وتارەکان

منداڵ و سه‌ر‌به‌خۆیی

امتیاز کاربران

ستاره غیر فعالستاره غیر فعالستاره غیر فعالستاره غیر فعالستاره غیر فعال
 

 

قادر نیکپوور

ئه‌و کاته‌ی منداڵ زۆر ساوایه‌، قسه‌ناکات و هیچ نازانێت، په‌له‌قاژه‌ ده‌کات بۆ سه‌ربه‌خۆیی، بۆگه‌یشتن به‌ مەیل و ویستەکانی. ئەو هه‌موو هێز و بڕستی خۆی بەکار دێنێ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی. بێگومان، مندالێک که‌ له‌سه‌ر بنەمای ئازادی و سەربەخۆیی پەروەردە بکرێت، مندالیکی سەربەخۆ و خاوەن بیری لێ ده‌رده‌چێت.

 

 

منداڵ و سه‌ر‌به‌خۆیی

قادر نیکپوور

 

وشەی سەربەخۆیی بەردەوام لەسەر زارانە، بە تایبەتی لە میدیاکاندا. ئەم وشەیە بۆ هەموو کەس ئاشنایە، چ لە بواری سیاسی، چ ئابووری و چ رامیاری. ئەم پرسیارە دیتە ئاراوە، کە دەبێ چ شتێک گرینگتر بێت لەسەربەخۆیی؟ بێگومان هیچ شتێک! بەڵام داخو سەربەخۆیی لای منداڵیش بەم جۆرە مانا دەدات، یان  سەربەخۆیی وڵاتێک یان نەتەوەیەک لەگەڵ سەربەخۆیی منداڵ فەرقی هەیە؟ کاتێک باس لەسەر بەخۆیی منداڵ دەکەین، بەم مانایە کە مافی منداڵ بپارێزین، منداڵ ئازاد بژی و ئازاد بیر بکاتەوە.

منداڵێک کە لەسەر بنەمای ئازادی پەروەردە بکرێت، هیچ کات دژ بە ئازادی نیە. هەموو مرۆڤە ئازایخوازەکان لە ژێر چەتر و بنەمای ئازادی و بەرابەری پەروەردە کراون. مێژوو ئەمەی نیشانداوە، هەموو دیکتاتۆرەکانی جیهان لەسەردەمی مندالی بێ بەش بوون لە ئازادی و مرۆڤایەتی، بۆیە رق و قینی خۆیان بە خەڵکی بێتاوان و بێلایەن دەڕێژن. کەواتە ئەرکی هەموو ئێمەیە منداڵەکانمان لەسەر بنەمای ئازادی پەروەردە بکەین تاکو ببنە مرۆڤێکی ئازادی خواز. 

 

ئه‌و کاته‌ی منداڵ زۆر ساوایه‌، قسه‌ناکات و هیچ نازانێت، په‌له‌قاژه‌ ده‌کات بۆ سه‌ربه‌خۆیی، بۆگه‌یشتن به‌ مەیل و ویستەکانی. ئەو هه‌موو هێز و بڕستی خۆی بەکار دێنێ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی. بێگومان، مندالێک که‌ له‌سه‌ر بنەمای ئازادی و سەربەخۆیی پەروەردە بکرێت، مندالیکی سەربەخۆ و خاوەن بیری لێ ده‌رده‌چێت کە لەگەڵ مناڵانی بێ بەش لە ئازادی جیاوازی دەبێت.‌

منداڵ له‌ سێ ده‌وره‌، یان پرۆسه‌ به‌ سه‌ربه‌خۆیی ده‌گات:

یه‌که‌م: ئه‌وکاته‌ی له‌ دایک ده‌بێت،

دووهه‌م: ئه‌وکاته‌ که‌ له‌ شیر خواردن ده‌بێته‌وه‌، یان فەرقی پاک و پیسی دەکات،

سێهه‌م: ئه‌وکاته‌ی‌ بالغ ده‌بیێت، یان خۆی ده‌ناسێت.

پڕۆسه‌ی سێهه‌م قورسترین و پڕکێشه‌ترین پڕۆسه‌یە له‌ ژیانی مرۆڤ، ئەویش به‌هۆی راگوێستنه‌وه‌ی قۆنا‌غی منداڵی بەرەو قۆناغی لاوی، واته دابڕان لە دنیای منداڵی به‌ره‌و دنیای لاوی. لەم قۆناغەدا کێشه‌کان زۆرتر ده‌رده‌که‌ون وخۆیان نیشان ده‌ده‌ن. کێشەکانی کاتی‌ منداڵی، ئه‌و کاته‌ی منداڵ ساوایه‌ و بێ ده‌سه‌ڵاته و ‌زوڵمی لێ ده‌کرێت، له‌ ته‌مه‌نی لاوی په‌له‌ قاژه‌ ده‌کات بۆ وه‌ده‌ست هێنانی مافه‌ خوراوه‌کانی ئەو کاتی منداڵی.‌ ئەو حه‌ز ناکات ئیتر مافی پێشێل بکرێت، حه‌ز ده‌کات خۆی سه‌ربه‌خۆ بێت، خۆشی بڕیار بدات، و خاوه‌ن هه‌ڵوێست بێت. حه‌ز ناکات ئیتر به‌ چاوی منداڵ سه‌یر بکرێت، حه‌ز ده‌کات لە دنیای منداڵی بێتە دەر تاکو خۆی تاقی بکاته‌وه‌.

هاتنه‌ده‌ر له‌ دنیای منداڵی کێشەی تایبەتی خۆی هەیە، بە چەشنێک ئەزموونەکانی کاتی منداڵی دەبنە سەرمایە و مایەی سەرکەوتن بۆ هاتنە نێو دنیای لاوی. خۆناسین، ئەویش کێشەی تایبەتی خۆی هەیە، کێشەیەک کە بچڕانەوەی نیە. شارەزا نەبوون لەگەڵ تەمەنی لاوی، تێکەڵاوی لەگەڵ خه‌ڵکی بێگانه‌، بە تایبەتی راهێنانی مه‌یلی جنسی لەبەرانبەر رەگەزی نەیار. "کەم ئەم بەشە پێویستی بە رێنوێنی و روونکردنەوەی تایبەتی هەیە، کە دایک و باوک لەم بوارەوە  یەکەم کەسەن بۆ یارمەتیدان. ئەوەی کە منداڵ چۆن رێ دەرکات، چۆن بەسەر ئەم پرۆسەیەدا زاڵ بێت، دەگەڕێتەوە سەر وشیاری و شارەزایی دایک و باوک".

کاتێک منداڵ‌ به‌ خۆشی و بە دروستی پەروەردە دەکرێت، به‌شێکی زۆر له‌گیر و گرفته‌کانی کاتی لاوی بە ئاسانی چاره‌سه‌ر ده‌کرێن. بە پێچەوانە، ده‌ورانی منداڵی کە به‌ ناخۆشی و بە کێشە تێپه‌ر بێت، پڕ بێت لە ئێش و  ئازار، هه‌ست و نەستی منداڵ بریندار ده‌کرێت، و منداڵ خۆی لێ ون ده‌بێت و له‌ ناسینی دۆست وره‌فیق بە ئاسانی تووشی هه‌ڵه‌ ده‌بێت. یانی بە ئاسانی دەستی چەپ و راستی خۆی ناناسێت. که‌سێک که‌ خۆی نه‌ناسێت زه‌حمه‌ته‌ خه‌ڵکیش بناسێت، و ده‌بێته‌ مه‌کۆی ده‌ردو خه‌م بۆ خۆی و که‌س و کاری.

مرۆڤ له‌ ته‌مه‌نی لاوی تا راده‌یه‌کی زۆر گیرۆده‌ی مه‌یلی جنسی ده‌بێت، و بۆ گه‌یشتن به‌ نیازی جنسی تووشی کۆمەڵێک کێشە ده‌بێت،  کە ئه‌وه‌ش له‌ سروشته‌وه‌ وه‌رگیراوه‌، و له توانایی ئێمه‌ دا نیه‌ که‌ ئه‌و مەیلە‌ بگه‌رێنینه‌وه‌ دواوە. " خەتەنە کردن یەکێک لە بنەما توند و تیژەکانی دینی ئیسلامە بۆ کوێر کردنەوەی مەیلی جنسی، بە تایبەتی خەتەنە کردنی ژن دەبێتە هۆی کوشتنی مەیلی جنسی ئەو کە دەبێتە مایەی کێشە و هاڵۆزی ژیانی هاوەسەری".  یان ئێخته‌ کردنی ئەسپ بۆ کوێر کردنەوەی مەیلی جنسی بۆ زۆرتر کار لێ کێشان.

 

ته‌مه‌نی لاوی سه‌ره‌تای ژیانی ئه‌خلاقی‌

 

ته‌مه‌نی لاوی سه‌ره‌تای ژیانێکی ئه‌خلاقییه‌، لێره‌ دا ئه‌خلاق ده‌بێت بە‌ پرسیاری سەرەکی، و ده‌بێته‌ نموونەیەک بۆ کەسایەتی چاک و خەراپ. لەم تەمەندا مرۆڤ خۆی ئەدۆزیتەوە، دەبێتە خاون کەسێکی بە ئەخلاق، کە خۆی ون کرد دووردەکوەیتە لە ئەخلاق. تەمەنی لاوی له‌ نێوان دوازده‌ تا هه‌ژده‌ ساڵە. لەم مەیدانەهاڵۆز و ناسکە مرۆڤ رێگای ژیانی خۆی به‌ دروستی یان نادروستی ئەدۆزێتەوە، له‌باری بیر و بۆچون تووشی دوو دڵی ده‌بێت، و بەردەوام بێقه‌راره‌.

 

تەمەنی لاوی بە جۆرێک مرۆڤ سه‌ر له‌ نوێ له‌دایک دەبێت، له‌‌ دایک بوونی ئه‌م جاره‌یان  له‌ گه‌ڵ رابردوو جیاوازی هەیە، بە چەشنێک مرۆڤ زۆرتر تووشی ئێش وئازاری ده‌روونی دەبێت، تا کو گریانی کاتی منداڵی. خۆناسین وه‌ک بوومه‌له‌رزه‌ هەموو لەشی مرۆڤ دەخاتە جووڵە، ئۆقرەی لێ دەبڕێت و دێتە دنیایەکی تازە کە هەموو شتێک بۆ ئەو تازەیە، وه‌ک ئه‌وه‌ وایە بۆ وڵاتێکی دیکه‌ سه‌فه‌ر بکات. خۆناسین نه‌ک به‌ ته‌نیایی مه‌یلی جنسی له نێو ده‌روونی‌ مرۆڤ ده‌بزوێنێت، خۆشه‌ویستی و دلۆڤانی خۆی نیشان ئەدات، سروشت و خووی تەواو دەگوردرێت، دەبێتە کەسێکی هاڵۆز و سەرسەری، چونکە ئەو لە دنیای منداڵی دوور کەوەتۆتەوە.

ژیانی منداڵی له‌ نێو چوارچێوه‌یه‌کی دیاری کراو تێپه‌ر ده‌بێت که له‌ژێر چاوه‌دێری و چەتری دایک وباوک دایه‌، بە واتایەکی دیکە چوار چێوە و دیواری بنەماڵە دایکو باوکن. له‌ته‌مه‌نی لاوی‌ ئه‌م دیواره‌ لا‌ده‌چێت، ده‌بێته‌ مه‌یدانێکی‌ پان وبه‌رین بۆ رمبازێن کە هەوسارەکەی لە دەستی دایک و بوک دەردەچێت. ئەگەر هەوسارەکە لە رابردوودا زۆر شل گیرابێت، دەبێتە لاوێکی سەرسەری و سەرەڕۆ. بە پێچەوانە ئەگەریش زۆر تووند گیرابێت، دەبێتە لاوێکی هار و شەڕانی.

له‌و ته‌مه‌نه‌دا نه‌ته‌نیا کێشه‌ی جنسی، خۆشه‌ویستی، بیرو بۆچونەکان قۆناغێکی تازه‌ به‌خۆیان ده‌گرن. مرۆڤ حه‌ز ده‌کات بۆ زۆربه‌ی شته‌کان خۆی بڕیار بدات، زۆر گوێ راگری دایک و باوک، یان ئەم و ئەو نەبێت‌، وە بە جۆریک له‌ په‌ند ونه‌سیحه‌ت بێزارە. ئه‌و شتانه‌ی که‌ خۆی پێی باشه ‌و پێی خۆشه‌ بیکات نه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ دایک و باوک پێی دەڵێن.  دۆست و هەڤاڵ لە دایک وباوک گرینگترن، حه‌ز ده‌کات زۆربه‌ی کاته‌کانی له‌گه‌ڵ هەڤالەکانی تێپه‌ڕ بکات. لاوەکان حەز دەکەن زۆرتری کاتەکان لە ژوورەکەی خۆیان بن، تەنانەت کاتی نان خواردنیش بە زەحمەت لە دایک و باوک نزیک دەبنەوە.

ئەم دابڕانە کۆمەڵێک کێشەی  گەورە لای دایک و باوک ومنداڵ دروست دەکات، بە چەشنێک رێگای دیالۆگ و قسەکردن تەنگ و باریک دەکاتەوە. رەنگە ئەوان زۆرتر قسەکانی خۆیان بە قەڵسی و هاتا و هاوار دەربڕن، بەڵام ئەوە ئێمەین کە دەبێ‌ پشوومان له‌سه‌رخۆ بێت، چونکە قەڵسی بە قەڵسی چارەسەر ناکرێت. ئەگەر ئەوان قەڵس و تۆڕەن، دەبێ ئێمە وەک دایک و باوک لەسەر خۆبین. با که‌مێک بگه‌رێنه‌وه‌ سه‌ر ده‌وری منداڵی خۆمان، با کڵاوی خۆمان بکه‌ین به‌ قازی و بزانین جیاوازی ئێمه‌ له‌ ته‌مه‌نی لاوی خۆمان له‌ ئاستی منداله‌که‌ی خۆمان چه‌ندێکه؟ منداڵێک که‌ بە نادروستی رەفتاری لەگەڵ کرابێت، بە ئاسانی گوێ لە قسه‌ی دایک و باوک ناگرێت. باشترین راوێژکار و مامۆستای منداڵ خۆمانین، ئەگینا منداڵ ناچار دەبێت په‌نا بۆ بیگانه‌ و دۆست و هەڤاڵەکانی بەرێت کە ئەوانیش بە نۆبەی خۆیان کێشەی خۆیان هەیە و کەم تەجرەبەن.

دەگەڕێتەوە ئەم بەشە کە منداڵ چەندێک متمانەی بە دایک وباوک هەبێت. ئەو منداڵانەی کە تووشی کێشەی گەورە دەبن، لە بواری پێوەندی و دیالۆگ زۆر زوو لە دایک وباوک دابڕاون، بە چەشنێک متمانەیان بە دایک و باوک نەماوە. ئەوە متمانەیە کە پێوەندی دوولایەنە پێک دێنێت و دایک و باوک منداڵ لێک نزیک دەکاتەوە. هەر منداڵێک که‌ ئه‌و مه‌جاله‌ی بۆ ره‌خسابێت، منداڵێکی به‌خته‌وه‌ر و بە ئامانجی لی دەردەچێت. پێوه‌ندی نێوان دایک وباوک ومنداڵ وەک په‌یوه‌ندی دوو ره‌فیقی لێدێت، تا ئه‌و راده‌یه‌ی که‌ کێشه‌کانیان به‌ شێنه‌یی تاووتوێ ده‌کرێن.

پێوه‌ندی دروست هەر‌ له‌ سه‌ره‌تای منداڵی ده‌ست پێده‌کات، ده‌بێته‌ سه‌ر چاوه‌ی بن برکردنی هه‌موو کێشه‌کان له‌ ژیانی داهاتووی منداڵ. منداڵێک که‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ گوێگری قسه‌ی دایک وباوکی دەکات، له‌ ته‌مه‌نی لاویدا په‌ند ونه‌سیحه‌تی دایکوباوکی له‌ گوێ ده‌گرێت. ته‌مه‌نی لاوی ته‌مه‌نی سه‌ره‌رۆیی و هه‌رزه‌کارییە، له‌وته‌مه‌نه‌ پاک و پیسی ده‌رده‌که‌وێت، مرۆڤ وه‌ک ئه‌سپیکی وه‌حشی وایه‌، ده‌بێ به‌ دروستی ده‌سته‌مۆ بکرێت نه‌ک به‌ زه‌بر و زۆری، چونکه‌ مرۆڤ لەگەڵ حەیوان فەرقی هەیە. بەلام بەداخەوە زۆر دایک و باوک لەگەڵ حەیوان باشتر رەفتار دەکەن تاکو جگەرگۆشەی خۆیان.

 

گرینگ نیه‌ دایک وباب هه‌موشتێک سەبارەت به‌ منداڵ بزانن، دەوڵەمەند یان خوێندەوار بن، گرینگ ئەوەیە ته‌جره‌به‌ تاڵەکانی سەردەمی منداڵی خۆیان له‌ سه‌ر منداڵ تاقی نه‌که‌نه‌وه‌. یان ئارەزووەکانی دەورانی منداڵی خۆیان بۆ منداڵەکانیان وەدی بێنن. زۆرتر سرنج بده‌ن به‌و پێداویستانەی کە لەسەردەمی ئێستا بۆ منداڵ گرینگە، نەک لە سەردەمی منداڵی خۆیان. "مرۆڤ هیچ کات حەز ناکات بگەڕێتەوە بۆ رابردوو، و لە رابردوودا بژیت".

هەر مرۆڤێک هەڵە دەکات، مرۆڤ کە خاوەن بیر بێت هەڵەش دەکات. مەرج نیە کە ئەمڕۆ وەک دوێنێ بیر بکەینەوە. گرینگ ئەوەیە کە ئەمڕۆ لە دوینی باشتر بیر بکەینەوە. کاتێک هه‌ڵه ‌ده‌که‌ین، پیویستە داوای لی بووردن له‌ منداڵ بکه‌ین که‌ ئەویش فێر بێت هەلە کردن ئاساییە. به‌هه‌مان شێوه‌ که‌ ئێمە چاوه‌ڕوانی لە منداڵ دەکەین داوای لێ بووردن له‌ ئێمە بکات، پێویستە ئێمه‌ش لە کاتی هەڵە داوای لێ بووردن لە منداڵ بکەین. "منداڵەکان بە چاک و خەراپ لە گەورەکان فێری شت دەبن".

منداڵێک بەم جۆرە قسەی دڵی خۆی دەکات:

"دایکم و باوکم به‌رده‌وام هه‌ڵه‌ ده‌که‌ن، هەڵەی زۆر گەورە، هیچ ته‌قه‌یان له‌سه‌ری نایه‌ت، گوێی نادەنێ. به‌ڵام به‌ بچووکترین هه‌ڵه‌ی من تێک ده‌چن، تووڕە دەبن، و زۆرجاریش تەنبێی بەدەنیم دکەن. سەرەڕای ئەوە دەبێ داوای لێ بووردنیان لێبکه‌م، ئەگینا هەر قەڵس و توورەن، وک ماری ژەهراوی سەیرم دکەن، کە من لەم جۆرە سەیر کردنەیان بێزارم".

بۆ ته‌ربیه‌تێکی دروست پێویسته‌ خاوه‌ن هه‌ڵوێسی دروست بین، نه‌ک تووند و تیژی. باشتر وایە خۆمان نموونه‌ی کردەوە و ئەخلاق بین. لاواز بوون له‌ باری بارهێنان کاریگه‌ری قوڵ له‌سه‌ر منداڵ داده‌نێت. کاتیک منداڵ توشی هەڵە دەبێت، پێویستە یارمەتی بدەین تاکو هەڵەکەی راست بکەینەوە، تا منداڵ سەری لێ نەشێوێت. هه‌ڵه‌مان هەیە تا هەڵە، هەڵە هەیە کە وشیارانە روو دەدات و بە ئانقەست کراوە، هەڵە هەیە کە لە پڕ روویداوە بێ ئەوەی منداڵ بیری لێ کردبووبێتەوە.

لێکدانەوە و شێوەی بۆچونی ئێمە لەسەر هەڵەی منداڵ گرینگە، رەنگە هەریەک بۆچونی تایبەت بە خۆمان هەبێت. گرینگترین کردەوە روون کردنەوەی دروستی منداڵە کە هەڵەیەک دەتوانێ زەرەر و زیانی خۆی هەبێت. هەرچەند هەڵە بە گەورە و بچووک بوون نیە. بە داخەوە ئێمە هەڵەکانی خۆمان نابینین، بەڵام بە ئاسانی ئی منداڵ دەبینین، کە ئەمە نیشانەیەکە لە نابەرابەری و ناعەداڵەتی لە چوار چێوەی ماڵەوە. 

 

کاتێک لەشمان ژان دەکات و ئازاری هەیە، خێرا دەچینە لای دکتۆر تا دەوا و دەرمانمان بۆ بنووسێت. زۆرجار منداڵەکەمان هەڵەیەک دەکات، و کاریگەری قورسی دەروونی لێدەکات، بە جۆرێک تەواو ئازار دەدرێت، بێ ئەەی خەمی لێ بخۆین و چارەسەری بکەین لە بیر خۆمانی دەبەینەوە. ئازاری دەروونی زۆر بە زەحمەت سارێژ دەکرێت، ئەگەر بەردوام دووپات بکرێتەوە و چارەسەر نەکرێت، دەبێتە نەخۆشی دەروونی کە ئەو کات چارەسەر کردنی زۆر درەنگە.

"کاتێک ماشێنەکەمان هەڵنابێت و کار ناکات، خێرا تەلەفوون دەکەین بۆ مکانیک، بەلام زۆرجار منداڵەکەمان بە چاوی فرمێسکاوی دەبینین، هیچ کارێک ناکەین. راستە هەموو کەس دکتۆر نیە، بەڵام رێگا چارە دۆزینەوە کارێکی ئاسانە، بە تایبەتی لەم سەردەمە".

 

منداڵێکی ئازاد و سەربەخۆ، چێژ و مانای ئازادی سەربەخۆیی لە چوار چێوەی ماڵەوە، لە شێوەی دروست پەروەردە و بارهێنان وەردەگرێت. کەواتە دایک وباوک گەورەترین مامۆستان بۆ داڕێشتنی سەربەخۆیی لە دەروونی منداڵ. سەربەخۆیی تەنیا بە یەک وشە تەواو نابێت، کۆمەڵێک خاڵی گرینگ لەخۆ دەگرێت کە سەرجەمی خاڵەکان تەواو کەری مانی سەربەخۆیین. گەورەترتن سەربەخۆیی بۆ مرۆڤ، پەروەردە کردنی منداڵ بە شێوەی ئازادە. سەربەخۆیی هەستێکی دەروونییە کە ورە و وزەی منداڵ بە هێز دەکات بۆ تێگەیشتن بە عەداڵەت، بەرابەری، ئەخلاق، لەخۆ بردوویی و هتد. ناتەراز بوونی هەریەک لەم وشانە ماناو و رەنگی سەربەخۆیی کەم دەکەنەوە. کەواتە سەربەخۆیی لای منداڵ یەکێک لە گرینگترین بنەماکانی ژیانە.

   Bilderesultat for freedom art