شرۆڤە

بۆچی دەنووسین (١٤)

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئێمە دەنووسین لەبەر ئەوەی بۆ خۆمانی بسەلمێنینەوە کە ئێمەی مرۆڤ سەرەڕای شوێنە جیاوازەکانی ژیانمان و هەبوونی کلتوری جۆراوجۆر زۆر لە یەکتر دەچین. نووسین دۆزینەوەی خەسڵەتە هاوبەشەکانە سەرەرای جیاوازییەکانمان. ئەو خەسڵەتە هاوبەشانەی وا لە رێگای جیاوازییەکانەوە خۆیان دەنوێننەوە!

 

مارکسیزم وەک هەموو روانگەیەکی فەلسەفی تر خاوەن روانگەی تایبەت بە خۆیەتی سەبارەت بە ئەدەب. مارکسیزم وەک جیهانبینییەکی ماتریالیستی بنەما ماددییەکان بە بنەڕەتی دیاردەکان دەزانێ. لە کۆمەڵگایشدا بە گوێرەی ئەم روانگەیە ئامرازی بەرهەمهێنان، هێزی بەرهەمهێنان و جۆری پێوەندی نێوان ئەم دووانە ئەو بنەمایەن وا بەشیوەی بنەڕەتی سترۆکتۆری کۆمەڵایەتی دیاریدەکەن. بە گشتی ئەوە دۆخی ئابوورییە (وەک ژێرخان) کە دیاریدەکا ئێمە لەگەڵ چ جۆر کۆمەڵگایەک رووبەڕووین. کاتێک قسەیش لەسەر دیاردە مەعنەوییەکانی وەک ئایدیۆلۆژی، فەلسەفە، ئەدەب، زانست و بوارەکانی دیکەیە (دیاردە سەرخانیەکان)، ئەوا لەدووا مانادا ئەمانە ملکەجی ژێرخانن و لە راستیدا دۆخە مادییەکانن چۆنیەتی ئەوان دیاریدەکەن.

بە گوێرەی جیهانبینیی مارکسیستی کاری لێکۆڵەری مارکسی ئەوەیە چۆنیەتی پێوەندیی بەرهەمە ئەدەبییەکان بەو کۆمەڵگایەوە پیشانبدا وا ئەو بەرهەمە لێیەوە سەرچاوەدەگرێ. بۆیە لێرەوە سەرنجمان دەچێتە سەر ئەوەی کە ئەدەب بە گشتی رەگی لەناو ئەو کۆمەڵگایەدا هەیە وا لێیەوە بەرهەم دێ و ئێمە دەتوانین لە رێگای دەقەوە زانیاری لەسەر کۆمەڵگا وەربگرین. رەنگە لەناو مەکتەبە ئەدەبییەکانیشدا هیچ کامیان بە قەدەر ریالیزم پابەندی ئەم پێوەندییە نەبێ و بۆیە سەرنجی کەسانی وەک ئینگڵێس و لۆکاچ بە شێوەی تایبەتی دەچووە سەر ئەم رێبازە ئەدەبییە. لوکاچ کە ئاشقی ریالیزمی سەدەی نۆزدە بوو، بەرهەمە رۆمانتیسمی و ناتورالیستییەکانی دەدایە بەر هێرش و هەروەها لەدژی کەسانی وەک 'جەیمز جۆیس'یش دەوەستاوە و بە نەبوونی قووڵایی لە دەقەکانیاندا تاوانباری دەکردن. ریالیزم وەک قوتابخانەیەک کە تێیدا کێشە کۆمەڵایەتییەکان رەنگی دەدایەوە و کەسایەتی لە قالبی 'تیپ'دا تێیدا دەخوڵقا، ئەو شوێنەی بوو وا نووسەر دەیتوانی بەرفراوانترین پێناسە لە رووداوەکان، لە کەسایەتییەکان و لە سترۆکتۆرە کۆمەڵایەتییەکان پیشکەش بکا. لەم رێگایەوە روانگەی ئەدەبیی مارکسیزم لەگەڵ مێژوو پێوەندی دەگرێ و بە گوێرەی نەریتێکی هیگڵی لە رەوەتە دیالکتیکییەکاندا سەرنجدەداتە ئەدەب.

گەر سەرنج بدەینە دەقە ریالیستیەکان دەبینین تێیاندا بەجوانی کێشە کۆمەڵایەتییەکان، جیاوازیی نێوان چینەکان، هەژاری و ستەم رەنگدەدەنەوە. هێمنی شاعیر لە پێشەکییەکدا کە بۆ پێکەنینی گەدای حەسەن قزڵجی نووسیویەتی، دەڵێ: "خوێنەر لەم چەند چیرۆکە کورتەدا نموونەی ژیانی دەرەبەگێکی چەکمە رەق، کۆنە بەگێکی بارگین تۆپیو، شێخێکی دەستبڕ، دەروێشێکی زەرگ وەشێن، جووتیارێکی زۆرلێکراو، باب نۆکەرێکی زمان لووس، کاربەدستێکی بەرتیل خۆری بێگانە، تاجرێکی سووت خۆر و تەماعکار، جاسووسێکی نیشمتان فرۆش، تەنانەت ژنێکی چارەرەش و بێبەشی کورد دبینێ."

بەڵام ریالیستی بوونی ئەم چیرۆکانە تەنیا لەوەدا نیە کە کاراکتێرەکانی ئەم جۆرە کەسانەن و هەروەها تێیدا هەژاری، ستەم، جیاوازییە چینایەتییەکان و کێشە کۆمەڵایەتییەکان رەنگدەدەنەوە. نا، بەڵکو لەوەیشدایە کە کەسایەتییەکان دەبنە تیپ و دەتوانن نوێنەرایەتی گەلێک کەس لە هاوشێوەکانیان لە کۆمەڵگادا بکەن. لە رێگای ئەم کەسایەتییانەوە خوێنەر دەتوانێ لە ئاستی سترۆکتۆری کۆمەڵایەتی کۆمەلگا بگا و زانیاری لەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێنان، چین و توێژەکانی ناو کۆمەڵگا، پێوەندیی نێوانیان و جۆری ململانێکان وەربگرێ.

بەم پێیە ئەدەب وەک دیاردەیەکی سەرخانی، بنەما ژیرخانییەکان دەنوێنێتەوە. هەڵبەت ئەمە بەو مانایە نیە کە لای مارکسییەکان پێوەندێکی راستەوخۆ لە نێوان ئەم دووانەدا هەیە، یاخود ئەوەیکە دیاردە سەرخانییەکان هەمیشە ملکەجی دیاردە ژێرخانییەکانن. بە پێچەوانەوە ئەوان باوەڕیان بە سەربەخۆیی رێژەیی سەرخانیش هەیە. لە راستیدا ئەوانەی وا هەوڵدەدەن وای بنوێنن گوایا دیاردە سەرخانییەکان کاردانەوەی راستەوخۆی دیاردە ژێرخانییەکانن بە مارکسیزمی سادە تاوانباردەکرێن. بە گوێرەی ئەوان پێوەندی نێوان دیاردە سەرخانی و ژێرخانیەکان لەگەڵ ئەوەی ژێرخان دەوری سەرەکی دەگێڕێ، بەڵام ئاڵۆزتر لەوەیە وا بۆی دەچین.

نووسەری ریالیست کەواتە نووسەرێکە سەرقاڵی کێشە کۆمەڵایەتی، چینایەتی و مێژووییەکان. بۆیە ئەو زیاتر خاوەن نیگایەکی دەرەکییە و کاتێک دەیەوێ وێنای کاراکتێرێک لە دەقدا بکا، دەیخاتە ناو ململانێ چینایەتی، کۆمەڵایەتی و مێژووییەکانەوە. وەها نووسەرێک لە وەسفەکانیدا زیاتر دەرەکییە، پابەندی هێڵی خەتیی زەمەنە و جۆری ململانێکان دەربڕی جیاوازیی نێوان پێگە ئابوورییەکانی کەسایەتییەکانن. هەروەها ئەو لە رێگای دەقەوە نیشانی دەدا کە کۆمەڵگا بە گشتی لە بواری ئابوورییەوە لە چ قۆناغێکدا راوەستاوە. نیشانی دەدا قۆناغەکە رووەوە گەشەیە یان روو لە داڕزانە، یاخود پارادۆکسەکانی ناو ئەم پێکهاتەیە چییە. هەمووی ئەمانە لە رێگای ئەو کاراکتێرانەوە دەکرێن وا لە پانتایی دەقەکەدا لە ململانێی بەردەوام لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ دۆخی ژیانی ماددیی خۆیاندان.

رەنگە هیچ دەقێک بە قەدەر دەقە ریالیستییەکان بەهۆی پابەندبوونیان بە کاراکتێری 'تیپ'ئاساوە نەتوانێ پێوەندی لەگەڵ ژمارەیەکی بەرفراوانی خوێنەران پەیدابکا. ئەمەیش لەبەر ئەوەی لە کاراکتێری 'تیپ'ئاسادا هەموو کەس (دیارە کەسەکانی سەر بەو چین و توێژە تایبەتە) بە جۆرێک خۆی دەبینێتەوە و لێرەوە جۆرێک لە هاوسۆزی لە نێوان ئەو و دەقدا دروستدەبێ.

'رۆمەن رۆڵان'ی فەڕەنسی، نووسەری رۆمانی 'ژان کریستۆف' باس لەوەدەکا کە لە وڵاتی 'چین'ەوە فڵانە کەس نامەی بۆ نووسیوە و باسی ئەوە کردووە کە ئەو فیسارە کەسەی ئەو لە رۆمانەکەیدا باسی کردووە، ئەوە؛ ئەگەرچی بە هەزاران هەزار کیلۆمەتر لەو سەری دونیادا دەژی و وەک کەسێکی چینی بە رەگەز فڕی بە فەڕەنسییەکەوە نیە.

دەقی ریالیستی بەجوانی لەوەدا سەرکەوتووە کە دەتوانێ پیشانی بدا ئێمەی مرۆڤ سەرەرای جیاوازیی رەگەز و نیشتمان و رەنگی پێست چەندە لە یەکتر دەچین و ئەم لێکچوونەیش چەندە پێوەندی بە جۆری هاوبەشبوونی دۆخە کۆمەڵایەتییەکانی ئێمەوە هەیە. پیشانی دەدا مرۆڤەکانی بەستێنی سیستمی دەرەبەگایەتی و سەرمایەداری، لە هەر کوێی دونیا بن، زۆر شتی هاوبەشیان هەیە. ریالیزم دەربڕی لێکچوونی مرۆڤەکان و لێکچوونی کێشەکانیانە. ئەو کێشانەی وا دەتوانن تا ئاستێکی زۆر یەک شێوەی دەروونناسیمشان تیا چێبکەن. ئەم دەقانە دەیسەلمێنن سەرەڕای جیاوازیی ناوی مرۆڤەکان و جیاوازیی داب و نەریت (جیاوازیی لە سەرخان)، دیاردە ژێرخانییەکان چەندە هاوشێوەن. ئەوەیکە مرۆڤ گیرۆدەی نان و گیرۆدەی ململانێی نێوان خۆیەتی و ئەم ململانێیەیش هەتا جیاوازییەکان لە بوارە ژێرخانییەکاندا هەبن، هەر بەردەوام دەبن و دەبنە سەرچاوەی کێشەی گەورە و مەزن. کەواتە ریالیزم گێڕانەوەی حەقایەتە گەورەکانە و لەهەمان کاتدا گێڕانەوەی بەسەرهاتی ئەو مرۆڤانەن کە ئەگەرچی خاوەن کەسایەتییەکی رۆژانەن، بەڵام چەندە دەرفەتی ئەوە پەیدا دەکەن لە عەینی رۆژانەبوونیشیان ببن بە کاراکتێرە جیهانییەکان.

لوکاچ دەقە ئەدەبییە دەروونناسییەکان بەوە تاوانباردەکا کە جیهان دەکەن بە نومایشی ئەوەی وا لە زەینی تاکدا دەگوزەرێ، نەک بە نومایشی جیهان وەک خۆی. بەم شێوەیە ئەو، ئەو زەینی تاکەی وا ناتوانێ لە تاکایەتیی زەینی خۆی دەربازبێت و بگاتە دیاردە و یاسا گشتگیرییەکان و جیهان لە وێنایەکی بەرفراوانتردا ببینێ، بە رووکش نوێنێ تاوانباردەکا. بەم پێیە تاکی ناو دەق دەبێ بتوانێ لەم دەروونگەراییە لاکەوتە و پەرتەوازە دەربازی بێت و بچێتە ناو رەوتە گشتییەکانەوە، ئەو رەوتانەی وا دڵی جیهان لەوێدا لێدەدەن. تەنانەت گەر دەروونناسییەکیش هەبێ، دەبێ لە پێناوی سەلماندنی دیاردەیەکی گشتگیری دەرەکی بۆ وێنە وەک دیاردەی هەژاری بێت؛ وەک چۆن سواڵکەرەکەی ناو چیرۆکی پێکەنینی گەدا هەتاوی لێدەبێ بە کولێرەیەکی گەنمەشامیی داغ!

کەواتە، بەم پێیە ئێمە دەنووسین بۆ ئەوەی دەربڕی کێشە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکان بین. بۆ ئەوەی پیشانی بدەین مرۆڤی ناو کۆمەڵگا هاوشێوەکان چەندە دەتوانن لە یەکتر بچن و چەندە دەتوانن خاوەن کێشە هاوبەشەکان بن. نووسین رۆچوون بە ژێرخاندایە، سەلماندنی گەمەی سەرخانە لەگەڵ ژێرخان. نووسین دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە کە لە زەینی تاکەوە تێدەپەڕێ و هەڵدەقوڵێ بۆئەوەی دیسان دیاردە کۆمەڵایەتییەکان لە شێوازێکی تردا بە قووڵی بنوێنێتەوە. ئێمە دەنووسین لەبەر ئەوەی ئێمە بوونەوەرێکی مێژوویی و ناو رەوتی مێژووین و دەقی ئەدەبی دەتوانێ بە جوانی ئەم خەسڵەتە بنوێنێتەوە. ئێمە دەنووسین لەبەر ئەوەی بۆ خۆمانی بسەلمێنینەوە کە ئێمەی مرۆڤ سەرەڕای شوێنە جیاوازەکانی ژیانمان و هەبوونی کلتوری جۆراوجۆر زۆر لە یەکتر دەچین. نووسین دۆزینەوەی خەسڵەتە هاوبەشەکانە سەرەرای جیاوازییەکانمان. ئەو خەسڵەتە هاوبەشانەی وا لە رێگای جیاوازییەکانەوە خۆیان دەنوێننەوە!

درێژەی هەیە...