شرۆڤە

شاهەنشاهی مونا- ماد (٦)

ئازاد کەریمی

ئێمە لە سەقز بیستوومانە سەقز چواردەر یان چوار دەروازەی هەیە، بەڵام ئەو دەروازانە نەک دەرکی ئاسن و دار بەڵکوو مەبەست لە دەروازە "دەروو" ی سرووشتین. ئەوەشمان بیستووە سەقزی کۆن لە دەشتاییەکەی کانی کەوە دایە. کانی کەوە گوندێکە بەرانبەر سوڵتان سورەجێ.

 

 

شاهەنشاهی مونا- ماد (٦)

ئازاد کەریمی

فەلسەفەی سۆفیگەری و کولتوری پاڵەوانی

ڕووباری دایتی لە ئاڤێستادا هاتووە ئەو ڕووبارەیە وا لە سوریگاش دایە و لەوێدا زی ئود سودرا هاتووەتە جان و ژیانەوە.

هەروەها زەردەشت دەفەرمێ کاتێ لە موغان بێ هیوابووم و ئەوانیش منیان لەوێ دەرکرد، لە ڕووباری پیرۆزی دایتی پەڕیمەوە و ڕووم کردە وڵاتی دراوسێ.

هەر لەکۆنەوە بڕوا لە سەر ئەوە بوو گۆمەرد یان زی ئود سودرا لە کەناری ئەم ڕووبارەدا لە دایک بووە. هەر بۆیە موغان واتە لایەنگرانی گۆمەرد لە دەوروبەری ئەم ڕووبارەدا دەژیان. هەروەک کوترا گۆمەردیان یان لایەنگرانی زی ئودسودرا (گۆمەرد/خدری جوامێر) لە هەرێمی خۆر یان سوریگاش دەژیان. سوریگاش شاری سەقز و دەوروبەرییەتی.

ئەو ڕووبارەی وا بە ناوەڕاستی ئەم هەرێمەدا دەڕوا نێوی چەمی گەورەیە. ئەگەر بڕوانیتە چەمی گەورە بە قەد چەمەکانی تەتەهو و جەخاتوگەورە نیە. گەورەیی ئەم چەمە بە هۆی باری ئایینیەوە بووە. هەروەک کوترا بە هۆی ژیانی خدری جوامێرەوە ئەم ناسناوە دراوەتە پاڵ ئەم ڕووبارەوە کە بە سەقزدا تێدەپەڕێ و لە گۆندی گۆدەرزدا دەگاتەوە بە ڕووباری جەخاتو.

ساڵی ١٩٦٢ شای ئێران بۆ ئەوەی ئاسەواری ڕاستیەکان بسڕێتەوە بەنداوێکی لەوێدا بە نێوی کورش درووست کرد و زۆربەی ئەو گوندانەی خستە ژێر ئاوەوە. لەم ساڵانەی دواییدا دەوڵەتی مەلای ئەهریمەنی بەنداوی چراوەیسی درووست کرد بۆ ئەوەی ناوچەی گەورک بباتە ژێر ئاوەوە. هەر لە بەر ئەوەی ئەو مەڵبەندە مێژووییە مستێکی مزر لە دەمی هەموو تیورییە فاشیستییە دژە کوردیەکان دەدات.

شەرمەسار نیم لەبەر ئەوەی ئاوا بە توندی و قسەی زبر و ناشیرین بەرەنگاری ئەو کردارە قێزەونانە دەبمەوە. بە دڵنیاییەوە دەسەڵاتم بووایە هەموو ئەو کەسانم دەدایە دادگەی نێونەتەوەیی لاهای .

ڕووباری دائیتی، داهیتی، سەقز، هەیجانان لە بەفراوەکانی کەلی خان و چیای وەزنە (وەرزەنە)وە سەرچاوە دەگرێ.

وەرزەنە ناوی ئەو موغە بوو وا لە لایەن چاردەر شاهەنشای ئورارتوەوە کرا بە بەرپرسی نوێژگەی "ئەردینی" بۆ ئیزەد "خاڵدی" یان هەمان کاوەسوار یان ئەردەشێر.

ئەمە هەڵکەوت نیە شای ئورارتو وا نێوی چاردەری یە دێت و لە سەقز نوێژگە و بەغەدان بۆ ئیزەد ئەردەشێر(خاڵدی- کەوەسوار) بەرپا دەکات.

کوردانی کۆن دەیانکوت "چاردەروو" ئەو شوێنە پێرۆزەیە وا چوار دەروازەی هەیە بە هەر چوارلایەنی جوغرافیدا. لە دەروازەی باشووردا واتە نێوان چیای ڕووش- هەیجانان و ئاڵمەڵو،گوندی خەیەر یان خدری لێیە. ئەوێ شوێنی لەدایکبوونی زی ئود سودرا و هەروەها خانووی ئیزەد ئینلیل خواوەندی بای باشور واتە بای زریانە.

لە دەروازەی باکوور چیای تاوەقڕان (تاوریان) و چیای سوڵتان سوریجە و نوێژگەی پیرباخ، لاێ ڕۆژاواش چیای وەنەوشە و جاقل (گۆمەردیان).

ئێمە لە سەقز بیستوومانە سەقز چواردەر یان چوار دەروازەی هەیە ،بەڵام ئەو دەروازانە نەک دەرکی ئاسن و دار بەڵکوو مەبەست لە دەروازە "دەروو" ی سرووشتین. ئەوەشمان بیستووە سەقزی کۆن لە دەشتاییەکەی کانی کەوە دایە. کانی کەوە گوندێکە بەرانبەر سوڵتان سورەجێ.

کەوەسوار شوێن و نوێژگەیەکی پیرۆزە لە سەقز ڕێک لە کەنار چەمی گەورەدایە و ئێستا دەورووبەری پڕە لە خانوو.

ڕووش کوڕی شا چواردەری ئورارتویە. ناوی ئەویش بە سەر چیای گوندی خەیەرەوەیە. لە دەقە کۆنەکانی ئاشووردا هاتووە ئاسارحادون شاهەنشای ئاشوور لە سەرۆک پەرستگەکانی خۆیانی پرسیوە ئاخۆ

سکیتەکانی شکوز(سەکاکانی سەقز) پەلاماری گوندەکانی حەران و ئانیش دەدەن؟

 

هەر لە کۆنەوە بیستوومانە سەقز شاری "سەکا" یان سکیتەکان بووە وا لەوێدا نیشتەجێ بوون و ڕۆستەم پاڵەوانی بەناوبانگی چیروانۆکە کوردییەکان سەکایی یە،ناوی هۆزێکی سەکایی خومەرد یان کی مەرد (گۆمەرد) بووە.ئەوان پێشتر لە دەورووبەری ڕووباری ئاراخش و لە باکوور و ڕۆژاوای دەریای وان دا دەژیان بەڵام لە سەدەی ٩ی پێش زاییندا لەگەڵ هێرشی ئورارتو- نایری ڕوویان کردە سەقز و لەوێ نیشتەجێ بوون.

بنەماڵەی نایری بەشێک بوون لە کۆنفێدراسیۆنی ئورارتویی ولە باکووری کوردستانەوە هاتبوونە سوریگاش واتە سەقز. ڕۆستەم (ڕوشاتاوان- ڕووش تامان) سەر بە خانەدانی نایری واتە نەریمان بوو. نایری یەکان بنەماڵەیەکی خاتی وبەشێک لە کۆنفێدراسیۆنی ئورارتو بوون پێکهاتوو لە سکیتەکان (گۆمەردی/خۆمەردی) و ئیپریەکان (باوکی ئەرمەنی و گورجیەکان). ئەوان ئەوەندە بەهێز بوون کە هاتبوون بۆ پاراستنی سوریگاشی پیرۆز و پەرستگەی ئاردین لە شاری ئیزیرتا(ئیشیرتا) یان موشاشیر. ناوی گوندی ئادینان یان ئایەنان وەک سەقزیەکان دەڵێن،یادگاری ناوی ئەو پەرستگەیە وا لە لای خوارووی بناری ڕۆژهەڵاتی چیای سوڵتان سورەجێ و لە سەر ڕووباری جەخەتودایە.

هۆزی خۆمەردی ئەوەندە لایەنگری زی ئودسودرا بوون کە هێزی پاڵەوانی و ئازایەتی و دادپەروەرانەی ئەویان لە خواوەند خاڵد یان کاوە سوار(پارێزەری هێزی ئارتاشێر) دا بۆ پاراستنی خۆیان بە یارمەتی دەگرت.ئەوان ئەوەندە بەهێز بوون شاهەنشا ئاسارحادون ی ئاشووری لێیاندەترسا.

سکیتەکان بە ڕەگەز سەر بە خات بوون، خات هەروەها باوکی هیتییەکان بوو.

خاتەکان لە بنەماڵە کۆنەکانی کەیان (سومەر) بوون ، ئەوان ڕێزیان بۆ ئیزەد ئوتو یان تاوس هەبوو کە دواتر بە میترا ناسراوە.

ئەمانە هەموو ئاماژەن بۆ ئەوەی پەرستگەی موشاشێر هەمان کۆشکەڵەی سەقزە لە دەشتی کانی کەوە لە نێوان چیای ڕووش و چیای سوڵتان سوریجە و ڕووباری گەورەدا.

نوێژگەی کەوەسوار واتە (خاڵدو- زاڵ کاڵدو) لە بناری ئەو دەشتەدا وا دەبێتە کەناری ڕۆژهەڵاتی ئەم ڕووبارە و باسی سکیتەکانی شکوز لە ساڵنامەی ئاسارحادون دا شکی تێدا ناهێڵێتەوە هەموو ئەم ناونیشانە مێژووییانە ئەو ڕاستییە دەگێڕنەوە ڕووباری داهیتی هەمان ڕووباری گەورە یان چەمی سەقزە و لە چیای وزنەوە سەرچاوەی گرتووە و ناوی چیای وەزنە لە خۆشەویستیی پیر و گەورەی موغانی هەموو کوردستانەوە هاتووە کەوا لە گەورکی سەقزدا دەژیا و ناوی وەرزەنە (وەرزان، بەرزان، بارزان) بووە و لە ساڵی ٨٢٠ی پێش زاییندا لە لایەن شاهەنشا چاردەروی ئورارتوەوە دەسنیشان کراوە بۆ سەرپەرشتی کردنی نوێژگەی ئەردینی لە ئیزیرتا (موشاشیر) لە سوریگاش و لە تەنیشت ڕووباری پیرۆزی "دایتی" یان "ئیت جا" کە ئێستا پیی دەڵێن هەیجانان.

هەیجانان ناوی ئەو کوێستانەیە وا لەویدا زی ئودسودرا پێی ناوەتە ژیان و ئەڕوانێ بە سەر ڕووبارەکەدا و دوو گوندی خەیەر (خدر)- زی ئود سودرا و گوندی هەیجانان لەوێدان. ڕووش چیای هەرە باکوریی کوێستانی هەیجانانە و لە پیدەشتی بناری باکووری ڕووشدا پەرستگەی ئەردینی بۆ ستایش و ئافەرین کردنی کەوەسوارزاڵ ( ئیزەد خاڵد ئیزەدی هێزی شەڕ و پاڵەوانی) لە شاری "ئیشیرتا" یان موشاشیربەرپاکراوە.

دیاکۆنۆف بە ئیشیرتا یان ئارتاشێر، دەڵێ ئیزیرتا، ئاسارحادون شای ئاشور پێی کوتووە موشاشیر. ئارتاشێر ئیزەدی پارێزەری هێزی دادوەری و مافپەروەری یە و کاتێ لەگەڵ ئیزەد زاڵ کاڵدو کە پارێزەری هێزی هێرش کردن و سەرکەوتن بووە یەکیان گرتووە مافەکان دەستەبەر بوون. لەبەر ئەوەی دادپەروەری و بەدیهاتنی ماف پێویستی بە هێزی دەستەبەرکردن هەیە و ئەو هێزەش لە شێری عداڵەت و دادوەری دا دەستەبەر دەکرێ.

بڕواننە دیاکۆشای پاتان کە دادوەر بووە و هەموو خەڵک هەڵیانبژاردوە بۆ دادوەری کردن. هەروەها تاوس یان میترا پارێزەری تیشکی خۆر کە هێمای پاڵەوانی و ئازادیخوازی و پەیمانداری یە چەندە هەوڵی بۆ وەدیهێنانی داد و یەکسانی داوە.

ئیشێرتا شاری پاڵەوانان و جەنگاەران و ئازادیخوازان و دادوەرەکان بووە. ژیاننامەی ڕۆستەمی زاڵ درکێنەری ئەوەیە. ڕۆستەم یان ڕۆسەم هەموو کات لە پێناوی ڕێچکەی ئازادیخوازی و ئازایی و دادپەروەریدا زۆرانی گرتووە و لە دوژمن ڕاپەڕیوە. رۆستەم خوای ئافرێنەری پەرستووە و دوژمنی تاریکایی و ئەهریمەن و خراپەکاری بووە.ئەمانە هەمووی لە حکمەت و فەلسەفەی گاورایەتی و موغانی لایەنگری خدری نەمر واتە زی ئود سودرادا هاتووە و سۆفی گەری و ئایینی دەروێشی و پاکبازی وقەلەندەری ڕەوشتی پیاوچاکان و ئازایان بووە. سەرتاسەری گاتای زەردەشت پڕە لە وشەی ئازایی، ئازایی واتە نەترس بوون بۆ داکۆکی کردن لە دادپەروەری و وەستانەوە دژ بە ستەمکاری و خودانەناسی.

ناوی سەقز لە سکەسا یان شکوزەوە هاتووە. بە هۆی ئەوەی گۆمەردی یە سەکاییەکان لەوێدا ژیاون، ناوی مەرخوز یادگاری خۆمەردی (گۆمەردی یەکانە).

سەقز بە زمانی عێبری بە سەقۆ تۆمار کراوە.هەروەها سەقز بە چەرخۆ ناسراوە واتە چواردەروو. بە چەند هۆکاروایان ناو ناوە:

یەکەم - لەبەر ئەوەی ژمارەی چوار، هێمای خۆرە ئەوەش ڕاستە سوریگاش واتە هەرێمی خۆر

دووهەم - ژمارەی چوار،هێمای داری ژیانە. داری ژیان لە ناوەڕاستی دیلمون وا لە ناوەڕاستی ئیدین دایە ڕوواوە. ناوەندی دیلمون هەرێمی سوریگاشە.پیرباخ لە بناری تاوەقڕان ئەمە پشت ڕاست دەکاتەوە.

سێهەم- ژمارەی چوار، هێمایە بۆ چوارتوخمەی ژیان، ڕاستە یەکەم مرۆڤ واتە زی ئود سودرا لە سوریگاش هاتووەتە ئافراندن هەروەها لەوێدا بوونەوەران هاتتونەتە بەرهەم.

چوارەم- لە ئایینی تاوس - موغان دا ژمارەی چوار ئاماژەیە بۆ چەرخی تاوس یان چەرخی میترا، ئیزەدی پارێزەری تیشکی خۆر.

بێهۆ نیە کاشی یەکان(کوش) بە دەوڵەتی خۆیان دەکوت چاردنیا. چاردنیا هەمان چاردەروو یان چەرخۆیە و لەخۆیدا هەڵگری ئەومانا عارفانەیە وا لە ژمارەی چواردا هەن. چاردنیا هەمان چەرخۆی هەرەهەرەهەرە پیرۆز بووە وا ژیان لەوێوە دەستی پێکردووە و پیرۆزترین مرۆڤ واتە زی ئود سودرا لەوێ ئافرێندراوە. نمونەیەکی تر گوندی چەکوشە بە بناری چیای وەنەوشەوە ئەم ڕاستیە دەدرکێنێ. چەکوشە واتە چوارگۆشە یان چوارتوخمە و چوار دەرووە. ئەوەش ڕوون دەبیتەوە کاشییەکان ڕەگەزی خۆیان دەگەڕێننەوە بۆ هەرێمی سوریگاش.

ڕووداوی درووست بوونی پەرستگەی ئاردین لە شاری ئیزیرتا هاوکاتە لەگەڵ دەسەڵاتی "یەهوواش" کوڕی ئاخازیا شاهەنشای ئیسرایێل و سەردەمی فەڕۆخ "شۆشێنک"ی سێهەم فەڕۆخی مسر لە زنجیرەی ٢٢هەم.

لە سوریگاش پابەند بوون بە ئایینی موغان ئەوەندە خورت و قاییم بوو، هەر جۆرە ڕەخنە و نوێخوازی و ڕێفۆرم هاوسەنگ بوو لەگەڵ دەرکردن و دوور خستنەوە لە کۆڕی موغان ،ئەوەی وا بە سەر زەردەشت هات.

پەرتووکی گاتای زەردەشت باسی ئەم دەرکردنە دەکات و تێیدا زەردەشت بە زمانێکی تاڵ وپڕ لە گازندە باسی ئەو کاردەن و مۆغانە دەکات وا دژایەتییان کرد وخستیانەوە بە درۆدا.

گاتا بە زمانی ڕەسەن و پەتیی کوردی نووسراوە و هەڵگری هەموو زاراوە کوردییەکانی ئێستایە .

زۆرسەیر، وەفاداری هەموو شارستانیەتەکانی گەلی کورد بۆ چەمکە ئایینیەکانی بووە و چۆن لە پیناویدا گیانیان بۆی بەخت کردووە وهەتا ئێستا درێژەی هەیە.

هەموو ئەمانەش دەگەڕێتەوە بۆ هەستی ئازایەتی و دادپەروەری لە ویژدانی مرۆڤی کورد دا کە سەردەستەی مرۆڤایەتی و دادپەروەری زی ئود سودرا، خدری نەمرلە حکمەت و هزر و زانایی خۆیەوە بە خەڵکی کوردستانی بەخشیوە.

خدری نەمر لە نێوماندا دەژی و ئاگای لە خاک و خەڵکی خۆیەتی.

درێژەی هەیە...