ژمارەکان

ژمارەکان

مرۆڤ بۆ تێگەیشتن لە خۆی و لە سروشت و پێوەندیگرتن لەگەڵ یەکتر زبانی دانا و، پاشانیش ژمارەی خولقاند. لە زۆر جێگە باس لەوە دەکرێت یەکەم جار فیساغورس بوو رەقەمی دانا، بەڵام لە ئەفسانەکانی یونانی کۆندا ناوی پرۆمتە وەک یەکەم کەس ھاتووە رەقەمی داناوە. ئەوەیکە کامەیان دروستە و کامەیان نا (یان رەنگە ھیچ کامیشیان راست نەبێت)، پێوەندی بە باسەکەوە نییە.

 ژمارە لە سەرەتاوە ئەوەندە تێکەڵاوی ژیانی سەرەتایی نەبوو و ئەوەندەش گرینگی نەدەنواند. ژیان سادە و ژمارەی پێویستی رۆژانەیش ھەر سادە و لە ئاستێکی نزمدا بووە. وەک نمونە، مرۆڤ بۆ ئەوەی بزانێت لە گروپێکدا چەن کەسن، یان چەند منداڵی ھەیە لەم ئاستەدا لە ژمارە کەڵکی وەرگرتووە. ئەو کاتانە مرۆڤ خاوەنداریەتی زۆری نەبوو و، پارە لە ئارادا نەبوو تا مرۆڤ پێویستی بەوە بێت بزانێت چەندە پارەی ھەیە و چەندەی پێویستە بۆ کرینی کەرەسەی پێویستی ژیان. شتومەک بە گۆڕینەوە بوو. شتێکت لەگەڵ شتێکی تر دەگۆڕدرایەوە.

بەڵام لەگەڵ داھێنانی پارە، زەرورەتی ژمارە و ماتماتیک پتر بوو، ھەڵبەت مەبەست گرینگ بوونی لە ژیانی رۆژانەی خەڵکدایە. ماتماتیک وەھا بە خێرایی گەشەی کرد و چووە ژیانی مرۆڤەوە کە بۆ ناسینەوە و تێگەیشتن لە یەکتر، بەپێچەوانەی زبان و کلتور کە بە قەد بەرینیی گروپی مرۆڤەکان لە پانتایی جیھاندا جۆراوجۆر و رەنگاورەنگە، بوو بە زمانێكی هاوبەش. ئەمە یانی ئەوەی کە ژمارەی یەک لە تەواوی دونیا ھەر یەکە و یەکەمە و خاوەنی یەک قورسایی و بایەخە. ماتماتیک بە گەشەی تکنیک و ھندسە قووڵتر لە ھەموو شتێک رەگی کوتایە ژیانی مرۆڤ و بووەتە سەرەکیترین بەشی ژیانمان.

ئەمرۆ ھەموو ئەو کەرەسانەی کە بەکاریان دێنین، ھەر ھەموویان بە شێوەیێک لەگەڵ ئینتێرنێت و کامپیوتردا پێوەندیان ھەیە، کە ھەمووشیان بە بەکارھێنانی ژمارە و رەقەم لە مێشکی پرۆگرامەکانیاندا خولقاون و دەتوانن بەردەوام بن.

بەڵام ئامانجی ئەم نووسینە ئەوە نییە کە بمانەوێت تاریخ و پانتایی کارکردی ژمارە بە تەواوەتی پیشان بدەین، بەڵکو مەبەست ئاماژەیێکە بە گرینگی ژمارە لە ژیانی رۆژانەدا.

لە سەرەتاکانی دروست بوونی پارە، بانک بە مانای مودێڕنی خۆی نەبووە. خەڵک پارەکانی لەلای خۆی دەشاردەوە. بۆ ئەوەی بزانێت چەندەی ھەیە دەبووا بیژماردایێت، رنگە دەیان و بگرە سەدان جاری دەژماردن. کە بانک ھات ئیتر ئەو ھەموو ژماردنە پێویست نەبوو، یەک جار دەتژمارد و لە بانکەوە رەقەمێکیان لە کارتێک یان دەفتەرێکدا بۆ دەنووسیت و پێیان دەدایت. ئەوەش پیشانیدەدا کە تۆ چەندەت ھەیە.

بەڵام ئەمڕۆ ئەو یەکجار ژمارەشی پێویست نییە. مرۆڤ یەک مانگ کاردەکات، لە کۆتایی مانگەکەدا مەجموعەیێک ژمارە و رەقەم دەچێتە حیسابەکەی، لەوێوە ئەو ژمارانە دابەش دەکات و دەیاننێرێت بۆ چەندین ژمارە حسابی تر کە ھەر کامێکیان نوێنەر و جێگرەوەی ناوی کەس و شەریکە و شتی وایە. ئەمڕۆ ئیتر تەنانەت پارەش خۆی بە رەنگ نەماوە و تەنیا بە رەقەم و ژمارە و ناوەکەی باسی دەکەین. بۆ نمونە تەنیا دەڵێین ١٥ ئێورۆ، بەڵام ئیتر شتێک بەناوی ئێورۆ بەدەستەوە نییە، تەنیا بە کەڵک وەرگرتن لە کارتی بانکەکەت بڕی پازدە ئێورۆ دەنێریت یان وەریدەگریت. ئەمڕۆ ژمارە سیمبولی کەسەکانیشە. ئەمڕۆ ئیتر کەس لە مەعاملەکانیشدا پارە ناداتە دەس کەس، ژمارە دەنێرێت بۆ ژمارە حیسابەکەی. کەسەکان بوونەتە ژمارە و ژمارە بووەتە ژیان و ژیان بووەتە مەجازی.

سایتی قەڵەم 

١٨ ئۆگۆستی ٢٠١٩

 Bilderesultat for tall kunst