بیر، سەرچاوەی لێک نزیکبوونەوە

بیر، سەرچاوەی لێک نزیکبوونەوە

فەڕانسە و ئینگلستان خاوەن مێژوویەکی پڕ لە کێبەرکێن هەر لە کۆنەوە. بەتایبەت ئەم کێبەرکێیانە لە سەدەکانی هەفدە و هەژدە بە ئەوپەڕی خۆیان دەگەن و ئێمە دەبینین شەڕ و ململانێی نێوان ئەم دوو زلهێزە لە سەر کۆلۆنییەکان و لەسەر نفوزی سەرەکی لە ئۆرووپا دەگاتە ترۆپکی خۆی.

شەڕە دەریاییە قورسەکان، شەڕی حەوت ساڵە و شەڕەکانی ناپیلیۆن نموونەی سەرەکین بۆ ئەم سەلماندنی ئەم گوتەیە.

بەڵام هەر لەو کاتەدا دەسەڵاتەکانی ئەم دوو وڵاتە لە شەڕ و ململانێ و پێشبڕکێیەکی بێ رەحمانە و خوێناویدا بوون لە دژی یەکتر، لە بواری ئەندێشە و بیردا خەریکە رووداوی تر سەرهەڵدەدا.

جۆن لاک بیرمەندی ئینگلیزی دەبێتە نموونەیەکی سەرەکی بۆ بیرمەندانی فەڕەنسی و لاک گەورەترین کاریگەریی لە سەر بیرمەندانی چاخی رۆشنگەری لە فەڕانسە جێدێڵێ. مۆنتسکیۆ نموونەی ئەم جۆرە بیرمەندە فەڕەنسییەیە. ئەو بیرمەندانەی بیرەکانیان دەبێتە هاندانێکی سەرەکی بۆ شۆرشی فەڕەنسی لە ١٧٨٩.

کەواتە ئەگەر لە لایەک ململانێی سیاسی و شەڕ لە پێناوی دەسەڵاتی زیاتر دەبێتە هۆی جودایی، بەڵام لە لایەکی ترەوە بیرمەندەکان رێچکەیەکی تر چێدەکەن. لە خۆوە نیە کە لە سەدەکانی دوواتر بە هاتنە ئارای دەوڵەتی مودێڕن و جێگیربوونی چەمکەکانی دیمۆکراسی، مافی مرۆڤ، ئازادییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دۆخێکی تر لە ئۆرووپا دێنە ئاراوە.

دەسەڵاتخواز سەرچاوەی شەڕ و ململانێیە و، بیرمەند سەرچاوەی لێک نزیکبوونەوە.

 

سایتی قەڵەم ٢٩ مانی سێی ٢٠٢٠

Opplysningstiden - Filosofi i skolen