ئەدەب و وەسف

ئەدەب و وەسف

ئەدەبییات سەداسەد باسی ئەو شتە نییە لە دەرەوە روو دەدات.  ئەدەب وەک دەڵێن دەرەوە وەک ئەوەی وەسف دەکا کە دەبێ ببێ، یاخود وەسف و باسی ئەو شتانەیە کە نووسەر زیاتر لە شتەکانی تر دەیانبینێ. زۆر جار نەفسی رووداوێک دەکرێ تەنیا لایەن یان چەند لایەنی بکەوێتە ژێر وردبینییەوە، کە لە گەڵ ئەمەیشدا بە تێپەڕاندنی رووداوەکە بە سافیی زەینی نووسەردا ئیتر رووداوەکە لایەنێکی تریشی کە هەمان لایەنی زەینی نووسەرە پێی زیاد دەبێ. کەواتە بەرهەمی ئەدەبی بەرهەمێکی فرەچەشنە، هەم رئالە، هەم خەیاڵە و هەم ویست و داوا.

 

رئاڵ دەبێ هەبێ چونکە لە نەبوونیدا نووسەر کەرەسەی خاوی پێ نابێ، خەیاڵ دەبێ هەبێ بۆ ئەوەی کەرەسە خاوەکان بکەونە فەزایەکی تایبەتی خۆیانەوە و ویست و داوایش دەبێ هەبێ بۆ ئەوەی رەوتێکی مانادار بە بەرهەم ببەخشێ. لە نەبوونی ئەم سێ تایبەتمەندییە پێکەوە کە دەتوانن سێ کوچکەی بەرهەمێکی شیاو بن، بەرهەم خۆی لە خۆیدا کورت دێنێ.

نووسەر لە ژیان ورد دەبێتەوە (سەرنجێکی رئالیستی)، بە خەیاڵ بیریان لێدەکاتەوە (رەوتێکی سۆبژێکتیڤی)و، دوواتر هەوڵ دەدا بە لێک ئاڵاندنی ئەم دووانە رەوتێکی ماناداری تایبەت بە بەرهەمەکەی ببەخشێ. لێرەوە خوێنەر کاتێک دەق دەخوێنێتەوە، لە پرۆسەی خوێندنەوەیدا دەبێتە خاوەن سەرنجێکی قوڵتر بۆ رئال، بە فراوانتر بوونی خەیاڵی دەتوانێ شتە نادیارەکانی پشت رئال بخوێنێتەوە و، پاشان بەو ئاکامە بگا کە دەکرێ داوا و ویستێکی تر لەوەی کە بە رواڵەت هەیە، ببێ.

لێرەوە خوێنەر چالاکتر دەبێ، نەک تەنیا لە پرۆسەی خوێندنی دەقدا، بەڵکوو لە پرۆسەی ژیاندا. چالاکییەک کە مەرج نیە چالاکییەک بێت بە مانای باو و رۆتینی مەسەلەکە، بەڵکوو واوەتر لەمە،... لە گومانکردن لەو حەقیقەتانەی کە لە مێژە بە حەقیقەت کراون بە بێ ئیزندان بە ئێمە بۆ سەرلەنوێ بیرلێکردنەوەیان.

سایتی قەڵەم

 

٧ی دسامبری ٢٠١٤