شرۆڤە

بۆچی دەنووسین (١٧)

فەڕۆخ نێعمەتپوور

نووسین وێناکردنەوەی رابردوو و داهاتووە لە ئاست مەرگێکدا کە داهاتووی لەخۆی گرتووە. دەنووسین بۆ ئەوەی ئەژدیهای مەرگ بۆ هەمیشە ژیان و رووداوەکانی قووت نەدا. دەنووسین بۆ ئەوەی دەمانەوێ سەرەڕای مردنمان، ژیان جێنەهێڵین و بەردەوام لەگەڵ مرۆڤەکان بدوێینەوە و پێیان بڵێین دڵمان هەر لای ژیان و لای ئەوانە.

 

مردن، پرسێکی گەورەیە. مرۆڤ هەر لەسەرەتای بوونییەوە پێیەوە سەرقاڵبووە. ئەم سەرقاڵییە چ لە ئاستی تاکەکەسیدا (واتە لە روانگەی ژیانی خۆمەوە)، هەتا ئاستی گشتی (ئەوەیکە بەگشتی مردن چییە)، بەردەوام یەکێک لە سەردێڕە گرینگەکانی بیرکردنەوە و جیهانی دەروونیی ئێمە بووە. مردن هەم داهێنەری بیرە ئایینیەکان بووە و هەم داهێنەری بیر و ئایدیا فەلسەفییەکان. مردن هەم سەرچاوەی باوەڕ بە جیهانێکی تر (واتە جیهانی دووای مردن) بووە و هەم بووە بە هۆی پووچگەرایی. لەو ئایینانەدا وا مرۆڤ لای وایە جیهانێکی تر هەیە، لە راستیدا مرۆڤ لە رێگای درێژکردنەوەی ژیان بۆ دووای مردن، لەگەڵ ئەوەی نازانێ ئەم زیندووبوونەوە چۆن روودەدا و تەنیا دەیداتە پاڵ هێزێکی میتافیزیکی وەک خودا، هەوڵدەدا بەردەوام ژیان بۆ خۆی مسۆگەربکاتەوە و بە خۆی بسەلمێنێ کە لە راستیدا ژیان ئەبەدییە نەک مردن و تێداچوون. لە پووچگەراییشدا ئیتر مرۆڤ دەگاتە ئاستێک کە هیچ شتێک لەدووامانادا خاوەن مانا نابێ و هەموو شتێک لە بەستێنی 'هیچ'دا سەرئەنجام دەکاڵێتەوە. یەک لەوان ئەو دونیا و خودا و بەردەوامیی ژیانیش.

بەڵام مردن تەنیا ئاراستەی بەرەو دووای خۆی، واتە لە دووای کۆتایی ژیان نیە. مردن چەمکێکە چەندە ئاراستەکەی بەرەو پێشەوەیە ئەوەندەیش ئاراستەکەی بەرەو ئیستا و بەرەو رابردووە. ئەگەر ئێمە تەنیا بە خەیاڵ باس لە داهاتوو دەکەین و چۆنیەتییەکەی وەسفدەکەین، بەڵام وەسفی ئێمە بۆ هەنووکە و رابردوو وەسفێکی ئەزموونییە و ئیستا و رابردوومان لە راستیدا بە هەستەکانی خۆمان ئەزموونکردووە. پێوەندی ئێمە لەگەڵ مردن تەنیا بریتی نیە لە ترس، بەڵکو بریتییە لە زۆر شتی دیکەیش. وەک کاتی بوون، تێپەڕین، ونبوون، کارەسات، رێژەیی بوونی هەموو چەمکەکانی وەک خۆشبەختی و نەهامەتی، پرسیار لەسەر مانای کات، فەلسەفە و مانای ژیان، ئەبەدەییەت و ئەزەلییەت، ئەرکەکانی ئێمە لەم دونیایەدا و گەلێک بابەتی تریش. چەمکی مردن دەبێتە هۆی قووڵایی لە چەمک و دیاردەکانی تردا. کاتێک دەزانین دەمرین، ئیتر دیمەن و دیاردەکانی دەورووبەرمان هەر لەو ئاستەدا نامێننەوە وا بەڕواڵەت دەیانبینین. دەبنە خاوەن قووڵایی و بەرینایی تر. خەسڵەتێکی دیکەیان پێ زیاددەبێ کە لە راستیدا وەک خۆیان خاوەنی نین. ئەم خەسڵەتە بریتییە لە جۆری پێوەندی من (واتە مرۆڤ) لە گەڵیان. دیارە بە گوێرەی ئاستی چلۆنایەتیی مرۆڤەکانیش ئەم پێوەندییە گۆڕانی بەسەردادێت. مەرگ کە بە واتایەکی تر کاتی بوونی ژیان و دیاردەکانە، دەمانگەیەنێتە ئەو بۆچوونەی کە هەموو شتێک لەم دونیایەدا کاتییە و بەدوورە لە چەمکێک بەناوی هەمیشەیی بوون. لە راستیدا مردن سنووری نێوان کاتی بوون و هەمیشەیی بوونە. مەرگ ئەو شوێنەیە ئێمە لە کاتی بوونەوە دەپەڕینەوە بۆ هەمیشەیی بوون، ئەگەرچی ئەم هەمیشەیی بوونەیش ژیان نەبێ. خودی مەرگ نە کاتی بوونە و نە هەمیشەیی بوون، بەڵکو تەنیا رووداوێکە وا تێماندەگەیەنێ کە ئەم دوو چەمکە هەن و جیاوازن و دەبێ دان بەم جیاوازییەدا بێنین و بگرە لە گەڵیشیا بژین. بەڵام لێرەدا قسە تەنیا لەسەر دانپیانان نیە، بەڵکو مرۆڤ دەیەوی هەمیشەیی بوون (لەمانای بەردەوامیی ژیان) دەستەمۆبکا و بۆ هەمیشە واز لە کاتی بوونی خۆی بێنێ. کاتێکیش ئەمە لەم ژیانەدا مەیسەرنەبوو ئەوا هانا بۆ دووای مردن دەبا کە لای وایە بە گشتی لە ژێر ناونیشانی هەمیشەیی بووندا پێناسەدەکرێ. بەڵام بەڕاستی جیهانی مردن ئەو جیهانەیە وا دەتوانین بڵێین خاوەنی خەسڵەتی هەمیشەیی بوونە؟ بێگومان وەڵام دژوارە. لانیکەم دەتوانین بڵێین کە لە قەوارەی نەبوونی ژیاندا هەمیشەییە، بەلام لە قەوارەی تردا یەکجار دژوارە بزانین چلۆنە. لە راستیدا ئایین ئەو چەکەیە وا مرۆڤ بەخەیاڵ هەوڵدەدا پێ بخاتە سەرزەمینێکەوە وا هەستەکانی نایگەنێ.

زۆر کەس رایان وایە ژیان مانا و واتای خۆی لە مردنەوە وەردەگرێ. ئەمە هەمان دوالیزمە کە لە پاژەکانی پێشوودا باسمان لێکرد. واتە ژیان ناتوانێ هەبێ گەر مردن نەبێ (بەپێچەوانەیشەوە). هەروەها گەر مردن نەبێ، چێژی ژیانیش نابێ. مرۆڤ دەمرێ بۆیە دەتوانێ لەززەت لە ژیان ببا و بۆیە دەتوانێ ببێ بە شاعیر و بە نووسەریش. بەڵام با لە جیهانی دوالیستی خۆمان دەربازبکەین و ژیانێکی بێ مردن وێنابکەین. مرۆڤێک بێنینە بەرچاوی خۆمان کە قەت نامرێ. بەشێکی گرینگی ژیانی مرۆڤ بریتییە لە خۆپاراستنێکی ژیان پارێزانە کاتێک لەگەڵ جیهاندا رووبەڕوو دەبینەوە. لە مرۆڤێکی نەمردا ئەم خەسڵەتە دەمرێ و ئەوسا ئێمە لە گەڵ بی ئەژمار مرۆڤ رووبەڕوو دەبینەوە کە هیچ سنوورێکی لەم بوارەدا نیە. هێشتا بەم خەسڵەتەوەیە (واتە مردن) کە جیهان پڕە لە شەڕ و نەهامەتی، جا بگرە مرۆڤ هەست بکا نامرێ ئەوسا ئاستی توندوتیژی و نەهامەتییەکان دەگاتە کوێ! دەتوانین بڵێین لە راستیدا مەرگ ئەگەرچی کۆتایی ژیانە، بەڵام هاوکات پارێزەری ژیانیشە. مرۆڤ گەر نەمرێ ناتوانێ رێزی ژیانی خۆی بگرێ.

جگە لەمە کاتی بوونی مرۆڤ دەتوانێ هەستەکانی مرۆڤ، بۆ وێنە ئەشق و خۆشەویستی، بگەیەنێتە ترۆپک. تێپەڕینەکان فێرماندەکەن رێزی زیاتر لە ئیستا بگرین. مەرگ چرکەساتەکانی ژیان دانەبەدانە بەرجەستە دەکاتەوە. مەرگ وەک گشتییەتێک کە لە داهاتوودایە و لەسەر رێگامان راوەستاوە، لەگەڵ ئەوەی بەردەوام نیگامان دەقۆزێتەوە، بەڵام هاوکات فێرمان دەکا ئەم چرکەساتانەی تێپەڕین بریتین لە ژیانی من و لە ژیانی ئێمە. بۆیە بەردەوام دەبێ ئەم چرکەساتانە هەم لەگەڵ ئەو گشتییەدا پێوەندی بدەم و هەم ئەو گشتییەتە لەگەڵ ئەم چرکەساتانەدا. بەڵام مەرگ هەر ئیستاکەیش روودەدا. کاتەکانی ژیانی ئێمە لەگەڵ ئەوەی ژیانن، چکەچکە مردنیشن. رەنگە گەر ئەم چکەچکە مردنە نەبێ ئێمە قەت نەگەینە مردنی تەواو. چکەچکەکان ئێمە بیری گشتییەت دەخەنەوە. رەنگە هۆکارێکی تری ئەوەی وا مردن لە بیری ئێمە ون نابێ، ئەمە بێت. واتە دیاردەکە دەبێ بە جۆرێک لە ئێمەدا هەبێ جا ئەوکات دەتوانین بیری لێبکەینەوە. کەواتە ئەوەی ناوی لێدەنێین ژیان بریتییە لە لێکئاڵانی دوو گرۆڵە بەنی رەش و سپی کە هەتا دێت بەشی رەشەکەی تۆخ و تۆختر دەبێتەوە (رەش لە مانایەکی بەدوور لە نگەتیڤ بوون).

رووبەڕووبوونەوەی نووسەر لەگەڵ چەمکی مردن رووبەڕووبوونەوەیەک نیە واوەتر لە ئەزموونەکانی بەشەر. رەنگە تەنیا جیاوازییەکەی لەوەدا بێت کە لە رێگای گێڕانەوەوە بەهۆی وشەکانەوە دەرفەتی راوەستانی لەسەر پەیدادەکا. ئەو راوەستانەی لەگەڵ ئەوەی بەڕواڵەت کەمێک ئاسایی دەنوێنێ، بەڵام لەڕاستیدا چونکە دەچێتە قاڵبی وشە و رستەکانەوە دەبێتە خاوەن قووڵایی زیاتر. وشە و رستە ئەو دەرفەتە دەدەن بەردەوام لە رێگای گێڕانەوەوە زیاتر بگەینە لایەنە شاراوەکانی ئەم چەمکە و بەهۆی رووداوگەلی جۆربەجۆرەوە بەشی تازەی لێ جیابکەینەوە، یاخود پێی زیادبکەین. خڕبوونەوەی چرکەساتەکانی ژیان لە دەقێکی چیرۆک یان رۆماندا و گووشینی لە لاپەڕە سنووردارەکاندا دەتوانێ چەمکی مردن وەک هەموو چەمکەکانی تر بەرجەستەتر بکاتەوە. خڕبوونەوەی زەمەن و کات لە چەند لاپەڕەیەکدا دەبێتە هۆکاری خڕبوونەوەی چەمکی مردن و لێرەوە کاریگەریی زیاتری لەسەر خوێنەر. بگرە مردن یاخود ئەو بەشانەی لە دەقدا وا باسی مردن دەکەن، رێک ئەو شوێنانەن وا دەتوانن بەشێک لە رووداوەکان بگەیەننە ترۆپکی خۆیان و لەم رێگایەوە کارتێکەریان زیاتر بێ. بەڵام دەبێ لەبیرمان بێت کە بەهۆی ئەوەوە مردن خۆی لە خۆیدا دیاردەیەکی یەکجار کاریگەر و هەستیارە و لەگەڵ خۆی هەڵگری هەستی لە رادەبەدەری هاوسۆزی (لانیکەم لە زۆرینەی مرۆڤەکاندا)، دەبێ نووسەر ئاگای لەوە بێت بە حسێب و کتێب کەڵکی لێوەربگرێ و تەنیا بە تەمای کاریگەریی دانان لەسەر خوێنەری خۆی بەکاری نەهێنێ. لە راستیدا مەرگ لە چیرۆکدا لە هەموو بەشەکانی تر هەستیارترە و بۆیە نووسەر دەبێ زیاتر لە بەکاربردنی وشیاربێت. هەروەها چونکە مردن دیاردەیەکی یەکجار یەک شێوەیە، دەبێ نووسەر کارێک بکا کە لە نواندنەوەیدا شێوازی فرەچەشن بەکارببات، ئەگینا لەدژی خۆی هەڵدەگەرێتەوە و ئەو کاریگەرییەی نامێنێ وا چاوەروانی لێدەکەین. بە واتایەکی تر جۆری رووداوەکان کە ئارستەکەی بەرەو مەرگە دەوری سەرەکی لە خودی مەرگ و کارتێکەرییەکەی لە خوێنەردا دەبینێ. هەتا رووداوەکان نوێتر بن و لە پێوەندیی تازەتردا بن لە گەڵ یەکتر، ئەوا دەتوانن لایەنی تر لە چەمکی مردن بنوێننەوە.

ئێمە دەنووسین چونکە دەمانەوێ راوی کات و چرکەساتە کاتییەکان بکەین، چونکە دەمانەوێ ماناکان لەم بەستێنە کاتییەدا بەرجەستە بکەینەوە، بەو هیوایەی لە رێگای ئەم بەرجەستەکردنەوەوە ژیان ئەبەدی بکەین. دەنووسین چونکە دەمانەوێ بڵێین مەرگ وەک هەموو شتەکانی تر دەتوانی مانای گەورە بە ژیان و لێرەوە بەنووسین دەبەخشێ (جا چ راستەخۆ و چ ناڕاستەوخۆ). نووسین وێناکردنەوەی رابردوو و داهاتووە لە ئاست مەرگێکدا کە داهاتووی لەخۆی گرتووە. دەنووسین بۆ ئەوەی ئەژدیهای مەرگ بۆ هەمیشە ژیان و رووداوەکانی قووت نەدا. دەنووسین بۆ ئەوەی دەمانەوێ سەرەڕای مردنمان، ژیان جێنەهێڵین و بەردەوام لەگەڵ مرۆڤەکان بدوێینەوە و پێیان بڵێین دڵمان هەر لای ژیان و لای ئەوانە. دەمانەوێ بڵێین ماناکان بە ژیانەوە خاوەن مانان و بەدەر لە ژیان هیچ مانایەک بوونی نیە. ئەزموونی مەرگ بەجوانی ئەمەمان پێ دەسەلمێنێ. نووسین بەردەوامیی ژیانە.

درێژەی هەیە....