شرۆڤە

شاهەنشایی مونا- ماد (٤)

ئازاد کەریمی

ڕووباری شیدەگال، شیدەکەل، شیدە جە، ئیدیگنا (سومەری) هەمان دجلەی ئێستایە، شیدە لە زمانی کوردی دا بە خەرمانەی خۆری تیژدەڵێن وا چاو سووڕ دەکا. ئاوی ڕووباری دجلە زۆر درەوشاوەیە و سپی یە. سەبارەت بە "شید" کاتێ وەک "فعل" صرف دەکرێ بەواتای پێچاندن و سووڕاندن دێ.

شاهەنشایی مونا- ماد (٤)

ئازاد کەریمی

لە سەدەی نۆهەمی پێش زاییندا چەند هۆزی وەک دالو،تائور،گۆمەردی وماژی لە ناوچەی پیرۆزی "ئوریاش" یان "سورەجا" کۆنفێدراسۆنێکیان پیک هێنا و ناویان نا مونا-مات یان موناماد واتە دەوڵەتی مونای ماد.

ماد، مات، ماە، مازی، ماژ، مای، ماگ، مازوگ، مۆ، مۆغ وا بە ئینگلیزی پێی ئەڵێن Magic واتە پیاوی ئایینی لە ئایینی "خات توش" یان میتراییسم دا.

بەڵام مونا یان مون کە لە ئاڤێستادا بە ئیرینیم ئویجە و لە گنۆتیسمی زوروانیدا بە ناوی مەنوا پێناسە دەکرێ لە وشەی "دیلمون" ی کەیانی- سومەری وە هاتووە. دیلمون شارستانیەتێکە و ناوچەیێکە وا باخی "ئیدین" لەوێدایە.

بە گوێرەی دەقە ئایینیە کۆنەکانی کەیانی (سومەر) شوێنێک لە ڕۆژهەڵات وا باخی ئیدینی لێیە و ناوی دیلمون ە لەو پەڕی ڕووبارەکانی سومەر واتە دجلە و فرات دایە وخۆر لەوێوە هەڵدێ و "هەرێمی ژیان" لەوێدایە.

دیلمون شوێن و خانووی ئینلیل ئیزەدی ئاسمان و بای زریانە. بەگوێرەی چیروانۆکە کەیانییەکانی وەک "ئێنکی و نینئورساگ" و "گیلگەمەش"، دیلمون ئەو شوێنەیە وا ئافراندنی مرۆڤ و بوونەوەرانی دیکە لەوێدا ڕووی داوە.

لە بەڵگەنامەیەکی دیکەدا وا مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆسێ هەزار ساڵ پێش زایین واتە لە پەرستگەی هانا "ئینانا" لە شاری ئوروک دا پەسنی تەورێک و هەروەها پەسنی کەسایەتییەکی پلەبەرز بە دیلمون دراوە.

لە چیروانۆکی کەیانی-سومەری "ئەنمەرکار و پادشای ئاراتە" دا هاتووە زنجەکان(زیگورات)ی ئوروک و ئیریدو پێش دیلمون ئاوەدان کراونەتەوە.

لە بەردەنووسێکی کەیانی ١٨٠٠ ساڵ پێش زایین دا بە زمانی سومەری نووسراوە و باسی ئافراندنی بوونەوەران دەکات وا نووسراوە:

بوونەوەران یەک لە دوای یەک پییان دەنایە سەر خاکی زەوی، پات شا "زی ئود سودرا" شای دادپەروەری هەرێمی "شوروپاک" لە پێشی ئیزەد "ئانو" و ئیزەد "ئینلیل" چۆکی دادا وسەری دانەواند و ئەنی لە زەوی خشاند. ئین لیل و ئانو لەگەڵی بە مێهرەبان بوون،ئەوان ژیانی هەتا هەتاییان پێ بەخشی وەک خودا. ئەوان نەمرایەتی یان پێبەخشی. لە هەمان کات دا بە هۆی ئەوەی پات شا زی ئود سودرا پارێزگاری لە بوونەوەران و مرۆڤ کردبوو ئین لیل و ئانو هەرێمی ئەوپەڕی ئاوەکان واتە هەرێمی دیلمون یان پێبەخشی،هەرێمی دیلمون ئەو شوێنەی وا خۆری لێهەڵدێ (خۆرهەڵات).

باخی ئیدین:

کەیان- سومەری:

عێبری גַּן־עֵדֶן

ئینگلیزی :Garden of Eden

ئێدین واتە دەشتی بەر بناری چیا،دەشتێکی بەربڵاوی کاکی بەکاکی و ئاوەدان بە کانیاوان.

کەیان-سومەری یەکان نووسیویانە ئیدین باخێکە وهاوتەریبە لەگەڵ دیلمون دا و یەکەم مرۆڤ لەوێ هاتووەتە ئافراندن و دەقە عێبریەکان دەڵێن ئیدین هەرێمێکە و بە چوار ڕووبار ئاودێر دەکرێ و ئاوەدانە. ناوی ئەو چوار ڕووبارە ئەمانەن:

١- پیشون لە مەڵبەندی حاویلە وا داری مەرخ (دارە بەن) و دوڕەبا و زێڕی هەیە

٢- گیخون هەرێمی کوش دەگرێتە خۆی

٣- شیدەگال ڕۆژهەڵاتی ئاشور

٤- فره

پیشون بە عێبری کراوی وشەی سیخون یان سیرخون ە، خون یان خوناو،خوناوکە و خوناڤ واتە ڕووباری خوڕەم، چەمی خوڕ، هەرێمی حاویلە یان هاویلە هەمان هەڵوان، ئەڵوان، ئەڵوەن یان ئەوەی دیاکونوف و ئەوروپیەکان پێی دەڵێن لولو.

کەواتە پیشون هەمان چەمی سیروان لە هەورامان و هەورامان بەشێکە لە مەڵبەندی ئەڵوان، تەنانەت ئەڵوان و هەڵوان بە عەرەبی بە حولوان تۆمار کراوە. شاری سەرپێڵ بە حولوان دەناسرا و شارەکانی گێڵان و جەلەولا و گوڵاڵە هەمووی بە دیالەکتەکان یەک وشەن و لە ئولو یان لولووە هاتوون. حەلوان و حاویلەش یەکێکن.

٢- گیخون وا هەرێمی کوش دەور دەداتەوە واتە سنووری هەرێمی کوش، ڕووباری گیخون بووە. هەرێمی کوش هەمان هەرێمی کەش و کاشی یە . ئەگەر بتەوێ هەرێمی کەش یان" کەش پاک" دیاری بکەی هەموو زاگرۆس و پاتان وەک ئاگومات یان گاماس ی دووهەم شاهەنشای کەشوان-کاردونیا دەڵێ هەمووی خاکی ژێر دەسەڵاتی ئەون. پاتان یان ماتان و مادان هەمووی یەکن واتە ماد. بە گوێرەی نووسراوەکانی هێرودۆت هەتا ڕووباری ئاراخش (ئاراز) و چیای ماتاینی واتە ئاگری هەمووی پاتان یان مادە.

ماد و کەش یەکیکن. پایتەختی سیاسی مادەکان بێجگە لە هەرێمی مونا لە ساڵی ٧٠٠ی پێش زاییندا شاری کار-کەش بووە و لەو ساڵەدا شادیاکۆ ناوی گۆڕیوە بۆ هەنگپاتان یان هەنگماتان واتە هەمەدان.دیسانەوە جەخت دەکەمەوە کەش پات و ماد یەکێکن.

لە چیروانۆکە کوردییە کۆنەکاندا هاتووە پاڵەوانێک بە نێوی ئاراخش یان ئاراش تیرێکی لە چیایێکی بەرزەوە ئاراستەی ڕۆژهەڵات کردووە و لە ڕووباری گیهون تێپەڕیوە و چەقیوە بە بنەی دارە بەنێک دا و ڕووباری گیهون بووە بە سنووری ئیدین (هیتی).

هەڵبەت لە سەردەمی ساسانیدا چیرۆکی ئاراش پەل و پۆی زەردەشتیگەری پێوە نرا و کردیان بە شەڕی ئێران و توران و ئەم شتانە، دیارە ئێران و توران هەمان کوردانی کۆنن و لە کوردستانی کۆندا ژیاون پەیوەندی بە پانئیرانیستەکان و پان تورکیستەکانی سەدەی بیستەمەوە نیە وا مێژووی شاخ و باڵداریان بۆ خۆیان درووست کردوە.

کەواتە ڕووباری گیهون هەمان ڕووباری ئارازە وا لە چیاکانی شاری "تاتۆس" ی باکووری کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێ و بە ئاگری و ئارتوپات (اردوباد)دا تێپەڕ دەبێ و دەچێتە دەرای قەزوێن یان دەریای "کەش پی ئین". شاری قەزوێن باسی وشەی کەشوین یان کەش پی ئین دەکات. هەموو ئەو شوێنەی وا ئێستا پێی دەڵێن پارێزگای ئازەربایجان بە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە و هەمەدان و زەنگان و قەزوێن و تاران و کاشان هەتا ئەسفەهان و لوڕستان هەمووی هەرێمی کەش بوون و سەر بە دەوڵەتی کاردونیا بوون وا بابل پایتەختی بووە.

ڕووباری گیخون بە هۆی گیانفیدایی ئاراش ەوە ناوی گۆڕدرا بۆ ئاراش و ئاراز.

٣- ڕووباری شیدەگال، شیدەکەل، شیدە جە، ئیدیگنا (سومەری) هەمان دجلەی ئێستایە، شیدە لە زمانی کوردی دا بە خەرمانەی خۆری تیژدەڵێن وا چاو سووڕ دەکا. ئاوی ڕووباری دجلە زۆر درەوشاوەیە و سپی یە .سەبارەت بە "شید" کاتێ وەک "فعل" صرف دەکرێ بەواتای پێچاندن و سووڕاندن دێ.

٤- ڕووباری فراە ، بورانونا بە سومەری. فرات بە کوردی ئێستا ئەم ڕووبارە لە چاو ڕووباری دجلە نەرم و نیانترە و ئەوەندە خێرا نیە. سەرچاوەی ئەم ڕووبارەش باکووری کوردستان و مەڵبەندی دێرسمە.

بەم باسەوە دیارە باخی ئیدین بە گوێرەی ناوی ئەو چوار ڕووبارە هەمان کوردستانی ئێستایە و هەریمی شوروپاک و دیلمونا وا هاوتەریبی ئیدین ە ئەویش بەشێکە لە کوردستان.

شتەکان ئەوەندە ڕوون و لاوەکین هەرکەس بیەوێ زیاتر لەوە شی بکاتەوە دیارە مەبەستی سیاسی هەیە و دەیەوێ ناسنامە و پێناسەی کورد ئیگنۆر بکات و بیسڕێتەوە.

درێژەی هەیە...