شێوازێکی کۆن بۆ کەمکردنەوەی شەڕ

 شێوازێکی کۆن بۆ کەمکردنەوەی شەڕ

هیومانیسم یان ئینسانگەرایی وەک شێوازێکی رووانین بۆ دونیا و ژیان و مرۆڤ، فۆڕمی جۆربەجۆری هەیە. یان باشتر بڵێین هیومانسیم لە هەر سەردەمێکدا بە گوێرەی دۆخ، شێوازی تایبەت بە خۆی دەگرێ. بۆ وێنە لێکۆڵەرەوەکان باس لە هیومانیسمی یۆنانی کۆن، هیومانیسمی مەسیحی و هیومانیسمی سەردەمی رێنسانس دەکەن.
 
 
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی هیومانیسمی سەردەمی رێنسانس ئەوە بووە کە هیومانیستەکان هەوڵیان داوە لە کاتی شەڕەکاندا لە رێگای کڕینی سوپای بەرامبەر، یاخود شەڕی جوامێرانەی سەرۆکەکانی دوو سوپای نەیار، ئاستی شەڕەکان و توندوتیژی دابەزێنن. لە ئەگەری سەرکەوتنی هەر سەرکردەیەکدا، ئیدی ئەو سوپایە دەبوو بە براوەی شەڕ و، چی تر پێویستی نەدەکرد خەڵک و سەربازی زیاتر ببنە قوربانی. ١
 
بەڕاستی بە بیرلێکردنەوەیەکی خێرا، چەندە ئەم شیوازە زیرەکانە دێتە بەرچاو و، چەندە بۆ ئەم سەردەمەی ئێمە کە لە ناو شەڕ و کوشتار و خوێنڕێژیی بێ سنووردا نوقم بووە ئەم شێوازە دەگونجێ. لە سەردەمێکدا کە یەکجار زیاتر لە جاران سەرکردەکان، ئەوانەی وا حەزیان بە شەڕە و داڕێژەری تیۆری شەڕن بە پێچەوانەی جاران لەو شوێنانە خۆیان حەشارداوە کە یەکجار لە مەیدانی شەڕ دوورە و بە باشترین شێواز ژیان و بوونیان پارێزراوە.
 
داخۆ گەر دەرفەتێک بڕەخسێ و لە جیاتی سەرباز و جەنگاوەرە بێ دەرەتانەکان، ئەم بەڕێزانە بدەن بە شەڕ، بڵێی هەر بەو رادەیەی ئیستا شەڕ لە دونیادا دەست بکەوێ؟ بڵێی ئەو بەڕێزانە بە ئەندازەی پێداگریی ئێستایان، پێداگربن لە سەر شەڕ؟
 
ژێرنووس:
1- Sentrale livssyn, Av: Per Bjørnar Grande, Gyldendal norsk forlag AS 2004, 1.utgave. side 29
 
سایتی قەڵەم
٢٣ سێپتەمبری ٢٠١٦
 
Image result for humanisme kunst