شرۆڤە

داهاتووی پرسی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵات (٣)

محەممەد محەممەدمورادی

ڕاستە ئەم ناڕەزایەتییانە لە سەرانسەر جیهاندا بەدی دەکرێن بەڵام لەو ڕووەوە کە ناڕێکخراون و بەشێوەی چینی کرێکاری ڕێکخراو و یەکگرتوو لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دژ بەم ڕەوشە خەبات ناکەن لام وا نییە بتوانن دەستکاری ئەم ڕەوشە بکەن و ئەنجامێکی وایان هەبێت.

 

داهاتووی پرسی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵات (٣)

 

وەک لە بەشی پێشوودا باسم کرد دابەشکاریی تەکنیکیی بەرهەمهێنان بە کردە جوگرافیای ئابووریی بەرهەمهێنانی گۆڕیوە و گەلێک ناکۆکیی سیاسیی قووڵی لەنێوان زلهێزەکاندا هێناوەتە ئاراوە. بەڵام سەرەڕای ئەم ناکۆکییانە، ئەمڕۆکە بەرهەمهێنان لە بەشە هێزی کارپێویستەکەیدا (واتە لەو بەشەی وا زۆرترین پێویستی بە هێزی کار هەیە) بە وەحشییانەترین شێوازی مومکین نزیکەی یەک ملیار کرێکار دەچەوسێنێتەوە، هاوکات پەرەشی داوە بە خێرابوونەوەی دیاردەی هەژاری شاری/شارنشینی (urban poverty). بەشێوەیەک کە بەپێی آمارەکانی WTO بەس یەک ملیار مرۆڤ بوونەتە کەپرنشین (slumdog) و لە سڵۆمەکانی  پەڕاوێزی شارە گەورەکاندا دەژین. و دیسان بەپێی ئامارەکان ٧٠٠ ملیۆن مرۆڤ لەسەرانسەر جیهاندا لەژیر هێڵی هەژاریدان و بەس بۆ ئەوەی زیندوو بمێنن لاقەفرتێ ئەکەن. هەروەها سەرەڕای ئەمانە لە دەوڵەتە خۆشبژیوە ئەورووپییەکانیشدا بەهۆی لەناوچوونی ئیمکانی بەشداری لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا (the social production) واتە نەمانی هەلی کار، خەڵکانێکی زۆر دیکڵاسە بوونەتەوە و هەر لەسەر سۆشیاڵی حوکمی دەژین. و بەگشتی ئەمرۆ باس لە "خەڵکی زیادە" دەکرێت، واتە دەوترێت لە سەدا سیی دانیشتووانی گۆی زەوی ئەساسەن کەوتوونەتە دەرەوەی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتییەوە.

ئەمە خۆی یەکێک لە گەورەترین تەزاد و ناکۆکییەکانی ناو سیستەمی سەرمایەدارییە. بۆ ئەوەی باشتر بتوانم لێکیبدەمەوە هەنگاوێک دەگەڕێمە دواوە. لە سەرەتاوە سەرمایەداری و پێوەندییە کاڵاییەکان جیهانی بوون، بەڵام بەدیاریکراوی پاش جەنگی جیهانی دووەم کاتێک سەرمایەی نەتەوەیی بۆ نموونە سەرمایەی ئەمریکی، بریتانی یاخود فەڕەنسی و... توشی قەیرانی کەڵەکەبوون هاتن و لەناو سنوورەکانی وڵاتەکەیاندا شوێنێک نەما کە سەرمایەگوزاری تێدا بکەن هەوڵیاندا لەدەرەوەی سنوورەکانی وڵاتەکانیاندا بۆ شوێنی تازە بگەڕن و قەیرانەکە چارەسەر بکەن، هەربۆیە سەرمایەی نەتەوەیی خۆی گۆڕی بۆ سەرمایەی نێونەتەوەیی و بۆ ئاسانکاریی پڕۆژەکەیان و پاراستنی ئەمنییەتی ئەم سەرمایانە ڕێککەوتن و کۆمەڵێ یاسا و ڕێسای تیجاریی نێونەتەوەییان پەسەن کرد و هەر لەو ئاراستەشدا وەک پێشتر ئاماژەم پێکرد چەندین ڕێکخراوی زەبەلاحیان دامەزراند. (سندووقی نێودەوڵەتی دراو، ڕێکخراوی تجارەتی جیهانی و...).

هەموو ئەم پڕۆژانەش لەلایەن ئۆلیگارشییەکەوە بەڕێوە دەچوو کە لەناو خودی دەوڵەتەکاندا کەمتازۆر هێزیان هەبوو و ئێستەش لەهەموو کات بەهێزترن.

تەزادەکە لێرەدا خۆی نیشان دەدا، ئەم ئۆلیگارشییە بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی قازانج بەبێ گوێدان بە بەرژەوەندیی نەتەوەیی مێترۆپۆل جێدەهێڵێت و دەچێتە دەرەوە و ئەمە ڕەوشی قەیرانبار و بێکاری و ناڕەزایەتیی ناخۆی مێترۆپۆلی لێکەوتۆتەوە.

لەبەرامبەریشدا وڵاتانی پەڕاوێز هەموو هەوڵی خۆیان داوە بۆ ڕاکێشانی ئەم سەرمایە نێودەوڵەتییە، بریتی لە هەڵوەشاندنەوەی یاساکانی کار، زەختخستنە سەر چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا، کەمکردنەوەی حەقدەست، ڕیازەتی ئابووری، و تەنانەت دابەزاندنی بەهای دراوەکەیان. تەزادەکە تا بڕوات قووڵتر دەبێتەوە، لەلایەکەوە دەوڵەتەکان پێویستیان بە سەرمایەی نێودەوڵەتییە و بۆ ڕاکێشانی ئەو سەرمایە ئەبێ ئەوپەڕی ئاسانکاریی بۆ بکەن کە ئەمەش هەژاری و نایەکسانیی کۆمەڵانی خەڵکی لێدەکەوێتە و لە لایەکی تریشەوە لەناوخۆ بۆ درێژەدان بە هەبوونی خۆیان پێویستیان بە مەشرووعییەتە کەچی تا دەڕوات لە سەرانسەر جیهاندا دەوڵەتەکان مەشرووعییەتیان کەم دەبێتەوە و ناڕەزایەتیی خەڵک زیاد دەکات.

ڕاستە ئەم ناڕەزایەتییانە لە سەرانسەر جیهاندا بەدی دەکرێن بەڵام لەو ڕووەوە کە ناڕێکخراون و بەشێوەی چینی کرێکاری ڕێکخراو و یەکگرتوو لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دژ بەم ڕەوشە خەبات ناکەن لام وا نییە بتوانن دەستکاری ئەم ڕەوشە بکەن و ئەنجامێکی وایان هەبێت. لەبەرامبەریشدا سەرمایەداری زۆر زیرەکانە بەشە هێزی‌کارپێویستەکەی بەرهەمێنانی بردۆتە شوێنێک کە کەمترین ڕێکخراو و نەریتی کرێکاری و تەشکیلاتی کرێکاری تێدایە کەچی وڵاتێک وەکوو بریتانیا ئەکرێ بڵێین شتێکی لێ نەماوە بەناوی بەرهەمهێنان، بریتانیایەک کە سەرمایەداری لەوێوە سەری هەڵداوە و گەشەی کردووە و سەردەمانێک خاوەنی ڕێکخراوترین سێنف و سەندیکا و بزووتنەوە کرێکارییەکان بوو.

وەک پێشتر وتم تا ئێرە هەوڵم دا وێنایەک لەم سەردەمەی تێیدا دەژین بەدەستەوە بدەم. کوردی ڕۆژهەڵات ئەبێ سەرەتا ئەم ڕەوشە تێبگات پاشان سەرلەنوێ خۆی پێناسە بکاتەوە و بەرنامە و پلان بۆ داهاتوو دابنێت.

درێژەی هەیە...