چیرۆک

مام ڕەسووڵ

 

رەحمان سۆفی

لەو کەين و بەينەدا بوو، له پڕێکدا درگای ژوورەکەی دوکتور کراوه. مام ڕەسووڵ که لەپێش درگاکه ڕاوێستا بوو، تخێل بوو. به ئاستەم نووزەيەکی لێوه ھات. فاتێ بێوه ژن ھاواری دەکرد و لاڕوومەتی خۆيی دەڕنی.

 

مام ڕەسووڵ

رەحمان سۆفی

تازه گزينگی هەتاو منارەی مزگەوتی گەورەی شاری ئەنگوتبوو، لە ماڵ دەرکەوت.

خۆی نەبێ کەس نەيدەزانی بۆچی بەو بەيانييه زووه له ماڵ دەرکەوتووە. له سەر سەکۆی قەڵا بەرزەکەی نێو شار ڕاوێستابوو. به لەنگەری گۆچانەکەی خۆی به سەرپێوه ڕاگرتبوو. بەژنی وەک شۆڕەبی، قەفێکی تەواو بەسەر گۆچانەکەیدا چەما بووەوه و بە سيلەی چاوەکزەکانی دەيڕوانييه تەبەقی ڕۆژ.

به پشتێنه کودەرييه ڕەنگ کاڵەوه بووەکەی چڵمی لووت و ليکەکەی سڕيی. بەرماڵەکەشی که له دوای مردنی ھاوسەرەکەی بۆی ببووه يادگاری تەمەنی تێپەڕبووی و، زیاتریش له جاران ھەستی به ھاوڕێيەتی لەمێژينەی دەکرد، له سەرشان و مله چەماوەکەی چۆغەکەی داپۆشی بوو. ئاخێکی ھەڵکێشا و ھەناسەی له دەروونيدا تاسا.

به کۆمەکۆم و لاتراسکەبەستن ھێدی و لە سەرخۆ له لێژی قەڵاکەوه سەربەروخوار بۆلای حەوز و مزگەوتەکە داگەڕا.

کەزەبایەکی ساردی پاییزی ڕۆخساری خەواڵووی باوەشێن دەکرد. لە بەرەبەیاندا نەرمە بارانێک کۆڵان و شەقامەکانی ئاوپژێن کردبوو. کۆڵانەکە لەبەر چاوی وەکوو خەنێک وابوو، کە زۆر جار لە شەوی پاییزدا لە سەر خەرمان لە نێو لۆدەکای پاش خۆیانی هەڵدراوەدا دیبووی. بۆنی کاگڵی بە باران پژاویش وەکوو جاران بۆی ئاشنا بوو.

دەڕۆیشت و لە بەرخۆیەوە دەیگوت:«ئەمەش بەشی من، پیری عاقیبەت شەڕ خۆم!» بیرەوەریکی تاڵ و دڵتەزێن لە ناخیدا چڕۆی کرد، هەواڵی کوژرانی کوڕەکانی هاتەوە بیری. بیرەوەری تێکەڵاو بە ئاڵۆزی دەروونی دەبوو. خەم و پەژارەش دەمارەکانی لەش و گیانی لە بەریەک برد بوو. ڕق و قینیش لە دڵیدا پەنگی خاودبووەوە. سیمای ڕۆمانێکی نەنووسراو بوو.

سەری هەڵبڕی، چاوەکانی ڕەشکە و پێشکەی دەکرد. تارماییەک دوور دەهاتە بەرچاوی، بەڵام بە تەواوی نەیدەبینی. چاوەکانی سۆمایان نەمابوو. کەمێکی پێچوو، دەنگێک لە گوێدا زرینگاوە. چەند هەنگاوی دی ڕۆیی، گوێی لێ بوو یەکێک بانگی لێ دەکا: «ڕەسووڵ! ئەوە خێرە، بەم بەیانییە زووە لە ماڵ دەرکەوتووی، ئەوە بۆ کوێ دەچی؟» مام ڕەسووڵ به دەنگیدا ناسییەوە، فاتە بێوەژنی هاوسێی خۆیان بوو. لە وەڵامدا گوتی: «فاتە! ئەوە تۆی، چۆنی؟ ئەی ئەو خۆت بۆ کوێ دەچی؟» پوور فاتم گوتی: «وەڵڵا ڕەسووڵ گیان باش نیم، هەمیشە نەخۆشم، شەوانە لە بەر ئێش و ئازار خەوم لێناکەوێ. ئۆقرەم لێبڕاوە. هەر ئەوندە نەخۆشم، هیچم بە بەرەوە نەماوە، بە جارێ پەکم کەوتووە.» مام ڕەسووڵ بە دەنگێکی گڕەوه که لە کانگای ئازاری تەمەنی چەند ساڵەيەوه دەھاته دەرێ ھاتەوە قسە و گوتی: «جا، فاته گيان چۆنبم، پێم له لێواری قەبرە، ھا ئەمڕۆ بمرم ھا سبەينێ، زەليلم، ئەمه چەن ڕۆژه ھەموو بەيانييەک ئه ئەمه ڕێگەمه، بۆ بەدبەختی خۆم ھەموو جارێک به ناھومێدی دەگەڕێمەوه، تۆ نازانی زۆر نه خۆشم، نان و ئاوم لێحەرام بووه، ھەموو ئەعزای ئەندامم ژان دەکا، ھيج کەسێکيش شک نابەم که ئاوڕێکم لێبداته.» پوور فاتم گوتی: «باشە ئەرێ ڕەسووڵە! ئەی دوکتورکە ناڵێ نەخۆشییەکەت چييه و چ نييه؟» مام ڕەسووڵ گوتی: «ئەی بێ بەڵابی، وتنی چی و شتی چی، کچێ خۆ نۆبەم وەبەر ناکەوێ. ھەر ئەمڕۆ نا سبەينێم پێدەکەن، ھەر ناھێڵن دوکتوریش ببينم، ئەوندەی شەل و کوێری وەکوو من لێيه، کەس به سەر کەسەوه نييه، دەڵێن دەرمان دەس ناکەوێ، بەڵام بۆ دەوڵەمەندەکان ھەيه، نازانم له کوێی دێنن! کچێ ھەر فەقير و ھەژار تێدا دەچێ و ماڵوێران دەبێ، ئەوەتا خەڵکی ئەم شاره دەزانن که سێ کوڕم به مەينەتی گەوره کرد و پێگەياند، ئەوەتا ھەر سێکيان کوژران. منيش بێکەس و کار ماومەتەوه، بۆ نەگبەتی ئەم دونيایە."

مام ڕەسووڵ و فاتێ بێوەژن به قسەی لێره و لەوێ و ئاخ ھەڵکێشان بۆ ژيانی خۆش و ناخۆشی ڕابردوو خۆيان گەيانده نەخۆشخانەکەی شار. سەیر ئەوە بوو لە ساڵۆنی نەخۆشخانەکەدا نەخۆشێکی زۆر دەس له مل ھەڵبەسراو، سەرپێچراو و داماو چاوەڕوانی ھاتنی دوکتور بوون. پياوێکی قيت و قنج و بەکەيف ڕووی له مام ڕەسووڵ کرد و به دەنگێکی بەرز و له خۆڕازی پرسی: «ئەرێ مامە دوکتور نەهاتووە؟» مام ڕەسووڵیش کە پاڵی به ديوارەکەوه دابوو، بەلەنگەری گۆچانەکەی خۆی له سەر پێ ڕاگرتبوو. له جوابدا بەدەم ناڵه ناڵەوه گوتی: «نازانم، ئەونده دەزانم که من لەمێژه لێرەم دوکتورم نەديوە، بەناخێری گيانم ھاتووم بۆلای دوکتور، مەگەر خودا خۆی بزانێ چەنده نەخۆشم، له بەر ئێش و ئازار خەوم لێناکەوێ، خواردنيشم لێحەرام بووه، ئەمه چەند ڕۆژه ھەموو به يانييەک له پێش ھەمو کەسدا دێمه ئێره ھەرجارێکيش که ھاتووم جوابيان کردووم. نازانم چ بکەم و خاکی کوێ به سەر خۆمدا بکەم.» دیارە کە کابرای قيت و قنج ڕووی لێ وەرگێڕا و گوێی نەدا به قسەکانی مام ڕەسووڵ. کەچی بە حاڵەش مام ڕەسووڵ له سەری ڕۆيی و دەردەدڵی کرد. له سەر و بەندی قسەکانی مام ڕەسووڵ دا خەبەريان دا ئەوه شوکر دوکتور ھات. زۆری پێ نەچوو کە کوڕێکی باڵابەرز، و به دەماخ، به چاوه تريفەدارەکانی سەرنجێکی خەڵکەکەی دا وەکوو فريشتەيەکی سپيپۆش له چاوان ونبوو. کابرای قيت و قنج کە له سەر سەندەڵيەک دانيشتبوو و قاچێکی نابووه سەر قاچێکی، که ئەو خەبەرهەی بيست، بەگوڕ له جێگای خۆی ڕاستەوه بوو، چووه پێش درگای ژوورەکەی دوکتور و به شێوەيەکی فەرماندەرانه به کابرای درگاوانی گوت بە جەنابی دوکتور بڵێ حاجی کومێته لێرەيه و کاری به جەنابته، کابرای درگاوان به بيستنی ناوی حاجی و کومێته تەواو شڵەژا و به پەله خۆی کرد به ژوورەکەی دوکتوردا. زۆری پێنەچوو ھاتەوه به فەرموو فەرموو درگای بۆ حاجی خسته سەر گازی پشت.

نەخۆشەکان وێکڕا کرديان به ھەراوھوريا. چەن که کەسێک به تووڕەيەوه چوون بەگژ درگاوانەکه دا پياوێک که منداڵێکی بەباوشەوه بوو زۆر به تووڕەی ھاواری کرد: «بۆ نۆبەبڕی دەکەی خۆ نۆبەی ئەو نەبوو، چ خودا ھەڵدەگرێ! خۆ ئێمه کافر نين و ئەو موسوڵمان، ئێمەش موسوڵمانين وەکوو ئەو، بۆ فەرق و جودايەتی دەخه؟» بەدوای قسەکانی ئەوادا، بوو به ھەرا و بگره و جێمکه و ڕێم بەرده و پاڵ پێوەنان. لاوێک که بەڕواڵەت و جلوبەرگيدا خوێندەوار دەھاته بەرچاو ھاته جواب و گوتی: «جەنابی حاجی تا دوێنێ دوعای بۆ عومر و ماڵی شا دەکرد، کەچی ئەمڕۆکه ھەمەکارەی کومێتەيه! ناوی خۆی ناوە حاجی. ئاوڕێکی داوه و ڕووی کرده مام ڕەسووڵ و کوتی ئا ئەم پياوه ھەژاره سێ کوڕی شەهیيد بووه، ئەوەتا خۆشی لەوانەيه بمرێ بۆ دڵدانەوەی مام ڕەسووڵ مامە گيان ناڕەحەت مەبه ئەم دەرده تەنيا دەردی تۆ نييه، ئەمه دەردی زۆربەی ميلەتی ئێمەيه، خەڵکی ديکەش ھەر وەکوو تۆ وان، دڵت له خۆت دانەمێنێ.» خەڵکەکه گوێيان دابووه قسەکانی کوڕه و زۆريان پێخۆش بوو. بەڵام بەباشی لێی حاڵی نەدەبوون. ئەوانەش که لێی حاڵی دەبوون نه نەيان دەوێرا دەنگی لەگەڵ ھەڵبڕن. مام ڕەسووڵ به بيستنی قسەکانی ئەو کوڕه و دڵخۆشی دانەوەکەی خوێنی ھەتا جۆش و کوڵا. خۆی دەکوتی که بچێته پێشەوە، بەڵام ھێزی ئەوەی نەبوو. خەڵکەکەش ھەر خۆيان تێ دەترنجاند ھەر کەس له ھەوڵی ئەوەدا بوو که خۆی زووتر نۆبەی وەبەر کەوێ. مام ڕەسووڵ به ھەر حاڵێک بوو خۆی گەيانده بەردرگای ژوورەکەی دوکتور. دەستەکانی کەوتبوونه لەرزين. ئاواتەخوازی ھێزەکەی جاری جارانی بوو، بەڵام داخی داخانم. فاتێ بێوەژنيش له گۆشەيەکی ساڵۆنەکەدا له سەر زەويیەکه دانيشتبوو، دوعای دەکرد و دەپاڕاوه و دەیگوت: «خوا خۆی کاری هەموو موسوڵمانان ڕاست بێنێ، ئۆممەتی محەممەد هەر دەبێ ڕوو له درگای خودا بکەن، خودا خۆی لەو دونيا جەزای بەخێرمان بداتەوه. خەڵکی ئەم زەمانه ئەوندە خراپ بوون، ھەر باشه که خودا غەزەبیشمان لێناگرێ» کوڕه لاوەکه لەلايەکەوه قسەکانی فاتێ بێوه ژنی پێناخۆش بوو، لەلايەکی ديکەوە دڵی بۆ ئەو خەڵکە ڕەش و ڕووته دەسووتا، سەری لەقاند و لەبەر خۆيەوه دەیگوت: "تا ئەم ميللەته تێبگەن و له سەر حەقی خۆيان بێنه جواب زەمانێکی دوور و درێژه." زۆری پێنەچوو نيگابانی نەخۆشخانەکه و دوو کەسی دی وەژوورکەەوتن و دڕيان به خەڵکەکە دا و چوونه پێش، ڕاست چوون بەره و ڕووی کوڕەکه، به بێ پرس و جواب دەستی کوڕەيان بەست و وەپێش خۆياندا و برديان و ڕۆين. له نێو خەڵکەکەدا چەن کەس بە سرته دەيانچپاند به گوێی يەکدا، ئەوە چبوو، بۆ ئەو کوڕەيان برد؟ مام ڕەسووڵ چاوی پڕ بوو له فرمێسک پێی وابوو که ئەوەش چوارم کوڕی بوو کە گيرا و ئيدی نايبينێتەوە

لەو کەين و بەينەدا بوو، له پڕێکدا درگای ژوورەکەی دوکتور کراوه. مام ڕەسووڵ که لەپێش درگاکه ڕاوێستا بوو، تخێل بوو. به ئاستەم نووزه يەکی لێوه ھات. فاتێ بێوه ژن ھاواری دەکرد و لاڕوومەتی خۆيی دەڕنی و دەيگوت: «ئەيەڕۆ فريا کەون مەلا بانگ کەن با ياسينی له سەر بخوێنێ، ڕەسووڵە! نەخێر کوشتی، حاجی زگتێڕ کوشتی، درگاکەی دا بەسەريدا، کچێ بۆ خاتری خودا فريای کەون، ئەيەڕۆ خۆ ڕوحم و دڵ نەماوه!» لەگەڵ گريان و شيونی فاتێ بێوه ژن و دەنگه دەنگی خەڵکەکه، دوکتور پێحسا، زۆری پێ نەچوو کە ھاته دەرەوە که چاوی به مام ڕەسووڵ کەوت گوتی  زوو له سەر ئەو تەخته ڕايکێشن پەرستارێک و يەک دوو کەسی دی يارمەتی فاتێ ياندا و تەرمی مام ڕەسووڵ يان له سەر تەختەکه ڕاکێشا. دوکتور موعايەنەی کرد، ئاخێکی ھەڵکێشا و گوتی لایبەن تازه ھيچ ناکرێ لێبوەتەوه، بزانن کەس و کاری کێيه با بێن بيبەنەوە  نيگابانی نەخۆشخانەکه و دوو مەئموور به بەمڕ ومۆچييکی سەر سوڕھێنەرەوه بەرەو ڕووی خەڵکەکه ھاتنەو و گوتيان وەخت تەواو بووە، بڕۆن بەيانی وەرنەوە.

 

 Bilderesultat for old  man with stick