شرۆڤە

وەرگێڕانى پێچەوانە

عەباس جەمیل جێماو

شتێک هەیە پێی ئەوترێت وەرگێڕانی پێچە‌وانە، وەرگێڕمان هەیە نزیکەی 70 کتێبی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، بێ ئەوەی جارێک بیری لەوە کردبێتەوە کتێبێکی کوردی وەربگێڕێتە سەر زمانێکی تر، ئایا ئەمە بۆ خۆی دەلالەت لەوە ناکات کە کاکی وەرگێڕ زمانزان نیە و  یان خەڵکی بەگەمژە دەزانێ.

 

وەرگێڕانى پێچەوانە

جەنگێک لەگەڵ رۆشنبیرى ساختەکار

عەباس جەمیل جێماو

هەموو شتێک سنووری خۆی هەیە، سیاسەت، پەیوەندیی، ئارامگری، زێدەڕۆیی، منجڕی کردن لە بەهەڵەدا بردنی خوێنەر بەبیانووی خزمەتکردنی ئەدەبیاتی کوردی و گرنگیدان بە زمان و کولتوورەکەى، جەنگێک کە یەخەى خوێنەرى کوردى گرتووە.

لێرە بەدواوە کە دەبینین ئەو بەناو خزمەتە زیانی زیاترە لە سوود، کەواتە ئیتر دەبێ بەو ئاراستەیە و بەو رێکەوتنەی نێوان بەناو وەرگێڕ و بەناو خزمەتکارانەی ئەدەب و زمانی کوردی بڵێین ستۆپ، ئیتر بەسە ژەهر دەرخواردی خوێنەری کورد دەدەن بەناوی خزمەت، ئیتر بەسە ئەم پاشاگەردانیەی، کە بەناو دەزگا چاپەمەنی و دەزگا رۆشنبیرییەکانەوە دەیکەن، کە بەئاقارى خزمەتکردنی گروپچێتی و شارچێتی و حیزبچێتی پەلیهاویشتووە. 

لەبەرامبەردا بڵێَین کاتێتی وەرگێڕانی دەقی بیانی بوەستێت و وەرگێڕانی پێچەوانەوە بکرێتە هەڵمەت و خزمەت بە کتێبخانەی کوردی، بەواتاى دەوڵەمەندکردی کتێبخانەی بیانی و عەرەب و فارس و تورکی و هتد، بە کتێبی کوردی بەڵام بە زمانی ئەوان، ئەمەش هەم بۆ ئەوان باشترە و دەمانناسن، هەم بۆ جالیەی کوردی و هەم بۆ خزمەتی ئینسانی و هەم بۆ ئەو وزە و توانا کوردیانەی، کە جگە لە کورد کەس نایانناسێ.

ئەڵبەت من بەو رەهاییەش قسە ناکەم، کە توانایی زۆرێک لە وەرگێڕەکان سفر بکەمەوە، بەڵکو ئەگەر سەردەمێک ئەوان نەبونایە ئاگامان لە ئەدەبیات و رۆشنبیری گەلان نەدەبوو، بەڵام ئیتر بەسە، لەپەناى ئەم توانایانەوە ژەهر لە کتێبخانەی کوردی بڕێژن.

هاوکات بەدەر لەموجامەلە یان هێرشکردنەسەر لایەک، دەمەوێت لەکۆى قسەکان بەڵانسى ویژدان سەنگى مەحەک بێ و بۆ هەر تەوەرێک بەپێی داتا و ئیتیکى نووسین، ئاماژەیان پێ بکەین، سەرەتاییترین تەوەرى ئەم بابەتەیش، ئاماژەدان بەبیرۆکەى (وەرگێڕانى پێچەوانەیە)، کە دواى ئەوەى تێگەیشتم چەند ساڵێک لەمەوبەر سمکۆ محەمەدى نوسەر و رۆژنامەنووس ئەم تەرحەى کردبوو، پاشان  هونەرمەندى شانۆکار یوسف مەنتک لەئاکاونتى فیسبووکى خۆى، بەویژدانەوە باسى بابەتێک کردووە جارێکى تر بابەتەکە سەرنجى راکێشام بۆ نووسین، کە گروپێک چۆن بەناهەق خەونەکانى نووسەر لەچاڵ دەنێن، بەکەڵک وەرگرتن لە بیرۆکەکەى و لەجیاتى برەودان بەو پرۆژەیەو بەنیشتیمانى کردنى، خراپ کەڵکیان لێوەرگرت و بەشەخسەنە کرا، هەروەک چۆن لەرابووردا چەندین دەزگاى زەبەلاحى وەک (ئاراس و سەردەم) و (ئینستیتۆى کەلەپورى کورد لەسلێمانى) و هتد. لەبرى خزمەتکردنى گشتى، خرانە خزمەت چەند کەسێکەوە.

زۆر جار دەبینین لە وەرگێڕانی دەقێکی بیانیدا، کێشەی هەرە گەورەی وەرگێڕان، دەستەوەستانى وەرگێڕە یان زاڵنەبوونێتى‌ لەگەیاندنی ماهیەت و بونیادە جەوهەرییەکانی دەقە وەرگێڕدڕاوەکە، بۆ وشە و مەبەستەکانی دەقە بنەڕەتییەکە، لەکاتێکدا هەر زمانێک دەگەڕێتەوە بۆ رۆشنبیرییەکی تایبەت و دیاریکراو، کە دواتر وەرگێڕ وشەکە دەگوازێتەوە بۆ زمانێکی تر، هەروەها نزیککردنەوەی ئەو رۆشنبیرییە و سوودوەرگرتن لەکارشناسی یەکتر لەزمانەکان، لەچوارچێوەی کرداری گواستنەوەی بابەتی پشتبەستوو بەبنەما زانستییەکانی زمانزانی و زمانەوانی و لکاندنی بە زانیارییەکانەوە.

 بەڵام دەبینین زیاتر لە نیو سەدەیە وەرگێڕی ئێمە ناتوانێت ئەو وشەیە بگوازێتەوە بەشێوە کاریگەرەکەی، کە بتوانێت هەستی خاوەن وشەکە وەک خۆی بگوازێتەوە بۆ زمانە دیاریکراوەکەی کە مەبەستێتی، یان ناتوانێ کورد بناسێنێ، دێن چەند رەهەندێک وەردەگرێت، ئەویش یان ئەوەتا نایانەوێ دەقی کوردی بناسرێ، یان نایانەوێ بیسەلمێنن زمان نازانن، یان نایانەوێ توانا و بەهرەى نووسەرەکان بناسرێ بەئەوانی تر، وەڵامەکە هەر کام لەو رەهەندانە بێ، وڵامێکی لاوازە و قانیع پێکەر نییە.

هاوکات ئێمە شاهیدی ئەوەین، کە لەدوای سالی 1991 تا ئاستێکى باش ئەدەب و رۆشنبیری و نووسینی کوردی ئازادییەکی بە خۆیەوە بینی، کەچی لەپەنا ئەم ئازادییەوە دونیایەک هەڵەی زمانەوانی و ئیدیۆمى بێ مانا لە وەرگێڕانی ئەو دەقانە بینران و دواتر شاردرانەوە.

لەم روانگەوە بۆ زیاتر قسەکردن لەسەر جۆرەکانى کەتنى ئەدەبی و  بەربەست و رێگرییەکانى بەردەم کارى جدى و کوشتنى سەلیقە و  توانا کەسیەکان و  گاڵتەجارییەکانى گروپچێتى و شارچێتى و حیزبچێتى و چەند تەوەرێکى تر دەخەینە روو لە میانى چەند چاپتەرێکدا.

- لەخشتەبردنی خوێنەر

 ئەوەی لە زۆرێک لە وەرگێری کوردی دەبینین، ئەوەیە تەنها زمانە سەرەکییەکەی زمانزانی شارەزایە ئەویش بەکەمی، بۆ نموونە ئەوان هیچیان گرنگى بەئیدیۆمی زمانەکانی تر نادەن یان شارەزا نیین، هەروەها ئەفسانە و شێوەزارو بن زمانەکانی تر نازانن، لەکاتێکدا هەمووان ئەوە دەزانیین هەر دەقێکی رەسەن پڕیەتی لە ئەفسانە و شێوەزارو ئیدیۆمی ئەو زمانانە، کەچی خوێنەری کورد شارەزاییەکی لەو کۆدە زمانەوانیانە وەرنەگرتووە، کە وەرگێری کوردی پێی بەخشیوە، بەم هۆیەوە زۆرێک لە وەرگێڕەکان لە زۆر بۆنەى ئەدەبیدا رووبەڕووى شەرم و رەخنەی توند دەکاتەوە، بۆ نموونە.

  • لە وەرگێڕانی بەشێک لە کتێبی (تاجر و البندقیە)ی شکسپیر لەیەکەم وشەوە، وەرگێڕ وەک گەمژەیەک پێناسەی ئاستی وشیاری و رۆشنفیکری خۆی دەکات، رووی راستەقینەی خۆی لەناونیشانی کتێبەکەوە دەخاتەڕوو و بەسەقەتی تەرجەمەی دەکات، لەژێر ناوی (بازرگان و تفەنگ(، کە ئەمە دەیان جار لە کۆنفرانس و ڤیستیڤاڵەکان و نوسین بەکۆمیدیا باسکراوە.
  • لە وەرگێڕانی کتێبی (الرجال یحلقون فی السما‌ء) کە دەکرێتە کوردی بەشێوەیەکى گاڵتەجاڕی (پیاوەکان لە ئاسمان تەراش ئەکەن.
  • کتێبی (ئا‌نا کارنینا)ى لیۆ تۆلستۆی دەکرێتە (من و کارنینا(.
  • کتێبی (جانتا)ی بزورگی عەلەوی، کە لەکۆمەڵە چیرۆکێک پێک دێت، کە لەخانەی اربیل بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە دوای وەرگێڕانی چاپ دەکرێت، پاش خوێندنەوەی دەقە بنەڕەتییەکەی ئەتوانی هەزار و یەک سوێند بخۆیت، کە ئەمە نەئیشی عەلەوییە و نەکاری ئەو بێت، هەروەها لەکوردیش ناچێت هێند بەسەقەتی تەرجەمە کراوە، بەتایبەت لەرووی زمانەوە.

یان بەدەیان جار بینیومانە وەرگێڕەکان داماون بەدەست وشەیەکی کەلەپوری کوردییەوە کە بنەمای زمانە، بۆ نمونە لەبرى بەکارهێنانى وشەی پوش، نووسیویانە گیای وشک.

هەروەها چەندین نموونەی تر هەیە لەو هەڵمەتى وەرگێڕانەی زمانەکانی دیکە بۆ کوردی بەبێ هیچ فلتەرێک چاپ کراون.

بەدەر لەمانە کە نامەوێ زۆرى لەسەر بڕۆم، نموونەى ریزبەندى ناوى شاعیرەکانى ئێستا و ئەوانەى پێش ئێمە، دەبینیت لە کتێبی (ئەنتۆلۆژیاى شیعری کوردى) ناوى کەسانێکى ئاست نزم لە نووسینى شیعردا پێش ناوى مەحوى دێت، ئەبێ ئەم هەوڵە نەزۆکە چى ناوێکى لێ بنرێت..!؟

هەروەها لە (ئەنتۆلۆژیاى چیرۆکى کوردى) هەمان شت، کە لەنووسینى د. هیمداد حۆسێنی، هەڵەى لۆژیکى هەیە. 

باشە ئەبێ منی خوێنەر چ گوناهێکم کردبێ وا بەم دەردەمان ببەن و لەبری چێژی زیهنی و ئاشنابوون بە دەورووبەر، ئەم هەموو ژەهرەمان دەرخوارد بدەن.

لەهەمووشی ناشیرینتر پڕۆسەى بەچاپگەیاندنى سەدان کتێبی کرچ و کاڵ و درووستکردنى سەدان کۆلکە نووسەر، لە ئەنجامى ئەو ململانێ حیزبی و شارچێتییەى، کە لەناو یەکێتى نووسەرانى کورد دەکرا، لەپەنا پەردەى زیاد کردنى ئەندام و فراوانکردنى فەزاکە، سەرەتاییترین مەرجى وەرگرتنى ئەندام لەریزى یەکێتى نووسەران و ناساندنیان وەک نووسەر، چاپکردنى کتێبە و دەبێ دوو کتێب کەمترى نەبێ، کە ئەمەش بۆ خۆى حەشاماتێکى کۆلکە نووسەرى لە ناو کایەکە قیت کردەوەو وەک نووسەر ناساندنى و پێناسی ئەندامێتیشی بۆ درووست کردن، ئەمە لە هەردوو سەندیکاى رۆژنامەنووسان و هونەرمەندانیش پەیڕەوکرا، کە زیاتر بۆ مەبەستى بەدەستهێنانى دەنگبوو، کە لەکاتى کۆنفرانس و کۆنگرەکاندا دەنگى پێویست مسۆگەر بکەن.

 

- دەزگا چاپەمەنییەکان و دوکانى کتێب

سەرباری ئەو شەڕ فرۆشانە، کە یەخە بەرەوتەکە بەرنادەن، سەردەمێکی ناجۆر هاتۆتە ئاراوە لە سلێمانی و هەولێر، بێ گەڕانەوە بۆ هیچ پڕەنسیپێکی زانستی یان بێ گوێدانە ئیتیکی رۆشنگەری، کۆمەڵێک گەنجی نەخوێنەواریان هێناوەتە کایەوەو دەزگای چاپەمەنیان بۆ کراوەتەوە و بەبێ شارەزایى و ئەزموون کتێب چاپ ئەکەن بێ هیچ پێشینەیەکی رۆشنبیری، لەکاتێکدا کاری لەم جۆرە پیویستی بە توانای رۆشنبیری و خوێنەری بەتوانا و ئەکادیمی هەیە، کە ببنە بۆردی رۆشنبیری و لە پشتی ئەو دامەزراوانەوە بن، هەر ئەوەی ماوەیەک بینیمان‌ تەنها بۆ بازار گەرمکردن و کتێب فرۆشتن بە خوێنەری داماوی کورد، ئەویش کتێبەکانی‌ مەولانای رۆمی و کافکا و عەزیز نەسین و.. هتد، ئەمە جگە لەوەى هیچ کامێک لەو کتێبانەى چاپکراون فلتەرى زمانەوانیان نەبینیوە و هیچ زانیاریەکیشیان لەسەر کتێبەکە نییە، ئەو نەوەیەى کە هاتوون دەزگایان بۆ کراوەتەوە، بنەچەیەک و بونیادێکى رۆشنبیرى کۆنى سەردەمى هەشتاکان و حەفتاکانیان نییە.

- پێداگیری لەسەر بە تەرجەمە کردنی دەقی کوردی

پێ دەچێت کێشە کەڵەکە بووەکانی رەوتی رۆشنگەری لە ئێستادا چەندایەتی نەبێت، بەڵکو چۆنایەتی و جۆری بێت، بەوپێیەى کە کەیسەکان بەگشتى دەستی بەسەردا گیراوە، یان بێدەنگ کراون یان رێگری لە ئاشکرابوونى کراوە بۆ دەرەوەی خۆمان، کە تێیدا دەخولێتەوە، ئەگەرچى پێشتر دەبینین هەنگاو نەنراوە بۆ بەناساندنی رۆشنبیری کوردی چ وەک عەقڵ و فیکری و ئەدەبییەکان یان لەرووی کەڵچەر و ئەو فرەییەی لەناوچەکەدا بوونی هەیە.

بۆیە کاتێک ئێمە پەنجە لەسەر ئەم بابەتە دادەنێین، خەڵکانێک بۆ داپۆشینی دزییە ئەدەبیە‌کانیان و شاردنەوەی راستییەکان، ئەم بیرۆکەیە وا ناو دەنێن، کە گوایە ئەم فەرزکردنە بەسەر وەرگێڕدا بیرۆکەیەکی دیکتاتۆریانەیە، لەکاتێکدا مەگەر بۆ ئەوەی تر، ئەو لێشاوی وەرگێڕانە لەزمانەکانی ترەوە بۆ کوردی دکتاتۆریانە نییە، کە ژەهر دەرخواردی خوێنەری کورد بدەن..!؟

تێرمان خوارد لەم قسانە و ئەبێ کەی بناسرێین، لەو بڕوایەدام بەشێک لەو رێگریانە بۆ ئاشکرا نەبوونى گزى ئەدەبى کوردییە لە ئەدەبی ئەوروپی و عەرەبى و فارسى و هتد، هەروەها لە بوارەکانى تر، بەشەکەى تریش مەترسى توانایە لەبەرامبەر توانا جددیەکان.

لەمبارەوە بەپێویستی دەزانم وەکو وەڵامدانەوەیەک، ئەم راستییانە بخەمەروو.

  • گرنگیدان بە ئاسایشی نەتەوەیی لەرووی ناساندنی شارستانیەت و شوناسی فیکری و مەعریفی و هەروەها کەلەپوور و کەڵچەر و شوناس و فرەیی و ئاستی رۆشنبیری.
  • بەجیهانی کردنی توانای کەسی و ناساندنیان لە ناوەندە فیکری و رۆشنبیرییەکانی جیهاندا.
  • رزگارکردنی شاندی کوردی لەو شەرمەزاریەی، کە لەبۆنە و هەماهەنگیە‌ نێودەوڵەتیەکان، لەدەرەوەی وڵات سازدەدرێت، بەتایبەتی وڵاتانی عەەربی و فارس و تورک، کە زۆر نزیکن لە کوردەوە، کە زۆر جار نەیانتوانیوە وەکو پێویست وەڵامیان هەبێ، بەهۆی درێژەکێشانی ئەم دەردەوە، کە پێداگیری لێ دەکەین.
  • رزگارکردنی کولتور و رۆشنبیر‌یی کوردی وەک زەمینەسازییەک بۆ فەراهەمکردنی بونیادە مەعریفییەکان بۆ نەوەکانی ئایندە، کە بەنیازن لەدەرەوەى وڵات بخوێنن.
  • دەرگا کردنەوە لەسەر خۆمان و دەربازبوون لەو گۆشەگیرییەی، کە ‌رۆشنبیرى کوردى قەتیس کردووە لە گۆشەیەکی جوگرافی.
  • هەڵماڵین و ئاشکرا کردنی ئەو هەموو ئیقتیباس و گزیانەی، کە لەئەنجامی نەناسینی دەقەکان لەلایەن ئەوانەوە (خەڵکی بیانی.. زمانەکانی تر)، چونکە ئەگەر بەزمانی خۆیان شتەکانی ئێمە نەخوێننەوە، لەهیچی ئێمە ناگەن و نازانن چ کارەساتێکی ئەدەبی و رۆشنبیری روویداوە.

 

- وەرگێڕانی چەند بارە

لێرەدا ئەوەی جێی سەرسووڕمان بێ، وەرگێڕانی چەند بارەیە، کە وەک خویەکی گاڵتەجاڕی سەریهەڵداوە لەنێو زۆرێک لە وەرگێڕەکان، نموونەی کتێبەکانی (جەنگیز ئەتیمانۆڤ، عەزیز نەسین، سینۆهە، کتێبی دایک، هەروەها کێڵگەی ئاژەڵان پێم وابێت چوار جار کراوە بەکوردی و هەریەکەو بە شێوەیەک.. هەروەها وێرانە خاکی (ت. سی. ئەلیۆت) کە یەکەم جار لەلایەن مەحمود زامدارەوە تەرجەمە کرا و پاشان کەسێکی تر دوبارە تەرجەمەی کردەوە، هەوەرها بەهەمان دەردبردنى (واعیزەکانى سوڵتان)ى عەلى وەردى، کە شەش کەس تەرجەمەى بۆ کردووەو کتێبی (وەهاى وت زەردەشت)ى نیچەش کە چوار جار وەرگێڕانى بۆ کراوە، هەروەها (بنەماکانى کۆمەڵناسی)ى ئەنتۆنى گیدنز، کەچاپکردنی لە ژمارە نایات.

کێشە لەوەدا نییە چەند جار وەرگێڕانى بۆ کراوە بەقەد ئەوەى ئەگەر ئەو کتێبانە هەر یەکەیان بەراورد بکەیت لەگەڵ دەقە بنەڕەتییەکەى هەست ناکەى نووسینى ئەوان بن، یان لەلایەکى ترەوە بەراوردی یەکیان بکەین (دەقە وەرگێڕدراوەکان) هیچیان لەیەک ناچن

هەروەها رۆمانى (مسخ) ى کافکا، کە جەلیل کاکە وەیس کردوویەتى بەکوردى بەناوى (بەد گۆڕان) کە دوو سێ کەسی تر کردویانەتەوە کوردى، بەناونیشانە عەرەبییەکەى بەناوى (مسخ)، ئێمە تەنها دەقە عەرەبیەکەمان لەبەردەستە، کاتێ بەراودیان دەکەین هەزار و یەک تێبینیت لا گەڵاڵە دەبێت لەسەریان، چ جا ئەبێ لە دەقە ئەسڵییەکەیدا چی باس بێ، کە لەبنەڕەتدا بەزمانى ئەڵمانى نووسراوەتەوەو ئێمە لێی تێناگەین، هەروەها چەندان نموونەى تر.

هاوکات وەک ئاماژەیەک بۆ قەسیدەی (دەنگی پێی ئاو)ى سوهرابی سوپێهری، کە زیاتر لە دوو جار کاری وەرگێڕانی بۆ کراوە، بەپێویستم زانی ئاماژە بەجوان وەرگێرانی یەکەم جارى بکەم، کە لەلایەن ئازاد بەرزنجی و رێبوار سیوەیلی وەرگێڕدرابوو، پاشان کەسانێکى دیکە دین بەهەمان مەبەست (دووبارە وەرگێڕان)ى بۆ دەکەن و کاتێ ئەیخوێنیتەوە لە شکاندنى سەروچاوى دەقەکە بەلاوە هیچى دی هەست پێ ناکەیت، گوایە کاری وەرگێڕانی جدى بۆ کراوە. 

لەمڕوانگەوە و هەر سەبارەت بە دووبارە و چەند بارەى وەرگێڕان، ئەمە لەناو وڵاتانى دیکەشدا هەیە، بەڵام ئایا بەمشێوەى لای ئێمە، کە پێمان وایە جگە لە چاولێکەرى و خۆ دەرخستن یان وەک خویەکى ناجۆر بیانەوێ بڵێن ئێمەیش کتێبمان هەیە، هیچی تری لێ نادووریتەوە.

دەکرا بیرکردنەوەکان بەچەشنێکى تر بوایا، بۆ نموونە کورد خاوەنى چەندین شێوەزارە، دەوڵەمەندە لە رووى زمانەوانى و هەروەها هونەرى ئاخاوتن، دەکرا ئەو چەند بارە وەرگێڕانە بۆ شێوەزارە جیاکان بکرایە، نەک لەیەک دەڤەر و شێوەزاردا چەق ببەستێ.

 

 

- قەیرانی کتێبى کوردى لەدەرەوەى کوردستان

 قەیرانی کتێبی تەرجەمەکراوی کوردی لە باڵی ئەو کتێبخانانەی دەرەوەی وڵات لەنێو کتێبخانەکانی وڵاتانی پێشکەوتووی وەک ئەمریکا و ئەڵمانیا و فەرەنسا و سوید...هتد، قەیرانێکە کە خودی بەڕێوەبەرانی کتێبخانەکانیشی بێزار کردووە، چونکە هەم کتێبى کوردی کەمى تێدایە، هەم خوێنەرى کوردی سەردانى ناکەن.

لەکاتێکدا ساڵانە تەنها حکومەت و دەزگا بەناو چاپەمەنییەکان دەچنە پێشانگای نێودەوڵەتی فرانکفۆرتی ئەڵمانیا و پێشانگای کتێبی میسر و پێشانگای کتێبی تاران و سنە..تاد، بە مەئیوسی کتێبەکان لەگەڵ خۆیان دەهێننەوە.

یەکەم: لەبەر ئەوەی کتێبەکان نافرۆشرێن و ئەوان کتێبی کوردیان گەرەکە بە زمانی خۆیان، کە ئەمەش نییە.

دووهەم: ئەو کتێبانە بەکەڵکیان نایات وەکو داتای ئەدەبی نوێ، لەوەش خراپتر ئەوەیە ئەو کتێبانە دەگەرێننەوە بۆ کوردستان و عەقڵیان پێدا ناشکێ لانیکەم لەوێ بیبەخشن بە جالیەی کوردى یان لە کتێبخانە نێودەوڵەتییەکان دایبنێن.

زۆر جار و بەهۆکاری جیاواز، چ ئاگادار کردنەوەمان لەلایەن هەندێ لە رەوەندی کوردی، یان برادەرمان هەبووە چووەتە ئەوروپا دەستەو وەستان بەدیار کتێبە کوردیەکانەوە دۆش داماون و ترسی ئەوەیان لێنیشتووە،‌ کە گوایە کار گەیشتۆتە ئەوەی ئەو جەناحانە دابخرێن، کەتایبەتن بە کتێبی وەرگێڕدراوی کوردی لەنێو کتێبخانەکانیان، کە ئەمە بۆ خۆی بەرکەوتەیەکی ناجۆر و سڕینەوەو پەراوێزخستنی‌ رۆشنبیرییەکەی دەگەیەنێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.. بۆ نموونە بەپێی ئەو داتایانەى من دەستم کەوتووە.

  • لە کتێبخانەی گەورەترین زانکۆ، نموونەی زانکۆی لوند و ئۆپساڵا لە سوید، کۆی کتێبە کوردییەکانی لە باڵی کوردی دە کەمترین کتێبى تێدایە .
  • هەروەها لە کتێبخانەی زانکۆی بوخم لە ئەڵمانیا، کە بەگەورەترین زانکۆی ئەڵمانی دادەنرێت، شتێک نییە بەناوی باڵی کتێبی کوردی، لەکاتێکدا زۆرترین خوێندکاری کوردی تیایدا دەخوێنن‌.
  • هەر لەمڕوانەگەیەوە لەسەردانێکم بۆ کتێبخانەکانى ئەسکەندەریەو کتێبخانەى نیشتیمانى لەمیسر، دواى گەڕان و پرسیار کردن، کتێبێکی کوردیم بەرچاو نەکەوت.
  • هەروەها خاڵیبوونى کتێبخانەى وڵاتە عەرەبیەکانى نموونەى لوبنان و ئیمارات ..هتد، لەکتێبی کوردى.
  • لەهەموو ئەوانە خراپتر ئەوەیە، کە لە بەغدای پایتەختی عێراقیش کتێبى کوردى نییە، تەنانەت ئەو پردە پەیوەندیەش نەماوە، کە لەساڵەکانی 1980 و حەفتاکان بەدوا درووستکرابوو.

ئەوەشی جێی سەرسوڕمان بێ لە دواى (2003)وە بینیمان دەسەڵاتى کوردى ئەوەندەى شەڕى بەدەستهێنانى وەزارەتى دارایی دەکرد ئەوەندە باسى وەزارەتى رۆشنبیرى نەدەکرد، باکى بەم بوارە نەبوو.

- وەرگێڕان و ئامادەکردن بەدەستکارییەوە

جیا لەو لێشاوی شێواندنەی، کە لەچەند نموونەیەکدا باسمان لێوەکردن، دەبینین هەندێک دەقی وەرگێڕدراو هەیە دوای وردبوونەوە لێی وەک قوربانییەک دێتە پێش چاو، کە بێ گەڕانەوە بۆ وەرگرتنی رەزامەندی خاوەن دەقە بنەڕەتییەکە، ئیدی قوربانی دەستبەسەراگرتن یان لاقەکردن یان لەکەدارکردن یان پەڕوپۆکردنی لەشێوەی مەلەکەی مەلا نەسرەدین، کە لەئەنجامی رێگە بە خودانی هەندێک وەرگێڕ، وەک دەستدرێژیکارێک، بەبەرگێکی ترەوە بیخاتە بازاڕ (وەرگێڕان و ئامادەکردن یان وەرگێڕان بەدەستکارییەوە) یان دانانی کتێبى فیکری و فەلسەفییەکانی پڕ زانیاری پشتبەستوو بەسەرچاوە، لەکاتێکدا کەمترین سەرچاوەیان ئاماژە پێکردووە، نموونەی.

  • کتێبی ئەدەب و ئەفسانە هەروەها هزر و فەلسەفە و...هتد، کە بە نووسین و ئامادەکردن پێناس کراوە، لەکاتێکدا پێکهاتەی کۆمەڵە وتارێکی کۆکراوەیە، کە دەستکارییەکە جێگەى تێڕامانە بۆچی بە دەستکارییەوە‌!؟
  • کتێبێکی 300 پەڕی هەیە بەناونیشانی (سیستمی سیاسی) کە ناونیشان کتێبەکەیە لەبەرگى پێشەوە لەکاتێدا ناونیشانێکى تر ئەبینین لە بەرگى دواوەى هەمان کتێب، بۆیە نازانین ناونیشانى پێشەوە وەربگرین یان دواوەى کتێبەکە، کە نووسراوە (هزری فەلسەفەی سیاسی)، کە پشتی بە 28 سەرچاوە بەستووە، و سێ و چوار لەو سەرچاوانەش هی خودى نووسەرە، کە لەنووسینەکانی تریدا باسی لێوە کردوون، کە لەسەردە‌می پێش ئیسلامەوە پیایدا هاتووە، لەکاتێکدا ئەمە قورسترین بابەتی رۆشنبیری و نووسینە.

ئایا بەڕەواى ئەبینن کتێبێکى لەو ئاستە پشت بەکەمترین سەرچاوە ببەستێت، ئەمە بۆ خوێنەر بەجێ دێڵم.

 

- ئیستیغلال کردنى نووسەرانى پارچەکانى دیکەى کوردستان و لێسەندنەوەى خاوەندارێتى بەرهەمەکانیان

هەموو ئەمانەی باسمان لێوەکردن هێشتا بواری گفتوگۆ و چارەسەری بۆ هێشتوینەتەوە ئەگەر بڕیار بێ کاری بۆ بکرێت.

بەڵام ئەوەی زۆرترین پانتایی و ئەوپەڕی سنووری بێ رەوشتی تێپەڕاندبێ لە چەقی بوارەکەدا، پەیدابوونی گروپێکی هاوشێوەی بازرگانەکانی کورد، کە خەریکى کارى خراپتر لە مادەى هۆشبەر و تەهریبن، کە زۆر بەئاستەم هەستی پێ ئەکرێت، ئەویش ئەو دزی و فرت و چاوبەستنەیە بەقایل کردنی بەشێک لەنووسەران و وەرگێڕی رۆژهەڵات و باکور، لەبەرامبەر هەندێ پارە، دەست هەڵبگرن لە خاوەندارێتی کارەکانیان و لێرە بەناوی خۆیان بڵاوی دەکەنەوەو پاداشتەکەش بۆ ئەو نووسەرە داماوانە رەوانە بکەن، زۆر جاریش پاداشتەکانیشیان خوراوە.

یان خودی ئەو نووسەر و وەرگێرانەی شارەکانی مەهاباد و سنە و سەقزو مەریوان..هتد لە رۆژهەڵات و ئامەد و شارەکانی دیکەی کوردستانی تورکیا..تاد، کە بەمەبەست نایانەوێت ناویان بهێنرێت وەک خاوەنی ئەو دەق و نووسینانە بەهۆی ئەو ترسەی، کە لە دەسەڵاتی سیاسی و حوکمی ئاخوندەکان و دەسەڵاتی تورکی بۆ هەمان مەبەست و بەهەمان شێوە مافیان دەخورێ لەلایەن بەناو رۆشنبیر و نووسەر و وەرگێرە کوردەکانی باشور.

- توانا کوژراوەکان

کاتێ نووسەرێکى جدى، خاوەن دەقێکى فیکرى بۆ نموونە، دەیەوێت روو لە ناوەندەکانى پەخش و بڵاکراوەکان بکات بەمەستى پێدانى ژمارەى بڵاوکردنەوەو تۆمارکردنى لەناو تۆمارى زنجیرە بڵاوکراوەکان، هەزار و یەک بڕوبیانووی بۆ دێننەوە و دەبێ ماوەیەکى دوور و درێژ ئەمسەر و ئەوسەرى پێ بکرێ، پاشان ئەگەر ژمارەى پێ بدەن، لەکاتێکدا کۆى دەقە کرچ و کاڵ و یان شتە سادەکانى رۆژانە و یان شیعر و چیرۆک..هتد، لەهەمان رۆژى داواکارییەکەى ژمارەى پێدەدرێت، کە ئەمە بۆ خۆى قسە زۆر هەڵدەگرێت و مایەى هەڵوەستەکردنە.

لەلایەکى تر چاوچنۆکى زۆرێک لە دەزگاکانى پەخش و بڵاوکردنەوە بەبیانووى نەفرۆشتنى کتێبەکان نەک چاپی ناکەن، بەڵکو سەرى کتێبەکانیش دەخۆن، کە پێیان سپێردراوە بەمەبەستى چاپکردنى، نمونەى ونکردنى بە ئەنقەستى دوو کتێبی نووسەر و روناکبیرى رەوانشاد (ئازاد سوبحى)، لەلایەن ناوەندى رۆشنبیرى ئەندێشە لەسلێمانى.

هەروەها رێگریکردن لە بڵاوکردنەوەى کتێبەکانى عەبدولخالق بەرزنجى لەوڵاتە عەرەبییەکان، چونکە نەحکومەت نەدەزگا چاپەمەنییەکان نەیانتوانیوە پردى پەیوەندیى دروست بکەن لەگەڵ ئەو وڵاتە عەرەبیان، کە دواتر لەچاپتەرى رێگریەکانى بەردەم بڵاوبوونەوە وەرگێڕانى پێچەوانە بەتێروتەسەل باسی لێوەدەکەین.

 

- رێگری کردن لە بڵاو بوونەوەى وەرگێڕانى پێچەوانە

کاتێ قسە لەسەر پێداگیری لەبڵاوکردەنەوەى وەرگێڕانی پێچەوانە دەکەین، مەبەست لەوە نییە رێگڕی لە توانا کەسییەکان بکرێ بەبڵاوکردنەوەى کتێبەکانیان لەوڵاتانى تر، بەڵکو قسەکردنە لەسەر بێمنەتى و فەرامۆشکردنى ئەو پڕۆسەیە لەلایەن حکومەتەوە هەروەها دەزگاکانى پەخش و بڵاوکردنەوە، وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێ کرد کە تائێستا نەیانتوانیوە پردێکى پەیوەندیى بۆ کرانەوە بەرووى جیهاندا بکەنەوە، یان لانیکەم وڵاتانى دەورووبەر، کە دەبوو ئەمە لە ئەولەوییەتى کارەکانى وەزارەتى رۆشنبیرى و دەستەى راوێژکارى رۆرشنبیرى و ئیعلامیەکانى سەرۆکە یەک لەدواى یەکەکانى حکومەتەوە بووایا، بە حکومەتى ئێستاشەوە.

بۆیە کاتێ باسەکە دێتە سەر وەرگێڕ، ئێمە چاک ئەزانین وەرگێڕى باشمان هەیە، بەڵام ناهێڵن ئەو ئەزمونە بەرجەستە بێت بەئەنقەست، هەزار و یەک بیانوى بێمانا دێننەوە بۆ کەمتەرخەمییەکەیان.

 

- خەمساردى بەشێک لە زمانزانەکانى کورد لە برەودان بە پڕۆسەى وەرگێڕانی پێچەوانە

بەدەر لە تەوەرى نەخوێندەوارى و ناحاڵیبوونى زۆرێک لە فەزا رۆشبیرییەکە، کە لە ئەنجامى بەد رەفتارى و بەهەڵەدا چوونى زۆرێک لە بەناو وەرگێڕ، زۆر وترا و ئێمەیش بەپێى بەڵگە و داتاکان دەمانەوێت پێیان بسەلمێنین، کە مامەڵەکردن لەتەک کارى لەم چەشنە (وەرگێڕان) گەمە نیە و بەمە ناوترێت وەرگێڕان، ئەمەى ئێوە ئەیکەن دەلالەتە لەوەى زمان نازان.

لەبەرامبەردا بەپێویستى دەبینین، کە ئاماژە بە زۆرێک لە کارەکتەرى کاریگەر و بەرچاوى نێو کایە رۆشنبیرییەکە بکەین (فیکرى، هونەرى، ئەدەبی، سیاسی، فەلسەفى.. هتد)، بەتایبەت لەنێو بازنەى سەلیقەى زمانەوانى و رەگەزەکانى زمانزانى بەشێوە زانستییەکەى، هاوکات شۆڕبوونەوەى هەندێکیان بەهەردوو ئاڕاستەکەیدا، چى وردبوونەوە لە قوڵایی شێوەزار و بن زارەکانى ناوخۆ یان بەپێچەوانەوە (زمانەکانى وەڵاتانى دەورووبەر و بەشێک لەنەتەوەکانى جیهان) چ لەرابووردوو یان ئێستا، کارى باشیان کرد، درک بەبەردەوامی زۆرێکیشیان دەکری، کە ماون لەژیاندا و جێی دەستخۆشین، نمونەى (زوهدى داودى و  فەلەکەدین کاکەیى و محێدین زەنگنە و حەکیم نەدیم داودى و فازڵ جاف و عەبدولرەزاق بیمار و د.ئاوات ئەسعەدى و عەبدوڵا عەباس و کاوە تاڵەبانى و چەندینى تر).

بەڵام ئەوەى مایەى تێبینی و هەڵوەستەیە دەبێ هۆى چیبێ ئەم هەمووە بۆ جارێکیش خۆیان نەدا لەقەرەى دەقە رەسەنەکانى تایبەت  بە(شارستانیەت و کلتوور و مەعریفە و  هونەر و ئەدەب و  کەلەپوور و..هتد) ى واقیعی کوردى بەمەستى بەجیهانى کردنیى یان لانیکەم ناساندنیان بەنەتەوەکانى دەورووبەر لەچوارچێوەى وەرگێڕانی زانستى.

ئەبێ بۆ ئەم تەوەرە چى خوێندنەوەیەکمان هەبێ و چۆن بڕوانینە هۆکارەکانى، کەمتەرخەمى بوو یان خەمساردى یان بەمەبەست یان وەک چاولێکەری و ئاڕاستەى ئەو زانا و بیرمەند و شۆڕشگێڕ و نوسەر و ئەدیب و هونەرمەند و رۆشنبیرە کوردانەى مێژووى کۆن نوێ، کە لەخزمەتى رۆشنبیریى نەتەوەکانى تر هەگبەى فیکرییان خاڵى کردەوە، نموونە (ئەحمەد شەوقى و نیزامى گەنجەوى و ئیبن و تەیمیە و مەعروف رەسافى و مەحمود ملێجى و سوعاد حوسنى و یەلماز گۆناى و سەلیم بەرەکات و عەلى بەدرخان و روشدى ئەبازە و ئیلهام مەدفەعی و دەیانى تر).

خۆ ئەمانیش وەکو کەسایەتى و رەگەز لەسەر کورد هەژمار دەکرێن، بەڵام وەکو پەروەردى عەقڵى و فیکرى و ئینتیماوە نەخێر، چونکە لەناو شارستانیەتى عەرەب و تورک و فارسدا برەویان بە تواناکانى خۆیاندا، لەکاتێکدا ئەم رۆشنبیرانەى نمونەى (فەلەکەدین کاکەیى و زوهدى داودى و ئەوانى تر) کەناومان هێنان پەروەردەى واقیعى کلتوورى کوردین.

بۆیە دووبارە جەخت لەسەر ئەوە ئەکەینەوە، دەبێ لەم رووەوە قسەى خۆیان هەبێ، مەبەستم ئەوانەى تا ئێستا بەردەوامن چ لەنووسین یان ئاڕاستەى فیکرى..هتد.

ئەمە لەناو هونەرمەندانیشدا بەروونى هەستى پێ ئەکرێت، کە هونەرمەندى کورد نەتوانیوە رەسەنایەتى خۆى بگەیەنێت بەدەرەوە، نمونەى مەقامەکانى (ئەڵاوەیسى و قەتار و خاوکەر و ئاى ئای و حەیران و سەفەر و لاوک و هیجرانى و خورشیدى و دەیان مەقامى تر)، هەروەها گۆرانیە رەسەنەکان، کە نەیانتوانیوە بەفەرمى خاوەندارى بکەن و بەجیهانیى بکەن، چگە لەو توانا لۆکاڵییەى، کە لێرەو و لەوێ باسی لێوە دەکەن.

ئەکرێ بڵێین ئەو فەزڵەش بۆ چەند هونەرمەندێک دەگەڕێتەوە، کە بەئیمکانیەتێکى زۆر موتەوازیعەوە کاریان بۆ کردوو لە رابووردوودا، نمونەى هونەرمەندان ( عەلى مەردان و محەمەد عارف جزیرى و حەسەن زیرەک و تاهیر تۆفیق و کەریم کابان و مشکۆ و خاڵە سێوێ و رەسول گەردى..هتد).

بۆیە لەم سەرو بەندەدا ئەوەمان بۆ رووندەبێتەوە، کە کورد متمانەى بەخۆى نەبووە، یان روونتر بڵێم بەلایەوە گرنگ نەبووە کێ بێت یان چییە و یان چی کردووە و چی ئەکات، بەقەد ئەوەى هەمیشە لەهەوڵى ناسینى خەڵکى تر بووە.

ئەمە لە سیاسەتیشدا بەهەمان رێچکە گوزەرى کردووە، کاتێک ئەڕوانیتە دەسەڵاتی سیاسی و پێکهاتەى ئەحزابی کوردى لەم پارچەدا، دەبینیت لەفۆڕمدا بەزۆرى لەژێر کاریگەرى فیکرى رۆژئاوایی (ئەوروپا)، میتود و دیسپلینى کارى حیزبی داڕشتووەتەوە، لەجەوهەریشدا نەیتوانیوە وەک خۆى بێ و بەئاڕاستە جەوهەرییەکەیدا بڕوات، کەویستویەتى بەردەوام موجامەلەى کەنیسە و ئیسلامى سیاسی بکات و روونتر بەمەبەستى رازیکردنى بیرى ناسیۆنالیستى عەرەبی بووە.

ئەکرێ بڵێین ئەمەش هۆکارێکى سەرەکیە بۆ دیاریکردنى ئاڕاستەکان بەو شێوەیە، کەباسمان لێوەکردن، کە کورد بەدرێژایی مێژوو لە خزمەتى زمان و فیکرى ناسیۆنالیستى عەرەبی و فارس و تورکدا بووە بەبەردەوامى، نەک ناساندى خۆی، کاتێکیش دەڵێن کورد بە واتاى کوردى دیندار و بێدین، موسڵمان بێ یان یەزیدى یان کاکەیى و تاد.

- رەهەندە جوانەکانى وەرگێڕان

بێ گومان بۆ هەر گرنگیدانێک و برەودان بەرەوتەکە (وەرگێڕانى پێچەوانە) و مامەڵەى کارەکتەرەکانى لە تەک موفرەداتەکان بەوشیاریەوە، بۆ خۆى سەلمێنەرى ئەو راستیانەن، کە ناکرێ لە ئاستیاندا چاو دابخرێن و ئاماژەیان پێ نەکرێت، هەروەک چۆن ئەمە لەناو کایە هونەرى و رۆژنامەوانیەکانیشدا ناویان بەڕێزەوە دێ.

بۆیە بەپێوستم بینى، ناوى بەشێک لەو وەرگێڕانە وەک خۆى بێنم، کە توانیویانە تا ئاستێکى باش جێ پەنجەى خۆیان بۆ مێژوو لەناو پانتاییەکە بەجێ بهێڵن،.. نمونەى..

(د. بەختیار سەجادى لەکوردیەوە بۆ فارسی، عەزیز گەردى لەزمانى ترەوە بۆ کوردى بەڵام بەجوانى، د. بەندەر عەلى ئەکبەر شاکە لەکوردیەوە بۆ عەرەبی، شەماڵ ئاکرەیی لەکوردیەوە بۆ عەرەبی، جومعە جەبارى لەکوردیەوە بۆ عەرەبی، نەوزاد ئەحمەد لەکوردیەوە بۆ عەرەبی، رزگار شێخانى لەکوردیەوە بۆ سویدى، ئازاد بەرزنجى لە کوردیەوە بۆ فارسی و عەرەبی، فەتاح خەتاب لەکوردیەوە بۆ عەرەبی، نیهاد نەجار لە کوردیەوە بۆ عەرەبیِ، محمد حسێن لەکوردیەوە بۆ عەرەبی و ئینگلیزی، یوسف شوانى لەکوردیەوە بۆ عەرەبی، عەبدولڵا قەرەداغى لەکوردیەوە بۆ عەرەبی، موکەڕەم تاڵەبانى لەکوردیەوە بۆ عەرەبی، عوبدولخالق بەرزنجى لەکوردیەوە بۆ عەرەبی و هەروەها پێچەوانە، نەجات خۆشناو لەکوردیەوە بۆ عەرەبی.

ئەمە لەناو رۆژنامەنووسانیدا کەسانى شارەزا جێ پەنجەیان دیار بووە، نمونەى فەرهاد عەونى و عومەر فەرهادى، هەروەها لە ناو هونەرمەندانیش، دڵشاد محەمەد سەعید و کامگارەکان و شەهرامى نازرى و عەبدوڵا جەمال سەگرمە..هتد.

 

 

- کورد ناسی لەنیوان دۆست و نەیارە بیانییەکان

کاتێ خوێندکارێکى قۆناغى باڵاى زانستى لەسەروبەندى توێژینەوەیەکدایە و سەرقاڵى گەڕانە بەدواى داتا و بابەتى باوەڕپێکراو بەتایبەت لەبارەى مێژووى نوێی هەرێم و دەورووبەرى یان توێژەرێک یان رۆژنامەنووسێک، بەزۆری دەبینین دەگەڕێنەوە بۆ سەرچاوە پۆلێن کراوەکانى سەردەمى داگیرکارى ئینگڵیز، بەتایبەت ئەو نووسراو و داتایانەى، کە لەچوارچێوەى مۆزەخانەکانى رۆژئاوادا پارێزراون، نمونەى یاداشتەکانى هاملتۆن و ریچ و مینۆریسکى و چەندانى تر.

کاتێ ئەڕوانیتە یاداشتەکانى گەریدەیەکى نموونەى هاملتۆن بۆت رووندەبێتەوە ئەوان ئێمەیان لەخۆمان باشتر ناسیوەو لەچەندین شوێندا ئێمەیان بە خۆمان ناساندووە کە چین و کێین، ئەمە شتێک نییە لە خۆمەوە پەنجەى بۆ ببەم و قسەى لەبارەوە بکەم، بەڵکو راستییەکى حاشاهەڵنەگرە، کە واقیعى ناوەندە زانستییەکان لەدەیان شوێندا سەلماندوویانە، بەپشتبەستن بە توێژینەوەکان و بابەتە زانستییەکانى مێژووى نوێى ناوخۆ و ناوچەکە.

لەلایەکى ترەوە ئەگەر هەندێک بەوردى بڕوانینە ئەو کەسانەى، کە لەوڵاتانى تر و نەتەوەکانی ترەوە دێنە ئێرە، بەهەر هۆیەک بێت، وێڕاى زمانەکە هەوڵیانداوە لە ئاست کولتوورەکەشدا چاوکراوەبن و کارى بۆ بکەن، بۆیە بەپێى ئەزموون و چەند ساڵەى کارى رۆژنامەنووسیمان، ئاشناى زۆرێک لە خوێندکار و رۆشنبیر و ئەندازیار و هونەرمەند و توێژەرى جیاواز لە بوارەکان بووینەوە، نمونەى هەردوو هاوڵاتى بەرەگەز ئەمریکى (ئارت ى ئەندازیار و ئەندرۆ ى توێژەر)، هەروەها ئەحمەد شەوکەت بەرەگەز عەرەبی عێراقى، دەقى کوردى ئەکرد بەعەرەبی.

پێم وابێت زۆرێک لە رۆشنبیرانى هەولێر و سڵیمانى لە نزیکەوە ئەندرۆ دەناسن، کە لەماوەکانى رابووردوودا سەرقاڵى چەندین لێکۆڵینەوە بوو لەسەر کلتوورى کوردى، تارادەیەکى زۆر باشیش زمانى کوردى دەزانى و لە ئاخاوتن و دەربڕینى وشەکاندا لەزۆربەمان شارەزاتر بوو، جیا لەمانە شارەزایەکى بەسەلیقەى هەردوو رێباز و تەریقەتى (قادرى و نەقشەبەندى) بوو، دەتوانم بڵێم لە کورد باشتر ئەو دوو رێبازەى دەناسی.

ئەم نموونانەش بەرچاو روونیەکە بۆ ئەوانەى، کە تا ئێستا نەخۆیان ناسیوە بەباشی نە کورد، هاتوون لاف و گەزاڤى مەدەنیەت لێدەدەن و بێشەرمانە قسە لەسەر رۆشنگەرایی و ئیدۆلۆژیا و چەمکى کوردناسی دەکەن، هەروەها وانەیەک بێت بۆ ئەوانەى دەست بۆ وەرگێڕان دەبەن بێ ئەوەى بیرێک لەرەهەندەکانى تایبەت بە شوناس و ئیدیۆم و کولتوور و کەلەپوورى سەرچاوەى دەقە بنەڕەتییەکان بکەنەوە.

- وەرگێڕانی پێچەوانە

شتێک هەیە پێی ئەوترێت وەرگێڕانی پێچە‌وانە، وەرگێڕمان هەیە نزیکەی 70 کتێبی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، بێ ئەوەی جارێک بیری لەوە کردبێتەوە کتێبێکی کوردی وەربگێڕێتە سەر زمانێکی تر، ئایا ئەمە بۆ خۆی دەلالەت لەوە ناکات کە کاکی وەرگێڕ زمانزان نیە و  یان خەڵکی بەگەمژە دەزانێ..!؟ یان زۆرێک لەنووسەران نەیان ویستووە یان نایەنەوێ دەقەکانیان وەربگێردریت بۆ زمانەکانی تر بەهەر هۆیەک بێت، ئایا ئەبێ بۆ ئەم رەفتارە چ خوێندنەوەیەکمان هەبێ، کرچ و کاڵن یان دزی و ئیقتیباسی ئابڕوبەرانەیە..!؟ بۆ نموونە..

  • هەتاوەکو (عەلی ئەشرەفی دەروێشانی)مان نەخوێندەوە، نەمازانی چ کاریگەرییک و دزینێکی ئەدەبی هەیە لە نێو کورد، بۆ نموونە رۆمانی (کۆردەرە) لەکاتی خۆیدا چی هەرایەکی نایەوە.
  • هەتاوەکو (فروغی فروغزاد)مان وەک خۆی نەخوێندەوە، نەمانزانی لە دیوانی (ئیگزیل) چ ئیقتیباسێکی ئاشکرا هەیە.
  • هەتا (شارامی قەوامی)مان نەناسی، بێ ئاگا بووین لە کێشەی‌ رۆمانی شاری مۆسیقارە سپییەکان.
  • هەتا فیلمی (شۆڕشی سێکسی)مان نەبینی، نەمازانی چی ئیقتیباسێکی راستەوخۆیە چیرۆکی (کەڵەکوڕان و ئاسکەکچان) چۆن و چی بووە.
  • هەتا (ئەزرا پاوەن)مان نەخوێندەوە شیعری کوردیمان نەناسی کە چ کەتنێک لە ئەدەبی کوردى نوێ رویداوە و بە ئاسانیش بەسەرماندا گوزەری دەکرد.

دەیان نمونەی تر، کە لەبەردەستن و کاتی خۆی بێت قسەیان لەبارەوە ئەکەین.

هەموو ساڵی لە پێشانگاى هەولێرى نێودەوڵەتى، کە دەزگاى مەدا بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە سازى دەکات، کە دەیان دەزگاى فیکرى و رۆشنبیرى وڵاتانى دونیا بەشدار دەبن بەکتێبی فیکرى و مەعریفى..هتد، تێیدا ئەم پرسیارە دووپات ئەکەنەوە، کە کورد وەڵامى ناداتەوە، ئەویش ئایا کورد بۆچى فکر ناخوێنێتەوە..!؟

هۆکارە زانستیەکەى چیە، ئەم پرسیارە چیمان دێنیتەوە بیر..؟

لەچاو پێکەوتنێکیدا د. مارف خەزنەدار هاتووە" لەشەستەکان دەچێتە روسیا (یەکێتى شورەوى) لەوێ یەکێک لە بیرمەندە ئەدەبیەکان پرسیارێکى ئاڕاستە دەکات و ئەڵێ ئێوە فکرتان ناوێ، سەنعەتتان ناوێ، ناتانەوێ بخوێننەوە، خێرە هەمووتان شاعیرن، لەکاتێکدا بەزمانى خۆتان ئەخوێننەوە، بۆ چى ناتانەوێت بەرووى جیهاندا بکرێنەوە..!؟

لەئەنجامى باسکردنى ئەو کفتۆگۆیەى خەزنەدار لە چاوپێکەوتنەکانیدا لە هەفتاکان، حکومەتى ئەوساى عێراق توانى سود لەو ئاڕاستە مەعریفیە وەربگرێت و بیکاتە پڕۆژەیەکى نیشتیمانى و زەمالەى خوێندنى بۆ دەیان و سەدان خوێندکارى خۆى لەزۆرێک لەوڵاتانى ئەوروپا و روسیا و.. هتد، وەربگرێ و بیانێرێتە دەرەوە بۆ دوو مەبەست، کرانەوەى بە رووى جیهان و هەروەها پێگەیاندنى کادرى زانستى، لەوانەش گرنگتر فێربوونى زمان، پاشان بەو هۆیەوە توانیان گەشە بەفیکرى ناسیۆنالیستى عەرەبی خۆیان بدەن لەو چوارچێوەیەدا، بەڵام کورد نەیتوانى ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە و پێى وشیار بێ نەلەرابووردوو نە لەئێستا، لەکاتێکدا پرسیارەکە ئاڕاستەکراو بوو بۆ کورد..!

بۆیە ئەوەى مەبەستمانە، گرنگیدانە بە وەرگێڕانى پێچەوانە لە بازنەیەکى نیشتیمانى دوور لە شەخسەنەو کروپى پاوانخواز، نمونەى ئەو پرۆژانەى لەزۆرێک لە وڵاتانى دونیا کارى لەسەر ئەکرێ و ئاستێکى باشیان بڕیوە، نمونەى ناوەندى ئەنمائى نەتەوەیى، کە توانیویانە تەبەنى پرۆژەیەک بکەن بەناوى (مشروع مگاع الێفدی للینابیع) بەهاوکارى گروپێک لە رۆشنبیرانى عەرەب (جۆرج ئەبی ساڵح و د. کەمال ئەستەفان و د. بەدرەدین عرودکى)، تەنانەت لۆگۆى سەر کتێبەکانیشیان لە جیهاندا ناسراوە.