شرۆڤە

شاهەنشاهی مونا- ماد (٥)

ئازاد کەریمی

سۆفیگەری واتە گۆشەنشینی، گردەنشینی، کەنارگرتن لە خەڵک و گەڕان بە شاخ و داخدا و بیرکردنەوە لە مرۆڤ و پەروەردگار و پەیوەندییەکانی نێوان مرۆڤ و خودا. سۆفییەکان جلی دڕ و زبر و پەشمەی شینیان لە بەر دەکرد و بە کشتەک ناوقەدی خۆیان دەبەست و سێ گرێیان لی دەدا.

 

شاهەنشاهی مونا- ماد (٥)

ئازاد کەریمی

زی ئود سودرا: خدری زیندوو -١-

پات شای دادوەر "زی ئود سودرا" لە دەقە کەیانیەکانی ئافراندن لە ٣٨٠٠ساڵ پێش ئێستادا ئا وا باس کراوە:

بونەوەران یەکە یەکە پێیان نایە سەر خاک ، پات شا "زی ئود سودرا" پاتشای دادوەری "شوروپاک" بەرانبەر ئیزەد "ئانو" و ئیزەد "ئنلیل- خواوەندی بای شەماڵ" سەری دانەواند و خاکی بەرپێیانی ماچ کرد. ئەوان لەگەڵی بەمێهرەبان بوون و ژیانی هەتاهەتاییان پێدا. وەک خودا نەمر.

لەبەر ئەوەی زی ئود سودرا، مرۆڤ و بوونەوەران ی لە مەرگ و نەمان ڕزگارکردبوو، ئانو و ئنلیل هەرێمی "دیلمون"یان پێبەخشی وا لەو پەڕی ئاوەکانەوە (دجلە و فرات) بوو هەروەها خۆری لێهەڵدێ.

بە گوێرەی ئاڤێستا گۆمەرت واتە زی ئود سودرا بە ڕەگەز و ناخ ئاگرە و بە جەستە وەک گای پیرۆز جەستەی زەمینییە و پەروەردگار لە لای چەپی خۆیەوە درووستی کرد لە تەنیشت ڕووباری دایتی.

ڕووباری دایتی لە هەرێمی سوریگاش دایە.

شوروپاک واتە ئەو کێوەی وا خۆری لێوەهەڵدێ. شوروپا، شوروپی و شوروگاش و شوریاش، سوریاش و سوریگاش یەکێکن.

سوریگاش ناوچەیەکی دەوڵەتی ماننا و بریتی بوو لە سیاگۆ و سەقز و گەورکایەتی.

دیلمون هەرێمێکی گەورە بوو وا سوریگاشیش بەشێک لەو خاکە بوو لە هەوشاری سەقزەوە دەستی پێدەکرد و هەتا چیاکانی دوین و هەریر و باتاس درێژەی بوو. واتە هەموو ئەم شوێنانەی بەردەکەوت: هەوشار، خوڕخوڕە، سەرشیو، پینجوێن، مەریوان، هەورامان، موکریان، گەورک، سەردەشت، ناودەشت، دەشتەتاڵ، بانە، لاجان، ئاکۆ، شارباژێر، ئالان، هیران، خدران وخۆشناو. لە سەردەمی ئاشووردا بە دیلمون دەگوترا زاموا. واتە خاکی ئیزەد زاو.

دیلمون ئەو شوێنە بوو وا زێڕ و بەردەکانزای گرانبەهای جۆراوجۆری تێدابوو، هەروەها داری ژیان و داری زانست لەوێدا بوون. هەروەها خۆراکی خواوەند شوکامونا لە جیهانی ژێرەوە بۆ سەرزەوی لەوێدا دابین دەبوو.

داری ژیان زۆر پیرۆز بوو (داری بەن) لەبەر ئەوەی ٧ بەردەدا و لە پزیشکی دا کەڵکی لێوەردەگیردرا.

داری زانست واتە داری گوێز یان گۆزەن هێمای ئەندێشە و هزر و فەلسەفە و سۆفی گەری بوو.

سۆفیگەری واتە گۆشەنشینی، گردەنشینی، کەنارگرتن لە خەڵک و گەڕان بە شاخ و داخدا و بیرکردنەوە لە مرۆڤ و پەروەردگار و پەیوەندییەکانی نێوان مرۆڤ و خودا. سۆفییەکان جلی دڕ و زبر و پەشمەی شینیان لە بەر دەکرد و بە کشتەک ناوقەدی خۆیان دەبەست و سێ گرێیان لی دەدا (گۆزەنگرێ) واتە گرێی زانیاربوون و دوای هزر و زانست و دۆزینەوەی ڕاستیەکانی ژیان کەوتن.

زی ئود سودرای نەمر، زانا و عارف و شوێنکەوتووی زانست و هزر بوو. ئەو گۆمەرد بوو واتە گۆی زانایی لە دەستیدا بوو. ناخی ژیان لە هەست و ناخ و هەبوونی ئەودا هەبوونی هەبوو،رووی ئەکردە هەر کوێ شینایی و گیا و چرۆ دەڕوا.

زی ئود سودرای نەمرخزمەتکاری پەروەردگار بوو.

شاگردەکانی زی ئود سودرا چلەدارییان دەکێشا،ئازاری جەستەی خۆیان دەدا بە کەمخواردن و نەخواردن و کارکردنی دژواربۆ ئەوەی ڕۆح و ناخیان لە خۆشویستنی دنیا ڕزگار بکەن. ئەوان ئەرکیان خزمەت کردن بە خەڵک و بە پەروەردگار بوو.

ئەوان تەوریان بە کۆڵەوە بوو، کۆڵکێشی یان دەکرد،کۆڵکێشێ بریتی بوو لە دارشکاندن و کۆکردنەوەی پوش و پڵاش بۆ پەرستگە پیرۆزەکان و بە کۆڵ هەڵگرتن لە شاخ و داخەوە بۆ پەرستگە. ئەوان خزمەتکاری ئاگری پیرۆز بوون، ئاگری گیانبەخش وا گەرما بە ژیان و خانووە ساردەکان دەدا و تاریکایی هەڵدەبڕووسقێنێ.

ئەوان بڕوایان بە دەونادون بوو. قوربانییان دەکرد، ئەستێرەوان بوون، فەیلەسوف، سۆفی و گنوتیست بوون. خەریکی خوێندنەوە و نووسین بوون بەڵام دەقە ئایینەکانیان لەبەر دەکرد و بە مێشکیان دەسپارد بۆ ئەوەی لە ناو نەچن و دەم بەدەم لە نەوەیەکەوە دەیانگەیاند بە نەوەی دیکە. ئەوان بە ڕێزمانی ئەرامی دەیاننوسی .

بەوانیان دەکوت تەوری یان گەوری، گەور یان گاور. خدری زیندوو وەک خودا نەمرە. ئەو لە ناوخەڵکدایە. هەندێ جار خۆی نیشانی هەندێ کەس داوە. لە زۆر شوێندا بەغەدان و نوێژگەیان بۆ داناوە.

چەند هۆز لە ناوچەی سەقز خزمەتکاری خدری زیندوو بوون ،ئەوان بە گاور یان گەور بەناوبانگ بوون. بەردەنووسە ئاشوورییەکان ناوی هۆزی گۆمەردی یان بە تاورلای واتە گاور تۆمار کردوە هەروەها باسی گۆمەردییان دەکەن گۆمەرد واتە زانیار، شوێنکەوتەی زانست و هزر(خرە،خڕە)، مورید و لایەنگری زانیاری.

 

زی ئود سودرا : خدری زیندوو--

زی ئود سودرا مرۆڤەکانی فێری پەرستنی پەروەردەگار و پاڕانەوە و ئایینداری کردووە.

کەیانیەکان و نەوە و نەدیدەکانیان هەر لە کۆنەوە بڕوایان وابوو مرۆڤ لە بەردی ڕەش درووست بووە و بە هۆی هێزی هەڵگرتنی بیرەوەریەکان لە مێشکیدا، زەنگ ە. زەنگ واتە تێگەییشتوو، هۆشیار و زیرەک. هێزی زەنگ بوون و ژیرایەتی لە گۆی زەنگ دایە. گۆی زەنگ واتە مێشک و لە بەردی ڕەش یان گۆهەری ڕەش (گۆڕەش- گۆسیا- خڕەتا) درووست بووە. هەر بۆیە خڕەتا یان سیاگۆ یان ڕەشگۆ لە لای گاورەکان واتە دەروێشەکان، عارفەکان،سۆفییەکان و شاگردەکانی ڕێڕەوی هەرە پیرۆزی زیو ئود سودرای نەمر، هێمایێکی پیرۆز بوو، هەروەها داری گوێز زۆر پیرۆز بوو لەبەر ئەوەی میوەی گوێز هاوشێوەی مێشکی مرۆڤ لە پێستێکی نەرم و قاپۆڕێکی ئێسکین و پێستێکی ناسکی زەرد کە ئاڵاون بە دەوری نێوکێکی نەرم و گۆشتنی سپیدا وا لە مێشکی مرۆڤ دەچێ.

داری ژیان واتە دارەبەن یان دارەوەن هەروەها داری پیرۆز بوو لەبەر ئەوەی ٧ بەرە وەک گەزوان (قەزوان)، گزگل، مازوگ، وەن (چەقە، جاچکە)، بنێشتەتاڵ، کڵکاف دەدا و لە پزیشکیدا زۆر کەڵکی لێوەردەگیرا.

هەوروەها شۆکە یان بەڕوو وا دیاری ئیزەد شوکامونا بوو لە دیلمون دا شین دەبوو. لە شیلەی داربەڕوو یان شۆکە، شیلەی گەڵای دارەبەن یان گەزۆ لەگەڵ شیلەی مێو (ئومە) ئەمانە پیرۆزترین خواردنەکان بوون لەبەر ئەوەی لە ناخی دار و درەختەوە دەدۆشران.

ماخاو یان خومە کە برێتی بوو لە شەرابی ترێ لە هەزاران ساڵ پێش ئێستاوە لە دیلمون و سورگاش وئیدین بەرهەم دەهات و دەخوردرا.

لە دڵی ئەو سرووشت و کولتور و کۆمەڵگە بیرمەندەدا مرۆڤی کوردی ڕاستەقینە واتە "زەنگ" درووست بووە. گاورەکان زەنگ بوون،هەوڵیان دەدا بگەڕێنەوە بۆ گۆهەری هەبوون یان سیاگۆ، وا ئێستا پێی دەڵێن عنصرحیات، بە زمانی عەرەبی، زمانی ئەو دینەی وا تەنیا لاساییکەر بوو وەک ئەو قشقەڕەی وا دەیویست فێری لەنجەی کەو بێ بەڵام هەڵفڕینیشی لە بیر چوەتەوە.

با لە سەر و پێستی ئیسلام و ئۆمەتەکەی نەدەم با کار بۆ مەلابێکارەکان نەدۆزمەوە و نەکەونە فتوادان. لەبەر ئەوەی فکریان توانای بیرکردنەوە و تازەگەری نیە، لە بێکاریدا ورد دەبنەوە لە ژنان و کاروباری ژنان و کراس و کوڵەنجە و گوڵەقژ و خڕەی بازنە و خشەی گۆبەرۆکی ژنان و بۆن و بەرام و...

زی ئود سودرا، ئازا و ئازاد و دادپەروەر بوو. ویژدانی پڕ بوو لە هەستی ئازادی و بەرانبەربوونی مافەکان، مافی ژیان، ئەوەی وا خوا بە خۆی و بە بوونەوەرانی دیکەی خەڵات کردبوو، پەروەردگار بەڵێنی پێدابوو مرۆڤایەتی لەنێو نەبات.

زی ئود سودرا دژی کوشتن بوو، لەبەر ئەوەی بایی و نرخی گیان و ژیانی دەناسی. ئەوەی وا دیکتاتۆرەکان و ستەمکاران نایناسن و شان لە پاراستنی هەڵدەتەکێنن. قەت لە بیرم ناچێتەوە نزیک دوومانگ پێش ئێستا ڕۆژنامەوانێک بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی پەتپساوی کوت: تۆ خەریکی خەڵکی ڕۆژاوای کوردستان دەکوژی بە نێوی دژایەتی تێرۆرەوە،ئەوان خۆیان دژی تێرۆر شەڕیان کردوە! تۆ دەزانی ئەوان کێن؟ ئەوانە کوردن!ئەردۆغانی ئەهریمەنی زۆر بە پۆزەوە شانی هەڵتەکاند و کوتی: کورد یان هەر چی! بەلامەوە گرنگ نیە! ئەو ڕۆژەی وا خۆی و بنەماڵەکەی نابوود ببن بە دڵنیاییەوە مرۆڤایەتی بۆی گرنگ نیە.

گاورەکان شێریان بە هێمای هێزی پیادەکردنی دادپەروەری دەناساند و زۆریان خۆش دەویست، شێرلە لایەن زیوسودراوە سەرۆکایەتی ئاژەڵان و بوونەوەرانی دیکەی دەکرد.

شێر دۆستی وەفاداری زیو ئود سودرا بوو، ئەرکی ئەوەی پێسپێردرا بوو لە دارستاندا بە دادپەروەری دەسەڵات بکات و ئازا و دلۆڤان بێ. شێری زی ئود سودرا ئارتەشێر، شەرزەشێر و شێری ژیان بوو. پیی دەکوترا زاڵ، ئیزیرتاشێر، زەرەتاوەشێر،خاڵدو.

ناوی گوندی سەڵتەکەڵتو واتە خاڵدوگال یان شێری گەورە ،شێری گەل بە بناری پشتەوەی چیای هەیجانانەوە ئەم ڕاستیە مێژووییە دەردەخا.

لە کۆتایی ئەم باسەدا ناوی چەند شوێن تەنیا لە دەوروبەری سەقز دەنووسم وا دوای چەندهەزارساڵ وەک خۆیان ماونەتەوە و یادگاری سەردەمی دەسپێکی شاهەنشایی زی ئود سودرای نەمرن. لە بەر ئەوەی دیلمون واتە زاموا هەرێمێکی گەورەیە وپڕە لە شوێنەواری کۆن بە ناوی کەونارەوە تەنیا لێرەدا باسی چەند شوێنی سەقز دەکەم کە خۆم دەیانناسم و زیاتر لەوە کات بە خوێنەر ناگرم هەتا دوایی کە بە یارمەتی خدری هەتاهەتایی دەتوانم هەمووی بنووسم و لە کتێبێکدا بڵاوی بکەمەوە دەنا من لێرەدا باسە سەرەکیەکەم دامەزراندووە و کەسانی شوێنکەوتەی ڕێچکەی زانست و کوردایەتی ڕاستەقینە دەستیان دەگات و لە سەر بنەمای ئەم یاداشتە کاری بۆ دەکەن.

پێمباشە بڵێم پیاوەپیرۆزەکانی مێژوو وەک پەرهام، موسا، نوح، زەردەشت وعیسا لە عێرفان و سۆفیگەریدا سەربە ڕێچکەی زی ئود سودرای نەمر یان خدری زیندوو بوون.

درێژەی هەیە...