هۆدەی هونەر

دوا نامەی ڕیچارد براتیگان

لە ئینگلیزییەوە: سۆران محەمەد

سەرەتا ریچارد داوای لە من کرد ببمە خۆشەویستی، بەڵام من بە شێوەیەکی رۆمانتیکی نەمدەڕوانیە ئەو- خۆشەویستان و هاوسەران رەنگە لە یەک جودا ببنەوە، بەڵام براو خوشک پێکەوە دەمێننەوە لە سەرتاپای ژیانیاندا، ئێدی پێم گوت ئەی بۆ نەبینە خوشک و برا؟ ئیتر ئەویش دوای ئەوە بانگی دەکردم خوشکەکەم... "

 

دوا نامەی ڕیچارد براتیگان بۆ (تەکاکۆ شینا)

 

لە ئینگلیزییەوە: سۆران محەمەد

 

وەک لای زۆرمان زانراوە، ڕیچارد براتیگانی نووسەرو شاعیری بەناوبانگی ئەمریکی سەدەی بیستەم لە ناوچەی تاکۆمای پایتەختی ئەمریکا (واشنتۆن) لە دایک بووە، لەکۆتایی بە ژیانی خۆی هێناو بۆ دوا جار ماڵئاوایی لەم ژیانە پڕ لە کێشمەکێشە کرد، بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێت ژیان و بەرهەمەکانی جێی مشتومڕێکی زۆرن و لایەنگەلێک بە شاراوەیی ماونەتەوە تیایاندا، جیاواز لە نووسەرانی پێش خۆی، شێوازێکی سەیری تێکەڵ لە گاڵتەجاڕیی و سوریالی و واقیعی تێکەڵاو دەکردن و بەرگی سۆزو خەیاڵی لەبەردەکردن، ئەم شێوازە جارانێک لە سەردەمەکەی خۆیدا ڕەخنەگرانی چەواشە دەکرد و ئەوانیش خۆشییان پێدا نەهات و ئەویش نێوانێکی کاولی هەبوو لەگەڵیاندا.

لەگەڕانم بەدوای ئەرشیفەکانی ئەم کەڵە نووسەرەدا دوانامەی بۆ تەکاکۆ شینا سەرنجی ڕاکێشام و وای لێکردم بە دواداچوون بکەم بۆ کەسایەتی ئەم خانمە.

تەکاکۆ شینا ئەو خانمە یابانییەیە کە خاوەنی باڕێک بوو لە یابان بە ناوی (بێشکەکە The Cradle) کە زیاتر نووسەران و هونەرمەندان هاتووچۆیان دەکرد و تێیدا کۆ دەبوونەوە، ئەم خانمە وێنەی هەیە لەگەڵ نووسەری بەناوبانگی ئەمریکی (ڕیچارد براتیگان) کە لەسەر بەرگی دواوەی پەڕتووکێکی بڵاوبووەتەوە کە لە تۆکیۆ- مۆنتانا ئێکسپرێس وێنەکەیان گرتبوو، تەنانەت هەندێک لە چیرۆکەکانی ناو ئەو پەڕتووکە باس لە  تەکاکۆ شینا دەکات. ئەو هاوڕێیەکی براتیگان بووەو نووسەر بە (خوشکە یابانیەکەم) ناوی هێناوە.

هەروەها چوار هۆنراوەش لە بەرواری ٣٠ ی حوزەیراندا لە لایەن براتیگانەوە بۆ ئەم خانمە نووسراون.

فوجیمۆتۆ ئەو وەرگێڕەیە کە چەند پەڕتووکێکی براتیگانی پەرچڤەی سەر زمانی یابانی کردووە، یەکێک لەو کارە بڵاونەکراوانەی پەیوەندی بە براتیگانەوە هەیە بریتیە لە یادەوەرییەک لە لایەن ئەم خانمەوە بە زمانی یابانی سەبارەت براتیگان نووسراوە ، فۆجیمۆتۆش وەک یادەوەرییەک بۆ یەکەمجار  لەگەڵ یادەوەریەکانی تردا سەبارەت براتیگان بڵاوی کردووەتەوە کە لە بنەڕەتدا لەلایەن ماساکۆ کانۆ پەرچڤەی سەر زمانی ئینگلیزی کراوە.

ئاوها یادەوەریەکە دەست پێدەکات:

"بە پێی ڕۆژمێری یابانی لام وابێ  ١ی حوزەیرانی ١٩٧٦ بوو، کاتێک ڕیچارد براتیگان بۆ یەکەمجار هات بۆ دوکانەکەم با ناوی (بێشکەکە The Cradle) ، من ئەو کات هیچ لە پەڕتووکەکانیم نەخوێندبووەوە، بۆیە هیچ وێنەیەکی پێشینی لە بیرو هزری مندا نەبوو، دوای ئەوەی هەموو میوانەکان ڕۆشتن ئەو شەوە پێکەوە دانیشتین و وتوێژمان کرد، بۆم دەرکەوت ڕیچارد براتیگان زۆر پیاوێکی پاڵفتەو راستگۆیە، ئێدی وام هەست کرد چیدی پێویست ناکات نیگەران بم لەوەی کە ئەو چۆن دەربارەی من بیر دەکاتەوەو یان من چی پێدەڵێم، ئەمە یەکەم رەنگدانەوەو مۆرکی بەهێز بوو دەربارەی براتیگان لە لای من دروست بوو، دواجاریش کە ئەوم بینی ١١ی مایسی ١٩٨٤ بوو، هەمان ئەو تێگەشتنەم بوو هەتا دوادیدار کە وەک خۆی مایەوەو گۆرانی بەسەردا نەهات.

من هەرگیز وەک میوانێک سەیری براتیگانم نەکردووە، ئەو لە هوتێلی (کییۆ پلازا) مایەوە بە نیوە بەها بە هۆی هاوڕێیەکمەوە لەوێ، بە گشتی ئەو پاشنیوەڕوانی لە کافێی (هاراجوکو) بەسەر دەبردو لە شەواندا دەهات سەردانی باڕی (بێشکەکە  The Cradle)ی منی دەکرد، جارانێک ئێمە پێکەوە هاتوچۆمان دەکردو سەردانی هاوڕێیانم و خێزانەکەمان پێکەوە دەکرد، و ئەوم دەبرد بۆ کۆنسێرتەکان، شانۆکان، ئاهەنگی پێشانگا تایبەتەکان، و هەروەها باڕە جۆراوجۆرەکانیش کە ژمارەیان زۆر بوو، من دەتوانم بڵێم ئەو لە یابان وەک گەشتیار نەبوو، بەڵکو وەک کەسێکی نزیک لە دانیشتوانی ئێرە دەبینرا، کاتێک هەڵدەستا لە خەو بە بێ فەرامۆشکردن ئەو سڵاوی لێدەکردم، و کاتێکیش پێش ئەوەی بیویستایە بخەوێت بانگی دەکردم و هەمو ئەوانەی پێ دەگوتم کە ئەو ڕۆژە بەسەریدا هاتبوون...

سەرەتا ریچارد داوای لە من کرد ببمە خۆشەویستی،بەڵام من بە شێوەیەکی رۆمانتیکی نەمدەڕوانیە ئەو- خۆشەویستان و هاوسەران رەنگە لە یەک جودا ببنەوە، بەڵام براو خوشک پێکەوە دەمێننەوە لە سەرتاپای ژیانیاندا، ئێدی پێم گوت ئەی بۆ نەبینە خوشک و برا؟ ئیتر ئەویش دوای ئەوە بانگی دەکردم خوشکەکەم... "

***

جێی ئاماژەپێکردنە وێڕای ئەوەی ریچارد براتیگان لە لایەن پۆلیسەوە گیراوەو ڕەوانەی نەخۆشخانەی ویلایەتی ئۆریگۆن کرا، بۆ چارەسەری نەخۆشی دەروونی دوای ئەوەی شوشەی پەنجەرەی پۆلیسخانەی شکاند تا رەوانەی بەندیخانەی بکەن و لەوێ نانی دەست بکەوێت و لە برسێتی ڕزگاری بێت، کەچی بە پێچەوانەوە لە نەخۆشخانەی ئۆریگۆن چارەسەری ئەلەکتریکی درا لەسەری بە بیانووی دەستنیشانکردنی حاڵەتی خەمۆکی و بەدگومانیی شیزۆفرینیایی.

 یەکێک لە دواهەمین نامەکانی براتیگان تەنیا مانگێک پێش کۆچی دوایی نووسی و رەوانەی کرد، بریتیە لەم نامەیەی بۆ خانمی یابانی  تەکاکۆ شینا ی نووسیوە، ڕەنگە خوێنەرانێک بپرسن بەستنەوەی براتیگان بە یابانەوە چییە؟ ئێمەش لە وەڵامدا دەڵێین دووەم هاوسەری کە بۆ ماوەی دوو ساڵ پێکەوە بوون خەڵکی یابان بوو بە ناوی (ئاکیکۆ یۆشیمورا).

 

دەقی نامەکە:

 

بۆلیناس

 

بەڕیز تاکاکۆ

سڵاو

من (تۆم ڕاد) م بینی لەسەر شەقامێکی سانفراسیسکۆ چەند رۆژێک پێش ئێستا، ئەو سلاوێکی دوورو درێژ و بەچێژی لە لایەن (بێشکەکە) پێدام.

من بەردەوامم لەسەر ئەوەی دەیکەم. کار.

ئەم بەیانیە، دوو سەگی دەریاییم بینی بە دووریی نزیکەی پەنجا مەتر لە رۆخی دەریاوە پێکەوە بوون، گەر ( ئی . تی) {کچی تاکاکۆ  شینایە} بیبینینایە شادمان دەبوو. ئەو دوو سەگە دەریاییە پێکەوە هاتن، زیاتر بە شێوازی سەگی دەریایی قسەیان دەکرد، پاشان هەردووک بە مەلەکردن  لە چاوان بزر بوون بە دوو ئاراستەی جیاوازدا، ئەوان لە ئاوەکەدا بازیان دەداو بۆ ماوەیەکی درێژ لە ناوچەکەدا مانەوە، من وای بۆچووم خەریکی ڕاوکردن  بوون بۆ ژەمی بەیانی، ئەوان بەیانیان بە یاریکردنەوە بەڕێکرد.

لە چاوانی مندا جوان دەردەکەوتن.  ئۆقیانووسی ئارام تەمومژێکی پشوبەخشی لەگەڵ خۆدا هەڵگرتبوو، و هەواکەش بەرامەیەکی تازەی خۆشی پێبوو، من بیرم لە ( ئی. تی) دەکردەوە

من چەند ئەوم خۆشدەوێت، من چەند تۆم خۆشدەوێت

ڕیچارد

 

تێبینی: ئەم نامەیە ئەمڕۆ ڕەوانە دەکەم  دووشەممە -سێزدەی ئاب- پشووی هەفتەی رابردوو من مسوەدەی سیناریۆی یەکەم فلیمی رۆژئاواییم تەواو کرد، دەمەوێت تۆ ئەم هەواڵە بە پیاوەکەت بڵێی لە تۆکیۆ کە حەزی بە پۆلی (ب)ی فلیمی رۆژئاوایی هەیە، ئەمە ئەوەیە کە من و اتێدەفکریم ناوەڕۆکەکەی دڵخوازی ئەو بێت کاتێک دەمنووسی، تەماشای دەکات و بە دڵی دەبێت.

 

تێبینی دووەم: ژمارەی تەلەفۆنەکەم دەسکەوت

451-868-24xx

 Bilderesultat for brev kunst

 

سەرچاوەکان/

.brautigan.net/papers.html

 

en.wikipedia.org/wiki/Richard_Brautigan