شرۆڤە

ڕایەڵەکانی پەیوەندی لە شیعری...

عەلی شێخ عومەر

ڕۆڵی ڕێکەوت لە گێڕانەوەی بەسەرهاتەکان دا، گرێدانی بە شوێنکاتەوە، چڕکردنەوەی بیرۆکەی گشتی دەق، خۆی لە ئامێزی وێنەکێشانی کەسایەتیەکاندا ساغدەکاتەوە، کاتێ ڕۆژگار بە ڕێکەوت، لە شوێنێکدا کۆیاندەکاتەوە، شوێنەکە، پێدەچێ ڕۆژهەڵات بێت، زێدێک بێت، پێشبینی ئەوەی لێناکرێ، وێنەی کەسێکی بریندار هەڵگرێ

 

ڕایەڵەکانی پەیوەندی لە شیعری "ورووژان" ی "سلام محەمەد"دا

 عەلی شیخ عومەر      

"ورووژان" 1 ناوی یەکێکە لە هۆنراوە دیارەکانی (سەلام محەمەد)ی شاعیر، ئەم هۆنراوەیە بێ لە ناوبڕە، بەیەک نەفس نووسراوە، چیرۆک ئامێزە، دووسەدوچواردە دێڕە، ئەم شیعرە، لە ساڵی (1988) دا نووسراوە، بێ گومانی ساغبوونەوەی بەهرەو تواناو سەلیقەی شاعیر پەیوەستە بە دۆڵەمەندی ئەزموونی شیعری و بە بەرهەمهێنانی دەقی زیندوو، بەم کردەوەیەش ڕاساندنی ناسنامەیەک ئاشکرادەکات، داکۆکی لە مانەوە دەکات، هەڵبەت بە نووسینەوەی فەزای مێژووییەک، پەیوەندییەکی تۆکمە دادەمەزرێنێت لە گوزارشتکردنی خەیاڵ، هەستەکانی نامۆبوون، دوانەی جەمسەرەکانی ئێستاو ئایندە، ڕایەڵەکانی خەون و ئومێد، دیاردەکانی شکستی، خەمەکانی هەندران، قۆناغ و ترسی ئەو پلیکانەی چۆن پێیدا سەردەکەوێت، چۆنیش پێیدا دێتە خوارێ، گەشتێکە دەرچوون تێیدا و گەڕانەوە بۆ سەر هەمان پلیکان و قۆناغ، یەکێکە لەو تەنگژە ئەنتۆلۆژییانەی شاعیر هەوڵی بێووچانی لەتەکدا دەدات، تابتوانێ هاوکێشەیەک بدۆزێتەوە، خۆی تێدا بەرجەستەبکات، قۆناغی جەمسەرەکانی ونبوون و دۆزینەوە، لەسەر چەند ئاستی جیاوازدا کاری خۆیان دەکەن، ونبوون لەتەک خۆیدا یان گەڕانەوە بۆ پلیکانە سەراتاییەکانی قۆناغی ژیانی هەرزەکاری،  یەکەم بەرکەوتەکانی لەگەڵ ڕەگەزیی مێینە، بەرکەوتن لەتەک یەکەم ئەزموونی دڵداری، ژیانی تاراووگە و بازدان و پێکوتان، گەمەکردن لە نێو دوو جیهاندا، لە نێو دوو چەمکدا، چەمکی نۆستۆلۆژیاو چەمکی نامۆبوون، دەرهاویشتەکانی پێکهاتەی زمانی دەقی شیعری، بەرکەوتنێک لە ئاست پەیوەندی نیوان ناوەوە و دەرەوەی دەقەکەدا ئاشکرادەکات، هەڵبەت شاعیر پێداگرە لە پێدراوەکانی دەقی بەردەستدا و پەخشکردنی وێنەیەکی گەوهەری، لە دابەشکردنی بەسەر جومگەکانی گوتاری شیعریدا، پێشگرە لە بەرهەمهێنانی دەقێک کە پابەندە بە هەموو ئەو ڕەهەندانەی کە پێکهاتەی وێنە سەرەکییەکە لەپاڵ پێشهاتەکانی تردا بەراوورد دەکات، بەمەش کردەی ڕووماڵکردنێک ئەنجامدەدات، ئاوێتەکردن و ئاخەنین و گێڕانەوە، قەبارەی جیاواز وەردەگرێت، ئەم تێکەڵکردنە هەوێنی چەمکی دووبارە بوونەوەی شوێنکاتی پوکێنەر فەراهەمدەکات، لێرەشەوە دەستەمۆنەکردنی چرکەساتێ دێت، بکەر ڕووداوی تێدا بەرجەستەناکات، تەنیا لە خولگەکانی خواست و خەون دا دەخولێتەوە، هاوکات لەگەڵ هەر گەشتێکدا بە نێو دەهالیزەکانی دەرووندا، بەرکەوتنێک ئەنجامدەدات، حیرسێک، لێکەوتنێک، خورپەیەک، هەڵچونێک، خەمێک دەکولێنێتەوە، خەیاڵێک ڕەنگ ڕێژدەکات، جێکەوتی هەر ڕەنگ وبەرکەوتنێک، سێبەری ژانوژۆی ورووژانێکی لێدەکەوێتەوە، دەمکرانەوەی ڕەهەندەکانی ورووژان، شاعیر بە دەروویەک، کلیلێک گووتاری هۆنراوەکەی پێدەکاتەوە، لە ئاستی نەوتراوەکاندا پردێکی دامەزراندووە، ناوەوەی دەق دەگەیەنێت بە دەرەوەی دەق، لە هەمان کاتدا، خودی بەرکاری لکاندووە بە دەرەوەی بکەر، لە ئاستێکی دیکەدا، خود وەک بەرکارێک، توانیویەتی ئەو جیاوازییانە دەرخات،  دوو جیهان، دوو چەمک، دوو کەڵچەر بەراوورد بکات، ورووژان کردەی ناسنامەیەکە، پەیوەندییەکی پێچەوانەی لەتەک ئەو دەرکەوتانەی دەرەوەی خۆیدا هەیە، واتا بە گوێرەی دەرەوە، یان ئەوی بەرامبەردا، خودی بەرکار چەند بیەوێت خۆی بگێڕێتەوە، ئەوەندە زیاتر لە دەستدەچێت، چەند بەرکار بکرێتەوە بە ڕووی بەکەری دەرەوەدا، پتر دێتەوە یەک، ماکی تامەزرۆبوون، ئامبازەکانی بەیەکگەیشتن پتەوتردەکات، بە دیوێکی تردا، ورووژان دەلالەتە لەسەر کردارێک، هەوڵێکە لە تانوپۆی دابڕاندا بۆشاییەک قووتدەکاتەوە، کردەی پرکردنەوە دەخوازێت، ترسێکە دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ئامێزی دڵنەوایی، خودی ورووژان ئاشکرابوونی حەزو خەونێکی قووڵە لە دنیاییەک، شوێنی تیکەڵبوون تێدا بە هەڵواسراوی دەمێنێتەوە، تەنگەژەیەکی ئەنتۆلۆژییە، مانەوە تێدا لەرزۆکە، سیحری ژووان و بەیەکگەیشتن، وەڵامدەروەی ئەو پرسیارانەیە، تەنیایی لە تەکیدا سەرەتاتکێ دەکات، (سەلام محەمەد)ی شاعیر لە گێژنەی هاوکێشەیەکدایە، دەیەوێت وەک مروڤ خۆی تێدا بدۆزێتەوە، هەڵهاتن نیە لە تۆراندن، لە قەیرانی دەروونی، بەڵکو ڕووبەڕووبوونەوەی ماهییەتی چەقی بازنەیەکە، بە هیچ شێوازێک دەرچوون قەبووڵناکات، دەکرێ لە دونیای شاعیردا، ڕۆچوون بەنێو دونیای نووسینی دەقی شیعری ،  ئاشنابوونێک لەگەڵ ڕەهەند و دەرهاویشتەکانی ورووژاندا فەراهەمبکات، لەگەڵ بارگاوی بوونی خەیاڵ دا، هاوشانییەک بەرجەستە بکات،  ئەمەش لە چەند جۆرە پەیوەندی و بەرکەوتنی دەماودەمدا لە ناوکۆی دەقدا دەردەکەوێت، لە مونتاژکردنی چەند گرتەیەکی  فرە ڕەهەند دا خۆی نمایش دەکات

1 ــ پەیوەندی بنەرەتی یاخود ڕەسەن

ویستگەی یەکەمی ورووژاندن

" ئەوەی لە شوێنێک دەکەوێ لە شوێنێکی دیکە هەڵدەسێتەوە ئەمەش قانونی ژیانە" 2

هۆنراوەکە

چیت بۆ بنووسم ..

دەریایی ئارام هەدادانی پێکەوتووە

بوومەتە جۆگەلەیەکی باریک

سەرتاسەری کەنارەکانی ئازاری سوور و سپین

باڵایان لە باڵای دار چنار درێژترە

نە ڕۆژ نە شەو لە یادم دەرناچێت

سۆراغت دەکەم و لێت دەپرسم

بەڵام چیت بۆ بنووسم

ئەگەر باسی زەردەپەڕ و گزنگت بۆ بکەم

تۆ خۆت فریشتەی هەتاونشینی

ئاوی نەرمە پڕووشەت ..

بەسەر ئاگری هەناسەمدا دەبارێت

دەزانم جوانی تۆ

لە چوارچێوەی وشەدا دەستەمۆ نابیت

بەڵام چی بکەم 

لە دەسپێکەوە خەسڵەتی داگەرانمان لە دۆزینەوەی پەیوەندیی ئێمەوەیە بەخوێندنەوەی دەق، لە چیی کۆماندەکاتەوە، لە کۆییەوە، لە چ خاڵێک بەیەکدەگەین، بپرسین: تا چ ئاستێ زمانی دەق دەتوانێ وێنەی شیعری بجوڵێنێ، پڕ بە پێستی مانا هەڵگرێ، مەبەست بپێکێ تا بتوانێ فاکتەرەکانی حەز و یەقدانەوەی هەستەکانی نامۆبوون برێک لە ڕەنگەکانی گرژی و ڕایەڵەکانی دڵەڕاوکێ بخاتە سەر بونیادی شیعرەکەی، حاتم ێگر گووتەنی "شیعر لە کۆی مەراسیم و خەونەکاندا، پێکهاتووە لە هەڵقورتاندنی حەز و گرژی، لە یەکەمدا، کرداری گەیاندنی هێمایە، گێڕەرەوەی گشت کردەوە مرۆییەکانە، بەڵام خەون ململانی حەزو واقیعە"3 شیعری ورووژان وەک دەقێکی سەرکەوتوو لەسەر پێدراوەکانی حەزو واقیع دامەزراوە، بە ئاراستەیەک خود لە ناوەوە کاردەکات، ڕیگای بەرکەوتن لەگەڵ کۆمەڵێک شت دەکات پۆلینکردنیان بار قورسییەکی فڕە ئاراستەیە، دژوارە لە ناجێگری و لە ئۆقرگرتن، ئەمەش گرێدراوە بە گەلێک فاکتەر و جووڵەوە، هەڵدەکشێت و دادەکشێت، گرژ دەبێت و خاودەبێتەوە، بەجۆرێک نازانێت لە کوێیەوە دەستپێبکات، چیی بنووسێت، ئەوەی بۆی دەنوسێت، چ کاردانەوەیەکی لەلا دروست دەبێت، قەیرانێکە، خەمێکی ئەبەدییە، خۆشنوودە بەوەی پەیوەندییەک هەڵدەگرێت، هەمان خەم و حەزو گرژی بەرهەمدەهێنێتەوە، لە هۆنراوەکەدا دەسپێکی "چیت بۆ بنووسم" لوتکەی تراژیدایەکە، گرێبەستی خەون واقیع، مەراسیمەکانی لێکترازان واژوو دەکەن، گوێزانەوە لە داخوازییەوە بۆ سکاڵا، لە خەیاڵ و خەونەوە بۆ پێدراوەکانی واقیع ترسێک لە ئێستایی ئامادەدا دەخاتەوە، لە منی قسەکەری شاعیردا، دەنگێ بۆ کەسێک بەرزدەکاتەوە، لاسەنگییەک پیادە دەکات، لە چەندین گۆشەنیگاوە، جیاوازییەکان زەقدەکاتەوە، نەگەیشتنی دەنگی ڕاستەوەخۆ بۆ کەسی نائامادە، ڕێگا خۆشکەرێکە بۆ دەربڕین و وێناکردنی حەزێک، خەمێک، بە زمانی مۆنۆلۆژ گوزارشتی لێدەکات، زۆر خاکییانە سروشت ئامێز ئاوێزانی خەیاڵی دەکات، بە بەستن و تۆکمەکردنی جومگەکانی ئەو پەیوەندییە بە کردەی بەراوورد کرانەوەیک بە چەمکی هاودژەکان دەبخشێت، مانا دروست دەکات، پرسیار دەورژێنێ، گەر لە پەیوەندی ئەویندارییدا، چاوەڕوانی و خەمی بەیەک نەگەیشتن، بە مەبەستی خواستراو، قەوارەیەکی لە خۆیی گەورەتری وەرگرتبێ، لە ئەگەرکانی شاردنەوە و نەدرکاندن لە کۆنەستی شاعیردا، بە دەریایەک ئاماژەی بۆ کرابێ ئەوا لە ئیستای نووسینی دەقدا، پێلێنان مەدلوولێکە بۆ بچوککردنەوەی داواکانی نەست، بەدیهێنانی مافە سەرەتایەکانی تاکە، لە گوزارشتکردندا جۆگەلەیەکی باریکە، بارامتەی زرم و هۆڕی دەریایەکی پان و بەرینە، واتا لە پشت ئەو پێلێنانە بەکردەیی لە نێوان دوالیزمەی دەرخستن و شارانەوەدا، قەیرانی  بێدەسەڵاتییەک ئاشکرادەکات، زاڵبوونی دەنگی ناوەوەی خەیاڵ بەرانبەر بە پووکانەوەی دەنگی دەرەرەوە، دەنگی بیستراو لە پاژێک زیاتر نییە، بە جۆگەلە ئاماژەی بۆ کراوە، لە چاو دەنگ و زرمەی ناوەخن، کە دەریا ئاسا بە شاراوەی خودی مۆنۆپۆل کردووە، چی لەوە دژوارترو قورسترە، دەریایەک خەم و خەیاڵی عەشقێک هەڵگرێ، جۆگەلەیەک جێگرەوەی بێت و پارادۆکسی فەراهەمبکات، نەتوانێ دەنگ و تورەبوونی ناوەوە بگەیەنێ بە دەرەوە، گەر پەیوەندی دەسەڵاتی ئەوینداری نەبێ، بە چ ڕێسایەک جۆگەلەیەکی باریک، دەتوانێ قەربووی دەریایەکی پان و بەرین بکات، گەر تێزی نامۆبوون نەبێت، چۆن لە نێوان نامۆبوون و ئازادییدا، ئەو پەیوەندی پێچەوانەیە مەودای ئەو جیاوازییە دەرسکێنێ، ئەی ئەوە جیاوازییەکان نییە، فاکتەرەکانی مانەوەی ئەو پەیوەندییە دەپارێزن، لە هەمان کاتدا لە ڕێگای کلێنەکانەوە دەقی شیعری بە زیندووی دەهێڵنەوە، دکتۆر کەمال ئەبوو دیب دەربارەی تیۆری کلێنەوە دەڵێت " تیوری کەلێن یاخود مەودای پەشێوی، یان گرژی شیعرییەت دادەهێنێ هەر چەندە رادە و توندوتیژی پشێوی و گرژیشی زیاد بکات، ئەوا کاریگەرییە شیعرییەکەی پتر دەبێت و گەشەی زیاتربە خۆیەوە دەبینێ"4 ، گەر کەلێن و گرژییەکان دەقی شیعری لە ئاست نەگووتراودا، فاکتەرێک بن بۆ دەرخستنی میکانیزمی ئەو پەیوەندییە، ئەوا شاعیر بە ناچاری ڕوونکردنەوەیەک ڕادەستدەکات، تێدا ئەوە ئاشکرا دەکات، کە بە هیچ کلوجێ ناتوانێ رزگاری بێت، دەربازبوون تێدا مەحاڵە، هەر جوڵەیەکی دەرکی بە ئاراستەی ئەوی بەرانبەر، گەر وەک جۆگەلەیەکش بچووک بێت، لە کۆتادا هەر دەگەڕێتەوە بۆ کەنارەکانی ناوەوە بۆ دەریا، لە ناوەخندا لە خەیاڵدا شاعیر، لێکچواندنێکی فەراهەم کردوە ئەوی بەرامبەری بە دەریایەک هەژمار کردوە، خود تێدا نغرۆ بووە، هەر هەوڵدانێک بۆ گێڕانەوەی ئازادییەکان، یان بە ئازارەکانی دڵشکاندن و خوین بەربوونی ئەو پەیوەندییە کۆتایی دێت، دەمرێت، یان بە ئازارەکانی ڕادەستبوون و خۆ سڕینەوە دەبڕێتەوە، دیوی یەکەم دەنگ و زەنای شۆرشێکە، دژ بە ناوەوەی خودی لە دەستچووە، دەنگی نارەزای تێدا بەرز بووەتەوە، توورەبوونێکە هەوڵی گێڕانەوەی خودی لەدەستچوو دەدات، کە ئارامی لەدەستداوە و تێکیداوە بەڕەنگی سوور ئاماژەی بۆ کراوە، بەدیوی دووهەمدا دەرئەنجامێکە، دەمکوتکردن و خنکاندنی ئەو دەنگە دەرگیرەی ناو خودە، گەڕانەوەی  هێوربوونێکە، ڕادەستبوون بەدوای خۆیدا دەهێنێ، کە لە ڕەنگی سپیدا یەقیداوەتەوە، لە پووچگەرایدا تراژیدیایەک پێادە دەکات، خەسڵەتی هەڵاتن رەتدەکاتەوە، چۆن هەڵبێت و جیابێتەوە، ئەم بە پێدراوەکانی خەیاڵ، داکەوتە ڕەقەکانی تەنیای خۆی نەرم دەکات، خەونەکانی پێ ئاودەدات، خەیاڵ بە پێوەرێک بووە بە ئامرازی ئاشتبوونەوە، چەند لە زەمینەی ناخیدا بە قووڵی ڕەگی داکوتیوە، بە هەمان ڕادە درێژی ئەو پەیوەندییە لە دەرەوەدا ڕەنگی داوەتەوە، درێژییەکە تەنیا کاییەک نییە، وێنەی دار چنارێک نییە، دیدەی پڕکاتەوە، بەڵکو بووە بە پەیامێکی یادەوەری، لە نائامادەییشدا ڕۆڵی ئامادەبوون دەگێڕێت، بەقەد ئەوەی لەبەر چاو نییە بەقەد ئەوە لە یادوەرییدایە،  بەمەش ڕۆنانی شوێنکاتێک دیسپلین دەکات،  ئەو تەقڵڕێژانە رەتدەکاتەوە کە شەو دەدات بەدەم ڕۆژەوە، بە پەیوەندییەکی ڕۆحییەوە پەیوەندییەکی فیزیکی دەسڕێتەوە، یان جیاوازیان ناهێڵێت، لە یادکردنەوەی بەردەوامیدا، شوێنکاتی فەلسەفی دەکاتە لابەری شوێنکاتی فیزیکی، لە گێژنەی کاڵبوونەوە و هەستکردن بە نەماندا، یان نزیکبوونەوەی مەودای پێوەرکانی شوێنکات لە نەبوونی گۆڕان و هەبوونی ڕووداودا، چاوێک بەم پەیوەندیەدا دەگێڕێتەوە،  سەر لە داڕشتنەوە و دیاریکردنی پێگەی خۆی دەرناکات، لەم لووتکەی کەنارکەوتنەدا خەمبارترین پرسیاری بێ وەڵام بەرزدەکاتەوە، پرسیاری دوو دنیا، پرسیارەکە لەوەدا کورت نابێتەوە، لێی بپرسێت و سۆراغی بکات، بەڵکو لە دۆزینەوەی ڕایەڵەکانی گومانێکە، سێبەرێکە، پاشکۆیەکە لکاوە بە ئەوی لوغزەوە، بە سیحری ئەو هێزە نەزانراوەی کە ئاوەز سێبەر ئاسا پرسیاری لێدەکات، دڵیش بێ وەڵام بۆشاییەکی تراژیدی بەدوای خۆیدا بەکێش دەکات، وەک پاشکۆیەک لە کۆییەوە دەستپێبکات، چی بنوسێت، هەرگیز پاشکۆ نابێتە دەستپێک، پەیوەندییەکە کراوەیە ڕەهایە، سەر دێڕ دیار نییە تا بگات بە کۆتا دێڕ، (سەلام محەمەد)ی شاعیر، لە ڕێگای چەمکی هاودژەکانەوە، زیرەکانە لە وێنەیەکی پانۆرامیدا هەندێ دەرگای داگەرانمان بۆ واڵا دەکات، تا ڕۆبچینە نێو دیوە شاراوەکانی دەقی کراوەی بەرهەمهاتوو، " لە دەقی کراوەدا پیت دەمانبات بۆ وشە، وشە بۆ ڕستە، ڕستە بۆ ناوکۆیی، لەوێەوە بۆ دەق، دواجار بۆ دەقێکی تردەمانبات " 5، لێرەوە شاعیر، لە ڕێگای پەردە لادان لە شوناسێ، خۆی باس لە ناسنامەی ئەوی بەرامبەر دەکات، وێنەیەکی ناسکی سروشت دەکاتە خوازەیەک، ئەوی بەرامبەرمان پێدەناسێنێت، ناسنامەی خۆیشی ئاشکرادەکات، باس جیاوازییەکانی خۆی و ئەوی بەرامبەر دەکات، لە ئاستێکی فراوانتردا، باسی جیاوازییەکانی دوو دونیاو دوو کەلتوریی جیاوازمان بۆ دەکات، شاعیر بە دواندنی ئەوی بەرامبەر، بە شێوەیەکی رۆمانسیانە، ڕاستەوخۆ لە شاردنەوەی رقێکی پیرۆز، رقی ئەوینێکی توورەبوو، پەردەپۆشییەک فەراهەمدەکات، کردەی ئەوین خۆی لە خۆیدا شاردنەوەی رقە، دیوە ئەرێنییەکەی رقە، ئەوە بایەخ و بە دواچوونە، دوانەی ئەوین و رەق بەیەکەوە گرێدەدات و یەکتری تەواو دەکەن، هەر بە پێلێنانی شاعیر خۆی، پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد، چۆن سەرجەم کەنارەکانی ئازار بۆ گێڕانەوەی خودی لەدەستچوو، دەنگی نارەزایی بەرزدەکاتەوە، بە ڕەنگی سوور ئاراوی بۆ دەگرێتەوە، ڕەنگی سپیش دەکاتە خنکاندنی ئەو دەنگە دەرگیرەی ناو خود، بە ڕادەستبوونی دەسپێرێ، ئەوا لێرەشدا، هەمان وێنە، ئاودیو دەکاتە دەرەوەی فاکتەکانی خودی لەدەستچوو، گرتەیەکی سروشت دەکاتە پاڵپشت، پاکانە بۆ خۆی دەکات لەناو خود دوانەی سوور و سپی، یاخیبوون و ڕادەستبوون یەکتری تەواو دەکەن، لە دەرەوە، لە سروشت، دوانەی زەردەپەڕو گزنگ وەک ئاماژەیەک بە ئەوروپا و بە زیدی شاعیر لە ڕۆژهەڵاتدا، ئەوێ و ئێرە، رق و ئەوین، خەیاڵ و واقیع، میکانیزمی پەیوەندییەک دەخەنە گەڕ، ناسنامەکان یەکتری تەواو دەکەن، جگە لە خەیاڵ لە پێدراوەکانی واقیع، سەنتەرێک نییە دوو دنیای جیاواز کۆبکاتەوە، سەرەتاو کۆتا بەیەک بگەیەنێ، گزنگ و زەردەپەر دوو دیوی هاودژ، دادەڕێژن (سەلام محەمەد) چەند بیەوێت لە ئەوی بێگانە نزیک بێتەوە، لە خۆی دوور دەکەوێتەوە، چەند لە ژێر فشارەکانی ئەوینی سۆفیدا، بۆی دابەزێ، خۆی وەک گوناهبارێک سەیربکات، ئەوی بەرامبەر بەرز دەبێتەوە، تا لە بێگەردییدا دەیگەیەنێتە ئاستی فریشتە، چەند مەحاڵە مرۆڤ بگا بە فریشتە، بەهەمان شێوە مەحاڵە ئەمێک تا سەر ئێسک بەستراوبێ بە توخوب و دابو نەرێتی ڕۆژهەڵاتەوە، بە سووتان و گزنگی ئەوینێکی ڕۆحییەوە بگات بە ئەوی ڕۆژئاوایی، ئەمەش لەگەڵ ئەو پێناسەیەدا یەکدەگرێتەوە، کە دەڵێت " هیچ ئەوینێک بوونی نییە جگە لە ئەوینی مەحاڵ " هەڵبەت مەحاڵ هەمیشە ئەگەرەکانی گومان بە دوای خۆیدا دەهێنێ، ئەمەش لەگەل ڕۆحی هونەری شاعیراندا یەکدێتەوە، نادڵنیایی لێدەکەوێتەوە، نادڵنیایی نەبی شیعر نابێ، هەر دەربارەی ئەو گومانانە، بەختیار عەلی دەڵێت " پاکبوونەوە لەو گومانانە پاکبوونەوەیە لە ڕیشەکانی هونەر، خۆی هونەر  نائارامییەکی هەمیشەیی و نائارامییەکی بەردەوامە"6 شاعیر لە شوێنکی تردا، ئاماژە بۆ دڵدارەکەی دەکات، دەڵێت "تۆ خۆت فریشتەی هەتاونیشینی" لێرەدا بۆ گێرانەوە و هێوربوونەوەی ڕۆحی هەڵچوو، خەسڵەت دەخاتە پێش ئاماژەوە، وەک رزگارکەرێک ئاماژەی بۆ دەکات، خەسڵەتی میهرەبانی دەبێتە دەرچەیەک، ئەوە متمانەی کویرانەی ئەوینە، تام و کام و لەزەت و سیحری  ژووانە، کۆتا چاوەڕوانییە بۆشاییەکانی نێوان مردن و ژیان، ڕۆح و جەستە،  ئاو و ئاگر، لەیەکتر نزیکدەکەنەوە بەیەکیان دەگەیەنێ، بەڵام ئەگەرەکانی گەیشتن لە خەیاڵەوە بۆ ئەگەرەکانی واقع، هەمیشە پارادۆکس ئەنجامدەدەن، هەر لە سۆنگەی ئەمەشە، ناتوانرێ لە سنووری وشەدا جێگیر بکرێت، ئەم چەند گەرم و گوور بێت، ئەو ساردو سڕ دەبێت، چەند لە خەیاڵ نزیک بێت، ئەو لە واقیع دوور دەکەوێتەوە، چەند لە ڕامکردنی مانا نزیک بێتەوە، لە وشە دوور دەکەوێتەوە، ناتوانێت دەستەمۆیبکات، بەم پێیە لەسەر چەند ئاستێکی جیاواز دا، کاری خۆیان دەکەن، یەکەم درککردن بەو جیاوازییەی کە لەنێوانیاندا هەیە، نەک لە ئاست تەواوکاری دوو خودی ئازاد دا، بەڵکو هەستکردن بە کەمی لایەک بەرانبەر بە باڵادەستی لایەکەی تر، هەم وەک ڕەگەزی مێینە هەم وەک پیادەکردنی مافەکانی مەدنی لە کۆمەڵگایەکی پێشکەوتووی وەک ئەوروپا، لەگەڵ ئەمی ڕۆژهەڵاتی یەک نایەنەوە، ئەوێک بە گویرەی ئەم، وەک فریشتە سەیر بکرێ، پاککرابێتەوە لە گرێ و تەنەگەژە دەروونییەکانی ڕۆژهەڵات، سەرسامبوونی بەدەستهێنابێ، لە چوارچێوەی ئەم پەیوەندییدا ڕادەستبوون رەتدەکاتەوە، قایل نییە، کەسێ بە تەنیا بەرپرسیارێتی سەرکەوتن یان کەنارکەوتنی ئەم پەیوەندییە ئینسانیە لە ئەستۆ بگرێ کە کوڕ بە کچەوە، گزنگ بە زەردەپەڕەوە دەبەستێ، وەک ئەوەی (سەلام محەمەد)ی شاعیر وەک ڕۆژهەڵاتییەک پیادەی دەکات، لە لایەکەوە سەرسامی خۆشەویستی دەنوێنێ، لە لایەکی دیکەوە دیاردەی ڕادەستبوون پەیرەودەکات، وەک ناوەخن ئەوی بەرامبەر دەخاتە دەرەوەی بازنەی بەرپرسیارێتی، هەموو گوناهەکان دەخاتە ئەستۆی خۆی، ئەویش بە فریشتە نیشان دەدات، خۆی ئازاردەدات، ئەو دەفڕێنێ خۆی دەنیشێتەوە، یان لێی دوور دەکەوێتەوە، لە گێژنەی ئەم دژەوابوونەدا، ئەم نادادپەروەرییەدا، ئەوی بەرامبەریش تێوە دەگلێنێ، بەم کردەیەش بەجۆرێک لە جۆرەکان لە مازۆخیەت نزیک دەبێتەوە، لە نێو زەقبوونەوەی ئەم پارادۆکسەی نێوان فریشتەو مرۆڤ، سەرسامبوون و ڕادەستبوون، جێی خۆیەتی بپرسێت بەڵام چیبکەم لەم عەشقە، هەم زامە و هەم چەقۆیە، هەم چزووە هەم هەنگوینە، هەم نیشتیمانە، هەم نامۆبوونە.

ویستگەی دووهەمی ورووژان

ئێرە فڕۆکەخانەی (تیگل)ە

ئای کە شۆخێکی نازداربووی

سەروو پەرداخێک (ڤاین)ی سوورمان نۆش کرد

ویستم شیعرێکی بۆبڵێم

تۆ باڵت گرت و فریت لە چاو ونبووی پارامەوە نەڕۆی

گریام نەڕۆی

وتت: کەی وەرزەکانی خەیاڵ

یەکیان گرت دێمەوە بۆ لات 

پێشهاتەکانی سەقامگیری و جێگیربوون، ئەوەندەی پەیوەندی ئاشنایی بە شوێنەوە هەیە، دەکرێ بە هەمان ڕادە پەیوەندی ئاشنای بە کەسێکی تایبەتەوە هەبێ، دوور نییە جێکردنەوەی شوێنێ لە ئامێزی دولبەردا، ببێت بە ئەلتەرناتیڤێ، خەسڵەتی شوێن لە دەرەوەدا وەربگرێت، یان بە پێچەوانەوە، بەدەمەوە نەهاتن و ناجێگیربوون لە ناویدا دەبێت بە هاندەرێ بۆ هەڵوەشاندنەوەی ماناکانی شوێن، (سەلام محەمەد)ی شاعیر لە ڕێگای کێشانی وێنەیەکی شیعرییەوە، بە زیرەکانە دەمنخاتە بەر دیدەی دوانەی شوێنێک ڕەهەندی زەمینەیەک، دەکرێ چەند ئەگەرکانی پەیوەندی بەیەکەوە گرێبدەدات، بە هەمان رادە دەتوانێ لە یەکیان دابڕێت، چەند لە ورووژاندا خۆشییەکانی بە یەکگەیشتن  چاودەکاتەوە، ئەوەندەش لە ساتەکانی جیابوونەوەدا چاو دەنوقێنێ، لە سۆنگەی ئەوەی فڕۆکەخانە با ناوی (تیگل) یش بێ ناو تەنیا دیاریکردنی شوێنێکە جێی خەسڵەت ناگرێتەوە، گەر لە هەندرانیش بێت، هەڵگری هەمان خەسڵەتن، شوێنی  هاتوچۆن، پنتی لەیەکدابڕان و بە یەگەیشتنن، لە ڕێساکانی جێگیربووندا شوێنیان نییە، بە ناشوێن هەژماردەکرێن، ئەمەش یەکدێتەوە لەگەڵ دیاریکردنی ئەو پەیوەندییە نەسەقامگیرەی، ئەمی شاعیر گرێدەدات بەوەی دولبەر، شوێنێک لە ئێستای ئامادەدا هەوێنی جیابوونەوە هەڵدەگرێت، لە ئێستای بەیەکگەیشتندا، دولبەر وەک فڕۆکەخانەی (تیگل) نەبووەتە ئەو ئاوێنەیە، ئەمی شاعیر جێگیربوونی خۆی تێدا ببینێ، لێکترازاندنی وێنەی ڕابردوو لە ئێستادا، بە هەمان هێزو گوورەوە شاعیر پاڵپێوەدەنێ،  بە یادی جوانییەکانی ڕابردووەوە بە کردەی گێڕانەوە، بە فلاش باک ئاماژە بەوە بکات کە (شۆخێکی نازدار بووە)، کەواتە ئەوەی لە ئێستادا، لە خەیاڵیدا دەبزوێت، گێڕانەوەی یادوەرییەکە، چەمکی جیاوازییەکە لەسەر مێزێک لەگەڵ شۆخێکی نازداردا کۆیاندەکاتەوە، پەیوەندی نێوان ئامانجە جیاوازەکانە، گەمەی ویستە جیاوازەکانە، مەستبوونی پەیوەندی ئەوینداریی لێدەکەوێتەوە، فەیلەسوفی فەرەنسی پۆست مۆدرن الیوتار دەنووسێت " چۆن سیاسەت بە جەوهەر جیاوازگەرە و بریتییە لە دۆخی کۆبوونەوەی کۆمەڵێک جیاوازی لە پال یەکدا " 7 بە هەمان شێوە دەتوانین بڵێین خۆشەویستی بە جەوهەر جیاوازگەرە، کۆمەڵێک جیاوازی لە پاڵ یەکدا کۆدەکاتەوە، هەر ئەمەش خەسڵەتێکی دینامیکی بەو پەیوەندییە دەدات، دوو پێکی جیاواز، دوو مەستبوونی جیاواز، مێزگرێکی ئەوین لە پاڵ یەکدا کۆیاندەکاتەوە، پێکی زامێکی لێوانلێوی ئاڵ پارادۆکسێ ئامادە دەکات، ئەو بە هەیمنەی ناز تەژییە بە مەستبوون، ئەمی شاعیریش لە لایەکەوە لەژێر کاریگەری ئەودا سەرمەستە بە نووسینی یان ووتنی  شیعرێک، لە لایەکی ترەوە سەرقاڵی ڕامکردنی خاڵە جیاوازییەکانی نێوانیانە، تا ببنە باڵادەستێک، لە ئاسمانی دەق دووری نەخەنەوە، لە مێزگرەکەی خەیاڵدا بەشی ئەگەرەکانی دیکەی جیاوازی نەکوژێت، هەمیشە ئومێدێک، بۆشاییەک بۆ گریان و ئاشتبوونەوە، بۆ نائارامییەک بمێنێتەوە، کە هونەری شیعر بەدوای خۆیدا دەهێنێ، گریانی ئەمی شاعیر ئەوەندە پەیوەستە بە شیعرەوە، ئەوەندە پەیوەست نییە بە ئەوی بەرامبەرەوە، داواکردنی شاعیر لە نەرۆیشتنی، زیاتر پابەندە بە پاراستنی ئەو پەیوەندییە کە لە نێو دەقدا ئەنجامدەدرێت، نەک ئەوەی لە ناشوێنێکی وەک فڕۆکەخانەدا ڕوودەدات، لێرەدا پێشوەخت بریاری جیابوونەوەی لەسەر دراوە، مەرجی مەحاڵی لەسەر بونیاد نراوە، داواکارییەکانی ئەوی بەرامبەر، رەتکردنەوەی جیاوازییەکانە، یەکگرتنی وەرزەکانی ساڵە، لادانە لە ڕێساکانی سروشت، کوشتن و متکردنی شوێنکاتە، مردنە، ئەمەش یەکنایتەوە لە گەڵ یاسا و ڕێساکانی پەیوەندی ئەوینداری کە نەمری دەخوازێت، هەڵبەت ئەمە لە تەک نووسینی دەقی زیندووشدا یەکدێتەوە، بە دیوێکی تریشدا، تەبایە لە پیادەکردنی ئەوینێک، ئەوی بەرامبەر پیادەی دەکات، حەزی لێدەکات، ئەویش سیحر و لەزەتی ئەوینی مەحاڵە، دەشێ هەردووکیان بە شێوەیەکی شاراوە کۆک بن لەسەر پیادە کردنی ئەم جۆرە پەیوەندییە، ئەمی شاعیر ئەوی هەڵبژاردووە  تا بەردەوامی بدات بە شیعر نووسین، لەو گێژاوەدا بسوورێتەوە، لە ورووژانددا داهێنانی ئەدەبی هەڵکڕێنێ، لە ئەگەرەکانی مازۆخییەتدا ئەوی کردووە بە فریشتە و خۆی بە گوناهکار، جیابوونەوەی فریشتەوە و گوناهکار، خەیاڵ و شیعر لە دونیایی تاراوگە و نیشتیماندا ڕۆنانێکە ڕوحی شاعیر بە نێویدا دەگڕێت، نەمری و مانای شاعیربوونی خۆی تێدا بەرجەستەدەکات.    

لە سۆنگەی ئەوەی ڕێسای گەمکانی تەکنیکی گێڕانەوەی گرتە شیعرییەکان، گوزارشت لە فرە دەنگی دەکات، بۆیە لەیەک زەمینەدا جێگای ناکرێتەوە، ئەمەش بوار خۆش دەکات تا پانۆرامای دەق پارچە پارچە بێت، ڕەوتی ڕووداوەکان بە دوای یەکدا نەیەن، تکنیکی گێڕانەوە، پێکهاتووە لە پچڕان و لە کولاجکردنێکی بەردەوام، دەق تێهەڵکێشێکە، وێنە پەرتبووەکانی خەیاڵ، پەیوەندییەکانی لەسەر نەخشەی شوێنکاتدا دەنەخشێنێ، تەوەری زمان و دیالۆگ،  پێدەچی زیاتر پابەند بێ بە کرداری ڕابردووەوە، باسکردنی ڕابردوو دەکرێ وەک کردەی قەربووی نەهامەتیەکان تەماشا بکرێ، بونیادی درامی، یەک دەنگیان لە نێواندا نییە، منی بکەرو ئەوی بەرکار، ئامادەبوونی منی قسەکەر، نائامادەبوونی ئەوی بەرکار، لەسەر تەوەری پەیوەندییەکان، ئەگەرەکانی گووتاری شیعریی فراوان دەکات، بازدان لە گرتەیەکەوە بۆ ئەویتر، ئاماژەی ڕەهەندێکی فەلسەفی ئەو بارودۆخەیە کە پێدا تێدەپەرێ، باکراوندی بیرۆکەیەکە، بە مونتاج کردن لەجەستەی هۆنراوەکەدا دەتوانێ هەست بارگاوی بکات، هەر لەسەر ئەم بنەمایش دەکرێ لە دەلاقەیەکی ترەو پەردە لەسەر ویستگەی وێنەیەکی دیکەی شیعرەکە لابدەین

3 ـ ویستگەی سێهەمی ورووژان

ئیرە فڕۆکەخانەی (تیگل)ە

پاڕامەوە نەڕۆی .... گریام نەڕۆی

بێداربوومەوە

من لە کوێ پیتراخان لە کوێ

بەردەوام دەبێت و لە شوێنیکی دیکەدا تەواوی دەکات و دەڵێت:

ئەوتانێ پیترام دەرکەوت

هەر کچۆڵە پڕەکەی جارانە

کراسێکی تەنکی سوورو

پانتۆڵێکی کاوبۆی کاڵی لەبەردایە

بە دیار گۆمێکی شینەوە وەستاوە

ڕووی کردووەتە پەڵە هەورێکی سپی و پێی دەڵی:

ئەگەر بوویت باران و

ڕژایتە سەر چاوی کوڕە کوردێکی چۆغ لەبەر

پێی بڵێ زۆر بیری دەکەم

کەی وەرزەکان یەکیان گرت دەچمە سەردانی

دیارە دووبارە بوونەوەی فڕۆکەخانەی (تیگل) وەک ناشوێنێک پێداگرە لە دیاریکردنی ڕِەوشێک، پێگەی سنوورەکانی پرسیارێک بەرجەستەدەکات، مەحکومە بە ووریا بوونەوەیەک، بە هەڵتەکانی خەونێک، خەیاڵێک، ڕایەڵەکانی ئەو دوورییە فراوان دەکات، کە ئەمی شاعیر بەوی دولبەرەوە دەبەستێت، کاریزمای ڕۆیشتن و جیابوونەوە ئەوەندی جیاوازیی باکڕاوندی دوو کەڵچەر، دوو شارستانیەت زەق دەکاتەوە، ئەوەندەش نیشتەمەنی دوو لەتبوون لە نێوان کەسەکاندا، لە نێوان نێرومێدا ئەنجامدەدات، پەیبردن بە هەبوونی درزێک، دوو وێنەی جیاوازی تێدا ئاشکرا دەبێت، دوو تێگەیشتن خۆی تێدا نمایشدەکات، دوو لێکەوتی لێدەکەوێتەوە، یەکەم (سەلام محەمەد)ی شاعیر وەک ڕۆژهەڵاتییەک لە ناشوێنێکی وەک فڕۆکەخانەی (تیگل) لە ئەلمَانیا دا بە لێکدانەوەو خەیاڵی خۆی، وەک نامۆیەک خەون بە دڵخوازەکەیەوە بە (پیترا)خانەوە دەبینێ، دووەم ئایا (پیترا) خان وەک ئەوروپییەک زەمینیەکی جێگیری هەیە، تا ئەمی شاعیر هەستی نامۆبوونی ئاوێتەی پەیوەندییەک بکات، کە وەک نیشتیمان ئەوینی تێدا بەرجەستەبکات، یان وەک فڕۆکەخانەی (تیگل)ە، ئەو قۆناغەی تێپەڕاندووە کە پابەند بێت بە شوێنێکەوە، یان بە کەسێکەوە، ئەمەش بە مانای لێکچواندنێک دێت لە نێوان فڕۆکخانەی (تیگل) وەک شوێن و لە نێوان (پیترا)خان وەک ویستگەیەک لە ژیانی ئەمی شاعیردا، سێهەم (پیترا)خان لە چوارچێوەی پەیوەندی ئەوینداریدا، متمانە بە مانەوەو ئەمەگی (سەلام محەمەد)ی شاعیر دەکات، یان گومانی جێهێشتنی لێدەکات، ئایا بە تێڕوانینی (پیترا)خان (سەلام محەمەد) لە پەیوەندییەکی ئەوینداری نامۆدایە، نیشتیمان ئاسا جێگیربوون دەخوازێت یاخود ڕێبوارە لە زەمینەیەکی ناشوێندا گیرساوەتەوە، جۆرج زیمیل ڕستەیەکی بەناوبانگی هەیە دەڵێت "ڕێبوار ئەو کەسەیە کە ئەمڕۆ دێت و بەیانی دەڕوات " بە پێچەوانەی نامۆوە کە "ئەمڕۆ دێت و سبەی دەمێنێتەوە"8 مانەوە و ڕۆیشتن دوو وێنەو دوو دیدەی جیاوازیان هەیە لە سەر شوێن، لەسەر دیاریکردنی جۆری پەیوەندی، ئەمەش ڕاستەوانە دێتەوە لەتەک ڕەتووشکردنی وێنەکانی مانەوە و ڕۆیشتن،  ورووژاندنی هەستەکانیان کە، دەرخەی درزێکن لە نێوان نامۆبوون و ڕابووردون، وێناکردنی نامۆبوون بە ڕاگوزەربوون، لە ساتەوەختێکدا، کت و پڕ سەدای ڕاچەنینێک ئەنجامدەدات، ناخی  ئەمی شاعیر دەوورژێنێ و دەڵێت "من لە کوێ  (پیترا)خان لە کوێ" ڕەنگدانەوەی سەختی سەفر و کۆ ژانەکانی پەناهەندە، لە ئاست ئەو ئەگەرانەدا کەم نین، لە چەند ئاستێکدا، کاردانەوەیان دەبێت، یەکەم کەسی پەناهەندە (غەریب) بوێری ئەوە ناکات لەپێشهاتەکانی لێکدابڕان (پیترا)خان ووریا بکاتەوە، هەست بە گوناهێک، بە کەمییەک دەکات، بەوەی نەیتوانی بە پەیوەندی، پەیامێکی ڕۆحی بگەیەنێتە دەست ئەوی بەرامبەر، پارێزگاری لەو پەیوەندییە بکات،کە خەونی پێوە دەبینێ، دووەم بە گەڕانەوە لە ناو یادەوەری خەوتوودا، ئەوە ئەمەگ نییە ئەو بەئاگا دەهێنێتەوە تا لە نەهامەتیکان بیپەرێنێتەوە،  وەک فریادەرسێک قەربووی خۆی بکات، دڵی خۆی بداتەوە، ئەوە پاشماوەی تیڕاونینەکانی ڕۆژهەڵاتە کاتێ وەک ڕۆح دەدۆڕێت، تەنیا جەستە لە یادەوەرییدا دەمێنێ و شانازیی پێوەدەکات، هەستی سێکسی تێدا دەجوڵێنێ، خۆی ئاشکرادەکات و دەڵێت (پیترا) خان هەر کچۆڵە پڕەکەی جارانە، بە کراسێ سووری تەنکەوە، ئاگری هەوەسەکان خۆشتردەکات، ئەمەش یەک نایەتەوە لە گەڵ بۆچوونەکانی بزاڤی فێمێنیزم، ئافرەت پێش ئەوەی جەستە بێت ڕۆحە، مرۆڤە، هەڵبەت ئەمەش  گومانەکانی (پیترا)خان پشتڕاستدەکنەوە، لە ململانی و لە بەیکدادانی ڕایەڵەکانی پەیوەندی ئەوینداری نێوان خۆی و(سەلام محەمەد)ی شاعیر، لە نبوونی زمانی تێگەیشتن لە نێوان ڕاگوزەرو نامۆبووندا، لە نێوان دونیایی خۆرئاواو دونیایی ڕۆژهەڵاتدا، هەر جوڵەی ئەو جیاوازییە پاڵ بە (پیترا)خانەوە دەنێت، لە گرتەیەکی هێما ئامێزدا، لە ڕێگای رەخساندنی وێنەیەکی سروشتەوە، ئاماژە بە خەمێکی قەتیس بووەوە بکات، خەمێک وەستاوە، توانای ڕێکردن و جوڵاندنەوەی نییە، گۆمێکە بەری گیراوە، ناجوڵێت تا گۆرانکاری دروستبکات، ڕەنگی شین گوزارشت لە زامێک، لە گووشاری ئێشێک دەکات، ساڕێژ نابێت، وەک برین نییە خوێنەکەی لە بەربووندا پاکژبێتەوە، گۆڕانکاری دروستبکات، چاک بێتەوە، پۆلینکردنی ئەم پەیوەندییە، لە ئاست گوتاری شیعرییدا، ئەمانخاتە بەردەم دوو ئەگەر، یەکەم دەرکەوتنی (پیترا)خان بە کراسی سووری تەنکەوە، وەک وێنەی ئەو خوێنە وایە، لە دەرچووندایە پێچەوانەی ئەو گۆمە ڕەنگ شینیە، ئەو زامە قووڵەیە، ئەو خوێنەیە، پەنگی خواردووەتەوە لە دەروونی ئەوی بەرامبەردا، ئەوی ڕۆژهەڵاتیدا، وەک گۆمێک وایە شین داگەڕاوە، لە تەک پاکی دا جیاوازیەک دروست دەکات، لە کاتێکدا (پیترا)خان جوڵاندنەوەی هەستە سێکسیەکانی ئەو، لە دەرەوەدا ئاشکرا دەکات، لە ناوەخندا بۆنی گۆمێک دەکات، بۆنی مردنی پەیوەندییەک دەکات، ڕۆح لە جەستە، خوێنی پاک لە خوێنی شینداگەڕاو، جیادەکاتەوە، بژارکردنی ڕێسای گەمەکانی ئەم پەیوەندییە، پێگریک ئاشکرا دەکات، لە پۆلینکردنی سنوورێک دەرناچێت، کە وەک من ڕەفتار نەکات، ئەو لەتبوونە رەتدەکاتەوە، بەوەی بووە بە پاژێک لە من، یان بووەتە ڕووە شاراوەکەی نامن، لە نێوان من و نامن دا  سیحریکی ئەفسانەی هەیە، پەیوەست نییە بە شوێنکاتەوە، بەرادەی دوورکەوتنەوە لە یەک نزیک دەبینەوە، ناگەین بەیەک، مەراقی بەیەک نەگەیشتن فێگەرێکە بەردەوامی دەدات بەو پەیوەندییە، هەرچەندە پشتکردن و دوورکەوتنەوەی (پیترا)خان، لە ئێستادا ڕادەستنەبوونە بە پێدراوەکانی فاکت، لە ناشوێنێکی وەک فڕۆکەخانەی (تیگل) دا، کەچی لە بەرامبەردا دەبینین (سەلام محەمەد)ی شاعیر دەگەڕێتەوە بۆ یادەوەرییەکانی و ستایشی دەکات، باس لە ڕادەستبوونی (پیترا)خان دەکات، بەوەی ڕوودەکاتە سروشتێ ناجێگیروە، بە ناشوێنێکەوە، دەبینین بە پەڵەهەورێک ئاماژەی بۆ دەکات، پەڵەهەور ناشوێنێکە، سروشتی پەیوەندییەکی ئەوینداری لە ئامێز دەگرێ، پێچەوانەی  فڕۆکەخانەی (تیگل)ە، هاتن و ڕۆیشتنی دیار نییە، لە ژێر ڕکێفی کەسیاندا نییە ڕامکردنی وەک پەیوەندی ئەوینداریی مەحاڵە، چۆن پەڵەهەور بە باران پاکدەبێتەوە و دەروێتەوە، ئاواش لە چوارچێوەی ئەو پەیوەندییەدا داوا لە (سەلام محەمەد)ی شاعیر دەکات، لەبەر بارانی ئەو پەیوەندییەدا، لە ئێش و ئازارە پەنگخواردووانەی پاک بێتەوە، کە بەر ئاسمانی لێگرتووە و شت وەک خۆی نابینێ،  ئەوە ڕەنگدانەوەی جێاوازی بینینە هانی (پیترا)خان دەدات، گریمانەی پاکبوونەوەی ئەو پەیوەندییە ئەویندارەیە بکات، کە دەبێتە باران، مەرجی پێش وەختەی بۆ داناوە، چۆن باران لە هەور، من لە نامن دادەبڕێت، بە هەمان شێوەش، (سەلام محەمەد) لە ناوەکەی ددادەبڕێت، کاڵبوونەوەی وێنەکەی لە نێو چوارچێوەی نەتەوەدا تۆخ دەکاتەوە، چیتر وەک کەسێکی دڵدار نایناسێت،  گوێزانەوەی نەهێنی ناوەوە بۆ دەرەوە، تایبەتمەندیەک لەق دەکات، لادانێک فەراهەمدەکات، مەگەر بە پۆشاک و چۆغەکەی بیناسینەوە، وەدەرنان و نائامەدەیی کەسێک، لە ناوەخندا ڕێگای ئامادە بوون بۆ کەسێکی تر لە دەرەوەدا خۆشدەکات و دەیگرێتە خۆی، لای ئاگامبن نائاسایی " وەدەرنراویکی وەدەرنراو " نییە بەڵکو "وەدەرنراوێکی لە نێونراو " واتە دەرکەر شتێک نییە دەرکراو لە خۆی نەگرێت"9   کەواتە تێزی گرتنە خۆی بەو لایەدا دەشکێتەوە کە وەک نەتەوە براوە بێت، وەک دڵداریش دۆڕاو بێت، بەوەی داهاتی پێدراوەکانی پەیوەندی دڵداری ڕاستەقینە، گەلێ فراوانترە لە جیاوازییەکانی پەیوەندی نێوان دوو نەتەوە، یان دوو کەڵچەر، ئەمەش لە تەک جیاوازییەکانی نامۆبوون ڕاگوزەردا یەک نایەتەوە، لە ئامادەبوونی سیمای نەتەوەیەک، لە نائامادەبوونی کەسێک، لە توانەوەی لە نێو هاوکێشەی ئەویندارییەک دا هیچ ناهێڵێتەوە بۆ ئەوی بەرامبەر، لەوە زیاتر لە نێو ئۆرگانی دەرکراوو وەدەرنراودا، (پیترا)خان بە غیابی  پێی بڵێت: بیری دەکەم، کەی جیاوازی وەرزەکانی ساڵ نەما سەردانی دەکەم، بەم کردیەش جارێِکی تر چەمکی مەحاڵ دادەڕێژێت .

2ـ پەیوەندی لاوەکی 

ویستگەی یەکەم

ئای بۆ ڕۆژانی برسێتیم ..

تەمەنم چواردە ساڵان بوو

حەزم لە کچێکی لاوازی چاو قووڵ کرد

ئەوسا تۆ لە ناخی سپیمدا نووستبووی

دوای ساڵێک دڵداری

دوای ساڵێک سروودی فرمێسک

وتی : ئەگەر تامەزرۆی هەلمَژینی

لێوی ناسک و مەمکۆڵەی پڕ بە دەمی

دەبێ خوێنی گیانمان تێکەڵاو بێت

وتی: من لە نەوەی ( ڤینۆس)م

باوەرم بە خۆشەویستی خوێنە

لێوەکانیم گەزی . مەمکۆڵەیم هەلمَژی ..

ئەویش لێوەکانی گەستم

یکمان گرت و دوای چەند مانگێک

ڕیمان کەوتە شاری دڕکوداڵ

جیابووینەوە ئەو پەیمانی خوێنی لە گەڵ لاوێکی

تردا بەست

منیش کچە قوتابییەک ئاشنا و دراوسێ

هەراسانی کردبووم ..

تۆ هێشتا لە ناخی سپیمدا نووستبووی

گەڕانەوە بۆ ڕۆژانی ڕابردوو، بۆ ڕۆژانی بەرکەوتنی یەکەم، ئایا پەیامی ڕزگاربوونی چارەنووسی گەنجێ هۆشیار هەڵدەگرێ! گەنجێ بتوانێ لە نێو دوو ئاوێنەدا، هەوێنی بەراووردێک بگرێتەوە، خەمێک دایگرێت، خەونێک بیگرێتەوە، ڕۆچوون بەنێو گەمەکانی دوو ئاوێنەدا، گیانێکی پاکی شاعیرانەی دەوێت، گیانێک بتوانێ خۆی لە دیاردەکانی گەوجاندن لادا، گیانی لە خۆشنوودی بیگەردی دا تەژی نەبێت، ناتوانێ خۆی لە ئاوێنەیەکدا ببینێت کە تەنیا لەگەڵ حەزو جەستەدا مامڵەبکات، کردەی حەزلێکردن پلەیەکی سەرەتایی ووروژانە، ناچێتە ناخی پاکی شاعیرانە، ڕابردوویەکە ئاماژە بە پچڕان و دابڕانی قۆناغێک دەکات، لە ئێستای دەقدا تانوپۆی دووڕیانێک دەکات، جیاوازی نێوان ئەم دووڕیانە، ئەم دوو ئاوێنەیە بووەتە چیرۆکێ، ئەگەری کوشتنی بەسەرهاتێک یان شکاندنی ئاوێنەیەک مەیسەردەکات، بەئاگابوونی تۆ لە ئاوێنەی ڕۆحی مندا، کوشتنی جەستەی ئەوە لە ئاوێنەی حەزدا، گەر تۆ لە ناخمدا نەنووستیتایە، ئەو زەفری پێم نەدەبرد، نەی دەتوانی لە ئاوێنەی مندا خۆی ببینێ، غافڵ بوونی من لە تۆدا، یان بێ ئاگایی تۆ لە ئاوێنەی مندا تا دوای ساڵێکی دڵداریش، نەی دەتوانی ئەگەری چیرۆکی باڵادەستی تۆ لە ئاوێنەی مندا بشکێنێ، گریانی من، پەیوەندیی ئەوینداری لە پەیوەندیی هاوسەرگیری یەک لا دەکاتەوە، لە ژێر سایەی هاوسەرگیریدا، بێ ئاوێتەبوونی دوو ڕۆح لکاندنی دوو جەستە رەتدەکاتەوە، گریانی من، تراژیدیای شکاندنی ئاوێنەی تۆیە، ئەوە دەست بژێری تۆیە، جەستە دابەشدەکات، لەزەت هەراجدەکات، بنەماکانی هاوسەرگیری لەقدەکات، پارچەپارچەی دەکات، وێنە کامڵبووەکانی ئاوێنەی خۆشەویستی تێکدەشکێنێ، لە کاتێکدا یەکێک لە خەسڵەتەکانی خۆشەویستی، قایل نەبوونیەتی بەدابەشبوون، نە وەک دەست بژێری جەستە، نەوەک ڕۆح، نە موزایەدەکردن و بەلابەرێبردنە، نە بەخشینی شەرعیەتە، بە کۆکردنەوەی پارچە شکاوەکانی ئاوێنە و تێکەڵبوونی خوێن و توانەوەی ئاوێنەی ڕۆحی منە لە ئاوێنە شکاوەکانی جەستەی تۆدا، نە خەیاڵە، واقیع پارچەپارچە دەکات، ئاوێنەی دڵی شاعیر لەتەک کەسێ یەکانگیرە، لە ناخیدا فریشتە ئاسایەک نووستبێ، ئیلهام و بەهرەی بەئاگابهینێ، شیعری بۆ بنووسێت، نەک ئەو، ئەم بنووسێت، ئەگەری ڕوودانی هەر تێکەڵییەکی جەستەیی بەو جۆرە، هەر خلیسکانێک و پیادەکردنی داواکانی جەستە، دەکرێ وەک ڕاگوزارێک ڕابوێرێت، وەلێ ناتوانێ وەک نامۆبوونێک لەسەری بنجبەست بێت، یەکنەهاتنەوەی ڕاگوزەرو نامۆبوون، کردەیەکە جیابوونەوە فەراهەم دەکات، کورتکردنەوەی شوێنکات لە ساڵێکی دڵدارییەوە، بۆ دوای چەند مانگێک، ئاماژەی کزربوونەوەی پەیوەندییەکە، شوێنکاتی ئاشکرابوونی زامەکانی نامۆبوونە، رەتکردنەوەی ئارەزووەکانی ڕاگوزەرە، جیابوونەوەیە، پشتکردنی تۆیە لەو، ناچارکردنی ئەوە، هاوسەرگیری لە تەک کەسیکی تردا بکات، وەڵامدانەوەی مێنەیەکی ڕۆژهەڵاتییە، لە ئاست پەینەبردن بە نامۆبوونی شاعیرێک، لە ئاست خەوبینین بە فریشتەیەکی نووستووی ڕۆژئاواییدا، شاردنەوەی هەستێکە، بوێری ئەوە ناکات، هەستێک برینداربکات، بڵێت: تۆ تەنیا جەستەیت، خاوەن ئەو ڕۆحە نیت، فریشتەی نووستووی ناخم، لەو خەوە خۆشە دڵنیایە هەڵسێنیت، ببیت بە جێگرەوەی ئەو، نەک ئەوە، تەنانەت بە دامەزراندنی پەیوەندییەکی نوێ، بە هاتنە ناوەوەی کچێ قوتابی دراوسێ، کچێ خوێندەوار، گلاندنی لە هەمان کاتدا، بە پەیوەندییەکی سۆزدارییەوە، ئەویش بە هەمان شێوە نەیتوانی، خانمی نووستووی کۆشکی شاهانەی دڵی بە ئاگابهێنێ، گەر زیادەڕۆیی نەبێ، ڕۆحی نووستووی دولبەر، گەر دینەمۆیەک نەبێت بۆ زیندووبوونەوەی ڕۆحی ئەمی شاعیر، ئەوا دەبێت لە نێو جەستەیەکدا بمرێ، هەرگیز ناتوانێ، لە ئاوێنەی داهێنانی شیعریدا، وێنەی خۆی بدۆزێتەوە، گەر پەیوەندی ئەوینداری، بەربەست نەبێ لە دانانی سنوورێک کە پارێزگاری لە کۆلکەکانی ئەمەگ بکات، لە بەخشینی مانا بە ڕەوشتێ لەتەک وێنەی ئەودا، لە ئاوێنەدا هاوشانی وروژانێ بێت، هاوپێچی پەیوەندییەکی ڕۆحی بێت، دابەش بوون قەبووڵ نەکات.

ویستگەی دووهەم

کچە چاو قووڵەکەی جاران ..

چوار منداڵی خورتی هەیە

چەند تاڵێکی پرچە ڕەشە قەترانییکەی

سپی بوونە

تۆش لە ناخی سپیمدا پەروەردەبووی

ووتی : دەمناسیتەوە؟

وتم: شێوەت دەکەم و نازانم

وتی: چاکبوو دەبەنگێکی وەک تۆ نەبووە مێردم

گوایە خۆشەویستی خوێنت لە بیرچووە؟

وتم: گەردەلوول فڕاندی و دایە دەم لافاوەوە

ڕۆڵی ڕێکەوت لە گێڕانەوەی بەسەرهاتەکان دا، گرێدانی بە شوێنکاتەوە، چڕکردنەوەی بیرۆکەی گشتی دەق، خۆی لە ئامێزی وێنەکێشانی کەسایەتیەکاندا ساغدەکاتەوە، کاتێ ڕۆژگار بە ڕێکەوت، لە شوێنێکدا کۆیاندەکاتەوە، شوێنەکە، پێدەچێ ڕۆژهەڵات بێت، زێدێک بێت، پێشبینی ئەوەی لێناکرێ، وێنەی کەسێکی بریندار هەڵگرێ، بە تایبەت گەر قوربانی پەیوەندییەکی دڵداری بێت، بەرادەی برینەکان کاردانەویان دەبێت، تەشەر دەبێ بە جێگرەوەی هەواڵ پرسین، چ کارەساتێکە لە دوای تەمنێکی دابڕان، ئارەزوومەندو ئارەزووشکێن، لە دوای پەیدابوونی چوار منداڵ، بە ڕێکەوت بە دیداری یەکدەگەن   (سەلام محەمەد)ی شاعیر، هەر وەک خۆیەتی ڕەبەن و زوگورتییە، دۆستە دێرینە ئارەزووشکێنەکەشی، بووە بە دایکی چوار منداڵ، بە دیوێکدا، هەبوونی چوار منداڵی خۆرت، چەند ئاماژەیە بە درێژی شوێنکاتی ڕۆتینەوە، گەورەبوونی تەمەن وڕادەستبوونی گەنجێنی بە سپێتی چەند تاڵە قژێک، لەبەرامبەردا دەرخەی ئاماژەیەکە، کورتبوونەوەی شوێنکاتێکە، ناچێتە قەرەی ژیانی ڕۆتینەوە، تایبەتمەندی خۆشەویستیی کەسێکی دیکەی  تێدا ڕەچاو دەکرێت، خۆشەویستێک پابەندە بە نەمریەوە، دەچێتە قاڵبی سۆفیگەراییەوە (محەمەد تەها حوسین) دەڵێت " نەتوانینی دۆزینەوەی فۆرمی هاوسەنگتر، دەچنە قاڵبی سۆفیگەرایی و جۆرەکانی عیشق و هەر بۆیە، ئەم جۆرە لە پەیوەندی چۆن لە واقیعدا زۆر کەمتر، بەرجەستە دەبن، زەخیرەیەکی گەورەیان لە خەیاڵ و حیکایەت و میتۆلۆژیا پێکهێناوە" 10 . کەواتە بنەماکانی ڕوونەدانی هاوسەرگیری، کچە لاوازەکە، یەکەم نەبوونی زەخیرەیەکە، نەیتوانیوە خەیاڵی دەستەمۆبکات، بیکاتە حیکایەتێ، خۆی لە بیربەرێتەوە دووهەم لەقنەبوونی خۆشەویستی یەکەمەینە، پەیوەندی ڕەسەنە (پیترا)خانە، تا ئێستا لە ناخیدا بەجۆرێک پەروەردەو گەورەبووە، شوێنکات و ساڵەکانی تێدا هەژمارناکرێت، ساڵان دێت و دەروات هەستی پێناکات، سێهەم ئەگەرەکانی بەرتەمای خەیاڵ لای شاعیر فراونترە،  ئەوەندەی لە هێزی خەیاڵدا دەژی، پێ لە واقیعی لاوازدا نانێت، نایناسێت، پێچەوانەی کچە لاوازەکەیە، ئەوەندی مامڵەو ڕەنگدانەوەی لەتەک واقیعدا هەیە، بەلای خەیاڵدا ناچێت، بۆیە کە لێیدەپرسێت دەڵێت: دەمناسیتەوە، ئەمی شاعیریش شێوەی دەکات و نایناسێتەوە، چۆن نەبوونی خەیاڵ، واقیع دەکوژێت، لەچوارچێوەی پەیوەندییەکدا سنوورداری دەکات، هاوکات ئەمەش لەتەک بەرهەمهێنانی خەیاڵی شیعرییدا یەکنایەتەوە، گەر شیعر تێپەڕاندنی واقیع بێت، واقیع ناتوانێت، شوێن پێی ئەو پەیوەندییە هەڵگرێ کە لەتەک شیعردا لێکترازان فەراهەمدەکات، لێکترازانی ئەمی شاعیر لەگەڵ کچە لاوازەکەدا، لێکترازندنی خەیاڵ و واقیعە، جەستە و ڕۆحە، زایندەو ئەوینە، سیحری ورووژان و بەتاڵکردنی دامرکاندنەوەیە، تەشەرەی خەنجەری واقیعی ڕێپێدراوە لەسەر سینەی ئاشقێک، نهێنی یەکەم ودوا ئەشقی هەڵگرتووە، مانۆری جیاوازییەک دەکات، لە پەیوەندی یەکەمدا، رەفتار دەنوێنی، پەروەردە دەچنێ، لە پەیوەندی دووهەمدا، وەک ڕاستکردنەوەی هەڵوێستێک، ئەوی بەرامبەر بێ رەفتارییەک دەنوێنێ، ستایشی خۆی دەکات، بەوەی باشی کردوە هاوسەرگیری لەتەک دەبەنگێ نەکردووە، نەبووە بە مێردی، هاوسەرگیری لەبیر کردوە، گرێدانی پەیوەندی بەم ڕەوشەی ڕۆژهەڵات، گەردەلوولێکی وشک وبرینگە مەرامی شاعیر ناشکێنێ، لەنێو گەردو تۆزیی رۆتیندا تەنگە نەفەسیدەکات،خوێندنەوەی پەیوەندییەکان، بەم ئاقارە، یەقدانەوەی بێزارییەک دەکاتە هاندەرێک راپێچیدەکاتە نێو لافاوی نامۆبوونێکی دەروونی، بیر لە دەرچەی ڕۆژئاوا (تاراوگە) بکاتەوە، بەجستە لێرەیە، بەڕۆح خەون بە ڕۆژئاواوە دەبینێ، ئاکامەکانی کەنارکەوتنی پەیوەندی لاوەکی، شاعیر ناچاردەکات، خۆی لە ئامێزی پەیوەندی ڕەسەندا بدۆزێتەوە، بیر لە کۆچکردن بکاتەوە، ڕۆژئاواو تاراوگە بکاتە جێگرەوەی ڕۆژهەڵات و زێد، پەنا بۆ (پیترا)خان بەرێ، ئێرە رەتکاتەوە، ئەوێ هەڵبژێرێت، هەڵبژاردن هیچ یەکێک لەو ویستگانە پۆلین ناکات، تا هەموو نهێنییەکانی پێبلیت، گیانی ئەم پەیوەندییانە داماڵڕاوە لە گوناە، تەنیا هەوڵدانێکە بۆ گەڕانەوی بەهای بیرەوەرییەک، خەونێکی مەحاڵی تێدا نوستووە.  

ژیدەرەکان

1 ـ ڕۆژنامەی هەولێرـ سەلام محەمەد ـ هۆنراوەی ورووژان ـ ژمارە 3190 ـ ساڵ 28 / 10 / 2019 ـ لاپەرە 18

2 ـ قادر عەبدولڵا ـ خەتی بزماری (ڕومان)ـ وەرگێرانی شەفیقی حاجی خدرـ چاپخانەی ئەندێشە ـ چاپی/ یەکەم ـ ساڵی چاپ 2017 ـ لاپەرە 427

3 ـ حاتم ێکرـ ترویڤ النێ ـ المگبعە الهیئە المێریە للکتاب ـ السنە 1998 ـ الێفحە 157

4 ـ ئەدیب نادر ـ ڕوخسارو دەمامک ـ چاپخانەی ڕۆشنبیری  هەولێرـ وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان ـ چاپی / یەکەم ـ ساڵ 2019 ـ لاپەرە 146

5 ـ هەمان سەرچاوەی پێشوو ژمارەی 3 ـ لاپەرە 112

6 ـ بەختیار عەلی/ ئاوڕەکەی ئۆرفیوس ـ چاپخانەی رەجایی/تاران ـ چاپی / یەکەم ـ ناوەندی ڕۆشنبیریی و هونەریی ئەندێشە ـ ساڵی چاپ 2014 ـ لاپەڕە 205

7 ـ مەریوان وریا قانع ـ دەربارەی فەلسەفە و ئیسلام و ڕۆشنگەری ـ چاپ و بڵاوکردنەوەی سیروان مەحمود ـ چاپی / سێیەم ـ ناوەندی ڕۆشنبیریی و هونەریی ئەندێشە ـ ساڵی چاپ 2017 ـ لاپەرە 454

8 ـ بەختیار عەلی ـ ناشوێن ـ چاپخانەی کارۆـ ناوەندی ڕۆشنبیری ڕەهەند دابەشی دەکات چاپی / یەکەم ـ ساڵ 2019 ـ لاپەرە 104 

9 ـ هەمان سەرچاوەی پێشوو ژمارەی 8 ـ لاپەرە 228

10 ـ محەمەد تەها حوسێن ـ سایکۆلۆژیای پەیوەندیکردن ـ دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی رۆژهەڵات ـ هەولێر ـ ژمارەی چاپی/ دووەم ـ ساڵ 2015 ـ لاپەرە 183 

                                                                        زستانی 2019