بڕوا لە رێگای زەبروزەنگەوە

بڕوا لە رێگای زەبروزەنگەوە

یەکێک لە کێشەکانی دەسەڵاتی دینی ئەوەیە کە ئایینێکی تایبەت (واتە رێچکەیەکی تایبەت لە هەمان دین)، دەکا بە ئەسڵ و بۆچوونی راستەقینە و، ئەوانی تر ئیتر بە نائەسڵ و لادەر و درۆیین لە قەڵەم دەدا. هەربۆیە لێرەوە بۆ ئەوەی بتوانێ دەسەڵات و بۆچوونی خۆی بسەپێنێ، نەک لە قەناعەت و دیالۆگ، بەڵکو لە توندوتیژی و هێز و زەبر و زەنگ کەڵک وەردەگرێ. لە سیستمێکی وەهادا، دینەکان و ئایینەکان بە یەک چاو سەیرناکرێن و، هەمووان خاوەنی یەک ماف و یەک رێز نین.

 

بەلام ئەوەی کە دەسەڵاتی دینی چۆن و چلۆن خۆی بە تاقە خوێندنەوەی راستەقینە لە یەک دین دەزانێ، جێگای پرسیاری گەورەیە. چونکە ئەو بەڵگە و ئارگیومێنتانەی دەیهێنێتەوە، دەکرێ بە ئاسانی ببنە جێگای پرسیار و گفتوگۆ و رەخنە.

"جان لاک" فیلسووفی ئینگلیزی، کە لایەنگری ئازادیی دین لە کۆمەڵگادا بوو، پێی وابوو هەڵەیەکی گەورەیە دەسەڵاتدار بیەوێ دیاریکەری جۆری بڕوا و بۆچوونی خەڵک بێت. ئەویش نەک تەنیا لەبەرئەوەی کە لە رێگای ئیجبار و زەبروزەنگەوە بڕوا چێ ناکرێ، بەڵکو بەو هۆکارەیش کە هیچ گارانتییەک نیە بۆ ئەوەی پیشانی بدا دەسەڵاتدار خۆی خاوەنی راستەقینەترین بڕوا و بیروباوەڕە.

سایتی قەڵەم

 

١٠ ئۆکتۆبەری ٢٠١٥