شرۆڤە

رۆمانی "خەوتوو"

گەشبیر ئەحمەد

بە بڕوای من خاڵی بەهێزی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە کە نووسەر بارتەقای فراوانی ئاسمان بابەتی هەستیاری ورووژاندووە پرسیارگەلێکی زۆر دروست کردووە و وەڵامەکانی بۆ خوێنەر بەجێ هێشتووە، وات لێدەکات کە تۆش ببیت بە فیگۆرێک لەم ڕۆمانەدا و ڕۆڵێکی کاریگەریت هەبێت.

 

 

خەوتوو... ئەو ڕۆمانەی کە خەبەرمان دەکاتەوە لە کەوالیسی ڕوداوەکاندا

لێرەدا ڵاڵەکان قسەدەکەن و مردووەکان دەژین! (نووسراوی سەر کتێبخانەیەک لە بۆدابیست).

ئەشێ هەریەکێ لە ئێمە پێویستی بە زەنگێک هەبێت بۆ ئەوەی بەئاگا بێینەوە لە پشت پردەی ڕوداوەکانی ئەم ژیانە. ڕۆمانی خەوتوو لە نووسینی (ئارام شێخ وەسانی) پێشنیار دەکەم هەرچیتان بەدەستەوەیە دایبنێن و ئەم ڕۆمانە بخوێنەوە بەڕاستی ناوازەیە، لەڕووی چیرۆک و تەکنیک و ناوەڕۆکەوە. دەتوانم بڵێم: لەڕادە بەدەر نایابە. بە سادەیی دەست پێدەکات، وەلێ هێدی هێدی لە دەشتەوە بۆ چەم لە چەمەوە، بۆ دۆڵ لە دۆڵەوە بۆ خەرەند و لە خەرەندەوە بۆ چیا سەرمان دەخات. بە گشتی ئەم ڕۆمانەکە باس لە چەمکی  ژیان و مردن دەکات. هەوڵ دەدەم چەند فلاشێک لە کۆی گشتی ڕۆمانەکە بخەمە ڕوو وەک کورتەیەک.

ڕۆمانەکە لەسەر دوو هێڵ دەڕوات، یەکەمیان چیرۆکی ژیانی (دەروێش سەلیم) ئەم پاڵەوانە بۆ ڕاوە کەو دەڕوات بۆ لادێ لەوێ بەر کارەساتی شاڵاوی جینوساید و کیمیاوی دەکەوێت و تووشی جۆرە نەخۆشییەک دەبێت کەس نازانێت خەوتووە یان مردووە! هەروەها کارەکتەری (توران) کە خێزانی دەوروێش سەلیمە ڕۆڵێکی زۆر جوان .

بەرجەستەدەکات لە ڕۆمانەکەدا. نووسەر ویستوویەتی هەندێک لەو کارەساتانە بەبیر تاکی کورد بهێنێتەوە کە لە پێش ڕاپەڕین چۆن گوندەکانی کوردستان جینۆساید کرا. هەروەها باسی خۆش باوەڕی و گەمژەیی تاکی کۆمەڵگای کوردی دەکات بە هەموو چین و توێژەکانیەوە..

لە بەشی دووەمی ڕۆمانەکەدا فیگۆری (دالەر و میللەر) ئەم دوو پاڵەوانە دوانەن و خاوەنی چەندین شوناسی جیاوازن، لەو کاتەی کە گوندەکان بەر کیمیاوی دەکەون ژنێکی دووگیان دەگەیەننە نەخۆشخانە کە مێردەکەی بەر کیمیاوی کەوتووە و بووە بە قوربانی ئەو کارەساتە، دکتۆرەکان کۆرپەکانی ڕزگاردەکەن بەڵام بەداخەوە دایکەکە گیان لەدەست دەدات. چارەنووسی ئەم دوو کۆرپەیە لە لایەن دکتۆر (جەلیل حوسێن) بڕیاری لەسەر دەدرێت کە (میللەر) دەدات بە ژن و و پیاوێکی گوندنشین و لەگەڵ خۆیان دەیبەن بۆ گوندەکەیان کە فیگۆری (هیوا) بەرجەستە دەکات، گەنجێکی تەمەن ١٨ ساڵە حیکایەت خوانێکی زۆر لێهاتووە و گوند نشینە و خوێنەرێکی زۆر باشی کتێبە خەڵکی گوندەکەی پێی دەڵێن( جەمالی کتێبخۆر) بۆ خوێندن دەچێتە شار و لە ماڵی خاڵی دەبێت، نوسەر لە ڕێگەی ئەم فیگۆرەوە وێنەیەکی جوانی جیاوازیەکانی نێوان شار و لادێمان پیشان دەدات و چەندین چیرۆکی ناو خوێندنگە و قوتابی و مامۆستامان بۆ دەگێڕێتەوە، بەگشتی ئەم پاڵەوانە ماهییەت دەگەڕێنێتەوە بۆ چیرۆک و کتێب. هەروەها (دالەر) دەدات بە ژن و پیاوێکی شار نشین هەر زۆر زوو باوکی (دالەر) دەبێتە قوربانی بە تەقەی خۆشی، وە دایکی بەخێوکردنی دەگرێتە ئەستوو کە  بە (کاوە) بانگی دەکات بەردەوام، ئەم دایکە توشی زۆر گرفتاری دەبێت بە هۆی جوانی شۆخ وشەنگییەکەی لە لایەکی دیکەوە (دالەر) تووشی نەخۆشی هەڵهاتن دەبێت. نووسەر لە ڕێگەی فیگۆری (دالەر) باسی دوو دیاردەی قێزەوەن دەکات یەکەمیان ئەو ڕوداوە دڵتەزێنانەی دوای تەوەی خۆشی کە دەکرێن کە لە دوای ئەوە چی ڕوودەدات باس لە ناخۆشیاریی و خەوتووی کۆمەڵگا دەکات لە ئاست دەرئەنجامەکانی هەر کردەیەک. هەوەها لەوەش ناخۆشتر ئەوەیە کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا پیاو چۆن دەڕوانێتە (بێوەژن) مەبەست لە ژنێک کە مێردەکەی لە ژیاندا نەمابێت، چۆن بە چاوی تەماحەوە تەماشای دەکرێت.

جوگرافیای ڕۆمانەکە کوردستانە و مێژووکەشی ئاشکرایە پێش ڕاپەڕین بەچەند ساڵێک هەتا ئەم دوا ساتانەی ژیانی ئێمەیە ڕوداوەکان تەریبن لەگەڵ ژیانی ئەمڕۆماندا بۆ نموونە: کە خاڵی (هیوا) لە لاپەڕە ( ١٣٦) باسی سەربەخۆیی کوردستان دەکات و دەڵێت (سەدان ساڵە خەڵکی کورد چاوەڕێی بوونە دەوڵەت دەکات.) یان لە لاپەڕە ١٦٥( دایکی کاوە) دێتە قسەو دەڵێت (ئاسمان یەک پارچە ببوو بە ڕووناکی، جۆرەها دەنگ دەهات، دەنگی بیکەیسی و کڵاشینکۆف ودەمانچە و تەنانەت ئارپیچیش دەبیسترا. هەموو تفەنگەکان لوولەیان لە ئاسمان کردبوو. ئیتر ئەوە خۆشترین ئاهەنگی نەتەوەیی بوو).

بە بڕوای من خاڵی بەهێزی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە کە نووسەر بارتەقای فراوانی ئاسمان بابەتی هەستایری ورووژاندووە پرسیارگەلێکی زۆر دروست کردووە و وەڵامەکانی بۆ خوێنەر بەجێ هێشتووە، وات لێدەکات کە تۆش ببیت بە فیگۆرێک لەم ڕۆمانەدا و ڕۆڵێکی کاریگەریت هەبێت لە ڕوداوەکاندا. هەوڵی داوە کۆمەڵگا هوشیاربکاتەوە لەو خەوە قوڵەی کە تێکەوتووە. خاڵێکی تری بەهێزی ئەم ڕۆمانە تەکنیکی گێڕانەوەیە کە هەمیشە کەسی یەکەم قسە ناکات بەڵکو لە هەندێک شوێن کەسی سێیەم قسە دەکات، کە ئەم تەکنیکە تەنها لە چیرۆکەکانی (کازیوە ساڵح) بینیوومە، لەگەڵ ئەوەشدا خوێنەر وێنەکان بە جوانی و بە ڕوونی دەبینێت، هیچ هەست بە ئاڵۆزی ناکات، چونکە بە باشی خاڵ بەندی بۆ ڕۆمانەکە کردووە، ڕوداوەکان یەک لە دوای یەک دێن و خواستی خوێندنەوەی بەش لە دوای بەش زیاتر دەکات.

 

خاڵی لاواز ڕۆمانەکە ئەوەیە کە چەندین هەڵەی تایپ هەیە، هەروەها لە هەندێک شوێندا نەیتوانییەوە جوانکاری لە ڕستەکاندا بکات و بە باشی گوزارشت لە تێکستەکان بکات.