شرۆڤە

بۆچی دەنووسین (٣٤)

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئێمە دەنووسین لەبەر ئەوەی نووسین هەوڵدانە بۆ خۆدەربازکردن لە هەستکردن بە نامۆیی. نووسین بەسوبژەکردن و بەتاککردنی جیهانە. خوڵقاندنی جیهانەکانی ترە لە پاڵ جیهانی دەرەوەدا. نووسین رۆچوونە بە ناو پرسیارەکاندا بە بێ دۆزینەوەی وەڵامێک بۆیان.

بۆچی دەنووسین (٣٤)

فەڕۆخ نێعمەتپوور

هەست بە نامۆیی کردن دیاردەیەکی گرینگە و گەلێک لە بیرمەندان لێیان کۆڵیوەتەوە. لای مارکس ئەم دیاردەیە (مارکس باس لە هەست بە لەخۆنامۆیی کردن دەکا نەک هەست بە نامۆیی کردن) بەرهەمی سیستمی کاپیتالیستییە و ئاکامی ئەوەیە کە کرێکار بە هۆی خاوەنداریەتی تایبەت (مالکیت خصوصی) لە بەرهەم کە ئاکامی کار و رەنجی خۆیەتی دووردەکەوێتەوە. لای مارکس کار کە رەوتی خۆپێگەیاندنی مرۆڤە و دەورێکی گرینگ لە خۆسەلماندن و دەرخستنی تواناییەکانی مرۆڤ وەک مرۆڤ دەگێڕێ ، لەم تایبەتمەندییەی خۆی دوور دەکەوێتەوە.

دیارە لە نیوان هەست بە نامۆیی کردن و هەست بە لەخۆنامۆیی کردن جیاوازیی هەیە. هەست بە نامۆیی کردن زیاتر نامۆییە لە نێوان مرۆڤ و دەوروبەری، بەڵام هەست بە لەخۆ نامۆیی کردن زیاتر باس لە نامۆیی مرۆڤە بەرامبەر بە خۆی. وا دەردەکەوێ هەست بە لەخۆ نامۆیی کردن دیارەدەیەکی قورسترە تا هەست بە نامۆیی کردن. لەبەر ئەوەی نامۆ بوونی مرۆڤ لە ئاست خۆی بە مانای ونکردنی خۆیەتی و ئەمە دژوارترین شێوازی نامۆییە. خۆدۆزینەوەی خۆ لە ئاست خۆدا رەوتێکی ئاڵۆزترە تا خۆدۆزینەوە لە ئاست دیاردەیەکی دەرەکی.

لە دەق دا نووسەر لەگەڵ هەر دووکی ئەمانە رووبەڕووە. هەست بە نامۆیی کردن و هەست بە لەخۆنامۆیی کردن ئەو دوو دیاردەیەن وا نووسەر لە رێگای دەقەوە دەیەوێ هەم پێناسەیان بکا و هەم گەر توانی لە رێگای وەسفکردنیانەوە رێگا چارەیەکیان بۆ ببینێتەوە، هەرچەند دەق بەشێوەی خۆبەخۆ ئەم ئەرکەی لەسەر شان نیە. لە راستیدا ئەوە خوێنەرە کە لەرێگای خوێندنەوەی دەقەوە بەو ئاکامە دەگا کە داخۆ دەق رێگا چارەی نیشانداوە یان نا. یان رەنگە دەق وەها پیشکەش کرابێ کە خوێنەر لە دووای خوێندنەوە و لە رێگای ناسینەوە بەو ئاکامە بگا کە دەبێ کارێک بکا و هەوڵی چارەسەرێک بدا. لێرەدا دەق رۆڵی دنەدەر دەگێڕێ.

یەکێک لەو هەستانەی وا دەتوانێ لە نووسەر، لە پێش پێشکەشکردنی دەق سەرهەڵبدا و هانی بدا بۆ نووسین، هەستی نامۆییە (مەبەست هەر دوو شێوازەکەیەتی و لێرەوە بۆ ئاسانکاری تەنیا باس لە هەستی نامۆیی دەکەین). وەک دەزانین زانست هەوڵدەدا یاساکان بدۆزێتەوە و رازەکانی دونیامان لەبەر چاودا بۆ ئاشکرابکا. دەقیش هەمان کار دەکا، بەڵام بە شێوازی خۆی. ئەگەر زانست بریتییە لە زاڵبوونی مرۆڤ بەسەر رەوتە کوێرەکانی سروشتدا ئەوا دەقیش بە شێوازێک هەمان کار دەکا. تەنیا جیاوازییەکە لەوەدایە کە دەق بەشوێن یاسا گشتی و هەمەگیرەکانەوە نیە بەڵکو لە رێگای چالاککردنەوەی تاک هەوڵدەدا وێنایەکی تایبەت لە جیهان بە مەبەستی ئاشناکردنی تاک بە رەوتەکانی ناوی پێشکەش بکات. لە دەقدا نووسەر جیهان بە شێوازی خۆی دەبینێ و وەسفی دەکا. دەق جیهانێکی بەتەواوی تایبەتە و هەڵگری هیچ تایبەتمەندییەکی وەها هاوبەش نیە کە بتوانێ پێناسەی دەقێکی تریش بێت. دەقەکان ئۆبژەکان وەها بەسوبژە دەکەن کە تەنیا خۆیان دەبنە نوێنەری خۆیان و ئوبژەکان لەگەڵ ئەوەی دەتوانن هاوبەش بن لە نێوان دەقەکاندا بەڵام بە هۆی بە سوبژەبوونیانەوە وەک خۆیان نامێنن. لە راستیدا ئوبژە وەها تایبەتی دەبێتەوە کە تەنیا لە رێگای ئەم تایبەت بوونەوەیە دەتوانین بیناسینەوە. بە واتایەکی تر چونکە ئەزموونی هەر کەس لەگەڵ ئوبژەکان دەتوانێ تایبەت بێت بۆیە دەق هەمیشە تایبەتە و خۆی لە دەقی تر بە تەواوی جیادەکاتەوە.

یەکێک لەو شتانەی وا دەتوانێ لە پێشکەشکردنی وەها جیهانێک لە دەقدا یارمەتیدەر بێت، هەستی نامۆییە. نووسەر هەمیشە لە کاتی نووسیندا لەگەڵ ئەوەی باسی دیاردەیەکی تایبەت دەکا، بەڵام ئەم باسکردنە لە هەر لە سەرەتاوە تێکەڵ بە تەمو مژە و نووسەر لە درێژەی نووسیندا هەوڵدەدا بەربەرە وێنایەکی روونتری لێ پێشکەش بکا. بۆ وێنە ئەشق دەتوانێ بەروالەت دیاردە یاخود چەمکێکی روون و ئاشکرا بێت (وەک ئوبژە) بەڵام نووسەر وەک ئەزموونی خۆی (وەک سوبژە) خاوەن ناسین و هەستێکی هێشتا ناڕوون (واتە نامۆیە) بەرامبەری و بۆیە دەق دەبێ بە رەوتێک لە گەمەی نێوان روون و ناڕوون، یاخود ئاشکرا و نامۆ. لە راستیدا نووسەر هەر لە سەرەتاوە بە شوێن ئاشکراکردنی زیاتری بەشی نامۆیە و رەنگە هیچ کاتیش بەتەواوی نەگاتە مەبەست، دیارە پێویستیش نیە بگاتە مەبەست. هێشتنەوەی جۆرێک لە نامۆیی لە دەقدا دەتوانێ ماناکان بەرفراوانتر بکاتەوە و زەینی خوێنەر چالاکتر بکات. هەروەها دەتوانین بڵێین چونکە دەق بەسوبژەکردنی ئوبژەیە ئەوا قەت ناتوانێ بگاتە یاسایەکی گشتی و بۆیە ئوبژە هەمیشە لە تەمومژێکدا دەمێنێتەوە. دەق هەڵاتنە لە یاسا گشتییەکان و رەنگە ئەرکی سەرکییەکەی گومان کردنە لەو یاسا گشتیانەی وا هەوڵدەدەن روانگەی مرۆڤەکان وەک یەکتر لێ بکەن. دەق ئەزمونی تایبەتی و بەتاککراوی ئێمەیە لە رەوتەکان و لە یاساکان.

بەم پێیە دەتوانین بڵێین دەق هەوڵدانە بۆ خۆدەربازکردن لە هەست بە نامۆیی لە رێگای بە سوبژەکردنی جیهانەوە. کاتێک نووسەر جیهان لە رێگای هەستەکانی خۆیەوە بە شێوەی تایبەت ئەزموون دەکا و هەوڵدەدا تایبەتمەندییەکانی نیگا و روانگەی خۆی پێ ببەخشێ ئەمە بە مانای خۆسەپاندنی خۆی بەسەر دونیایەکدایە وا هەمیشە لە هەوڵی خۆسەپاندنە بە سەر مرۆڤدا. دەق حیکایەتی بەرنگاربوونەوە مرۆڤە بەرامبەر بە دیکتاتۆریەتی ژیان و جیهان. دەق کۆکردنەوەی جیهانە لە ناو زەرفی زەینێکدا. بەخشینی تایبەتمەندیی ئەم زەینەیە پێی. لێرەوە جیهان وەهای لێدێ وا نووسەر دەیەوێ. بەم پێیە خوڵقاندنی جیهانە نوێیەکانە لە پاڵ ئەو جیهانەی وا هەیە. دیارە ئەگەر بەڕاستی جیهانێک هەبێ بە تەواوی لە دەرەوەی هەست و جیهان بینی ئێمە. ئاخر نەک ئەوەی ئەو جیهانەی ئێمە دەیبینین بەجۆرێک بە هەست و جیهان بینیی ئێمەوە بەستراوەتەوە.

یەکێک لە سەرچاوەکانی هەست بە نامۆیی دەتوانێ ئەوە بێت کە مرۆڤ هەمیشە وردیلەیەک بووە لە ئاست گشتییەتێکی یەکجار مەزنتردا. وردیلەیەکی کەم تەمەن کە لە ساتەکانی ژیانی خۆیدا لەبەرامبەر گەلێک پرسیاردا رادەوەستێ بە بێ ئەوەی ژیان دەرفەتی دۆزینەوەی وەڵامیان بۆ پێک بێنێ. دەق، زانست نیە تا بە شوێن وەڵامەوە بێت، بەڵکو زیاتر وەسفێکە لە رەوتی سەرقاڵبوونی مرۆڤ بەم پرسیارانەوە. دەق حێکایەتی پێکەوە ژیانی پرسیارەکان و هەست بە نامۆییە. باس لە حەزی مرۆڤە بۆ گەڕان و بۆ وەڵام و لە هەمان کاتدا باس لە تراژێدیای رۆچوونی زیاتر بەناو پرسیارەکاندایە. دەق وەسفی حیکایەتی رێگاکردنی مرۆڤە لە پاڵ نامۆیی و پرسیاردا. سێ هاوڕێی کۆن و هاودەم و لە هەمان کاتدا بەردەوام لە ململانێ لەگەڵ یەکتردا.

ئەوەی بۆ وەڵام دەق دەنووسێ، یاخود بۆ وەڵام دەق دەخوێنێتەوە لەهەڵەدایە. دەق تەنیا بە مانای بەرینکردنەوەی پرسیارەکانە. بەڵام دەبێ هاوکات دان بەوەیشدا بنێین کە زۆر جار نەدۆزینەوەی وەڵام خۆی دەتوانێ وەڵام بێت. چونکە مەرج نیە هەموو پرسیارێک خاوەن وەڵام بێت. دەق دەتوانێ یارمەتی زانست بدات بۆ دۆزینەوەی وەڵام، بەڵام خۆی بە شوێن وەڵامەوە نیە. ئەرکی ئەو تەنیا گەمەیەکی جوانناسییە لەگەڵیان. لێرەوەیە لەززەت لەدایکدەبێ. چێژ دەبێ بە تایبەتمەندیی دەق و بۆیە خۆی هەم دەبێ بە دەستپێک و هەم بە ئەنجام. خۆی لە خۆیدا تەواودەبێ. دەبێ بە بوونێکی کامڵ. لێرەوە تاک جیهانێکی کامڵ دەخوڵقێنێ، رێک وەک جیهانی دەرەوە بە هەموو کەموکوڕی و هەموو کامڵییەکانییەوە.

ئێمە دەنووسین لەبەر ئەوەی نووسین هەوڵدانە بۆ خۆدەربازکردن لە هەستکردن بە نامۆیی. نووسین بەسوبژەکردن و بەتاککردنی جیهانە. خوڵقاندنی جیهانەکانی ترە لە پاڵ جیهانی دەرەوەدا. نووسین رۆچوونە بە ناو پرسیارەکاندا بە بێ دۆزینەوەی وەڵامێک بۆیان.

درێژەی هەیە...