چیرۆک

پرسیارەکانی پاییز

هاوڕێ نەهرۆ

لەم رۆژگارە پاییزە کاتێ وەرز دەبوو دەستی دەبرد کەمانجەکەی لەسەر دوڵابەکە هینایە خوارەوەو دەستی دەکردە ژەنینی ئاوازی خەمناک، هەرچەند لە ریگای یوتوبەوە تیئوری موزیکی خوێندوە، بەڵام بەشێوەیەکی خۆرسکی و ئیمپریڤیزاشون کەمانجەکەی دەژەنی!

 

پرسیارەکانی پاییز

هاوڕێ نەهرۆ               

کۆتایی ئەیلولە، پەیتا پەیتا سروشت رەنگ و سیمای خۆی دەگۆڕێ، گەڵای درختەکان سور هەڵدەگەڕێن، جار نە جاریش هەڵدەوەرێن، خۆر هەر زوو ئاوا دەبێ، بەیانیان رەشەبایەکی سارد هەڵی دەکا، ترس ئەخاتە دڵی مرۆڤی سەرمابردەڵەوە، ئەو یانەیەی رۆژانە بۆی دەروا ئەمرۆ خواردنێکی نایابی پایزیان دروست کردووە تەنانەت تێکرای خەڵکی نەرویج لە پایز و لەروژێکی دیاریکراودا ئەو خواردنەی لی دەنێن کە بریتی یە لە گۆشتی بەرخ و لهانە، سەعات سێ یی دوای نێوەرۆ بوو، خۆی خزاندە نێو یانەکە بەسکی برسی لە کاتیکدا سەعات چوار خواردن دابەش دەکەن، هەر بۆیە زوو چوو کوپی کافەی هینا لەگەڵ چەند کڵویەکی قەند بەو مەبەستەی برسیەتەکەی بشکێ، قاپیکی شکولاتەی دانرا بوو، چەند دانەیەکی لێ هەڵگرت و خستیە دەمیەوە، تارادەیەک برسیەتیەکەی شکا ! دوو کەس یاری شترەنجیان دەکرد، بە ئەسپایی چوو بە دیاریانەوە دانیشت، هەرچەندە یاری زانیکی باشی شترەنجە بەڵام مات و بێ دەنگ سەیری یاریەکەی دەکرد، بەم شێوەیە ماوەی چاوەروانی خواردنەکە کورت کردەوە، ئینسان کە سەرقاڵ بوو هەست بە تێپەربوونی زەمەن ناکا! خواردنەکەیان دابەش کرد، ئەو زۆری نەخوارد ترسا لەوەی تووشی سک چوون بێ، دوای ئەوە کەخواردنەکەی خوارد یەکسەر گەرایەوە بۆ ماڵەوە، لەرێگا ئافرەتێکی بینی تازە مناڵەکەی لە باغچەی ساوایان گەڕاندەوە، پەیوەندی نێوان دایک و مناڵ پەیوەندییەکی ئاڵوزو و پر نهێنی یە کوڵەکەکانی لەسەر خوشەویستی بونیاد نراوە، ڕاستە گوتوویانە، ئینسان تا دایکی نەمرێ هەست بە گەورەیی تەمەن ناکا بەڵام کە دایکی مرد هەست و ترسی گەورەبوون سەراپا خانەکانی مێشکی داگیر دەکەن وچی دیکە دڵیکی پڕ میهرو خوشەویستی نادۆزێتەوە لە کانگای ئەفسوناوی دڵی دایکی بچێ، قارەمانی چیرۆکەکەمان لە پایزی تەمەن دایە، نەخۆشی خەم زەدەی هەیە، کاتێ وەرزی پایز قوبچەکانی سەر جەستەی دەترازێنی، خەرمانەی خەمی زیاتر دەبێ لە مرۆڤێکی عەقلانیەوە وەردەگەرێتە سەر مرۆڤێکی بەسوزو بەزەیی و لەناخی دا گریان قوڵپ دەدا بۆ دووری لە نیشتمان، سوزێکی لە رادەبەری لە ناخیا سەر ئەکا بۆ خوشک و براکانی، یادەوەریەکانی مناڵی زیاتر کانگای سوزی ئەتەقاندەوەو دەکەوتە حالەتی نامۆ بوونەوە، ئاخر ئەو لە هەندەران دەژیا، چەند ساڵ جارێک ئەگەر بۆی بلوایە سەردانی کەس و کاری دەکرد، ئەو کاتێ بە خوێندنەوەی پەرتووک بەسەر دەبرد، ئەو پێ وابوو رۆژێک چەند لاپەرەیەک بخوێنێتەوە، ویژدانی ئاسودە دەبێ و هەست ئەکا کاتەکەی بە فیڕۆ نەروێشتووە، ماڵی لە گەرەکی بیارکە بوو، پەرتووکخانەی گەرەک چەند پەرتووکێکی عەرەبی و کوردی دیاریکراوی هەبوو، بەدرێژایی ئەو ماوەیە هەمووی خوێندبوەوە، ئەو فیلمانەی لەوی دانرا بوون تارادەیەک سەیری هەموویان کردبوو، ئەو هەمیشە لەخەمی ئەوە دابوو یادەوەریی پەروەردە بکا، ئەو پێ وابوو هەرچەند پەرتووک بخوێنێتەوە و فیلم ببینی، مێشکی زیاتر ئاوەدان ئەبێ و کاتێکیش کە دەنووسی، نووسینەکانی کاریگەر تر دەبن، ئەو بروای وا بوو، نووسەر دەبێ لە قوناغی کامل بوونی تەمەن و ئەزموون نووسین بڵاو بکاتەوە ، بەشیوەیەک زانست وا زانیاری لای کەڵەکە بکەن لەکاتی نووسین دا زمان فریای زانیاریەکانی نەکەوێ ! ئەو کاتێ هەندی پەرتووکی دەخویندەوە پێ سەیر بوو، چۆن ریگا دراوە ئەو پەرتووکانە چاپ بکرێن، هەندێکی تەنیا وشە ریز کردنە، هەندێکی تریش بە تەکنیکی ئالوزو شێواو نووسراوە مەگەر نووسەرەکەی خۆی سەری لێ دەر بکا ! زمانی ئەو وڵاتەی لێ دەژیا زۆر قورس و ناقوڵا بوو، دەیزانی قسەی پێ بکا بەڵام بە شیوەیەکی رێک و پێک و رێزمانی نەیتوانی پێ بنووسی هەر بۆیە خۆی ناونووس کرد لە قوتابخانەی زمان، دوای هەفتەیەک لە دەوام مامۆستاکە ئاگاداری کردەوە کە ئاستی لە قوتابیەکانی دی بەرزترە وا باشە مەنهەجی خوێندنی ئەو بگۆڕێ، مەنهەجێکی بۆ دانا بە ناوی ( بەرد لەسەر بەرد ) ئیدی لەم وەرزە پایزە دڵی بەوە خۆش بوو، لە هەفتەی دوو رۆژ ئەچێ بۆ خوێندنی زمان کەمێک سەرقاڵ و سەرگەرم ئەبێ کەچی لە پرێکدا پشووی پایز هاتە کایەوە، مامۆستاکە پێگووت هەفتەی داهاتوو دەوام نیە دەبێ لە ماڵەوە بێ ! زۆر نیگەران بوو بەستەڵەکی خەم نیشتە سەر دڵی، ئاخۆ لە هەفتەی داهاتوو دا لە بری ئەو دوو رۆژە چ پلانێک دابنێ!

بیریکردەوە دەبێ بچێ بۆ پەرتووکخانەی گەرەکێکی دی، سواری پاس ومیترو بوو چوو بۆ پەرتووکخانەی گەرەکی فروسیت، بڕیکی چاکی پەرتووکی لێ بوو چ بە کوردی یان بە عەرەبی، پەرتووکخانەی ئێرە ئەوەی باشە جگە لە پەرتووکی نەرویجی و ئینگلیسی، پەرتووکی زمانەکانی دی دەهێنن بەتایبەتی زمانی ئەو رەوەندانەی کە تارادەیەک بەرچاون ! چەند پەرتووکێکی دانسقەی هەڵبژارد، هەر لە رۆمانەوە بگرە تا پەرتووکی سیاسی و هزری، ئەم هەفتەیە بێتەوە دوو پەرتووکی لەبەر دەست دایە، یەکەمیان بە نێوی ئیسلام و عەلمانیەت دووەمیان رۆمانێکە بە نێوی جولەکەی ئێستا ! ئاخر ئیسلام و عەلمانیەت بابەتێکی زیندووی رۆژگارە نەخواسمە نووسەرەکەی فەرەنسی بێ و باسی ئەزموونی فەرەنسا بکا لەگەڵ ئیسلام دا وەک ئاین و پەیرەوانی وەک موسەڵمان، نووسەرەکە پێ وایە گرفتی پەناهەندەی مەسەڵمان ئەوەیە ئاین و دەوڵەتیان لا تێکەڵ بووە لە کاتێک دا لە فەرەنسا ساڵی ١٩٠٥ ئاین لە دەوڵەت جیا کرایەوە، هەروا خاڵیکی تر شەریعەتی ئیسلام ناکۆکە لەگەڵ مافی مرۆڤ بەتایبەتی ماف و داخوازی ئافرەت، لەلایەکی ترەوە موسەڵمانەکان تەماهی لەگەڵ ئیماندارانی وەک خۆیان دەکەن و هاوڵاتی کۆمەڵگای دیموکراسی فەرامۆش دەکەن و بەچاویکی دیکەوە سەیریان دەکەن، هەر بۆیە لە ئەنجامی بەریەککەوتنی کەلتورە جیاوازەکان بیری جیهادی زاڵ دەبێ و تەقینەوەی تیروریستی دیتەکایەوە!

قارەمانەکەمان بە شوناسی کاغەزی ئیسلام بوو ئەگینا لەرووی پراکتیکییەوە عەلمانییەکی عەیار بیست و چوار بوو، سوزێکی کەمی لەگەڵ موسەڵمانەکان دا هەبوو وەک قوربانی دەستی بیروباوەر سەیری ئەکردن بەڵام بە عەقڵ و هۆش لەگەڵ هومانستی و عەلمانیەت دا بوو، ئیدی رۆژگاری پایزی بەم بابەتانە موتربە دەکرد، هەر لە پایز بوو هەواڵی ئەوەی پێگەیشت لە ناوەوەی وڵات ریفراندۆم دەکرێ، ئاخۆ کێ لەگەڵ مافی سەربەخۆبوون دایە، ئەم بابەتە مەودایەکی بەرفراوانی لە مێشکی داگیر کرد! لەلایەکەوە نەفرەت لە گەندەڵی دەسەڵات کرد لەلایەکی دیکەوە پڕ بەدڵ لەگەڵ سەربەخۆبوونی میللەتەکەی دابوو، ریفراندۆم کرا لە ٩٣٪ دەنگ درا بە بەڵێ، بەڵام دڵەراوکێ سەراپای دڵی تەنیوەتەوە نەخواسمە تورکیا و ئیران و حکومەتی ناوەند هەرەشەی دانانی ئابڵوقەیان کردووە لەسەر کوردستان، ترسی ئابڵوقەوقات وقڕی و گرانی لە ناخی دایە، ئابڵوقەی ساڵەکانی نەوەدی بیر ئەخستەوە!

هەرچەند ئەم لە هەندەران ئەژێ بەڵام وەک نیشتمان پەروەرێک سکی بە میللەتەکەی دەسوتێ!

لەم رۆژگارە پایزە کاتێ وەرز دەبوو دەستی دەبرد کەمانجەکەی لەسەر دوڵابەکە هینایە خوارەوەو دەستی دەکردە ژەنینی ئاوازی خەمناک، هەرچەند لە ریگای یوتوبەوە تیئوری موزیکی خوێندوە بەڵام بەشێوەیەکی خۆرسکی وئیمپریڤیزاشون کەمانجەکەی دەژەنی!

کایەی خوێندن و نووسین و موزیک ژەنین تا دەهات زیاتر هەست و نەستی ناسک تر ئەکرد، هەر بۆیە بەرگەی ساتەکانی پایزی نەئەگرت، هەمیشە بۆنی مەترسی ئەکرد، مەترسی سەرماو بەفر، مەترسی ساتە تاریک و قورسەکانی زستان کە هاتووچۆ زەحمەت دەبێ و ژیان سەخت ئەبێ ! ئەو نەیدەتوانی لەدەست هەرەشەکانی زستان خۆی رەها بکا بە تایبەتی بۆ مرۆڤێک لە پایزی تەمەن بژێ، ئەوێ رۆژێ لە کاتی سەرچاککردن سەتاشەکە ناسیاوە پێگووت بۆ چی ژن ناهێنی؟ لەوانەیە

هاوسەرێکت بۆ پەیدا بکەم، تەمەنی هەر چل ساڵ ئەبێ، ئەویش گووتی رازیم، ئیدی ئافرەتەکە سەرەتا داوای مالپەری فەیسبوکەکەی کردبوو کاتی بینی بوو لە پایزی تەمەن دایە، دەستبەجێ پەشیمان ببووەوە، ئەم رووداوە کاریگەری لەسەر دەروونی داناو زیاتر تووشی خەمۆکی کرد! پایزو تەنیایی دوو مۆتەکەی سەر دڵی مرۆڤن لە پەنایان دا ساتەکان بە ئاسانی تێپەر نابن ! ئێستا لەم وەرزە پایزە مەستی نەشئەی بۆنی خاک و بارانە، دڵی بەوە خۆشە خولیای نووسین و خوێندنەوە جارێکی دیکە لە دەرگای مێشکی ئەدەن وەک حەزێک حزوری هەیە، هیچ وەکو ئەوە خۆش نیە دەروونێکی ئۆقرەت هەبێ و ئامادەیی هەبێ بۆ خوێندنەوەو نووسین و مۆزیک ژەنین!

 Image result for høst kunst