شرۆڤە

رۆمانی رۆژێک لەو...

دڵشاد کاوانی

هه‌ڵبه‌ته‌ له‌ ژیاندا هیچ بوونێك بێ كه‌مو كوڕی نییه‌، به‌ڵام به‌ڕاستی ته‌كنینك و گێڕانه‌وه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ی كۆتایی بۆ سه‌رتا له‌و ڕۆماندا هونه‌رێكی جوانی چیڕۆكنووسی و نووسینێكی بێ هاوتایه ‌و ده‌كرێ بڵێن ئارام محمد له‌ ((ڕۆمانی ڕۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرم)) ڕێچكه‌ی خۆی وه‌رگرتووه.‌

 


“ڕۆمانی ڕۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرم. جوانتر لەوەی کە هەیە دەنووسرێتەوە:
دلشاد کاوانی چیڕۆكنووس


دوا ئەوه‌ی دەستم دایە خوێندنەوەی ڕۆمانی ڕۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرم، نه‌متوانی وەک چەندەها کتێبی تر تەنیا بە خوێندنەوە و چێژێکی خودی بە سەریدا تێپەڕم، چونکە ئەو ڕۆمانە بۆ من جێگای سەرنج و چێژێکی تایبەتی تر بوو، ڕوونتر بڵێم وەک یەکێک لە کتێبە جوان و سەرنج ڕاکێشەکان دێتە هەژمار، کە خوێنەر ناچار دەکات دوای خوێندنەوەی هەست بکات شتێکی تازە و وانەیەکی نوێ لە ژیان فێر بووبێت و بە تایبەتی لە بواری کتێب سازیدا، پێوستە بگوترێ ئارام محمد تا بڵێی جواننووس و ورد، بە دیقەت و بە سەلیقە ده‌نووسێ، وەک چۆن تەنانەت بەشێک لە نووسەرە گەورە و دیارەکانی کوردی کێشەی ڕێنوسی کوردییان هەیە بەڵام دەتوانم بڵێم ئارام چۆن جواننووسە ئاواش باڵایە لە پاکنووس و ڕێنووسێکی بێ غەل وغەش و کوردی زانێکی باشە.
بۆیەشە نووسەر هەر لە تایتڵ و ناوونیشانی ڕۆمانەکەیدا دێت و شتێکی جیاوازمان پێدەڵێ ڕۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرم، کە لە واقع هیچ کەس ناتوانێ ڕۆژێک لە ساڵەکانی تەمه‌نی لابەرێت و قەدەری ژیان بگۆڕێت. بەڵام نووسەر زۆر جوان و لێزانانە هەر لە دەستپێکی ڕۆمانەکەدا لە خوێنەر دەگەیێنێت، کە ئه‌و گەرەکیەتی قەدەرە ناخۆشەکان و ڕووداوە نەخوزراوەکان و ئازار و چەرمسەرییەکان، جارێکیتر لە ڕێگای نووسینەوە چیڕۆکی ژیان دەگۆڕێت و هەموو ناخۆشییەکانی ژیان دەخاتە ڕوو تا تاکی کورد لە قەدەری شووم و ناخۆش دوورخاتەوە، ئەویش لە باس کردنی ئازارەکانی خانه‌وادەیەک دەست پێدەکات و بوونی خێزانێکی هەم تەبا و هەم نا تەبا، تەبا بە خۆشەوستی و خەون بینین بە جوانیەکانی ژیان و نا تەبا بە هۆی ئاڵۆزی و ئازارە قوڕسه‌کانی ژیان و نه‌گبه‌تی و ترس و نه‌داری و بەرگە نەگرتنی سەختییەکان و کێشانی مەینەتییەکان.
ئەم ڕۆمانە پڕە لە گڕێی دەروونی و دەرخستەی ئازارە شاراوەکانی مرۆڤ و هێندە جوان لە ڕێگای نوستالیژیای کارەکتەری ڕۆمانەکە دەمان گەڕێنێتەوە بۆ کۆڵانەکانی منداڵی، و سەرکەوتنی ڕۆمانەکە لەوه‌دایە کە نووسه‌ر وا لە خوێنەر دەکات کە خۆی بخاتە جێگای کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە، یاخود بە ڕووێکی تڕ لێزانانە ئازاری زۆرینەی شکستی پەروردەی منداڵی تاکی کورد باس دەکات و دەڵێ: ڕۆژێک مامۆستایەک لێم تووڕەبوو، ئەویش گوتی: سەر خڕ تۆ بە قژت زۆر شتت شاردۆتەوە، بۆ گوێ ناگریت! ئەمە کاردانەوەیەکی دەروونی زۆر خراپی بۆ درووست کردم. دوای ئەو ڕووداوە لەگەڵ پێنج قوتابی بە شەڕ هاتم. پێیان ڕادەبواردم و جنێویان پێم دەدا… دواتر نووسەر ئەمەشی بۆ زیاد دەکات و دەڵێ: دەگوترێت قسەیەک دەتوانێت ئاڕاستەی ژیانت بگۆڕێت. لیرە نووسەر زۆر ورد دەڕوانێ، تەنیا بە وشەی ((دەگوترێت )) کە بۆ ئەم پەڕەگرافە زیاد دەکات و ئەمەش زیتەڵی نووسەرە و بە وریایی مامەڵەکردنییەتی لەگەڵ بابەتەکە، واتە نووسه‌ر نایەوەێ بێت و تەنیا وشە رێز بکات، بەڵکو گه‌ركیه‌تی باوەڕ بە خوێنەر بهێنێت کە خۆی بە تەواوی ڕادەستی لۆمەو سەرزەنشتی کۆمەڵگه‌ نه‌كات، هەر چەند ئەمە بێ کاریگەریش نابێ.
ڕه‌نگە قسەکردن و نووسین لە سەر بابەتە ئەدەبییەکان بە تایبەت ڕۆمان هێندە ئاسان نەبێت، یاخود بە ڕووێکی تر هەڵسەنگاندن بۆ ئەو دەق و نووسینانەی کە وەک شاکارێکی جوان دەنووسرێنەوە پڕ بێت لە وەسواسی و دوودڵی. بۆیە بۆ منیش ئاسان نیە پەنجە بخەمە سەر کەلێن و ئەوەی ناوی دەنێن کەم و کەسری یاخود بە دیوە باوەکەی کە دەڵێن ڕخنەی پۆزەتڤ و نێگەتیڤ هەر چەند بە دیدگای من ڕەخنە وکو خۆی ڕەخنەیە، بینینە بە چاوێکی جیاواز تر، بۆیە ئەوەی منیش دەربارەی ڕۆمانی ڕۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرم دەنووسم ڕه‌نگە تەنیا بۆچونێکی جیاواز بێت لە دونیابینی من بۆ دەقەکە لەگەل دونیابینی نووسەر یا خود هەر لە بنەچەدا ئەوی ئەو ڕاستر بێ، بەڵام من هەر وا ڕاهاتووم ئەوە دەنووسم کە خۆم باوڕم پێیەتی.
ئەوەی بۆمن جێگای هەڵوێستە کردن بوو، نووسەر لە بەشی (١٣) لاپەڕە (٢٧) دەڵێ: زیاتر لە خوای ئاسمانەکان توورە دەبووین. لێرە نووسەر یەکسەر ئەم دەقەی لە (رب السماوات) ی قورئان وەرگرتووە. چونە لە کوردیدا تەنیا خوا بە کار دێت یان گەر باسی خوا بکەین دەڵێن خوا لە ئاسمانە نەوەک لە ئاسمانەکانە، بەم جۆرەش لە دەقە قورئانیەکەش هەڵەی تێدەکەوێت چونکە لە قورئان لەپاڵ (رب السماوات) ڕاستەوخۆ له‌ زۆربه‌ی شوێنه‌كان (رب السماوات و الارض) یاخود (رب السماوات و رب العرش العظيم) واتا خوای زەویی و ئاسمانەکان نەوەک بە تەنیا خوا خوای ئاسمان بێت بەڵکو هی زەویشە بۆیە بە دیدگای من نووسەر بیگوتبایە (زیاتر لە خوای ئاسمان تووڕە دەبووین) جوانتر دەبوو.
ئیجا لە لە بەشی (١٨) لاپەڕە (٣٣) نووسەر لە بڕی ئارەقە ئارەق بە کاردێنێت، هەرچەندە وشەکەی لە ڕووی وشەو ئیدیۆمه‌وه‌ زۆر تەواوە بەڵام لەبەر ئەوەی ئێمە وشەی عارەق مان هەیە، واتە مەی و خواردنەوەی ئەلکهول، لە زۆربەی شوێنیش لە بەر نەبوونی پیتی ع لە کوردی بە هەمان عارەق دەڵێن ئارەق، بۆیە بەڕای من جوانتر دەبوو کە بڵێ ئارەقە ئەمە تەنیا بۆ ئەم ڕۆمانە نییە بەڵکو بۆ زۆربەی نووسەرانە کە جێ گۆڕکێ بکرێت لە نێوان ئەم دوو وشەیە.
هەروەها لە بەشی (٢٠) لاپەڕە (٣٧) دەڵێ: دکتۆر چەند ئەشیعەیەکی هێناو گوتی…..) لێرە نووسەر نەیتوانیوە یان نەیووستووە خۆی لە وشە عەرەبیەکە رزگار بکات، چونکە مادام ناوی دکتۆری هێناوە زۆر ئاسان بوو بینووسیبایە: دکتۆر چەند، وێنەیەکی تیشکی هێناو گوتی…..) بەمەش هەم دەبوو بە کوردی و هەم خوێنەریش دەیزانی مەبەستی وێنەی تیشکی پزیشکییە. هەروەها لە هەمان لاپەڕە نووسەر بە دیدگای من زیاد لە پێوست دەچێتە نێو وەسفە زانستییەکان ئەمەش بۆ خوێنەر تۆزێک پڕووکێنەرە، نووسەر خۆشی هەست بەمە دەکات، بۆیە لە بەشی (٢١) لە ڕێگای کارەکتەری سەرەکی دەڵێ: باوکم گوتی:…… ئەگەرنا تاقەتی گوێگرتنم لە حەکایەت نەماوە، تکادەکەم. هەرچەندە ئەمە بەسەر نووسەردا تێنەپەڕیووە بەڵام بە بۆچوونی من نەبوونی باشتر بوو. بۆ بنەما زانستییەکان سەبارەت بە نەخۆشییە بایلۆژییەکانی مرۆڤ ئەمە کاری من نیە لێشی نازانم ئایە ئەمە تاچەند بنەمایێکی زانستی هەیە کە دەڵێ: پێکەنین بۆ ماوەی دە تا پانزە خوولەک، دەبێتە هۆی سووتاندنی ڕێژەیەکی زۆری کالۆری، وزەی ژەمە خواردنێک بە سێ کاتژمێر دەبێتە سفر. لێرە پێوستە نووسەر بە تەواوی پشتی بە بنەمای زانستی پزیشکی بەستبێت، گەر نا بە ڕای من گەر تەنیا وەک خەیاڵ و فانتازیایێکی ئەدەبی ڕووت، دوور لە بنەما و پێچەوانەی زانستی پزیشکی بایلۆژی بەکاری بردبێت ئەمە هەڵەیەکی زەقە.
‌‌دواتر نووسه‌ر زۆر به‌ جوانی دێت و داهێنان له‌ هونه‌ری گۆڕینه‌وه‌ی نامه‌دا ده‌كات كه‌ پێشووتر من ئه‌م ڕێچكه‌یه‌م له‌ هیچ نووسه‌رێكی تر نه‌بیننوه،‌ هه‌ر چه‌نده‌ له‌ لای زۆرێك له‌ چیرۆك نووس و ڕۆمان نووسان سه‌رجه‌م ڕێگا شاز و تایبه‌ت و جیا جیا كانیان به‌ كار بردووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئارام محمد له‌ هه‌موویان جیا ده‌كاته‌وه‌ ڕێگایه‌كی په‌نهان و ساده‌ كه‌ ڕۆژانه‌ نامه‌كان له‌گه‌ڵ سه‌رنشینه‌كان ده‌ڕووات بێ ئه‌وه‌ی كه‌سیش ده‌رك به‌م شوێنه‌ به‌رێت ئه‌ویش ژێر كوشنی ئۆتۆمبێلی ده‌ست نیشان كردووه‌. به‌تایبه‌تی كاتێ سه‌لیم باوكی سه‌فین نامه‌یه‌ك له‌ ژێر كوشنی ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ ده‌دۆزێته‌وه،‌ كه‌ خۆی كێشاوه‌ به‌ گه‌لابه‌یك و خاوه‌نی نامه‌كه‌ مردووه ‌و به‌ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م نامه‌یه‌ سه‌ر له‌به‌ری ژیانی كه‌سێكی ئاسایی كاسبكار ده‌گۆڕێت بۆ كه‌سێكی خه‌باتگێڕ و كورد په‌روه‌ر. به ‌ڕاستی نووسه‌ر لێره‌ خوێنه‌ر تووشی شۆك ده‌كات و ده‌یخاته‌ به‌رده‌م پرسێكی گه‌وره‌وه‌ ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م ڕۆمانه‌ پڕه‌ له‌ ئه‌فراندن و ده‌قێكی زیندووه‌.
هه‌رچه‌ند نووسه‌ر له‌ به‌شی پێشووتر زۆر به‌ جوانی باس له‌ شاردنه‌وه‌ی نامه‌ ده‌كات، له‌ ژێر كوشنی ئۆتۆمبێل كه‌ وه‌ك كارێكی ڕێكخستنی نهێنی نێو شار به‌كار ده‌هات، به‌ڵام له‌ به‌شی (39) و لاپه‌ڕه‌ (61) ئاسایی نییه‌ كاتێ نووسه‌ر ده‌ڵێ: پێشتریش ده‌یان نامه‌ و به‌ڵگه‌نامه‌ی له‌ ناو كوشنیی سه‌یاره‌ دۆزیبووه‌وه‌. نهێنی سه‌یر له‌ به‌شێكی نامه‌كاندا هه‌بوون. لێره‌ نووسه‌ر باس له‌ دۆزینه‌وه‌ی ده‌یان نامه و به‌ڵگه‌نامه‌‌ ده‌كات، به‌ڵام دواتر به‌ ته‌واوی ته‌ركیز ده‌خاته‌ سه‌ر نامه‌كان، كه‌ ڕێی تێده‌چێ نامه‌‌كان تا سه‌ت نامه‌ بچێت، به‌ڵام ئایه‌ ئه‌مه ڕێی تێده‌چێت كه‌ ئه‌م هه‌موو نامه‌یه‌ به‌ ڕێكه‌وت بخه‌نه‌ ناو كوشنی ئۆتۆمبێل‌ و دواتر له‌ بیریان بچێت یان لێیان بكه‌وێت، چونكه‌ نووسه‌ر خۆی ده‌ڵێت:ئۆتۆمبیل هه‌بووه‌ چوار ده‌ستی كردووه‌، به‌ڵام هێشتا نامه‌كان به‌ سه‌لامه‌تی گه‌یشتونه‌ته‌ ده‌ستی باوكم. كه‌وته‌ ئه‌مه‌ ڕێكه‌وتێكی ڕووته‌ و په‌یوه‌ندی به‌ رێكخستن و شانه‌ی نهێنییه‌وه‌ نییه،‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی نامه‌كان و گه‌یشتن به‌ ده‌ستی سه‌لیم، بۆیه‌ ژماره‌ی نامه‌كان زیاد له‌ پێوستن و ده‌كرێ نووسه‌ر بڵێ: پێشتریش ده‌یان به‌ڵگه‌نامه و چه‌ند نامه‌یه‌كی له‌ ناو كوشنیی سه‌یاره‌ دۆزیبووه‌وه‌. نهێنی سه‌یر له‌ به‌شێكی نامه‌كاندا هه‌بوون. به‌مه‌ش زۆر جوانتر ده‌بوو.
دواتر نووسه‌ر دێت و له‌ لاپه‌ڕه‌ (55) به‌شی (33) باسی بازرگانانی شار ده‌كات و له‌ وێ به‌ ئه‌نقه‌ست یاخود به‌بێ ویستوو و ئاگایی بازرگانانی شار به‌ ترسنۆك ده‌ناسێنێ و ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر چی زۆربه‌ی بازرگانه‌‌كان ترسنۆكن، به‌ڵام ئه‌و نه‌ده‌ترسا. به‌پێ ئه‌وه‌ی كه‌ نووسه‌ر باسی ڕووداوێكی شۆڕشگێری گه‌لێك ده‌كات و به‌ تایبه‌تی ڕووداوه‌كان له‌ شاری هه‌ولێر ڕوو ده‌ده‌ن، بۆیه‌ به‌ ترسنۆك ناساندنی زۆربه‌ی چینێكی كۆمه‌ڵگه‌ گه‌ر كه‌مێنه‌یه‌كش بازرگان بن، من به‌ڕه‌وای نابینم و وه‌ك تۆمه‌ت به‌خشینه‌وه‌یه‌ك دێته‌ به‌رچاو زۆر ئاسایی بوو كه‌ بڵێ: زۆبه‌ی بازرگانه‌كان بێ ویدژانن. چونكه‌ ڕاسته‌وخۆ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ قووتی خه‌ڵك ده‌كه‌ن به‌ڵام ترس و نه‌ترسان شتێكی خودییه‌ ره‌نگه‌ زۆر بازرگانیش هه‌بووبێ خاوه‌ن هه‌ڵوێست بوون و پیتاك و پاره‌ و كه‌ل و په‌لیان بۆ شۆڕش ده‌نارد و به‌ هه‌ر ئاشكرا بوونێك ملیان ده‌چووه‌ به‌ر په‌تی سێداره‌.
پاشان نووسه‌ر له‌ لاپه‌ڕه‌ (129) ی به‌شی (82) ده‌ڵێ: نازانم له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه‌دا ئێمه‌ بێئیش بووین، كه‌س جگه‌ره‌ی نه‌ده‌كڕی، بازار شێوابوو. منیش نازانم نووسه‌ر ئه‌و ((نازانم))ی بۆ له‌و شوێنه‌دانه‌وه‌ چونكه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م ده‌قه‌ ناگونجێ به‌ڵكو پرسیاریش لای خوێنه‌ر دروستده‌كات ئایه‌ گه‌ر خودی كاره‌كته‌ره‌كه‌ خۆی نه‌زانێ ئایه‌ بێ كار بووه‌ یان نا ئه‌كێ ده‌زانێ؟ بۆیه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ی به‌ مه‌به‌ستێكی تر به‌كار هێنابێ و‌ هه‌ڵه‌ی خاڵبه‌ندیش بووبێ، چونكه‌ ته‌نیا یه‌ك فاریزه‌ له ‌وانه‌یه‌ گرفته‌كه‌ی چاره‌سه‌ر بكردبووایه‌.
نووسه‌ر له‌ شوێنێكدا زۆر به‌ جوانی په‌یامێكی له ‌ڕێگای گێڕانه‌وه‌ی سه‌فین سه‌باره‌ت به‌نامه‌كانی باوكی كه‌ چۆن له‌ دوانامه‌كانیدا باوكی ووشه‌ی پاڵه‌وان له‌ بیره‌وه‌ری نامه‌كانیدا به‌هۆی ترس له‌ ڕێژم ده‌سڕێته‌وه‌، ‌كه‌چی كوڕه‌كه‌ی له‌ خه‌می به‌ پاڵه‌وان ناساندنی باوكییه‌تی و له‌ هه‌ومی شۆڕش بووندا گیری خوارده‌وه،‌ به‌ڵام باوكی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تادا له‌وه‌تێگشتووه‌ شۆڕش بۆ پاڵه‌وانه‌كان ماڵ نییه، به‌ڵكو ترسنۆك و بێده‌سه‌ڵاته‌كان لێی ده‌خۆن.‌ بۆیه‌ نووسه‌ر له‌ نێوان دوو نه‌وه‌و دوو به‌ره‌ی جیاوازدا ده‌ره‌نجامه‌كان مێژوویانه‌ ده‌خاته‌ ڕوو ده‌توانم بڵێم پێویسته‌ ((ڕۆمانی ڕۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرم)) به‌تایبه‌تی وه‌ك به‌شێكی مێژوویی دوای ڕاپه‌ڕین بخرێته‌ ئه‌رشیفی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌. چونكه‌ ئارام محمد زۆر به‌ دیقه‌ت و به‌ به‌رپرسیارییه‌وه‌ هه‌ڵساوه‌ مێژووی شۆڕش له‌ ساڵانی 1989 تاكو ساڵی 1992 زۆر به‌ جوانی و وه‌ك خۆی ئه‌و لایه‌نانه‌‌ی مێژوونووسان و ڕۆژنامه‌نووس و لێكۆڵه‌ران لایان لێنه‌كردۆته‌وه‌ ئارام محمد توانیووه‌یه‌تی له ڕۆمانی ڕۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرم بۆ مێژوو وه‌ك خۆی بخاته‌ ڕوو.
جگه‌ له‌مه‌ش ره‌نگه‌ من نه‌متوانیبێ هه‌قی ته‌واوم به‌ لایه‌نه‌ جوانه‌كانی ڕۆمانه‌ كه‌‌ دابێت و ‌ هه‌ڵبه‌ته‌ له‌ ژیاندا هیچ بوونێك بێ كه‌مو كوڕی نییه‌، به‌ڵام به‌ڕاستی ته‌كنینك و گێڕانه‌وه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ی كۆتایی بۆ سه‌رتا له‌و ڕۆماندا هونه‌رێكی جوانی چیڕۆكنووسی و نووسینێكی بێ هاوتایه ‌و ده‌كرێ بڵێن ئارام محمد له‌ ((ڕۆمانی ڕۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرم)) ڕێچكه‌ی خۆی وه‌رگرتووه.‌

 

خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ ڕۆمانی ڕۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرم … دلشاد کاوانی