شرۆڤە

داهاتووی پرسی نەتەوەیی لە ڕۆژھەڵات (٤)

محەممەد محەممەدمورادی

پرسی نەتەوەیی کورد پرسێکی دواکەوتووە، مەبەستم ئەوە نییە کە وەک زۆرێک لە چەپ و کۆمۆنیستە کورد و فارسەکان ئەڵێن خواستێکی کۆنەپەرستانەیە، نەخێر پرس و خواستێکی تەواو مەشرووعە، بەڵام لەباری زەمانییەوە کەوتۆتە دواوە.

 

داهاتووی پرسی نەتەوەیی لە ڕۆژھەڵات (٤)

محەممەد محەممەدمورادی

لەبەشی پێشوودا هەوڵمدا بەپێی توانا و گونجاو لەگەل فۆڕمی ئەم یادداشتانە وێنایەک لەم سەردەمەی ئێستا تێیدا دەژین بە دەستەوە بدە. ئەوەش لەو ڕووەوە بوو کە ئێران و بە دیاریکراویش ڕۆژهەڵات بەشێکن لە گشتییەتی ئەم سیستەمە جیهانییە.

پرسی نەتەوەیی کورد پرسێکی دواکەوتووە، مەبەستم ئەوە نییە کە وەک زۆرێک لە چەپ و کۆمۆنیستە کورد و فارسەکان ئەڵێن خواستێکی کۆنەپەرستانەیە، نەخێر پرس و خواستێکی تەواو مەشرووعە، بەڵام لەباری زەمانییەوە کەوتۆتە دواوە.

لەنێوان ساڵانی ١٨٧٠ تا ١٩٢٠ دەیان دەوڵەت نەتەوەی نوێ بەس لە ئەورووپادا بوون بە خاوەنی سنووری قانوونیی خۆیان، ئەمەش جگە لە هەڵوەشانەوەی سۆڤییەت و دابەشکارییەکانی باڵکانە کە لە دووای ١٩٩٠ دێنە ئاراوە. پرسی نەتەوەیی کورد، ئەرکێکی دیمۆکراتیک و ڕەوایە کە ئەبووا سەدەیەک پێش ئێستا ڕاپەڕێندرایەت، یان لانیکەم هەر ئەبووا ئەزموونی کۆماری کوردستان سەری بگرتایە.

ڕووی ئەم یاداشتانە لە داهاتووە و هەوڵی بۆ خەسارناسیی ڕابردوو نییە بەس وەکوو خۆم کێشەی سەرەکی بە نەبوونی عەقڵانییەتی مۆدێڕن لە کومەڵگای کورستاندا دەزانم. وەک بێنێدیکت ئەندرسۆن لە کتێبی (Imagined Communities) دەڵێ تا ساڵی ١٦٠٠ی زایینی ٢٠٠میلیۆن ناونیشان کتێب لە سەرانسەر جیهاندا بڵاو کراوەتەوە، ئیتر بەراوردی بکەن لەم ڕێژەیە چەندەی بەر کوردستان کەوتووە هەر ئەوندەش مەعریفە و عەقڵانییەتی سیاسی و مۆدێڕنی بەر کەوتووە. کێشەکە کاتێک قووڵتر دەبێتەوە کە هەتا ئێستاش ئەم کۆمەڵگایە نایەوێ یاخود ناتوانێ عەقڵی شوانکارەیی تێپەڕێنێت.

قسە لەسەر تاکی کورد نییە، تاکی کورد لەوانەیە بتوانێ باڵاترین مەدالیای بیرکاری وەربگرێت، نۆبڵێ ئەدەبیات، نۆبڵی ئاشتی، ببێتە سەپرستی ناسا یان هەر جۆرە پلەیەکی باڵای مەعریفی و زانستی،  بەڵام عەقڵ و عەقڵانییەتی گشتی و کۆیی ئێمە هێشتا شوانکارەییە. ئەوەتا باشوور نزیکەی سی ساڵە بەدەست کوردەوەیە هەتا ئێستەش نەک هەر نەیانتوانیوە کەمترین گەشە بە ژێرخانە ئابوورییەکانی بەجێماو لە سەردەمی بەعس بدەن بگرە پاشەکشێشیان پێکردووە. ئێستەش ئێمە نازانین چ جۆرە ئابوورییەک بەڕێوە دەبەن. ئەگەر مەجال هەبێت لە درێژەی باسەکاندا دێمەوە سەر باسی باشوور کە لەم سی ساڵە زێڕینەدا ئەیانتوانی چ وەرچەرخانێکی گەورەی ئابووری بخولقێنن بەڵام عەقڵیان پێی نەشکاو ئەو هەموو کات و وزە و پۆتەنشێڵە جوانەیان دا بە بادا.

هەتا ئێستاش مرۆڤی کورد (دیارە مەبەستم تاک نییە) هەر ئەو سووژە حەپووحۆلەی سازی ناسازی هێمنە کە خۆیشی نازانێ چییە، خۆیشی گومانی ھەیە کە ھەیە یان نیە! مەبەستم تەحقیرکردن و سووکایەتیکردن بە کورد نییە، مەسەلە ئەوەیە کە لەو ڕووەوە پرسی نەتەوەیی لەباری زەمانییە دواکەوتووە لەباری کردەییشەوە ڕاپەڕاندنەکەی سەدان جار لە سەدەیەک پێش ئێستە قورستر بووەتەوە و کورد بۆ ڕاپەڕاندنی عەقڵانیی ئەم پرسە مەشرووعە چەندقاتی نەتەوەکانی دەوروبەری خۆی پێویستی بە عەقڵانییەتی مۆدێڕنە. ڕاپەڕاندنی ئەم پرسە قورستر بۆتەوە چونکە لەگەڵ هەر جووڵەیەکی سیاسی ئەبێ لۆژیکی قازانجی سەرمایەی نێودەوڵەتی و هێزەکانی لەپێش چاو بگرن، قورستر بۆتەوە چونکە ئەمڕۆ تەنانەت بەنیسبەت سەردەمی کۆماریشەوە جۆری چەکووچۆڵی دوژمن و شێوازەکانی جەنگ دەیان وەرچەرخانی گەورەی بەسەردا هاتووە. ئەمەش جگە لە مەسەلەی ئابوورییە، چونکە ئەگەر ئەم پرسە کاتی خۆی ڕاپەڕێندرایەت کوردیش وەکوو هەموو نەتەوەکانی تر لەگەڵ تێپەڕینی کات سیستەمە ئابوورییەکانی تاقی دەکردەوە و بە چاک یان خراپ بەشێک بوو لە ئابووری جیهان. بەڵام پرسی نەتەوەیی دوا کەوتووە و پرسی ئابووریی ئێحتماڵیی داهاتوویشی هاتۆتە سەر.

ئەم پرسی ئابوورییەش بەڕادەیەک گرنگە کە تەنانەت زۆربەی حیزبەکانی ڕۆژھەڵات بەپێی تایبەتمەندییەکی ئابووری، کۆمەڵێ سنووریان بەدەوری خۆیاندا کێشاوە.

منیش لام وایە حیزب و ڕێکخراو بکەری سیاسیی ڕاپەڕاندنی پرسی نەتەوەییە، هەر ئەم ڕێکخراوانەی کە ئێستا لە ساحەی سیاسیی ڕۆژھەڵات چالاکن، ئەڵبەت ئەمە بەو مانا نییە کە ئەم حیزب و ڕێکخراوانە عەقڵانی بن یاخود باوەڕم بە کۆمەڵگای مەدەنیی ناوخۆ نەبێت. بەڵام وایدانێن کۆمەڵێک گەنجی  شۆڕشگێڕ و خوێندەوار و تازەنەفەس دێن و رێکخراوێکی تازە دادەمەزرێنن، ئەتوانن چ شتێکی تازە بکەن بە پێڕەو پڕۆگرامی ڕێکخراوەکەیان کە لەم دە حیزب و ڕێکخراوەدا بوونی نەبێت. بەم شێوەیە کە ئەم حیزبانە تەنانەت پێگەی هێماییان بەسە بۆ لەناو بردنی هەموو دەنگ و وزەیەکی نوێ.

ڕاپەڕاندنی پرسی نەتەوەیی تەنها بە پێکهاتنی بەرەیەکی تەواو یەکگرتوو جێبەجێ دەکرێت کە هەموو حیزب و لایەن و سازمانە گەورە و بچووکەکان و تەنانەت کەسایەتییە سەربەخۆکانیش بەشێوەیەکی تەواو دێموکراتیک خۆیانی تێدا ببیننەوە. بەجۆرێک کە هەم لە دیپلۆماسی  لەگەڵ دنیای دەرەوەدا و هەم لە پێوەندی لەگەڵ پارچەکانی تری کوردستاندا بەشێوەی گشتییەتێکی یەکپارچە بەناوی کوردی ڕۆژهەڵات تەعامول و سیاسەت بکرێت.

بەڵام ئێمە کاتێک سەیری ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵات دەکەین سیمایەکی لەڕ و لاواز و پەڕاوێزکەوتوو و پێکناکۆک دەبینین کە لە بێڕێزانەترین حاڵەتی مومکیندا کەس حسێبی هیچیان بۆ ناکات. هەرچەند لەم چەند ساڵانەی دواییدا کۆمەڵێ هەوڵدراوە، بەڵام هێشتا مەودایەکی یەکجار زۆرمان هەیە بۆ وەڕاستگەڕانی ئەو گشتییەتە.

حیزبی دێموکرات (حدکا)، حیزبی دێموکرات (حدک) کۆمەڵەی شۆرشگێر، کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، حیزبی کومونیستی ئێران، پەژاک، پاک، سازمانی خەبات، یەکیەتی شۆڕشگێرانی کوردستان (ئەگەر جەریان یان سازمانێکم لەبیر چووە تکایە بڵێن با زیادی بکەم). ئەمە ئەو هێزانەن کە بە دیاریکراوی لە جوگرافیای ڕۆژھەڵاتدا چالاکن و کەم یان زۆر لایەنگر و خەڵکی خۆیان لەگەڵدایە و خاوەنی پێگەیەکی ڕێژەیین.

هەموو ئەم حیزبانە جگە لە پەژاک، هەرچەند بەبڕێک جیاوازییەوە، بەڵام پێکڕا لەسەر پرسی نەتەوەیی کۆکن و تێکۆشانی بۆ دەکەن، بەڵام ئەو خاڵە سەرەکییەی کە ئەم لایەنانە هەوڵ ئەدەن خۆیانی پێ لەیەکتر جیا بکەنەوە پێڕەو پڕۆگرامی ئابوورییە.

لە بەشەکانی داهاتوودا هەوڵ ئەدەم باسی زەروورەتەکان، دەسکەوتەکان و کێشەکانی بەردەم پێکهێنانی ئەو گشتییەتە یەکپارچەیە بکەم و ئەوەی کە ئەساسەن جیاوازیی نێوان ئەم لایەنانە چەندەی  لەڕووی فکری و ئایدۆلۆژیکەوەیە و چەندەشی زیاتر مەسایلی شەخسیی سەرکردایەتیی لایەنەکانن.

ئەم چوار چەمکە، سۆسیالیزمی دیموکراتیک، سۆسیال دیموکراسی، حکوومەتی کرێکاری، کۆدار، ئەو چوار خاڵە سەرەکییە جیاکەرەوەی حیزبەکانی ڕۆژھەڵاتن. با بزانین ئەساسەن ئەم چەمکانە چەندە کۆنکرێت و بەپێی واقعیەتەکانی سەردەم و ئیمکانات و ژێرخانە ئابوورییەکانی ڕۆژهەڵاتن و چەندەیان لە وەهم و بۆشاییدا دەژین.

درێژەی هەیە....