شرۆڤە

بۆچی دەنووسین (١٦)

فەڕۆخ نێعمەتپوور

نووسەر دەنووسێ لەبەر ئەوەی دەیەوێ ئەم حەقیقەتە هەمیشەییە پیشانبدات کە گەمەی نێوان هۆکارە دەروونی و دەرەکییەکانی چێکردنی کەسایەتی ئێمە گەمەیەکی یەکجار ئاڵۆزە و تەنیا لە رێگای گێڕانەوەوەیە دەتوانین سەرەداوەکانیان یەک بخەینەوە. نووسین، تۆمارکردنی مێژووی کاراکتێرەکانە، نوواندنەوەی خەسڵەتە کاراکتێرییەکانە لە رەوتی بزۆزی ژیاندا.

 

مرۆڤەکان خاوەن کەسایەتی (شوناس) جۆراوجۆرن. یەک میهرەبانە، یەک رقە، یەک تووڕەیە، یەک بێدەنگە و هتد. بەڵام ئەمە بەو مانایە نیە هەر مرۆڤێک لە کەسایەتی خۆیدا تەنیا خاوەن یەک خەسڵەتە، تەنانەت یەک خەسڵەتی سەرەکیش. مرۆڤەکان دەکرێ لە یەک کاتدا هەڵگری چەندین تایبەتمەندی بن. هەڵبەت دەبێ ئەوەمان لەبیربێت کە سەرەڕای ئەوەی مرۆڤ دەکرێ خاوەن چەندین خەسڵەت بێت، بەڵام لە ژیانی رۆژانەدا لە بەر چاوی زۆر کەسدا یەک خەسڵەت دەبێتە سەرەکیترین پێناسەی. بۆیە لە رووبەڕووبوونەوە لە گەڵ یەکتردا ئێمە زۆرجار سەرەکیترین خەسڵەتی کەسی بەرامبەر دێتەوە زەینمان. جا کاتێکیش دەمانەوێ ئەنالیزەی بکەین و زیاتر لە کەسایەتییەکەی بکۆڵینەوە، باس لە لایەن و خەسڵەتەکانی دیکەیشی دەکەینەوە.

هەندێ کەس لایان وایە کەسایەتی مرۆڤ زیاتر دیاردەیەکی زاتییە و کەمتر پێوەندی بە دەورووبەرەوە هەیە. بۆ ئەوەی بەڵگەیش بێننەوە ئاماژە بە بۆ وێنە دوو منداڵ دەکەن کە لە یەک بنەماڵەدا گەورە دەبن، بەڵام دەبنە خاوەن دوو کەسایەتی. هەندێ کەسی تر ژینگە خاوەن رۆڵی گەورە دەبینن لە چێکردنی کەسایەتی مرۆڤەکاندا. لای ئەوان تەنیا زات یان بنەماڵە نیە دەوردەگێڕێ، بەڵکو گەڕەک، قوتابخانە و شوێنەکانی تری ژیان و ژینگەی مرۆڤ دەوری بێ وێنە دەبیننن.

هەڵبەت دەکرێ باوەڕمان بە تێکەڵێک لەم دووانەیش بێت. واتە هەم هۆکارە زاتییەکان هەم هۆکارە دەرەکییەکان لە سازکردنی کەسایەتی و شوناسی مرۆڤدا بە گرینگ بزانین. رەنگە بتوانین دیاردە زاتییەکان بۆ توانای هەڵبژاردنی مرۆڤ بگێڕینەوە لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ دیاردەکاندا. ئەوەیکە مرۆڤ تەنیا ناکەوێتە ژێر کاریگەریی رووداوەکانەوە بە شێوەی پاسیڤ، بەڵکو لە مامەڵە و رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دیاردەکانی دەورووبەری کەسێکی ئەکتیڤ و چالاکە. بۆیە لێرەوە مرۆڤەکان سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ یەک دیاردە (بۆ وێنە شەڕ) رووبەڕوو دەبنەوە، بەڵام کاردانەوەکانیان دەتوانێ جیاوازبن.

بێگومان مرۆڤەکان بە گوێرەی شوێنی ژیانیان (چ لەباری چەندایەتییەوە و چ لە باری چلۆنایەتییەوە) گۆڕانیان بەسەردادێت. کەسایەتیی مرۆڤێک لە گوند گەورە دەبێ لەگەڵ کەسایەتی کەسێک لە شار گەورە دەبێ جیاوازە. کەسایەتی کەسێک لە رێگای نێتەوە لەگەڵ هەموو جیهان لە پێوەندیدایە لەگەڵ کەسێک نازانێ کەڵک لە نێت وەربگرێ جیاوازە. دەتوانین بڵێین هەتا مرۆڤەکان لەگەڵ ژینگەی دەورووبەری خۆیان و لە گەڵ جیهان و کۆمەڵگا جۆربەجۆرەکان زیاتر لە پێوەندیدا بن، بێگومان قوولایی و رووبەری کەسایەتی و شوناسیان دەگەنە سنووری و پانتایی نوێ. بەم پێیە چونکە مرۆڤەکان هەڵدەبژێرن، هەڵبژاردنەکانیان بە گوێرەی ئەم بەرفراوانی و قووڵاییە دەگەنە شوێن و ئاستی تر.

کەسایەتی زۆرتر خەسڵەتی دینامیکی هەیە و لە رەوتدایە. مرۆڤ بە حوکمی ئەوەی لە کۆمەڵگادا دەژی بەردەوام بەهۆی پێوەندی لەگەڵ کەسەکانی تر هم کاریگەری دادەنێ و هەم کاریگەری وەردەگرێ. جاری وایە ئەم کاریگەرییانە چونکە خەسڵەتی 'پرۆسە'ییان هەیە مرۆڤ خۆی زۆر بە جوانی ئاگاداریان نیە و بۆ ئەوەی دەرکەون دەبێ بگەنە قۆناغێکی دیاریکراو. کە دەریش دەکەون ئەوسا کەسەکە خۆی سەری لێ سووڕدەمێنێ. بۆیە لەگەڵ ئەوەی مرۆڤ دڵنیایە لەوەی کە بۆ وێنە کەسێکی میهرەبانە، بەڵام کتوپڕ وەک کەسێکی توڕە دەردەکەوێ. ژیان بەجوانی ئەو خەسلەتانەی وا لامان وایە ئەبەدین، بە خواستی خۆمان بێ رەحمانە دەگۆڕێ.

جێگۆڕکێی نێوان خەسڵەتە جۆراوجۆرەکان (یاخود هاودژەکانی کەسایەتی) زۆرجار تەنانەت خۆمان لە خۆمان ناهومێددەکا و دەگەینە ئەو رایەی کە مرۆڤ (واتە خۆمان) لە راستیدا لەوەی ئاڵۆزترە وا بۆی دەچووین. ئێمە لە رەوڕەوەی ژیانماندا، لە رەوتی چێبوونی کەسایەتی و شوناسماندا، بەناو گەلێک قۆناخدا تێدەپەڕین کە زۆر جار هەر بیریشی لێناکەینەوە و تەنیا تێدەپەڕین. تەنیا کاتێکیش بیری لێدەکەینەوە کە بەتووش قەیرانێکەوە دەبین یاخود کەسێک دەکەوێتە قسەکردن لەسەری. قەیران یاخود ئەوی دی کە دەبنە هۆکاری جووڵەی بیر و تێڕوانینی خۆمان لەسەر خۆمان، ئەو شوێنە گرینگەن وا مرۆڤەکان دەرفەت پەیدادەکەن لەسەر خۆیان رابوەستن و جۆرێک لە مەعریفە سەبارەت بەخۆیان پەیدابکەن. جا نووسەر ئەو 'ئەوی دی'یە کە لە رێگای دەقەکانییەوە خوێنەر دوچاری هەڵوێستە لەسەر کەسایەتی خۆی دەکا. دەق ئەو شوێنەیە ئێمە دەرفەتی ئەوە پەیدادەکەین کەمێک بانتر لە لاسەرووی خۆمانەوە راوەستین و وەک کەسێکی تر لە خۆمان بڕوانین. دەق دەمانکا بە دوو مرۆڤ. منێک لەمبەرەوە دانیشتووم و منێکی تر کە لەو بەرەوە لەبەرامبەر مندا دانیشتووە. هەر دووکمان یەک کەسین، بە دەقێک لە نێوانماندا، بەڵام بە دوو روانگەی جۆراوجۆرەوە. واتە روانگەکان دابەشمان دەکا. جەستە، یەکە؛ بەڵام زەین و جیهانی دەروون بەهۆی ئەوەی کە تەنیا جەستە نیە و دیاردەیەکی فیکریشە لە توانای خۆدابەشکردن بەسەر کەسە جۆراوجۆرەکاندا بەهرەمەندە.

لێرەوە دەتوانین بڵێین ناسینی ئێمە لەسەر کەسایەتی خۆمان کە بە هۆی قەیران و ئەوی ترەوە دەستپێدەکا، ناگاتە بواری ناسین ئەگەر ئێمە وەک خۆمان نەبینە ئەوی تر. لە راستیدا ناسین هەمیشە پێویستی بە جۆرێک لە غەریبایەتییە. ناسین رەوتێکی بێگانەئامێزە. من ئەگەر خۆم وەک ئەوی تر نەبینم، ناگەمە ناسین لەسەر خۆم. کەواتە خۆناسین نزیکبوونەوەیە لە خاڵی سفر، واتە لەو شوێنەی وا پۆزەتیڤ (+) و نگەتیڤ (ـ) کاڵدەبنەوە و وندەبن. دیارە مرۆڤ قەت ناگاتە خاڵی سفر و هەمیشە جۆرێک لە پوزەتیڤ و نگەتیڤ بوون حوزوری دەبێ، بەڵام لە رەوتی خۆناسیندا مرۆڤ بەرەوە وەها دیاردەیەک مەیل پەیدادەکا.

کەسایەتی و شوناس دەتوانێ لە یەک کەسدا وەها بگاتە ترۆپکی هاودژی کە ئەو کەسە بۆخۆی ببێ بە هەموو پانتایی دەقێکی ئەدەبی. واتە شەڕ، ململانێ و کێشمەکێشی دوو حاڵەت یان چەن حاڵەت (تایبەتمەندی) لە یەک کەسدا ببنە هەوێنی چیرۆکێک. کەواتە مەرج نیە ململانێکان هەمیشە دەرەکی بن و لە نێوان چەند کەسدا بن. زۆربەی کاتیش جوانترین دەقە ئەدەبییەکان ئەو دەقانەن وا هەم هەڵگری ئەم ململانێ دەروونییەکانن و هەم هەڵگری ململانێ دەرەکییەکانن. تێکەڵیکی هونەریانە لەم دوو بەشە دەتوانێ دەق بگەیەنێتە چڵەپۆپە. لە بنەڕەتدا کاری نووسەر رۆچوونە بەم حاڵەتانەدا دیارە لە رێگای رووداوەکانی ناو دەقەوە. نووسەر بە شوێن شتە هاودژەکاندا دەگەڕێ جا چ لە خودی کەسایەتییەکەدا و چ لە نێوان کەسایەتی و ژینگەکەیدا. زۆر جار نووسەر بۆ دەستپێکی دەقەکەی سەرەتا وێنای چەند کەسایەتی جۆراوجۆر و دژبەیەک دەکا، بەڵام لە درێژەی کارەکەیدا دەستبەجێ رەوتی کارەکەی دەگۆڕێ و تێدەگا کە دەبێ خەسڵەتی دینامیکی بە کاراکتێرەکانیشی بدا، واتە کاراکتێرەکانی دەکەونە گەمەیەکی دەروونی لە گەڵ خۆیان کە جەمسەرەکانی خەسڵەتە هاودژەکانن. وەک لەوە پێش باسمان کرد، نووسەر گەر ئەمە نەکا لە راستیدا خۆی لە لۆژیکی حەقایەت نزیکدەخاتەوە نەک لە لۆژیکی دەقی مودێڕن (ئەمە هەمان باسی رەش و سپییە کە لەوە پێش باسمان لێکرد بەڵام لە روانگەیەکی دیکەوە). هەڵبەت بە گوێرەی لۆژیکی پۆستمودێڕنی دەتوانین بیر لەوە بکەینەوە کە کەسایەتییەکی نەگۆڕ و نادینامیکیی حەقایەتە کۆنەکانیش بەشێک لە دەقی نوێ بن، بەڵام ئەمە ناتوانێ بنەمای داڕشتنی کەسایەتی و چێکردنی کاراکتێر لە دەقدا بێت.

دەتوانی بڵێین نووسەر کاتێک دەیەوێ چیرۆک بنووسێ پێش لەهەر شتێک بیر لە کەسایەتییەکانی دەکاتەوە نەک بیر لە داڕشتن و وەسفی ژینگەی کاراکتێرەکانی. لە راستیدا پێش ئەوەی وەسفی ژینگە ئامادە بێت دەبێ وەسفی کاراکتێر لە زەین و لە خەیاڵماندا ئامادەبێت. دەکرێ بۆ خوڵقاندنی دەق کەسایەتی بە بێ ژینگە بخوڵقێنین، بەڵام ناتوانین ژینگە بە بێ کەسایەتی بخوڵقێنین.

ئێمە دەنووسین چونکە دەمانەوێ چەند لایەنەبوونی کەسایەتی مرۆڤ پیشانبدەین. دەمانەوێ پیشانی بدەین شوناس و کەسایەتی دیاردەیەکی دینامیکی و بگۆڕن و بۆ هەمیشە پێناسە نەکراون. دەمانەوێ پیشانی بدەین مرۆڤ لەوە ئاڵۆزترە کە بۆخۆی بیری لێدەکاتەوە. دەمانەوێ بڵێین ناکرێ تەنیا یەک خەسڵەتی سەرەکی دەربڕی شوناسی مرۆڤ بێت. نووسەر دەنووسێ لەبەر ئەوەی دەیەوێ ئەم حەقیقەتە هەمیشەییە پیشانبدات کە گەمەی نێوان هۆکارە دەروونی و دەرەکییەکانی چێکردنی کەسایەتی ئێمە گەمەیەکی یەکجار ئاڵۆزە و تەنیا لە رێگای گێڕانەوەوەیە دەتوانین سەرەداوەکانیان یەک بخەینەوە. نووسین، تۆمارکردنی مێژووی کاراکتێرەکانە، نوواندنەوەی خەسڵەتە کاراکتێرییەکانە لە رەوتی بزۆزی ژیاندا.

 

درێژەی هەیە...