چیرۆک

کڕێوە

لە ئینگلیزییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان

ڤلادیمیر هەموو رۆژەکە بۆ جێبەجێ کردنی کارەکان بەملاولادا هەڵسووڕا. بەیانی زوو سەریدا لە کەشیشەکەی جادرینۆ، دوای زەحمەتێکی زۆر لەگەڵیا رێککەوت. پاشان لە نێو ئەو خاوەن موڵکانەی دراوسێدا گەڕا بەدوای شایەتان. یەکەم کەس کە خۆی پێناساند، ئەفسەرێکی چل ساڵەی خانە نشین بە ناوی دراوین بوو. 

 

کڕێوە

لە ئینگلیزییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان

ئەلکساندر پووشکین

 

لەگەڵ ئەوەی پووشکین زیاتر وەک شاعیرێکی بلیمەت بەناوبانگە، لە بواری نووسینی کورتە چیرۆکیشدا، نووسەرێکی بەتوانا بووە. ئەم شاعیرە رۆمانتیکە  زۆر لە ژێر کاریگەری 'بایرۆن' دایە. پووشکین یەک لەو رووسانەیە کە چیرۆکیان لە بارەی خەڵکەکەیان نووسیوە. ئەو گەنجینەیەکی بەنرخی لە خەیاڵ و هەستی شاعیرانەی لە دوای خۆی بەجێهێشتوە.   چیرۆکی ـ کڕێوە ـ بە بەراورد لەگەڵ چیرۆکەکانی دیکەی ئەم کتێبەدا زیاتر وەک دەستکرد یان لاسایی کردنەوە دەچێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ شتی خۆماڵی و لە بناخەوە رووسیی پێوە دیارە.

ت. کیان ـT. Keane  ـ  ئەم چیرۆکەی کردوە بە ئینگلیسی و ساڵی١٨٩٤  بۆ یەکەم جار لە چاپ دراوە.

 

کڕێوە

دوادواییەکانی ساڵی١٨١١ بۆ ئێمە دەورانێکی زۆر خۆش بوو. گاڤریل گاڤریلۆڤیچی پیاو چاک، لەسەر زەویوزارەکەی خۆی لە 'نیناڕادۆڤا' دەژیا. ئەو لە هەموو ناوچەکەدا وەک پیاوێکی دڵنەرم و میواندار بەناوبانگ بوو. دراوسێکان هەمیشە دەهاتنە دیدەنیی: هەندێکیان بۆ خواردن و خواردنەوە، هەندێک بۆ یارییەکی پێنج کۆپێکی ''بۆستۆن'' لەگەڵ' پراسکۆڤیا پێترۆڤنا'ی خێزانی و هەندێکیش بۆ سەیری 'ماریا گاڤریلۆڤنا'، کچە حەڤدە ساڵە رەنگزەردەکەیان.                                              ئەم کچە وەک هاوسەرێکی شیاو و دەوڵەمەند چاوی لێدەکرا. زۆر کەس حەزیان دەکرد، بۆ خۆیان یان بۆ کوڕەکانیان، بیخوازن.                  

ماریا گاڤریلۆڤنا بە شێوە پەروەردەی تازەباوی فڕانسەیی گەورە ببوو، بۆیە دڵی دابووە دڵداری. دڵدارەکەیشی ئەفسەرێکی کەم پلە و پایەی هەژاری سپا بوو. کە لەم کاتەدا لەم گوندە لە وچاندا بوو. پێویست بە گوتن ناکا ئەم پیاوە گەنجە، وەڵامی هەست و سۆزی ماریای، بە تینێکی بەرانبەر دابۆوە. بەڵام دایک و بابی  دڵبەرەکەی بە بینینی ئەم حەزە دوولایەنە، رێگایان بە کچەکەیان نەدەدا بە خۆشەویستی ئەم کوڕە بیر بکاتەوە.

دڵدارەکانمان پەیوەندییان لەگەڵ یەکدا نەپچڕاند و رۆژانە لە نێو دار سنۆبەرەکان یان لە نزیک کلیساکەی دێ یەکتریان دەبینی. لەوێ بۆ ئەو چارەنووسە ڕەشەی خۆیان دەگریان، بەڵێنی خۆشەویستیی هەتاهەتاییان بەیەک ئەدا و پلانی جۆربەجۆریان دادەڕشت. لە ئاکامی ئەم پەیوەندی و گفتگۆیانەدا گەیشتنە ئەم بڕیارە سروشتییەی خوارەوە:

ئەگەر بێتوو ئێمە بۆ یەک نەبین و دڵڕەقی دایک و باب کۆسپی سەر رێگەی بەختەوەریمان بێت، ئەی بۆ نەتوانین بەبێ ئەوان ، خۆمان ئەمکارە بکەین؟

پێویست بەناوبردن ناکا، ئەم بیرە لە مێشکی کوڕەکەدا سەریهەڵدا و لەگەڵ خەیاڵی رۆمانتیکی ماریا گاڤریلۆڤنادا چاک دەهاتەوە.            

 زستان بەسەردا هات و دیدارەکانی ئەم جووتەی وەستاند، بەڵام نامە گۆڕینەوەیان زیاتر بوو. ڤلادیمیر نیکۆلایوڤیچ لە هەر نامەیەکدا دەپاڕایەوە و داوای لێدەکرد، بەقسەی بکا و بەدزییەوە لەیەک مارە بکرێن و ماوەیەک خۆبشارنەوە. بێگومان دوایی ئەم قارەمانی  و بەردەوامی لە خۆشەویستی و وەفادارییەیان کار دەکاتە سەر دایک و باوکی و دەڵێن:

"باشە رۆڵە وەرنەوە ئامێزمان!"

ماریا ماوەیەکی زۆر لە دوودڵی و ڕاڕاییدا مایەوە و ملی نەدا بەو پلانانەی بۆ بەرهەڵستی کردن باسیان لێوە دەکرد. سەرئەنجام رازی بوو بەوەی، لە رۆژێکی دیاریکراودا شێو نەکا و بە بیانووی سەرئێشەوە، لە دیوەکەی خۆی بمێنێتەوە. خزمەتکارەکەی لەم پلانەدا لەگەڵ بوو؛ هەردووکیان لە پلیکانەی پشت ماڵەکەوە بچنە باخەکە و لە پشت باخەکەوە کالیسکەیەکی ئامادە دەبینن سوار بن و یەکڕاست لێخوڕن بۆ کلیسای گوندی 'جادرینۆ' کە بیست ڤێرست لە لە نیناڕادوڤاوە دوورە. لەوێ ڤلادیمیر چاوەڕوانییان دەکا.

ئێوارەی رۆژی پێش بڕیارەکە، ماریا شەوەکەی نەنووست؛ جلەکەتانییەکانی ژیرەوە و جل و بەرگەکانی تری پێچاوە، نامەیەکی دوور و درێژی نووسی بۆ کچە گەنجە هاوڕێکەی و یەکیشی نووسی بۆ دایک و بابی. لەبارێکی ئێجگار مەلوولی و دڵتەنگیدا ماڵاوایی لێکردن. ماریا نووسی کە تینی تاڵاوی ئێش و ئازارێکی بەهێز و لەشکان نەهاتوو ، پاڵی پێوە ناوە ئەم هەنگاوە هەڵگرێ. بێگومان ئەویش ئەو دەمە خۆشە دوایی دێ، کە رێگەی پێ بدرێ خۆ بخا بەسەر پێڵاوەکانی دایک و باوکیا.

پاش ئەوەی هەردوو نامەکەی بە مۆرێک کە شکڵی دوو دڵی گڕگرتوو و نووسراوێکی شیاوی لەسەر هەڵکەنرابوو، مۆر کرد، بەرلەوەی رۆژ بێتەوە خۆی خست بەسەر تەختی خەوەکەیدا و خەو بردیەوە؛ بەڵام تەنانەت ئەوساش بەدەم خەونی ناخۆشەوە پەیتا پەیتا ئاگای دەبۆوە. لە خەویدا وادەهاتە بەرچاوی، هەر لەو کاتەیدا کە دەیویست سواری کالیسکەکە بێ و بۆ مارەبڕین بچێ بۆ کلیسا، باوکی رایدەوەستێنێ و رایدەکێشێ و بەسەرەوە رایدەهێڵێ بۆ نێو چاڵێکی تاریک و بێبن.

پاشان دەبینێ ڤلادیمیر، رەنگزەرد و لەش بەخوێن، لەسەر چیمەنێک راکشاوە و بەدەم هەناسەبڕکەی گیاندەرچوونەوە بە دەنگێکی تیژ داوای لێ ئەکا زوو خۆی لێ مارە بکا... شتی خەیاڵی و بێسەر و بنی دیکەشی یەک لەدوای یەک هەر دەهاتنە بەرچاو. سەرئەنجام رەنگپەڕیوتر لە هەمیشە و بە سەرئێشەیەکی ڕاستینەوە، هەستایە سەرپێ. دایک و باوکی کە هەمیشە پەرۆشی لاوازی و رەنگ زەردیەکەی بوون، سەرنجیان دابوە ئەم نائارامییەی و بەردەوام لێیان دەپرسی: ''چیتە رۆڵە، ماشا؟ نەخۆشی ماشا؟'' ئەم پرسیارانە وەک خەنجەر لە دڵی هەڵئەچەقین. ئەویش بۆ ئەوەی دایک و باوکی دڵنیا بکا هیچی نییە ، هەوڵی ئەدا خۆی شاد و دڵخۆش بنوێنێ، بەڵام بێ کەڵک بوو.

شەو هات بەسەردا. بیر کردنەوە لەوەی کە ئەمە دوایین رۆژە و ئیتر دەبێ باوەشی خێزانەکەی بەجێ بهێڵێ، قورسایی ئەخستە سەر دڵی. ئەو زۆرتر لە مردوو دەچوو تا زیندوو. دەبوو بە دزییەوە هەموو خزم و کەسی خۆی و هەموو ئەو شتانەی دەوروبەری بەجێبهێڵێ!

شێو کرا؛ ماریا دڵی کەوتە لێدان. بە دنگێکی لەرزۆک وتی کە هیچی بۆ ناخورێ و دایک و بابی بەجێهێشت. ئەوانیش ماچیان کرد و دۆعای خێریان بۆ کرد. ماریا بە زەحمەت توانی بەر بە گریانی خۆی بگرێ.

بەگەیشتنە نێو دێوەکەی خۆی ، لەسەر کورسییەک دانیشت و کەوتە گریان. کارەکەرەکەی ورەی ئەدایێ کە لەسەرخۆ بێت. هەموو شتێک ئامادە بوو. نیو سەعاتی تر ماشا ماڵە بابی و دیوەکەی و ئەو ژیانە ئارامە کچانەیەی بەجێدێڵێ.

 لەدەرەوە لە حەوشە، بەفرێکی قورس دایکردبوو؛ بایەکی توندی دەهات، داپۆشەری پشت پەنجەرەکانی رادەتەکاند و هێنابوونیە شەقەشەق. ماریا لای وابوو هەموو شتێک لەبەختی رەشی ئەو دەقڕێنن.

هەر زوو ئەو ماڵە ئارام و بێدەنگ بوو؛ هەمو نووستبوون. ماریا چارۆکەیەکی لە خۆیەوە پێچا و عەبایەکی گەرمی لەبەر کرد. بوخچە چکۆلەکەی بەدەستەوە گرت و بەرەو پلیکانەکانی پشتەوە، بەرێ کەوت. کارەکەرەکەی بە دوو بوخچەوە بەدوایەوە بوو. هاتنە خوارەوە بۆ باخەکە، کڕیوەی بەفر هەر بەردەوام بوو؛ با ئەیدا بەدەم و چاویاندا، هەروەک بیهەوێ لەم تاوان و گوناحە رایانوەستێنێ. بە زەحمەتێکی زۆر لەباخەکە دەرچوون. لە سەر رێگەکە کالیسکەیەک چاوەروانیان بوو. ئەسپەکان لەو سەرمایەدا زۆقمیان لێ نیشتبوو. کالیسکەچییەکە لەبەر دەمیانا دەهات و دەچوو، هەر کە بینینی، هات بەدەمیانەوە، یارمەتی کردن ماشا و کارەکەرەکە سوار بن. بوخچەکانی خستە نێو کالیسکەکە، جڵەوی ئەسپەکانی بەدەستەوە گرت و ئەسپەکانی بە پەلە خستنەرێ.

با ئەم خانمە گەنجە بسپێرینە دەست چارەنووس و شارەزایی تریشکای کالیسکەچی، دوایی دەگەڕێینەوە بۆ لای.    

ڤلادیمیر هەموو رۆژەکە بۆ جێبەجێ کردنی کارەکان بەملاولادا هەڵسووڕا. بەیانی زوو سەریدا لە کەشیشەکەی جادرینۆ، دوای زەحمەتێکی زۆر لەگەڵیا رێککەوت. پاشان لە نێو ئەو خاوەن موڵکانەی دراوسێدا گەڕا بەدوای شایەتان. یەکەم کەس کە خۆی پێناساند، ئەفسەرێکی چل ساڵەی خانە نشین بە ناوی دراوین بوو. دراوین زۆر بە رووخۆشییەوە قبووڵی کرد. ئەم بەسەرهاتەش ئەوی خستە بیری رۆژانی هەرزەکاریی خۆی و ئەو تەشقەڵەی کە لە' هوسار' کردبووی، داوایشی لە ڤلادیمیر کرد بۆ شێو لەلای بمێنێتەوە و دڵنیای کرد پەیدا کردنی دوو شایەتەکەی دیکە زۆری پێناچێ. دوای نان خواردن ، دەسبەجێ شمیتی زەوی پێو بە سمێڵێکەوە، لەگەڵ کوڕی کاپیتانی پۆلیس، کوڕێک لە تەمەنی شانزە ساڵانا، کە لەم دواییانەدا هاتبووە' ئوهلانس' پەیدا بوون. ئەو دوانە نەک تەنیا پێشنیارەکەی ڤلادیمیریان قبووڵ کرد، بەڵێنیشیان پێدا گیانیشیان لە پێناویدا دانێن. ڤلادیمیر لە ئەوپەڕی خۆشیدا لە ئامێزی گرتن و بۆ ئامادە کردنی کارەکانی تر گەڕایەوە ماڵەوە.

ئەو لە ماڵەوە تریشکای بەوەفای بە کالیسکەیەکەوە نارد بەدوای ماریادا زۆر بەوردی ئامۆژگاری و رێنوێنی کرد. کالیسکەیەکی چکۆلەیشی بۆ خۆی بەکرێ گرت. بە تەنیا بەبێ کالیسکەچی بەرەو جادرینۆ سەر رێ کەوت. ماریا گاڤریلۆڤنا دەبوو دوو سەعاتی تر بگاتە جادرینۆ. ڤلادیمیر ڕێگە بەباشی شارەزا بوو. لێرەشەوە بۆ جادرینۆ تەنیا بیست خولەکێک رێگا بوو. ڤلادیمیر هێشتا زۆر لە مەیدانە پەرژینکراوەکەی کالیسکەکان دوور نەکەوتبۆوە، بایەکی توند هەڵیکرد، کردیە کڕێوە و تۆفێکی وا کە نەیدەتوانی بەرپێی خۆی ببینێ. لە یەک دەقیقەدا هەموو رێگەوبان لە بەفردا شاردرایەوە. تەواوی ئەو شتانەی دەوروبەر لە تموومژێکی چڕ و زەرددا ون بوون، کولوو بەفر هەمووی داپۆشین؛ ئاسمان و زەوی بەسەر یەکدا شێوابوون. ڤلادیمیر رێگای لێ تێکچوو، ئیتر نەیتوانی رێگاکە بدۆزێتەوە. ئەسپەکەی کوێرانە دەڕۆی. هەرجارەیش پێی دەکەوتە نێو کلیلە بەفرێک و سەرسمی ئەدا بۆ نێو قووڵکەیەک. هەمووجارێکیش کالیسکەکەی لێ وەردەگەڕا. ڤلادیمیر هەموو هەوڵی ئەوە بوو رێگاکەی لێ ون نەبێ. لای خۆی بیری ئەکردەوە ئەوە زیاتر لە نیو سەعاتە بەڕێوەیە، ئەیبۆ هێشتا نەگەیشتۆتە نزارەکەی جادرینۆ. دە دەقیقەیەکی تر بەسەرچوو، کەچی هێشتا هێج نزارێکی لێ دێار نەبوو.

ڤلادیمیرلەسەر دەشتێکەوە لێیخوڕیبوو کە دەکەوت بەسەر چاڵوچۆلی کەندەڵانێکدا. کڕێوە و تۆف خۆشی نەدەکردەوە، ئاسمان رووناکی تێنەەدکەوت، ئەسپەکان ماندوو ببوون، لەگەڵ ئەوەی کە ڤلادیمیر خۆیشی تا نیوەی لە بەفرا نوقم ببوو، ئارەق و تەڕاو بە لەشیا دەهاتە خوار. سەرئەنجام بۆی دەرکەوت کە رێگەی هەڵە کردوە. راوەستا، بۆ ئەوەی هێز و ورەی بێتەوە بەر و بەراوردێک بکا. هاتە سەر ئەو باوەڕە کە دەبێ بەلای راستدا لابدا. ئێستا بەلای راستدا لایدا. ئەسپەکەی بەزەحمەت دەڕۆیە پێش. لەلای خۆی بیری کردەوە ئەوە کاتژمێرێکە بەڕێوەیە، جادرینۆ نابێ زۆر دوور بێ. ڤلادیمیر رۆی و رۆی ، ئەم دەشتە هەر دوایی نەدەهات. رێگەش هەر کلیلە بەفر و کەندەڵان بوو. کالیسکەکەش خێرا خێرا وەردەگەڕا، ئەویش دەبوو راستی کاتەوە. کات بەسەر دەچوو، ڤلادیمیر وردە وردە نائارامی رووی تێکرد.

سەرئەنجام لە دوورەوە رەشاییەک دەرکەوت. ڤلادیمیریش راست بەرەو ئەو رەشاییە چوو، کەچی دیتی ئەوە دارستانێکە. لەبەر خۆیەوە گوتی:'' سپاس بۆ خوا، ئێستە ئیتر زۆر دوور نیم." لە قەراخ نزارەکەوە لێیخوڕی، بەو هیوایەی رێگە ئاشناکەی بدۆزێتەوە یان دەوری نزارەکە بداتەوە؛ جادرینۆ راست لە پشت ئەو نزارەوە هەڵکەوتووە. رێگەکەی دیتەوە و بەسەر رێگەکەدا کشا بۆ نێو تاریکایی جەنگەڵەکە. بای زستان دارەکانی رووتاندبۆوە، بەڵام ئێستا باکەی توند نەبوو. جادەش تەخت بوو. ئەسپەکە هێزی هاتبۆوە بەر، ڤلادیمیریش ورەی بەرز ببۆوە.

ڤلادیمیر رۆی و رۆی، کەچی نە جادرینۆ دەرکەوت، نە دارستانەکەش کۆتایی پێ هات. ئەمجار زانی کەوتۆتە نێو دارستانێکی نەناسیاوەوە. ترس و نائومێدی ئارامی لێبڕی. بە قەمچی لە ئەسپەکەی ئەدا؛ ئەسپی بەسزمان کەوتە لۆقە، بەڵام هەر زوو خاو دە بۆوە. دوای چارەکە سەعاتێک، لەگەڵ ئەو هەموو زەحمەت و کوێرەوەرییە، لە بەختی رەشی ڤلادیمیر، ئەسپ بە ئاستەم لاقی بەدوای لاقیدا دەهات.

وردە وردە دارەکان تەنک بوون، ڤلادیمیر لە نزارەکە هاتە دەر؛ بەڵام جادرینۆ هەر دیار نەبوو. ئێستا دەبێ نیوەشەو بێ. فرمێسک بەخوڕ بە چاوانیا هاتنە خوار؛ بێئەوەی بزانێ بۆ کوێ دەچێ، بەپەلە لێیدەخوڕی. لەو کاتەدا کڕێوەش نیشتبۆوە، هەورەکان بلاوەیان کردبوو. لەبەر دەمیا دەشتێکی بە بەفر داپۆشراو، وەک فەڕشێکی سپی، راخرابوو. شەوێکی رووناک و خۆش بوو. نەک زۆر دوور لێیەوە، گوندێکی چوارـ پێنج ماڵی دەرکەوت. ڤلادیمیر بەرەو گوندەکە چوو، کە گەیشتە یەکەم کۆختە، دابەزی و رایکرد لە پەنجەرەکەی دا. دوای چەند خولەکێک دەرکە دارینەی پشت پەنجەرەکەبەرز بۆوە. پیاوێکی پیر پەنجەرەی کردەوە و ریشی هێنایە دەرەوە و پرسی:

'' چت دەوێ؟''

"جادرینۆ لێرەوە دوورە؟... بەڵێ، بەڵێ! دوورە؟"

''هێند دوور نییە، نزیک بە دە ڤێڕستە."

 بەم وەڵامە ڤلادیمیر قژەسەری خۆی بە چنگ گرت و لە جێێ خۆیدا وشک بوو، هەر وەک پیاوێک سزای مەرگی درابێ.   

''لە کوێوە دێی؟'' پیاوەکە پرسی.

ڤلادیمیر نەیوێرا وەڵامی پرسیارەکەی بداتەوە.

''گوێگرە مامە پیرە، دەتوانی ئەسپێکم بۆ دەست بخەی بمبا بۆ جادرینۆ؟''  

''جا کوا ئەسپ لای ئێمە پەیدا دەبێ''  کابرای وەرزێر وەڵامی داوە.     

''ئەی شارەزایەک دەست دەکەوێ؟ هەرچی داوا بکا دەیدەمێ.''           

 پیاوە پیرەکە لە حاڵێکدا پەنجەرەکەی پێوە ئەدا وتی:

''راوەستە، کوڕەکەمت لەگەڵ دەنێرم، ئەو شارەزایە.''

ڤلادیمیر چاوەروان مایەوە. دەقیقەیەکی پێنەچو دیسان لە پەنجەرەکەی دایەوە. پەنجەرەکە کرایەوە و ریشی کابرا دەرکەوتەوە.                   

''چت دەوێ؟''

''کوڕەکەت کوا؟''

''ئێستا دێتە دەر؛ خەریکە پێڵاوەکانی لە پێ دەکا. ''سەرماتە؟ وەرە ژوورەوە خۆت گەرم کەرەوە.''

''زۆر سپاس، زوو کوڕەکەت بنێرە دەر.''

دەرگا جیڕەی هات؛ کوڕێک بە کوتەکێکەوە هاتە دەر و پێشی کەوت. هەر خێرا پەنجەی بۆ لای رێگاکەوە راکێشا، دوایی بە نێو بەفرە باهێناوەکەدا چووە سەر رێگاکە. ڤلادیمیر لێی پرسی: ''سەعات چەندە؟''

کوڕەکەش وەڵامی داوە: ''خەریکە رۆژ ئەبێتەوە''

ڤلادیمیر ئیتر قسەی نەکرد. کاتێک گەیشتنە جادرینۆ، کەڵەشێر دەیخوێند. هەوا روون ببۆوە. کلیسا داخرابوو. ڤلادیمیر کرێی کورە جووتیارەکەی دا و چوو بۆ حەوشەی ماڵی کەشیشەکە. کالیسکەکەی لەوێ نەبوو. چ هەواڵێک چاوەڕوانیی دەکرد!...  با بگەڕێینەوە بۆ لای خاوەن موڵکەکانی نێنارادۆڤا و بزانین لەوێ چی روو دەدا.

ئەو پیرانە لە خەو هەڵسابوون و چووبوونە دیوەخان، گاڤریل گاڤریلۆڤیچ تەپلەیەکی نووستنی لەسەربوو و فانیلەیەکی دوو توێشیی لەبەردابوو. پراسکۆڤیا پێترۆڤنای ژنیشی جلێکی خەوی ناواخنداری لەبەر بووو. سەماوەر گیزەی دەهات. گاڤریل گاڤریلۆڤیچ نۆکەرێکی نارد بۆ لای ماریا گاڤریلۆڤنا، لێی بپرسێ چۆنە و شەوی رابردوو چۆنی لێ بەسەر چووە. نۆکەرەکە گەڕایەوە و گۆتی کە ماریا خانم دوێشەو باش نەخەوتووە، بەڵام ئێستا باشترە و خەریکە دێتە خوارەوە بۆ دیوە خان. لەم قسانەدا بوون، درگا کرایەوە و ماریا هاتە ژوورەوە و سڵاوی لە دایک و بابی کرد.

باوکی پرسی: ''سەرئێشەکەت چۆنە کچم؟''

''چاکترە بابە.''

دایکی گوتی: ''لەوانەیە دوێنێ لە دووکەڵی ئەو خەڵووزەت هەڵمژیبێ.''

ماریا وەڵامی دایەوە:

''رەنگە وابێ دایە.''                                

رۆژەکە بەخۆشی بەسەرچوو، بەڵام شەو ماشا نەخۆش کەوت. ناردیان لە شارەوە دوکتۆر بێت. ئێوارە کە دوکتۆر هات ، نەخۆشەکە وڕێنەی دەکرد. بە دوایشیدا لەرز و تایەکی زۆر دایگرت. بۆ دوو حەوتوان ئەم نەخۆشە هەژارە لە بەردەم مردنا بوو.

هیچکەس لەو ماڵە بە هەڵاتنەکەی ماشایان نەزانی. ئەو نامانەی شەوی پێشوو نووسیبوونی، سووتێندرابوون؛ کارەکەرەکەی لە ترسی ئاغاکەی، لەم بارەوە وشەیەکی بەگوێی کەسدا نەچرپاندبوو. کەشیشەکە، ئەفسەرە خانەنشینەکە، زەوی پێوە سمێڵییەکە و ئوهلانە چکۆلیش، کەسانێکی بەئاوەز و ژیر و نهێنی پارێز بوون. تریشکای کالیسکەوانیش قەت قسەیەکی لەدەم نەهاتە دەر. تەنانەت ئەو کاتانەیش کە سەرخۆش بوو. نهێنییەکە لە لایەن ئەم کەسانەوە تەواو پارێزرا بوو.

بەڵام ماریا خۆی لە کاتی راواندنەکانیدا، نهێنییەکەی درکاند. قسەکانی لە کاتی راواندندا هێند بێسەروبەرە و پچڕپچڕ بوو، دایکی کە هەمیشە بەلایەوە بوو، تەنیا ئەوەندەی لێ تێگەیی کە کچەکەی، ڤلادیمیر نیکۆلایوڤیچی زۆر خۆش دەوێ و رەنگە هۆکاری نەخۆشییەکەیشی هەر ئەوە بێت. بۆیە دایکی لەگەڵ شووەکەی و هەندێ کەس لە دراوسێکانی، پرس و راوێژی کرد. هەموو وێکڕا هاوڕا بوون کە، ئەمە چارەنووسی روون و ئاشکرای ماریا گاڤریلۆڤنایە. خۆ ژنێک ناتونێ دەست لە پیاوێک هەڵگرێ، کە لە نێوچەوانی نووسرابێ، دەبێ ببێتە مێردی. هەژاری و دەسکورتیش خۆ تاوان نییە، ژن شوو بە ماڵ و سامان ناکا، بە پیاوی دەکا و چی و چی.                                                                          پەیرەوی کردنی پەندی پێشینیان زۆر باش و بەکەڵکە لەو شوێنانەدا، کە ئێمە کەم دەتوانین بڕوبیانوو بدۆزینەوە.                                   

 لەو ماوەیدا کە ماریا نەخۆش بوو، ڤلادیمیر لە ماڵی گاڤریل گاڤریلۆڤیچ دەرنەکەوت، دەترسا ئیتر وەک جاران رووی نەدرێتێ. بۆ رەواندنەوەی ئەم خۆ لاگرتنە، بڕیار درا پەیامێکی چاوەڕواننەکراوی بۆ بنێرن. ئەم پەیامەش هەڵگری هەواڵێکی خۆش بوو. واتە: رازی بوونی دایک و باوکی ماریا بۆ زەماوەندی ڤلادیمیر لەگەڵ کچەکەیاندا. بەڵام سەرسووڕمانی ئەم دەرەبەگەی نێناڕادۆڤا لە چی بوو، کاتێک، لە وەڵامی بانگ کردنەکەیاندا، ئەم نامە نیوە شێتانەیان پێگەیشت. ڤلادیمیر لە نامەکەیدا ئاگاداری کردبوون کە، ئیتر قەت پێ نانێتەوە ماڵیان و داوای لێ کردبوون ، ئەم مرۆڤە ناشادەی فەرامۆش کەن کە ئیتر تەنیا هیوای مردنە. چەند رۆژیش دوای ئەمە بیستیان ڤلادیمیر گەڕاوەتەوە نێو لەشکر. ئەمەش ساڵی بوو. ١٨١٢

ماوەیەکی زۆر نەیانوێرا ماریای لەم هەواڵه  ئاگادار بکەن. ماریا ئێستا چاک ببۆوە. ئەو قەت ناوی ڤلادیمیری بە زارا نەدەهات. چەند مانگێک لەوە دوا، ناوی ڤلادیمیر لە ریزی ئەو کەسە بەناوبانگ و هەڵکەوتووانەدا دۆزرایەوە، کە لە شەڕی بۆرۆدینۆ بریندار ببوون. ماریا لەسەرخۆ چوو، ترسی ئەوە هەبوو هێرشی لەرز و تاکەی بۆ بگەڕێتەوە.  سپاس بۆ خوا! ئەم لەپڕ بوورانەوەی ئاکامێکی خراپی بەدواوە نەبوو. بەڵام دیسان لێقەومانێکی تر رووی لە ماریا کرد: گاڤریل گاڤریلۆڤیچی باوکی مرد، هەموو زەویوزار و ماڵ و سامانەکەی بۆ بەجێهێشت. کەچی ئەم میرات و کەلەپوورە ماریای دڵخۆش نەکرد. بە دڵپاکییەوە بەشداری خەمی پراسکۆڤیا پێترۆڤنای دایکی بوو، سوێندی بۆ خوارد قەت بەجێی نەهێڵی، لەگەڵ دایکیا، نێنارادۆڤا، شوێنی ئەو هەموو بیرەوەرییە ناخۆشانەیان بەجێهێشت و چوون لە موڵک و ماڵێکی دیکەدا بژین.

داواکارێکی زۆر لە دەوری ئەم کچە گەنج و دەوڵەمەندەدا کۆ ببوونەوە، بەڵام ماریا هیوای بە کەسیان نەبوو. دایکی جارجار پێیدەگوت لە نێو ئەم داواکارانەدا یەکیان هەڵبژێرێ، کەچی ئەو سەری رادەوەشاند و مات دەبوو.

ڤلادیمیر نەمابوو؛ ئەو، رۆژی بەر لە هاتنی فرانسەییەکان لە مۆسکۆ مردبوو. دیار بوو بیرەوەرییەکانی بەلای ماریاوە پیرۆز بوو؛ لانی کەم هەر شتێکی کە ئەوی بیر بهێنایەوە لای خۆی هەڵیدەگرت: کتێبەکانی کە خوێندبوونیەوە، نیگارەکانی، یادداشتەکانی، ئەو هۆنراوانەی بۆ ئەمی کۆپی کردبوون. دراوسێکان بە بیستنی ئەم هەموو وەفادارییە، سەرسام دەبوون، بە حەزەوە چاوەروانی قارەمانێک بوون، رۆژێک بەسەر خەمۆکی و دڵتەنگیی ئەم خوای داوێن پاکی و وەفادارییەدا سەرکەوێ.

 ئەو کاتەی کە شەڕ بە سەرکەوتنەوە کۆتایی پێهات و سەربازەکانمان لە دەرەوە گەڕانەوە، خەڵک بە پێشوازییانەوە چوون؛ دەستەی مووزیک سروودی سەرکەوتنی دەخوێند: ''ڤیڤا هەنری ـ کواتر."

تێڕۆڵد واڵتز و ئاوازی ژوکوند.'' ئەو ئەفسەرانەی بە لاوییەتی چووبوون بۆ شەڕ، ئێستا پیاوێکی تەواو بوون و سەرسنگیان بە مەدالیای ئازایەتی رازابۆوە. سەربازەکان بەخۆشییەوە لەگەل یەکدا خەریکی دەمەتەقە و قسەکردن بوون، جارجاریش وشەی ئاڵمانی یان فڕانسەیی تێکەڵ بە قسەکانیان دەبوو. ئەو کاتانە نابێ فەرامۆش بکرێن! کاتی سەربەرزی و شەیدایی!  لە وشەی'' نیشتمانی باب و باپیران"دا، چۆن دڵی رووسی لێی ئەدا، چەند شیرین بوون ئەو فرمێسکانەی لە کاتی دیدار و یەکگرتنەوەدا لە چاوان دەڕژانە خوار. بە چ یەکدەنگی و گشتگیرییەک هەستی سەربەرزی نەتەوەیی و خۆشەویستی بۆ سزارمان یەکدەخست!

ژنان، ژنانی رووسی بێهاوتا بوون. هەستی گەرم و بەتینیان، لەکاتی بەخێرهاتنەوەی سەرکەوتووانی شەڕدا، بەڕاستی، دڵانی کەیلی خۆشی دەکرد. ئەوان هاواریان دەکرد و کڵاویان بەرەو ئاسمان تووڕ دەدا.

کامە ئەفسەر لەو رۆژانەدا پێ لەوە نانێ، منەتباری ژنانی رووس نیە، بۆ ئەو پاداشە بەنرخەی لەبەر فیداکارییەکانی دراویەتێ؟

لەم سەردەمە گەشەدا، ماریا گاڤریلۆڤنا لەگەڵ دایکی لە پارێزگای ـــــــــــ دەژیا. ئەو نەیدەزانی چۆن هەر دوو پایتەخت لە خۆشی گەڕانەوەی سەربازەکانیان ئاهەنگ ئەگێڕن، لە ناوچە گوند نشینەکانیشدا هەست و شۆری گشتی لە شارەکانیش زیاتر بوو. دەرکەوتنی ئەفسەرێک لەم شوێنانەدا بەڕاستی سەرکەوتنێک بوو بۆی.

لە پێشدا گوتمان لەگەڵ ئەو هەموو ساردی و سڕی و هەست مردووییەی ماریا گاڤریلۆڤنا، هێشتاش هەر وەک پێشوو داواکار لە دەوری ئاڵابوون. بەڵام هەموان، بەدەرکەوتنی سەرهەنگ بۆرمینی بریندار لە قەڵا ناچار بە کشانەوە بوون. سەرهەنگ بۆرمین پیاوێکی بیست و شەش ساڵان بوو، بە فەرمانی سان جۆرج بۆ سەردانی ماڵ و موڵکەکەی کە هاوسنوور لەگەڵ ماڵ و موڵکی ماریا گاڤریلۆڤنا بوو گەڕابۆوە. ماریا سەرنجێکی تایبەتی دەدایە بۆرمەن، ناکرێ بوترێ چاوبازی لەگەڵدا دەکرد، بەڵام شاعیرێک کە ئەم رەفتارەی دەبینی گوتی:

" ئەمە ئەگەر ئەوین نیە، ئەی چییە؟"

بۆرمین لە راستیدا پیاوێکی جوانچاک و خوێن شیرین بوو. ئەو خاوەنی ئەو تایبەتمەندییە رۆحی و ئەو هەڵسوکەوتە جوانە بوو، کە ژنان   پێیان خۆشە: هەڵسوکەوت و نەریتێکی بەحەیا و شەرمانە، بەبێ درۆ و خۆنواندن. رەفتاری ئەو لەگەڵ ماریا زۆر سادە و لەڕوو بوو. هەرچییەک ماریا دەیکرد و دەیگوت، بە چاو و بە رۆح بەدوایەوە بوو. لەوە دەچوو پیاوێکی لەسەرخۆ و حەیابەخۆ بێ، هەر چەندە دەگوترا جاران پیاوێکی سەرسەری و خوێڕی بووە. بەڵام بەبۆچوونی ماریا ئەم رابردووە زیانێکی لەو نەدەدا. ئەو وەک هەر ئافرەتێکی گەنج، ئەو کردارە کەرانەیەی دەبەخشی، کە جۆرێک لە سروشتی گەرم و ئازایانەی نیشان دەدا.

بەڵام زیاتر لە هەر شتێک؛ رووخۆشیەکەی، دەمەتەقە شیرینەکەی، رەنگ زەردیەکەی ، قایشی چەکی لاکەلەکەی و بێدەنگییەکەی بۆرمینی گەنج، هەستی ئارەزوو و خەیاڵی ماریای دەجووڵاند. ماریا نەیدەتوانی خۆی بە شتێکی تر رازی بکا، بێجگە لەمەی کە، بۆرمین ئەوی خۆش دەوێ. لەوانەیە بۆرمینیش بەو تیگەیشتن و دنیادیدەییەی کە هەیەتی، بزانێ، ماریاش جیاوازی دادەنێ لە نێوان ئەو و کەسانی دیکەدا. کە وایە، ئەی چۆنە تا ئێستا نەهاتۆتە پێش و قسەیەکیشی بە گوێدا نەداوە؟ ئەی چ شتێک پێشی پێگرتووە؟ ئەمە شەرمێونییە، فیز و لووتبەرزیە، یان خۆ مەکر و نازی داواکەرێکی فێڵباز و زۆرزانە؟ ئەمە بۆ ئەو مەتەڵێک بوو. بەدوای لێکدانەوەیەکی زۆر، بەم ئاکامە گەیی، هۆکاری ئەوە تەنیا دەبێ شەرمێونی بێ، بۆیە بڕیاری دا بۆ هاندانی، سەرنجێکی زۆرتری بداتێ و ئەگەر پێویستیش بوو روویەکی خۆشی نیشان بدا. بۆ ئەمکارەش زۆر شتی چاوەڕواننەکراوی بۆ دوایی هێنان بەم چیرۆکە ئامادە کرد و چاوەڕێی ئەو دەمە شاعیرانەیە مایەوە. نهێنییەک، بە هەر سروشتێکەوە کە هەیبێ قورساییەکی زۆر دەخاتە سەر دڵی مرۆڤ. ئەم فێڵەی ماریا سەرکەوتنی دڵخوازی بە دواوە بوو؛ هیچ نەبێ بۆرمینی خستە داڵغەوە و ئەو چاوە رەشانەی وەها کەوتە نێو ئاگری ئەڤینی ماریاوە، کە دەمی نزیکبوونەوەی دوور نەدەبینی. دراوسێکان باسیان لە مارەبڕین دەکرد، وەکوو ئەوەی بابەتێک بێ لەمە پێش بڕیاری لەسەر درابێ. پراسکۆڤیا پێتڕۆڤنای دایکی زۆر دڵخۆش بوو بەوەی سەرئەنجام کچەکەی دڵداری شیاوی خۆی دەست کەوتووە.

جارێکیان کە ئەم پیرە دایکە بەتەنیا لە دیوەخان دانیشتبوو و سەرقاڵی یاری کردن بە کارت بوو، بۆرمین هاتە ژوور و بۆ ماریای پرسی. دایە پیرە وەڵامی دایەوە:  ''ماریا ئەوەتا لە باخچە، بچۆ بۆ لای و ئەمنیش لێرە چاوەروانیتان دەکەم.'' بۆرمین کە چووە دەر، داپیرە بە دەست خاچێکی لە سەر سنگی  کێشایەوە و لەبەرخۆیەوە گوتی: ''بەڵکوو خوابکا ئەمڕۆ مامەڵەکە سەر بگرێ!''

بۆرمین ماریای لە کراسێکی سپیدا لە نزیک ئەستێری ئاوەکە بینیەوە، لەوێ خەریکی کتێب خوێندنەوە بوو. راست وەک ژنە قارەمانی چیرۆکان. پاش چاک و چۆنییەکی نەریتی و چەند پرسیارێک، ماریا گاڤریلۆڤنا بە ئانقەست کۆتایی بە گفتوگۆکە هێنا. بەمجۆرە ، بۆ دەرچوون لەو بەرزبوونەوەی هەوای ئاڵۆزی و شەرمەزاری نێوانیان، رێگایەکی تر، بێجگە لە گفت و بەڵینێکی ئاشکرا و یەکلاکەرەوە، نەما.

ئەمەش شتێک بوو کە روویدا! بۆرمین بە هەستکردن بە دژواریی شوێنەکەی، وتی،  لەمێژە، لە دەرفەتێک دەگەڕێ سفرەی دڵی خۆی لەلا بکاتەوە و داوای لێکرد گوێی لێبگرێ. ماریا گاڤریلۆڤنا کتێبەکەی لێکنا و چاوەکانی داخست، وەک نیشانێک بۆ ملدان بە داواکەی.

بۆرمین وتی: "تۆم خۆش دەوێ، پڕبەدڵ تۆم خۆش دەوێ...."  ماریا رەنگی سوور هەڵگەڕا و سەری زیاتر شۆڕ کردەوە. ئەمن زۆر بە هەڵەشەیی خۆم هۆگری بیستن و بینینی رۆژانەی تۆ کرد... (ماریا گاڤریلۆڤنا یەکەم نامەی  بیر هاتەوە.)  "بەڵام ئێستا ئیتر زۆر درەنگە دژ بە چارەنووسم راوەستم؛ بیرەوەری تۆ، وێنەی بەژنی جوان و بێهاوتای تۆ، لەمەودوا دەبێتە سەرچاوەی ئازار و دڵنەوایی لە ژیانمدا. بەڵام ئێستا ئەرکێکی گرینگم ماوە بیکەم. با لێت ئاشکرا بێ، نهێنییەکی ترسناک، دیوارێکی لە رووخاننەهاتوو لە نێوانماندایە. ئەم دیوارە هەمێشە بووە.' ماریا بەپەلە قسەکەی پێبڕی و گوتی: ''من ناتوانم ببمە هاوسەری تۆ.''

بۆرمین بە ئارامی وەڵامی دایەوە: ''ئەزانم؛ ئەزانم ئەتۆ جارێک ئەویندار بووی، بەڵام مەرگ و سێ دانە ساڵ شیوەن و رەشپۆشی... ماریای دلۆڤان و   خۆشەوێست، وامەکە دوا هیوای دڵخۆشیم لێ بستێنیەوە؛ ئەو بیرەی کە تۆ پەسەندت کردووە منی پێ خۆشحاڵ بکەی، ئەگەر..."

''قسە مەکە بۆ خاتری خوا، قسە مەکە. تۆ ئازارم ئەدەی.''

"ئەرێ، ئەزانم. هەست دەکەم تۆ دەبێ هی من بی، بەڵام من کڵۆڵترین ئادەمیزادی ژێر ئەو خۆرە رووناکەم ـــــــــــــ لەمە پێش، من ژنم هێناوە!" ماریا بە سەرسامییەوە سەیری کرد.

''ئەرێ، لەمە پێش ژنم هێناوە.'' بۆرمین درێژەی بە قسەکانی دا: "چوار ساڵە مارە بڕاوم، نازانم ژنەکەشم کێیە و لە کوێیە و ئایا قەت دەیبینمەوە!؟''  ماریا وتی: ''چەند سەیرە! دەی درێژە بدە، دوایی بۆت دەگێڕمەوە.... تکایە بەردەوام بە."

بۆرمین گوتی: "سەرەتای ساڵی١٨١٢بە پەلە دەچوم بۆ ڤیلنا، هێزەسەربازییەکەم لەوێ بوو. ئێوارەیەکیان درەنگ گەیشتمە یەک لەو بنکانەی هێزەکە. فەرمانم دا هەرچی زوو سوورتمەیەکم بۆ ئامادە بکەن. لەو کاتەدا بەفر و کڕێوە دەستی پێکرد. فەرماندەی بنکەکە و لێخوڕی سوورتمەکە، پێیان گوتم راوەستم تا خۆش ئەکاتەوە. دیارە بە قسەم کردن، بەڵام نائارامییەکی سەیر رووی تێکردم، وەکوو ئەوەی کەسێک تێمەوەژەنێ بۆ پێشەوە. نەمتوانی لەوە زیاتر خۆم راگرم. هێشتا خۆشی نەکردبۆوە، فەرمانی رۆیشتنم دا. لە نێو بەفر و بۆراندا سەر رێ کەوتم. لێخوڕی سوورتمەکە وای بەباش زانی بەلای چۆمەکەدا بڕۆین، ئەمەش سێ ڤێڕست رێگەی نزیک دەکردینەوە. قەراخ چۆمەکە بەفر دایپۆشیبوو؛ سوورتمەوانەکە بۆ ئەوەی بێینەوە سەر رێگەکە، بەو شوێنەی کە پێیدا هاتبووین گەڕایەوە دواوە. بۆیە کەوتینە شوێنێک کە نەماندەناسی. کڕێوە هەر بەردەوام بوو. لە دوورەوە رووناکی چرایەکم بینی. بە سوورتمەوانەکەم گوت بەرەو ئەو چرایە بڕٶ. کە چووین گوندێک بوو؛ لە کلیسەیەکی داریندا چرایەک دەگیرسا. دەرکەی کلیساکە کرابۆوە. لە دەرەوەی تەیمانەی حەوشەکەی کلیسە چەند سوورتمە راگیرابوون. خەڵکانێک لە دەروازەی کلیسەکەوە دەهاتنە دەر و دەچوونە ژوور.

کەسانێک دەنگیان بەرز بۆوە: ''لێرەوە! لێرەوە!'' بە سوورتمەوانەکەم گوت لێخوڕە بۆ پێشەوە. کەسێک پێی گوتم: '' بیسمیللا، بەرەڵڵا، لە کوێێ؟ بووک لە هۆشخۆی چووە، کەشیش نازانێ چبکا، ئێمەش خەریبوو بگەڕێنەوە ماڵەوە، دابەزە خێرا.''

منیش بێئەوەی قسەیەک بکەم، دابەزیم و چوومە ژووری کلیسا. دوو یان سێ مۆمی کز دەسووتان. کچێکی گەنج لە قوژبنێکی تاریکی کلیسەکە لە سەر کورسییەک دانیشتبوو. کچێکی تر دەستی بە نێو چەوانیدا دەهێنا.'' ''سپاس بۆ خوا" دووهەمیان گوتی. ''سەرئەنجام هاتی. خۆ تۆ ئەم خانمە گەنجەت کوشت!  

کەشیشە پێرەکە بەرەوڕووم هات و گوتی: ''دەتهەوێ دەست پێبکەم؟''

بە پەرێشانییەوە وتم: "فەرموو، فەرموو مامۆستا دەست پێبکە.'' کچە گەنجەکە هەڵسایە سەرپێ. سیمایەکی جوانی هەبوو.... نازانم چی پاڵی پێوەنام بۆ ئەم کردارە سووکە. لەبەردەم قەشەکەدا لە تەنیشت کچەکەوە راوەستام؛ کەشیش کەوتە پەلە، سێ پیاو و کارەکەرەکە بووکەکەیان راگرتبوو و هەر بەوەوە خەریکبوون. ئێمەلەیەک مارە کراین.

ئەوانەی لەوێ بوون هاواریان لێکردین: ''دەی یەکتر ماچ کەن!"  ژنەکەم روومەتە رەنگپەڕیوەکەی کرد بە لامەوە. خەریکبوو ماچی کەم کە هاواری کرد: ''ئای! ئەمە ئەو نیە! ئەمە ئەو نیە!'' بێهۆش بوو و کەوتە زەوی. خەڵکەکە بە شێوەیەکی ترسناک لێم مٶڕ بوونەوە. منیش بەبێ کۆسپ گەڕامە دواوە و کلیسەم بەجێهێشت. خۆم فڕێدایە نێو سوورتمەکە و هاوارم کرد: ' زوو لێخوڕە!''

''ئەی خواگیان!'' ماریا گاڤریلۆڤنا وتی. ''ئیتر نازانی ئەو هاوسەرە هەژارەت چیی لێ بەسەر هات؟''

  بۆرمین وەڵامی دایەوە: '' نازانم، نە ناوی ئەو گوندەش دەزانم کە ژنەکەم لێ مارە کرا، نە ئەو بنکە سەربازییەش کە لێیەوە هاتم ئەزانم لە کوێیە. ئەو کاتە من گرینگیم نەدەدا بە کار و پەندی ئاوا ناپەسەند. هەر کە کلیسەم بەجێهێشت لێی نووستم و تا بەیانی رۆژی دوایی کە گەیشتینە بنکەی سێهەم ئاگام نەبۆوە. ئەو سەربازەش کە لەگەڵم  بوو لە شەڕدا کوژرا. هێچ هیوایەکم نیە ئەو ژنەی بدۆزمەوە کە ئەو تەشقەڵەم پێکرد.

''ئۆف خوا گیان!'' ماریا گاڤریلۆڤنا هاواری کرد و دەستی بۆرمینی گرت. "کە وایە، ئەوە تۆ بووی! ئەمن ناناسیتەوە؟"

بۆرمین رەنگی پەڕی ـــــــــــــــ خۆی خست بەسەر کەوشەکانیدا.

 

 Bilderesultat for storm kunst