شرۆڤە

چیرۆکنووسی چالاک

سارا ئەحمەدزادە

کەسایەتییەکان ناوێکی دیاریان نییە و کاراکتەرەکان وەکوو ڕێبوارێ لەناو ڕووداوەکاندا دێن و دەچن یانی کەسایەتییەکان زۆر گرنگ نیین بەڵکوو ناواخن و شیکاری ڕووداوەکان بەشێوەیەکی دەروونی گرنگە و باسی کێشەی مرۆیی دەکات.

 

چیرۆکنووسی چالاک

 

خوێندنەوەیەک لە سەر دوو رۆمانی فەڕۆخ نێعمەتپوور

سارا ئەحمەدزادە (خوێندکاری زمان و وێژەی کوردی لە زانستگا کوردستانی سنە)

لێکۆڵینەوەیەکی خوێندکارییە لە گۆڤاری 'ئاوزین' کە گۆڤارێکی سەر بە زانکۆی کوردستان لە سنەیە بڵاوکراوەتەوە

 

 

فەڕۆخ نێعمەتپوور (١٣٤٤- )

فەڕۆخ نێعمەتپوور نووسەر، وەرگێڕ و ڕۆژنامەنووس ساڵی ١٣٤٤ی هەتاوی لە شاری بانە، کوردستانی ئێران لەدایک‌بووە. خاوەن بڕوانامەی کارناسییە لە بواری فەلسەفەدا لە زانکۆی بلیندەرن لە شاری ئۆسلۆ. ئەم نووسەرە لە بواری ڕۆمان، چیرۆک و وتاری سیاسی و فکری‌دا چالاکییەکی بەرچاوی هەیە و گەلێک بەرهەمی لەم بوارانەدا پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کردووە. فەڕۆخ نێعمەتپوور ئێستا لە وڵاتی نۆروێژ دەژیت و بەردەوامە لە کاری نووسین و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی‌دا.

   فەڕۆخ نێعمەتپوور لە سەردەمی مێرمنداڵی و گەنجییەوە خوێنەری تایبەتیی کتێبی نووسەرانێک وەکوو: سەمەدی بێهرەنگی، عەلی ئەشرەف دەرویشیان، ویکتۆر هۆگۆ، بوزورگ عەلەوی، ماکسیم گورکی، چێخۆف، تۆلستۆی و هتد بووە. کاریگەریی زۆری لە نووسەرانی ئەدەبیاتی شۆرشی ڕووسیا وەرگرتووە وەکوو شۆلۆخۆف کە نووسەری ڕۆمانێکی بەناوبانگە بە ناوی دۆنی ئارام؛ بەڵام ئێستا زیاتر بە خوێندنەوەی ئەدەبی مۆدێرن و پۆست مۆدێرن سەرقاڵە و بەرهەمی ڕیالیستی زۆرتر دەخوێنێتەوە هەروا کە بە بەرهەمەکانی خۆشیدا دیارە، بەڕادەیەکی زۆر لە قوتابخانەی بەناوبانگ و زاڵی سەدەی نۆزدە واتا ڕیالیسم، کاریگەری وەرگرتووە. لەم چەند ساڵەی دواییشدا بە خوێندنەوە و وەرگێڕانی ئەدەبی نۆروێژی خۆی سەرقاڵ کردووە. فەڕۆخ نێعمەتپوور بە ڕۆمانی باڵندەی بریندار، ماسی سەرسام لە یەکەمین خەڵاتی کتێبی کورد بە ناوی د. برایم یوونسی کە لە ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی لە بانە بەڕێوە چوو، بووە براوەی یەکەمی ئەو خەڵاتە.

   فەڕۆخ نێعمەتپوور لە تەمەنی پانزە ساڵییەوە واتە لە ساڵی ١٣٥٩وە دەستی داوەتە نووسین و یەکەم جار لە گۆڤاری سروەدا بەرهەمەکانی چاپ کردووە و بەردەوام بە کاری نووسینی ڕۆمان و شیعر و لێکۆڵینەوە سەرقاڵ بووە؛ بەڵام ئێستا هیچ بەرهەمێکی شیعری نانووسێ و زیاتر لە بواری نووسینی ڕۆمان و وتار چالاکی هەیە. یەکەم ڕۆمانی فەڕۆخ نێعمەتپوور بە ناوی پەڕەسێلکەکانی کۆچ ساڵی ١٩٩٨ یانی ساڵی ١٣٧٦ی هەتاوی لە هەولێر چاپ کراوە. فەڕۆخ نێعمەتپوور بە دوو زمانی فارسی و کوردی ڕۆمان و وتاری ئەدەبی، سیاسی، فەلسەفی و کۆمەڵایەتی نووسیوە. فەڕۆخ نێعمەتپوور لە بواری ڕۆژنامەوانی چالاکیی بەرچاوی بووە بۆ نموونە لە کوردستانی عێراق بەرپرسی بەشی ئەدەبیی حەفتەنامەی ڕێگای کوردستان و گۆڤاری بیری نوێ بووە، هەروها بۆ ماوەیەک سەرنووسەری گۆڤاری قەڵەم بووە و چەندین ژمارەی لێ بڵاو کردەوە و ئێستاش لە ماڵپەڕی قەڵەم چالاکییەکی زۆری هەیە و بە بەردەوامی بەرهەمی ئەدەبی، کۆمەڵایەتی و سیاسی بڵاو دەکاتەوە؛ ماڵپەڕی قەڵەم یەکێکە لەو ماڵپەڕە بەڕۆژ و ئەدەبییانەی کە هەمیشە خاوەن بابەتی نوێ و تازەیە. وەک دیارە بەرهەمەکانی فەڕۆخ لە گۆڤارەکانی ڕامان، کاروان، پێشەنگ و بیری نوێ بڵاوکراونەوە و هەروەها لە ڕۆژنامەکانی ڕێگای کوردستان و برایەتی، شیعر و لێکۆڵینەوەی خۆی بڵاو کردووەتەوە. فەڕۆخ نێعمەتپوور بۆ ماوەی ٢٧ ساڵە لە دەرەوەی وڵات دەژی و سەرەڕای ئەو هەموو دووربوونە لە زێد و وڵاتی خۆی هەرگیز لە چالاکییەکانی کەم نەکردووەتەوە و بەردەوام بووە لە نووسین و کاری ئەدەبی.

بەرهەمەکانی:

 فەڕۆخ نێعمەتپوور خاوەن ٢٥ کتێبی فارسی و کوردییە کە بریتیین لەم ڕۆمان و کۆمەڵە چیرۆکانە:

١- پەڕەسێلکەکانی کۆچ، (ڕۆمان). چاپی سەردەم: ١٩٩٨.

٢- ئێوارەی شار، (کۆمەڵە چیرۆک).

٣- خۆشترین ڕۆژی دنیا، (کۆمەڵە چیرۆک). وەزارتی ڕۆشنبیری: ٢٠٠٩.

٤- ساڵەکانی خەون، (ڕۆمان). وەزارەتی ڕۆشنبیری: ٢٠١٠.

٥- شەوانی بۆن و سەفەر، (کۆمەڵە چیرۆک). وەزارەتی ڕۆشنبیری: ٢٠١٢.

٦- پێنج سەفەر وێنەیەک، (ڕۆمان). پەخشانگەی ئازادی: ٢٠١٣.

٧- لەگەڵ چپەی گەڵاکان، (کۆمەڵە چیرۆک). پەخشانگەی ئازادی: ٢٠١٣.

٨- تەماتەی ئەهرامی سەلاسە، (کۆمەڵە چیرۆک). چاپەمەنی مانگ: ٢٠١٤.

٩- باڵندەی بریندار، ماسی سەرسام، (ڕۆمان). چاپەمەنی مانگ: ٢٠١٤.

١٠- گوناهی گەورە، (ڕۆمان). کانی کتێب: ٢٠١٥.

١١- سێوە گڕاوییەکان، (کۆمەڵە چیرۆک). کانی کتێب: ٢٠١٥.

١٢- دراکولا و سەفەر بۆ ڕۆژهەڵات، (کۆمەڵە چیرۆک) ٢٠١٦، کانی کتێب.

١٣- چیرۆکی شۆڕش، (ڕۆمان). کانی کتێب: ٢٠١٦.

١٤- پەڵەی لیخن، (کۆمەڵە چیرۆک). کانی کتێب: ٢٠١٦.

١٥- سەرۆک، (کۆمەڵە چیرۆک). کانی کتێب: ٢٠١٦.

١٦- خەیاڵاتی بێهودە، (ڕۆمان). چاپەمەنی ناوەند: ٢٠١٨.

١٧- دەستە کلیل، (کۆمەڵە چیرۆک). چاپەمەنی ناوەند: ٢٠١٨.

١٨- نیشتمان بە زمانی با دەدوێ، (کۆمەڵە چیرۆک). گوتار: ٢٠١٨.

١٩- گوڵەکان و مرۆڤەکان، (کۆمەڵە چیرۆک)

٢٠- کاتێک هاشم لە زیندان گەڕایەوە، (ڕۆمان) ٢٠١٩.

٢١- ماجراهای بابا، (مجموعە داستانهای بە هم پیوستە) ٢٠١٩.

٢٢- ڕەنگەکان ئەو ساڵانە بەجێمان، (کۆمەڵە چیرۆک) ٢٠١٩.

٢٣- شبی ماهی سیاه کوچولو بە خوابم ‌آمد، (داستان برای نوجوانان) ٢٠١٩.

٢٤- یک روز قبل از عاشورا، (رمان) ٢٠١٩.

٢٨- سال های جنگ، (رمان) ٢٠١٩.

  وەرگێڕانی کتێب:

١- کتێبی کاری کرێگرتە و سەرمایە (کارل مارکس، وەرگێڕان لە فارسییەوە) ١٩٩٩، چاپی سلێمانی.

٢- کتێبی گوڵی جاکارندا Toril Brekke (کۆمەڵە چیرۆک، وەرگێڕان لە نۆروێژییەوە)، ٢٠٠٥، چاپی سلێمانی.

٣- کتێبی فەلسەفە لە مێژوودا (فەلسەفی، وەرگێڕان لە نۆروێژییەوە)، ،٢٠٠٩ چاپ سەردەم.

٤- کتێبی ئەستێرەکان چیرۆکی عاشقانە دەگێڕنەوە (کۆمەڵە چیرۆک، لە ئینگلیزییەوە).

٥- کتێبی هیومانیسم و ژین‌ڕوانگە دونیاییەکانی تر (فەلسەفی، وەرگێڕان لە نۆروێژییەوە).

٦- کتێبی فەلسەفەی دڵەڕاوکێ Hans Herlof Gerlland  (فەلسەفی، وەرگێڕان لە نۆروێژییەوە).

٧- کتێبی ڕۆمان چییە (ئەدەبی، وەرگێڕان لە نۆروێژییەوە).

وت‌ووێژ:

١- رمان‌نویسی و داستان های کوتاه در زبان کردی، 1378.

٢- نما و پەڕەسێلکەکانی کۆچ. سازدانی: ڕەوشت ڕەشید، ١٩٩٩، ڕۆژنامەی ڕێگا.

٣- زمانی کوردی بۆ توێژینەوەی فەلسەفی. سازدانی: ئارام سدیق، ڕۆژنامەی هەولێر.

٤- نە فەزای کۆی رەها و نە فەزای تاکگەراییەکی رەها. سازدانی: ڕۆژنامەی هەولێر.

٥- دیالکتیکی نێوان دوور کەوتنەوە و بەردەوام بینین، مەنتقی پرۆسەی فەلسەفییە. سازدانی: ڕەخنەی چاودێر.

٦- خوێندنەوەی تاک‌ڕەهەندی، خۆی هۆکارێکی قەیرانە. سازدانی: ڕابەر فایەق.

٧- ڕۆمان وگێڕانەوە. سازدانی: شاڵاو حەبیبە ٢٤/١٢/٢٠٠٩ ئۆسلۆ.

٨- لە بابەت ڕۆمانی ساڵەکانی خەون. سازدانی: شەریف فەللاح.

٩- گێڕانەوە، توخمی سەرەکیی چیرۆک. سازدانی: غەمگین بۆڵی.

١٠- تەوەر لە سەر ڕۆمان. سازدانی: هەرێم عوسمان.

١١- فەنتازیا بە تەنیا ناتوانێ جیهان بگۆڕێ. سازدانی: دڵخواز فەیزوڵڵا.

١٢- بەسەرهاتی نووسەر، بەسەرهاتی دەق. سازدانی: غەمگین بۆڵی.

١٣- ئازارێک کە قارەمان لە سەری بڕیاردەر نییە. سازدانی: هەرێم عوسمان.

١٤- جوڵەی بەردەوام، پێناسەی ڕۆشنبیر. لەگەڵ ئاڵای ئازادی.

١٥- نووسین دەستەمۆکردنی ترسە. ئامادەکردنی: شاخەوان سدیق.

١٦- گفتوگۆ لەگەڵ فەڕۆخ نێعمەتپوور. سازدانی تەوەر: خەمگین خدر، بڵاوکراوە لە پاشکۆی کلتور و ئەدەبی هەفتەنامەی ڕووداو.

وتاری ئەدەبی و فەلسەفی:

١- نگاهی به ادبیات داستانی در کردستان ایران 1388.

٢- خوێندنەوەی ڕۆمان لە دوو چاخی جیاوازدا.

٣- تەنیا نووسەر دوو جار دەمرێ.

٤- سەبارەت بە وشەی جوانی.

٥- چیرۆکی هەزار و یەک شەو.

٦- بوون یان نەبوونی حیکایەتە گەورەکان.

٧- شاید چنین باشد!

٨- زەوییەک پڕ لە خوداکان.

٩- ئاشنایەکی نامۆ، نامۆیەکی ئاشنا.

١٠- بوون و نەبوون.

١١- شوناسی نوێ، شوناسی تاک.

١٢- گوناح.

١٣- شەڕ، ئەخلاق، سەردەمی نوێ.

١٤- شەڕ و دیموکراسی، دوو ئاراستەی تەواو جیاواز یاخود لێکدراو.

١٥- بزربوونی چەمکی ڕێبەر لە کۆمەڵگای مەدەنی.

١٦- ئازادی تاک، بەرهەمی پرۆسەیەک لە بنەماڵەوە دەست پێدەکا.

١٧- سەبارەت بە شوناسی کۆچبەر.

١٨- فەلسەفە وەک کۆیەکی کولتووری.

وتاری سیاسی و کۆمەڵایەتی:

١- جنگ مذهبی و آینده تیره و تار منطقه. 1394.

٢- نگاهی به وضعیت سیاسی مناطق کردنشین. 1392.

٣- استقلال کردستان؟ 1392.

٤- قاسملو. در نوع خود میراثی قابل تأمل. 1390.

٥- تشدید میلیتاریزم در منطقه. 1386.

٦- سیاسەت و کلتور.

٧- فوتبالیست، مهاجر و مزدور.

٨- نیچە روخساری دژ، بەڵام قووڵ.

 

 

سەبارەت بە ڕۆمانی پەڕەسێلکەکانی کۆچ:

ڕۆمانی پەڕەسێلکەکانی کۆچ یەکەم ڕۆمانی فەڕۆخ نێعمەتپوورە و وەکوو یەکەم بەرهەمی ئەدەبی فەڕۆخ، بەنرخ و خاوەن باس و شیکاریی تایبەتە. سەرەتا ئاماژە بەوە بکەم کە بە گشتی ڕۆمانەکانی فەڕۆخ نێعمەتپوور کەشێکی تەواو کوردانە ئەخولقێنن واتا کاتێک خوێنەر ڕۆمانەکانی ئەخوێنێتەوە بۆی دەردەکەوێ کە ئەو دیمەنەی نووسەر دەیکێشێتەوە لە باری شوێن و کات و ناوی کەسایەتی و هەروەها هەندێ چەمکی تایبەت، خاوەن مۆرکی کوردانەیە. پەڕەسێلکەکانی کۆچ وەکوو یەکەم ڕۆمانی نووسەر، بێگومان بێ‌بەری نییە لەم مۆرک و تایبەتمەندییانە. پەڕەسێلکەکانی کۆچ وەک بە ناوەکەیدا دیارە کۆچ و غەریبایەتی چەمکی ئەسڵی ڕۆمانەکە پێک‌ئەهێنن، لە ژێر ناوی کۆچ کەسایەتییەکان ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە و مەجبوورن بە ناچاری کۆچ بکەن بە مەبەستی گۆڕانکاری ئەو بارودۆخە نالەبارەی کە کۆمەڵگایەکی کوردی تووشی بووە.

 کەمال کەسایەتی سەرەکی نێو ڕۆمانەکەیە کە لە زەمەنێکدا دەژی شەڕ و بۆمباران شاری هەراسان کردووە و بە جۆرێک ژینی تاڵ کردوون، کەمال دەیەوێت وەکوو ڕۆشنبیرێک و لاوێکی خوێنەوار لەگەڵ هاوڕێکانی بچێتە ناو شۆڕشێک بۆ ئەوەی بە بیر و فکری خۆی گۆڕانکارییەک بەدی‌بێنێ بەڵام بێجگە بڵاوکردنەوەی چەند وەرەقەیەک هیچی تر لەم شۆڕشە دیار نییە کە لەڕاستیدا هەر دیاریش نییە ئەو وەرەقانە باس لە چی دەکەن!

ئەگەر بڕوانین بۆ ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێ کە چەندە چەمکی مردن وەکوو سەرچەشنی سەرەکی لە ناو ڕۆمانەکەدا دەور ئەگێڕێ و تەمێک بەردەوام لە ئاکامی ڕووداوەکان‌دایە، بۆ نموونە سەرنج بدەینە ئەم ڕستانە: کە مەرگ دەبینی زیاتر هەست بە تەنیایی دەکەی. بڵێی مەرگی بەکۆمەڵ و خوازراو هەستی تەنیایی بڕەوێنێتەوە؟ (لل١٣). جاری وایە مەرگ ژیان باشتر دەخاتە بەرچاو ئەوەندەش باش کە تێیدا نوقم دەبی!. (لل ١٤٦). زۆر کەس پێش ئەوەی بمرن، دەمرن. ژیان دەبێ بە تابووتیان. بە درێژایی تەمەن تێیدا ڕادەکشێن... (لل١٦٤).

 بەخوێندنەوەی ڕۆمانەکە، خوێنەر هەستێکی نۆستالژیکی لە لا دروست ئەبێ؛ و نووسەر ڕیالیستییانە ڕووداوەکان بەشێوەیەکی ئاڵۆز سەرەتا لە زمانی یەکەم کەسەوە واتا کەمال کە کەسایەتی سەرەکییە، ئەگێڕێتەوە و دواتر لە گۆشەنیگای دووهەم کەس و گۆشەنیگای سێهەم کەسی هەمووشتزان لە نێوان گێڕانەوەکاندا ڕستە و هەندێک ڕوانین دەرئەبڕێ کە زۆرجار لە پەخشانێکی تەواو ئەدەبی، فەلسەفی و یا بیرێکی قووڵ نزیک ئەبێتەوە، بەڕای من هەندێ جار کاتێ گۆشەنیگای سێهەم کەس دێتە قسە تەواوی ڕەمز و ڕازەکانی نووسەر لە بەرامبەر ڕۆمانەکە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دێتە بەرچاو واتا نووسەری هەمووشتزان لەو بەشەدا زۆرترین تەوسیف و زۆرترین ڕوانینی ئەدەبی و فەلسەفی ئەدرکێنێ هەرچەندە کە لە دیالۆگەکان و گۆشەنیگاکانی دیکەشدا هەوڵی داوە تەوسیف و و ڕستەی ئەدەبیش بەکاربێنێ.

عەشق، واتا ئەو بابەتەی کە زۆر جار ڕووبەڕووی ئەبینەوە بەڵام دیمەنێکی پڕ لە ترس و دڵەڕاوکێ و دوورییەکی هیچ کات پێک‌نەگەیشتوو ئەنوێنێتەوە. کەمال عاشقی سەیرانە و تەنیا بە نیگا ئەتوانن ئەو هەستە قووڵە بگۆڕنەوە لەبەر ئەوەی شەڕ و هەل‌ومەرجی سەخت ئەو مەدوایەی دوور کردەوە و نەیهێشت تەنانەت یەک لێدوانی چکۆلەش پێکەوە بگۆڕنەوە، سەیران دوای کۆچی کەمال بۆ ئەو دیوی سنوور چاوەکانی لە چاوەڕوانیدا بۆ هەمیشە کوێر دەبێت. یا کەسایەتییەکی دیکە وەکوو فاتێ کە خوشکی کەمالە و ئەویش مەجبوور دەبێ شوو بکا بە کەسێک کە هیچ خۆشی ناوێ و ئەو کەسەی شووی پێدەکات بە کەسایەتییەکی خۆفرۆش ناسراوە کە لە دواییدا کاتێ ئەزانێ ژنەکەی لەگەڵ کەسێکی تر بە ناوی حەمید کە خۆشەویستی فاتێ بووە، لە پەیوەندی‌دایە؛ هەردووکیان ئەکوژێت و خۆشی لە زیندان گوایە بەر بۆمباران ئەکەوێت و ئەمرێت.

بەکارهێنانی وشەی ڕەسەنی کوردیی و کەڵک وەرگرتن لە هەندێ ڕستە کە تەواو کوردانەن، بۆ وێنە وشەگەلێکی وەکوو ئەمانەی تێدا ئەبیندرێ: کۆلیتە، پەکوو، دەسمێ، بڕشت، پریاسکە، هەڵەنگوت، حەجمین، ڕۆچن، گڕنی گڕنی و هتد. بەگشتی زمانێکی پوخت و ڕەسەنی تێدا بەدی ئەکرێ، لەگەڵ ئەوەی کە لە خوێندنەوەی یەکەمدا کەمێ ئاڵۆز دێتە بەرچاو و ڕووداوەکان تێکەڵاو باس دەکات و دیالۆگی بە کەمی تیا ئەبینرێ و هەروەها خاوەن بیری قووڵ و شێوە ڕوانینی تایبەتە، دەتوانین بڵێین کە زمانەکەی سادە و ڕەوان و چێژبەخشە و ڕستەکانی کورت و پشت سەری یەکە و پەلەییەکی پێوە دیارە کە خوێنەر کاتێ ئەیخوێنێتەوە ئەزانێ کە نووسەر لە یەک ڕستەی کورتدا دەیهەوێت تەوسیفی شوێنێک بەخێرایی بکات.

کەسایەتی قارەمان لە هیچ‌کام لە کەسایەتییەکاندا بەدی ناکرێت بەڵکوو کەسایەتییەکان ئاسایی و سادەن، بەڵام دوو جۆر کەسایەتیی ئەبینین ئەوانەی کە لەگەڵ هەل‌ومەرجی تێکەوتوو ڕادێن و هیچ هەوڵێک بۆ ڕزگار بوون نادەن و ئەوانەشی کە ناتوانن لەگەڵ ئەو بارودۆخەدا بسازن و هەوڵی گۆڕانکاری ئەدەن بەڵام لەڕاستیدا مەحکووم بە مەرگ و تاراندن ئەبن و گیرۆدەی تەنیایی، ترس، دڵەڕاوکێ، نەهامەتی، کۆچ و شەڕ و پێکدادان ئەبن.

محەمەدساڵح سووزەنی سەبارەت بەو ڕۆمانە وتارێکی نووسیوە بە ناوی تامی شکۆفە و کۆچ و مەرگ، ئەو ساتانەی شێعر و ڕۆمان و فەلسەفە لێک دەئاڵن. ساڵح سووزەنی بە باشی ئاماژەی بە چەندین لایەنی وەکوو زمانی ڕۆمان، کات و شوێن، کەسایەتی، گۆشەنیگاکان و هتد کردووە. بێجگە ساڵح سووزەنی سامان حسەینی و ئازاد کەریمی سەبارەت بەو ڕۆمانە وتاریان بڵاو کردۆتەوە، کە وتارەکەی ئازاد کەریمی بە زمانی فارسییە بە ناوی «نقدی بر رمان پرستوهای کوچ».

سەرچاوەکان:

محەمەدپوور، کاوان. وتووێژ لەگەڵ نووسەر و وەرگێڕ عەبدوڵڵا کەیخوسرەوی. سیروان. ژمارەی ٩٥٥. ساڵی ١٣٩٦.

نێعمەتپوور، فەڕۆخ. پەڕەسێلکەکانی کۆچ. چاپی دووهەم، سلێمانی: وەزارەتی ڕۆشنبیری. ٢٠٠٩.

 

 

 خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی گوناهی گەورە

ڕۆمان یەکێکە لەو ژانرە نوێیانەی کە لە سەردەمی ئێستادا بەشێوەیەکی گرنگ دەور ئەبینێ و خاوەن مۆرک و شێوازی تایبەتی خۆیەتی. ڕۆمان وەکوو ژانرێکی ئەدەبی لە کۆمەڵگای ڕۆژئاوا لە سەدەی ١٨ بەم‌لاوە دەست پێ‌ئەکا و بەتەواوی لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا خۆی ئەنوێنێ. بەڵام لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات بەداخەوە زۆر درەنگ سەرهەڵ ئەدات، هەم لە نەتەوەی فارس و هەم عەرەب و هەروەها نەتەوەی کوردیش، بەگشتی مێژووی سەرهەڵدانی ڕۆمان لە کوردا ئەگەڕێتەوە بۆ دەوروبەری سەد ساڵ لەمەوبەر کە عەرەب شەمۆ یەکەم ڕۆمانی کوردی بە ڕێنووسی کریلیک بە ناوی شڤانێ کورد لە ساڵی ١٩٣٠دا نووسی. بەگشتی ڕۆمان ئی سەردەمی مۆدێڕنە و بەو هۆیەش کە مۆدێڕن بوون درەنگتر لە جیهانی ڕۆژهەڵات سەری هەڵداوە، ڕۆمانیش هەر وەکوو زۆریەک لە ژانرە نوێکان وەکوو شانۆنامە و شێعری نوێ بەپێی مۆدێڕن بوون درەنگتر پەیدا بووە و بوژاوەتەوە. شێلینجێر دێتە سەر ئەو باوەڕەی کە ڕۆمان بە گونجاوترین شێواز بۆ نیشاندانی جیهانی مۆدێڕن دائەنێت. (لە کتێبی جیهانی ڕۆمان. هاشم ئەحمەدزادە. ل11)

بە بڕوای من ڕۆمان ئەو ژانرەیە کە زیاتر لە هەموو ژانرە ئەدەبییەکان منی خوێنەر یا منی هۆگر بە ئەدەبیات وا لێدەکات کە بیرکردنەوەکانم ئاڕاستەی نوێ بگرنە بەر و بە ڕێگایەکدا بڕۆم کە پێشتر تاقیم نەکردۆتەوە. ڕۆمانی باش ئەو کانگای بیر و هەستەیە کە لە زۆربەی ژانرەکان ئازادتر و واقیعی‌ترە. واقیعییەتێک کە زۆر جار تێکەڵ بە خەیاڵێک ئەبێ کە ئەو خەیاڵەش دووبارە ئەتباتەوە هەمان دنیای واقیعی. گرنگایەتی ڕۆمان بە تێپەڕینی زەمەن زیاتر و زیاتر خۆی دەرئەخا و هەمیشە ڕۆمان چ بە لایەنە باش و جوانەکانیەوە چ بە لایەنە خراپ و دزێو و ناشیرینییەکانیەوە ئاوێنەی باڵانوێنی ڕەوتی کۆمەڵگا بووە. ڕۆمان وەکوو هێڵێکی سەرەتایی و کۆتایی هەر سەردەمێک ورد و درشتی وێنەکان بە هەزاران وەسف و دنیایەک وشەوە ئەنەخشێنێ.

وەکوو پێداچوونەوەیەکی کورت بۆ ڕۆمانی گوناهی گەورە دەمەوێ ئاماژە بەوە بکەم لە چەشنی ئەو ڕۆمانانەیە کە کورت و کۆ مەبەستێکی دەروونی و ناوەکی ئەگەیەنن، ڕۆمانێکە بە ١٧٨ لاپەڕەوە کە تەنیا یەک کەسایەتی سەرەکی وەکوو کاراکتەری ئەسڵی و بەرچاو تێدایە بە ناوی بێزار لە کارەسات، هەر خۆی ناوی کاراکتەرەکەی نامۆ و جێی سەرنجە! ئاخۆ دەبێ چەندین کارەسات کە ئەگەر بەڕاستی کارەسات بن لە دەوری ژیانی ئەو کاراکتەرە بخولێنەوە و وای لێبکات کە بێزار لە کارەساتەکانی ژیان بێ!

هەمووی ڕۆمانەکە کۆی ڕووداو گەلێکن چ بە ڕووداوی سادە چ بە ڕووداوی دەرەکی و دڵ‌هەژێن یا ڕووداوی ساکار و سەرەتایی بەگشتی هەمووی لە سنووری کۆڵانێک ئەولاتر تێناپەڕێ کەواتە شوێن لە ڕۆمانەکە هێندە بەرتەسک و بچووکە، خوێنەر لە هەموو کتێبەکەدا هەست‌دەکات یەک بە یەکی مروڤەکانی ناو ئەو کۆڵانە دیلی ئەو شوێنەن بە هەموو بیرەوەرییەکانیانەوە چ شتێک ڕووبدات تەنیا ئەو کۆڵانەیە کە ئەبێتە شوێن و جیهانی ڕووداوەکانی ناو ئەو ڕۆمانە. لەڕاستیدا هەمووشتێک چ بە دیدی ڕئالی و چ بە دیدی خەیاڵی و زێهنی هەر لە دەوروبەری ئەو کۆڵانە ئەفڕێ. 

هەروها یەکێ لە لێڵی و نامۆبوونی ناو ڕۆمانەکە ئەوەیە کە لە ناو بردن و باس کردنی ساڵەکانیشدا، نووسەر بە ساڵێکی دیاری کراو ناینووسێ بەڵکوو بە ناوبردن و ئاماژە بە ڕووداو یا کارەساتێك کە لەو ساڵەدا ڕووی داوە، و ئەمەش ئەوە پیشان ئەدات کە نووسەر لە نەریتێكی کوردەواری شارەزایی هەیە و لە ڕۆمانەکەدا بە باشی کەڵکی لێ وەردەگرێ. وەنەبێ ئەم شێوە بیرکردنەوە لە کوردا نەبێ بەڵکووی ئەوەی بابەتەکە زیاتر نامۆ نیشان ئەدات لە ئەدەبەکەدایە و داڕشتنە ئەدەبییەکەیەتی کە بە جوانی خستوویەتیە ناو چوارچێوەیەکی ئەدەبی نوێ کە لە ساڵانی کۆتایی سەدەی بیستدا لە دنیا بڕەوی سەند؛ وەک چۆن ساڵانی زوو لە زمانی کەسە بە تەمەنەکانەوە گوێبیستی ئەو جۆرە ساڵانە بووین بۆ وێنە ساڵی چۆلەکە زۆرەکە یا ساڵی بەفرە زۆرەکە و.... نووسەر بە هەمان شێوە لە ڕۆمانەکەیدا ئاماژە بە چەندین ساڵ دەکات وەکوو: ساڵی لافاو، ساڵی شۆڕش و ساڵی شەڕ، ئەو سێ ساڵە وەکوو زەمەنێکی زەق خۆیان ئەنوێنن کە زۆربەی ڕووداوەکان لەو ساڵانەدا بوون و ئەوەندە کاریگەرییان بووە تەنانەت کاریگەری لەسەر ساڵانی دواتریش دادەنێ و بەجۆرێک لە بارودۆخی مرۆڤەکانیش ڕۆڵی گێڕاوە.

بێزار لە کارەسات کە لەسەرەتای ڕۆمانەکە تەمەنی چواردە ساڵانە و وەکوو مێرمنداڵێ لەناو ڕووداوەکان دێت و ئەچێ کە بەرە بەرە بەپێی دنیابینی و بیری خۆی بەردەوام تێڕوانینی فەلسەفی و فکری هەیە بۆ سەرجەم ڕووداوەکان، لە هەندێک شوێندا پرسیارەکانی ئەوەندە فەلسەفی و بیرهەژێنە، خوێنەر دەزانێ کە کەسایەتی ئەسڵی پرسیارەکان و تێروانینەکانی لەگەڵ تەمەنی یەک ناگرنەوە واتا جۆرێک ناهاوسەنگی تێدا ئەبینرێ.

بەردەوام کارەساتەکان هەڵگری بیر و هزرێکی مەعریفی و فەلسەفی ئەبن کە خوێنەر بەرەو دنیای تێفکرین و تێڕامان ڕائەکێشن. بەڵام بەگشتی دیالۆگ و گفتوگۆی زۆر بە کەمی تێدا ئەبیندرێ، لە هەموو کتێبەکەدا بەس نووسەری هەمووشت‌زان (دانای کل) قسە دەکات و بابەتەکان بە باشترین شێوە پشت سەری یەک ڕیز ئەکات بەڵام بە بێ گفتوگۆی کاراکتەرەکان بێ ئەوەی خوێنەر هەست بە هیچ کاراکتەرێک بکات، تەنانەت ئەو کاتەش کە کاراکتەرەکان قسە ئەکەن هەست ئەکەی کە خودی نووسەرە لە زمانی ئەوانەوە قسە ئەکات.

کەسایەتییەکان ناوێکی دیاریان نییە و کاراکتەرەکان وەکوو ڕێبوارێ لەناو ڕووداوەکاندا دێن و دەچن یانی کەسایەتییەکان زۆر گرنگ نیین بەڵکوو ناواخن و شیکاری ڕووداوەکان بەشێوەیەکی دەروونی گرنگە و باسی کێشەی مرۆیی دەکات.

یەکێ لە تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی ئەو کتێبە کە من تا ئێستا لە هیچ کتێبێک نەمدیوە و ناشزانم مەبەستی لەو جۆرە نووسینە چییە؟! هەر لەسەرەتاوە تا کۆتایی هەر باسێک و ڕووداوێ یا هەر پرسێ کە ئاراستەی ئەکا بە هەر وشەیەک کە کۆتایی بێ هەر بەو وشەوە پرسێکی تر دەست پێ ئەکا‌! ئەوە خۆی لە خۆیدا جۆرێک داهێنانی نوێی نووسەرە و بۆ خوێنەر سەرنجڕاکێشە، بۆ نموونە بڕواننە ئەم وێنەی خوارەوە کە بەشێکی بەم دوو خەتە تەواو دەبێ:

«بێزار لە کارەسات» پێی وایە یەکێک لە کارەساتەکانی ژیان ئەوەیە کە خەڵکی کەسێک بە قارەمان بزانن و، بەڵام خۆی خۆی بە قارەمان نەزانێت.

و بەشی دوای ئەو ڕستە ئاوا دەست پێدەکات:

نازانن، هیچ کام لە خەڵکی گەڕەک نازانن کە یەکێک لەوانەی وا لەم کۆڵانەدا دەژی (پیاوێکی قژبژ)، خەڵکی ئەم سەردەمەی بە سەر سێ بەرەدا دابەش دەکرد: بەرەی لافاو، بەرەی شۆڕش و بەرەی شەڕ. ئەو پێی‌وایە لافاو ڕاهێنانێكی سروشتییانە بوو بۆ شۆڕش و شۆڕشیش ڕاهێنانێکی کۆمەڵایەتییانە بوو بۆ شەڕ.

ئەو دوو ڕووداوە سەرەتاییە کە بۆ بێزار لە کارەسات ئەبێتە دوو ڕووداوی گرنگی ژیانی و بەجۆرێک لە هەموو ڕووداوەکان یادێک لەو دوو کارەساتە دەکاتەوە واتا کەوتنەخوارەوەی زەڕنەقووتەکە و لە سێدارەدانی پشیلەکە. ئەو دووانە کە لە ناو دەقەکە بە کارەسات لە قەڵەم ئەدرێن، نووسەر هەوڵ ئەدات بە پرسیارێ پێوەندییەک دروست کات لە نێوان ئەو دوو کارەساتەی کە کەسایەتییە سەرەکییەکە هەر لە سەرەتاوە بێزار ئەکات لە هەموو کارەساتێک. بەردەوام سۆزێک تێکەڵ بە عەقڵانییەت و بیرکردنەوە ئەبینرێ، هەندێ جار سۆزێکی ئاشکرا و ڕووت و هەندێ جاریش سۆز و عاتیفەیەکی شاراوە لە پشت وێنە و ڕستەکانەوە.

شێوازی نووسینی ڕۆمانەکە بەوجۆرەی کە دیار و بەرچاوە، واپێدەچێ لە بزوتنەوەی «ڕۆمانی نوێ» وەرگیرابێ هەرچەندە بەپێی ئاماژەی نووسەر، خۆی بە هیچ قوتابخانەیەک نابەستێتەوە. بەڵام کاتێک بەرهەمەکە ئەکەوێتە بەرچاوی خوێنەر بە ئاشکرا دیارە کە ئەمە ڕۆمانێکی ڕیالیستی نییە و زیاتر بەرەو ڕۆمانی نوێ پەل دەهاوێ. ڕۆمانی نوێ لە ڕاستیدا بزوتنەوەیەکی ئەدەبی لە ڕۆژئاوایە لە کۆتایی سەدەی ١٩٥٠ کە لە فەڕانسە سەری هەڵدا و هاوکات بوو لەگەڵ گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی فەڕانسە، ئەم شێوە نوێ و مۆدێڕنەی ڕۆمان لە ئورووپا ڕەخنەیەک بوو بەرانبەر ئەو شێوازە کلاسیکی و سونەتییەی پێشوو کە کەسایەتییەکان لەگەڵ ڕووداوەکان پێوەندی لۆژیکیان هەبوو، بەڵام لە ڕۆمانی نوێ ڕووداوەکان لەوانەیە تێکەڵ ببن و هەر دەمێ باسی شتێک بێ وپێوەندییان پێکەوە نەبێ. هەروەها لەم شێوە ڕۆمانەدا کەسایەتییەکان شوناسی خۆیان لە دەست ئەدەن و ناوێکی دیاریان نییە بەڵکوو بەشێوەی جێناوی جیاواز یا پیتی یەکەم یا هەر شتێکی دیکە ناویان لێ ئەبرێ وەکوو بێزار لە کارەسات یا پیاوێکی قژبژ لە ڕۆمانی گوناهی گەورە، یا وەکوو یوزف.ک لە کتێبی محاکمەی کافکادا.

نووسەر بەگشتی نوێگەرانە و مۆدێڕنانە ئاوڕ لە هەموو پرسەکان ئەداتەوە و کێشە ناوەکی و دەرونییەکان شی ئەکاتەوە لە زمانی هەندێک لەو کەسایەتییە نادیارانە کە خوێنەر ئەستەمە بەتەواوی بیانناسێ چونکە لەڕاستیدا مەبەستی نووسەر خولقاندنی کەسایەتی و گەڵاڵەیەکی مەنتقی نییە کە خوێنەر چێژی لێ ببینێ بەڵکوو مەبەستی ئەوەیە شێواز و قاڵبێک پێشکەش بکات کە زنجیرەی ڕووداوەکان بنوێنێتەوە کە لەوانەشە هیچ کام لە ڕووداوەکان پێوەندییان پێکەوە نەبێ.

ئەو دوو ڕووداوەی لەسەرەتاوە تا کۆتایی دووپات ئەبنەوە واتا کەوتنە خوارەوەی زەڕنەقووتەکە و لەسێدارەدانی پشیلەکە ئەتوانین وەکوو بابەتی ئەسڵی و سەرەکی ڕۆمانەکەدا ببینین و هەموو ڕووداوەکانی تر بە دەوریان‌دا بخولێنەوە و زۆر جار بێزار لە کارەسات زۆربەی ڕووداوەکان پەیوەند ئەداتەوە بەو دوو ڕووداوە. ترس، دڵەڕاوکێ، ئومێد و نائومێدی، شەڕ و ئاشتی، بێدەنگی و دروشمی ژیان، مانایی و بێ‌مانایی ژیان، سەرکەوتن، تەنیایی، مردن، ڕابردوو، داهاتوو و... ئەمانە لە ڕۆمانەکەدا بەرچاون کە زۆربەیان وەک لەوەی دەرەکی بن هەستی ناوەکی و دەروونین.

گۆڤاری ئاوزین