شرۆڤە

شارستانیەتی مۆنا- ماد (٢)

ئازاد کەریمی

خدری زیندوو بەردی بناغەی خڕەت واتا ئەندێشە و بیرکردنەوەی دانا و دوای ئەوەی سوێندی وەفاداری بۆ ئیزەد مارتاوس یان مەڵ خوارد، بوو بە یەکەم عارف یان سۆفی وا لە فەلسەفەی ڕۆشنایی و تاریکایی کۆڵییەوە و بەردی بناغەی زوروانیسم و گنوتیسم و سۆفیگەری دانا.

 

شارستانیەتی مۆنا- ماد

وەرزی دووهەمی / بەشی ٢

 

ئازاد کەریمی

زۆر لە دەقە سومەریەکان یان بە کولتوری ئەو شارستانیەتە کە بە خۆی دەگوت کی ئین گیر و لە زمانی کوردی دا پێی دەڵێن کەیان یان کەیانگیربە خۆشییەوە بە میرات بۆمان بەجێماوە و، توانراون بخوێنرێنەوە. بۆ وێنە چیرۆکی هابیل و قابیل یان وەسیەتنامەی خدری زیندوو کە پڕە لە ئامۆژگاری و ڕێنوێنی ڕەوشت بەرزانە.

خدر یان گۆمەرد یان گەور لە ئەدەبی ئیسلامیدا بە خضر دەناسێندرێ و دەڵێ ڕووی کردووەتە هەر کوێ ئەو شوێنە سەوزایی لێڕوواوە. ئەم پەسنە بۆ خدری زیندوو لەگەڵ ئەوەی وا ئاڤێستا سەبارەت بە گەومەرد باسی دەکات یەک دەگرنەوە کە دەڵێ کاتێ گەومەرد کەوت بە سەر زەویدا هەموو جەستەی پڕ بوو لە تووی دار و درەخت و گژ و گیا و بەو جۆرە بوو شینایی و سەوزەڵانی و گیاو گژ و ڕووەک بە جیهاندا بڵاو بووەوە. لە ئەدەبی جوو-عێبریدا ئیلیا هەمان خدری زیندووە وبە دەریاکاندا دەگەڕێ و گەمی و کەشتی ڕێلێونبووەکان لە دەریادا بەرەو کەنار دەبا و سەرگەردانانی دەریا ڕزگار دەکا. ئەوەش هەمان ئەرکی تیپیکاڵی خدری زیندوو دەهێنێتەوە یاد وا کەشتی درووست کرد و حەوت شەو و حەوت ڕۆژ لەگەڵ بوونەوەران دا بە سەر دەریاوە بوون لە کاتی لافاوی گەورەدا و جەنابیان بوونەوەران و مرۆڤایەتی ڕزگار کرد.

ئەوەشمان بیستووە پیەغەمەر موسا لە دەریای ئوردون چاوی بە خدری زیندوو کەوت و گەشتێکیان بە سەر ئاودا کرد. هەمان چیرۆکی دەریا و گەشتی دەریایی.

خەڵکی هیچ شوێنێکیش بە قەد شاری سەقز چیرۆکی خدری زیندووی لەلا نیە! بێهۆ نیە! خدری زیندوو دانەری شارستانیەتە لەم شارە و لەم ناوچەدا کە پێی دەڵێن کوردستان.

خدری زیندوو هەرچەندە نەمرایەتی پێبەخشرا بەڵام سەردەمی شاهەنشایی کردنیشی کۆتایی پێهات، بەڵام ئەو بە نەمری ماوەتەوە و لە جیهاندا هەبوونی هەیە.

خدری زیندوو بەردی بناغەی خڕەت واتا ئەندێشە و بیرکردنەوەی دانا و دوای ئەوەی سوێندی وەفاداری بۆ ئیزەد مارتاوس یان مەڵ خوارد، بوو بە یەکەم عارف یان سۆفی وا لە فەلسەفەی ڕۆشنایی و تاریکایی کۆڵییەوە و بەردی بناغەی زوروانیسم و گنوتیسم و سۆفیگەری دانا. کۆی ئەمانە دەبێتە ڕێڕەو یان مەکتەبی گاورانی یان خدرانی و لە ئایینی میتراییسم یان مەهرانی دا ڕەنگدەداتەوە و مارتاوس یان مەهر ئیزەدی پارێزەری تیشکی خۆر و هێمای نووری خودا سەرگەورەی ئەم ئایینەیە و موغان یان ماژەکان خزمەتکار و پەرەپێدەری ئەم ئایینە بوون و لە حەوت توێژدا خۆیان پێناسە دەکرد، وەک: قاڵاو یان کەل ،مەردەمێ یان شووەر،کارزان، شێر، پاڵەوان ، شەخس و پیر.

هەر یەک لەم تیپە پیاوە ئایینیانە ئەرک و ڕاسپاردەی دیاریکراوی  خۆیان بەڕێوە دەبرد و لە کاتی ئەنجامدانی ڕێوڕەسمە ئایینیەکاندا جلی تایبەتیان بە هێمای تایبەتییەوە ئەکردە بەریان. بۆ وێنە کەل جلی شینی لە بەر دەکرد، مەردەمێ دەمامکی هەڵدەبەست و چرای بە دەستەوە دەگرت.کارزانەکان جلی بۆریان لەبەر دەکرد و ماژی شێرنیشان کەوای ئەرخەوانی لە بەر ئەکرد و پاڵەوان جلی شینکەی دەپۆشی بەو ڕەنگ و فۆڕمەی وا لە جزیرابۆتان و بارزان و ئامێدی ڕانک و چۆخەی پیاوانە درووست دەکرێ.شەخس کەوای سووری لە بەر دەکرد و پشتێنی زەردی بە دوو گوڵەنگی شینەوە دەبەست و پیر بە داریە و گۆچان ەوە لە بۆنە ئایینیەکاندا دەر دەکەوت. ئەو داریە وا ئێستا پێی دەڵێن دایرە هێمای خڕەت واتە ئەندێشە و هزر و بیرکردنەوە بوو.

بەڵام سۆفی یە خدرانیەکان یان گاورەکان خۆیان لەم شتانە دەدزییەوە و بە شێوەازێکی مرتازانە لە کێوەکاندا دەژیان و جلی دڕ و زبر و پەشمینەیان دەپۆشی و بە کشتەک سێگرێیان لە سەر ناوکیان دەبەست و دڵیان لە دنیا هەڵکەندبوو،تەنیا شوێنکەوتەی ڕاستی و حەقیقەت بوون و بیریان لە ئافراندن و خودا و مرۆڤ دەکردەوە.

ماژەکان لە سەدەی هەشتەمی پێش زاییندا واتە لە سەردەمی دەسەڵاتی ئورارتو بە سەر کوردستانی ئەو سەردەمەدا بە گوێرەی فەرمایشەکانی زەردەشت کە خۆی سەر بە توێژی دووهەمی ماژان واتە مەردەمێ یان شووەر بووە برێتین لە کەل یان قەل، کۆشیدەر، کارزان یان مەردجەنگ ،ئاگروان، مەری ژیر ،خاس یان شەخس و پیر.

ئێستا لە ئایینی ئێزیدیدا ئەم پیاوە ئایینیانە بەم ناوانە دەناسرێن: بابە چاوش یان قەوال، کۆچەک، بابەکەڤان، میرحەج، شێخ وەزیر، بابەشێخ ئیمام و میر.

ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە شێخ هەدی پێشەوای ئەم ئایینە کاتێ لە مەنداییەکان جیا بووەوە وهاتە شنگال و لالەشی بەرپاکرد ئەو نازناوانە وا لە کوردی پاڵەویدا چبوونە زمانی سریانی وا زمانی پیرۆزی کوردستانی پێش هاتنی ئیسلام بوو بەڵام زمانی کتێبی  پیرۆزی مەنداییەکان بوو هەمووی گێڕاندەوە سەر زمانی ئەو سەردەمە وا عەرەبی بوو و زیاتر لە بەر ئەوەی خۆی و ئایینەکەی لە پەلاماری دەسەڵاتدارە موسڵمانەکان بپارێزێ.

لە گاتا یان گاهان واتە یادگاری زەردەشت دا هاتووە ماژەکان کەوتبوونە دنیاپەرستی و خەریکی کۆکردنەوەی ماڵی دنیابوون و پاڵیان دابوو بە دەسەڵاتەوە ئێستا ئەو دەسەڵاتە سەنحاریبی ئاشوور یان ڕوش ی ئورارتویی بێ.

لە بەر ئەوەی شاری ماژان یان شوروپاک، هەمان شارو پایتەختی زی ئودسودرا یان خدری زیندوو یان گەومەرد کە ئاگرگەی هەرە پیرۆزی ئارون یان خارون ی تێدا بوو بە هۆی پیرۆزبوونیەوە ناوەندی ململانێی دەوڵەتەکانی ئەو سەردەمانە بوو. هەموویان پەلیان دەکوتا بۆ ئەم شارە وهەوڵیان بۆ کۆنترۆڵ کردنی دەدا.

شوروپاک و ئاگرگە پیرۆزەکەی واتە خارونا چاوی جیهانی ئاسیای روژاوای ئەو سەردەمە بوو کە بەو چاوەوە خەڵکی کوردستانی ئەو سەردەمە وا میراتبەرانی شارستانیەتی کەیان گیر بوون دەیانڕوانیە ئاسمان بۆ ڕەچاو کردنی پێگە ئاسمانیەکان و پێشبینی کردنی پێشهاتەکانی داهاتوو و هەروەها پاڕانەوە لە پەروەردەکاری جیهان و ئیزەدەکان بۆ گەییشتن بە ئاواتەکانیان. هەربۆیە هەموو کوردستانی کۆن کە پانتاکەی زۆر زیاتر لە ئێستا بوو ڕوویان دەکردە ئەم شارە و دیدەنی کردنی ئاگرگەی ئارونا وا پیرۆزترین هێمای خوداپەرستی بوو بە ئەو ئاگرە نەمرەیەوە وا یادگاری سەردەمی ئوستورەکان بوو. ئەو کاتەی وا هۆشەنگ یان شەنگە کوڕی سیامەند یان سیامەک کە بە ڕەچەڵەک بەرەی زی ئود سودرایە بەردە چەخماخێکی سپی فڕە دا بۆ ماڕێک، بەردەکە لە مارەکەی نەدا بەڵام درا بە بەردێکی دیکەدا و ئاگری لێکەوتەوە. ئەمە یەکەم ئاگری دەستی مرۆڤ بوو، بۆیە لەو شوێنەدا ئاگرگە بەرپاکرا و هەتا ساڵی ٦١٨ی زایینی کە سێزاری ڕوومای ڕۆژهەڵات لە بیزانسەوە هات و پەلامار ئەم شارە و ئەم ئاگرگە پیرۆزەی دا بەرپا بوو. کاتێ ئەم شارە و ئەم ئاگرگەیان سووتاند، شوروپاک یان ئایەران بەیژەن واتە ئاگری پاک لە لووتکەی گەورەیی و جوانی و ئاوەدانی دا بوو. کاتێ ڕۆمانە مەسیحیەکان ئەم شارەیان لە تۆڵەی تاڵان کردنی ئورشەلیم دا تاڵان کرد و ئاگرگەکەیان وێران کرد، ئەم شارە سێ هەزار خانووی تێدا بووە و سێ شەو و سێ ڕۆژ سووتاوە.

ئەوە لە کاتێکدایە ساڵی ١٩٣٩ بە گوێرەی ئاماری فەرمی، ئەم شارە ١٢٠٠ خانووی تێدا بووە، واتە دوای هەزار ساڵ ئەم شارە نەگەییشتووەتە ئاستی هەزار ساڵ پێش خۆی... ئاگرگەی ئارون یان خارون کە لە دەقە زەردەشتیەکانی دوای ئیسلامدا بە خونیرەث ی ئارینیم واچە دەناسرێ و بەهەشتی ئاواتەکانی زەردەشتیەکانە بە قەڵای نارین دەناسرا و بە بەرزایی گردێکەوە بوو و خەڵک تێیدا دەژیا.

سەقزییەکان دەگێڕنەوە لە پەنجاکانی زایینیدا ویستیان گەڕەکی کازم خان و گەڕەکی ناوقەڵا بە پردێکەوە پێکەوە گرێ بدەن، هەندێ لە بناری گردەکەیان ڕووخاند و خۆڵێکی سووتاوی ڕەشیان لێ گواستەوە وا پڕ بووە لە گۆزە و دیزە و ئێسک و پرووسکی مرۆڤ و گا. بۆ وێنە بە منیان گوت گۆزەیەکیان دۆزییەوە کە پڕ بووە لە قاپی ئەژنۆی گا. ئەوانەی وا کولتوری کوردییان لەبیر دێ و خۆیان بە بە خەڵکی دیکە نەدۆڕاندووە لە بیریانە قاپی ئەژنۆ چیە... ئێسکێکی بچووکی چوار گۆشەیە و هەڵیاندەخست بۆ مەرج و گرێو. ئەوەی وا ئێستا پێی دەڵێن تاس لە تەختە نەرد دا.

ئەوەش بێهۆ نیە، گا لە ئایینی مارتاوس دا پیرۆزە و قوربانی یان گۆری دەکرا و ئێسکی ئەژنۆیان بۆ کاری پێشبینی کردن و بەراوردکردن بەکار هێناوە.

لەگەڵ سوپای سێزاری ڕۆمادا کۆمەڵێ عەرەبی بەکرێگیراو لە شام و ئوردنەوە هاتبوون، ئەوان بە پووڵ و پارە و بە مەرجی تاڵان کردن واتە غنیمە دەبوون بە پیاوی ڕۆمانەکان یان ساسانیەکان و شەڕیان بۆیان دەکرد. ئەو عەرەبانە ئەو شارە نازدارەیان وا وێران کرد ئێستاش دوای ١٤٠٠ ساڵ خۆی نەگرتوەتەوە. بۆ ڕوونکردنەوەیەکی مێژوویی پێویستە بگوترێ:کاتێ ئەم ڕووداوە بە سەر ئەم شارەدا هاتووە واتە ساڵی ٦١٨ ی زایینی ئیسلام وەک دین لە مەکە دا بە نهێنی پەرەی دەستاند و تەمەنی محەمەد پیەغەمەری ئیسلام ٤٨ ساڵ بووە ، هەر بۆیە ئەوەی وا دەڵێن خامۆش بوونی ئاگرگەی پیرۆزی ئارونا لە سەقز موعجیزەی لە دایک بوونی پیەغەمەری ئیسلامە ، دوورە لە ڕاستی و تەنیا عەوام واتە خەڵکی نەخوێندەوار وا قەوەتی بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکان و شیکردنەوەی زانستییان نیە ئەم شتانەیان پێخۆشە.

جیهان و دیاردەکانی سەیرن و مرۆڤ کاتێ بڕیار دەدا و بڕیارەکەی جێبەجێ دەکات ،جیهان ئاڵ و گۆڕی بەسەردا دێ و... ئەمەش تەنیا بە مرۆڤ دەکرێ... مرۆڤی هزرمەند...

 

درێژەی هەیە...