وتارەکان

بۆچی دەنووسین (٢)

ستاره غیر فعالستاره غیر فعالستاره غیر فعالستاره غیر فعالستاره غیر فعال
 

فەڕۆخ نێعمەتپوور

نووسەر بۆ ئەوەی لە بازنەی نووسەر ـ دەق دا بێت و تیایا بمێنێتەوە، وەک گوترا دەبێ لە دنەدەرە دەروونییەکانەوە حەرەکەت بکا، یاخود هەموو هۆکارە دەرەکییەکان وەها دەروونی بکاتەوە کە چیتر وەک هۆکاری دەرەکی خۆیان دەرنەخەن. لێرەوە پڕۆسەیەک دەستپێدەکا یەکجار ئاڵۆز و دژوار.

بۆچی دەنووسین (٢)

گەر مرۆڤ دەنووسێ بۆ ئەوەی بنووسێ، گەر مرۆڤ دەنووسێ بۆ ئەوەی دەق لە لای خۆی و لەگەڵ خۆی تەواو بێ و دووامانا وەربگرێ، کەواتە نووسین لە لای نووسەر لەدایک دەبێ و هەر لەوێیش فەلسەفەی هەبوونی خۆی بە کۆتایی دەگەیەنێ. لێرەدا نووسین دەبێ بە مەودای نێوان نووسەر و دەق. بەرهەم لەنێوان ئەم دوو جەمسەرەدا دێت و دەچێ و بە بێ وەرگری پەیام یاخود وەرگری دەق ئەو مانایەی وا پێویستە وەریدەگرێ. کامڵترین بوونەوەریش ئەو بوونەیە وا وابەستە بە کەس و لایەنی تر نیە و بوونی خۆی بە خۆی وابەستەیە. جا لێرەوەیە گرینگیی مانای نووسین لای مارکس و گرینگیی بۆچوونە موڕاڵییەکەی هێمن دەردەکەوێ. ئەوان وشیارن گەر دەق لەدەرەوەی خۆی دنەدەرەکانی خۆی وەربگرێ ئەوا لەسەرچاوە بنەڕەتییەکەی خۆی دووردەکەوێتەوە و ئەو وزەیەی وا دەبێ هەڵگری بێ، نیەتی.

لای یۆنانییەکان لە سەردەمی کەونارا سەبارەت بە زەمەن وێنایەکی دایرەیی هەبوو. واتە زەمەن هێڵ ئاسا نەبوو تا لە شوێنێک دەست پێبکا و درێژەی هەبێ و لە شوێنێکی تریش رۆژێک کۆتایی پێبێ. زەمەن لە دایرە دەچوو. هەموو پنتێکی ناو ئەم دایرەیە هەم دەستپێک و هەم کۆتایی بوو. لێرەوە ئەوان لە دایرە وەک کامڵترین بوون دەیانڕوانی. بەم پێیە دەتوانین بۆچوونەکەی سەرەوە سەبارەت بە نووسین، بەم ئایدیایە سەبارەت بە زەمەن بشوبهێنین. نووسەر و دەق لە ناو جەخزەکەدا دەتوانن هەم دەستپێک بن و هەم کۆتایی. هەموو پنتێکی ئەم بازنەیە هەم نووسەرە و هەم دەق. جیاناکرێنەوە. گەر جیایش دەکرێنەوە ئەوا تەنیا لەبەر ئاسانکارییە، تەنیا لەبەر ئەوەیە مرۆڤ بۆ تێگەیشتن لە دیاردەکانی ژیان پێویستی بەم جیاکردنەوە زەینییەیە. ئێمە دیاردەکان کە لە گشتیەتی خۆیاندا 'یەکە'ن، دابەشدەکەین بۆ ئەوەی بتوانین وردتر بیانخوێنینەوە. رەنگە هەموو داهێنانێکیش لە بواری نووسین بریتی بێت لەوەی هەر کەسە و هەوڵدەدا لەسەر بوارێک لەم دابەشکراوانە پێدابگرێ. یاخود خودی خۆی بۆ داهێنانی نوێ دەستدەداتە دابەشکردنی نوێ و دیکە. کەواتە دەتوانین بڵێین دەق بریتییە لەخودی مرۆڤ (نووسەر) بەڵام لە قەوارەی نووسیندا. دەقیش لە پێوەندێکی دیالکتیکیدا دەبێتەوە بە هەمان مرۆڤ (نووسەر). بەم پێیە مرۆڤ لە دەقدا خۆی پێشکەشدەکا، بەڵام خۆیەک لە قەوارەی وشەدا، لە قەوارەی تەعبیرە ئەدەبی و خەیاڵییەکاندا، لە قەوارەی ئەو فۆڕمانەدا لای خۆیشی نامەکشوف بوونە و کەچی بە هۆی نووسینەوە خۆیان دەردەخەن و لەدایکدەبن. نووسین، درێژبوونەوەی بوونی مرۆڤە لە گەردوون و لە ژیان و لە بووندا. هەر وەک چۆن نووسین درێژبوونەوەی نووسینە لە مرۆڤدا. بەم شێوەیە مرۆڤ و نووسین لەگەڵ یەکتر جیهان بەرینتر دەکەنەوە. لە مانایەکی خەیاڵیدا ئەگەر خودا مرۆڤ دەخوڵقێنێ بۆ ئەوەی بوونی خۆی لە دونیادا درێژبکاتەوە و لەم رێگایەوە مانایەکی تر بە بوون ببەخشێ، ئەوا مرۆڤیش هەمان شت لە گەڵ نووسین و لەگەڵ دق دەکاتەوە. ئەگەر دەگوترێ خودا پێویستی بە خوڵقانی مرۆڤ نەبوو و کەچی کردی (وادیارە لە بنەڕەتدا پێویستی پێی هەبووە)، ئەوا مرۆڤیش سەرەڕای نەبوونی پێویستیی بە نووسین، بەڵام دەنووسێ (وادیارە ئەویش پێویستی پێی هەبووە). هاتنەئارای دیاردەکان لە خۆوە نین و ملکەچی جۆرێک لە نیاز و لە پێویستین. وەک چۆن دەگوترێ خودا مرۆڤی لە چەشنی خۆی خوڵقاند، بەم پێیەیش مرۆڤ، دەق لە چەشنی خۆی دەخوڵقێنێ. لەخۆوە نیە دەقە ئەدەبییەکان یەکەیەکی تەواوکەرن لەناو خۆیداندا و پێویستییان بە شتی تر نیە بۆ ئەوەی بوونی خۆیان بسەلمێنن. ئەو دەقانەن لەناو چۆنیەتی پێکەوە گرێدانی وشە و رستەکان لەناو زماندا بوونی خۆیان وەردەگرن. لە وەها دەقێکدا ئەگەرچی بۆ وێنە باسی ئەشق دەکرێ، بەڵام ئەشقی ناو دەق هەمان ئەشقی دەرەوەی دەق نیە و لە نووسیندا دەبێتە شتێکی تر. شتێکی بنەڕەتی تر و رەگداکوتاوتر. ئەمەیش هەمووی لەبەر ئەوەی ئەم ئەشقە وەها لە زمانەوە دەئاڵێ و وەها دەبێ بە دیاردەیەکی دەروونی لەگەڵ نووسەر، کە جیاوازە لەو ئەشقەی لە دەرەوەی خۆمان لە رووداوێکی کۆمەڵایەتییدا دەیبینین و ئەزموونی دەکەین. ئەشق لە رێگای نووسینەوە وەها دەبێ بە دیاردەیەکی دەروونی کە بە هەمان شێوە دەروونییەکەی خۆی نیشانی خوێنەرەکەی دەدا و بۆیە لەبەهێزترین مانا و بوونی خۆیدا دەردەکەوێ. بەم پێیە لەناو جەخزەکەدا ئەشق دەبێ بە نووسین و نووسین دەبێ بە ئەشق. هەموو شوێنێک شوێنی دەستپێک و کۆتایی ئەم دووانەیە و لێرەوە زەین دەکەوێتە ناو وەها گەمەیەکی سەرسوڕهێنەرەوە کە لەژێر باری ماناکاندا جاری وایە خۆی وندەکا و بۆیە پەنادەباتەوە بەر خەیاڵ بۆ ئەوەی رەوتی وێناکان بە سەرئەنجامی خۆی بگەیەنێ.

هەڵبەت کاتێک باس لەم دایرەیە بووە، قەت باس لە گەورەیی و بچووکییەکەی نەکراوە. چونکە دایرەکە تەنیا وێنایەکە لە زەمەن و گەورەیی و، بچووکیش لەمەدا دەوری سەرەکی نابینێ. بەڵام کاتێک قسە لەسەر نووسین و دەقە، گەورەیی و بچووکیی جەخزەکە مانا وەردەگرێ. هەندێ دەق دایرەکەیان بە هۆی لەخۆگرتنی بوارێکی زۆرتر لە مانا، گەورەترە و؛ بۆیە گەمەی نێوان نووسەر و دەق بەرفراوانتر. لە راستیدا ئێمە لە مەودایەکی بەرفراوانتردا شاهیدی دەرکەوتنی ئەم دووانەین. نووسەر هەتا لە دایرەیەکی بەرفروانتردا دەق دەربخا ئەوا زیاتر خۆی دەرخستووە. لێرەدا بە مانایەک دەقی مەزن لەدایکدەبێ. گەورەیی جەخزیش هیچ زەرەرێک بە گەمەی دیالکتیکیی نێوان نووسەر و نووسین ناگەیەنێ. رەنگە بگوترێ ژمارەی وشەکان و رستەکان و هەروەها لاپەڕەکان بۆ ئەم مەبەستە دەوردەبینن. بێگومان وەهایە، بەڵام ئەمە بەتەنیا کاریگەر نیە و چڕبوونی دەقیش دەوری سەرەکی هەیە. لە راستیدا گەر ئەم دووانە پێکەوە بن ئەوا دەقی مەزن یاخود دایرەی مەزن لەدایکدەبێ، کە ئەمە هەمیشەیش لە قۆناغە ئەدەبییەکاندا دەستنادا.

نووسەر بۆ ئەوەی لە بازنەی نووسەر ـ دەق دا بێت و تیایا بمێنێتەوە، وەک گوترا دەبێ لە دنەدەرە دەروونییەکانەوە حەرەکەت بکا، یاخود هەموو هۆکارە دەرەکییەکان وەها دەروونی بکاتەوە کە چیتر وەک هۆکاری دەرەکی خۆیان دەرنەخەن. لێرەوە پڕۆسەیەک دەستپێدەکا یەکجار ئاڵۆز و دژوار. مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی بچووک لە بەرانبەر دونیایەکی یەکجار گەورەدا بۆ ئەوەی بتوانێ ئەم رەوتە دەست پێبکا دەبێ وەها بەرگی زەینی بدا بە دیاردە دەرەکییەکان و وەها لە هەستی خۆیدا بیانپێچێتەوە کە ئەم دەرفەتەی بۆ بگونجێنن. ئەمەیش بەهەمان شێوە دووپاتبوونەوەی لۆژیکی جەخزەکەیە بەڵام لە بوارێکی تردا. بە واتایەکی تر نووسەر هەمیشە لەبەر دەم بەبازنەکردنی دیاردەکاندایە. ئەو هەموو شتێک دەهێنێتە ناو ئەم جەخزەوە بۆ ئەوەی بوونێکی تریان پێ ببەخشێ کە بریتییە لە بوونێکی ئاوێتە بە دەق کە جیاوازە لە بوونی دەرەوەی دەق. بێهۆ نیە دەق خۆی لە خۆیدا هەڵگری جۆرێک لە نەمری و بەردەوامیی دیاردە دەرەکییەکانە. بێهۆ نیە نووسەر دەبێ ئەوەندە لەگەڵ وشە و لەگەڵ مانا و خەیاڵ گێنگڵ بدا بۆ ئەوەی بتوانێ دەق بەرهەم بێنێ.

بەڵام هێمن و مارکس کەمێکیش بێ لوتفی دەکەن! لەبەر ئەوەی دەبێ کەسێک هەبێ دەق کەشف بکا و هەموو ئەم حاڵەتانەی باسمان لێکردن، لێیان هەڵێنجێ. لەبەر ئەوەی کەشف و دۆزینەوەی جەخز بە کەسێک دەکرێ یاخود بە خوێنەرێک کە لەدەرەوەی ئەم دایرەیە راوەستاوە. بەڵام داخۆ دەکرێ کەسی دەرەوەی دایرەکە لەگەڵ دەق تەماس بەرقەراربکا، لێی تێبگا و وەک دەقی ئەدەبی بە گوێرەی پێویست لێکی بداتەوە؟ لەبەر ئەوەی دەق ئەگەر تەنیا لەلای خودی نووسەر بمێنێەوە و گشتی رەوتەکە تەنیا بریتی بێت لە خودی نووسەر و دەق، ئەوا چەمکی لەدایکبوون بزردەبێ. چونکە لەدایکبوون تەنیا زەمەنێک ماناوردەگرێ کە کەسێک ئاگای لەم لەدایکبوونە بێت و ئەمەیش تەنیا بەو کەسانە دەکرێ وا بەڕواڵەت لە دەرەوەی ئەم بازنەیە دەژین. بەم شێوەیە پنتێکی تر خۆی لەم بازنەیە نزیکدەخاتەوە.

درێژەی هەیە...