شرۆڤە

بۆچی دەنووسین (٧)

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دەنووسین چونکە نووسین سەرلەنوێ پەیداکردنەوەی هەموو ئەو دیاردانەیە وا لامان وایە نەماون و کەچی ماون. ئێمە دەنووسین چونکە دەمانەوێ مردووەکان بانگهێشت بکەینەوە بۆ ئەوەی لە بەڕێوەبردنی ئەرکی قورسی ژیان یارمەتیمان بدەن (وەک چۆن سێ پاڵەوانە سەرەکییەکەی رۆمانی Lord of the Rings، ئاراگۆن و لێگولاس و گیملی روو لە مردووەکان دەکەن بۆ ئەوەی لەشەڕ لەگەڵ دێوەزمەکان یارمەتییان بدەن).

بۆچی دەنووسین (٧)

رێژەگەرایی پۆستمۆدێرنیزم تەنیا رووی لە رابردوو نیە. لە راستیدا هەموو گەڕانەوەیەک بۆ رابردوو بە مانای رابردووگەرایی نیە. بانگهێشتکردنەوەی فۆڕمە کۆنەکان بەمانای گەڕانەوە بۆ دۆخی رابردوونیە، بەڵکو بەمانای حوزوری رابردوو لە ئیستادا و لەهەمان کاتدا حوزوری ئیستا لە رابردوودایە. کە ئەمە بە تەواوی جیاوازە لە رابردووگەرایی. کاتێک دوو بوون بەم شێوەیە لەگەڵ یەکتر ئاوێتەدەبنەوە ئیتر نە ئەمیان خۆیەتی و نە ئەویان خۆی. دەبن بە دوو شتی جیاواز. دوو شت کە لە پێوەندی لەگەڵ یەکتر مانا پەیدادەکەن. لە راستیدا ئێمە لەگەڵ دۆخێکی تەواو جیا رووبەڕوودەبین. لەم ئاوێتەبوونەدا هەر بەشێک هەندێ لە تایبەتمەندییەکانی خۆی دەدا و هەندێ تایبەتمەندی لەوی تر وەردەگرێ. دیارە مەرج نیە هەمیشە ئەمە پەنجا پەنجا بێت. دەکرێ ئاڵوگۆڕ بە گوێرەی دۆخ بێت. بەڵام مەرج ئەوەیە ئەم ئاڵوگۆڕە هەبێ. لەم ئاڵوگۆڕەدا نە نەریت زاڵ دەبێ و نە مودێڕن بەڵکو بوونێکە کە نە نەریتە و نە مودێڕن. لێرەوە جیهانێکی تر دەخوڵقێ کە خۆی هەم لە نەریت و هەم لە مودێڕن جیادەکاتەوە. دیارە دەتوانێ وەهمێک لە ناو لایەنگرانی نەریتدا دروست ببێ کە رابردوو وەک خۆی گەڕاوەتەوە، وەهمێکی هەڵە کە نیشانەی تێنەگەیشتن لە دۆخی نوێیە. ئەمە تەنانەت بە گوێرەی تیۆری هیگڵ سەبارەت بە چۆنیەتی دیالکتیکی گەشەیش دروستە. ئەمە سەنتێزێکی واوەترە لە تێز و ئانتی تێز کە هەم هەڵگری هەندێ خەسڵەتی تێز و هەم هەڵگری هەندێ خەسڵەتی ئانتی تێزە. دەق لەم حاڵەتەدا دونیای نوێی بەڕوودا دەکرێتەوە. چەمکە جۆراوجۆرەکان لە فەزایەکی نوێدا لەگەڵ یەکتر ئاوێتەدەبنەوە و جیهانێکی نوێ دەخوڵقێنن. لەم مانایەدا هیچ شتێک ناتوانێ کۆن ببێ و بۆ هەمیشە جێمان بێڵێ. رابردوو هەمیشە ئامادەیە بۆ ئەوەی حوزوری هەنووکەیی پەیدابکاتەوە و لەگەڵ ئەو چەمکانەی وا نایانناسێ بکەوێتەوە گەمەیەکی نوێوە. بۆ وێنە میتافیزیا کە هەمیشە سوورە لە سەر رەتکردنەوەی ئەویتر، دێتە ناو یارییەکی مانایی لەیەک دەق لەگەڵ ئەویتردا و بەم شێوەیە لە تێکەڵبوونی سنوورەکاندا سنووری تر چێدەبێ. میتافیزیا لێرەدا بۆ رەتکردنەوە ناگەڕێتەوە، بەڵکو بۆ چێکردنی مانای نوێ دەگەڕێتەوە. مردووەکان زیندوو دەبنەوە بۆ ئەوەی نەک تەنیا وەک مردوو، بەڵکو وەک مردوو ـ زیندوو دەوربگێڕنەوە. یارییەکی سەرنجڕاکێشە! هیچ شتێک بە قەدەر گەڕانەوەی مردووەکان بۆ ناو جیهانی زیندووەکان جێگای سەرنج نەبووە. ئەو مردووانەی وا دەتوانن سەرلەنوێ لە بەرهەمهێنانەوەی مانا و ژیاندا بەشداری بکەنەوە و یارمەتیمان بدەن لە تێگەیشتنێکی بەرفراوانتر و قووڵتر لە دیاردەکان. گەڕانەوەیەک کە زۆر جار شکڵی هەزەلی دەگرێتە خۆی و دەق لە جیددیەتی مودێڕنیانەی خۆی دەخا.

گەڕانەوەی مردووەکان، گەڕانەوەی بوونەوەرانی جاران لە شکڵی یەکانگیریی جەستە و رۆحدا نیە. لێرەدا یان جەستە بە تەنیا دەگەڕێتەوە یان رۆح بە تەنیا. هەردووکیان پێکەوە دەستنادا، چونکە ئەوان مردوون و چیتر لەمانا باوەکەی خۆیدا زیندوونین. بۆیە کاتێک دەگەڕێنەوە لە شێوازەی نیوەی خۆیاندا دێنەوە. یاخود لە شێوازی بەشێکی خۆیاندا. لێرەوە ئەو دەرفەتە فەراهەمدەبێ نیوەکان بتوانن لەگەڵ نیوەکانی تر تێکەڵبن و بوونەوەری تر بخوڵقێن. وەک چۆن لە رۆمانی 'خۆڵەدار'دا مەرگ لە شێوازی خانمێکدا دەردەکەوێتەوە (رۆحی مەرگ لە جەستەی ژنێکی ئیستادا). یان چۆن یەکێک لە کاراکتێرەکانی تر کە ژنێکی یەکجار جوانە و لە راستیدا بوونەوەرێکی گەردوونیە، دەبێ بە کرم و لە کرمەوە دەتوانێ ببێتەوە بە هەمان ژن (وەک حەقایەتە کۆنەکان). ئەم کاراکتێرە لەپاڵ کاراکتێری سەرەکیی رۆمانەکە کە مرۆڤێکی مودێڕنە دەکەوێتە گەمەیەکی پڕ لە فەنتازییەوە و دەبێ بە بەشێکی سەرنجڕاکێشی رۆمانەکە. بەڵام دەزانین ئەمە لە دونیای واقعدا دەستنادا، کەچی سەرنجمان رادەکێشێ لەبەر ئەوەی ختوکەی هەستی ئاشنا بە ئەفسانەمان دەدا. چونکە بیری ئەو ئەفسانانەمان دەخاتەوە وا لەمێژە لەبیرمان کردوون و یاخود پێمان وایە گەر بچینەوە سەریان چیتر نابنەوە جێگای سەرنجمان. بەڵام لە ئاوێتەبوونێکی نوێدا دەبنەوە جێی سەرنج و دەبینین هێشتا لەم جیهانەی ئێمەدا کە نەریت پاشەکشەی کردووە هێشتا جێگا بۆ هەستی جوانناسیی ئێمە سەبارەت بەو دونیا بەڕواڵەت فەرامۆشکراوە ماوە. رێک وەک منداڵێک، یاخود وەک گەورەساڵێکی سەردەمانی زوو بە سەرنج و بە حەزەوە دەیخوێنینەوە و گوێی بۆ شلدەکەین. ئەو شێوازە نوێیەی گێڕانەوەی چیرۆک کە دەبنە ئامرازێک بۆ خوێندنەوەی ئەم دونیا مودێڕنەی وا تیایا دەژین.

لێرەوە دەتوانین بەو ئاکامە بگەین کە لە راستیدا کۆن و نوێ بوونیان نیە و ئەوەی هەیە تەنیا بریتییە لە جۆری هەڵسوکەوتی مرۆڤ لەگەڵ ئەم چەمکانە. گەر بە واتای زەمەنی مامەڵە لەگەڵ دەق بکەین ئەوا گەلێک دەق، بۆ وێنە کتێبەکانی فیلسوفەکانی سەدەی هەژدە و نۆزدە، دەبێ بووبن بە نەریت! بەڵام داخۆ ئێمە بەم شێوازە مامەڵە لەگەڵ ئەو دەقانە دەکەین؟ بێگومان نا. یەکێک لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی رێنسانس لە سەدەی چواردە و پازدەی زایین گەڕانەوە بۆ یۆنانی کەونارا واتە یۆنانی پێش لە لەدایکبوونی مەسیح بوو. رێنسان ئاوێتەبوونی نوێ و کۆن لەگەڵ یەکتر بوو. گەڕانەوە بۆ رۆحی ئارگیومێنت ئاسای مرۆڤی یۆنانی بوو و سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی لە دۆخی نوێدا بوو. راستە ئەفسانەکان بەرین لە رۆحی ئارگیومێنت ئاسا، بەڵام مەگەر چەندە دەقی ئەدەبی و هونەری تێکەڵن بە رۆحی ئارگیومێنت؟ نەک ئەوەیکە دەقی ئەدەبی لە شێوازی دەربڕینی خۆیدا خۆی لە دەقی زانستی جیادەکاتەوە، دەربڕینێک کە زیاتر لە سەر خەیاڵ و فەنتازیا راوەستاوە؟ ئەو جیاکردنەوەی وا 'کانت'ی فیلسوفیش باسی لێدەکرد و پابەندبوو پێی. داخۆ لە دوواوتەدا مەبەست ئەوە نیە کە لە رێگای دەقی فەنتازییەوە بە ناسینێکی قووڵتر لە جیهان و لە بوون بگەین؟ داخۆ راز و سڕی دەقی ئەدەبی هەر لەمەدا نەبووە کە بە بێ ئەوی خاوەن فۆڕمێکی زانستی بێ کەچی هەمیشە بووەتە هۆی ناسینی زیاتری ئێمە لە جیهان و لە بوون؟ مەگەر ئەفسانەکان کاتی خۆی خاوەنی ئەم ئەرکە نەبوونە؟ ئەگەر وایە بۆچی ناکرێ سەرلەنوێ کەڵکیان لێ وەربگرینەوە و وەک ئامراز یاخود فۆڕم بۆ قووڵبوونەوە لەم سەردەمی ئیستادا کەڵکیان لێوەربگرینەوە؟

جاری وایە هەستدەکەین شتەکانی رابردوو هێشتا بە تەواوی ئەرکەکانی خۆیان بەجێنەهێناوە، جاری وایە هەستدەکەین ئەرکی دیاردەکان قەت تەواونابن، جاری وایە هەستدەکەین هیچ شتێک لەم جیهانەدا، چ جیهانی بەرهەست و چ جیهانی دەروونی، بۆ هەمیشە وننابن و بە گوێرەی دۆخ دیسان دەگەڕێنەوە. ئەوان بەڕواڵەت لێمان وندەبن. ئەوان بەڕواڵەت جێمان دێڵن و لەپشت تەم و مژەکانی کات و شوێندا بزردەبن، ئەگینا لە راستیدا لە شوێنێک لە زەمەنێک خۆیان حەشاردوە (هەڵبەت نەک لە خۆیان بەڵکو لە ئێمە). ئەم حەشاردانەیش بۆ ئەوەی دەگەڕێتەوە کە ئێمە سەرگەرمی شتی تر بووینە ئەگینا ئەوان لەڕاستیدا ون نەبوونە. تەنیا ئەوەندە بەسە ئیرادەبکەین و بمانەوێ بیانبینینەوە. ئەوان خۆبەخشانە لەوێ چاوەڕوانی ئێمەن، خۆبەخشانە خۆبەدەستەوە دەدەن و خۆبەخشانە دیسان ئاوێزانی جیهانی ئێمە دەبنەوە. رەنگە ئێمە بە سووکی لێیاندەڕوانین تەنیا لەبەر ئەوەی ئەوان زۆر خۆبەخشن. ئێمە بە هەندیان وەرناگرین چونکە ئەوان هیچ داوایەک ئاراستەی ئێمە ناکەن جگە لە داوای دیتنی خۆیان. عاجزانە!

کەواتە زەمەن و شوێن دەتوانن ببن بە لەمپەرێک بۆ دیتن، وەک چۆن هۆکاری دیتنیشن. بەڵام بەخۆشییەوە جیهانی ئەدەب و هونەر بەهۆی سەروکاریان لەگەڵ خەیاڵ و لەگەڵ فەنتازایا سەرلەنوێ رێگامان دەخاتەوە سەر رێگایان. ئێمە رۆژێ لە رۆژان بە بێ ئەوەی تەنانەت بۆخۆیشمان بمانەوێ دەگەڕێینەوە سەریان. تەواوی فەلسەفەی شۆڕشی ئۆکتۆبەر گەڕانەوە بۆ گشت (کۆلێکتیف) و بەرپەرچدانەوەی (تاک) لە بەستێنێکی تردا بوو، بەڵام شۆلۆخۆف لە رۆمانی 'دۆنی ئارام'دا بە خوڵقاندنی ئەو کاراکتێرە سەرەکییە (واتە گریگوری) دیسان لەگەڵ چەمکی تاک رووبەڕوومان دەکاتەوە و لە گەمەی نێوان تاک و کۆلێکتیف دا سەرکەوتووترین رۆمانی سەردەمی شۆرش لە روسیا بەرهەم دێنێ.

بەم پێیە ئێمە دەنووسین چونکە نووسین سەرلەنوێ پەیداکردنەوەی هەموو ئەو دیاردانەیە وا لامان وایە نەماون و کەچی ماون. ئێمە دەنووسین چونکە دەمانەوێ مردووەکان بانگهێشت بکەینەوە بۆ ئەوەی لە بەڕێوەبردنی ئەرکی قورسی ژیان یارمەتیمان بدەن (وەک چۆن سێ پاڵەوانە سەرەکییەکەی رۆمانی Lord of the Rings، ئاراگۆن و لێگولاس و گیملی روو لە مردووەکان دەکەن بۆ ئەوەی لەشەڕ لەگەڵ دێوەزمەکان یارمەتییان بدەن). ئێمە دەنووسین چونکە هەموو شتێک لەم ژیانەدا خاوەن مانایە و مەلەکردن لەناو ئەو مانایانەدا ئەرکی نووسینە. ئێمە دەنووسین لەبەر ئەوەی فۆڕمەکان و تێکەڵکردنەوەیان تەنیا لە رێگای نووسینەوە دەستەبەر دەکرێ. ئێمە دەنووسین چونکە تەنیا بە نووسین، کات و شوێن و سنوورەکانی ناویان بزردەبن و مرۆڤ دەرفەتی مامەڵەیەکی خەیاڵییان لەگەڵدا پەیدادەکا. نووسین دەستەمۆکردنی کات و شوێنە کە خەسڵەتی بزۆزیان هەیە. ئێمە دەنووسین لەبەر ئەوەی بۆ ئەو شوێن و زەمەنانەی بگەڕێینەوە وا هێشتا نە بە جوانی ناسیومانن و نە هێشتا بە تەواوی ئەرکەکانی خۆمانمان تیا بەجێهێناون. نووسین بریتییە لە فەرامۆشنەکردن و بیرهێنانەوەی ئەوەی وا یان پێیان لەبیرکردین یاخود خۆمان حەزمان کرد لە بیری بکەین.

درێژەی هەیە...