وتارەکان

فەلسەفەی دڵەڕاوکێ (٩)

ستاره غیر فعالستاره غیر فعالستاره غیر فعالستاره غیر فعالستاره غیر فعال
 

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

لەژێر دڵەڕاوکێدا حەزە خۆی حەشارداوە. حەزێک کە من ناوێرم دانی پیانێم لەبەر ئەوەی من دەکا بە شتێکی تر لەوەی هەم. رەنگە پێویست نەکا حەزەکە زۆر بەهێز بێت، هەر ئەوەندە بەسە مرۆڤ هەست بە دەرفەتێکی تر بکا و، خود خۆی لەناویدا ببینێتەوە، چونکە ئیگۆ وەک چوارچێوەیەکی بەرتەسک و داخراو هەستی پێدەکرێ.

 

ناخۆشیی دڵەڕاوکێ

هەموو ئەو فیلسووفانەی لێرەدا ئاماژەیان پێکردن لە دڵەڕاوکێ وەک دیاردەیەکی ناخۆش، بەڵام لە هەمان کاتدا پۆزیتیڤ و بنەڕەتی دەڕوانن. دڵەڕاوکێ حاڵ و هەوایەکی بنەڕەتییە کە رێگای تێگەیشتن لە واقع بەو شێوەیەی هەیە لە تێکهەڵچوونێکی راستگۆیانەدا نیشاندەدا. تەنیا لە کاتی دڵەڕاوکێدایە ئێمە راستەقینەین و ئەو کەسەین وا لە راستیدا هەین. بەڵام بۆ دڵەڕاوکێ ئەوەندە ناخۆشە؟ ئێمە لە چی دەترسین، داخۆ لەبەر ئەوەی دڵەڕاوکی تێکەڵە بە هەستێک کە وەک ترس دەنوێنێ و، بۆیە زۆرجار لەگەڵ ترس جێگای خۆی دەگۆڕێتەوە؟

شیرکەگۆرد لێرەدا وەڵامێکمان دەداتەوە و دەڵێ: دڵەڕاوکێ ترسە لەوەی مرۆڤ حەزێکی زۆری لێیە. ئێمە '"بەتووش سەرەگێژەوە دەبین" بەرامبەر دەرفەتەکان، چونکە هاوکات هەم لێیان دەترسین و هەم پێیان سەرسام دەبین. لە بێنەوبەرەی نێوان ئەم دووانەدا ئێمە دەگوشرێین. داخۆ وەڵامی شیرکەگۆرد کەڵکی بۆ هایدگێر هەیە؟ دەستبەجێ بیردەکەینەوە لەبەرئەوەی دەرفەتەکان دەتوانن هەم ترسناک بن و هەم جێی سەرنج دەبێ خاوەن ناوەڕۆکێک بن، دەبێ خاوەن مانایەکی تایبەت بن، هەر بەو شێوەیەی لە نموونەی بەرزاییەکەدا باسمان لێکرد و تێیدا هەست بە سەرەگێژە دەکەین. ئەگەر لەم هەستە وەک ترس بڕوانین بۆ شتێک کە پێی سەرسامین، ترسی سەر بەرزاییەکە لەسەر ئەو زانیارییە چێدەبێ کە داخۆ لەدووای ئەوەی بکەوینە خوارەوە چیمان بەسەردێت. سەرسامبوونی ئێمە کاتێک لەسەر ئەو بەرزاییە رادەوەستین چییە؟ ئێمە دەتوانین بیر لە شادییەکی خۆبخۆ بکەینەوە کە بەهۆی سووڕانەوەی ئازادانە لە حەوادا و بە هۆی سەیرکردنی مەنزەرەکانەوە تیامانا پێکدێ، شادییەک کە ئێمە بەهۆی ئاشنایی لەگەڵ هەندێ وەرزشی وەک خۆهەڵدان لە فڕۆکە و شاخەوانییەوە و هتد لێیان شارەزاین. بەڵام ئێمە دەتوانین شتێکی هاوشێوەی ئەمە سەبارەت بە 'بوونی'ی میتافیزیکیی هایدگێر ببینینەوە؟ وەڵامی هایدگێر بۆ ئەمە پۆزیتیڤە. بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ بوون هەم ترسناکە و هەم سەرنجڕاکێش. ئێمە دەزانین ئێمە بە بوون سەرسامین، چونکە ئەوە ئەمەیە کە بنەمای هەموو بەشوێنداچوون و زانیارییەکانی ئێمەیە. بەڵام هاوکات ترسناکیشە چونکە لەم رووبەڕووبوونەوەدایە ئێمە ئەرکی ئەوەی کە هەین دەکەوێتە سەرشانمان، واتە ئەو شتەی کە بەڕاستی هەین.

فۆڕمەکانی دڵەڕاوکێ، ئازارەکانی دڵەڕاوکێ

دڵەڕاوکی بە گەلێک شێواز خۆی دەنوێنێ و، لێرەدا هەوڵدەدەین بە شێوەیەکی زیاتر کۆنکرێتی ئەو چەمکگەلە بەکارببەین وا فیلسووفە وجوودییەکان پێمانی دەدەن بۆ ئەوەی لە جیاوازییەکانی فۆڕمەکانی دڵەڕاوکێ بگەین.

سەرەتا بە چەمکی سارتێریی 'ئێگۆ' دەستپێدەکەین. دەتوانی بڵێین ئێگۆ خاڵی ناسینی وشیاری یاخود خودە. لەبەرئەوەی وشیاریی من بۆخۆی خاوەنی زات نیە، ناتوانێ خۆی بکا بە باتەت بۆ بیر بە بێ چێکردنی "وێنەیەک لەخۆ"، وێنایەک لەسەر من "کێ"م، یاخود بەشێوەی وردتر من "چۆن" هەم. ئەم وێنایە لە سەردەمی منداڵییەوە لە رێگای پێوەندی لەگەڵ کەسانی ترەوە شکڵ دەگرێ و دەبێ بە وێنایەکی جێگیر و مەحکەم، ئەگەرچی گۆڕانیشی بەسەردادێت. ئەم وێنایە ئیگۆیە. بەڵام ئیگۆ زیاترە لە وێنەیەک کە من لەخۆمم هەیە، ئیگۆ هەروەها ناوەندێکە بۆ کردەکانی من. ئیگۆ پڕۆژەیەکە، شێوازێک کە من هەوڵدەدەم ببم. بە واتایەکی تر ئێمە بەو شێوەیەی دەژین کە بتوانین ئەم وێنەیە لەخۆمان بەهێزبکەین، چونکە ئەم وێنەیەیە هەستی راستەقینەبوون بە ئێمە دەبەخشێ، هەستی بوونێکی دیاریکراو. وشیاریی ئازاد کە بنەمای سوبیەکتە خاوەن هەندێ لایەنی ناڕوون و پێش بینی نەکراوەو، هەموو ئەو کردانەی تێکڕا کەسایەتی ئێمە پێکدێنن و لە رابردووی ئێمەدا هەن، بەگوێرەی ئەم وشیارییە ئازادە سەرلەنوێ شکڵی پێدەدەینەوە.

کاتێک شیرکەگۆرد سەبارەت بە دڵەڕاوکێ دەڵێ "نەفرەتێکی دڵسوزانە و دڵسۆزییەکی نەفرەتاوییە" یاخود "مەیل بە شتێکە کەسەکە لێی دەترسێ" ئەمە خۆی لە جیهانی چەمکەکانی سارتێردا دەبینێتەوە، واتە لە پێوەندیی نێوان خۆبەخۆبوونی وشیاریی، خود و ئیگۆدا. چونکە خود خاوەن حەز و ئامانجە. وە هەندێ لەمانە دەمانترسێنن نەک لەبەر ئەوەی خەتەرن، بەڵکو لەبەر ئەوەی هەڕەشە لە ئیگۆ دەکەن و بۆیە ئەو هەستەمان پێدەبەخشن کە راستەقینەن. ئەمە هەڕەشە لە ئیگۆ دەکا لەبەر ئەوەی دەتوانێ لە کیشەدا بێت لەگەڵ ئەو وێنایەی من لە خۆمم هەیە. ئەمە وەک خاڵێکی لاواز لە کۆنتڕۆلی خۆدا خۆی دەنوێنێ، وەک نەبوونی شوێن پێیەکی بەهێز.

ئەم پێوەندییەی نێوان حەز و دڵەڕاوکێ دەبێتە هۆکاری ئەوەی دڵەڕاوکێ لای شیرکەگۆرد و دوواتر لەسەردەمی فرۆید گرێ بدرێتەوە بە سێکسواڵیتەوە، بەتایبەت لەلای ژنان. هەروەها لەلای زۆریەک لە پیاوانیش لەهەمان سەردەمدا وەفاداریی جنسی بایەخێکی گرینگ بوو و، حەزە جنسییەکانیان دەتوانرا خەتەر بن، بەڵام هەڕەشەی لە ئیگۆی ئەوان (واتە لە وێنای خۆیان لەسەر خۆیان) نەدەکرد. ئەوەیکە پیاوێکی وەفادار حەزی لە ژنی تر بوو، خۆی لەبەر چاوی خۆیدا بچووک نەدەکردەوە، رەنگە بە پێچەوانەیشەوە بوو؛ واتە ئەمە هەستی پیاوەتیشی لا بەهێزتر دەکرد. پیاو دەبا کۆنتڕۆڵی حەزی خۆی بکا، بەڵام هاوکاتیش هەستی بەلەخۆبایی بوون دەکرد. لەلایەکی ترەوە بۆ ژنی وەفادار، هەبوونی حەزێکی لەم چەشنە ئەوەی دەکرد بە سۆزانی یاخود ژنێکی 'هەرزان'، شتێک کە ئەو یەکجار رقی لێی بوو. ئەو پیاوانەی کەڵکیان لەم حەزەی ژن وەردەگرت و لەگەڵیانا دەنووستن، کەچی هەر لەو کاتەدا رقیان لێیان بوو. بۆیە وێنای ژنان لە خۆیان (ئیگۆ) دەکەوتە مەترسییەوە و، ئەمە بەواتای دڵەڕاوکێیە.

لەژێر دڵەڕاوکێدا حەزە خۆی حەشارداوە. حەزێک کە من ناوێرم دانی پیانێم لەبەر ئەوەی من دەکا بە شتێکی تر لەوەی هەم. رەنگە پێویست نەکا حەزەکە زۆر بەهێز بێت، هەر ئەوەندە بەسە مرۆڤ هەست بە دەرفەتێکی تر بکا و، خود خۆی لەناویدا ببینێتەوە، چونکە ئیگۆ وەک چوارچێوەیەکی بەرتەسک و داخراو هەستی پێدەکرێ. لە دۆخە دژوارەکاندا ئەم حەزە قبوڵنەکراوانە دەتوانن زۆر روون و دیاربن، بۆ وێنە ئێمە حەزدەکەین بکوژین، بقیژێنین و هتد. لێرەدا دەتوانین بە هێنانەوەی نموونەی ژوورێک جوانتر مەسەلەکە شیبکەینەوە. بەشیوەی ئاسایی ئێمە خۆمان لە ژوورێکدا دەبینینەوە کە تێیدا راحەتین، بەڵام گەر کتوپڕ هەست بەوە بکەین تێیدا زیندانی کراوین، هەر ئەو ژوورە ئارامەمان لێدەبێ بە شتێکی ترسناک و هەوڵدەدەین هەرچی زووتر خۆمانی لێدەربازبکەین. هەر بەو شێوەیە ئیگۆی ئێمە دەتوانرێ وەک ژوورێکی ئاشنا بێت کە ئێمە تێیدا هەست بە ئارامی دەکەین، یاخود ببێ بە زیندانێکی ترسناک کە دەمانەوێ لێی دەربازبین.

دڵەڕاوکێ بریتییە لە ترس لە حەز و هەر لەوکاتەدا راگرتنی. لە دڵەڕاوکێدا ئێمە بە واتای تەواوی کەلیمە لەژێر گوشارداین، چونکە بە شێوەی فیزیۆلۆژی وەک چۆن لە فۆرمولی 'فریتز پێرلز' باسی لێدەکرێ، خۆی نیشاندەدا: "دڵەڕاوکێ بریتییە لە هەستی هەڵچووی ئێمە بە بێ هەناسەمان." دڵەڕاوکێ بریتییە لە هەڵچوونی جەستە و راگرتنی هەناسە پێکەوە. راگرتنی هەناسە کردارێکی جەستەییە بەرامبەر راگرتنی هێزی حەز. ئەمە وەک 'کێشەی هەناسەکیشان'یش هەم باسی لێدەکرێ و هەم ئەزموندەکرێ، چونکە ئێمە نازانین کە خۆمان هۆکاری ئەمەین. دڵەراوکێ دەبێتە هۆکاری لێدانی زیاتری دڵ، بەرزبوونەوەی زەختی خوێن و نیشانە جەستەییەکانی تری هەڵچوون.

ئێمە ئاشنای ئەم نیشانە جەستەییانەی دڵەڕاوکێین و، ئەوان دەتوانن ببنە سەرچاوەی 'دڵەڕاوکێی دووهەم'، واتە ترس لە دۆخی دڵەڕاوکێی جەستەیی.

درێژەی هەیە...    

Bilderesultat for ‫استرس فلسفی‬‎