شرۆڤە

شارستانیەتی مۆنا ـ ماد (بەشی ١، وەرزی دووهەم)

ئازاد کەریمی

هەموو ئەستێرەوانان و ئەستێرەناسان وا لە کۆمەڵگەی ماژان دا خۆیان دەگرتەوە، سەر بە ڕێچکەی زی ئود سودرای نەمر واتە خدری زیندوو یان گۆمەردن... وشەی گاومەرد یان گۆمەرد لە کولتوری ئێمەدا بە گاورەد یان گەورد یان گەورک و "گەور" یان "گەوری سەر کێو" بە یادگاری ماوەتەوە و بەداخەوە بووە بە جوێن و کەوتووەتە زاری خەڵک.

 

شارستانیەتی مۆنا-ماد

بەشی (١)

وەرزی دووهەم

 

ئازاد کەریمی

 

ئەستێرەوانی و موغان

موغ وشەیەکی عەرەبی کراوە، لە زمانی کوردی و بە زاراوەی ئەو بەشەی کوردستان وا فەرهەنگی موغان تێدا لە دایکبووە واتە ناوچەی سەقز بە موغ کوتراوە "ماژ" واتە خاوەن نهێنی، ئەو کەسەی وا خاوەنی ڕاز و ڕەمز و سڕەکانە... ئەو کەسەی وا زانا و شارەزای شتە شاراوەکانە. دواتر ئەم وشە بە عەرەبی وەرگێڕدراوەتەوە و بووە بە باطنی و بڕاوە بە سەر حسن صباح و گیانفیداکانی کە خاوەن ئایینی ئیسماعیلی بوون.

ماژ یان موغ کاری نهێنی دەکرد و نەیدەهێشت کەس بە کار و باری بزانێ... نهێنی پارێزی سەرەکیترین ئەرکی سەرشانی کۆمەڵگەی ماژان بووە.

یەک شتی دیکەش ببووە هۆی ئەوەی بەوان وا بڵێن ئەویش هەڵپێچانی دەم و بەکارهێنانی دەمهێڵبێنە بووە. ئەوەش بۆ ئەوە بووە هەناسەیان نەچێ بە سەر ئاگری پیرۆزدا وا لە ئاگرگەی ئارون و ئاگرگەکانی دیکەدا خزمەتیان دەکردن.

ماژ، ئەستێرەوان و ئەستێرەناس بوو.

ئەستێرەوان واتە بەردەوام ئەستێرەکان و پێگە ئاسمانیەکانی ڕەچاو دەکرد و سەیری دەکردن و جم و جۆڵی ئەستێرەکانی لە ئاسماندا هەست پێدەکرد و کاری لە سەر دەکردن بۆ ئەوەی چۆنیەتی کارتێکردنی ئەم جموجۆڵانە لە سەر یەکتری و لە سەر زەوی چۆناوچۆن دەبێ.

لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کۆنترین شارستانیەت وا دیاردەی ئەستێرەوانی و ئەستێرەناسین بە ئاسەوارە مێژووییەکانیانەوە ماوەتەوە، شارستانیەتی گرێ ناڤۆکێ لە مێردین ی باکووری کوردستانە وا بە گوبەکلی تەپە (تورکی) دەناسرێ و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ١٢هەزار ساڵ پێش ئێستا. بەڵام ئارشیڤی شارستانیەتی سومەری یان کەیانگیردەوڵەمەندترە لەو بوارەوە و دەیان هەزار وشە و قسە و باسی سەبارەت بە گەردوون و ئاسمان و ئەستێرەکان و زەوی و چارەنووس و مرۆڤ و ئۆستوورە و مێژوو تێدایە و سەرچاوەن بۆ توێژینەوەی زانستی.

دەقە کەیانگیرە کان زۆر ڕازاوی و نامۆن... سەرچاوە ئاگادیەکان کە کۆپیکراوی دەقە کەیانگیرەکانن یارمەتیدەری توێژەران بوون لە تێگەییشتنی میراتی کەیانگیر/سومەریەکان.

نووسراوە سومەریەکان لە بەر کۆنبوونیان، زۆریان بەکاری خوێندنەوە نایەن واتە لەوەدا نین بخوێنرێنەوە، لەبەر ئەوەی بڕێک لەو ئاسەوارە بەردینە و قوڕینانە سوواون و چوواون وکاڵ بوونەتەوە و ڕەنگیان بوواردووە.

بە ڕاشکاوی بڵێم ئەستێرەوانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگەڕێتەوە بۆ کەیانگیرەکان... بەڵام ئەم شارستانیەتە بۆچی ئەوەندە ڕاماوە بە ئاسمان و ئەستێرەکاندا؟

بڵێی ئەو تیورییە وا دەڵێ کەیانگیرەکان خەڵکێکن لە هەسارەیەکی دیکەوە هاتوون و لە زەویدا نیشتەجێ بوون؟

من وەک نووسەری ئەم دێڕانە تا ڕادەیەکی زۆر بڕوام بەم بابەتە هەیە... ئەگەر بڕوانینە ڕیزی ناو و ناونیشان و ساڵ و ماوەی پاشایەتی کردنی دەسەڵاتدارانی کەیانی، چاومان بە ژمارەی سەیر دەکەوێ... بۆ وێنە زی ئەد سودرا ماوەی ٣٠٠٠٠ساڵ لە پێش لافاوی گەورەدا دەسەڵاتدار بووە. یان ئەوانی دیکە ٢٧هەزار و نۆزدە هەزار و فڵان هەزار ساڵ دەسەڵاتدار بوون.

وادیارە کەیانییەکان بە ڕەچەڵەک خەڵکی ئەم هەەسارە نەبن بەڵام ئەوان بەردی بناغەی کولتورێکی دێرین و پێشکەوتوویان لە مەزرابۆتاندا دانا وا دەیان شارستانیەتی لێ کەوتەوە.

ئەگەر ئەوان بە هەزاران ساڵ ژیابێتن، دیارە توانای کۆنترۆڵ کردنی کات و ساتیان هەبووە و هەربۆیە مەودا و دووری و نزیکی بەلایانەوە زۆر گرنگ نەبووە و کۆچ و کۆچبارییان لە هەسارەیەکی دیکەوە بۆ زەوی وەک کۆچەڵکۆچی هەوارچیەکان بووبێ لەم شاخ بۆ ئەو شاخ یان لە شاخەوە بۆ چۆڵ و لە چۆڵەوە بۆ شاخ.

واتە هات و چۆی گەردوونی و هەسارەوهەسارە کردن بۆ ئەوان وەک گەڕەکاوگەڕەک کردن یان شارەوشارکردنی لای خۆمان بووە، ئاسان و بەردەست.

ڕەچاوکردنی هەسارەکان و ئەستێرەکان لە زەوی یەوە بە بێ ئامرازی پێشکەوتوو، لە کردندا نەبووە و نەتوانراوە بکرێ... دیارە ئامێر و ئامرازە پێشکەوتوو لە بەر دەست کەیانی یەکاندا هەبووە بۆ ئەوەی ئاگایان لە گەردوون و کەشکەشان و ئەو شوێنەی نەبڕێ وا لێوەی هاتوون.

بۆ نموونە باسی جامی جیهانبین ی کەیخەسرەوشا دەکرێ وا ساڵی جارێک لە نەورۆزدا تێیدا ڕوانیوە و نهێنیەکانی سەر زەوی بینیوە.

ئەستێرەوانان و ئەستێرەناسان وا کۆمەڵگەی ماژان یان موغان یان پێکهێنابوو، شارەزای ژمێریاری و مێتافیزیک و فیزیک و کیمیا بوون.

بەداخەوە ئایینی ئیسلام وەک نەکبەتی و نەهامەتی هات و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لە زانستە کۆنەکان چۆڵ کرد. پیاو نازانێ بڵێ چی؟ ئەم ئایینە بۆ ئەوەندە ناوچاوتاڵ و گرژ و نەساز و نەچەسپ بوو؟ بۆ وەک لافاو شۆڕ ببوو بەرەوخوار و تەنیا خەریکی ڕاماڵین بوو؟

بەڵام بە خۆشییەوە ئێزیدیەکان و مەنداییەکان تووانییان بەشێکی زۆری ئەم کولتوورە بپارێزن و بیهێنن هەتا ئێستاکە...

هەروەها ئاسەوارە مێژووییەکان و نەریت و داب و بڕواکۆنەکانی گەلی کورد وا لە قسە و هەڵسوکەوتیاندا دەردەکەوێ و هەروەها چیرۆکە کۆنەکان و زمان و زاراوەکانی کلیلی کرانەوەی ئەم سندوقە پڕ لە ڕاز و ڕەمزەن.

دوای لافاوی گەورە، زی ئود سودرای شاهەنشا وا لە هەرێمی شوروپاک پاشایەتی دەکرد، لە لایەن خواوەندەکانەوە تەمەنی هەتاهەتایی پێبەخشرا لە پێناوی ئەوەی مرۆڤ و بوونەوەرانی پاراست و لەگەڵ خۆیدا سواری گەمی کردن و نەیهێشت ئاو بیانبا و پاکتاویان بکات.

زی ئود سودرا واتە خدری زیندوو یان گاومەرد مرۆڤێکی بڕوامەند بە پەروەردگار و هەروەها کەسایەتییەکی گەورە و گرانی هەیە و مرۆڤێکی نیرمەند و هێژا بووە و بنەڕەتی زانست و بیرکردنەوە واتە "خڕەت"ە. خڕەت واتە گومان لە شت کردن.

نازانم لە زاراوەکانی دیکەی زمانی کوردی دا ئەم وشە هەبێ یان نا، بەڵام لە سەقز کە شاری زی ئودسودرایە ئێمە وشەیەکمان هەیە کە یادگاری ئەو سەردەمەیە و هێشتا خەڵک دەیڵێن، دیارە خەڵکی ناوشاری سەقز و ئەوانەی وا کۆنن،نەک ئەوانەی وا لە شوێنی دیکەوە هاتوون و بوون بە سەقزی بەڵام بە زاراوەی ڕەسەنی ئەم شارە قسە ناکەن و ئەگەر ئەم بابەتەی منی لیبپرسی زۆر بە ڕاشکاوێ بڵێ نازانم!

باسی وشەی خڕەت واتە گومان کردن لە حەقیقەتی یەک شت کرا.

گومان کردن یان تشکیک لە مەنتق وفەلسەفە (منطق و فلسفە)دا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پرسیار لە سەر چۆنیەتی یەک شتە و دەڵێ: ئەوە بۆچی وایە؟ یان وایە و وا نیە!

بەناوبانگترین و دوایین فەیلەسوفی باوەڕمەند بە ڕێڕەوی زی ئود سودرا لە ناو کورددا شەهاب سورەوەردی یە.

ئێـمە لەو شارەی خۆماندا زۆرجار دەمانبیست کەسێ وا بەهەڵەدا چووە لە بینینی یەک شتدا بە پێێ شواهد و قرائن بەڵام دواتر زانیویەتی وانیە و وایە... دەیکوت: بە خڕەیا چووم! یان بە خڕەتا چووم! واتە وام گومان کرد بەڵام ئێستا کار لەگوماندا نەماوە و دڵنیام حەقیقەتی شتەکە بەم جۆرەیە وا ئێستا بۆم دەرکەوتووە!

گومان کردن و پرسیار لە لا درووست بوون و بەدواداچوون بنەمای زانست و هەموو شتە.

هەموو ئەستێرەوانان و ئەستێرەناسان وا لە کۆمەڵگەی ماژان دا خۆیان دەگرتەوە، سەر بە ڕێچکەی زی ئود سودرای نەمر واتە خدری زیندوو یان گۆمەردن... وشەی گاومەرد یان گۆمەرد لە کولتوری ئێمەدا بە گاورەد یان گەورد یان گەورک و "گەور" یان "گەوری سەر کێو" بە یادگاری ماوەتەوە و بەداخەوە بووە بە جوێن و کەوتووەتە زاری خەڵک... خەڵک وا نازانن ڕابردوو چیە و تەنیا فێرن بترسن لەوەی وا نیە و پشت هەڵبکەن لەوەی وا هەیە...

بەڵام خڕەتا و ڕێچکەی گاومەرد نامرن و هەتا مرۆڤی بیرمەند هەبێ ئەم ڕێبازە بەردەوامە و کوردایەتی ڕاستەقینە و گاورایەتی وەک دەمار و خوێن وان و قەت لە یەک ناپسێن.