شرۆڤە

چەمکە شیعرییەکان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین

ناڵە حەسەن

هەروەها شیعر بوونێکی گەردوونی هەیە و شاعیر لە ڕێگەی زمانی شیعرییەوە دەتوانێ قسە لەسەر هەر شتێک بکات و هەر وشەیەک بەکاربهێنێ، هەڵەیەکی گەورە دەکەین گەر وابزانین هەندێک لە وشەکان شیعری نین.

 

 

چەمکە شیعرییەکان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین

ناڵە حەسەن

بەشی دووەم :-                                                  

  • شیعر و (یاخیبوون)
  • شیعر لە نێوان (فۆرم و ناوەڕۆک) دا

 

  • شیعر و (یاخیبوون)

 

ئەگەر بمانەوێت بە کورتی قسە لەسەر یاخیبوون یان (یاخیبوون و شیعر) دا بەکەین، دەتوانین بڵێین، زۆربەی زۆری یاخیبوونەکان چ لە نێو ڕووبەری شیعر یان لەنێو ڕووبەرەکانیتری ژیان، هەست و کردەیەکە لە هۆشمەندییەوە یان لە پاشخانێکی مەعریفییەوە سەرچاوە دەگرێت. چونکە دواجار / یاخیبوون هەوڵێکە بۆ گوتنی (نا)یەک بە ڕووی ئێستا و بەڕووی هەموو ئەو هێز و دەسەڵاتانەی کە دەیانەوێت ژیان ناشیرین بکەن و بوون و بەهای مرۆڤبوون بخەنە ژێر پرسیارەوە...! هەروەها ژیان ئەوە دەخوازێ کە مرۆڤەکان هەمیشە بوونێکی یاخی بن چونکە لە یاخیبووندا / مرۆڤ دژی هەموو هێزێکی دەرەکی ڕادەوەستێت، نایەوێت بوونی داگیربکرێت و بوون و ڕۆڵی مێژووی خۆی لەدەست بدات و ببێتە کۆیلەیەکی ناکارا. بۆ بەردەوامبوونی ژیان و بوون یان بۆ ئەوەی مرۆڤ ناوەڕۆکێک بە ژیان و بوونی خۆی ببەخشێ پێویستی بە هەوڵدان و داهێنانە، چونکە داهێنان جەخت لەسەر ڕۆڵی سەرەکی بوونی مرۆڤ دەکاتەوە لەنێو ڕووبەر و ڕەوتی مێژوودا. واتە مرۆڤ بەبێ داهێنان ناتوانێ ناوەڕۆکێک بۆخۆی پەیدا بکات و شوناسێک بەدەستبهێنێ و ببێت بەوەی کە خۆی دەیخوازێت، تا ئێرە مانایەک بوو بۆ یاخیبوون بە شێوەیەکی گشتی، بەڵام لە پەیوەند بە شیعر و یاخیبوون / دەتوانین بڵێین، شاعیری داهێنەر هەمیشە جەخت لە ناڕازیبوون دەکاتەوە و (نەویستی هەبوو) دەستنیشان دەکات، مەبەستییەتی لە نەبوونەوە فۆرم و بوونێکی نوێ بهێنێتە بوون، دەتوانین بۆ ڕوونکردنەوەی مەبەستەکەمان (فەرید زامداری) شاعیر بەنموونە بهێنینەوە، کە لە کتێبی (گەیشتن بە ڕووبەری شیعر) بەدوورودرێژی باسمان لە یاخیبوونەکەیی و ئەزموونە جوودا و نوێخوازییەکەیان کردووە، (فەرید زامدار) لە سەرەتای شیعرێکی بە ناوی (دان پیانان)دا دەڵێت، (ژیان هەمیشە وتوویەتی "نا"...!)، یان لەسەرەتای کتێبێکی بەناوی (ئەنیما مۆندی) لە وتارێکدا دەڵێ، (من بەوەی کە هەیە ڕازینیم و بەدوای لەدەرەوەی ئەوەی "کە هەیە" دەگەڕێم ...!)، واتە بەڕۆشنی (نەویستنی هەبوو ) ی مەبەستە ، واتە (ڕەتکردنەوەی هەبوو) یان (ئەوەی کە هەیە...!)، بە مەبەستی بەرهەمهێنانی فۆرم و دەقێکی نوێ ، جیاواز لەوەی کە هەیە...! ئەو دوو دەربڕینەی (فەرید زامدار)، کڕۆکی یاخیبوون و نوێخوازیمان پێشان دەدات. چونکە هەموو شاعیرێکی نوێخواز و جودا لەهەمانکات شاعیر و بوونێکی یاخین، چونکە گەر ناڕازی نەبن بەوەی کە هەیە، ناتوانن جیاواز بنووسن و ناتوانن لەنەبوونەوە بوونێکی تر بەرهەمبێنن، چونکە گەر بەردەوام بن  لەسەر ئەوەی کە هەیە، بە هەمان زمان و فۆرمەوە، ئیتر بەشیوەیەک لە شێوەکان دەبێتە (لاساییکردنەوە نەک داهێنان ...!)، لاساییکرنەوەش / مانای ئەوەیە کە تاکەکان دەسەڵات و توانا و بەهرەی خۆیان خەفە دەکەن و لە چاو و دیدگای کەسانیترەوە دەڕوانن و دەبینن ...! ونکردنی توانا و بڕستی خود بەمانای خۆشڵکردنە یان ڕێگەدانە بەوەی کەسانیتر بوونی کۆنترۆل بکەن، ئەمەش نامۆبوونە و لە بەشی (شیعر و نامۆبوون) دا قسەمان لەبارەیەوە کردووە. چونکە لەم باروزروفانەدا مرۆڤ ئازادی و سەربەستی خۆی لەدەست دەدات. وە ئەوەش ڕوونە کە تاکو مرۆڤ ئازاد و سەربەست نەبێت، توانای زاڵبوونی بەسەر حەز و خەون و ئارەزووەکانیدا نابێت. دەمەوێت پێ لەسەرئەوە دابگرم کە ڕەتکردنەوەی هەبوو، ئەگەر لاسایکردنەوەش نەبێت، (دووبارەکردنەوەی خودە)، واتە بەردەوامبوون لەسەر یەک فۆرم و شێوە زمان و یەک شیواز . تەنانەت ئەگەر داهێنانیش لە دەقەکاندا هەبێت بەڵام، ناچێتە ڕووبەری نوێخوازییەوە، چونکە دەتوانین بڵێین (هەموو نوێخوازییەک داهێنانە بەڵام هەموو داهێنانێک مەرچ نییە نوێ بێت!) لەسەر ئاستی ئەدەبی جیهانیش زۆرن ئەوکەسانەی کە جێ پەنجەیان دیارە لە مێژووی شیعر و ئەدەب دا و ڕۆڵیان هەبووە لە بنیاتنان و بەرهەمهێنانی بیرکردنەوە و قۆناغێکی نوێ، ئەوانەش وەک کەسانی یاخی و ناڕازی و نەویستی هەبوو، لەوانە (بۆدلێر، مالارمێ، ڕامبۆ، ئازرا پاوەند، ئەدۆنیس و زۆرانیتر) بۆ نموونە (ستیڤان مالارمێ) لە نێو هەوڵ و داهێنانەکانیدا، ئامانجی ئەوەبوو کە شیعر لە کۆتوبەندی هەموو ئەو ستایل و دەربڕینە تەقلیدییانەی کە شاعیرانە نین ئازاد بکات، یان گوێی بە فۆڕمی شیعری ئاسایی نەدەدا! ئەو زێتر گرینگی بە وشە دەدا، هەوڵی دەدا وشەی نوێ و ئەفسونئامێز بەکار بهێنێ و جیاواز بنووسێت، یان ئەدۆنیس، هەمیشە لەنێو نووسین و دیمانە و داهێنانەکانیدا لە هەوڵی ئەوەدا بوو کە ڕەخنە لە (هەبوو) بگرێت و ئاسۆکانی بیرکردنەوە بۆ شیعر و نووسین و داهێنان بگۆڕێت! لێرەدا ئەوە دەبینین کە لەنێو ڕووبەری شیعر و داهێناندا ڕەتکردنەوە و ناڕازیبوون بەوەی کە هەیە واتە (یاخیبوون) / پێشمەرجی نوێخوازی و داهێنانە! 

  • شیعر لە نێوان (فۆرم و ناوەڕۆک) دا

هەموو دەقیکی شیعری وەک هەر هەبوویەکیتر لە فۆرم و ناوەڕۆک پێک دێت، ئەگەر لەڕووی بوونگەرییەوە سەیری بکەین دەتوانین بڵێین / فۆرم بوونێکی دیاری هەیە و ناوەڕۆکیش بوونێکی نادیار، ناوەڕۆک ئەو بوونە نادیارەیە لە ئەنجامی خوێندنەوە دەردەکەوێت. دەرکەوتنەکەش (زۆربەیکات) لە خوێنەرێکەوە بۆ خوێنەرێکی تر جیاواز دەبێ. یان ڕەنگە لای هەندێک خوێنەر هەر دەرنەکەوێت و بە نادیاری بمێنێتەوە. چونکە لە بنەڕەتدا دەقی شیعری لەنێو ڕووبەرێکی نادیار و تاریک دێتە بوون، شاعیری نوێگەر (بۆ ڕووناککردنەوەی ئەو تاریکییە، دێت هەموو تاریکییەکە دەگوازێتەوە بۆ نێو دەقەکەی!)، ئەوە خوێنەرە لە ڕێگای مەعریفە و تواناکانی خۆیەوە، لەڕێگای خوێندنەوە و قووڵبوونەوە تیشک دەخاتە سەر ئەو رووبەرە تاریکە و هەوڵی دەرکەوتنی دەدات. چونکە شاعیر / لەنێو ئەم ڕووبەرە نادیار و تاریکە زمان دەخاتە گەڕ بۆ گواستنەوەی مەعریفە و گوتنەکانی نێو ئەو تاریکییە بۆنێو دەق ، خوێنەریش لەسەریەتی مەعریفە و تواناکانی خوی بخاتە گەڕ بۆ ڕوونککردنەوەی ئەو ڕووبەرە، چونکە شیعر جووڵەیەکی بەردەوامە لەنێو پڕۆسەیەکی ئیستاتیکایی، بۆیە / ناتوانێ ناوەڕۆکێکی دیار و نەگۆڕی هەبێت. دەکرێ لای هەندێک خوێنەر ناوەڕۆک هەر بە نادیاری و تاریکی بمێنێتەوە، چونکە هیچ دەقێک وەک بوونێکی سەربەخۆ ، هەڵگری ناوەڕۆکێکی دیار و پێشوەختە نییە، ئەگەر ژیان وەک دەقێکی شیعری وەربگرین، لە بنەڕەتەوە (خاڵییە لە مانا ) و ناوەڕۆک، ئەوە مرۆڤەکانن لە ڕێگەی بیرکردنەوە و داهێنانەکانییان، ماناو ناوەڕۆکێک بە ژیان دەبەخشن دیارە بۆ (جیهان و گەردوونیش) بە هەمانشێوە، نەک هەر ئەوەندە / شاعیر بۆ بەرهەمهێنانی دەقێک هەموو وشە و چەمک و دەستەواژە و هێماکان خاڵی دەکاتەوە لە مانا پێشوەختەکان و لە مانا فەرهەنگییەکان. لە پڕۆسەیەکی داهێنەرانە چەمک و وشەکان هەڵدەوەشێنێتەوە و دووبارە بنیادییان دەنێتەوە  لە پەیوەندییەکی نوێ و بە ناوەڕۆکێکی نوێوە، بۆیە دەڵێین / لەوانەیە بەسانایی ناوەڕۆکی دەقەکان دەرنەکەون، کۆد و هێماکان بە سانایی نەکرێنەوە، یان دەرکەوتن و ناوەڕۆکەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جودا دەردەکەوێ، تەنانەت / جیاواز لە گەڵ دەرکەوتن لەلای خودی نووسەری دەقەکەش، چونکە نووسەری دەق لە کاتی نووسینی دەقەکە (ئەوی شاعیرە)، لە چرکەی دوای تەواوبوونی دەقەکە دەبێتە (ئەوی خوێنەر)، وەک هەر خوێنەرێکی دی هەوڵ دەدات ناوەڕۆکی دەقەکە بەدیار بخات و خوێندنەوەیەکی بۆ دەقەکە هەبێت! پەیوەندی فۆرم و ناوەڕۆک پەیوەندییەکی هاوتەریب و دانەبڕاوە، هەروەک لای فۆرمالیستەکان (ئەم دووانەیان واتە "شێوە و ناوەڕۆک" یان لە بەرزترین ئاستدا ڕاگرتووە، بە بڕوای ئەوان (ناوەڕۆک بە تەواوی بزوێنەری شێوەیە ...!)، بەبڕوای من دەیانەوێت بڵێن / هەموو ئەو فۆڕمانەی ئاستێکی بەرزی جوانییان بەرجەستە کردووە، ناوەڕۆکێکی جوانیش بەرجەستە دەکەن هەرچەندە ناوەڕۆکەکە نادیاریش بێت، کەواتە / هیچ فۆرمێکی جوان نییە ناوەڕۆکێکی جوانیشی نەبێت...! واتە / ناوەڕۆک بە نادیاری بزواندن و کردە و کاریخۆی دەکات،  لە گریمانەیەکدا / ئەگەر دەقێک فۆرمێکی جوانی هەبوو بەڵام، ناوەڕۆکەکەی بە توانا مەعریفیی و سەلیقە شیعرییەکەی خوێنەرێک دەرنەکەوت و بە نادیاری مایەوە، ڕەنگە ( ئەو خوێنەرە یان هەندێک لە خوێنەرەکان بڵێن / ئەم دەقە تەمومژاییەوە و هیچ مانا و ناوەڕۆکێکی نییە...!)، هەروەکو گوتمان / هیچ دەقێک بێناوەڕۆک نییە بەڵام ، ناوەڕۆک بوونێکی نادیاری هەیە، ئەگەر لای کەسێک وا دەرکەوت ئەو دەقە بێناوەڕۆک و بێمانایە ، دەکرێ  (یەکێک) لە مانا و ناوەڕۆکەکەی ئەوەبێت کە (ئەم دەقە بێمانا و بێناوەڕۆکە...!)، چونکە ئەوە (خوێندنەوەی کەسێکە) یان خوێنەرێکە بۆ ئەو دەقە! دەکرێ ئەوەش یەکێک بێت لە خوێندنەوەکان...! یان یەکێک لە مانا و ناوەڕۆکەکەی ئەوە بێت! دەکرێ ئاسایی بێ کە نەتوانین تیشک بخەینە سەر تاریکایی دەقێک و ناوەڕۆکەکەی دەربخەین ، بەڵام ئەوە ئاسایی نییە، کە بڵێین / ئەو دەقە دەقێکی بێمانا و بێ ناوەڕۆکە چونکە تەمومژاوییە، یان شاعیر ڕەچاوی سیستەمی ڕیزمانی و خاڵبەندی نەکردوو ، بە بڕوای من / بەر لەهەر شتێک دەستەواژەی (تەمومژ)، بۆ دەقی شیعری دەستەواژەیەکی نادروستە، من دەمێکە لە دیمانەکان و نووسینەکانم زێتر لە جارێک ئەم دەستەواژەم ڕەتکردۆتەوە، چونکە / هۆکارەکەش ئەوەبووە کە /  هیچ دەقێک تەمومژاوەی نییە، ئەوە (چڕبوونەوەی زمانە) لە ئاستێکی بەرزدا نەک تەمومژ! یان ئەوە  توندوتۆڵی پەیوەندییەکانی نێوان وشە و چەمک و هێماکانە نەک تەمومژ! واتە / داهێنەرانە هونەرکاریکردنە لە زمان! دەبێ ئەوەمان لەبیر بێت کە / شیعر لەبنەڕەتدا ئیشکردنە لەسەر زمان و بایەخدانە بە بنیادەکانی زمان بەڵام، لەچوارچێوەی زمانی شیعری و ڕووبەری شیعردا. هەروەها شاعیر بۆ بەرهەمهێنانی دەقێکی نوێ یان هەردەقێک / تەواو سەربەست و ئازادە لە بەرامبەر زمان، دەتوانێ پابەند نەبێت بە سیستەمی ڕێزمانی و خاڵبەندی و بە هیچ جۆرە سیستەمێک، بۆئەوەی تەواو دەست ئاوەڵاو کراوە بێت! وەک چۆن / شاعیر پێویستە ئازاد و سەربەست بێت لە بەرامبەر بەکارهێنانی زمان و یان بوونێکی ئازاد بێت و نەکەوێتە ژێر کاریگەری هیچ دەسەڵات و هێز و بوونێکی دەرەکی، بەهەمانشێوە / زمانیش بە هەموو وشە و چەمک و دەستەواژە شیعرییەکانەوە دەبێ ئازاد بن و ڕووتببنەوە لە هەموو مانا پێشوەختەکان و مانا فەرهەنگییەکان، دەمەوێت ئەوە بڵێم / وەکچۆن کۆرپە لە چرکەساتی لەدایکبوون ڕووتوقووت هەڵگری هیچ ناوەڕۆک و شوناسێک نییە، وشە و چەمکە شیعرییەکانیش لەنێو زمانی شیعریدا بەهەمانشێوە! چونکە (ناشێت ناوەڕۆک بە ئاسانی بچەسپێندرێ ، هەروەک ناشێت هەرگیز مانا ئامادەبوونێکی تەواوی هەبێت لە هیچ تاکە ئاماژەیەکدا بەڵکو مانا یان ناوەڕۆک زێتر جۆرێکە لە جووڵە و پڕیشکدانەوەی بەردەوامی نێوان ئامادەبوون و نائامادەبوون!)، هەروەها شیعر بوونێکی گەردوونی هەیە و شاعیر لە ڕێگەی زمانی شیعرییەوە دەتوانێ قسە لەسەر هەر شتێک بکات و هەر وشەیەک بەکاربهێنێ، هەڵەیەکی گەورە دەکەین گەر وابزانین هەندێک لە وشەکان شیعری نین، وا پێویست دەکات شاعیر خۆی لە بەکارهێنانی ئەو وشانە بە دووربگرێ! یان بەهۆی مانا فەرهەنگی و ناوەڕۆکە پێشوەختەکان خوێندنەوە بۆ وشە و چەمکەکان بکەین. مەبەستمە ئەوە بڵێم / کاتێک لە دەقێکدا  وشەی (حۆری) ببینین خەیاڵمان بۆ (بەهەشت)  و  وشەی (جەلاد)یش خەیاڵمان بۆ (زیندان) بڕوات! ئێمە گوتمان / بۆ نووسینی دەقێکی نوێ دەبێت وشەکان لە ناوەڕۆکە کۆنەکان بەتاڵبکەینەوە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی تازە لەنێو وشە و چەمکەکان و دەستەواژەکان دابمەزرێنین ...! جا ئەگەر بێت و دەقێک ڕەتکەینەوە بە دەلیلی تەمومژاوی و نادیاری و دەرنەکەوتنی ناوەڕۆك / ئەوە دڵنیاتان دەکەمەوە کە ئێمە لەبەرامبەر ڕەخنەیەکی جدی و (لە بەرامبەر شەڕێکی فکریدا نین!)، چونکە هەموو تێکستێک بریتییە لە / بونیادێکی ئیستاتیکی نێو ڕووبەر و قەوارەیەکی زمانەوانی، هەروەک لە کتێبی ( تیۆری ئەدەبی ) تێری ئیگڵتن دا هاتووە (مانای ڕستەیەک بەردەوام شتێکە لە چاوەڕوانی هاتن دایە ، واتە شتێکی دواخراو یان هێشتا چاوەڕێکراو (دالێک) واتە وشەیەک من دەداتە دەستی دالێکی تر، ئەویش بە دالێکی ترم دەسپێرێ، مانا پێشترەکان لەلایەن ماناکانی دواترەوە (هەموار) دەکرێنەوە، سەرباری ئەوەش / کە ڕستەیەک کۆتایی دێت ، بەڵام زمان خۆی کۆتایی نایەت، هەمیشە مانای زێتر هەیە کە مانای یەکەمی لێیەوە هاتووە!)، بۆ نموونە ئەگەر بڵێین (شادی) مانای چییە؟ دەکرێ بڵێین (دڵخۆشی) دەکرێ دڵخۆشی مانایەک بێت بۆ شادی بەڵام، دڵخۆشیش خۆی وشەیەکە بەدوای مانایتردا دەگەڕێت، بۆیە لەسەرەوە هاتووە (دالێک من دەداتە دەستی دالێکی تر و ئەویش بە دالێکیترم دەسپێری!)، چونکە لە بنەڕەتدا ناوەڕۆک و ماناکان کۆتاییان پێنایە، هەروەها باکڕاوند و مەعریفەی شاعیر دەبێتە چوارچێوەیەکی تیۆریزەکراوی فیکری و فەلسەفی لەنێو ڕووبەری نادیاری دەقدا، چونکە شاعیر لەنێو پڕۆسەیەکی داهێنان و نوێگەردا لەنێو بونیادی دەق جیهانێکی تازە و جیهانێکی تایبەت بە خۆیمان پێشکەش دەکات. دواجاریش / ئەوە خوێنەرە دەتوانێ ئەو جیهانە نوێیە و نادیارە کەشف بکات. هەروەها هەر دەقێکی شیعریش لەنێو ڕووبەرێکی نادیاردا بوونێکی کراوەو بەردەوامی هەیە.

 

تێبینی:- بۆ نووسینی ئەم بەشەش سوودمان لەم سەرچاوانەی خوارەوە بینیوە

  • کتێبی (بوون و داهێنان) نووسینی / د.محەمەد کەمال
  • کتێبی (تیۆری ئەدەبی) نووسینی / تێری ئیگڵتن، و / عەتا قەرەداغی
  • کتێبی (لە دیارەوە بۆ نادیار) نووسینی / بەختیار عەلی
  • کتێبی (ئەفسانەی سیزیف) نووسینی / ئەلبێر کامۆ، و / ئازاد بەرزنجی