شرۆڤە

ئیستاتیکا و جواننووسى لە نۆڤلێتى (سارا)

مەجید عەبدولڕەحمان خۆشناو

دایکى خۆى لە (دایک)ى (مەکسیم گۆرکێ) بە گرنگتر دەزانى (دایکم لە سەرتەرمى برایەکەى دروشمى: بژى گەڵ حوکمڕانى بۆ گەلى دەگوتەوە). مەرگى کوڕە تاقانەکەى دایکمى بێدەنگ نەکرد، پارەى فیشەکەکەشیان لە دایکم سەندەوە کە بۆ کوڕە تاقانەکەى بە کاریان هێنابوو. بەبەر چاوى دایکمەوە باوکمیان گوڵلە بارانکرد.

 

 

ئیستاتیکاو جواننووسى لە نۆڤلێتى (سارا)ی بەکر ئاڵەییدا

 مەجید عەبدولڕەحمان خۆشناو

نۆڤلێتى سارا لە نووسینى براى خۆشەویستم (بەکرئاڵەیی)ە. بەبەرگێکى جوان وساکار، لە بڵاوکراوەکانى بەڕێوەبەرایەتى ڕۆشنبیرى و هونەرى ڕاپەڕینە، (١٨٩) لاپەڕەیە.

هەموو چەشنەکانى رۆمان وکورتە رۆمان (نۆڤلێت) و چیرۆک، جۆرى جیاجیان لە پەخشانى کوردى.

  دەشێ نۆڤلێت ئەو رۆمانە شیکە بێت کە لەگەڵ دونیا خۆی نوێ بکاتەوە.

 نۆڤلێت رۆمانە بە زمانێکى چڕتر، ئەو چڕی و فرە مەوداییەى زمان بوارى ئەوە ناداتە نووسەر هەروا بە ئارەزوو سەدان ڕستەو وشە  بۆ دەربڕینى حالەتێک بەکار بێنێ و لە ئەستوور بوونى کتێبەکەى خەرجیان بکات. واتە چڕکردنەوەى زمان وبەکارهێنانى ڕستەى جوان، نۆڤلێت دروست دەکات. (رۆمانى کوردى، خوێندنەوەو پرسیار، سابیر رەشید) (جەبار جەمال غەریب)ى ڕۆماننووس وچیرۆکنووس دەڵێ: هۆکارى هەرە سەرەکى سەرهەڵدانى نۆڤلێت زمانە، زمان وبەس. ئەو زمانەى نۆڤلێتى پێ دەنووسرێ هەمان زمانى شەفافى ڕۆمان نییە، هەرگیز مەوداى ئەوە نییە ڕۆمانێکى دووسەد لاپەڕەیی یا سێ سەد لاپەڕەیی بەو زمانە سیحرو جوانەى نۆڤلێت بنووسرێ. ئەو زمانەى نۆڤلێت کە لەچرکەساتى نووسیندادەخولقێ، ڕۆمانى پڕ کێشەو ڕووداوى پێنانووسرێ. ئەو زمانە جوانەو ئەو رستەو دەستەواژانەى لە (سارا) هەن زۆر جوان وڕێک وڕەوانن، بە زمانێکى شیعرئامێز داڕێژراون.

 کە (سارا )دەخوێنیتەوە دەکەوییە ناو پەخشانێکى ئەدەبی جوان، زمانێکى پاراو، خوێنەر تام و چێژلە زمانى دەربڕینەکە دەبینێت، ئەوەش کارامەیی ودەست ڕەنگینى وپاشخانێکى ئەدەبى وڕۆشنبیرى نووسەر دەردەخات لەو بوارە.

کتێب وخوێندنەوە بە تایبەتى پاش نسکۆى شۆڕشی ئەیلول، هێماو حەزو خولیاى زۆربەى گەنجان و خوێندکاران بوو، هۆیەکەشى پەیدابوونى چەندان بیرو باوەڕی چەپ، لەوانە دروستبوونى کۆمەلەى مارکسی لینینى کوردستان و بزووتنەوەى سۆسیالیستى کوردستان وچوونە شاخى حیزبى شیوعى. زۆربەى ئەو کەسانەى کە لە زەبرو زەنگى رژێم یاخى دەبوون زیاتر چینى گەنجان بوون، هەر گەنجێکیش دڵدارو (سارا)یەکى لە دواى خۆى جێهێشتبوو. نووسەر ممکنە خۆى پاڵەوانەکە بێت و، منیش کە دەیخوێنمەوە هەمان یادەوەریم هەیەو دەڵێم من پاڵەوانەکەمە. زۆربەمان کە چووینە دەرەوە و تەمەنێکى گەنجى خۆمان بە شۆڕش وبەرخودان بەخشى، پاشانیش بە نائومێدى گەڕاینەوەو (سارا)شمان لە دەست چوو.

نووسەر یا گێڕەرەوە باسی یادەوەرییەکانى سەردەمى کارى ڕێکخستن لە ناو شارەکان وزانکۆو قوتابخانەکان دەکات، کە ساراش بە هۆى کتێب وەرگرتنەوە دەخزێتە ناو شانە رێکخستنە نهێنییەکان وکتێب وخوێندنەوە، دەبێتە هاوڕێ وهاودەمى (ئەو ئازارەى کتێب دەیبەخشێ بە مرۆڤ، خەمێکى پیرۆزە، زامێکى ئاڵتوونییە، بوونى خۆشەویستى لە ناو کتێبەکاندا ئەندێشەى مرۆڤە گەورەکانە).

لە دیمەنێکى تردا دەگەڕێتەوە بۆ خۆپیشاندان وگوتنەوەى دروشمى بژى گەل حوکمڕانى گەل بۆ گەل وهەڵتەکاندنى دەسماڵی سوورو بڵند کردنى وێنەى گیڤارا.

پاشان یادەوەرى دەکەوێتە سەر بڕنۆ دار شووشەکەى باوکى و فیشەکدانەکەى و چەور کردنى بە ڕوونى قاز.

زۆر بە وردى باسى مەفرەزەیەک دەکات کە لە چالاکییەک گەڕاونەتەوەو ماندووهیلاکن، هەموویان بە جلى کۆنەو چڵکن وکۆڵە پشتێک کە نانێکى ڕەق وچەند کتێبێکى تێدابوو، زۆربەیان قوتابی زانکۆ بوون وجێیان هێشتبوو. یەک لە وانە بەرپرسی سیاسی مەفرەزەکە  کە ناوى (یاسین) بوو. رادیۆى (تۆشیبا) کە بە ڕادیۆى پێشمەرگە بەناو بانگ بووو زۆربەى مەفرەزە دانەیەکیان هەبوو.

دایکى خۆى لە (دایک)ى (مەکسیم گۆرکێ) بە گرنگتر دەزانى (دایکم لە سەرتەرمى برایەکەى دروشمى: بژى گەڵ حوکمڕانى بۆ گەلى دەگوتەوە). مەرگى کوڕە تاقانەکەى دایکمى بێدەنگ نەکرد، پارەى فیشەکەکەشیان لە دایکم  سەندەوە  کە بۆ کوڕە تاقانەکەى بە کاریان هێنابوو. بەبەر چاوى دایکمەوە باوکمیان گوڵلە بارانکرد، ساردبوونەوەیەک لە کۆششەکانى بەدى نەکرا، زیندان وسووکایەتى کردن بە دایکم نەیتوانى کۆڵی پێبدات. دایکم چى بەیانات وکۆنووسی ڕێکخستن هەبوو لە ژێر پشتێنەکەى خۆى حەشاردابوون.

وێناى هاتنى مەفرەزەى ناوەختى پێشمەرگە دەکات لە درەنگانى شەو، کە بە هێمنى وبە دزی لە دەرگا دەدەن، یان دەنگى سەگوەڕ کە ئاماژەیە بۆ هەبوونى جوولەیەک لە دێ.

ئیستاتیکاو جواننووسی و ڕستەو دەستەواژەى جوانى ناو نۆڤلێتەکە:

* سبەینێ دێمەوە لە عەڕشی تەنیاییمەوە لۆغانى چوارینەکانت دەڵێمەوە.

* پاییزێک هاتە ناو روحم و ژەنینى نەى  فێرکردم.

* پێویستە عەقلمان چەکدار بکەین بۆ شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەى تاریکى.

* ئەو یادانەم لێ مەستێنە منم شەوانە کڕنووش دەبەم.

* گوڵەکەم دەزانى چەند بە دیارخەیاڵەکانتەوە لە ڕکوع  دابووم و نوێژى ئیستیخارە م دەکرد.

* چەند پارچەى شکاوى گۆزەى سوور لە ڕۆخ کانییەکە

قەسیدەى بارانیان دەگوت.

* دەزانى من خوێنى غەریبەیەکى گەڕۆک وگەڕیدەیەکى شارەو شارم، لێرە من کەوتمە بۆسەى عاشق کوژەکان و، بە  زامەوە، بە گریانێکى غەریبییەوەو بە ئازارێکى زۆرەوە لە خاچیاندام.

* چنار دەڵێ: هەموو ئەو گەڵا وەریوانە م ، زەنگى نوێبوونەوەى ئەوینێکى دیکەى پێیە .

* زەرد بوون وخاشبوونى روحى درەختەکان سروود وگۆرانى نیشتیمانن. * مەسیحیش پێی وابوو خودا بەسەر شەپۆلەکاندا ڕەت دەبێ .

* گوڵدانى ڕەنگەکان بسکى مانگە شەوى شانە دەکرد.

* سروشتى بالا پۆشى شەو رۆیشتبوو، لە ڕۆخ ڕژانى تریفەى مانگەشەو کەنار گیرببوو .

*لە هەتاوێکدا وێنە سوورەکانى شۆڕشى پەخشان دەکرد.

* لە سرووشکى ئەو کوکوختییانە دەڕوانم کە بە دیار لۆغانى مانگەوە سەماى حەنینیان تێک نادەن .

* دێم بە تاڵێکى ئەوینت خۆم دەگرمەوە.

* دێم سەفای شەوە تاریکەکان ڕێک دەخەم و مۆمێکى دی بۆ شیعر پێدەکەم و لەشەڕابی سۆزت قومێ حەزت دەخۆمەوە .

تۆ لە سەر ڕەفەى هەناسەکانم دادەنێم.

* لە ناو ریتمى سیمفۆنیاکانى ئەویندا  تروسکاییەکان لە ژێر تاڵە پرچت دەشارمەوە.

* لە بڵندایی گەورەییتەوە دەڕوانمە  وشەکانت.

*  کەس شەهید بوونى زەنگ و چەهچەهەى بولبولەکانى گوێ لێنەگرت .

* چى گۆرانى ئەستێرەکان  بوو لە کەڕنەڤاڵی پەپولەدا خومارى نەغمەکانییان دایەوە باخچەکان .

* لە هەیوانى ئومێدەکانماندا چرای ئاوێزانمان داگیرساند .

* ئەو ئاوازەى کتێب دەیبەخشێت بۆ مرۆڤ خەمێکى پیرۆزە .

* کتێب ڕکابەرى بوونى کەون دەکات .

* کتێب دێتە ناو هەناوى روحە بزۆزەکان .

* کتێب ئەو سروش وئیلهامانە  وەردەگرێ ، کە بۆ پێغەمبەرەکان نەهاتوون .

* کتێب قەسیدەیەکى بێکۆتایی خوداییە .

* کتێب دێتە ناو هەناوى روحە بزۆزەکان .

* من لە رێزى برسییەکاندام ، لە تەنیشت قسەیەکى گیڤارادا ئەسرینم چەکدار کردووە .

* لە ماڵ دەرچوو تا ڕەنگى گۆرانییەکان لە سەر سینگى نیشتیمان بنەخشێنێت .

* رۆیشت تابێدەنگى مێژوو لەسەر ئاوێنە شکاوەکەى حەقیقەت وێنا بکات. * برینى من لە توخمى لەرینەوەى گوارەکانتدایە .

* مەمکى کانى بخاتەوە دەمى ئاسمان .

* بە دیار هاتنە خوارەوەى بەفر، دروودو پەیڤی شیعر دەبارێت .

* بۆ هەناسەیەکى با ، دەنگم ئاوێزانى بروسکەو سروشکى باران دەکەم .

* ئاخر من لە ئەزەلەوە هەر پارچە پارچە بووم .

* نووسینەوەى ئازارەکان لە شنەدا تێکستێکى مەریەمن بۆ خودا .

* چەقۆیەک خەریکە حەرفەکانى یادەوەریمان سەر دەبڕێت .

* بە شنەى زولفەکانتەوە دەلیلى شێت بوونى خەونەکانم دەدۆزمەوە .

* چیاکان لە هەڵاتنى خۆردا مێژووى ئێمەیان دەنووسییەوە .

دەست خۆش هاوڕێ وبرام کاک بەکر ئاڵەیی بۆ ئەو دیارییە بە نرخەى کە بۆت ناردم ، وشە وشەم خوێندەوە ، بە زمان ودەستەواژە جوانەکانت سەرسامم .....