هۆدەی هونەر

نامەیەکی کراوە بۆ ئەحمەد تاقانە

سەباح ڕەنجدەر

نووسین گرینگترین و یەکەم ئامرازە بۆ نەمرکردنی ھەستەکانی مرۆڤ و پێویستییەکانی بۆ بەڕێوەبردنی ژیان... ھەر نووسینە ئەزموونی مرۆڤی نەمر کردووە و ھەست و بیرکردنەوە و ئەزموونیانی پاراستووە و ناھێڵێت ئێمە لە یادیان بکەین. سەرسوڕمانی وشەی ناھێڵێت قەڵغان و زرێپۆشێکە تەنیا داھێنان توانای ڕاگرتنی بەسەر سەری مرۆڤە مەزنەکانەوەی ھەیە. ئاوێنەی داھێنان لە ھەموو ئاوێنەکانی تر تاسەدار و رێ ڕاستترە بۆ ڕاستگۆیی.

 

نامەیەکی کراوە بۆ ئەحمەد تاقانە                   

سەباح ڕەنجدەر 

کاکە ئەحمەد ڕۆژێکی خۆشی ھاوینە، سایەی گەورەی یەکەم ڕۆژی ڕەمەزانە: ١٨\٦\٢٠١٥. ڕۆژێکی پڕ ژیان و گەشەیە. کاریگەری لەسەر زەینییەت و بینینی ھەمەچەشنم بۆ ژیان و دنیا داناوە و سەکۆیەکی بەرھەمھێنە بۆ ڕوانین و خۆبەرجەستە کردن. بەوەی لە ماڵەکەمدا فەرخە کێشکەیەک لە ھێلانەکەی بەرببووەوە. زیاتر لە پازدە ڕۆژ لەژێر فێنکایی موبەریدەدا ئاو و دانم دەدایە و بەدەوریەوەبووم و بەرچاویم بە ئەشقی خودایی ڕەنگڕێژ دەکرد، تا باڵەکانی ھێزی فڕینیان تێدا گەڕا، ئەم سبەینەیە مۆسیقای باڵەکانی بۆ لێدام و گۆرانی پێزانین و ماڵئاوایی بۆ گوتم، منیش لە دڵەوە بەڕێم کردە دنیای ئازادی خۆی و سایەی گەورەی خودا. ئەو دنیایەی کاریگەری لەسەر زەینییەت و بینینی ھەمەچەشنەم داناوە و نەرمە شەپۆلی لێم دەدا. بەم کارەم ھێندەی نووسینی کۆشیعرێک دڵخۆش بووم و جوانی و دڵباشی و پشووی دەروونیم دۆزیەوە. ھەمان ڕۆژیش مووچەم وەرگرت، لەگەڵ خێزانەکەم خۆمان ئامادەکرد بچینە بازاڕ و تەواوی پێویستییەکانی خواردنی ئەم مانگە بکڕین، لە دووکانی گۆشتفرۆشەوە دەستمان پێ کرد، لە یەکەم دەست پێکردنەوە گیرفانیان بڕیم و تەواوی مووچەکەیان لێ دزیم. ئەم کارە نەتەی پێ بەرنەدام، گەشە و خۆشییەکی تری پێ بەخشیم. دڵنەوایی خێزان و منداڵەکانم بەوە دەدایەوە و دەمگوت: لەوانەیە ئەوەی گیرفانی بڕیوم بۆ ئەوەی بووبێت تا پێویستییەکانی خواردنی ئەم مانگەیان بکڕێت. نازانم ھەڵزەقینەوەی ئەم ڕووداوە بوو، یان خۆبەختکاری و ھەست پێکردنی خۆی. ھەرچی پارەمان لە ماڵەوە ھەبوو، خێزانەکەم خستییە ناو جانتاکەیەوە دووبارە ڕێگای بازاڕمان گرتەوەبەر و بایی شەست و پێنچ قاتی منداڵانی تەمەن لە نێوان یەک و دە ساڵی کرد، ھەموو منداڵەکانی خۆمم لەگەڵ خۆم برد و بەسەر خیوەتگای منداڵە ئاوارەکانی کوردستانی ڕۆژئاوامان دابەش کرد. تەنیا بیست و پێنچ ھەزار دینار لە پارەکەمان مایەوە، ئەویش بەنزیمان پێ لە ئۆتۆمبێلەکەمان کرد، ئەم سەردانە وەرزشی چاو و دۆخێکی شیاو بوو، بە بەختی زۆرەوە خەڵاتی گەورەی منداڵی خۆمم وەرگرت، بینیم منداڵان عەلاگەی نایلۆنیان کردووە بە کۆلارە و لە فێنکایی ئێوارەدا ھەڵیانداوە. ئاشنابوونەوە بە خودی خۆت بەھرەمەندبوون و بەخت باشییە، زیاتر بە دنیاوە ئومێدەوار دەبیت.                                                                                                                           

کاکە ئەحمەد من کوڕە لادێیم (دەربەندی گۆم)، کە ئێوارەی ھاوین دەیدایە فێنکی مەگەر چۆن، ئەگەر نا ھەموو ڕۆژێک دەچوومە سەربان و ھەر منداڵ و مێرمنداڵێک لەسەربانی ماڵی خۆمان، یان دوو دوو و سێ سێ لەسەربانی ماڵی یەکمان کۆدەبووینەوە و کۆلارەی خۆمانمان ھەڵدەدا و داومان دەدایە، ھاوارمان دەکرد: ھەتاو جوانترە لە مانگ، ڕۆژ جوانترە لە شەو. ماڵی ئێمە لە لاپەڕی گوند بوو، کە کۆلارەکەم ھەڵدەدا بەسەر تەواوی گونددا ڕەت دەبوو، لەسەر کۆلارەکەش ناوی دایک و باوکمم دەنووسی بەوەی وام دەزانی کۆلارەکە بەرز دەبێتەوە و دایک و باوکیشم بەبێ ھیچ دوودڵی و ئاستەنگێک دەگەن بە حزووری خودا و لە خودا نزیک دەبنەوە و بە نزا و داوایەکانیان ئێمە بە ئومێد و شیاوی بوونی ئەزەلی دەگەیەنن.

 ڕۆژگار ھات و ڕۆژگار چوو، لەگەڵ نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، گوندەکان داگیران و وێران کران، ئێمەش بەرزەبری دڕندانە کەوتین و ڕاگوێزراینەوە ھەولێر. تەممووزی ١٩٧٨ لە گۆڤاری ڕۆژی کوردستان، ژمارە (٥٠) شیعرێکی کورتت بە ناوونیشانی (کۆلارە) بڵاو کردەوە. ئەم شیعرە خەڵات و نیشانەیەکی شانازی بوو، لە شوێنی تایبەتی خۆیدا پێشکێش بە منی دڵشکاو کرا: ئەو بڕوایەم لادروست بوو، ھەموو نووسینێک پەیامی خۆی بۆ کۆمەڵ و کۆمەڵگا ھەیە. لە لاپەڕەی یەکەمی ھەموو دەفتەرەکانی قوتابخانەدا نووسیبوومەوە تا ھەموو کات لەگەڵمدا بێت و لێم جیا نەبێتەوە. وام دەزانی ھەموو ئەو ھاوڕێیانەمە، کە لە گوند ئێواران بە یەکەوە ھەریەک لەسەربان کۆلارەمان ھەڵدەدا و ناھێڵێت شل و شێواوبم و لێم جیا ببنەوە و بەجێم بھێڵن و ھاوڕێیە دڵسۆزەکانمن، کۆستم ڕاست دەکەنەوە و  ھەستەکانم دەپاڵێون. وشەی ناھێڵێت وەک ئەو ڕستەیە وایە: (لە سەرەتادا وشە ھەبوو). بەناو وشە و دەنگەکاندا ڕۆدەچووم و ھەستی قووڵتر دەکردمەوە و چرکە دڵگیرەکانی منداڵی بۆ دەھێشتمەوە و زەینی گەرم دەکردمەوە.

ئەی لە شیری شیعرەوە برای پشتم: بزانە شیعر چۆن مرۆڤ دەکاتە مرۆڤێکی خەیاڵکرد و خەیاڵکراوە و یادەکانیشی دەپارێزێت، سەرسووڕمانی وشەی (ناھێڵێت) لە یاددا دەھێڵێتەوە و چ شەرم و شانارییەکی بەرانبەر دەخوڵقێنێت. حیکمەتی بەختەوەری ڕاستەقینە ئەوەیە، کە لە بارودۆخی زۆر سەخت و دڵشکاندا یادەوەریت بگرێتەخۆی و بیلاوێنێتەوە و ببێتە دەستی گەرمی سەردڵت.

نامیلکەیەکم لە چاپدا

دانەیەکم بەخشی بە منداڵێکی ناو گوندەکەمان

منداڵانی گوندەکەم ھیچیان خوێندەوارییان نەبوو

پەڕی نامیلکەکەی کردم بۆ کۆلارە و ھەڵیفڕاند

لە نێوان نامیلکە کۆلارەکەم و دەستی بچکۆڵەی منداڵی گوندەکەمدا

دەزوویەکی سپی پردە

کە دەزوو دەپسێ و کۆلارە سەر ھەڵدەگرێ

منداڵەکە بەدوایدا ڕادەکا و دەگری

دەیدۆزێتەوە و دەیھێنێ

دەینووسێنێ بە سینگیەوە

بە کۆڵانی گوندەکەمدا ھەنگاو دەنێ

شیعری چین چین و ئاستدار دڵێکی بە بڕوا و ھۆشمەند و سەرڕێژ لە ژیان و بزوێنەری ژیان بە بوون و نھێنییەکانەوە دەینووسێت، دڵێکی بە بڕوا و ھۆشمەند و سەرڕێژ لە ژیانیش، واتە: خوێنەری نموونەیی ھەستی پێ دەکات و دەیکات بە حەڵاڵزادەی خۆی و شیری گەرم و چەوری دایکی. ئەم شیعرە، لووتکەی درەوشاوەی ئەزموونی تۆیە، ھەم لە ڕووی زمانەوانی، ھەمیش لە ڕووی ئێستێتیکی و بیری فەلسەفیشەوە. لە ھەمان کاتیشدا ماڵئاوایی کردنە لە ئەزموونی تۆ.

سەرەتا تێگەیشتنی من بۆ شیعرەکە تەنیا یاد و یادەوەری و خۆخواردنەوە و سەکۆیەکی پشوودان بوو، بەڵام دوای پێداچوونەوە و بەراوردکردن، زەمینە و ڕایەڵ و وردەکارییەکانی چەمکی نسکۆی شۆڕشی ئەیلوولی لێ دەورووژێ و بە ھەستەکانمان ڕەت دەبێت، بنەمای دنیابینییەکەی دەردەکەوێت و لە مێشکماندا جێگیر دەبێت، لە یاد و بوون و ھەست و نەستی خۆی و خۆمان نزیک دەکاتەوە، شیعرەکە لە ناوەرۆک و پێکھاتەیدا شیعرێکی ھێماییە، بەڵام ھێماییەکی خودی لێڵ نییە، ھێمایەکە دەبێتە گەشە و پەیوەندی گشتی کۆمەڵگا و پرسێکی بڵاو و زاندراو و چارەنووسساز، واتە: گەشەیەک پەیوەندی گشتی کۆمەڵگا بەرھەمی دەھێنێ و لەناو مانەوەی خۆیدا دایدەمەزرێنێ و دەبێتە ناسنامەی، یان ناسنامەی دەداتێ، کە بەو شێوەیەش ناسرا، زیاتر خۆشویسترا. لەناو ھەناسە سارد و زیندووەکانماندا، گیانی گشتی تێدا دەخولایەوە.

ئەو زەمینەت خۆش کردووە و دەسەڵات و ھێزی دەربڕینی خۆت تێدا تاقی کردووەتەوە، لەو خاڵە تاقی کراوەشدا پێوانەت بۆ بوون داناوە، یان ژیان لەگەڵ ھەقیقەتدا بەڕێوە دەبەیت. ئەو ھەقیقەتە ئەندێشە کراوەی لە ھێزی دەربڕینی خۆتەوە خاڵت بۆی داناوە و بینینی خۆت تێیدا ڕوون کردووەتەوە، بڕوابوون بە خۆت لە خۆت دروست کردووە، حیکمەتی بەختەوەری ڕاستەقینەت لەبیر نەبردووەتەوە. ئێستا لە تەمەنی ڕامان و سەرنجدانم، بەڵام شیعرەکە ھەر دەستە گەرمەکەی سەردڵمە، ڕەنگە چەندان ساڵی تریش دەنگی ئەو دەستە گەرمەی سەردڵم ھەرببیستێت.

نووسین گرینگترین و یەکەم ئامرازە بۆ نەمرکردنی ھەستەکانی  مرۆڤ و پێویستییەکانی بۆ بەڕێوەبردنی ژیان لە ھەر قۆناخێکدا. ھەم لەباری خۆشی و ھەم لەباری ناخۆشییەوەش. ھەر نووسینە ئەزموونی مرۆڤی نەمر کردووە و ھەست و بیرکردنەوە و ئەزموونیانی پاراستووە و ھێشتوونییەتەوە و ناھێڵێت ئێمە لە یادیان بکەین. سەرسوڕمانی وشەی ناھێڵێت قەڵغان و زرێپۆشێکە تەنیا داھێنان توانای ڕاگرتنی بەسەر سەری مرۆڤە مەزنەکانەوەی ھەیە و ئاوێنەی داھێنان لە ھەموو ئاوێنەکانی تر تاسەدار و رێ ڕاستترە بۆ ڕاستگۆیی، ڕێ خوار ئەو نووسەرەی لەبەر ئاوێنەدا دەموچاوی ڕێڕێ و بەڵەک دەربکەوێت، یان ئاوێنەی درۆزن ڕەنگی دەموچاوی خۆی پێ بناسێنێتەوە  .

لە ئەدەبی کوردیدا دوو بزووتنەوەی نوێبەخشی سەری ھەڵداوە، (ڕوانگە) و (پێشڕەو). لە ھەردوو بزووتنەوەکەدا بۆچوونی خۆت لە دوو وتاری جیاجیادا دەربڕیوە، لەبارەی ڕوانگەوە لە ڕۆژنامەی ھاوکاری، ژمارە (٣٥)ی ساڵی (١٩٧١)دا بە ناوونیشانی (ڕواڵەتی ھەڵبەستی نوێ)، لەبارەی پێشڕەویش لە ھەمان ڕۆژنامەدا، ژمارە (١٠٨٢)ی ساڵی (١٩٨٩)دا بە ناوونیشانی (لەبارەی ھەندێک لایەنی ھونەریی شیعری نوێوە) لە ھەردوو وتاردا لەگەڵیاندا نیت. تاڕادەیەکیش دژی و توندیشی، لەم بۆچوونانەتدا بە ڕوونی دژی نوێبەخشی، نوێبەخشی ئەم دوو بزووتنەوەیە، نەک نوێبەخشی بەگشتی. لە ھەردوو وتاریشدا بنەمای دژبوونی خۆت ڕوون نەکردوونەتەوە. تا بەرانبەر قەناغەت بە بۆچوونەکانت بھێنێت، بەڵکو ھەر ئاماژەی ڕۆژنامەوانین، بێ ئەوەی بیسەلمێنیت ئەوە ڕاستی من و ئەوەش ھەڵەی ئەوان. ئەگەرچیش تێگەیشتن لە شێواز و پێکھاتەی نوێبەخشی لە پلەی جیاواز دایە. ئەم جیاوازیەش بووەتە بابەتی سەرنجدان و پێداچوونەوە و بەراوردکردن، ھەروەھا لە یەکەم بۆنەی خەڵاتی دەزگای ئاراس بۆ کتێب، لە ٢٦/١٢/٢٠٠٤ لە ھەولێر لە ھۆڵی ئوتێل شیراتۆن، کە ئەم نووسەرانە خەڵات کران: (د. مارف خەزنەدار، حەمە سەعید حەسەن، ئەحلام مەنسوور، فەلەکەدین کاکەیی، د. مونزیر فەزل). بەشێکی زۆری ئەدیبانی کوردیش  بانگھێشتی ڕێوڕەسمی خەڵاتکردنەکە کرابوون، کۆمەڵێک نووسەری کەرکووکی لەگەڵ (سەباح ئیسماعیل) لەسەر مێزێک دانیشتبوون، ناسینی خوالێخۆشبووان: (عەباس عەسکەر، ئەحلام مەنسوور،  محەمەد سابیر مەحموود). نایشارمەوە بۆ من خۆشەویستی و ئاکاری نوێ بوون. عەباس عەسکەر بە دەنگێکی ئاوازدارەوە دەنگی بەرز کردەوە و بە منی وت: ( سەیابی کورد، سەیابی کورد). لە خۆشحاڵی ناسینماندا ڕیزێک قاوەی گەرم و شیرینی داوا کرد. ماوەیەکی پێ چوو کتێبێکی بە ناوونیشانی (کلمات تغدو نحو الینابیع)چاپ کرد، شیعری بیست شاعیری کوردی بۆ عەرەبی وەرگێڕابوو، سەرنج و تێبینیشی لەبارەوە نووسیبوون، لە بۆنەی دووەمی ھەمان دەزگا و خەڵاتکردندا، کە ببووە نەریتێکی ساڵانە. (عەبدوڵڵا سەڕاج) بە زەردەخەنە و تەوسەوە پێی گوت:  ئەرێ ئەوە خێرە  شیعری سەیابی کوردت ھەڵنەبژاردووە، وەک سڵەمینەوە و بەخۆدا شکانەوەیەک گوتی: شیعرەکانی ئاڵۆزن و دەست پێکردن و کۆتایی ھێنانی بۆ من دیار نییە، کەچی (محەمەد سابیر مەحموود) گوتی: جیاوازی لە نێوان ئاڵۆزی و قووڵی زۆرە، تۆ ھەستت بە جیاوازییەکان نەکردووە. شیعرەکانی ئاڵۆز نین، بەڵکو قووڵن. من بە خۆشحاڵی و لێزانییەوە وەری دەگێڕم، وابوو بە جیاجیا دووجار شیعری وەرگێڕام، جاری یەکەم. لە گۆڤاری (الێوت الاخر) ژمارە (١٥٠)ی حوزەیرانی ٢٠٠٧ بڵاوی کردەوە، ئەوەی تریش، یان لە ھەمان گۆڤار بوو، یان گۆڤارێکی تر بوو، ببوورە زەینم ناچێتەوە سەری

خودا شیرپاکی ئەدەبی و تایبەتمەندییەکی بێوێنەی پێ بەخشیوم، ناتوانم ھەست و سەرسامبوونی خۆم بەرانبەر ئەدەبی باڵا و ئێستێتیکی بشارمەوە، ئەگەرچیش لەم ڕووەوە قوربانیشم داوە. حوزەیرانی ٢٠١٥ لە گۆڤاری ڕامان، ژمارە (٢٠٦) شیعرێکی (ئازاد ئەحمەد ئەسووەد)م بەناوی (سوبحی و سوھەیلە) بووە مایەی خۆشەویسی و پێداچوونەوە و بەراوردکردنم. زمانی ئەم شیعرە ھێزێکی یادەوەری دروست دەکات و وێنەکان لە یاددا لە گفتوگۆی ئەزەلیدا دەھێڵێتەوە، ھەروەھا شوباتی ٢٠١٣ لە گۆڤاری ٢٣، ژمارە (١٠) شیعرێکی (ئەدیب نادر)یش بەناوی ( سەرگۆن پۆڵس) بووە مایەی خۆشەویسی و پێداچوونەوە و بەراوردکردنم. ئەمیش ھەستێکی بێوێنەی بۆ دروست کردم و چێژی ئێستێتیکی و یادەوەریت ئامادە دەکاتەوە بۆ بەدواداچوونی چێژی ئێستێتیکی یادەوەرییەکانت و بوونی شاعیریەتی سەرگۆن پۆڵس دەکەوێتە ناو یادەوەرییەکانتەوە.

ئێمە سێ شاعیر لە چایخانەی مەچکۆ دانیشتبووین، قسە و گفتوگۆی نێوانمان لەبارەی پێویستی ئەدەب و کاریگەری ئەدەب بوو. (مەولوود ئیبراھیم حەسەن) لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژمارە (١٠١)ی ساڵی (١٩٩٢)دا چیرۆکێکی نایابی بەناوونیشانی (مەرگی سەگ) بڵاوکردبووەوە، ھەر سێکمانی سەرسام کردبوو، لەناو سەرسامی خۆماندا لە باس و ستایشی چیرۆکەکەدا مەست و ئاسوودە بووین و سامانی دنیامان لەدەست بوو، لەو کاتەدا چیرۆکنووس لە دەرگای مەچکۆوە دەرکەوت. ھەر بەچاو نیاز و شوێنی دانیشتنی خۆی لە نێوان ئێمەدا دەستنیشان کرد، دوو برادەرەکە وەک ئەوەی بیانەوێ ھۆیە بنەڕەتییەکانی پرۆژەی شۆڕشێکی نھێنی نەزاندرێت، زۆر بە پڕتاو و بە دەموچاوێکی خامۆشەوە گوتیان: با خۆمان لەم بابەتە لابدەین، بێدەنگ بین تا بەخۆیەوە نەنازێ، کە چیرۆکێکی کاریگەر و سەرکەوتووی نووسیوە و بەسەرمانەوە ببێتە سەرکەڵەبابی بانگدان. ئایە بەم درۆ لەگەڵ خۆکردنە لە بایەخی داھێنان کەم دەکرێتەوە، یان ئەو ناخ شاردنەوەیان بۆ خۆبەلزانین بەکارھێنا. ناخ شاردنەوە و خۆبەلزانین خراپەت دەھێنێتە ڕێ و ئازایەتی داھێنانت لەناودا دەپووکێنێتەوە، بە پێچەوانەوە ناخ ئاشکراکردن ئازایەتی داھێنانت لەناودا دەتەقێنێتەوە و ھەموو ھەستەکانت ئامادە دەکات بۆ دۆخی نووسین و داھێنان، نیازی ھۆشیارانە و ھەست دروستکردن لە دەقدا خەبات و تێکۆشانە لە پێناو ئازادی داھێنان و ئازادی ئەدەب و پێویستی ئەدەب و کاریگەری ئەدەبدا.

کاکە ئەحمەد تاقانە لە ژیانی ئەدەبیاتی تۆدا ئەوەی زۆر جێگای پەسەندی منە و ئەفسوون لێ کراوم بۆی، ئەوەیە ھەمیشە خۆت لە دیمانە و گفتوگۆی ڕۆژنامەوانی پاراستووە و ئەمەش کاکڵەیە و یەکێک لە سەرەکیترین خەسڵەتەکانی پیاوی بێ نیاز و بێ نازە، یان ئەو پیاوە متەسەوفانەی لە وشەدا دەگەن بە کەماڵ و قووڵترین پەیوەندی دادەمەزرێنن و کاریگەری ئاخاوتن دەدۆزنەوە، نەک لە دەمەبۆڵە و ھەڵەوەڕی و دڵڕەشی و دەستپیسی. ئەو ڕستە و وێنانەی لە وێناکردنی ژیان و سەرچاوەی بێگەردیی خەیاڵەوە پێیان گەیشتووی،  ئەو شتانەن لە ژیاندا پەسندت کردوون و ویستووتە نەزانداوییان پێ بدۆزییەوە و ئاشکرای بکەیت، ئەگەرچی شیعر لە توانایدا نییە ھیچ نەزاندراوێک بدۆزێتەوە و ئاشکرای بکات، بەڵام لەوانەیە بیھێنێتە بەرزەین و ئاماژەی پێ بدات.

 

 

                          حوزەیرانی ٢٠١٥ ھەولێر