چیرۆک

دوورخراوە

لە ئینگلیزییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان

لە شارەکەی ولادیمیر بازرگانێکی گەنج بەناوی؛ ئیوان دمیتریچ ئاکسیۆنۆڤ، دەژیا. ئەم پیاوە دوو دووکان و ماڵێکی خۆی هەبوو. ئاکسیۆنۆڤ پیاوێکی جوانچاک، قژلوول و قسەخۆش بوو. زۆریش حەزی لە گۆرانی و گۆرانی وتن دەکرد. ئاکسیۆنۆڤ لە هەرزەکاریدا خووی دابوە خواردنەوە. 

 

تۆلستۆی (١٩١٠ـ ١٨٢٨) ناودارترینی نووسەرانی رووسە. ئەم پیاوە نائاسا و هەڵکەوتووە، لە دوای خزمەتی سەربازی، کەسێکی سەرکێش و بێباکی لێ دەرهات.  بۆ نیو سەدەیەک گەورەترین راڤەکاری ژیانی وڵاتەکەی بووە و سی ساڵەی کۆتایی ژیانیشی وەک پێغەمبەرێکی کۆمەڵایەتی و ئایینی رێزی لێ دەگیرا.

تۆلستۆی رۆمان نووسێکی هەڵکەوتە و ناودارە ، نووسراوەکانی ژمارەیەکی زۆر ئەفسانە و کورتە چیرۆکیش دەگرێتەوە.

دەقی ئەم چیرۆکە لە بیست و سێ چیرۆکی لئۆ تۆلستۆی لە ژێر ناوی ''خوا راستییەکان دەبینێ، بەڵام بەسەبرە!" هەڵگیراوەتەوە، کە لۆئیز و ئایلمێر کردوویانە  بە ئینگلیزی.  

 

 دوورخراوە

 لە ئینگلیزییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان

لە شارەکەی ولادیمیر بازرگانێکی گەنج بەناوی؛ ئیوان دمیتریچ ئاکسیۆنۆڤ، دەژیا. ئەم پیاوە دوو دووکان و ماڵێکی خۆی هەبوو. ئاکسیۆنۆڤ پیاوێکی جوانچاک، قژلوول و قسەخۆش بوو. زۆریش حەزی لە گۆرانی و گۆرانی وتن دەکرد.

ئاکسیۆنۆڤ لە هەرزەکاریدا خووی دابوە خواردنەوە، کاتێکیش زۆری دەخواردەوە، ئاژاوە و فەرتەنەی بەرپا دەکرد؛ بەڵام دوای ئەوەی ژنی هینا، جارجار نەبێ ئیتر نەیدەخواردەوە.

هاوینێک ئاکسیۆنۆڤ دەچوو بۆ بازاری 'نیژنی'. کاتی خواحافیزی ژنەکەی وتی: ''ئیوان دمیتریچ، ئەمڕۆکە مەڕۆ؛ من خەوێکی ناخۆشم دیوە.'' ئاکسیۆنۆڤ پێکەنی و وتی: ''تۆ دەترسی ئەگەر بچمە بازار دەست  دەکەمەوە بە ئارەق خواردنەوە؟''

ژنەکەی وەڵامی داوە: ''نازانم لەچی دەترسم؛ بەڵام ئەوەی کە دەیزانم ئەوەیە کە، خەونێکی ناخۆشم بەتۆوە دیوە. خەوم دی کە لە بازاڕ گەڕایتەوە، هەر کە کڵاوەکەت لەسەر داگرت، دیتم قژەسەرت هەموو سپی بووە.

ئاکسیۆنۆڤ پێکەنی و گوتی: ''ئەوە نیشانەی بەختی چاکە. بزانە چۆن هەموو شتەکانم دەفرۆشم و دیاری جوان جوانت لە شارەوە بۆ دەهێنم.

دوای ئەم قسانە ماڵاوایی لە خێزانەکەی کرد و کەوتە رێ. لە نیوەی رێدا تووشی بازرگانێکی ئاشنا بوو. شەو بۆ حەسانەوە لایاندایە میوانخانەیەک. چایەکیان پیکەوە خواردەوە و دوایی بۆ نووستن چوون لە دوو دیوی بەتەنیشت یەکەوە لێێ خەوتن.

ئاکسیۆنۆڤ شەوانە تا درەنگان نەدەنووست، پێی خۆش بوو هەتا هەوا فێنکە، رێ کەوێ. بۆیە بەر لە رۆژبوونەوە وەڵاخدارەکەی لە خەو هەڵساند و پێی گوت وەڵاخەکان بارکا، خۆیشی چوو بۆ لای میوانخانەچییەکە؛ کە لە کۆخێکی پشت میوانخانەکەوە دەژیا، پارەی میوانخانەکەی دا و سەر رێ کەوت.

بیست و پێنج مایلێک کە رێگەی بڕی، راوەستا بۆ ئەوەی ئەسپەکان تێر بکرێن. دوای ماوەیەک حەسانەوە، چووە هەیوانی میوانخانەکە و دەستووری سازکردنی سەماوەریکی دا و خۆیشی گیتارەکەی دەرهێنا و دەستی کرد بە گیتارلێدان.

زۆری پێنەچوو کاربەدەستێکی میری لە کالیسکەیەکی سێ ئەسپەدا، بە جرینگە جرینگی زەنگۆڵان لەگەڵ دوو سەرباز لەوێ دابەزین.

کابرا هات بەلای ئاکسیۆنۆڤەوە و پرسیاری لیکرد: کێیە و لە کوێوە هاتووە.

ئاکسیۆنۆڤ بەتەواوی وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە و فەرمووی کرد، چایەکی لەلا بخواتەوە. بەڵام کاربەدەستەکە درێژەیدا بە لێپرسینەوە و پرسیاری لیکرد: ''دوێشەو لە کوێ بووی؟ تەنیا بووی یان لەگەڵ بازرگانێکی دیکەدا بووی؟ ئایا بەیانی ئەو بازرگانەت دیتوە؟ لەبەرچی پێش ئەوەی رۆژبیتەوە ئەو میوانخانەت بەجێهێشتووە؟'''

ئاکسیۆنۆڤ لای سەیر بوو بۆچی ئەم پرسیارانەی لێدەکا. بەڵام هەرچیی کە کردبوو، بۆی گێڕایەوە و لێی پرسی: ''لەبەرچی ئەم پرسیارانەم لێدەکەی؛ وەک ئەوەی من دز یان  راو و رووتکەر بم. من لەڕێی بازرگانی خۆمدام و پێویست ناکا تۆ ئەم پرسیارانە لە من بکەی.''

کاربەدەستەکە بانگی لە سەربازەکان کرد و گوتی: ''من بەرپرسی پۆلیسی ئەم ناوچەیەم و بۆیە پرسیارت لێدەکەم چونکە ئەو بازرگانەی دوێشەو لەگەڵ تۆدا بووە، بە سەربڕاوی دیتراوەتەوە. ئێمە دەبێ کەلوپەلەکانی تۆ بپشکنین.''

ئەمجا ئەفسەرەکە و سەربازەکان چوونە ژوورەکە و بارەکانی ئاکسیۆنۆڤیان کردەوە و گەڕان. لە ناکاو ئەفسەرەکە چەقۆیەکی لە کیسەیەک دەرهێنا و هاواری کرد: ''ئەم چەقۆیە هی کێیە؟''

ئاکسیۆنۆڤ تەماشای کرد ئەوە چەقۆیەکی خوێناوییان لە کیسەکەی ئەو هێنایە دەرەوە، زۆر ترسا.''

''ئەم چەقۆیە بۆچی خوێناوییە؟"

ئاکسیۆنۆڤ ویستی وەڵام بداتەوە ، کەچی زمانی لە دەمدا نەگەڕا، زۆر بە زەحمەت توانی بڵێ: ''من نازانم، هی من نییە.''

ئەفسەری پۆلیسەکە وتی: '' ئەم بەیانییە ئەو بازرگانە لەسەر جێگای نووستنەکەی بە سەربڕاوی بینراوەتەوە. ئەتۆ تەنیا کەسێکی کە دەبێ ئەوکارەت کردبێ. ئەو دیوە لە ژوورەوە داخرابوو، کەسیتر لەوێ نەبوە. چەقۆ خوێناویەکەش لە کیسەی تۆدایە، سیمای تۆ و رەفتاری تۆ ئەمە دەرئەخەن! پێم بڵێ ئەم کابرایەت چۆن کوشتوە و چەندیش پارەت لێدزیوە؟''

ئاکسیۆنۆڤ سوێندی خوارد کە ئەو کەسی نەکوشتوە؛ دوای چاخواردنەوەکەی شەویش ئەو بازرگانەی نەدیوەتەوە؛ بێجگە لە هەشت هەزار روبلەکەی خۆی پارەیشی پێ نییە و ئەو چەقۆیەش هی ئەو نییە. بەڵام دەنگی گیرابوو، رەنگی دەموچاوی هەڵبزرکابوو، وەکوو گوناحبارێکیش لە ترسا هەڵدەلەرزی.

ئەفسەرە پۆلیسەکە بە سەربازەکانی وت، ئاکسیۆنۆڤی قۆلبەست بکەن و بیخەنە نێو کالیسکەکەوە. هەر کە قاچ و دەستیان بەست و فڕێیاندایە نێو کالیسکەکەوە، ئاکسیۆنۆڤ خاچێکی کێشایەوە و دەستی کرد بە گریان.

هەموو کاڵا و پارەکەیان لێساند. خۆیشیان نارد بۆ نزیکترین شار و لەوێ زیندانیان کرد. لە بارەی کردار و رەفتاریدا لە شارەکەی ولادیمیر پرسیار و لێکۆڵینەوە کرا. بازرگان و دانیشتوانی ئەو شارە گوتیان؛ لە رابردوودا ئاکسیۆنۆڤ ئارەقخۆر و بیکارە بووە بەلام پیاوێکی خراپ نەبووە. پاشان دادگایی کرا و تاوانبار بوو بە کوشتنی بازرگانێکی ریازانی و دزینی بیست هەزار روبل پارەی ئەو کوژراوە.

ژنەکەی ئاکسیۆنۆڤ بێهیوا مابۆوە، نەیدەزانی بەچی بڕوا بکا. منداڵەکانی زۆر چکۆلانە بوون؛ یەکیانی هێشتا مەمکەخۆرە بوو. رۆژێکیان دایکیان هەموو منداڵەکانی هەڵگرت و چوو بۆ ئەو شارە مێردەکەی لەوێ زیندان بوو.

لە پێشدا رێگەیان نەدا مێردەکەی ببینێ؛ بەڵام دوای لێپاڕانەوەیەکی زۆر لە کاربەدەستان، هێشتیان و بردیان بۆ لای مێردەکەی. ژنەکە هەر کە ئاکسیۆنۆڤی بینی لە جل و بەرگی زیندانی و پێ بە زنجیر لەگەڵ دز و تاوانکاراندا بەند کراوە، بووراوە و کەوتە سەرزەوی و تا ماوەیەکی زۆر نەهاتەوە سەرخۆ. کە هۆشی بەبەرا هاتەوە لەگەڵ منداڵەکانی چوون بەلای ئاکسیۆنۆڤەوە دانیشتن. ژنەکە لەسەر کاروباری ماڵەوە قسەی بۆ کرد، دوایی لە ئاکسیۆنۆڤی پرسی؛ چیی بە سەردا هاتووە. ئەویش هەرچی بەسەردا هاتبوو تەواو بۆی گێڕایەوە. ژنەکەی وتی: ''ئێستا ئێمە دەتوانین چی بکەین؟''

 ئێمە دەبێ سکاڵا نامەیەک بنووسین بۆ تزار و داوا بکەین رێگە نەدا مرۆڤێکی بێگوناح لە نێو بچێ.

ژنەکەی گوتی؛ ئەو سکاڵانامەیەکی وای ناردوە بۆ تزار بەڵام لێی وەرنەگیراوە. ئاکسیۆنۆڤ چاوەکانی داخست و هیچی نەگوت.

ژنەکەی وتی: "بەخۆڕایی نەبوو خەونم دیت هەموو قژەکانت سپی ببوون. لەبیرتە؟ ئەوڕۆژە نەدەبوو بڕۆیشتیایە.'' ژنەکە پەنجەکانی بردە نێو قژەسەری مێردەکەی و گوتی: ''وا نییە خۆشەویستەکەم، راستییەکەم پێ بڵێ؛ ئەتۆ ئەو کارەت کردوە؟''

"کە وایە ئەتۆش بەگومانی لێم!''  ئاکسیۆنۆڤ ئەمەی وتوو بەدەستەکانی دەموچاوی خۆی داپۆشی و دەستی کرد بە گریان. پاشان سەربازێک هات بە ژنەکە و منداڵەکان بڵێ، ئیتر دەبێ بڕۆن. بەمجۆرە ئاکسیۆنۆڤ ماڵاوایی دوایینی لێکردن.

کە ژنەکە و منداڵەکان رۆیشتن، ئاکسیۆنۆڤ ئەوەی گوترا بوون هێنایەوە بیر. کاتێک ئەوەی هاتەوە بیر کە ژنەکەیشی لێێ بەگومانە، بەخۆی گوت؛ '' وادیارە تەنیا خوایە ئەم راستییە دەزانی؛ تەنیا ئەوە کە دەبێ پەنای بۆ بەرم و چاوەڕوانی رەحم و بەزەیی ئەو بم.''

لەوەدوا ئاکسیۆنۆڤ ئیتر سکاڵانامەی نەنووسی؛ لە خوابەولاوە هیوای بەکەس نەما.

لە دادگادا ئاکسیۆنۆڤ سزای لێدان بە شەللاق و دوورخستنەوە بۆ کانەکانی سیبریای بۆ دەرچوو. دوای ئەوەی برینەکانی جێی شەللاقکارییەکەی خۆش بوونەوە، لەتەک تاوانکارانی دیکەدا ناردیان بۆ سیبریا.

بیست و شەش ساڵ لە سیبریا وەک تاوانکار ژیا. قژەکانی وەک بەفر سپی ببوون. ردێنی درێژ و بۆر ببوو. خۆشی و جوانی لە لەشیا نەما؛ کۆم ببۆوە؛ بەهێواشی ئەڕۆی بەڕێدا، کەم قسەی ئەکرد، قەت پێنائەکەنی، بەڵام هەمیشە لەژێر لێوەوە دۆعای دەکرد.

لە زیندان فێری پێڵاو دروستکردن ببوو، لەم رێیەوە بڕێ پارەی دەست ئەکەوت. بەو پارەیە کتێبی ژیانی پیاوە پیرۆزەکانی دەکڕی. ئەو کاتانەی زیندان رووناک بوو، ئەم کتێبانەی ئەخوێندەوە؛ رۆژانی یەکشەم لە دەستەی سروود و گۆرانی کلیساکەی زیندان بەشداری دەکرد، چونکە دەنگی هێشتا هەر خۆش مابوو.

کاربەدەستانی زیندان ئاکسیۆنۆڤیان لەبەر دڵنەرمی و لەسەرخۆییەکەی خۆش دەویست. هاوزیندانییەکانیشی زۆریان رێز لیدەگرت. ئەوان بە بابەگەورە یان پیاوە پیرۆزەکە بانگیان دەکرد. ئەگەر دەیانویست شتێکی لە کاربەدەستانی زیندان داوا بکەن، بە ئاکسیۆنۆڤیان دەگوت قسەکەریان بێت، کاتێکیش لە نێو خۆیاندا بە شەڕ دەهاتن هەر ئاکسیۆنۆڤ بوو ناوبژی دەکردن و داوەری لە نێوانیاندا دەکرد.

هیچ هەواڵێکی لە ماڵەوە پێنەدەگەیشت. تەنانەت نەیدەزانی ژن و منداڵەکانی ماون یان نا.

رۆژێک دەستەیەکی تازەی تاوانباریان هێنان بۆ زیندان. ئێوارە زیندانییە کۆنەکان لە دەوری تازەکان کۆ بوونەوە و لێیان دەپرسین خەڵکی کامە شار یان گوندن و بەچی سزا دراون.

ئاکسیۆنۆڤ لەنێو ئەوانا لەلای زیندانییە تازەکان دانیشتبوو، بە سیمایەکی مەلوول و خەمبارەوە گوێی بۆ قسەکان راگرتبوو.

یەک لەو تاوانبارە  تازانە، پیاوێکی بەتەمەن شەست ساڵ؛ کەڵەگەت و بەخۆوە، ریش بۆر و قرتاو، خەریکی گێرانەوەی ئەوە بوو کە لەسەر چی گیراوە:

 "ئەری هاوڕێیان،" ئەو پیاوە وتی: ''من بە تاوانی دزینی ئەسپێک کە بە سورتمە بەسترابۆوە گیراوم. گوتم ئەو ئەسپەم تەنیا بۆ ئەوە بردوە کە زووتر بگەمە ماڵەوە، دواییش بەرەڵڵام ئەکرد بروا؛ بێجگە لەمە خاوەن ئەسپەکە هاوڕێیەکی خۆم بوو. وتم ئەمە هەمووی راستییەکەیە. کەچی ئەوان گوتیان، نا، ئەتۆ دزیوتە. بەڵام چۆن دزیومە و لەکوێ دزیومە، نەیاندەتوانی بڵێن. لە راستیدا جارێکیان کارێکی هەڵەم کردوە، هەق وابوو زۆر پێشتر لە ئێستا لێرە بام، بەڵام ئەو کاتە پێیاننەزانیم. ئێستا بەخۆرایی لێرەم... ئەرێ، بەخوا ئەمانەی دەیانڵیم هەمووی درۆن؛ لەپێشدا لە سیبریا بووم بەڵام زۆر نەماومەتەوە.''

کەسێک پرسیاری کرد: ''خەڵکی کوێی کاکە؟''

'' خەڵکی ولادیمیرم. ژن و مناڵەکەم لەو شارەن. ناوم ماکارە، خەڵکی پێشم ئەڵین سەمیونیچ.''

ئاکسیۆنۆڤ سەری بەرز کردەوە و گوتی: ''سەمیونیچ، پێم بڵێ، تۆ هیچ لە بارەی ئاکسیۆنۆڤی بازرگان لە ولادیمیر ئەزانی، ئەوانە ماون؟''

'' بەڵێ ئەیانناسم، ئاکسیۆنۆڤەکان دەوڵەمەندن، ئەگەرچی باوکیان لە سیبریایە؛ گوناهبارێکە وەک ئێمە. باپیرە، چۆن گەیشتوویە ئێرە؟

ئاکسیۆنۆڤ پێی خۆش نەبوو لە بەدبەختی خۆی بدوێ. تەنیا هەناسەیەکی هەڵکێشا و گوتی:

'' بەتاوانی خۆم  ئەمە بیست و شەش ساڵە لێرەم.''

ماکار سەمیونیچ پرسی: ''بە کامە تاوان؟''

ئاکسیۆنۆڤ تەنیا وتی، ''ئەرێ دەبێ شایانی ئەمە بم!'' ئیتر هیچیتری نەگوت، بەڵام هاورێکانی بۆ تازەهاتووەکانیان گێڕایەوە چلۆن ئاکسیۆنۆڤ گەیشتۆتە سیبری؛ کەسێک بازرگانێکی کوشتوە و چەقۆکەی خستۆتە شتەکانی ئەمەوە و بەنارەوا سزا دراوە.

ماکار سەمیونیچ کە ئەمەی بیست، تەماشایەکی ئاکسیۆنۆڤی کرد و کێشای بەئەژنۆی خۆیدا و هاواری کرد: "سەیرە، زۆر سەیرە! بەڵام چەند پیر بووی بابە گەورە!''

ئەوانیتر پرسیاریان کرد؛ چۆن ئەمەی وا بەلاوە سەیرە، لەوەپێش لەکوێ ئاکسیۆنۆڤی دیتوە؛ ماکار وەڵامی ئەم پرسیارانەی نەداوە، تەنیا گوتی: ''کوڕینە زۆر سەیرە کە ئێمە لێرە تووشی یەک بووین.''

بەم قسانە ئاکسیۆنۆڤ کەوتە رامان. بیری لەوە کردەوە لەوانەیە ئەم پیاوە ئەو کەسە بناسێ کە بازرگانەکەی کوشتوە؛ بۆیە پرسی: ''سەمیونیچ رەنگە تۆ ئەو رووداوەت بیستبێ؟ یان منت لەوە پێش دیتبێ؟''

 ''چۆن دەتوانم رێگە لە بیستن بگرم؟ دنیا پڕە لە دەنگۆ. ئەوەش زۆر لەمێژە، لەبیریشم نەماوە چیم بیستوە.''

ئاکسیۆنۆڤ پرسی: ''رەنگە بیستبێتت کێ ئەو بازرگانەی کوشتوە.''

ماکار سەمیونیچ پێکەنی و وتی: ''دەبێ ئەو کەسە بێ چەقۆکە لە شتومەکەکانیا دۆزراوەتەوە! ئەگەر کەسێکیتر ئەو چەقۆیەی لەوێ شاردبێتەوە، دز نییە تا نەگیرێ. وەک ئەو پەندەی پێشینیان کە دەڵێ: چۆن یەکێک دەتوانێ چەقۆ بخاتە ئەو کیسەیەی وا لە ژێر سەری تۆدایە؟ بەدڵنیایی ئاگائ دەبێتەوە.''

ئاکسیۆنۆڤ بەبیستنی ئەم قسانە، دڵنیا بوو ئەم پیاوە هەر ئەو کەسەیە کە بازرگانەکەی کوشتوە. هەستا و رۆی.

ئەوشەوە ئاکسیۆنۆڤ لەبەر ناڕەحەتی و خەفەت، خەو نەچوە چاوەکانی. مێشکی بە هەزاران جۆرە بیرەوە خەریکبوو. وێنەی ژنەکەی ئەهاتە بەرچاو، وینەی ئەوکاتەی دەیهەویست بەجێێ بهێڵێ و بەرەو بازاڕەکەی نیژنی بەڕێ کەوێ؛ وەکوو ئەمە هەر ئێستاکە بێ، روخساری ئەبینی کە بەچاوەکانی لێێ دەڕوانێ؛ قسەکردن و پێکەنینەکەی ئەهاتە گوێ؛ مناڵەکانی ئەبینی ورد ورد هەروەک ئەو کاتەی بەجێی هێشتن؛ یەکیان لە باڵاپۆشێکی چکۆلەدا، ئەویتریان لە باوەشی دایکیا. دوایی خۆی بیر هاتەوە، هەروەک جاران بەهێز و شاد. هاتەوە بیری لە هەیوانی میوانخانەکە دانیشتبوو گیتاری لێئەدا کە هاتن گرتیان. ئای چەند بێخەم و بێئاگا بووم لە ژیانی خۆم! ئەو شوێنەی دەهاتەوە بیر کە دارکارییان دەکرد. کابرای جەللاد و کۆمەڵێ خەڵکی تر بە دەورییەوە راوەستابوون. زنجیرەکان، تاوانبارەکان، هەموو ئەو بیست و شەش ساڵەی ژیانی لە زیندانا، پیرییە زوو گەیشتووەکەی یەک بە یەک دەهاتنەوە بیری. ئەم بیرەوەرییانە وەها خەفەتبار و داماوی کردبوو، ئیتر ئامادەی خۆکوشتن بوو.

 ''ئەمە هەمووی کردەوەی ئەو ناکەسەیە.'' ئاکسیۆنۆڤ بەخۆی گوت.

هێند رقی لە ماکار سەمیونیچ هەڵسابوو، دەیهەویست بچێ بیخنکێنێ و تۆڵەی خۆی لێ بستێنێتەوە، ئەگەر بە لەنیوچوونی خۆیشی تەواو بوایە. هەموو ئەو شەوە خەریکی دۆعا و نزایان بوو بەڵام ئارامی نەکەوتە گیانی

کە رۆژ بۆوە توخنی ماکار سەمیونیچ  نەکەوت؛ تەنانەت تەماشایشی نەدەکرد. بەمجۆرە دوو حەفتان رۆی، نەیدەزانی چی بکا.

شەوێکیان لە دەوری زیندانەکەدا دەگەڕا، سەیری کرد لەژێر دانەیەک لەو تەختانەی زیندانییەکانی لەسەر دەنووستن نەختێک گڵ تلۆر بۆوە. راوەستا بزانی چییە. لەپڕ ماکار سەمیونیچ لەژێر تەختەکەوە خزایە دەرەوە. بەترسەوە چاوێکی لە ئاکسیۆنۆڤ کرد. ئاکسیۆنۆڤ ویستی بێئەوەی تەماشای بکا بڕوا، بەڵام ماکار دەستی گرت و پێیگوت کە کونێکی لەژێر ئەو دیوارە هەڵکەندوە، خۆڵەکەیشی لە چەکمە بەرزەکانیا، هەموو رۆژێ کاتێک زیندانییەکان دەبەن بۆ کار، لە رێگادا دەڕێژێ..

 ''دەنگ مەکە پیرە پیاو، تۆیش دەتوانی هەڵێی، ئەگەر بیدرکێنی بە لێدان دەمکوژن، بەڵام من لە پێشدا تۆ ئەکوژم.''

ئاکسیۆنۆڤ کە چاوی لە دژمنەکەی ئەکرد لە رقا هەڵئەلەرزی. دەستی لەدەستی ماکاردا دەرهێنا و گوتی: ''نامەوێ هەڵێم، تۆش پێویست ناکا بمکوژی؛ زۆر لەمێژە منت کوشتووە.''

رۆژی دواتر کە زیندانییەکانیان بردن بۆ کار، سەربازەکان پێیانزانی کە کەسێک لەوان لە چەکمەکەیدا خۆڵی رۆکردوە. زیندانەکە پشکنرا و تونێلەکە دۆزرایەوە. بەڕێوەبەری زیندانەکە هات و لە زیندانییەکانی پرسیار کرد بۆ ئەوەی بزانێ کێ ئەو کونەی لەژێر ئەو دیوارەوە هەڵکۆڵیوە. زیندانییەکان هەموو حاشایان لێکرد. ئەوانەی دەیانزانی نەیاندەویست ماکار سەمیونیچی ئاشکرا بکەن، چونکە دەیانزانی ئەگەر بیڵێن لەژیر دارکاریدا ئەیمرێنن. سەرەنجام بەڕێوەبەری زیندان رووی لە ئاکسیۆنۆڤ کرد، چونکە دەیزانی ئەو پیاوێکی دادپەروەر و راستگۆیە. گوتی: ''مامە پیرە، تۆ پیاوێکی جێی بڕوای، تووبیخوا پێم بڵێ کێ ئەو کونەی لەژێر ئەو دیوارە کردوە؟''

ماکار سەمیونیچ راوەستابوو وەک ئەوەی ئاگای لە هیج نەبێ، چاوی لە بەڕێوەبەری زیندانەکە بڕیبوو، زۆر کەم ئەویش بەخێرایی، چاوی ئەگێڕا بۆلای ئاکسیۆنۆڤەوە. لێوەکانی ئاکسیۆنۆڤ و دەستەکانی دەلەرزین. بۆ ماوەیەکی زۆر وشەیەک بە زاریا نەهات. ئەو لای خۆی بیری ئەکردەوە، بۆ دەبێ بیشارمەوە، ئەم کابرا کە ژیانی منی ئاوا کاول کرد؟ با تاوانی ئەو رەنج و ئازارە بداتەوە کە منی تووش کرد. بەڵام ئەگەر بیڵێم، رەنگە ئەوەندەی لێدەن تا بمرێ. لەوانەیە لە گومانەکەشمدا بە هەڵە چووبم. بێجگە لە هەموو ئەمانە قازانجی ئەمکارە بۆ من چییە؟

باشە، پیرەپیاو، برێوەبەری زیندانەکە هاواری کردەوە،

''راستییەکەم پێ بڵێ؛ کێ ژێری ئەم دیوارەی کۆڵیوە؟''

ئاکسیۆنۆڤ بەخێرایی چاوی گێڕا بۆ لای ماکار سەمیونیچەوە و وتی: ''بەڕێز، ناتونم بیڵێم. خوا پێی خۆش نییە! چیم لێئەکەن بیکەن، وام لەبەر دەستاندا.''

بەڕێوەبەری زیندانەکە هەرچەند هەوڵیدا، ئاکسیۆنۆڤ هیچیتری نەگوت، ناچار بەجێیانهێشت. ئەو شەوە ئاکسیۆنۆڤ لەسەر جێگاکەی راکشابوو، خەریکبوو خەو دەیبردەوە، کەسێک بەهێواشی هات و لەسەر جێگەکەی دانیشت، لەو تاریکاییەدا کە لێێ وردبۆوە، ماکاری ناسیەوە.

"چیی دیکەت لە من ئەوێ؟'' ئاکسیۆنۆڤ پرسی: ''بۆچی هاتوویە ئێرە؟''

ماکار سەمیونیچ دەنگی نەکرد. ئاکسیۆنۆڤ هەستا و گوتی: ''چت دەوێ؟ لێم دوور کەوە ، ئەگینا، پاسەوانەکان بانگ ئەکەم!''

ماکار سەمیونیچ بەسەر ئاکسیۆنۆڤا دانەوی و سرتاندی بەگوێیدا: ''ئیوان دمیتریچ ، لێم ببوورە!''                                                                                                               

''ئەوە من بووم ئەو بازرگانەم کوشت و چەقۆکەم لەنێو شتەکانی تۆدا شاردەوە. دەمهەویست تۆیش بکوژم لە دەرەوە دەنگێک هاتە گوێم، بۆیە چەقۆکەم لە کیسەکەی تۆ ئاخنی و لە پەنجەرەکەوە هەڵاتمە دەرەوە.''

ئاکسیۆنۆڤ بێدەنگ مابوو، نەیدەزانی چی بڵێ. ماکار سەمیونیچ لە تەختەکە خزایە خوارەوە و چۆکی دادایە سەر هەردەکە و گوتی: "ئیوان دیمیتریچ من ببەخشە! بۆخاتری خوا لێم ببوورە! دەچم دەڵێم ئەوە من بووم ئەو بازرگانەم کوشت، تۆ لە زیندان ئازاد دەبی و دەتوانی بڕۆیەوە ماڵەوە.''

ئاکسیۆنۆڤ گوتی: ''بۆ تۆ ئاسانە ئەم قسانە بکەی، بەڵام من ئەوە بیست و شەش ساڵە لەسەر تۆ رەنج و ئازار ئەکێشم. ئێستا بۆ کوێ بچم، ژنەکەم مردوە، مناڵەکانم فەرامٶشیان کردووم. شوێنێک نییە رووی تێکەم.''

ماکار سەمیونیچ هەڵنەستا، سەری خۆی ئەکێشا بە تەختی دیوەکەدا و دەگریا و دەیگوت:  

''ئیوان دیمیتریچ لێم ببوورە، وەختێ ئەوان بە شەللاق لێم ئەدەن، ئازارەکەی ئەوەندە سەخت نییە کە ئێستا تۆ دەبینم... بەو حاڵەش تۆ بەزەییت بە مندا هات و دەنگت نەکرد. بیکە بەخاتری عیسا پێغەمبەر بمبەخشە. ئەمن پیاوێکی نەگبەت و ناکەسم!'' ئاوا دایە پڕمەی گریان و هەنیسکدان.

کە ئاکسیۆنۆڤ گریان و هەنیسکدانەکەی ئەوی دیت ، ئەویش دەستیکرد بە گریان و گوتی:

''خوادەتبەخشێ! رەنگە من سەدجار لەتۆ خراپتر بم.''

بەم قسانە دڵی رووناکی تێکەوت. تاسە و ئارەزووی ماڵەوەی نەما. ئەو ئیتر پێی خۆش نەبوو زیندان بەجێبهێڵێ، تەنیا چاوەڕوانی دوایی هاتنی ژیانی بوو.

 

بەپێچەوانەی ئەوەی ئاکسیۆنۆڤ وتبووی، ماکار سەمیونیچ دانی بە تاوانەکەیدا نا. بەڵام کە فەرمانی ئازادی ئاکسیۆنۆڤ گەیشت، ئیتر ئەو نەمابوو.

Image result for tolstoy