شرۆڤە

بۆچی دەنووسین (٣٠)

فەڕۆخ نێعمەتپوور

راستە یەکەمین هاندەری نووسەر بۆ نووسین خوێندنەوە نیە، بەڵام نووسین لەگەڵ خۆی هەڵگری خوێندنەوەیە و بۆیە دەبنە دوو جەمسەری لێکدانەبڕاو. نووسین ئەزموونکردنی ئەزموونی ئەوانی ترە بەڵام بەگوێرەی ئەزموونی نووسەر و بەگوێرەی ئەزموونی خوێنەر.

 

بۆچی دەنووسین دەتوانێ ببێ بە پرسیاری ئەوەی بۆچی ئێمە دەق (لێرە وەک لەوە پێش ئاماژەمان پێداوە مەبەست چیرۆک و رۆمانە) دەخوێنینەوە. ئەم پرسیارە لەبەر ئەوەی نووسین و خوێندنەوە دوو لایەنی یەک دونیان. راستە ئەم دووانە دوو بوونی جیاوازن، بەڵام بوونی یەکتر لە یەکترەوە وەردەگرن. نە بە بێ نووسین دەتوانین وێنای خوێندنەوە بکەین و نە بە بێ خوێندنەوە وێنای نووسین.  ئەمانە دوو جەمسەری پێکەوە گرێدراون. لەبەر ئەمە هەموو دەقێک پێشگریمانەی خوێندنەوەی لەسەرە. وەک چۆن هەموو خوێندنەوەیەک دەکرێ پێشگریمانەی نووسینیشی لەسەر بێت. نووسین و خوێندنەوە لە هێڵێکی جەغزئاسادا دەگەنەوە بەیەکتر. بەردەوام بەیەکتر دەگەن و یەکتر جێدێڵن. ئەو کاتانەی بەیەک دەگەن، نووسین (دەقی نووسراو) سنوورەکانی خۆی جێدێڵێ و بەگوێرەی ئاسۆی رووانین و تێگەیشتنی خوێنەر خوێندنەوە پانتایی دەق دەکشێنێ و قووڵاییەکانی بەرفراوانتر دەکا. بەرزترین ئاستی دەق ئەو کاتەیە لەگەڵ خوێندنەوە بەریەک دەکەون. لە راستیدا دەق ژیانێکی کڕە و خوێندنەوە پرۆسەی سەرلەنوێ بەدونیاهێنانەوەیەتی. پرۆسەیەکی بێ کۆتایی.

وەڵامی ئەوەی کە ئێمە بۆچی دەق دەخوێنینەوە دەتوانێ بۆ وێنە دوو هۆکار بێت: خوێندنەوە بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاری زیاترە، یاخود خوێندنەوە بە مەبەستی هەڵاتن لە ژیانی رۆژانە و ژیانکردن لە دونیایەکی خەیاڵیدایە کە دەق بۆمانی دەرەخسێنێ. بەڵام پێدەچێ هەر دووکی ئەمانە پێکەوەن. لەبەر ئەوەی نە هەڵاتن لە ژیانی رۆژانە بە بێ وەرگرتنی زانیاری نوێ مەیسەردەبێ و، نە زانیاریش ئەگەر زانیاری بێت دەتوانێ خۆی لە پەلکێشکردنی خۆی بۆ دونیای نوێ (دونیایەکی واوەتر لە ژیانی رۆژانە) ببوێرێ. مرۆڤ هەمیشە عەوداڵی ژیانی داهاتووی بووە. بۆیە بەردەوام بیری لێدەکاتەوە. تەنانەت گەر لە ژیانی رۆژانەیشدا یەکجار دامەزراو بێت، هێشتا ناتوانێ لەم ئایندەبینییەی خۆی خۆی ببوێرێ. داهاتوو بە هۆی نادیاربوونییەوە بەردەوام دڵەڕاوکێمان لا دروستدەکا. لەو کاتەوەی دەق لە دایک بوو، مرۆڤ توانی باشتر لە مێژووی پێش دەق بیر لە داهاتوو بکاتەوە. رەنگە مرۆڤ لای وابووە بە داهاتنی دەق ئەم دڵەڕاوکێیە کەمتر دەبێتەوە، بەڵام رێک بە پێچەوانەوەیە. لەبەر ئەوەی دەق دەرفەتی تێفکرینی زیاتر دەدا و ئەم تێفکرینە لەگەڵ ئەوەی زانیاری زیاتر دەبەخشێ، بەڵام هاوکات لەگەڵ خۆی دڵەڕاوکێ قووڵتر دەکاتەوە. وەک دەگوترێ هەتا تێگەیشتن زیاتر بێت ئەوا خەمەکانیش زۆرتر دەبن. گەر لە جیهانی پێش داهاتنی دەقدا مرۆڤ زیاتر بیری لە چۆنیەتی دابینکردنی بژیوی لە داهاتوو یاخود پرسی مەرگ کردبێتەوە، ئەوا لە جیهانی دووای خوڵقاندنی دەق پرسی دیکەیشی پێ زیاد بووە. پرسە مەعریفی و وجوودییەکان بۆ وێنە لایەنێکی گرینگی مەسەلەکەن.

بەڵام ئەو زانیارییەی دەق دەیبەخشی لە چەشنی زانیاریی زانستی نیە و بۆیە چێکردنی داهاتوویش لەسەری لە چەشنێکی دیکەیە. زانیاریی ئەدەبی زیاتر لەسەر جۆری جیهانی دەروونی و کاردانەوەی مرۆڤەکان لە ئاست بوون و ژیان و ژینگەدا راوەستاوە و بۆیە دەتوانێ تا ئاستێکی بەرز خاوەن خەسڵەتی تاکایەتی (فردی) بێت. ئەمە لە کاتێکدا زانست لە سەر خەسڵەتە گشتگیرییەکان کاردەکا و هەوڵدەدا یاسا گشتییەکان چ لە بواری سروشت و چ لە بواری کۆمەڵگادا بدۆزێتەوە. جا لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە کە داخۆ تا چەندە ئێمە دەتوانین لەسەر وەها زانیارییەک داهاتوو بنیات بنێین؟

دەبێ بڵێین زانیاری ئێمە لەسەر چۆنیەتی دەروونی مرۆڤەکان و جۆری بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتیان لە کاتی ژیانیاندا و لە قۆناغێکی تایبەتدا، بەهۆی بنەما هاوبەشەکانی نێوان مرۆڤەکان، دەتوانێ پێشکەشکەری گەلێک ئەزموون بێت. دەق لە راستیدا گواستنەوەی ئەزموونە. ئەزموونەکانیش لەهەر مرۆڤێکەوە بۆ ئەوی تر جیاوازە و ئەم جیاوازییە بە رادەیەک سەرسووڕهێنەرە کە دەتوانێ هەمیشە دەقی نوێی لێ بەرهەم بێت. راستە هەمیشە لە ژیاندا هەموو نەوەکان لە بنەڕەتدا بە تووش هەمان کێشە بنەرەتییەکانی وەک بژیوی و پرسیارە وجوودییەکانەوەن، بەڵام دەرکەوتەی رووبەڕووبوونەوەکان زۆربەی کات جیاوازن. هەر مرۆڤێک بە گوێرەی لۆژیک و بەگوێرەی توانا و بژاری خۆیەوە رووبەڕووی ئەمە دەبێتەوە. دەق شوێنی نومایشی تاکایەتی ئێمە لە عەینی هاوبەشیمان لە پرسە گشتییەکاندایە.

دەق لەگەڵ ئەوەی راگواستنی ئەزموونە (ئەزموونی نووسەر یان کاراکتێرەکانی)، بەڵام تەنیا بریتی نیە لە راگواستنی کتومتی ئەو ئەزموونە. لەبەر ئەوەی ئەزموون تەنانەت لە شێوازی دەقیشدا قەت وەک خۆی ناتوانێ دووپات بێتەوە. ئەزموون لە شێوازی دەق لەگەڵ شێوە نیگای ئێمە و لەگەڵ جیهانبینی ئێمە تێکەڵ دەبێ و بەم شێوەیە ئەزموون شکڵی تر بە خۆیەوە دەگرێ. بۆیە دەتوانین بڵێین قەت رابردوو وەک خۆی، تەنانەت لە شێوازی دەقیشدا دووپات نابێتەوە. رابردوو لە زۆر خەسڵەتیدا وەک رابردوو دەمێنێتەوە.

لێرەدا دەتوانین بگەینە ئەو ئاکامە کە خوێنەر لە راستیدا تەنیا بەشوێن وەرگرتنی زانیاری یاخود ئەزموون لە شێوازی ئەوەی لەدەقدا هەیە نیە، بەڵکو بەردەوام ئەم ئەزموونە لەگەڵ ئەزموونەکانی خۆی بەراورد دەکا تا بزانێ بۆ خۆی وەک تاکێک کە لە ئیستادا دەژی لە کوێدا راوەستاوە. لێرەوە دەق دەبێتە هۆکارێک بۆ خۆناسی. خۆناسی لە رێگای ئەوی دی ناسییەوە، یاخود خۆناسی لە رێگای بەرکەوتنی ئەزموونی دەق و ئەزموونی خۆوە. خوێنەر گەر تەنانەت خوێنەری چالاکیش نەبێ، بەڵام دیسان بەجۆرێک لە جۆرەکان خەریکی ئەم کارەیە. کەواتە گەر خوێنەر خۆی بە شێوازێک لە دەقدا نەبینێتەوە ئەوا دەق بۆی سەرنجڕاکێش نابێ. لێرەوە خوێنەرەکان هەر کامەو بەشوێن نووسەرێکەوە دەبن و دەستدەدەن بژار لە ناویاندا.

بەراوردکردنی ئەزموونەکان ئەو دەرفەتە دەداتە خوێنەر لە هەنووکە دابڕێ و خەیاڵی بڕوات. لە راستیدا ئەمە هەوێنی هەر جۆرە بیرکردنەوەیەکە، بگرە بیرکردنەوەی ئەدیبانەیش. ئەمە لە کاتی لە دایکبوونی دەقیشدا خۆی نیشاندەدا. نووسەر لە کاتی نووسین و لە کاتی خوڵقاندنی کاراکتێرەکانی، ئەگەرچی هەوڵدەدا زیاتر بە ناخی کەسایەتییەکانیدا رۆبچێ، بەڵام بەردەوام ئەویش گیرۆدەی ئەم بەراوردکردنەیە. بۆیە هەمیشە هەموو کەسایەتییەکانی ناو دەق لە خودی نووسەرەکەییش دەکەن.

کەواتە دەق هەمیشە خودی خوڵقاندنە چونکە قەت ناتوانێ راگواستنی لە سەداسەدی واقع بێت. ئەم خوڵقاندنە لە کاتی نووسینەوە دەست پێدەکا تا دەگاتە قۆناغی گەیشتنی دەق بە خوێنەر و خوێندنەوەی تایبەتی خوێنەر لەسەری. بۆیە بە جورئەتەوە دەتوانین بڵێین ئەوەندەی دەق هەڵگری تێپەڕین لە ئیستا و بازدان بۆ داهاتووە، هەڵگری بەخشینی زانیاری نیە. لەراستیدا زانیاری لە هەنگاوی دووهەمدا دێت.

بەڵام داخۆ ئەمە دەمانگەیەنێتە ئەوەی ئەو کۆمەڵگایانەی لە ئێستا زیاتر بێزارن زیاتر هۆگری خوێندنەوە و بەم پێیە هۆگری بازدان بەرەو داهاتوون؟ دەبێ بڵێین کە خەون بینی بە داهاتووەوە پێوەندی بە بێزاری بە ئێستاوە نیە ئەوەندەی پێوەندی بە وشیارییەوە هەیە. لە کۆمەڵگای نۆروێژ بە گوێری لێکۆڵینەوەیەکی چەند ساڵ لەوە پێش هەر کەسێک بەشێوەی مامناوەندی دوو کاتژمێر لە رۆژدا کتێب دەخوێنێتەوە و لە ئێران ئەم ماوەیە لە نێوان یەک تا دوو خولەکە. ئەمە لە کاتێکدایە کە خەڵکی ئێران لەچاو خەڵکی نۆروێژ رادەی خۆشگوزەرانی و ئارامی و ئاستی ژیانیان یەکجار کەمترە. کەواتە لە نێوان خوێندنەوە و دۆخی خراپی ژیان بە داهاتوو پیوەندێکی راستەوخۆ بوونی نیە. مرۆڤەکان دەکرێ خەون بە دونیایەکی ترەوە ببینن، بەڵام هاوکات ئەم خەون بینینە لە کتێبەوە گوزەر نەکا. خوێندنەوە پێش لە هەر شتێک پێویستی بە کلتورە و ئەمە دەبێ لە ئاستی کۆمەڵگادا کاری بۆ بکرێ و پرۆژەیەکی بەتاک نیە.

ئێمە دەنووسین لەبەر ئەوەی نووسین هەڵگری پێشگریمانەی خوێندنەوەیە و لێرەوە زامنی دەستەبەری زانیاری و خەون بە داهاتووەوەیە. راستە یەکەمین هاندەری نووسەر بۆ نووسین خوێندنەوە نیە، بەڵام نووسین لەگەڵ خۆی هەڵگری خوێندنەوەیە و بۆیە دەبنە دوو جەمسەری لێکدانەبڕاو. نووسین ئەزموونکردنی ئەزموونی ئەوانی ترە بەڵام بەگوێرەی ئەزموونی نووسەر و بەگوێرەی ئەزموونی خوێنەر.

درێژەی هەیە...