شرۆڤە

شاهەنشایی مونا- ماد (٧)

ئازاد کەریمی

دوو قەڵای لێبوو، یەکیان بە کەناری ڕۆژاوا و بە گردێکەوە بووە و ئەوی دیکەیان لە دەشتێکدا و بە کەناری ڕاستدا بەرپاکراوە، ئەم قەڵا بە نێوی کۆشکەڵە بەناوبانگە و هێشتا ئاسەواری وەک گردێک ماوە و سەرنجڕاکێشە لەم قەڵاوە کەلی خان واتە چیای وەزنە دیارە.

 

 

 

شاهەنشایی مونا- ماد (٧)

پایتەخت

هەروەک کوترا مونا لە 'دیلمون' ەوە وەرگیراوە واتە خانەدان و ماد هەمان وشەی پات بە واتای سەرۆکی پیرۆز دێ.

مونا-  ماد، موناپات و مونا و ماننا و مات ماننا هەمووی یک وشەن و لە ماوەی سێ چوارهەزارساڵ دا بە دیالەکتی جۆراوجۆر کوتراوە و لەگەڵ ئەوەشدا سامی یەکان واتە ئاموری و ئاشوری یەکان کە ڕاخوشابوونە وڵاتی سومەردا زمانی خۆیان بەکار ئەهێنا بۆ هەندێ وشەی تایبەتی یان بەمانا یان بە نیوەی وشە سومەرییەکە.

دیل لە کوردی ئێستادا واتە بەندکراو لە سنوورێکدا و تەنیا بۆ مرۆڤ بەکار دێ. دیلمون واتە سنوورێکی پیرۆز، ناوچەی پیرۆز، هەرێمی پیرۆز. ئەو خەڵکەش وا لەوێ دەژیان شەرەفمەند بوون بە نازناوی پات یان مات واتە بەڕێز و پایەبەرز.

باسکرا چواردنیا (کاشی)،چواردەروو (نایری)، چەرخو(هیتی)، سەقۆ (عێبری)، شکۆز (ئاشوری)، ئارزاشکون (ئەرمەنی)، ئیزشیرتا (ماد) و موشاشیر(ئاشور) هەمووی ناوی شارستانی سەقزن وا بە سوریگاش (ئاشور) یان شوروپاک (سومەر) واتە خۆرهەڵات بەناوبانگ بووە. ناوچەی سەقز بە سیاگۆ یان سیاکۆ بەناوبانگ بوو، هەموو کات بە سەقز و سیاکۆ یان سەقزی سیاکۆ دەناسرا.

لەناو سنووری سوریگاش دا دەیان قەڵا و شار هەبوون بەڵام ناوەندی سوریگاش یان هەمان چوارگۆشەی پیرۆز یان چواردەروو کە چیا پیرۆزەکانی هەیجانان، ئاڵ ماتو، چەکوشە (وەنەوشە)، جاقل ( داکلد)، تاوەقڕان (تاوران)، سوڵتان سوریجە (شوروپاک)، ڕووش و پاڵەوان (کانی نیاز) دەوریان داوە و ڕووباری پیرۆزی هەیجا (ئیتی دا- دایتی) بە نێویدا دەڕوا.

دوو قەڵای لێبوو، یەکیان بە کەناری ڕۆژاوا و بە گردێکەوە بووە و ئەوی دیکەیان لە دەشتێکدا و بە کەناری ڕاستدا بەرپاکراوە، ئەم قەڵا بە نێوی کۆشکەڵە بەناوبانگە و هێشتا ئاسەواری وەک گردێک ماوە و سەرنجڕاکێشە لەم قەڵاوە کەلی خان واتە چیای وەزنە دیارە. ئەو شاخە بە بەرزان یان بارزان بەناوبانگ بووە لەبەر ئەوەی ئەڕوانێ بە سەقز، دەشتەتاڵ و گەورک و ناوچەی بانە و سەرشیودا.

قەڵای ناو شار کە لەم دواییانەدا نادرشای ئێران دەستی پێدا هێنا و نۆژەنی کردەوە بە نادرین قەڵا (نارین قەڵا) بەناوبانگ بوو بەڵام حکومت بە بیانووی درووست کردنی پەناگە لە بۆردومانی عێراق لە زستانی ١٩٨٨دا وێرانی کرد و دوای ئەوەی خودا دەزانێ چەندەها ئاسەواری مێژوویی لێدزی تەختی کرد. کە ئەهریمەن ڕووی کردە وڵات هیچ شت لە جێگەی خۆیدا نامێنێ، ئەم بێ ویژدانانە زەفەریان بە هەموو کەل و کونێک برد، کوردستانیان دزی و تاڵانیان کرد وهەتا توانییان کوشتیان و بڕییان و بەلەنگازیان کرد.

دیلمونی کۆن یان ماننای سەدەی ١١ی پێش زایین بەشێک بوو لە هەرێمی پاتان و کەش (کاشی- کوش)،بەڵام ئاشووریەکان هاتن و داگیریان کرد وناوی ئیشیرتا پایتەختی ئەم هەرێمەیان بە زاراوەی خۆیان کرد بە موشاشیر، دواتر لە سەدەی ٩ی پ. زاییندا ئورارتووەکان لە کەناری ڕووباری ئاراز و شیدەکەل (دەجلە)وە هاتن و ئەم هەرێمەیان گرت و لەبەر ئەوەی شارێکی پێرۆز بوو کردیان بە پایتەختی خۆیان. ئەوان پەرستگەی ئاردین یان لەو دەشتەدا بەرپا کرد کە شاری ئیشیرتای لێبوو.

دەوڵەتی ئورارتو لە چەند نەتەوەی جۆراوجۆری وەک سکیت، ئالان و فەڕای (تاور-هوری) و هیتی پێکهاتبوون. ئەم شارە لە زمانی ئەرمەنیدا بە ئارزاشکون واتە ئیشیرتای سکیت ناوی بەسەردا بڕا.

کاتێ سەلماناساری ئاشوور پەلاماری ئورارتوی دا و ئەم ناوچەی گرت، "ئارزا شکون"ی کاول کرد و خەڵکەکەی بە ئەسیری برد بۆ نینەوا. ئەرمەنەکان و هۆزەکانی دیکە گەڕانەوە بۆ لای ئاوی ئاراز و شاری توشپا واتە وانێ ی ئێستایان کرد بە پایتەخت، بەڵام چەند بەش لە هۆزەکانی نایری مان (هیتی وهوری و سکیت) واتە تاوریەکان و گۆمەردییەکان و چاردۆری یەکان (چواردۆڵی) لە شوێنەکەدا مانەوە و شارەکەیان ئاوەدان کردەوە.

لە کۆتاییەکانی سەدەی هەشتەم دا ئاشوورهەڵیکوتایە سەر ئیسرایێل و داگیری کرد و چەند هەزار جووی کۆچبەرکرد و هێنایانی بۆ خابور و نەینەوا و لەوێشەوە بۆ پاتان و مونا. بە هاتنی ئەم ئەسیرانە ئاڵ و گۆڕ بە سەر کولتوری ناوچەکەدا هات.

ڕێزمان و نووسین گۆڕدرا بۆ ئارامی و کەسانی کار بەدەست فێری زمانی ئارامی بوون. ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی مۆغان دەقە ئایینیەکانیان بە ئارامی بنووسن، و گاتای زەردەشت بە زمانی کوردی کۆن و بە ڕێزمانی ئارامی لە لایەن زەردەشتەوە نووسرا.

لە لایێکی دیکەشەوە ڕەبایە جووەکان دەستیان بە دەقە سۆمەرییەکان گەییشت وا لە لای موغانی گاوربوو. ئەوان لەگەڵ کوکتوری عێرفانی خەسرەوانی و گاورایەتی و سۆفیگەری شناسییان پەیدا کرد و ئەوە بوو بە هۆی کرانەوەی بابەتێکی نوێ لە ئایینی جوودا کە پیی دەڵێن سۆفیگەری کابالا.

جووەکان دوای بەغدا (بابل) گەورەترین پێکهاتەیان لە شاری سەقزدا هەبوو. لە ساڵی ٦١٢ی پێش زاییندا جووەکان لەگەڵ میتراییەکان هێرشیان کردە سەر نینەوا پایتەختی ئاشوور و ئەم شارەیان لە دەسەڵات خست.

 

ئیزەد - کلدی

ئێستاش ئەڵێمەوە هیچ کەس لە دنیادا وەک کورد ناتوانێ کورد بناسێنێ، نە هەر کوردێک، تەنیا کوردێک کە فەڕ و فەرهەنگ و زانیاری و خوێندەواری و زمان و زاراوەکانی خۆی بناسێ و بزانێ شی کردنەوەی بۆ بکات.

مێژووی کورد و بنچینە کولتوریەکانی ئەوەندە کۆن و تێکئاڵاو و هەروەها ڕێک و یەکگرتوو و یەکخراوە کە تۆ ناتوانی بە نقورچک گرتن لە گۆشەیەکی ئەم مافورە قایم وڕەنگنامە ،تان و پۆی ببینی و شی بکەیتەوە.

دەبێ بزانی ئەم مێژووە بۆ وا فۆڕمی گرتووە؟

ئەوەش وردبینی و ماندووبوون و زانیاری یەکجار قووڵی دەوێ. کەوا بوویت ئەمجار لە ناوچەگەرایی و نەتەوەگەرایی کوێرانە و فکری قۆڕ و بێمانا وا دراوسێکانی کوردی بردوە بە قوڕدا دوور دەکەویتەوە.

ئەوانەی وا موتاڵای مێژوو دەکەن ناوی ئیزەد کالدی یان بیستووە،خواوەندی پارێزەری هێزی شەڕوانی و نەبەزایەتی لە سەردەمی نایری وئورارتودا واتە سەرەتای هەزارساڵەی یەکەمی پێش زایین هەتا سەردەمی بەیدەس بوونی شاهەنشایی ئاشور لە ساڵی ٦١٢ی پێش زایین.

بینیومە کالد، خالد وهالد بە خواوەندێکی کلدانی ناسراوە، ئەوەش وەک شکخستنێک نەک دڵنیابوونێک لەم بابەتەوە.

دیارە کلدانیەکان چەند هەزارساڵ دوای سومەریەکان لەشانۆی ڕۆژگاردا دەرکەوتوون، ئەوان کۆمەڵێ شوانی لای بەرغەل بوون کە لە بیاوانەکانی ڕۆژاواوە هاتبوون و بە عەمووری دەناسران، ئەوان سەر بە ڕەگەزی سامی بوون و زمان و کولتوریان لەگەڵ سومەریەکان جیاواز بوو،هەروەها فێربوون ئیزەدە سومەریان بپەرستن و دواتر ناوی ئەو ئیزەدانە وەرگێڕنەوە سەر زمانی خۆیان بە شەل و پێ شکاوی.

کەلدە کە بە حامورابی و بنەماڵەکەیەوە دەناسرێ ئەو عەمورییانە بوون وا هاتبوون و فێری کولتووری سومەری بوون. دواتر پەلاماری سومەریان دا و لە هەندی ناوچەی سومەر دەسەڵاتیان پەیدا کرد و ئەوەش بوو بە هۆی شەڕێکی کولتووری قووڵ لە نێوان ئەو دوو نەتەوە جیاوازەدا و لە مێژووی سومەرییەکاندا تۆمار کراو چیروانۆکیشی لە سەر درووست کرا.

کلدانیەکان لە کۆتاییدا هەر بەدەست وەچەیەکی سومەریەکان لەناوچوون و کەس لە بیری نەما هەتا ئەم ساڵە دواییانە وا ئاسەواریان دوای چەند هەزار ساڵ دەرکەوت.

باسم بەوەدا دێ کولتوری کەلدە ئەوەندە مەودای نەبوو کاردانەوەی لەسەر مێژووی ئورارتووەکان هەبێ کە زیاتر لە دوو هەزار ساڵ دوای ئەوان هاتبوونە کایەی ڕۆژگارەوە، ئەویش تەنیا لە سەر ناوی ئیزەدێکی ئورارتوویی و خودی کلدانیەکان خواوەندی وایان نەبووبێ!

سومەریەکان بە خۆیان دەکوت کی ئین گیر واتە خانەدان و ڕەسەن. بە دەسەڵاتدارانی ١٥ شارەکەی خۆیان دەکوت پات شی.

دیارە لە شوێنی خۆیدا و دواتر بە وردی باسی ئەوە دەکرێ چۆناوچۆن بوو سومەریەکان بەرەو سەرچاوەکانی ڕووبارە گرنگەکانی کوردستان کۆچیان کرد بەڵام ئەو گروپە خەڵکانە ڕێچکەی کولتوری خۆیان ون نەکرد کە زمان و ئایین ئەم دوو ڕێچکە بنەماییە کولتوورییە بوون.

بۆ ڕوونکردنەوەی مێژووی کوردستان چوار سەرچاوە زۆر گرنگن

١- دەقە سومەریەکان (کەیان) ٢- پەرتووکی پیرۆز٣- گاتای پیرۆز٤- زمانی کوردی

دوای ئەوانەش دەقە ئاشوریەکان بە گوێرەی پێویست

باسی ئیزەد کالدی لێرەدا ناچار دەمانباتەوە بۆ سەرچاوە سومەریەکان. لە مێژووی ئافراندن دا نووسراوە زی ئود سودرا شای شوروپاک بوونەوەرانی بردە نێو گەمیەکەوە بۆ ئەوەی لە لافاوی دنیاگر ڕزگاریان بکات. لەوانەش کەڵەشێری سپی. ئاڤێستاش دەڵێ گۆمەرت کە هەمان خدر یان زی ئود سودرا یە چاوی بە کەڵەشێری سپی کەوت کەیفی بە هەستی خۆشەویستی ئەم پەلەوەرە هات سەبارەت بە مریشکەکەی جووتی. بانگی کرد بۆ ناو گەمیەکەی با لە خنکاندن ڕزگاری بکات.

خدر کەڵەشێری سپی زۆر خۆش دەویست. ئەم خۆشەویستیە لەبەر کردەوەکانی کەڵەشێر بوو، ئەم پەلەوەرە شێری بەزاندبوو، شێر لێی دەترسا. هێزی شەڕوانی و ڕقەستووری و نەترس بوونی کەڵەشێر سەرنجڕاکێش بوو.کەڵەشێر لە بەرەبەیاندا بانگەوازی ڕۆژی دەکرد و لە تاریکایی شەودا هەستی بە هەڵاتنی خۆر دەکرد و بانگی هەڵدەدا بۆ هاتنی کاکە ڕم یەکەم تیشکی خۆر.

کەڵەشێری پیرۆز ڕەفیقی خۆشەویستی تاوس (میترا)یە. تاوس ناخی ئیزەدی پارێزەری تیشکی خۆرە و لە تاوس دا جەستە دەگرێ. تاوس پارێزەری هێزی پاڵەوانی و پیاوەتی یە و پارێزگاری لە پەیمان و بڕیارەکان دەکات. تاوس متمانەی بە کەڵەشێری سپی هەیە و هەواڵەکان بەودا بەڕێ دەکات و بە قاسد و هەواڵنێری خۆی دایناوە. لە زاراوەی گۆرانی دا بە ناردن و بە بەڕێ کردن و ڕەوان کردن دەڵێن "کل کردن". کەواتە پیشەی کەڵەشێری سپی بەودا کل کردنی هەواڵی هاتنی تیشکی خۆری بەرەبەیان بۆ خەڵکە. واتە کل بەمانای قاسد و هەواڵنێرە.

کەڵەشێری سپی خاوەن پۆپە و پۆپنەی زێڕینە بۆیە بە "کەڵەزەڕ" دەناسرێ. بە کەڵەپۆپ ناسراوە و لە هەندێ شوێن پێی دەڵێن کەڵەپاپ یان کەڵەباب.

کەڵەزەڕ بە هۆی ڕەنگی سپی پەل وپۆیەوە بە "زاڵ" بەناوبانگ بووە.

زاڵ زەڕ، کەڵەزەڕ یان کەڵەشێری سپی شێربەزێنە، شێر بە هەموو دلێرییەوە لێی دەترسێ، چاوترسێن بووە و لە تماشاکردنی چاوانی کەڵەزەڕ دەترسێ.

هەر بۆیە کەڵەزەڕ بەو هەموو پەسنانەوە خۆشەویست بووە و بە کوش شێرسوار یان کەوەس سوار و دواتر بە کەوەسوار بەناوبانگ بووە.

کاتێ سەرکەوتن لە شەڕدا بە دەست هاتووە کوتوویانە بە سەردوژمندا زاڵ بووە. بە سەردا زاڵ بوون واتە سەرکەوتن و ئاماژەیە بە کەڵەزەڕ و شێر.

لە ئاڤێستادا بە پەڕۆدەر یان پەڕۆزەڕیان "پڕوزە" ناسراوە و سەرگەورەی موغانی پەرستگەی تاوس بووە. دواتر و لە سەردەمی ساسانی دا کاتێ کۆنسێرڤاتیسم و دەمارگرژی ئەم ئایینە دەستی پێکرد بە نێوی ڕێفۆرمەوە دەستکاری زۆری ئاڤێستا کرا و هەندێ شت گۆڕدرا بۆ وێنە تاوس، لە ئیزەدی یەکەمەوە دابەزا بۆ ئیزەدی شەشەم و کەڵەزەڕ لە ئیزەدی شەڕ و سەرکەوتنەوە کرا بە ئیزەدی گوێڕایەڵی و پەڕستن و ناوی کرا بە خۆرئوژ واتە بانگدەری ڕۆژ یان کل ڕوز.

کەڵەزەڕ، زاڵ، کەڵەشێر، کل، دیکل (کورمانجی) واتە کالد یان کالدی یان کلدی، هەمان ئیزەدی بەناوبانگی شەڕوانی و سەرکەوتن لە شاهەنشایی ئورارتو لە سەرەتای هەزارەی یەکەمی پێش زاییندایە وا بە سەر شێرەوە وەستاوە و پەلێکی کەڵەشێری پێیە و ڕووی کردوەتە پێشەوە.

کەواتە ئەم وشە کوردی یە و بە هەموو زاراوەکان یەک مانای هەیە و پیرۆز بووە، هەتا ئەو ڕادەی کوردەکان هەتا پێش هاتنی ئیسلام کەڵەشێریان نەخواردووە و ئێستاش کاکەییەکان بە هەمان دەستوور گۆشتی کەڵەشێر بە قەدەخە دەزانن و نایخۆن.

کلدی یان کالدی پەیوەندی بە عەموریەکانەوە نیە و فڕی بە سەر وشەی کەڵدەوە نیە.

ئەم ئیزەدە بەم پەسنانەش بەناوبانگ بووە پێش ئەوەی بە کلدی بناسرێ:

کل ڕوز (هەواڵدەری ڕۆژ)، کوڕوز، کاوس، کەی کاوس، کەوەس، کەی کوش، زەرگوش، زەرکوش، چاوش، کوش، کیش، کش و کەش .

پێش ئورارتووەکان شاهەنشاهانی چاردنیا- کەشی هێزی خۆیان دەگەڕاندەوە بۆ پاڵپشتی کردنی ئیزەد کش- مونا واتە کشی پیرۆز وا هەمان کلدی ئورارتویە.

لە سەردەمی شاهەنشایی گەوتان دا بەم ئیزەدەیان دەکوت کەکەوس (ئینگی شوش) و لە ساڵی ٢١٣٥ی پێش زاییندا فەرمانڕەوا بووە. هەروەها ئێژەکوش واتە بانگی کەڵەشێر.

لە سەردەمی ئەلوەن شاهان دا کوش یان ئیزەد کلدی خۆشەویست بووە و ناوی یەکێ لەو پات شایانە گاماس کوش بووە و لە ساڵی ٢٤٠٠ی پێش زاییندا شای کوردستان بووە.

ناوی چەند شاهەنشای چاردنیا- کەش بە کەش تلیاش تۆمار کراون واتە کەش کلیاد یان کەش کالدی.

هەروەها ئەوان بە ئیزەدی هەواڵنێریان دەکوت پۆپ دوکال یان پۆپ کالدی.

میتانیەکان پێیان دەکوت " کەوەشتە زەر-Shaushtatar" و بە چەشنی دوو کەڵەشێر بە سەر پشتی دوو شێرەوە ڕاوەستاون لە ژێر سێبەری تاوسی پیرۆز و ئەستێرەی هانە.

ئەوەش نیشان دەدا پلەی کلدی گەییشتووەتە ئاستی هامزا یان هاوزا کە لە ئیزەد سەرووتر بووە.

هیتی یەکان بە "خات تاوس کلی" واتە هەواڵبەر و هەواڵنێری تاوسی پیرۆز، ناویان دەهێنا و زۆریان خۆش دەویست.

هەروەها لە کتێبی پیرۆزدا باسی هەرێمی کوش دەکرێ وا بە ڕووباری گیهون گەمارۆ دراوە. ڕووباری گیهون هەمان ڕووباری ئارازی ئێستایە و لە نزیک ئەرزنگان و ڤارتۆوە دەست پێدەکا و بەرەو باکوور ودواتربەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان شۆڕ دەبێتەوە هەتا دەگاتە ئازەربایجان و دەریای قەزوێن.

دیارە ئورارتوەکان و سکیتەکانی کلدی ڕێک خەڵکی ئەو ناوچەن و دواتر کەوتنە دەسەڵاتداری و پەرەپێدان و لەئاکامدا گەییشتنە هەرێمی پیرۆزی چواردەروو یان سەقزی ئێستا لە سوریگاش یان وەک خۆیان لە بەردەنووسی کێلەشینی شنۆدا نووسیویانە هەرێمی شوراوا و لەوێ نوێژگە بۆ ئیزەد کلدی، یان کەڵەزەڕیان کەوەس سوار (کەوەسوار) درووست دەکەن.

هەروەک دەزانین ناوی شاهەنشایێکی ئورارتو ئەرگۆش یان زەرگوش ە. ئەوەش واتە ڤێرژێنێکی دیکەی ناوی ئیزەد کلدی یان ئیزەد دیکل.

لە کۆتاییدا با ئەوەش بڵێم چیای بەرانبەری چیای سوڵتان سوریجە (سوریگاش) ناوی وەنەوشەیە و ئەم ڕەنگە بۆ موغانی گاور پیرۆز بووە. لە بەرزایی ئەم کێوەدا گوندی چەکوشەی لێیە وا لە کۆنەوە پیرۆزە و شێخانی چەکوشە بەناوبانگ بوون.

سەرنجڕاکێشە بەیانان کاتێ خۆرهەڵدێ یەکەم تیشکەکانی دەدرێ لە " کەل وەنەوشە" لە بەرزایی کەل وەنەوشەدا گوندی چەکوشەی لێیە. چەکوشە واتە کەکوشە یان کەی کوش کە ناوێک لە ناوەکانی ئیزەد کلدی ئیزەدی پارێزەری هێزی شەڕوانی و سەرکەوتن.

درێژەی هەیە...