چیرۆک

پەتاتە، میوەی بەهەشت

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تا رۆژێکیان لەپاش ماوەیەکی زۆر، سەردانیم کرد و لەکاتێکدا لەگەڵیا خەریکی خواردنەوەی چایی بووم، لێم پرسی کە داخۆ ماندوو نیە و نایەوێ واز لەمردووشۆری بێنێ، ئەوەیکە چیتر تەمەنی ئەو بەرگەی ئەم کارە دژوارە ناگرێ و واباشە بیداتە کەسێکی گەنجتر، یەکجار گەنجتر.

 

پەتاتە، میوەی بەهەشت

فەڕۆخ نێعمەتپوور

حەمەی برام پەتاتە فرۆشە. هەڵبەت چونکە کەسابەتی باشی نیە و پارەی چاک دەرناهێنێ، پەتاتەخۆریشە. جگە لەمە پاش ماوەیەک لە پەیوەندی لەگەڵ کاسبییەکەیدا شتێکی تریشی لێقەوما. ئەویش ئەوەیە بۆ ئەوەی بتوانێ باشتر مشتەری بەرەو خۆی رابکێشێ، جوان جوان پەتاتەکان لە ماڵەوە لە سەر داشقەکەی بە ئاو و بە پەڕۆ دەشوا، بۆیە، بووە بە پەتاتەشۆریش. حەمە پەتاتەشۆریشە.

کەس بەقەد حەمەی برام پەتاتە جوان ناشواتەوە. پەتاتەکانی وەک ئەڵماس لەبەر هەتاودا دەدرەوشێنەوە،... وەک ملوانکەی مراوریی ملی ژنان لە دوورەوە باق و بریقیانە.

من ئەوتەی لەبیرم دێ حەمە پەتاتەفرۆش بووە. لەو کاتەوە عەقڵم بە دونیا کراوەتەوە، هەمیشە ئەوم لەبەر داشقەکەیدا لێرە و لەوێ لەسەر شۆستەکان و لەبەردەم دوکانەکانی شاردا بینیوە. نازانم بۆ لە دووای ئەو هەموو ساڵە وەک ئەو خەڵکە نەبوو بە خاوەن دووکان و هەر لێرە و لەوێ لەبەر سەرما و گەرمادا رادەوەستا و، هاواری مشتەری دەکرد. من ئەوەندە حەمەی برامم لەگەڵ پەتاتە بینیوە کە جاری وایە هەست دەکەم لەوان دەچێ، رەنگ بۆر و بە تەحەمول لە هەر چوار وەرزی ساڵدا.

کە ئێوارەی لێدێ پەتاتە نەرم و رەنگ هەڵبزرکاوەکان بە کاوەخۆ جیادەکاتەوە و لەسەر لایەکی گارییەکەی هەڵیاندەچنێ (بۆ ماڵەوەی جیادەکاتەوە)، پاش ئەوەی بە جوانی خێر و شەڕی ئەو رۆژە لە ژێر گارییەکەدا بە دانیشتنەوە بە ئەسپایی و بە دزییەوە دەژمێرێ، گەر دەستی دا ئەوە هەندێ میوەیش کە هەمیشە لە پاشماوەکانی بن قرتاڵ و سندووقەکانە دەکرێ و لۆژە لۆژ بەرەو ماڵەوە دەبێتەوە. هەڵبەت پێش ئەوەی بگاتەوە ماڵ، لەسەر رێگا لە مزگەوتەکەی گەڕەک لادەدا و کاری ئاودەستەکەی دەباتە ئەوێ. حەمە کەمێک دەشەلێ. خەڵکی دەڵێن دەیبینن بۆ ماوەیەک لەبەردەم دەرگای مردووشۆرخانەکەیش رادەوەستێ و ئەوسا لادەکاتەوە سەیرێکی دارمەیتەکەیش دەکا کە بە سەر بەرزایێکەوە لە بەرامبەر ریزی ئاودەستەکاندا هەڵواسراوە. پاشان وەڕێ دەکەوێتەوە و بەرەو ماڵەوە دەبێتەوە. ئەو شەوە وەک هەمیشە خێزانەکەی، یان بەساخی پەتاتەی کوڵاندووە، یان بەقاشکراوی خستوویەتە کەمێک ئاوەوە و لەگەڵ سەلکێک پیاز و کەوچکێک رۆن کوڵاندوویەتی، یاخود سووریکردووەتەوە. حەمەی برام پاش ئەوەی لە حەوشە بە حەزەوە دەست و دەم و چاوی دەشوا و بە دەنگی بەرز شوکری خودا دەکا و بە حەز و لەز پڕ بە سییەکانی هەوای ئێوارە هەڵدەمژێ، دەچێتە ژوورەوە و بە دەستە گەورەکانی پاروو لە دووای پاروو، پەتاتە بە دەم و قوڕگیدا دەکا.

کەس بەقەد حەمەی پەتاتەفرۆشی برام حەزی بە پەتاتە نیە،... کەس!

من کە وەزعم باشترە و لە یەکێک لە ئیدارەکانی حکومەت دامەزراوم و پێم وایە چاوم باشتر دونیا دەبینێ (هەڵبەت با ئەوەیش بڵێم حەمە وەجاخ کوێرە و خاوەنی هیچ منداڵێک نیە)، رۆژێ رووم تێکرد و پێم گوت کە چیتر رەوانیە ئەو لێرە و لەوێ لەسەر شۆستە و لەبەردەم دووکانی ئەم و ئەودا راوەستێ. بۆیە گوتم کە من رەنگە بتوانم کارێکی بۆ بکەم و دوکانێکی بچوکی بۆ پەیدا بکەم. تەنانەت گوتیشم لەگەڵ یەک دوو کەسیش قسەم کردووە و سوکە قەولێکیان پێداوم. گوتم کە لەوێ بۆ خۆی دەتوانێ جگە لە پەتاتە، شتی تریش دابنێ و بەدەمییەوە بیانفرۆشێ. یان نا، گەر حەزی لێیە با دووکانەکە بکا بە پەتاتە و تەواو. بە کورتی زۆرم بۆ باس کرد و بە تەمای وەڵامی ئەو، بێدەنگ بووم و چاوەڕوان مامەوە. حەمەی برام چاوەکانی لێ وردکردمەوە. دەستی برد قوتووی تووتن و پەڕە هەمیشەییەکەی لە گیرفانی پانتۆڵە هەراو و کۆنەکەی دەرهێنا، پاش ئەوەی جگەرەیەکی لەوەپێش پێچراوەی داگیرساند و مژێکی قووڵی لێدا، گوتی "یەعنی تۆ پێت وایە من لە هەموو ئەم ساڵانەدا کە خەریکی پەتاتەفرۆشتن بووم و سەرم تیا سپی کردووە، ئەقڵم بەوە نەشکاوە لە بیری دوکانێکدا بم؟... ها؟ توسەری خۆت پێت وایە کە من ئەوەندە گەمژەم؟" من کە چاوەڕووانی وەها وەڵامێک نەبووم، کەمێک تیایا مامەوە و، ئەوسا زۆر خێرا وتم کە "نا مەبەستم ئەمە نیە..." بەڵام حەمە چیتر دەرفەتی نەدامێ و لەکاتێکدا بە دەست رێگاکەی نیشان دەدام و قۆلی وەک قۆلی داوەڵ بەو ئاسمانەوە مابووەوە، بەڕی کەوتم و رۆیشتم و دوورکەوتمەوە. رقم لە خۆم بوو. نازانم بۆ وا بە بێ هیچ لێکدانەوە و هێنان و بردنی دۆخەکە بە کتوپڕی ئەمەم لەگەڵ باسکردبوو، بەڵام تازە گوزەرابوو و کارلەکار ترازابوو. لەگەڵ ئەوەی بەزەییم پیادەهاتەوە، لەبەرخۆمەوە گوتم کە "بە من چی، من ویستم پیاوەتی لەگەڵ بکەم و لەو دۆخە نالەبارە رزگاری بکەم، جا بۆ نایەوێ، ئیتر کەیفی خۆیەتی،... چاوی دەرێ،... چاوەکانی دەرێ!"

بەڵام حەزی زانینی ئەوەی کە بۆچی حەمەی برام حەزی بە داشقەچیەتی و کەسابەتی گەڕۆکیانە بوو، بەرۆکی بەرنەدەدام.

هەر ئەو رۆژە من جێم هێشتبوو، بە چەند ساتەوەختێک دوواتر، مەلای مزگەوتەکەی گەڕەکەکەمان چووبووە لای و پەتاتەی لێکڕیبوو. پاشی خۆش و بێشی سەرەتایی و ئاسایی و، ئاڵ و گۆڕکردنی چەند قسە و باسێک، پێی گوتبوو گەر پێی خۆش بێت ئەوا دەتوانێ لە پاڵ پەتاتەفرۆشتنەکەیدا کەسابەتێکی تریش بکات کە زۆر خێرە و، جگە لەوەی خێری دونیای پێوەیە ئەوا خێر و بەرەکەتی ئەو دونیایەی تریشی تێدایە و بۆیە واچاکە دەستی رەد بە سینگییەوە نەنێ و ئەزدەم قبوڵی بکا.

حەمە هەر پێشنیارەکەی گوێ لێ ببوو (ئەمە خەڵکی دەورووبەری دەیانگێڕایەوە)، لە خۆشیا قیژەیەکی لێهەستابوو، کەوتبووە ماچکردنی شێتانەی دەست و مێزەری سپیی مەلا، پاشان بۆ نیو سەعاتی رەبەق لە سەر قاچەکانی هەڵتروشکابوو و لەکاتێکدا جگەرەی بە شوێن جگەرەدا بە باکردبوو، جوابی یەک مشتەری چییە نەدابووەوە.

ئیتر لە رۆژی دووای ئەو ئێوارەوە، حەمەی پەتاتەفرۆشی برام بوو بە مردووشۆری مزگەوتەکەی گەڕەک.

من کە یەکجار پێم ناخۆش بوو، ئیستا دەمزانی بۆچی وازی لە پەتاتەفرۆشیی سەرجادە نەهێنابوو، ئیستا دەمزانی بۆچی ئەوەندە بە جوانی پەتاتەکانی دەشۆردەوە، هەنووکە بوو دەمزانی بۆچی هەموو ئێوارەیەک پێش ئەوەی بچێتەوە ماڵەوە لەبەر دەرگای مردووشۆرخانەکە رادەوەستا و لێی رادەما و، تەنانەت جاری وایش بوو سەری بە دەرگاکەوە دەنا و گوێی رادەداشت!

بەڵام ئەو ساڵانە مردوو کەمبوون،... خەڵک کەم دەمردن. بۆیە حەمە پارەی چاکی لە شۆردنی مردووەکان دەست نەدەکەوت. لەوەش نەدەچوو زۆر بەمەوە پەرۆش بێت. ئەو وەک جاران پەتاتە سیسەکانی جیادەکردەوە، میوە نیوەگەنیوەکانی دەکڕی و، بەحەزەوە لوولی بە پارووی پەتاتە دەدا. هیچ شتێک ئەوەی پیشان نەدەدا پارەی ئەو مردووە کەمانەی دەیشۆردن بارێکی لە دۆخەکەی گۆڕیبێ. من کە سەیری رەنگی سیس، دیانە نیوە هەڵوەریو، سەری نیوەڕووتاوە و ماش و برینجییم دەکرد، ئیتر لەداخا ئاگام لەخۆم نەدەما. حەمە وەک هەمیشە دەژیا. لای ئەو، زەمەن نەدەجوڵا.

ئەوانەی لەوەپێش مردوویان لەگەڵ مردووشۆرەکانی جاران شۆردبوو و لەم بارەیەوە خاوەن ئەزموون بوون، دەیانگوت کەس بە قەدەر حەمەی پەتاتەفرۆش جوان مردوو ناشوا. دەیانگوت بە پەڕۆ و سابوون وەهایان بەدەوردا دێت کە سەیرە. ناوگەڵ، پشت گوێ، بەینی پەنجەکان و قژ و بن باڵیان وەها دەشوا هەرنەبێتەوە. لەسەر یەک و لەسەریەک. دیسان و دیسانەوە. چەندین و چەندین جاری تریش. ئەوسا لە ئاوکێشانیان تێرنابێ. پەستاپەستا بە سەتڵە شینە رەنگ هەڵبزرکاوەکە ئاویان پیادەکا. خووشش... خووششش،... خوڕەی ئاو لەسەر تاتەبەردی مردووشۆردنەکە دەڵێی قەت کۆتایی نایێ. ئاو شەپۆل دەدا. دەریایە دەریا! دەیانگوت ئەوجا لەکاتی وشککردنەوەیاندا وەها لە هەموو ئازای جەستەیان ورددەبێتەوە، هەرنەبێتەوە. بە خاولییەکەیەوە ئەو شوێنانەی وا گومانی لێیان هەیە جوانتر وشکیان دەکاتەوە، تەنانەت لەگەڵیشیان دەدوێ. ئەگەرچی زەحمەتە وشەکانی ببیسترێ، بەڵام حەمە دەدوێ. باسی چیدەکا، خوا دەزانێ! لای حەمە مردووەکان دەڵێی زیندوون!

لە دونیادا مردووشۆری وەک حەمەی برام دەست ناکەوێ،... لە هیچ شوێنێکی ئەم جیهانە بەرینەدا،... من دڵنیام، ئەگەرچی جگە لە شارەکەی خۆم قەت هیچ شوێنێکی ترم نەبینیوە!

کتوپڕ رۆژێکیان هەورێکی چڵکنی رەش، نەک لە رۆژئاواوە یاخود لە باکوورەوە (هەوری وڵاتی ئێمە هەمیشە لەو دوو شوێنەوە دێن و دادەکەن)، بەڵکو لە شوێنێکەوە کە هەتا ئیستاکەیش کەس نەیزانی لە کوێوە، هات و ئاسمانی شاری لە چەند چرکەدا داپۆشی (هەندێ دەڵێن لە باشوورەوە هات). کەس هەوری وەهای نەبینیبوو، قەت قەت. هەورێکی ماسولکەیی و لەناوخۆیدا پێچاوپێچ، رەگاویی و پڕ چاڵە و چۆڵ کە قورس قورس دیسان لە چەند چرکەیەکدا نەوی بووەوە و نیشتە سەر شار. بەڵام راستییەکەی ئەوە بوو کەس نەترسا، بە پێچەوانەوە هەر هەموو سەریان هەڵێنا و کەوتنە سەیرکردنی. هەورەکە هەم سامی دەبەخشی و هەم سەرنج. خەڵک کە مابوونەوە سەرئەنجام چی بکەن، بە تەمای داکردنی باران یاخود بەفرێکی بەبەرەکەت، دڵخۆشیی خۆیان دایەوە و چاوەڕوان مانەوە. حەمەی پەتاتەفرۆشی برایشم یەک لەوان بوو.

بەڵام هەورەکە داینەکرد. بە ئیستایشەوە هەر داینەکرد. وەک فەرشێکی بەرین لەوێ مایەوە و هەناسەی شاری کپ کرد. لەو رۆژەوە ئیتر نە بایەک هەڵیکرد رایماڵێ و نە هەتاویش ئەوەندە گەرم کە بتوانێ شیبکاتەوە و وەک پەشمەک بیکاتەوە بە شەکر.

ئەوەندەی نەخایاند کە مردووی شار بەپێچەوانەی جاران زیادی کرد. هەر رۆژەی لە کۆڵان و لە خانوویەکدا دەنگی ناڵە و هاوار بەرزدەبووەوەو هەواڵی مردن و تەرمێکی تری رادەگەیاند. وای لێهات ئیتر حەمەی برامیان بە خوایش و تەمەننا بایە یان بەزۆر لە سەر داشقەکەی هەڵدەگرت و دەیانبرد. حەمە کە هەموو بن باڵی سوور و شین هەڵگەڕابوو، پاش ماوەیەک بەو ئاکامە گەیشت کە واباشە واز لە داشقە و پەتاتەکانی، بگرە بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت، بێنێ و بە تەواوی رووبکاتە مردووشۆری.

ئیتر پەتاتەفرۆشەکەی برام لە مزگەوت لێی کەوت. مردوو لەسەر مردوو، تەرم لەسەر تەرم. کەس نەیدەزانی چلۆن ئەم شارە ئەم هەموو حەشیمەتەی تیابووە. نەدەبڕایەوە. وەک بڵێی مردووەکان لە دووای شۆردن و ناشتنیان، دیسان بە دزییەوە لە گۆڕەکانیان هەڵدەستانەوە و شەوانە روویان لە خانووەکانیان دەکردەوە و، دوواجار دیسان بۆ جارێکی تر دەمردنەوە و روویان لە براکەی من لە مزگەوت دەکردەوە. حەمە لە شان و پیل کەوتبوو. دەڵێی وزەی لە بن پێیەوە وەک نەوتی چرا لەنتەری کون دەڕژایە سەر عەرز و لەناو خاک و خۆڵی وشک و برژاودا وندەبوو. ئێوارەیان درەنگان کاتێک دەکەوتەوە ماڵەوە، ئەوەندە ماندوو بوو کە خۆی بە پێوە نەدەگرت. بە بێ ئەوەی نان بخوا، یەکسەر دەچووە ناو جێگاکەی و دەخەوت. پرخەی حەمە رۆژەڕێیەک بڕی دەکرد.

بەڵام دەمبینی حەمە خۆشحاڵ بوو! هەڵبەت نەک خۆشحاڵ لە مردنی خەڵکی، بەڵکو خۆشحاڵ و خەنی لە شتێکی تر. چی بوو؟ نازانم.

تا رۆژێکیان لەپاش ماوەیەکی زۆر، سەردانیم کرد و لەکاتێکدا لەگەڵیا خەریکی خواردنەوەی چایی بووم، لێم پرسی کە داخۆ ماندوو نیە و نایەوێ واز لەمردووشۆری بێنێ، ئەوەیکە چیتر تەمەنی ئەو بەرگەی ئەم کارە دژوارە ناگرێ و واباشە بیداتە کەسێکی گەنجتر، یەکجار گەنجتر.

بەڵام حەمە تێکچوو. ژێرپیاڵەکەی لە لێوی ترازاند و داینایە سەر زەوی و لە کاتێکدا ورد ورد لە نیگاکانمی دەڕوانی، وتی پێت وایە مردوو و تەرمی خەڵکی ئەم سەردەمە بە گەنجی ئیستا دەشۆردرێ؟... وتی کە داخۆ من ئاوا بەم هەیکەل و ئەقڵەوەم لەم دونیایە گەیشتووم؟... وتی چما من نازانم لە وڵاتێکدا هەوری سەر سەری ناجوڵێ، مردووشۆری یەکێک لە شەریفترین کارەکانە؟ من کە لەم قسانەی واقم وڕمابوو، وتم ئەزانم عومرێک دوکانت نەکڕی و پەتاتەت شۆردەوە بۆ ئەوەی سەرئەنجام بتکەن بە مردووشۆر،... وتم  دەزانی پێویستی بەمە نەدەکرد و دەمانتوانی راستەوخۆ بچینە لای مەلا و داوای لێ بکەین و تەواو، ئیتر ئەم تەمەنە جوانەت بە زایە نەدەچوو و بە مرادی خۆت دەگەیشتی،... وتم پارووەکەت لە پشت ملتەوە بۆ دەمت برد و زەمەنێکی زۆرت بەزایەدا. بەڵام حەمە ئەمجارە لێم نەهاتە جواب. دووای ئەوەی کەمێک میوەی نیوەڕزیو و نیوەگەندەڵی بن قرتاڵەکانی پێدام، هەستام، پێڵاوەکانم لەپێکرد و جێمهێشت. حەمە بە مڕومۆچی خواحافیزی لێکردم.

راستییەکەی ئەوەبوو شارەکەمان زۆر خراپی لێقەومابوو. سەرەتا دەمانگوت ئەم هەورەیش دەبێ سەرئەنجام مل بداتە مەنتیقی ژیان و زەمان و رۆژێ لەم رۆژانە ئاسمانەکەمان جێ بێڵێ، بەڵام نەک شتی وا رووی نەدا، بەڵکو رۆژبەرۆژ زیاتر دادەبەزییە سەر شار و هەتا دەهات نزیکتر دەکەوتەوە. ئیستا ئیتر جاری وابوو دەکەوتە سەرەتاتکێکردنی ناو ماڵەکان و بگرە لە سەر چاوەشووشەکان نەقش و نیگاری سەیروسەمەرە و ترسناکیشی دەکێشایەوە. خەڵکی بەڕاستی وەڕەز و ماندوو ببوون. کۆڵان و شەقام نەمابوو بە چەندین و چەندین جار مەجلیسی سەرەخۆشیی تیا دانەنرابێ و بنەماڵە نەبوو لانیکەم ئازیزێکی لەدەست نەدابێ. لە شارەکەی ئێمە، ژیان زۆرتر پاڵی بە مەرگەوە دابوو هەتا ژیان.

کەمکەم وای لێهات خەڵکی رقیان لە حەمەی پەتاتەفرۆشی برایشم هەڵگرت. بە شوومیان دەزانی. کە دەردەکەوت بە پێچەوانەی جاران پشتیان تێدەکرد، یان هەوڵیان دەدا خۆی لێ گێل کەن. بگرە هەندێ جار ئەوانەی روودارتر و تووڕەتر بوون بەر جوێنیشیان دەدا، بەڵام حەمە بێدەنگ و ئارام وەک بڵێی گوێ و ئاگای لەهیچ نیە، بەلایاندا تێدەپەڕی و تەنیا کاری خۆی دەکرد. تەنانەت لە جاران زیاتر بە تەرمی مردووەکانیش رادەگەیشت. ئەوەندە جوان دەیشۆردن و تەڕ و وشکی دەکردن کە دەڵێی کیسەکێشی حەمام بوو،... دەڵێی خەڵکی زیندووی خاوێن دەکردەوە.

گەر لەو سەردەمەدا رێگات بکەوتایە شاری ئێمە و لە تاقە بەرزایی ناو شارەکە راوەستایتایێ و بتڕوانیایە قەبرستانەکەی رۆژئاوای شار، ئەوا لە پان و بەرینییەکەی سەرت سوڕدەما.

سەرئەنجام رۆژێک چەرخی زەمەن گۆڕا و بایەکی وەها قایم هەڵیکرد کە هەورەکەی وەپێش خۆی دا و بردی. هەورە رەشە چڵکنەکە کە سەرەتا نەدەجوڵا و هەوڵیدەدا خۆی لە ماڵەکان و ناو کۆڵانەکان قایم بکا، بەرەبەرە ملی دا و جوڵا. بایەکە گەلێک بەهێزتر بوو. ئاە و ناڵەیەکی وەهای لێبووەوە کە لەکاتی رۆیشتن و دوورکەوتنەوەدا بەشێک لە شاخەکان و خانوو و کۆڵانەکانیشی لەگەڵ خۆی برد، بەڵام بە خۆشییەوە دەستی بە کەس رانەگەیشت. بۆ؟ کەس نازانێ.

ئاسمان رووناک بووەوە. رۆژێکی خۆشی بەهاری بوو. رێک لەناوەڕاستی مانگی گوڵاندا. سروشت لە هەموو کاتێکی تری خۆی رەنگاوڕەنگ تر. بگرە لە خودی رەنگەکانیش. بەڕاستی چ کاتێکی خۆش و دەگمەن بوو.

بەڵام ئەم دڵخۆشییە تەنیا ماوەیەکی خایاند. دیسان خەڵک بیری مردووەکانیان کەوتنەوە و خەم رووی لە شارەکە کردەوە. هێشتا خەڵکی تیای مابوون کە بۆچی دونیا کتوپڕ وای لێهات و ژیان لە شارەکەیان بە بارێکی تردا وەرسوڕابوو. کێ تاوانبار بوو؟ بەتایبەت کاتێک چاویان بە حەمەی برام دەکەوت، ئیتر دیمەنی رابردوو وەها لەبەر چاویاندا زیندوو دەبووەوە کە پێیان وابوو خۆقوتارکردن لێی مەحاڵە.

حەمەی برام بەناچاری سەرئەنجام رۆژێک دەستی ژنەپیرەکەی گرت و لە تەنیشت پەتاتەکانیدا سواری داشقەکەی کرد و لە شارەکە رۆیشتن. بۆ کوێ؟ منیش نازانم. کە حەمە رۆیشت، خەڵکی یەکجار خۆشحاڵ بوون. وتیان "تەنیا پاشماوەی هەورەکەیش گۆڕبەگۆڕ بوو!"

رێک چەند رۆژ لە دووای رۆیشتنی حەمە، لە قەبرستانی رۆژئاوای شارەوە دەنگێکی سەیر بەرزبووەوە. دەنگێک وەک بوومەلەرزە. پاشان تیشکێکی گەشگەش هەموو پانتایی سەر گۆڕستانەکەی داپۆشی. ئەوسا تیشکەکە لە یەک نوقتەدا کۆبووەوە و لەسەر نووکی لقی داربەڕوویێک نیشت و وەک مروارییەکی هەرە گەش کەوتە نوور هاویشتن. من قەت لە ژیانمدا ئەوەندە تیشکی گەش و جوانم نەبینیبوو. هەتاویش لە چاو ئەو تیشکە بەڕای من دەبێ خۆی بشارێتەوە!

مروارییەکە چەند رۆژ و شەو لەوێ بوو. کەس نەیوێرا و نەیویست توخنی کەوێ. هەموو رۆژێک خەڵک لەسەر بان و لە بەر پەنجەرەکانیاندا کۆدەبوونەوە و سەیریان دەکرد. ئیتر هەر باسی شەوانە مەکە کە ئاسمانی شارەکەمان چەند جوان و رووناک دەبوو.

لە رۆژی حەوتەمی مروارییەکەدا بوو کە شتێکی سەیرتر روویدا. خەڵکی بینیان گۆڕەکان جوڵان. هەموو ئەو کەسانەی لە کاتی هەورە رەش و چڵکنەکە مردبوون و بەرەو گۆڕستان نێردرابوون، رابوونەوە و ساخ و سەلیم بەرەو شار هاتنەوە. باوەڕناکەی؟ باوەڕبکە!... با، هاتنەوە. دەتوانم ماڵ بە ماڵ بتگێڕم و پیشانت بدەم. مردووە زیندووەبوونەکان دەڵێم،... ئا، ئەوان دەڵێم. ئیستا لێرەن، لەناو شار. ئەوەی مەحاڵ بوو لەم شارەی ئێمە قەوما.

دەشزانی بۆ قەوما؟ بە هۆی حەمەی پەتاتەفرۆشی برامەوە بوو، ئا، بە هۆی ئەوەوە بوو. ئەوەندە جوان مردووەکانی دەشۆرد کە باوەڕیان بە مردنی خۆیان نەدەهێنا. نازانم ئەمە لە کوێوە فێرببوو،... رەنگە لە پەتاتەکانییەوە، ئا، رەنگە لەوانەوە. ئاخر حەمەی برام پێی وابوو گەر پەتاتە ئەوەندە حەکیم بێت کە نەهێڵێ پیاوی فەقیر بمرێ، ئەوا ناهێڵێ مردووی بەناحەق مردوویش بۆ هەمیشە بمرن.

ئەو هەموو ئەو کاتانە بە هەمان ئەو پەڕۆیانە مردووەکانی شۆردبوون کە پەتاتەکانی پێ خاوێن کردبوونەوە. ئەو دەیگوت درۆیە سێو میوەی بەهەشتییە، مرۆڤ گۆڕیویەتی و بەدەم خواوە درۆی هەڵبەستووە. ئەو پێی وابوو پەتاتە میوەی بەهەشتییە،... تەنیا پەتاتە!

 

 Bilderesultat for paradis kunst