شرۆڤە

داهاتووی پرسی نەتەوەیی...(٥)

محەممەد محەممەدمورادی

چ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و چ لە ناوخۆی ئێران، بەداخەوە ئەبێ قبووڵی بکەین کە ئاسۆی حکومەتی کرێکاری هیچ ڕوون نییە. تەنانەت ئەگەر سەرەڕای ئەزموونی شکستخواردووی سۆسیالیزم لە یەک وڵاتدا - سۆڤیەت - هەوڵ بدرێت لە ئێران یاخود لە ڕۆژھەڵاتدا حکوومەتی کرێکاری دامەزرێت دیسان هاوسەنگی و تەناسوبی هێزی چینی کرێکار ئەوندە نییە کە بتوانێ هێژمونیی خۆی بسەپێنێت.

 

داهاتووی پرسی نەتەوەیی لە ڕۆژھەڵات (٥)

کۆمەڵە ـ حکومەتی کرێکاری

محەممەد محەممەدمورادی

ئەم چوار چەمکە، سۆسیالیزمی دیموکراتیک، سۆسیال دیموکراسی، حکوومەتی کرێکاری، کۆدار، ئەو چوار خاڵە سەرەکییە جیاکەرەوەی حیزبەکانی ڕۆژھەڵاتن. با بزانین ئەساسەن ئەم چەمکانە چەندە کۆنکرێت و بەپێی واقعیەتەکانی سەردەم و ئیمکانات و ژێرخانە ئابوورییەکانی ڕۆژهەڵاتن و، چەندەیان لە وەهم و بۆشاییدا دەژین.

لەو ڕووەوە کە خۆم بە سۆسیالیست دەزانم یاخود هەوڵئەدەم سۆسیالیست بم و تا سەر ئێسقان باوەڕم بە حکوومەتی کرێکاری و سۆسیالیزم هەیە سەرەتا بە حکوومەتی کرێکارییەوە دەست پێدەکەم کە دیارە (کۆمەڵە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) لە ڕۆژھەڵاتدا مابەئیزای ئەم چەمکەیە و نوێنەراتیی دەکات. 

بەنیسبەت کۆمۆنیزم و حکوومەتی کرێکارییەوە دەیان هەڵەتێگەیشتن لە کوردستاندا و تەنانەت لەناو خودی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانیشدا بوونی هەیە کە لە تاقەتی ئەم یادداشتانەدا نییە هەموویان ڕاست بکاتەوە. بەڵام ئەوەی بە پێویست و زەرووری دەزانم ڕوونی بکەمەوە خودی حکوومەتی کرێکاری و دیکتاتۆری پڕۆلتاریایە. دیکتاتۆری پرۆلتاریا ئەمڕۆکە بەگشتی بە ڕێژیمێکی پۆلیسیی توندڕەو و دیکتاتۆریی لەشێوەی ستالینیزم تەرجومە و تەفسیر کراوەتەوە و ئەو کارکردەی نەماوە کە خودی مارکس لەم چەمکە پێناسەی کردبوو. 

لەنێوان گۆڕینی شێوەبەرهەمهێنانی سەرمایەدارییەوە تاکوو سەقامگیرکردنی سۆسیالیزم بڕگەیەکی کاتی دەبێت کە مارکس ناوی ناوە قۆناغی گوزەر (گذار). مەبەستی مارکس لە دیکتاتۆریی پڕۆلتاریا کۆنتڕۆڵی کرێکاری بەسەر پڕۆسەی بەرهەمهێنان لە دەورانی گوزەردا بوو. ئەویش لەبەر ئەوەی کە لە پڕۆسەی گوزەردا هەتا سەقامگیرکردنی دواجارەکیی سۆسیالیزم دیسانەوە چینی سەرمایەدار سەرهەڵنەداتەوە و ئەم حکوومەتی کرێکارییە شتێکی کاتی دەبێت و لەخۆیدا ئامانج نییە، چونکە چینی کرێکار شۆڕش دەکات بۆ لەناوبردنی کۆمەڵگای چینایەتی و تەنانەت نەفیکردنەوەی خۆیشی وەکوو کرێکار (پڕۆلتاریا).

سەرەکیترین هۆکاری بەدناوبوونی ئەم چەمکە ستالینیزم و درێژبوونەوەی دەورەی گوزەر بوو لە سۆڤیەتدا. ئەم هەڵەتێگەیشتنە تەنها لە کوردستاندا نییە و ئەساسەن دەگەڕێتەوە بۆ حەفتاکان و سەرهەڵدانی دیاردەی یۆرۆکۆمۆنیزم لە ئەورووپادا، ئەو کاتەی کە حیزبە کۆمۆنیستەکانی وڵاتانی ئەورووپی لە میانەی شەڕی سارددا و لەژێر زەختی ناتۆدا ڕێگرییان لێدەکرا بۆ بەشداریکردن لە دەوڵەتی ئێتلافیدا. ئەم حیزبانە بۆ ئەوەی ڕێگەیان پێبدرێت لە حکومەتی ئێتلافیی وڵاتەکانیاندا بەشداری بکەن، هەوڵیاندا نیشانی بدەن کە لە ڕێگا و ڕێبازی سۆڤیەت دابڕاون و ڕێگای پاڕلمانیان هەڵبژاردووە بۆ گەیشتن بە سۆسیالیزم. و لە هەنگاوی یەکەمدا کەوتنە مەحکوومکردنی دیکتاتۆریی پڕۆلتاریا و خودی چەمکی سۆسیالیزمی دیموکراتیک هەر لەم سەردەمەدا هاتە ئارەوە.

دیارە ڕێک هەر ئەم ڕەوشەش لە بزووتنەوەی ڕۆژھەڵاتدا وەک باقیی پرس و بابەتە تیۆریکەکان کۆپی کراوە و دەتوانن لە کورتەباسی بەڕێز قاسملوودا (هەم مەحکوومکردنی دیکتاتۆریی پڕۆلتاریا و هەم تەئکیدکردن لەسەر سۆسیالیزمی دیمۆکراتیک) پەیشوێن بگرن (لە بەشەکانی داهاتوودا دێمەوە سەر باسی سۆسیالیزمی دیموکراتیک).

ئەوەی کە (کۆمەڵە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) چەندە باوەڕی بە بەدیهێنانی سۆسیالیزمە، جوگرافیای خەباتی خۆی بە کوردستان دەزانێ یان ئێران و ئەوەی کە ئەساسەن ئەم حیزبە حیزبی شۆڕشگێڕی چینی کرێکارە یاخود ئەوانیش حیزبێکی سیاسین، کۆمەڵێ پرس و پرسیاری گرنگن کە دەیان خەمە بەر باس بەڵام سەرەتا دەمەوێ ئەوە لێکبدەمەوە کە چ لەباری تیۆرییەوە و چ بەپێی واقعیەتەکان، لە ئەمڕۆدا ئەساسەن چەندە ئیمکانی بەدیهێنانی سۆسیالیزم لە ئێران و کوردستاندا بوونی هەیە.

هەموو شێوە بەرهەمهێنانێک سێ قۆناغی هەیە. دیارکەوتن (انکشاف)، گەشەکردن(شکوفایی) و ئاوابوون (افول). ئەگەر هەزاران ساڵی خایاندبێت بۆ دیارکەوتنی شێوە بەرهەمهێنانی فیۆدالیزم تەنها چەند سەدەیەک بەس بوو بۆ ئەوەی کە فیۆدالیزمیش عەقڵانییەتی خۆی لەدەست بدات و بەرەوڕووی شۆڕشی بورژوایی ببێتەوە و جێگەی خۆی بدات بە سەرمایەداری. بە باوەڕی زۆرێک لە بیرمەندان بۆ سەدەیەک ئەچێت کە سەرمایەداری لە قۆناغی ئاوابوونی خۆیدایە. 

بەڵام نیشانەکانی گەیشتنی قۆناغی ئاوابوونی شێوەبەرهەمهێنانێک چین و چۆن ئەتوانین بزانین ئایا بەڕاستی سەرمایەداری لە قۆناغی ئاوابووندایە یان هێشتا ماویەتی.

دیارە مارکس بەدیاریکراوی باسی قۆناغی ئاوابوونی شێوەبەرهەمهێنانی سەرمایەداری نەکردووە، بەڵام لە کتێبی پێشەکییەک بۆ ڕەخنەی ئابووریی سیاسیدا دەڵێ: "هێزە بەرهەمهێنەرەکان (نیروهای مولدەProductive forces ( تێکڕای ئامێرەکان، مەکینەکان، عەرز و بیناکان، ژێرخانەکان و ... لەگەڵ هێزی کارکردنی مرۆڤ) لە کۆمەڵگادا، لە قۆناغێک لە گەشەکردندا ئیتر لەگەڵ پێوەندی و موناسباتی بەرهەمهێنانی کۆمەڵگا کە تا ئەو کاتە لەناو چوارچێوەی ئەواندا کاریان کردووە ناکۆک دەبن و ئەم پێوەندی و موناسباتە لەبری ئەوەی فۆڕمێک بن بۆ گەشەپێدانی هێزەکانی بەرهەمهێنانProductive forces دەبن بە کۆت و زنجیر بە ملیانەوە. ئەو کاتەیە کە قۆناغی شۆڕشی کۆمەڵایەتی دێتە پێشەوە."

ئەم خاڵە زۆر گرنگە بۆیە پێش ئەوەی باسی ئاماژەکانی تری خودی مارکس و لێنین دەربارەی قۆناغی ئاوابوونی شێوەبەرهەمهێنانی سەرمایەداری بکەم پێم باشە بڕێک لێکی بدەمەوە. 

مارکس لێرەدا باسی قۆناغێک دەکا کە هاوپێوەندی و موناسباتی سیاسیی ناو کۆمەڵگا دەبن بە کۆت و زنجیر بە ملی هێزە بەرهەمهێنەرەکانەوە ڕێگە نادەن لەوە زیاتر گەشە بکەن. ئەمە یانی چی؟ وەک لە بەشەکانی پێشوودا بە وردی باسم کرد سەرمایەداری سیستەمێکی یەکپارچەی جیهانییە و ئەم قسەی مارکس لەناو ئەم سیستەمە جیهانییەدا مانا پەیدا دەکات. ئەمڕۆکە باس لەوە دەکرێت هەم تەکنەلۆجیا و هەم سەرمایەی پێویست هەیە بۆ ئەوەی کە نزیکەی کۆی بەرهەمهێنان ڕۆبۆتیزە بکرێک و پێویست نەبێت مرۆڤ کار بکات و هەروەها تەکنەلۆجیا و سەرمایەی پێویست هەیە بۆ دابینکردنی سووتەمەنیی بەلاش بۆ سەد ساڵی داهاتووی گۆی زەوی و دەیان پڕۆژەی زەبەلاحی تەکنەلۆجیکی دیکەش کە ئامادەن، بەڵام لە چوارچێوەی پێوەندی و موناسباتی ئەم دەوڵەتە بورژواییانەدا ناتوانن جێبەجێی بکەن. جگە لەمانەش ئێمە شاهیدی ئەوەین سەرەڕای هەموو ناکۆکییە سیاسییەکان چین و ئەمریکا، ئەمریکا و ڕوسیا، چین و ئەوروپا، چین و پاکستان و ... لە کەش دا (فەزا) پێکەوە ناچارن هاوکاری بکەن ئەمەش جگەلە وێستگەی ئاسمانیی نێودەوڵەتییە کە بە هاوکاری زیاتر لە پانزە وڵات پێک هاتووە.

لەم دواییەشدا پەتای کڕۆنا بەباشی وەبیری هێناینەوە کە هەرچەندە کێشەکان جیهانی بن ئەوەندەش پێویستیان بە چارەسەری جیهانی هەیە و بینیمان کە دەیان وڵات ناچار بوون بە ناوەدێتیی ڕێکخراوی تەندرووستیی جیهانی (WHO)  لە پڕۆژەیەکی هاوبەشدا بۆ دۆزینەوەی ڤاکسین بەشداری بکەن. 

هەرچەند ئەتوانین هەر لەسەر ئەم خاڵە بوەستین و دەیان نموونەی تر ڕیز بکەین کە چیتر لە چوارچێوەی ئەم دەوڵەت‌نەتەوە بورژواییانەدا جێبەجێی ناکرێن بەڵام لام وایە بۆ ئەم خاڵە هەر ئەم چەند نموونە بەسن.

هەر بەپێی ئاماژەکانی خودی مارکس لەم بارەوە یەکێکی تر لە نیشانەکانی قۆناغی ئاوابوونی شێوەیەکی بەرهەمهێنان ئەوەیە کە تەزادەکانی بەڕادەیەک قووڵ دەبنەوە کە ناچارە بۆ چارەسەرکردنیان پەنا ببات بۆ هاوپێوەندی و موناسباتی شێوە بەرهەمهێنانی داهاتوو، بۆ نموونە ئەم هەموو کۆمپانیا پشک/گشتییەتە Publicly listed company تا ڕادەیەک خاوەندارێتی تایبەتی بەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێنان دا بێمانا کردووە. واتە قەبارەی یەکەکانی بەرهەمهێنان بەڕادەیەک گەورە بوونەتەوە کە ئیتر بە سەرمایەی تایبەتی یەک کەس و دوو کەس بنامەڵە و دووان ناکرێت و ناچارن لەڕێگەی بۆرسەوە(Stock) گشتیی بکەنەوە.

یەکێکی تر لە نیشانەکان ئەوەیە کە له بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا، سەرمایە و خاوەندارێتیی تایبەت/private property بەسەر ئامێرەکانی بەرهەمهێناندا چیتر ئەو ڕۆڵە پێشکەوتوو و پەرەپێدەرەی پێشوو ناگێڕن و زیاتر ڕۆڵی ئەنگەلیان هەیە. واتە سەرمایە لە پڕۆسەی بەرھەمھێنان جیا و سەربەخۆ دەبێتەوە و تەنانەت کۆی بەرهەمهێنانش دەخاتە مەترسییەوە. بەپێی بەراوردەکان بەس لە ئەمریکادا نزیکەی ٥٠٠ تریلیۆن دۆلار سەرمایەی تایبەت لە دەرەوەی پرۆسەی بەرهەمهێناندان و لە کازینۆ و قومارخانەکان و بۆرسدا خەریکی سفتەبازین agiotage، ئیتر با سەرمایەی ماڵی چین، ڕووسیا، جاپۆن، بریتانیا، ئەڵمانیا، فەڕانسە و... بوەستن، ئەمە لە حاڵێکدایە بەرهەمهێنانی ناخالسی Gross Domestic Product (GDP) سەرانسەر گۆی زەوی 91.98 ترلیۆن دۆلارە. ئەم سەرمایانە قزانجیان ئەوێ و تەنانەت ئەگەر 1% قازانج رازی بن، هەر ئێستە هەموو خەڵکی سەر گۆی زەوی هەرچێکمان هەیە و نییە بیدەین هێشتا ڕازی نابن. ئەوەتا هەموو ساڵێک ڕێژەیەکی ئێجگار زۆر لە خەڵک ماڵکاوڵ و مایەپووچ ئەبن و ئەچنە ژێر هێڵی هەژارییەوە و وەک پێشتر وتم بەپێی آمارەکانی WTO بەس یەک ملیار مرۆڤ بوونەتە کەپرنشین (slumdog) و لە سڵۆمەکانی  پەڕاوێزی شارە گەورەکاندا دەژین. ئەم هەموو دڕەندەیی و لەتوپەتکردنەی ژینگە و گۆی زەویش هەر لەو ئاراستەدایە.

ئەتوانین سەدان لاپەڕە ڕەش بکەینەوە لەسەر ئەوەی کە سەرمایەداری عەقڵانییەتی خۆی لەدەست داوە و دەمێکەیە لە قۆناغی ئاوابوون‌دایە و ئەبێ لەناو بچێت. بەڵام ئەم سیستەمە سەرەڕای هەموو تەزاد و قەیرانە پێریۆدی و ساختارییەکانی هەرگیز لەخۆیە ناڕووخێت و بەپێچەوانەوە وەک خودی مارکس دەڵێ ئەو سەرمایەدارییەی لە قەیرانەکان دەردەچێت دەیانجار هارتر و دڕندەترە.

هەتا ئێره هەوڵمدا ڕوونی بکەمەوە بۆچی ئەم شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییە هیچ عەقڵانییەتێکی تێدا نەماوە و ئەبێ بڕووخێت، ئەوەش ئەزانین کە تاکە ئاڵتێرناتیڤی ئەم سیستەمە سۆسیالیزمە و تەنانەت لە ناوەندە زەبەلاحە ئابوورییە بورژواییەکانیشدا هیچ ئاڵتێرناتیڤێکی تر شک نابەن و زۆر سادە و بە مڵهوڕییەوە ئەڵێن بتانەوێ و نەتانەوێ هەر ئەوەیە. سۆسیالیزمیش - زۆر پێشتر لە مارکس - ئەوا بۆ دوو سەدە (لەوانەیە زیاتر) ئەچێت هاتۆتە ئاراوە و لێرەولەوێ بەشێوەی جۆراوجۆر هەوڵی بۆ دراوە بەڵام تاکوو ئێستا نەیتوانیوە سەرکەوێت. سەرەکیترین هۆکار نەبوونی باڵانسی هێزە. سەرمایەداری سیستەمێکی جیهانییە و هەتا بزووتنەوەیەکی یەکپارچە و ڕێکخراوی سۆسیالیستیی جیهانیش لە دژی پێک نەیەت یەک هەنگاو چییە پاشەکشێی پێ ناکرێت. 

سەرمایەداری جگە لەوەی کە دەوڵەتی شاراوەی جیهانیی بۆ خۆی پێک هێناوە و هەموو ئەمر و خواستەکانی خۆی ئەسەپێنێت بەسەر خەڵک و دەوڵەتانی سەرانسەر جیهاندا زۆر زیرەکانە هەموو بزووتنەوە کرێکارییەکانیشی سڕ کردووە و قۆڵی بەستوون. ۱. بەشی زۆرینەی بەرهەمهێنانی کاڵا مەسرەفییەکان کە زیاترین پێویستیان بە کرێکارە بردۆتە ئەو وڵاتانەی کە هیچ نەریت و بزووتنەوەیەکی کرێکاری لێ نەبووە. ۲. بەرهەمهێنان بەڕادەیەک دابەشکاریی تێدا کراوە کە تەنانەت زۆرێک لە کاڵا مەسرەفییەکانیش لە سێ چوار وڵاتدا بەرهەم دێن واتە هەر بەشێکی لە وڵاتێک و دواجار لە وڵاتێکی تر مۆنتاژ ئەکرێن. بەم شێوە تەنانەت ئەگەر لە بەشێکی پڕۆسەی بەرھەمھێنانی کاڵایەکدا مانگرتن بکرێت کۆی بەرهەمهێنانی کاڵاکە ناوەستێت و لە شوێنێکی تردا ئەو بەشە ڕێدەخەنەوە. بو ئەو مەبەستەش پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا کاری سەرمایەداریی ئاسان کردۆتەوە، ئەمڕۆکە ئەتوانێ لە کەمترین ماوەدا هێڵێکی بەرهەمهێنان بە کەشتی یاخود فڕۆکە لەم سەری دنیاوە بگوازێتەوە بۆ ئەوسەر.

دیارە لەبەرامبەر ئەم سیستەمە دڕندەدا ناڕەزایەتیی خەڵک بەشێوەی پەڕتەوازە لەسەرانسەر جیهاندا بەدی دەکرێت و تا دەڕوات زیاتر دەبێت بەڵام وەک وتم بەو هۆیەوە کە بزووتنەوەیەکی سۆسیالیستیی جیهانیی لەئارادا نییە نەیانتوانیوە و کەسیش پێی وانییە لانیکەم لە کورتخایەندا بتوانن یەک هەنگاو پاشەکشێ بە سەرمایەداری بکەن.

بە دڵنیاییەوە ڕەوشی ئێران و ڕۆژھەڵاتیش هەر بەم شێوەیە بگرە بەهۆی نەبوونی لانیکەمییەک لە ئازادی بۆ پێکهێنانی سێنف و یەکیەتییە کرێکارییەکان، ڕەوشەکە زۆر زۆر خراپترە. بەڵام ئایا دروستە کێشە و گرفتەکانی بەردەم چینی کرێکاری ئێران تەنها لە ستبداد و تۆتالیتاریزمی ڕژیمدا کورت بکەینەوە؟

قسە لەسەر ئیمکانی بەدیهێنانی حکومەتی کرێکاریی چینی کرێکارە لە ئێران/ ڕۆژھەڵاتدا بۆیە پێویستە سەرەتا چاوێک بخشێنین بە ئابووریی ئێران/ ڕۆژھەڵاتدا و دواتر تایبەتمەندییەکانی چینی کرێکار و واقعی کۆمەڵگای ئێران و ڕۆژھەڵات.

پێش هەموو شتێک ئەبێ ئەوە بزانین سەرمایەداری لە ئێراندا تا ڕادەیەک بەشێوەی بۆناپارتی لەسەرەوە سەپاوە و وەکوو وڵاتانی پێشکەوتوو بەشێوەی نۆڕماڵ و ئۆرگانیک لە درێژەی مێژوودا گەشەی نەکردووە و سەرمایەدارییەکە کە لە ڕاستەوخۆ لە شێوە بەرهەمهێنانی ئاسیاییەوە هاتووە. بورژوازیی ئێران فڕی بەسەر ئەو بورژوازییە شۆڕشگێڕەوە نییە کە مارکس لە مانیفێستدا ستایشی دەکات و زیاتر بورژوازییەکی بێ ئەسڵونەسەبە کە خاوەنی هیچ مێژوو و نەریت و ئەخلاقێکی بورژوازی نییە.

بەرهەمهێنان لە ئێراندا بەشێوەی ئۆرگانیک - پێوەندی گوند و شار، پیشەوەر، کارگەی بچوک، مانیفەکتۆر و پیشەسازیی گەورە- گەشەی نەکردووە و بورژوازیی ئێرانیش بەشێوەی مێژوویی گەشەی نەکردووە و یەکشەوە بە ڕانت و گەندەڵی و داگیرکاری بوونەتە سەرمایەدار هەر بۆیە هەتا ئێستاش بورژوازیی ئێران نەیتوانیوە ئەرکە دیموکراتیکەکانی خۆی بریتی لە ئازادی تاک، یەکسانی ژنان، پرسی نەتەوەیی و بە گشتیی دیموکراسیی بورژوایی ڕاپەڕێنێت. ئەمەش تەنیا تایبەت بەم ڕژیمە نییە و سەدەیەک پێش ئێستاش ڕەوشەکە هەروا بووە.

چینی کرێکاری ئێران بەڵام لە ڕەوشێکی ئاڵۆزتردایە. ئەتوانین بڵێین لە ئێران بزووتنەوەی کرێکاری هەیە، بەڵام چینی کرێکار بە مانا سیاسییەکەی بوونی نییە. بەپێی ئامارەکانی (سازمان بەرنامە و بودجە) لە ئێراندا نزیکەی ١٣میلیۆن کرێکار بوونی هەیە بەڵام ئایا ئەم ١٣ میلیۆنە خاوەنی ئەو ڕێژە لە وشیاریی چینایەتییە کە لە باری سیاسییەوە چینی کرێکاری دیفاکتۆ/ بالفعل پێک بێنن؟ گومان لەوەدا نییە کە لە ئێران/ ڕۆژھەڵاتیشدا وەکوو هەموو شوێنێکی جیهان دوو بەرە بوونی هەیە. بەرەی کار و بەرەی سەرمایە. لەم دواییەدا لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا موشتومڕێکی زۆر هەیە لەسەر فۆرمیوولاکردنی چینی کرێکار. زۆر سادە ئەو کەسەی کە ناچارە بۆ دابینکردنی مەعیشەتی خۆی هێزی کارەکەی بفرۆشێت، کرێکارە. بەڵام هەڵەتێگەیشتنێکی بێزارکەر هەیە لە چەمکی چین/تەبەقە/class. ڕوانگەی زاڵ پۆزەتیڤیستییە و ژمارەی کرێکاران لەپێش چاو دەگرێت یاخود ئەوەی کە ئایا کارمەندانی باڵا و بەڕێوەبەری بانکەکانیش کرێکارن یان نا! ئەم ڕوانگەیە لەمە تێناگات کە تەنیا کرێکاربوون بەس نییە و بۆ ئەوەی کە کرێکاران بتوانن لەباری سیاسییەوە چینی کرێکار پێک بێنن و خەباتی چینایەتی بکەن پێویستە سەرەتا بە وشیاریی چینایەتی بگەن.

وەک مارکس دەڵێ ئەوە هەستیی کۆمەڵایەتی کە شکڵ دەدات بە وشیاریی مرۆڤ. کرێکاران لە پڕۆسەی بەرھەمھێنان لە پیشەسازییە گەورەکاندایە کە پەی دەبەن بە بەرژەوەندی و مەنافعی هاوبەش و چینایەتی خۆیان. 

هەر بەپێی ئامارەکانی (سازمان بەرنامە و بودجە) 80%ی کرێکارانی ئێران لە کارگە بچووکەکاندا (ژێر ١٠ کرێکاردا) کار دەکەن. دەی دیارە لە کارگەیەکی بچووکدا بە ١٠ کرێکارەوە وشیاریی چینایەتی شکڵ ناگرێت. ئەم حاڵەتە هۆکاری سەرەکیی لاوازبوونی بزووتنەوەی کرێکاریی ئێرانە. لە ئێران ناڕەزایی و بزووتنەوەی پەڕتەوازەی کرێکاری (هفت‌تپه، هپکو، آذرآب، ماشین سازی اراک) بوونی هەیە بەڵام ئەمە بەمانای بوونی چینی کرێکاری یەکپارچە بە مانا سیاسییەکەی نییە. تەنانەت لەنێوان ئەم بزووتنەوە پەڕتەوازانەشدا هیچ هەماهەنگییەک بۆ سەراسەری‌کردنەوەی خەباتەکەیان بەدی ناکرێت و وشیاریی چینایەتیی ئەوانیش وشیارییەکی کاڵ و سەرەتاییە.

دوو پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی دیکە کە بە نیسبەت هەر جۆرە گۆڕانکارییەکەوە لە داهاتووی ئێران/ ڕۆژھەڵاتدا ئەبێ لە پێش چاو بگیرێت پرسی وردەبورژوازی و هەژاران/ تهیدستانی شارییە. تەنانەت ئامارێکی ڕێژەییش لە هەژارانی شاریی ئێران لەبەردەستدا نییە خاڵی هەرە گرنگ ئەوەیە کە ئەم هەژارە شارییە زۆر جیاوازە لە هەژاری شاریی وڵاتانی پێشکەوتوو. هەژاری شاری وڵاتانی پێشکەوتوو کرێکاری بێکاربوو یاخود وردەبورژووازیی مایەپووچە و هیچ نەبێ لانیکەمییەک لە وشیاریی سیاسیی تێدایە بەڵام هەژاری شاری لە ئێران جوتیارانی پێشوون کە  لەسەر زەوی هەڵکەندراون ناچار بوونە کۆچ بکەن بۆ شار.

وردەبورژوازی، ئەکرێ بڵێین بەپێی ڕێژەی چینی کرێکار (١٣ میلێۆن) گەورەترین پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی ئێران وردەبورژوازیی گەورە و بچووک پێکی ئەهێنێت. هەربۆیە لە داھاتووی سیاسیی ئێراندا دەورێکی زۆر گرنگ ئەگێڕن. مەبەستم ئەوە نییە کە شۆڕش ئەکەن، بەپێچەوانەوە ئەتوانن بە هاوکاری لەگەڵ هەژاران/تهیدستان شاری دەورێکی ئێجگار نەرێنی و کۆنەپەرستانە بگێڕن. 

هەڵەتێگەیشتنێک هەیە لە چەمکی ئازادیی هێگل، کە دەوترێت حەرەکەتی مێژوو بەرەو عەقڵانییەتە، هێگل مەبەستی حەرەکەتی گشتیی مێژووە بەڵام بەو مانا نییە لە مێژوودا هیچ زیگزاگێک ڕوو نادات. هەر ئەو جۆرەی کە دژەشۆڕش لە شۆڕشی گەلانی ئێراندا، ئێرانیان بردەوە بۆ چوارسەد پێش سەردەم لە گۆڕانکاریی داهاتووشدا وردەبورژوازی و هەژارانی شاری ئەتوانن زیگزاگێکی تر بە مێژووی ئێران بکەن کە ئەوەندەی تر دوای بخەن.

بەپێی هەموو ئەم واقعیەتانە، چ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و چ لە ناوخۆی ئێران، بەداخەوە ئەبێ قبووڵی بکەین کە ئاسۆی حکومەتی کرێکاری هیچ ڕوون نییە. تەنانەت ئەگەر سەرەڕای ئەزموونی شکستخواردووی سۆسیالیزم لە یەک وڵاتدا - سۆڤیەت - هەوڵ بدرێت لە ئێران یاخود لە ڕۆژھەڵاتدا حکوومەتی کرێکاری دامەزرێت دیسان هاوسەنگی و تەناسوبی هێزی چینی کرێکار ئەوندە نییە کە بتوانێ هێژمونیی خۆی بسەپێنێت. ئێران لەباری ئابوورییەوە خۆی وڵاتێکی دواکەوتووە لە پەڕاوێزدا و ڕۆژھەڵاتیش لە زۆربەی بەشەکانی ئێران دواکەوتووترە و لە پەڕاوێزی وڵاتێکی پەڕاوێزکەوتوودایە. ئەی کەواتە لەم ڕەوشەی ئێستادا کە (کۆمەڵە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) هەڵگری دروشمی حکومەتی کرێکارییە ئەبێ چی بکات؟

 

درێژەی هەیە...