ئەدەب، بەخشێنەری زانیاری

ئەدەب، بەخشێنەری زانیاری

لە پێناسەی رۆماندا بۆ وێنە دەگوترێ دەقێکی درێژی خوڵقێنراوی خەیاڵییە لە شێوازی پەخشان، واتە رووداوەکانی نێوانی لە راستیدا روویان نەداوە، بەڵکوو نووسەر دروستی کردوون. رۆماننووس بە تێکەڵ کردنی ئەزموون و دیاردەکانی بەرهەستی دەورووبەری لە گەڵ خەیاڵ، وەها کە ئەو ئەزموون و دیاردانە دەچنە ناو کۆمەڵێک پەیوەندی ترەوە کە تەواو جیاوازن لە راستییەکان، دەق چێدەکا.

 

بەڵام وەک چۆن دەقێکی زانستی دەتوانێ زانیاریمان بداتێ، هەربەو شێوەیەیش دەقی ئەدەبی هەڵگری زانیارییە بۆمان، ئەگەرچی لە چەشنی دیکە، تا ئەو جێگایەی کە هەندێ فەیلەسووف هونەر و ئەدەب بە راستەقینەترین سەرچاوەی زانست و زانیاری دەزانن.

ئەو پرسیارە دێتە پێش کە چلۆن دەقی خەیاڵی دەتوانێ بەخشێنەری زانیاری بێ؟ رەنگە بتوانین بڵێین کە لە رێگای: ١ـ خستنە تەنیشت یەکتری ئەو دیاردانەی کە ئێمە پێمان وایە لە گەڵ یەک پەیوەندییان نییە بەڵام لە راستیدا هەیانە (نزیکخستنەوە)، ٢ـ لە رێگای لەیەک دوورخستنەوەی ئەو شتانەی کە ئێمە پێمان وایە پەیوەندییان پێکەوە هەیە، بەلام لە راستیدا نیانە (دوورخستنەوە) و، ٣ـ لە رێگای بینین و چێکردنی رووداوەکان لە پرۆسەیەکی زیندوو و بزۆز (دینامیکی) دا.

هەڵبەت وەک گوترا زانیاریی هەڵقوڵاو لە هونەر جیاوازە لە زانیاری زانستی، زانیارییەک رەنگە لە باری گرینگییەوە کەمتر نەبێ لەوەی دووهەم. کەواتە خەیاڵ دەتوانێ سەرچاوەی زانست بێت.

لە دەقێکی نۆروێژیدا سەبارەت بە جیاوازیی ئەم دوو جۆرە زانستە ئاواهاتووە: "... لە ئەدەبدا زانیاری نەک لە سەر رووداوە بەرهەستە راستەکان، بەڵکو لە سەر لایەنە گشتییەکانی جیهانی راستەقینە."١

 

سایتی قەڵەم

٢٧ ئۆگۆستی ٢٠١٥

 

سەرچاوە:

 

١ـ https://www.uio.no/studier/emner/hf/ilos/NED1301/v14/pensumliste/ned1301-litteraturhistorie.pdf