شرۆڤە

بۆچی دەنووسین (١٥)

فەڕۆخ نێعمەتپوور

بەرنگاری و گۆڕان ئەو دوو هێڵە سەرەکییەن وا رووداوەکان بە دەوری ئەواندا خۆیان دەتەنن. بە بێ ئەوان هیچ چیرۆکێک بوونی نیە. ئێمە دەنووسین لەبەر ئەوەی بیری خۆمانی بێنینەوە تەنیا لەم دوو بوارەدایە وزەکانی مرۆڤ ئازاددەبن و رێگای خۆیان بۆ خۆخەمڵاندن و خۆسەلماندن پەیدادەکەن.

 

ریالیزم لە درێژەی خۆیدا ئێمە بەتووش کۆمەڵێک دەستەواژەی تر هەر لەم چوارچێوەیەدا دەکاتەوە: دەستەواژەکانی وەک ریالیزمی رەخنەیی، ریالیزمی سۆسیالیستی، ریالیزمی نوێ، ریالیزمی پیس و بە جۆرێکیش ئەدەبی بەرنگاری. دیارە بە پێداگرتن لەسەر ئەوەی مەرج نیە ئەدەبی بەرنگاری دەبێ خۆی تەنیا لە چوارچێوەی ریالیزمدا ببینێتەوە.

ریالیزمی رەخنەیی لەو دەقە ئەدەبیانەدا خۆی دەبینێتەوە وا کاراکتێرەکان دۆخی باو قبوڵ ناکەن، رەخنەیین و دەیانەوێ گۆڕانکاریی تیا پێکبهێنن. ریالیزمی سۆسیالیستی چاوی لەو گۆڕانکاریانەیە وا لەداهاتوودا روودەدەن و دەبێ گۆڕانی پیشکەوتووخوازانە بن و چینی کرێکار و بە گشتی خەڵکی هەژار و زەحمەتکێش رۆڵی سەرەکی تیادەگێڕن. نیوریالیزم کە زیاتر لە دووای شەڕی دووهەمی جیهان سەرهەڵدەدا خەریکی نواندنەوەی واقعی شەڕ و بەرهەڵستکاری لە کاتی جەنگی دووهەمە و هەروەها ئەو مەینەتانەی وا بەسەر خەڵکیدا لە کاتی شەڕدا دەهاتن. ریالیزمی پیسیش کەسایەتییە مامناوەندییەکان دەکاتە هەوێنی خۆی و پێ لەسەر راستییە تاڵەکانی ژیان دادەگرێ و هەوڵی نواندنەوەی ئەوان دەدات. ئەم قوتابخانەیە باس لە ژیانی ئەو مرۆڤانەی دەکا وا ژیانێکی خەماویان هەیە و لەگەڵ کێشەگەلی وەک تەڵاق و ئەلکول و مادە هۆشبەرەکان دەستەویەخەن. ئەدەبی بەرنگاریش وەک لە ناوەکەی دەردەکەوێ ئەدەبی بەرنگاربوونەوەیە لە دژی داگیرکاری و زوڵم و ستەم و بە مەبەستی رزگاری و دەربازبوون لە دۆخی پڕ لە مەینەتی و چەوساندنەوە دێتە ئاراوە.

هەمیشە کاتێک باس لە هەژاری، چەوساندنەوە و نەهامەتییەکانی ژیانی مرۆڤە، باسی هەوڵ و تەقەللاکانی مرۆڤیش لە پێناوی رەوینەوەیاندا دێتە گۆڕێ. لە راستیدا مرۆڤ قەت تەسلیمی دۆخی باو نەبووە و هەوڵیداوە بە جۆرێک گۆڕانکاری تیا پێکبێنێ. ئەگەرچی زۆر جار هەندێ بیروباوەڕ و ئایدیۆلۆژیا هەولیانداوە لە دوواماندا مرۆڤ ملکەجی دۆخی باو بکەن و پێی بسەلمێنن کە چەوساندنەوە و زوڵم هەمیشە بەشێکی سروشتیی ژیانی مرۆڤ بووە، بەڵام مرۆڤ لە هەوڵی بۆ گۆڕانکاری رانەوەستاوە. ئەدەبیش ئەو شوێنە بووە ئەم تێکۆشانەی مرۆڤ تیایا رەنگی داوەتەوە و لە شێوازی دەقی ئەدەبیدا باسی لێکراوە. جا هەندێ دەق تەنیا کێشەکانیان پیشانداوە و هەندێ دەقی تر هەوڵەکانی مرۆڤیشیان لە چوارچێوەی هەڵوێستی رەخنەییانە و هەروەها بە کردە نواندووەتەوە. دەقی چیرۆک و رۆمان پڕن لەم جۆرە بەسەرهاتانە. چیرۆک و رۆمان لە راستیدا شوێنی گێڕانەوەی کێشمەکێشەکانی مرۆڤن لە گەڵ خۆی و لەگەڵ کۆمەڵگا و لەگەڵ ئەو چارەنووسەی بەسەریا سەپێندراوە. جا لەم کێشمەکێشەدا یان سەرکەوتووە یان شکستی هێناوە. ئەدەب لە رێگای وێنەسازییەوە هەوڵدەدا بنەڕەتیترین کێشەکانی مرۆڤ کە جاری وایە بەدرێژایی نەوەکان لەگەڵیا هاتووە و هەرجارەی بە شێوازێک خۆی نیشانداوە، باس بکا. لێرەوە دەبینین کێشەکانی مرۆڤ ئەگەرچی لە فۆڕمی رووداودا باسیان لێدەکرێ، بەڵام خاوەن خەسڵەتی فەلسەفی و ئایدیایین و بە خوێندنەوەی چیرۆک و رۆمان تێدەگەین رووداوە بەڕواڵەت سادەکانی ژیان چەندە دەتوانن خاوەن قووڵایی و بەرینایی بن.

ئاماژەدانی ئەدەب بە بەرنگاری و بە رەخنە و هەوڵ بۆ گۆڕانکاری، بەشێکی دانەبڕاو لە ئەدەب و لە خوڵقاندنی دەقی ئەدەبییە. وەک ئاماژەی پێدرا ریالیزم لە خوڵقاندنی ئەم ئاراستەیدا دەوری گرینگ دەگێڕێ. فوکوسی نووسەر لەسەر جیهانی دەرەوەی خۆی خۆبەخۆ نیگا و سەرنجی دەخاتە سەر ئەو رووداوانەی وا رۆژانە لەبەر چاوماندا بەردەوام روودەدەن و لێرەوە لە رێگای قەڵەمی نووسەرەوە پانتایی دەق داگیردەکەن. هەتا لە کۆمەڵگایەکیش ئەم کێشانە زیاتر و بەرچاوتر بن ئەوا ئەگەری نواندنەوەیان زیاترە.

بەڵام مەرج نیە لە نێوان هەڵبژاردنی ریالیزم وەک شێوەی نووسین لای نووسەر و جیهانی دەرەوە پێوەندی راستەوخۆ هەبێ. هەر لەبەر ئەمەیە دەبینین کە سەرەڕای بەردەوامیی کێشە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکان، بەڵام سەبکی جۆراوجۆر لە جیهانی ئەدەبدا دەخوڵقێن و نووسەران پەنا بۆ شێوازی جۆربەجۆر لە خوڵقانی دەقدا دەبەن. بە واتایەکی تر سەبک دەکرێ خاوەن لۆژیکی دەروونیی خۆی بۆ گۆڕانکاری لە شێوازی دەربڕین و هەروەها لە هەڵبژاردنی شێوازی نیگا بۆ دەورووبەری خۆی بێت و لێرەوە تەسلیم بە تەنیا یەک سەبک و یەک روانگە نەبێ. بۆیە دەکرێ نواندنەوەی کێشەکانی مرۆڤ لە دەقی ئەدەبیدا شکڵی جۆراوجۆر بگرێ. هەر بەم پێیەیش دەکرێ بەرنگاری و هەوڵ بۆ گۆڕان لە جۆرەها دەرکەوتە و شکڵی نوێدا خۆی بخەمڵێنێ و هەر ئەوەی نەبێ بۆ وێنە لە دەقە ریالیستییەکاندا خۆی پیشاندەدا.

لێرەوە ئەو پرسیارە دێتە گۆڕێ بەرنگاری و گۆڕان چییە؟ داخۆ دەکرێ تەنیا یەک مانای لێ هەڵێنجرێ؟  گەر سەیری مێژوو بکەین دەبینین بەرنگاری و گۆڕان زۆر جار لەگەڵ ئەوەی بەرنگاری و گۆڕان بوونە، بەڵام نەیانتوانیوە بگەنە مەبەستەکانی خۆیان. بۆیە لێرەوە هەمیشە پێویستییەک بۆ گۆڕان لەم دووانەدا لەئارادابووە. واتە خودی چەمکگەلی بەرنگاری و گۆڕان خاوەن میکانیزمێکی دەروونیی جووڵە و گۆڕانن و ئەوانیش دەبێ ئاڵ و گۆڕیان بەسەردابێت. لێرەوەیە کە دەرکەوتەی ئەوانیش لە ئەدەبدا گۆڕانی بەسەردادێت و هەر بۆیە مانا و شکڵی جۆراوجۆریان لێ بەرهەم دێت. ئەدەب یەکێک لەو شوێنانەیە هەم زەروورەتی ئەم گۆڕانە دێنێتە گۆڕێ و باسی لێدەکا و، هەم لە رێگای گێڕانەوەوە بە شێوەی هەستپێکراوە بۆ ئێمەی رادەگوێزێ.

ژیان لە دەرکەوتەکانی خۆیدا دەوڵەمەندترێکە لەوەی بۆی دەچین. بۆیە بەردەوام پێویستە لە سەبک و لە قوتابخانە ئەدەبییەکانیشدا گۆڕان رووبدات و بەردەوام نوێگەری بکرێ. ئەمە بەرنگاری و گۆڕانیش دەگرێتە خۆی. دیارە رەنگە قورسترین بەشی مەسەلەکە گۆڕانکاری لە خودی کەسی گۆڕانخوازدا بێت. چونکە کەسی گۆرانخواز هەمیشە خۆی وەک جێگرەوە لە داهاتوودا دەبینێ و نەفسی پێویستیی گۆڕان لە خۆیدا ئەم بۆچوونە لەودا دەخاتە ژێر پرسیارەوە  و بۆیە بۆی دژوار دەبێت. بەڵام چار نیە و دەبێ بەسەر ئەم پارادۆکسەدا زاڵبێ. راستییەکەی ئەوەیە بە بێ گۆڕانکاریی بەردەوام لە گۆڕانخوازدا هیچ گۆڕانکارییەک لە داهاتوودا روونادات. گۆڕان لە دەرەوە بە بێ گۆڕان لە گۆڕانخوازدا روونادات. ئەم دوو بوارە خاوەن پێوەندی دیالکتیکین. ئەدەب ئەو شوێنەیە لە رێگای پێشکەشکردنی کاراکتێرەکانەوە دەتوانێ بە جوانی ئەمە نیشانبدات. بێ هۆ نیە هەمیشە کاراکتێری ناو چیرۆک و رۆمانەکان خاوەن کەسایەتی دینامیکن و نە خاوەن کەسایەتی راوەستاو و نەگۆڕ. کەسایەتییەکی دینامیک کە سەرتاسەری پانتایی دەق لەخۆدەگرن و خوێنەر دەتوانێ هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵیا بڕوات و درک و هەستی پێ بکا. هەر رێک لێرەیشدا دەقی مودێڕن خۆی لە حەقایەتی سەردەمی کۆن جیادەکاتەوە. لە دەقی نوێدا جیهانی رەش و سپی شوێنی نیە. ئەم جۆرە دەقانە دەیانەوێ ئاڵۆزیی کاراکتێری مرۆڤ و ئەو رێگایانەی وا لە کاتی ژیانیدا پیایا دەڕوا بنوێنێتەوە، بە هەموو رەنگەکانییەوە. مرۆڤ بوونەوەری ناو رەنگەکانە. لە سپییەوە بگرە تا رەش. جیهانێک کە ئەگەرچی بەڕواڵەت هی خۆیەتی، بەڵام دەسەڵاتی تەواوی بەسەردانیە. چیرۆک و رۆمان گێڕانەوەی کیشەی نێوان دەسەلات و بێدەسەڵاتیی مرۆڤە لە رەوڕەوەی ژیانیدا. چیرۆک و رۆمان شوێنی گەمەی رەنگەکانە جا چ لە قەوارەی نێوان مرۆڤەکاندا و چ لە قەوارەی یەک تاقە مرۆڤدا.

ئێمە دەنووسین چونکە بەرنگاری و گۆڕان هەم داوای ژیان و هەم ئاکامی ژیانن. دەنووسین لەبەر ئەوەی لە رێگای نووسینەوە زیاتر لە هەر کاتێکی تر لە بەرجەستەبوونی بەرنگاری و گۆڕان تێدەگەین. نووسین گێڕانەوەی هەوڵەکانی مرۆڤە لە پێناوی ئەم دووانەدا. دەق پیشانماندەدا کە ژیان لە بەرنگاری و لە گۆڕاندایە مانا وەردەگرێ، ئەگەرچی جاری وایە ئەم گۆڕانانە خەسڵەتی تراژیک پەیدادەکەن. بەرنگاری و گۆڕان ئەو دوو هێڵە سەرەکییەن وا رووداوەکان بە دەوری ئەواندا خۆیان دەتەنن. بە بێ ئەوان هیچ چیرۆکێک بوونی نیە. ئێمە دەنووسین لەبەر ئەوەی بیری خۆمانی بێنینەوە تەنیا لەم دوو بوارەدایە وزەکانی مرۆڤ ئازاددەبن و رێگای خۆیان بۆ خۆخەمڵاندن و خۆسەلماندن پەیدادەکەن.

 

درێژەی هەیە...