۆزەخ بەردەوام لە ژێرەوەیە!، مەبەستییەتی گەیشتن بە لوتکە و ئامانج ڕەنج و قوربانی دەوێت، ئاگر و ڕووناکییەکان،  لە بنی بنەوەن ، قووڵن دەبێ لە هەڵکۆڵین بەردەوام بین، دیارە وشەی دۆزەخ لێرەدا میتافۆرێکە یان هێمایەکە بۆ ئاگر، ئاگریش هەمیشە هێما بووە بۆ گەرمبوونەوە و درەوشانەوە و گۆڕان، لە ئەفسانە و داستانەکانیش گەیشتن بە ئاگر هێمایە بۆ گەیشتن بە ئامانج و سەرکەوتن ...!

 نێچە) لە شیعری (ئەوەیە مرۆڤ) دا دەڵێ ...

بەڵێ، دەزانم لە چ بنەچەیەکم 

وەک بڵێسە تێنوو 

هەڵپە دەکەم و خامۆش دەبمەوە 

هەرچییەک دەستی بۆ دەبەم دەبێتە نوور 

هەرچییەک جێیدەهێڵم پشکۆیە

بێ یەکودوو من بڵێسەم ...!

بێگومان، لە نێو بیری (نێچە) مرۆڤەکان دەبێ مرۆڤی بەرز و دیار بن، خودان بنەچە و شوهرەتێک و ناوێکی پایەدار و بەرزییان هەبێ ، ئەمەش ئەو مرۆڤانەن هەمیشە هەڵپەی ژیانێکی بەرز و پڕاوپڕ لە بەختەوەری و دەستگەیشتن بە خۆزگە و ئومێدەکانییانن، کەسانێک بەرز لە ژیان و بەهای مرۆڤ بڕوانن، ئەوکەسانەی / وەک بڵێسە تێنوون بۆ ئەم جۆرە ژیانە، وەک عاشق شەیدای ژیانێکی شایستە بە مرۆڤن، ئەو مرۆڤانەی کە لەم شوێنە بەرزە بۆ ژیان و ئومێدە گەشەکان و ئارەزووە جوانەکانییان دەڕوانن، ئەوانە دەست بۆ هەر چییەک دەبن دەبێتە نوور، هەرچییەک جێدەهێڵن دەبێتە پشکۆ، ژیان و دەوروبەر دەدرەشێننەوە، چونکە وەک بڵێسە خاوەن نیگا و ڕوانین و دیدگایەکی ڕۆشنن بۆ ژیان. لێرەدا، لە نێو بەرهەمە شیعری و فەلسەفییەکانی نێچە، هاوئاهەنگییەک و ئاوێزانبوونێکی گرنگی نێوان فەلسەفە و شیعر دەبینین، کە هەردووك بە یەک ئاراستە تا ئەندازەی تێکەڵاوبوون، فەلسەفە بە بەرگ و ڕوخساری شیعرییەوە ، شیعریش بە ناوەڕۆکی فەلسەفییەوە، وەک ئەوەی گیانێک بن لە دوو جەستەدا. (نێچە) بەم هەوڵانەی توانی شیعر و فەلسەفە زێتر لێکنزیک بکاتەوە!

 

                                                                  نۆڤەمبەری ٢٠٢٠

 

سەرچاوەکان :

  • کتێبی ( چەند فەیلەسووفێکی بوونگەرا ) نووسینی ( فوئاد کامیل عەبدولعەزیز ) وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە / (سامان عەلی حامید )
  • کتێبی ( ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر) .. نووسینی ( ناڵە حەسەن ) .آ