هەواڵی هونەری

فیلمی پوران درەخشەندە

سەرچاوە: کوردپرێس

پرۆفیسۆر میلانی سه‌رۆکی ناوه‌ندیی ڕۆژهه‌ڵاتناسی زانکۆی بێرکلی ئه‌مه‌ریکا زۆر به‌ جوانی سه‌باره‌ت به‌ فیلمی سینه‌مایی "بێده‌نگ کچه‌کان ناقیژێنن" و پێگه‌ و که‌سایه‌تیی هونه‌ری "پووران دره‌خشه‌نده‌" له‌ سینه‌مادا هاته‌ ئاخاوتن.

 

 

زانکۆی بێرکلی ئه‌مه‌ریکا پێشوازی له‌ فیلمه‌که‌ی "پووران دره‌خشه‌نده‌" کرد 
قوتابیانی زانکۆی بێرکلی ئه‌مه‌ریکا پێشوازییان له‌ فیلمه‌که‌ی "پووران دره‌خشه‌نده‌" کرد

فیلمی سینه‌مایی "بێده‌نگ کچه‌کان ناقیژێنن" له‌ ده‌رهێنانی "پووران دره‌خشه‌نده‌" خانمه‌ سینما کاری کورد له‌ زانکۆی بێرکلی ئه‌مه‌ریکا نمایشکرا و له‌ لایه‌ن قوتابیانی نه‌ته‌وه‌ جۆراوجۆره‌کانه‌ پێشوازیی لێکرا.

به پیێ ڕاپۆڕتی په‌یامنێری به‌شی سینه‌مایی ئاژانسی کوردپرێس، فیلمی سینه‌مایی "بێده‌نگ کچه‌کان ناقیژێنن" به‌ ئاماده‌بوونی خانمه‌ سینه‌ماکاری کورد "پووران دره‌خشه‌نده‌" له‌ به‌شی "ئافره‌تان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین" له‌ هۆڵی ستێفان له‌ دێپاڕتمانی خوێندنه‌وه‌کانی ئافره‌تان له‌ زانکۆی بێرکلی له‌ ویلایه‌تی کالیفۆڕنیا له‌ وڵاتی ئه‌مه‌ریکا چووه‌ سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ما و له‌ لایه‌ن قوتابیانی نه‌ته‌وه‌ جۆراوجۆره‌کانه‌ و به‌ تایبه‌ت خوێندکارانی سینه‌ماوه‌ پێشوازییه‌ باشی لێکرا و ژماره‌یه‌ک له‌وان به‌ چاوی فرمێسکاوییه‌وه‌ به‌ دیاری ئه‌م فیلمه‌وه‌ دانیشتن.  
پاشان نمایشی ئه‌م فیلمه‌، کۆڕی ڕه‌خنه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنیی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ به‌ ئاماده‌بوونی ده‌رهێنه‌ره‌که‌ی له‌ هۆڵی کۆنفڕانسی سوڵتان له‌ ناوه‌ندیی ڕۆژهه‌ڵاتناسی ئه‌م زانکۆیه‌ به‌ڕێوه‌چوو و ئه‌م فیلمسازه‌ کرماشانییه‌ وڵامی پرسیاره‌کانی قوتابیانی نه‌ته‌وه‌ جۆراوجۆره‌کانی جیهان و بینه‌رانی ئاماده‌بوو دایه‌وه‌.  
له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا، پرۆفیسۆر میلانی سه‌رۆکی ناوه‌ندیی ڕۆژهه‌ڵاتناسی زانکۆی بێرکلی ئه‌مه‌ریکا زۆر به‌ جوانی سه‌باره‌ت به‌ فیلمی سینه‌مایی "بێده‌نگ کچه‌کان ناقیژێنن" و پێگه‌ و که‌سایه‌تیی هونه‌ری "پووران دره‌خشه‌نده‌" له‌ سینه‌مادا هاته‌ ئاخاوتن و پاشان، ئه‌م فیلمسازه‌ کورده‌ چه‌ند وته‌یه‌کی پێشکه‌ش کرد و له‌ درێژه‌دا به‌ وردی وڵامی پرسیاره‌کانی قوتابیانیی نه‌ته‌وه‌ جۆراوجۆره‌کان و ئاماده‌بووانی ناو هۆڵه‌که‌ی دایه‌وه‌. 
هه‌ندێک له‌ قوتابیانی بیانی لقی سینه‌ما له‌و بڕوایه‌دابوون که‌ له‌ وڵاتی ئه‌وان بابه‌تی له‌م شێوه‌یه‌ی که‌ له‌ فیلمی سینه‌مایی "بێده‌نگ کچه‌کان ناقیژێنن" هه‌بوو، تا ڕاده‌یک بوونی هه‌یه‌، به‌ڵام بارودۆخ بۆ سازکردنی فیلمی به‌م شێوازه‌ له‌و وڵاتانه‌ ناڕه‌خسێت و پێویسته‌ ئه‌م جۆره‌ به‌رهه‌مانه‌ هه‌ر چی زۆرتر له‌ ناوه‌نده‌ زانکۆییه‌کانی دنیا نمایش بکرێت تا ئه‌م ته‌وه‌رانه‌ زیاتر له‌وه‌ بخرێته‌ به‌ر باس و لێکۆڵینه‌وه‌وه‌. 
"بێده‌نگ کچه‌کان ناقیژێنن" له‌ دوایین به‌شداری نێونه‌ته‌وه‌یی خۆیدا له‌ له‌ به‌شی پێشبڕکێی ده‌یه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی یۆرۆئاسیا
Eurasia له‌ وڵاتی کازاخستان نمایشکرا.
ئه‌م فیستیڤاڵه‌ به‌ به‌شداری 200 فیلم له‌ سینه‌ماکارانی 30 وڵاتی جۆراوجۆری جیهان له‌ چه‌ندین به‌شی پێشبڕکێی سه‌ره‌کی، به‌شی "تایبه‌ت به‌ 30 ساڵ سینه‌مای کازاخستان"، به‌شی تایبه‌ت به‌ سه‌ده‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی له‌ دایکبوونی فیلمسازی ناوداری کازاخستانی "شاکیم ئیمانۆف"، به‌شی "سینه‌مای کۆریای باشوور"، به‌شی "شه‌وی کورته‌ فیلم"، به‌شی "سینه‌ما پردێک له‌ نێوان ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا"، به‌شی "ڕووداوه‌ تایبه‌ته‌کان" و به‌شی "سینه‌مای وریای کازاخستان" له‌ ڕۆژانی 15 تا 20ی ئه‌یلوول / سه‌پته‌مبه‌ری 2014 له‌ شاری ئاڵمائاتی گه‌وره‌ترین شاری وڵاتی کازاخستان به‌ڕێوه‌چوو.