شرۆڤە

قاسملوو بەزمانێکی سادە

حیشمەت خوسرەوی

راستە د.قاسملوو لە دونیای دەرەوە  و لە کاتی نووسین و چاوپێکەوتنەکانیدا لە گەڵ چاپەمەنی و رادیوەکانی دەرەوەدا بەوە بە ناوبانگ بوو کە هەم ئەخلاقی سیاسی ڕەچاو دەکات و هەمیش خاوەنی زمان و قەڵەمێکی خاوێنە لە روی تەندروستی زمانەوەوە. بەڵام بەداخەوە لە نێوخۆیی حیزبدا کۆمەڵێک وشەی ناشیرینی واردی فەرهەنگ و ئەدەبیاتی سیاسی حیزب کرد.

 

قاسملوو بەزمانێکی سادە

خوێندنەوەیەک بۆ دیاردەی "قاسملوو" بە بیانۆی ٣١ ساڵەی تێرۆری لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.

حیشمەت خوسرەوی

کاتێک باس لە د. قاسملوو دەکەین، نابێت تەنیا بە دیدی ئاتفی و سۆزی حزبیەوە بڕوانینە یەکێک لە بلیمەت ترین رێبەرە سیاسییەکانی کورد  واتە "قاسملوو" بەڵکوو دەبێت لە روانگەێکی ڕەخنەگرانەشەوە سەیری دەسکەوتە سیاسی و لە هەمان کاتدا هەڵە سیاسییەکانی ئەم ئابووریناس، زمانزان، رێبەرە ئەکادیمی و دیپلۆماتە بکەین. ئەم بابەتە هەوڵدەدات کە بەزمانێکی سادە باس لە دەسکەوتە سیاسی و هەروەها هەڵە سیاسییەکانی د. قاسملوو بکات بە بێ ئەوەی مەبەست بێرێزی یان شتێکی دیکە بێت. هەروەها هەوڵدەدرێت زۆرتر بەشێوەیەکی بابەتیانە باس لە ئەندیشە سیاسییەکانی ئەم مرۆڤە بکرێت، تاکوو خودی قاسملوو وەکوو تاکەکەس. نووسین و گرنگی بابەتێکی وا سادە لە سەر مرۆڤێکی بلیمەت و زانا، بەڵام لە هەمان کاتدا خاوەنی کۆمەڵێک هەڵەی سیاسی، ڕەنگە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە بەداخەوە لە ساڵڕۆژی تێرۆری ناوبراودا، زۆر کەس تەنیا بە شێوەی ئاتفیانە باسی قاسملوو دەکەن. یان هەندێک کەس تەنیا باس لە خاڵە بەهێز و باشەکانی ناوبراو دەکەن و یان هەندیک قەڵەم و لایەن تەنیا هەول بۆ ناشیرینکردنی قاسملوو دەدەن. هەڵبەت ئەمەش وامان لێدەکات کە نەتوانین بە شێوەیەکی بابەتیانە هەموو ڕەهەندە فیکری و رەفتارە سیاسییەکانی قاسملوو لە گۆشە نیگای زانستی سیاسی و سۆسیۆلۆژییەوە تێبگەین. لە خوارەوە سەرنجتان بۆ لای کۆمەڵیک لە دەسکەوتە سیاسییەکانی قاسملوو و هەروەها هەڵە سیاسییەکانی لە ژیانی سیاسی ئەم مرۆڤە بلیمەتەدا، بەزمانێکی سادە، رادەکێشم.

دەسکەوتە سیاسییەکانی د.قاسملوو بۆ حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران (بۆیە دەڵێم حدکا، چونکە ناوبراو تا کاتی تێرۆری، سکرتێری حدکا بووە):

سەربەخۆیی سیاسی:

 یەکێک لە شاکارە سیاسییەکانی د.قاسملوو، ڕەنگە کۆتایی هێنان بە کاریگەرییەکانی عەبدولا ئیسحاق (ئەحمەد تەوفیق) بووبێت کە دەیهەویست حیزبی دێمۆکرات بەرەو لای بیری راستگەرایی، ناسیونالیزمی بەرچاوتەنگ یان بیری پوپۆلیستی ببات لە جەریانی کۆنگرەی دووهەمی حیزبدا. قاسملوو کە باوەڕی بە بیری چەپی سوسیال دمۆکراسی هەبوو و هەروەها  هاوکات ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی شورەوی و بەتایبەتی حیزبی تودە لە ئێران دەگرت، پلانی ئەوەی هەبوو کە بە هەر شێوەیەک بووە  حیزبی دیمۆکرات لە ژێر دەستی حیزبی تودە  و بارزانی دەربهێنێت. هەر بۆیە لە پرۆسەی کۆنگرەی سێهەمی حیزبدا، توانی سەربەخۆیی سیاسی بۆحیزبەکەی دەستەبەر بکات. لە راستیدا، لە ململانی نێوان قاسملوو وەکوو هەڵگری بیری سوسیالیستی و ئەحمەد تەوفیق، نوێنەری بیری پۆپۆلیستی، قاسملوو توانی دکترینی سیاسی خۆی سەربخات ئەویش پاش ئەوەیکە حدکا لە کۆبونەوەی کۆمیتەی ناوەندی حیزب لە مانگی ژانوییەی ١٩٧٢ بڕیاریدا کە ئەحمەد تەوفیق سکرتێری هەڵبژێردراوی کۆنگرەی دووهەمی حیزب لە بەر بێ دیسیپلینی و دژایەتی حیزب بۆ هەمیشە لە حیزب دەربکرێت. دەرکردنی ئەحمەد تەوفیق لەو کاتەدا بڕیارێکی ژیرانە بوو چونکە ناوبراو پێ وابوو کە حیزبی دێمۆکرات بۆ هەر بڕیارێک دەبێت مەرجەئیەت لە بارزانی وەربگرێت.

لە لایەکی دیکەوە، قاسملوو توانی لە ڕیگای تەسبیت کردنی دەسەڵاتی سیاسی خۆی و بوون بە سکرتێری حیزب لە کۆنگرەکانی دواتریش، لە جەریانی کۆنگرەی شەشەم لە  ساڵی١٩٨٤، تێورییەکەی واتە "سوسیالیزمی دێمۆکراتیک" بکات بە ئەمری واقع و بەم جۆرە بیری ناسیونالیستی بەرچاوتەنگ کە پیشتر لە لایەن ئەحمەد تەوفیقەوە رێبەرایەتی دەکرا بۆ هەمیشە لە ئەدەبیاتی سیاسی حیزبدا سرایەوە. شتی سەیر و سەمەرە لەوەدایە کە هۆگرانی ئەحمەد تەوفیق تازە خەریکن بە ناوی دکترینی سەیر وسەمەرە وەکوو "کوردیسم"، پان کوردیسم" و زۆر دەستەواژەی دوور لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان، هەوڵدەدەن کە کاریگەری پۆپۆلیستیانە لە سەر رەفتاری سیاسی تاکی رۆژهەڵاتی کوردستان و فەرهەنگە سیاسییەکەی، دابنێن. یان هەندێک نوخبەی سیاسی  رۆژهەڵاتی کە لە دەرەوەی وڵات دادەنیشن هەوڵدەدەن کە  بە بیانۆی  کوردایەتی و پرسی دەوڵەت -نەتەوە، جارێکی  سەربەخۆیی سیاسی حیزبەکەی قاسملوو فیدای پەێوەندییە شەخسی و گوماناوییەکانیان لە گەڵ ناوچەی زەردا بکەن بێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە کە قاسملوو باجی زۆریدا بۆ دەرهێنانی دێمۆکرات لە ژێر دەستی تودە، ئەحمەد تەوفیق و پارتی دێمۆکراتی کوردستانی عێراق.

ریفۆرمی سیاسی:

د.قاسملوو پاش ئەوەیکە توانی بە زەحمەتێکی زۆر  حیزبەکەی لە ژێر دەستی ئەحمەد تەوفیق و تودە دەربهێنت، یەکەمین ئەولویەتی کاری ناوبراو، ئەنجامدانی ریفۆرمی سیاسی لە حیزبدا بوو. ئەو توانی بە هاوکاری کەسانێک وەکوو مامۆستا "عەبدوڵای حەسەنزداە" و چەند کەسی دیکە لە هاوڕێیانی بەرنامە و پێڕوەی نیوخۆی نوێ بۆ حیزبی دێمۆکرات بنووسن و هەروەها توانییان گۆڕانکاری لە ستراکچێر (ساختار) حیزب  و  مۆدێلی سیاسی حیزبەکە  بۆ داهاتووی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا دروست بکەن. ئەوان بڕیاریاندا کە وشەی "ئێران" بلکێنن بە حیزبەوە و بەم شێوەیە  نێوی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان گۆڕدرا بۆ "حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران " و هەروەها دروشمی "دێمۆکراسی بۆ ئێران" و " خودموختاری بۆ کوردستان" هاتە نێو بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی حیزب.

تێوری سیاسی:

 قاسملوو بە هێنانە بەر باسی تێوری "سوسیالیزمی دێمۆکراتیک" لە لایەک پەێوەندی فیکری خۆی لە گەڵ ئیدۆلۆژی مارکسیسم-لنینیسم پچڕاند و لە لایەکی دیکەوە بە هۆی شارەزای لە سیاسەت و بەتایبەتی سیاسەتی ئابووری هەر زوو دەستیکرد بە رەخنە گرتن لە بیری "سوسیال دێمۆکراسی" لە بەرانبەر سوسیالیزمی دێمۆکراتیکدا کە خۆی تێورییەکەی دانابوو.

قاسملوو لە "کورتە باسێک لە سەرسوسیالیزم" رەخنە لەسوسیال دێمۆکراسی دەگرێت و دەلێت:

"سوسیال دێمۆکراسی پێکهاتوە لە گەرایشاتێکی ریفۆرمیستیانە کە لە ژێر ناوی سوسیالیزم بەرگری لە سەرمایەداری دەکات، لە حاڵێکدا سوسیالیزم واتە روخاندنی سەرمایەداری و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی نوێ". د.قاسملوو پێ وابوو کە سوسیال دێمۆکراسی هەوڵی پێکهێنانی ریفۆرم لە سەرمایەدارییدا دەدات، بەڵام حیزبەکەی ناوبراو باوەڕی بە لابردنی سەرمایەدارییە.

دەبێ بگوترێت کە د.قاسملوو لە کۆنگرەی سێهەمی حیزبدا، تەرحی سوسیالیزمی دێمۆکراتیکی پێشنیار کرد، بەڵام دەنگی تەواوی بەدەست نەهێنا. ئاخرەکەی تێورییەکەی قاسملوو واتەسوسیالیزمی دیمۆکراتیک لە کۆنگرەی شەشەمی حیزبدا  پەسەند کرا.

د.قاسملوو یەکەمین رێبەری کورد لەو سەردەمەدا بوو کە بە دانانی تێوری خۆی واتە "سوسیالیزمی دێمۆکراتیک" مەکانیزمێکی  نوێ و سازگاری بۆ چارەسەر کردنی پرسە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگە دۆزییەوە و پێ وابوو کە مرۆڤ دەتوانێ لەرێگای پیادەکردنی سوسیالیزمەوە، کۆتایی بە کۆیلیەتی خۆی بهێنێت. قاسملوو لەو سەردەمەدا ئەوەندە ژیر و واقع بین بووە کە پێ وابوو سوسیالیزم لە قۆناخی ئیستراتیژیکدا  جێبەجێ دەبێت و لەوە دەچێت تا جێبەجێ بوونی ئەم بیرۆکەیە لە کۆمەڵگەدا، پێنج تا ٢٥ ساڵ درێژە بکێشیت.

شایستەسالاری:

د.قاسملوو پێ وابوو کە لە کۆمەڵگەیەکی سوسیالیستیدا دەبێ کار وەکوو بنەمایەکی ئەخلاقی ببینرێت و لە وەها کۆمەڵگەێکدا دەبێ کارەکان لە سەر بنەمای شایستەسالاری (Meritocracy)  ماکس وێبێری دابەش بکرێت . گرنگی ئەم شیکارییەی قاسملوو لەوە دایە کە ئەو لە سەر ئەو باوەڕە بوو کە کاتێک کار و بەرپرسایەتییەکان لەسەر بنەوای شایستەسالاری دابەش بکرێن و مۆدێڵی سوسیالیزمی دێمۆکراتیک پیادە بکرێت، ئەنجامی ئەم کارە دەبێتە هۆی لە ناوچوونی ئیمتیازاتی رەگەزی، چینایەتی، میراتی، عەشیرەتی ودینیەکان. لە روانگەی ئابووری سیاسییەوە، قاسملوو پێ وابوو کە بوونی سوسیالیزمی دێمۆکراتیک رێگا لە بەردەم گەشەی ئابووری و بەرهەمهێنانی نەتەوەیی دەکاتەوە و ئەم کارەش دەبێتە هۆی ئەوەیکە کۆمەڵگە لەروی ژێرخان و بان خانی ئابوورییەوە پێشبکەوێت. هەر کاتێک کۆمەڵگە لە روی ئابورییەوە پێشبکەوێت ئەو کات ئابووری وڵاتیش بەشێوەی ئادڵانە دابەش دەکرێت.

پسپۆڕ بنەما و توانمەند لە ئانالیز وشیکاری زاراوە سیاسییەکاندا:

 د. قاسملوو وەکوو کەسێکی ئەکادیمی و ئابووریناس توانی هەڵسەنگاندن بۆ کۆمەلێک تێرمی زانستی سیاسی وەکوو (دێمۆکراسی ئابووری، دێمۆکراسی کۆمەلایەتی و دێمۆکراسی سیاسی) بکات و ئەو لای وابوو کە یەکێک لە گەورەترین خاڵە لاوازەکانی ئەم جۆرە دێمۆکراسیانە نەبوونی " دێمۆکراسی سیاسی یە"، چونکە ئازاد بوونی  تاک و ئازادی بەیان تەنیا لە مۆدێلی دێمۆکراسی سیاسیدا، مانا پەیدا دەکات.

چەمکی رێبەر:

د.قاسملوو بە پێچەوانەی زۆر ڕێبەری دیکەی کورد، نە بە جەنابی سەرۆک ناسرا و نە بە پێغەمبەر و خاوەن موعجیزە ماکس وێبێر گووتەنی، بەڵکوو تەنیا بە د.قاسملوو بانگیان دەکرد کە هەڵبەت ناوهێنانی قاسملوو وەکوو "دکتور" لەو کات و ساتەی ئەو سەردەمەدا، شتێکی بە تەواوی ئاسای بوو و قابیلی تێگەیشتنە.

ئاشنابوون بە کۆدە سیاسی و خەتە سوورەکانی رۆژئاوا:

د.قاسملوو بە هۆی شارەزابوونی لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و پێداگرتنی بەردەوامی لە سەر چارەسەریی پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە مێتودی ئاشتیخوازنە و دیالۆگ، نەیهێشت حیزبەکەی پەنا بۆ کاری تێرۆریستی بەرێت یان خەڵک بە بارمتە بگرن یان کوێرکوێرانە پشتیوانی لە ئیدۆلۆژی بەرەیەکی جیهانی بکات. ئەم جۆرە رەفتارە سیاسییە و سیاسەتکردن لە سەر بنەمای ژیری و بەرپرسایەتی کارێکی کرد کە قاسملوو پرستیژ و ناوبانگی حیزبەکەی و رۆژهەلاتی کوردستان لە دونیای دەرەوە بە شێوەیەکی باش پیشان بدات. هەر ئەم پرۆفایلە سیاسییە وایانکردبوو کە زۆر شەخسیەتی جیهانی لە رێگای د.قاسملوو وە لە گەڵ کێشەی نەتەوایەتی کورد و نیشتمانێک بە ناوی کوردستان، ئاشنا بن. کاتێک چاوو لە سێ دەیەی رابردوو لە خەباتی کورد لە هەموو بەشەکان بەتایبەتی لە رۆژهەڵات و باشووری کوردستان دەکەین بۆمان دەردەکەوێت کە هەندێک جار لە بڕگەێکی مێژوودا کوردەکان دوای چیاکان لە رێگای دۆستەکانی د.قاسملوو وە دەنگییان گەیشتووتە ناوەندە جیهانییەکان. نموونەی هەر بەرز کۆڕەوەکەی باشووری کوردستان لە نەوەدەکان و کۆبوونەوەی چەند ملیون کورد لە سنووری نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان لە ترسی ئەگەری کەڵک وەرگرتنی رێژیمی سەدام حوسەین لە چەکی کیمیایی. ئا لەو کاتە سەختەدا بوو کە دۆستە فەرانسییەکانی قاسملوو دیواری ترسیان شکاند و بە بێ ئەوەی گوێ بە بەرژەوەندییەکانی نێوان پاریس-بەغدا بدەن خۆیان گەیاندە سنووری باشووری کوردستان و پاش گوێگرتنیان لە نوێنەرانی بەرەی کوردستانی، بریاریاندا کە رێگا نەدەن کوردی باشوور جارێکی دیکە لە پێش چاوی کۆمەڵگەی جیهانی ببێت بە قوربانی. ئەوە بوو دانێاڵ میتران (دایکی کوردان) و دۆستەکانی دیکەی قاسملوو توانییان قەناعەت بە حکوومەتی فەرانسە بکەن کە لە رێگای پێگە و نفوزی فەرانسە لە ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە چوارچێوەی ئەو دیفاکتۆییەی هاتووتە پێش، کوردی باشوور بپارێزن.

ئەخلاق و سیاسەت لای قاسملوو:

 خاڵێکی دیکە کە قاسملوو لە گەڵ ڕێبەرانی دیکەی کورد جیادەکاتەوە، پابەند بوونی ناوبراو بە پرنسیپە سیاسی و ئەخلاقییەکان بوو.  دەبێ بگوترێت کە ئەخڵاق و سیاسەت لە زانستی سیاسی یان فیکر و فەلسەفەی سیاسیدا دووشتی لە یەک جیانەکراوەن. د.قاسملوو زۆر بە باشی لەوە تێگەیشتبوو کە ئەخڵاق بە شێوەی گشتی گرێدراوی سیستەمە دیمۆکراتیک و پێشکەوتووەکانی جیهانە و پاراستنی ئەم بنەما ئەخڵاقییانە مەرجێکی سەرەکییە بۆ نزیکبوونەوە لە رۆژئاواییەکان. هەر چەند بۆ خۆیان زۆر جار بنەما ئەخڵاقییەکان دەکەنە فیدای بەرژەوەندییە سیاسی و ئابورییەکانی خۆیان (وەکوو نموونە، تێرۆری خودی د.قاسملوو لە وییەنی پێتەختی ئوتریش لەسەر بنەمای بازرگانی لە نێوان وییەن وتاران).

لە پەێوەندی لە گەڵ ڕەچاوکردنی بەها ئەخڵاقییەکاندا، قاسملوو نەکەوتە ژێر کاریگەرییەکانی دکترینی مەکیاڤێللیدا کە لە کتێبی "میر"دا باس لەوە دەکات کە هیچ پەێوەندییک لە نێوان ئەخلاق و سیاسەت نیە و هەر بۆیە دەبێ بەقەوڵی ناوبراو، بەها ئەخڵاقییەکان تێکەڵی سیاسەت نەکرێت. بەڵام قاسملوو زۆر ژیرانە هەڵسووکەوتی دەکرد و ئامادە نەبوو بکەوێتە ژێر کاریگەری ئاراستەی ماکیاڤێلی لەسەر پەێوندی نێوان ئەخلاق وسیاسەت. هەر بۆیە ئەو هات ڕەچاوی ئەو جۆرە لە ئەخلاقی سیاسی دەکرد کە هەندێک فەیلەسووف وەکوو "ئەرەستۆ" پێێ وایە سیاسەت گرێدراوی ئەخلاقە و ئەرکی دەوڵەت لەروانگەی ئەرستۆوە  بڵاوکردنەوەی زانست و پاراستنی ئەخلاقە.لە لایەکی دیکەوە، کەسێک وەکوو "کانت" دکترینی ئەخلاقی بە پێناسەیەکی جیاوازەوە پێش دەخات و تێدا داوا دەکات کە مامەڵە لە گەڵ خودی مرۆڤ بکرێت وەک ئامانجێک، نەک وەکوو کەرەستەیەک. ئەمە لەخۆڕا نەبوو کە کانت لە کتێبی" پرۆژەی ئاستی بەردەوام"دا، داوای پێکهینانی دەستەیەکی نێودەوڵەتی دەکات کە بە شێوەیەک خەباتی خۆیان بۆ پاراستنی ئاشتی و کۆتایهێنان بە ململانییەکان پێشبخەن کە ئەخلاق بە سەر سیاسەتدا، زاڵ بێت. کەسێک وەکوو قاسملوو لە سەر بنەمای ئەم مێتودە کاروباری سیاسی حیزبەکەی ئورگانیزە کردبوو، واتە سیاسەت لە سەر بنەمای ئەخلاق. زەمانێک ناوبراو هەوڵی بە ئەخلاقیکردنی پرۆسەی سیاسی لە حیزبەکەیدا دەدا کە زۆر کەس گاڵتەیان بەو دکترینە دەکرد، بەڵام ئێـمە دەبینین کە تەنانەت بیرمەندە هاوچەرخەکانی ئێستاش  لە وێنەی "هنری برگسون" و " برتارند ڕاسل" جەخت لەسەر زاڵ بوونی ئەخلاق بە سەر سیاسەتدا دەکەن.

هەڵە سیاسییەکانی د.قاسملوو:

هەر رێبەرێکی سیاسی کە لە لایەک  بەرانبەر بە سیستەمێکی ئیدۆلۆژی دینی و حکوومەتێکی ئستبدادی(Tyranny)  وەکوو کۆماری ئیسلامی ڕێبەرایەتی شەڕێکی نابەرابەر بکات و لە لایەکی دیکەوە حیزبەکەشی لە گەڵ کۆمەڵێک کێشەی نێۆخۆیدا دەرگیر بێت، بێگومان هەڵەی سیاسیش دەکات. هەر بۆیە ئەمن چەن دانە لە هەڵە سیاسییەکانی د.قاسملوو زۆر بە کورتی ئاماژەیان پێدەکەم.

پرسی ژنان:

ناڵێم د.قاسملوو هیچ گرنگییکی بە پرسی ژنان نەداوە، بەڵام کاتێک بەرهەمەکانی دەخوێنینەوە دەبینین کە ناوبراو کەمترین وتار و قسەی لە سەر مەسەڵەی ژنان هەیە. واتە لە تەواوی نووسینەکانی خۆێدا و تەنانەت لە پرسە کۆمەڵایەتییەکانیشدا هیچ لێکۆڵینەوەیەکی زانستی لە سەر گرفتەکانی پرسی ژنان ئەنجام نەداوە. لەوە دەچێت نەبوونی مەتریاڵ لەم بوارەوە، هۆکارێک بێت بۆ تێکەڵ نەبوونی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە خەباتی سیاسی و چەکداری لانیکەم لەو دەورەیەدا کە هێشتا خودی د.قاسملوو سکرتێری حدکایە.

نەبوونی ناوەندی ئەکادیمیەت بۆ ڕیبەر دروستکردن:

بە حوکمی ئەوەیکە د.قاسملوو بۆ خۆی کەسێکی ئەکادیمی و مامۆستای زانکۆ بووە دەبێ پرسیار بکەین کە بۆچی ناوبراو بیری لە دامەزراندنی ئەکادیمەتێکی تاێبەت بۆ بارهێنان و پەروردەکردنی کەسانێک کە لانیکەم بتوانن پاش خۆی بەشێوەی رێبەرایەتی هاوبەش (ریاست مشترک) حیزب هیدایەت بکەن، نەکردووتەوە؟ ڕەنگە ئێستا ئەوە پرسیارە دروست بێت مەگەر دوای د.قاسملوو ، د. شەرەفکەندی و کەسانی دیکەمان نەبوو؟ دەبێ بلێم کە بەداخەوە د.قاسملوو لە جیاتی دانانی ئەکادیمییەت، زۆرتر فوکوسی دانابوو لە سەر چەن کەسێک کە زۆرتر لە خۆیەوە نزیک بوون. یان "لیستەی فیکس" کارێکی کرد کە حدکا زۆربەی کادرە بەرجەستەکانی خۆی لەدەستبدات و ئەوانەش مابوونەوە یان تینوی دەسەڵات و پۆستی کۆمیتەی ناوەندی بوون یان لەو ڕادەیە نەبوون کە بتوانن پاش قاسملوو میرات و پرستیژەکانی ناوبراو رابگرن. نەبوونی ئەم ئەکادیمییە وادەکات کە کەسەکان لە سەر مێتودی شایستەسالاری ئەرک و بەرپرسایەتی وەرناگرن و هەندێک کەس کە زۆرترین وشەی ئاتفی لەسەر د.قاسملوو بڵێت یان خۆی بە میراتی سیاسی قاسملوودا هەڵکێشێت، زۆرترین چانسی هەیە بۆ پاراستنی پێگە و دەسەڵاتی خۆی لە ناو حیزبدا.

 

کەڵک وەرگرتن لە دەستەواژەی " لۆمپنیزمی سیاسی" دژ بە مۆخاڵفەکانی

راستە کە د.قاسملوو لە دونیای دەرەوە  و لە کاتی نووسین و چاوپێکەوتنەکانیدا لە گەڵ چاپەمەنی و رادیوەکانی دەرەوەدا بەوە بە ناوبانگ بوو کە هەم ئەخلاقی سیاسی ڕەچاو دەکات و هەمیش خاوەنی زمان و قەڵەمێکی خاوێنە لە روی تەندروستی زمانەوە(Language hygine) وە. بەڵام بەداخەوە لە نێوخۆیی حیزبدا کۆمەڵێک وشەی ناشیرینی واردی فەرهەنگ و ئەدەبیاتی سیاسی حیزب کرد بۆ نموونە" تاقمی حەوت کەسی، کەوڵە شڕ (ئەو لەقەبە ناشیرینەیە  کە د.قاسملوو کاتی خۆی بۆ مامۆستا هێمن، شاعیر و هێمای نەتەوەیی  کورد بەکاری هێنابوو)، لادەران،جاش موجاهید و هتدد. ئەم جۆرە وشانە کە لە ئەدەبیاتی سیاسیدا بە "لۆمپنیزمی سیاسی" ناسراوە، بوو بە بەشێک لە ئەدەبیاتی سیاسی حیزب و لەوێشەوە بە ئەنقەست گواسترایەوە بۆ نێو کۆمەڵگە و بەم جۆرە بوو بە بەشێک لە فەرەهەنگی سیاسی  رۆژهەڵاتی کوردستان.

لیستەی فیکس(لیستەی دڵخواز)

کەم کوردی رۆژهەڵات هەیە کە نێوی "لیستەی فیکس" ی نەبیستبێت. ئەم لیستە لە کۆنگرەی هەشتی حیزبی دێمۆکرات ل ساڵی ١٩٨٨ لە لایەن د.قاسملوو پێشکەش بە بەشدارانی کۆنگرە کرا. ئایا کاتێک ئێمە باس لە کارە باش و دەسکەوتەکانی قاسملوو دەکەین، نابێ پرسیار لە خۆمان بکەین کە لایەنە باش و خراپەکانی ئەم لیستە چی بوون؟ نابێ پرسیار لە خۆمان بکەین کە داخوا چۆن بوو قاسملوو توانی ئەم لیستە واردی کۆنگرە بکات؟ ئایا ئەگەر ئاستی زانیاری وتواناییە سیاسییەکانی بەشدارانی کۆنگرە لە ئاستی ئێستا بوایا و یان لانیکەم خاوەنی سەوادی ئەکادیمی بوایان دەیانهێشت ناوبراو هەروا بە ئاسانی ئەم لیستە داسەپێنێ وسەری بخا؟ ئەی ئایا تاکوو ئێستا ئێمە لە روی خەسارناسیوە ،توانیومانە ١٠٠ لاپەڕەی ئەکادیمی و زانستی لە سەر کاریگەرییە نگەتیڤ و پۆزەتیڤەکانی لیستەی فیکس بنووسین؟ من هەولدەدەم بە کورت وەڵامی ئەو پرسیارانە بە شێوەی خوارەوە بدەمەوە:

١.لیستەی فیکس، مۆدێڵێکی نوێ بوو لە ئەدەبیاتی سیاسی حیزبی دێمۆکراتدا. هەر بۆیە قاسملوو دەبوایە پێش لە کۆنگرەی هەشت لە چوارچێوەی نامیلکەێکدا و وەکوو عورفێکی دێمۆکراتیک ئەم مۆدێڵە نوێیەی  هەڵبژاردنی بۆ ئەندامانی حیزبەکەی شرۆڤە کردبا. پاشان ئەو مافەشی بە موخاڵفەکانی دابا کە ئەوانیش مۆدێڵی خۆیان بۆ هەڵبژاردن و بەڕێوەبردنی حیزب لە دوای کۆنگرەوە، پێشکەش بە ئەندامانی حیزب کردبان.

٢.بە باوەڕی من ئەم لیستە تەنیا بۆ ئەوە واردی کۆنگرە کرا کە لە ژێر ناوی شایستەسالارییدا، نەهێڵێن کەسە مۆخاڵفەکانی قاسملوو واردی کۆمیتەی ناوەندی بن، چونکە ئەو کەسانە دەیانتوانی کۆدە سیاسی و حەساسەکانی قاسملوو لە پەێوەندی لە گەڵ کۆمەلێک بابەتی هەستیاردا، بدۆزنەوە. یان دەیانتوانی ببن بە ڕیگر لە بەردەم سەڵاحییەت و دەسەڵاتەکانی سکرتێری نوێ کە بۆ خۆی باشترین بژاردە بوو.

٣.قاسملوو لە رێگای کەڵک وەرگرتن لە لیستەی فیکس، توانی مۆخاڵفەکانی لە بار سایکۆلۆژی سیاسییەوە(Political Psychology)  تەنبی بکات و زۆر ژیرانە لە گەڵ کۆدەکانی زانستی سیاسی و ماتماتیک ئاشنا بوو کە تەنیا رێگا چارە بۆ مانەوەی خۆی وەکوو سکرتێر و پاراستنی نهێنییەکانی ناو سندوقە ڕەشەکە، دەرهاوێشتنی زۆربەی کادرە پرسیار خوڵقێنەرەکانە و مانەوەی کەمایەتییەکی بێ پرسیارە.

٤. د.قاسملوو توانیبوو لە سادەیی و لە خواربوونی ئاستی تواناییە سیاسییەکانی کەسانی نزیک لە خۆی کەڵک وەبگرێت بۆ هێنان و سەرخستنی لیستەی فیکس کەچی هەر ئەو کەسانە پاش مەرگی قاسملوو و لە جەریانی کۆنگرەی نۆهەمی حیزبدا ،ئامادە نەبوون چیدی لە سەر مۆدێڵی لیستەی فیکس کار بکەن. ئیتر تێوریسیۆن، مێشکی حیزب، ئەندازیاری سیاسەتەکانی حیزب نەمابوو کە بە رێتوریکی سیاسی خۆی جارێکی دیکە ئەو لیستە بسەپێنێت بە سەر حیزبدا. لە لایەکی دیکەوە، کەسە مۆخاڵفەکانیش لە حیزبدا نەمابوون کە جارێکی دیکە پێویستیان بە لیستێکی لەو چەشنە هەبێت.

٥.لیستەی فیکس کاری خۆی کرد و بەم جۆرە گەورەترین زەربەی ئینسانی، تەشکیلاتی، نیزامی و ئابووری لە حیزب دێمۆکرات دا. ئەم لیستە بوو بە هۆکاری ناوچەگەرایی لە حیزبدا و زۆربەی ئەو کەسانەی کە لە ژێر نێوی "ڕیبەرایەتی شۆڕشگێر"دا، درێژەیان بە تێکوشانی خۆیاندا، خەڵکی مۆکریان بوون.  ئەم لیستە وایکرد کە کەرامەت و غروری زۆر کەس لە سیما ناسراوەکانی حیزبی دێمۆکرات لە پێش چاووی سازمانی مۆجاهدینی خەڵقدا بشكێنت. حیزب بەشێک لە باشترین کادرەکانی خۆی لە یەکێک لە ئەستەمترین قۆناخەکانی خەباتی خۆیدا لە دەستدا. لە لایەکی دیکەوە ، ئێتبار و پرستیژ یان پێگەی حیزبی لای دۆستەکانی لاواز کرد. ئەمە مانای ئەوە بوو کە ئەو قاسملووییەی کە لە دونیای دەرەوە بە کەسی ئەهلی ئاشتی، دیالۆگ و ئەخڵاقی سیاسی ناسراو بوو بەڵام لە نیۆخۆیی حیزبەکەیدا کەمتر  کەڵکی لەو سیفەتە سیاسییانە وەردەگرت .

٦. شوێنەوار و کاریگەرییەکانی لیستەی فیکس تاکوو ئێستا وایانکردوە کە هەندێک کەس بە چاووی گومانەوە سەیری ئەو کەسانە بکەن کە بە " لادەران" دەناسران .

٧.لە هەمووی ناخۆشتر و جەرگبڕ تر ئەوەیە کە لیستەی فیکس بەڕادەیەک حیزبەکەی قاسملووی لاواز کرد کە ناوبراو ناچار بێت دەستبکات بە وتووێژی نهێنی لە گەڵ کار بەدەستانی سیستەمێکی توتالیتەر کە هیچ باوەڕێکی نە بە ریفۆرمە و نە پرسی نەتەوایەتی. بەم جۆرە، لیستەی فیکس تەنانەت بوو بە یەكێک لە هۆکارەکانی کەوتنە داوی قاسملوو لە لایەن کۆماری ئیسلامی و تێرۆرکرانی لەوییەنی پێتەختی ئوتریش.

پەێوەندی نێوان ئێتمادی سیاسی و داستانی وتووێژ لە گەڵ کۆماری ئیسلامیدا:

لە هەر حیزبێکی سیاسیدا ،بوونی ئیتمادی سیاسی(Political Confidence) لە نێو ئورگانی سەرەوە و بەدەنەی ئەو حیزبەدا، هەم نیشانەی باوەڕی ئەو حیزبەیە بە عورفی دێمۆکراتیک و کارکردن بە شێوەی کولکتیڤ و هەمیش نیشانەی هۆگری  ئەندامانی ئەو حیزبەیە کە بە ئیشقەوە لە دەوری کۆمەلێک ئامانجی هاوبەش کۆبوونەتەوە. بەقەوڵی "هانا ئارنێت" ئەندامانی بەدەنە ئەو چاوەڕوانییەیان نیە کە کەسی یەکەمی حیزبەکە درۆیان لە گەڵ بکات. ڕاستە ئارنێت ئەم شتەی لە کتێبی (The promise of Politic) دا لە پەێوەندی لە گەڵ دەوڵەتدا نووسیوە، بەڵام هەر چۆنێک بێت، رێبەری سیاسی دەبێ لە گەڵ کادرەکانی رێبەرایەتی و بەدەنەی حیزبەکەیدا سادق بێت. پرۆسەی وتووێژی د.قاسملوو لە گەڵ کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی نیشانی دەدات کە ناوبراو نەک ئامادە نەبووە وردەکارییەکانی وتووێژ لە گەڵ رێژیمدا بۆ رێبەرایەتی حیزب باس بکات ،بەڵکوو بەدەنەشی لەو ماف و پرنسیپە سیاسیە بێبەش کردبوو. هۆکاری ئەم کارەش دەتوانێ ئەوە بێت کە ئەستورە و پێغەمبەریکیان لە قاسملوو دروست کردبوو کە لەوە دەچێت لە بەر تەنبی سیاسی کەس نەیوێرابێت کارڵ پۆپر ئاسا پرسیار لە سەر ئەو کەیسە هەستیارە لە قاسملوو بکات.  هەروەکوو پێشتر باسمان کرد، دەکرێت یەکێک لە هۆکارەکانی تێرۆری ناوبراو بەو شێوە سادە و ناخۆشە بگەڕێتەوە  بۆ لای نەبوونی ئێتمادی سیاسی لە نێوان کەسی یەکەمی حیزب(سکرتیر) و کادر و ئەندامانی حیزبەکە. لە لایەکی دیکەوە، ئەم رەفتارە سیاسی و موحافیزەکارانەیەی د.قاسملوو جۆرێک لە مەسەڵەی " منحصر بفرد" پێوە دیارە، لە حاڵێکدا لە حیزبی دێمۆکراتدا شتێک بە ناوی رێبەر بەو شێوەییەی لە حیزبە کوردییەکانی دیکەدا دەیبنین نیە و حیزب بە شێوەی کۆلکتیڤ بەڕێوە دەچێت و بڕیار دەدات. نەبوونی ئێتماد لە نێوان کەسی یەکەمی حیزب ، رێبەرایەتی و بەدەنە  لە لایەک لاوازی قاسملوو نیشان دەدات و لە لایەکی دیکەوە نیشانەی ئەوەیە کە قاسملوو لە کەیسی وتووێژ لە گەڵ کاربەدەستانی تاراندا ئەوەندە موحافیزەکار و خۆپەسەند یان خۆپەرەست(Narcissism)  بووە تەنانەت نە ریگای داوە کە ئەندامانی حیزبەکەی لە وردەکارییەکان بزانن و نە هێشتوویەتی هاوسەنگەرانی لە باری ئەمنیەتیوە بیپارێزن. هەر بۆیە تێرۆریستەکانی دەوڵەتی ئێران توانییان بە ئاسانی و بە بێ هیچ کێشەیەک یەکێک لە گەورەترین نوخبە سیاسی، تێوریسیون و ئەندازیارانی سیاسی خەباتی رۆژهەڵاتی کوردستان تێرۆر بکەن.

واتە د.قاسملوو لە کاتی وتووێژی لە گەڵ دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیدا لە بیری چوو بوەوە بە قەوڵێ "هانا ئارنێت" لە پشتی هەموو سیستەمێکی فاشیستی درۆییکی ئورگانیزەکراو خۆی حەشارداوە یان لە پشتی سەری هەر دیکتاتۆرێک، چەند وردە دیکتاتۆری دیکە چوونەتە کەمین بۆ خولقاندنی توندوتیژی. ئەمە مانای ئەوەیە کە دیکتاتۆرە وردیلەکانی بەیتی رەهبەری کە نوێنەرایەتی ئیلاهیات و دیکتاتۆرە گەورەکەی تارانیان دەکرد ، توانییان بە ئاسانی فریوی ژیرترین رێبەری ئەکادیمی  کورد واتە قاسملوو بدەن. چونکە ئەو کەسانەی بە رێتوریکی سیاسی و ئیلاهی قاسملوویان پەلکێشی ئاپارتمانی مەرگ کرد رادەی خوێندەوارییان زۆر کەمتر لە قاسملوو بوو. هەر ئەم بابەتە بۆ خۆی دەتوانێ سەردێری توێژینەوەیەکی زانستی یان پرسیارێکی زانستی بێت کە چی وای لە قاسملوو کرد کە وەکوو  ئابوریناسێک و کەسێکی بە توانا لە باری ژمێریارییەوە نەتوانێت حیسابی ئەوە بکات کە چۆن ئاوا کاڵفامانە بچیتە بەردەستی گەورەترین دوژمنی ئیدولۆژی خۆت کە  لە مێژ ساڵ بوو، پلانی تێرۆری ناوبراو، یەکێک لە گەورەترین ئەولویەتە سیاسی و ئەمنیەتییەکانی سوپای پاسداران و ئیتڵائاتی کۆماری ئیسلامی بە سەرپەرەستی رەفسەنجانی بوو.

شەڕی نێوان حدکا و کۆمەڵە:

بێ ئەوەی خۆم بکەم بە قازی و لایەنێک لە پەێوەندی لە گەڵ ئەو شەڕەدا مەحکووم بکەم، دەبێ بلێم کە بەداخەوە یەكێک لە هەڵە سیاسییەکانی حیزبی دێمۆکرات لە زەمانی د.قاسملوودا، شەڕ لە گەڵ کۆمەڵە بوو. لێڕەدا قسە لەسەر ئەوە نیە کە داخوا ئەو شەڕە چەندە ڕەوا یان ناڕەوا بوو، بەڵکوو قسە لە سەر بەزاندنی خەتە سوورەکان و خوڵقاندنی لاپەڕەیەکی ڕەشە لە خەباتی رۆژهەڵاتی کوردساتدا. من ناڵێم د.قاسملوو دەیتوانی بە تەنیا پێش لە هەڵگێڕسانی ئەو شەڕە بگرێت، بەڵکوو ناوبراو دەیتوانی لە جیاتی وەڵامدانەوەی بەرانبەرەکەی بە مێتودی چەک و توندوتیژی ،کەڵکی لەزمانی ئاشتی، دیالۆگ، کاری هاوبەش بەرانبەر بە دوژمنە هاوبەشەکەیان واتە " کۆماری ئیسلامی وەرگرتبا. ناوبراو دەبوایا لە جیاتی کۆتایی هێنان بە " کۆمەڵە" پەنای بۆ دۆستەکانی هەم لە کوردستان و هەمیش لە دەروەی وڵات هێنابا کە وەکوو لایەنی سێهەم دەخاڵەت بکەن بە مەبەستی کۆتایهێنان بە شەڕ و نووسینی جورێک لە قەراردادی کۆمەڵایەتی (Social Contract) لە نێوان کۆمەڵە و دێمۆکرات. ڕەنگە ئێستا ئەو پرسیارە دروست بێت کە ئەم مۆدیڵە بۆ ئەو کات و زەمانە تەنیا لە خەون و خەیاڵ دەچێت یان لایەنی بەرانبەر بڕیاری دابوو کە بە هەر قیمەتێک بووە شەڕی خۆی دژی (خردە بورژوازی) واتە دێمۆکرات بکات. ئەمە دەتوانێ ئاستەنگی لە بەردەم پرسی دیالۆگ و چارسەری دروست بکات، بەڵام د.قاسملوو دەبوایا وەکوو کەسێکی ئەکادیمی، ئابووریناس و  خاوەن ئەخلاقی سیاسی، ئامادە نەبوایە بە هەموو قیمەتێک درێژە بەم شەڕە بدرێت. یان لانیکەم دەبوایا لە ڕیگای نووسین و رادیوەکەیانەوە بیتوانیبا کاریگەریی لە سەر پرۆسەی ئاشتی ودیالۆگ هەبوایا ،نەک پێشمەرگە و خەڵکی هاندابا بۆ شەڕی براکوژی. هەر جۆرێک بێت ئەم قۆناخە یەکێک لە هەڵە سیاسییەکانی قاسملوویە بە بێ ئەوەی ئێمە لە خۆمانەوە ببین بە دادگای مەدەنی و دادوەر و بڕیار لە سەر تاونبارانی ئەم کەیسە بدەین. دەبێ ئەم دیاردەییە بەشێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی خەسارناسی لەسەر بکرێت  بۆ ئەوەی هەم لێ تێبگەین و هەمیش جارێکی دیکە شتی وەها روو نەدات. دەبێ بگوترێت کە ئەو کاتەی دێمۆکرات و کۆمەڵە شەڕی یەکتریان دەکرد، هەردووک حیزبەکە لە ئەوجی بە‌هێزیدا بوون،بەڵام کۆماری ئیسلامی بە کەڵک وەرگرتن لە شەڕی براکوژی لە نێوان ئەواندا توانی لەو دەرفەتە کەڵک وەربگرێت و قەناعەت بە بەشێک لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بکات کە ئەم حیزبانە بە دوای دەسەڵات و بەرژەوندی خۆیاندان و بۆ گەیشتن بە دەسەڵات ئامادەن خەڵکی خۆیان بکەن بە قوربانی بۆ مانەوەی خۆیان. ئەم دکترینەی کۆماری ئیسلامی کارێکی کرد کە بەشێک لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە نیسبەت حیزبەکان نائومید بن و بەشێک لە کادر و پێشمەرگەکانی هەردووک لا خۆیان تسلیمی کۆماری ئیسلامی ئێران کردەوە.

ئەنجام: دێمۆکرات پاش د.قاسملوو:

حدکا لە سەردەمی د.قاسموودا بوو بەخاوەنی زۆر دەسکەوتی سیاسی، دیپلۆماسی و تەنانەت جڤاکیش. زمانزانی، ئەکادیمی بوون و ئاشنابوونی ناوبراو لە گەڵ فەرهەنگی رۆژئاواییەکان وایان لە قاسملوو کردبوو کە لە پەێوەندییەکانی خۆی لە گەڵ دونیای دەرەوەدا هەم ڕەچاوی ئەخڵاقی سیاسی  بکات و هەمیش بۆ فێربوون لە باری دیالۆگەوە ،گوێگرێکی پاسیڤ بێت (ئەمە قسەی ژورنالیستێکی یەهودی تەبار و دۆستی د.قاسملوویە کە من لە رێگای کارەکەمەوە لە ستۆکهۆڵم لە گەڵی ئاشنا بوومە).  بەڵام بەداخەوە لە نێوخۆی حیزبدا و لە پەێوەندی لە گەڵ حیزبە کوردستانییەکاندا نەیتوانی کەڵک لە تایبەتمەندییە ئونیک یان بێ وێنەکانی خۆی وەربگرێت. لە لایەکی دیکەوە، راستە مەرگی قاسملوو خەسارێکی گەورە بوو هەم بۆ حیزب و هەم بۆ کورد بە گشتی و رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی، بەڵام لە روی چاپەمەنی، خەڵکی خوێندەوار و ئەکادیمییەوە حدکا ئێستا زۆر بە‌هێزترە لە سەردەمی د.قاسملوو . بە باوەڕی من کێشەکانی ئێستای حدکا بە تەنیا پەێوەندییان بە شەخسێک یان نەبوونی کەسی ئەکادیمی لە پۆستە کلیدییەکانی حیزب نیە، بەڵکوو کێشە لەوە دایە کە  دڕیژەدەرانی ڕێبازی قاسملوو نە دەتوانن خەسارناسی لە سەر میراتی سیاسی(Political Legacy) قاسملوو بکەن و نە دەتوانن  پەێوەندییە ڕۆحی و فیکرییەکانی خۆیان لە گەڵ قاسملوولیزمدا بپچڕێنن. ترس و لاوازی وایکردوە کە نەک ناتوانن خوێندنەوەی ئەکادیمی و زانستی بۆ قاسملوو بکەن، بەلکوو هەر کەسێكیش چکۆڵەترین ڕەخنە بگرێت لە گەڵ سزا حەیاتەکە (متودی تەنبی کردن) روبەڕۆدەبێتەوە.

د.قاسملوو تەنیا مۆڵكی چەن کەسێک یان حیزبێکی سیاسی نیە، دەسکەوتە باشەکانی ناوبراو بەتایبەتی "ئەخلاقی سیاسی" دەتوانێ ببێت بە کارنامەی راستەقینەی حیزبێک کە ٧٥ ساڵە خەبات دەکات . ئەم حیزبە لە جیاتی تەنبی کردنی کەسە موخاڵیف و ڕەخنەگرەکانی خۆی، دەتوانێت  ببێت بە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی هەموو دەنگە ناڕازییەکان و تەنانەت لایەنەکانی دیکە. حیزبێک کە رێبەرەکەی، یەکەمین رێبەری کوردە کە بۆ خۆی جوانترین تێوری داناوە واتە "سوسیالیزمی دێمۆکراتیک" کەچی ئەم تێورییە تەنیا لە سەر کاغەز ماوەتەوە و هەندێک بە ناو ئەکادیمی و هۆگرانی ئەحمەد تەوفیق گەرەکیانە لە ژێر دکترینی سەیر وسەمەرە سوسیالیزم لە گۆڕ بنێن و حیزب ببەنەوە بۆ سەردەمی پۆپۆلیستی وەکوو هەر حیزبێکی پۆپولیست کە ئەمڕۆ لە ئورووپا و ئەمریکا وزۆر شوێنی دیکە دەیبینین. هەر بۆیە حدکا دەبێ زۆر بە وریاییەوە لە گەڵ کەسانێک هەڵسووکەوت بکات کە لە خەتی ئەحمەد تەوفیق و ئەحمەدی مۆفتیزادەوە نزیکن. درێژەدەرانی حیزبەکەی قاسملوو دەبێ جارێکی دیکە خۆیان بخوێننەوە و بە چاووێکی ڕەخنەگرانەوە سەیری دیاردەیەک بە ناوی "قاسملوو" و کارەکانی بکەن، چونکە ئەمە باشترین بژاردەیە هەم بۆ فێربوون لە میراتی سیاسی قاسملوو و هەمیش بۆ ئاپدەیت کردن و ریفۆرمی سیاسی لە ساختار و بەرنامەی سیاسی حیزبدا. حدکا، ئیتر حیزبەکەی سەردەمی قاسملوو نیە ک تەنیا چاوویان لە دەستی دکتورەکان بێت، تەنیا رادیوێکیت هەبێت و چاپەمەنیەکەشی تەنیا لە لایەن چەند کەسێک بەڕێوە بچێت. بە بێ ئەوەی لە دەور و نەخشی د.قاسملوو و هاوڕێیانی کەم بکەمەوە دەبێ بڵێم کە حدکای ئێستا چ لە باری کاری فیکری (نموونە گۆڤاری تیشک)، چ لە باری رۆژنامەی کوردستان و چ لە باری کەسی خوێندەوار و ئەکادیمییەوە، زۆر بە‌هێز ترە لە سەردەمی قاسملوو. بەڵام رەنگە حدکا پێویستی بە دوو شت بێت:

یەکەمیان ئەنجامدانی خەسارناسی زانستی بە بەشداری تیـمێکی کارناس لە بوارەکانی زانستی سیاسی، بەرێوەبەری، سۆسیولوژی، ئانترۆپلۆژی و ئابووری لە سەر کارنامەی حدکا لە چوار دەیە واتە ٤٠ ساڵدا. باشی ئەم کارە ئەوەیە کە حدکا دەتوانێ لانیکەم لەوە تێبگات کە خاڵە بە هێز و لاوازەکانی لە ٤٠ ساڵی رابردوودا چی بووە و ئەو جار دەتوانێ خۆی لە هەموو بوارەکاندا ئاپدەیت بکاتەوە و ساختارێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی حێزب دابنێت. ئەگەینا کایە کردن بە دەستەواژە رۆژئاواییەکان و گۆرێنی ناوی سکرتێر بە لێپرسراو، کێشەی حیزب بەشێوەی سیستماتیک چارەسەر ناکات.

دووهەمین کێشە ئەو نەسڵەیە کە لە گەڵ د.قاسملوودا کاری سیاسییان کردوە. لە گەڵ هەموو رێزیکمدا زۆربەی ئەو کەسانە دەبێ یان تایم ئەوت(Time Out) سیاسی لێبدەن یان دەبێ وەکوو حیزبە سیاسییەکانی ئورووپا دەسەڵات تەسلیمی نەسڵی نوێ بکەن و نیشانی بدەن کە باوەڕیان بە دێمۆکراسی و دەساودەسکردنی دەسەڵات بە شێوەی ئاشتیخوازنە هەیە.