شرۆڤە

رۆمان چییە (٣٧)

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

ئیستا با بگەڕێینەوە سەر رۆمانە "نەخوێندراوەکان": داخۆ ئەم حاڵەتە، واتە ئەو رۆمانانەی وا لە سەریمان بیستوون و قسەیان لەسەر دەکەین و بەڵام نەمانخوێندوونەتەوە، لە چ ئاستێکدا خاوەن گرینگییە؟ بەهەرحال گۆمانمان لەسەر ئەوە نیە ئەو کتێبانەی وا نەمانخوێندوونەتەوە دەتوانن بمانخەنە ژێر کاریگەریی خۆیانەوە

 

رەنگە بتوانین پێچەوانەی ئەو شتەی وا 'بایارد' باسی دەکا، بێنینە گۆڕێ؛ ئەویش ئەوەیکە کاتێک ئێمە کتێبخانە دەروونییەکانمان لە دیالۆگە ئەدەبییەکاندا دێنینە پێشی کتێبەکان دەتوانن درێژە بە ژیان بدەن و بۆیە ئەوە کەمایەسی نیە لە کاتی دیالۆگدا، بەڵکو "کتێبخانەکان" دەچنە ناو ئاڵوگۆڕێکی کۆمەڵایەتییەوە. رەنگە هەروەها بتوانین بڵێین رۆمان کە بە تۆکمەیی گرێدراوە بە خوێنەرە تاکەکان و ئەزموونەکانیانەوە، واوەتر لە جیهانی خۆیان دەچنە ناو جیهانێکی تریشەوە، ئەگەرچی خوێنەر زۆر بە بێدەنگی لە سەر کورسیی خۆی بە کتێبەک بە دەستییەوە لە ماڵەوە دانیشتووە، خوێنەرێک کە لە راستیدا لەم حاڵەتەدا چووەتە ناو دیالۆگەوە. زیاتر لە هەبوونی گفتوگۆیەکی گشتی لەسەر ئەدەبییات، زۆربەی کۆروکۆمەڵە کتێبیەکانی وڵات بۆ ئەوەی بتوانن شتە تایبەتییەکانی خۆیان بکەن بە بابەتێکی گشتی، پێویستیان بە باسکردنی کتێبە دیاریکراوەکانە و ئەمە بەتایبەت رۆمان دەگرێتەوە.


هەندێ رۆمان بەبێ ئەوەی بخوێندرێنەوە، یاخود بە هۆی ئەوەوە لەلایەن کەمینەیەکی یەکجار کەمەوە خوێندراونەوە، گرینگییەکی تەواویان پەیداکردووە. ئەوەیکە رۆمانیFinnegans Wake  (١٩٣٩) جەیمز جۆیس لەلایەن خەڵیكی کەمەوە ـ بەهۆی زمانی تایبەتەکەیەوە کە خوێندنەوەکەی دژواردەکا ـ خوێندراوەبێتەوە، رەنگە شتێکی سەیرنەبێ. لانیکەم ئەگەر مەبەست خوێندەنەوە بە تێگەیشتنەوە بێت. هەروەها 'ئولیسە' کتێبێکە گەلێک کەس رووی تێدەکەن و خوێندوویانەتەوە، بەڵام سەیر ئەوەیە گەلێک خوێنەری نوخبە یاخود مامۆستای زانکۆ نەیانخوێندووەتەوە. زۆربەی ەو خوێنەرانەی من دەیاناسم قەت بەجوانی ئولیسەیان تەواو نەکردووە. پێموابێ من بۆخۆم یەکێک لەوانە بم. لەبەر ئەوەی من هەستدەکەم خوێندوومەتەوە و ماوەیەکی درێژ لام وابووە ئەمەم کردووە. جا خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە ئێمە هەمیشە ئەو شتەی وا لامان وابووە خوێندوومانەوتەوە، لە راستیدا نەمانخوێندوونەتەوە! گەلێک ساڵ پێم وابووە من تەواوی دەقی ئولیسەم خوێندووەتەوە، تەواو تا کاتێک دانیشتمەوە و دەستم کردەوە بە خوێندنەوەی و ئەوجا زانیم من لەوە پێش نەمخوێندبووەوە. یاخود خوێندبوومەوە! کێشەکە لەوەدایە من هەتا ئیستاکەیش دڵنیانیم، لەبەر ئەوەی من گەلێک سیتاتم لێ خوێندووەتەوە، بیستوومە گەلێک کەس ئاماژەیان پێداوەو یەکجار زۆریشم لێرەولەوێ لەسەری خوێندووەتەوە. جا بۆیە بەڕاستی بۆم دژوارە بزانم خوێندوومەتەوە یا نا. من هەندێ سەحنەی ئەم رۆمانەم لەبیرماوە و بەتایبەت کۆتاییە بەناوبانگەکەی، بەڵام هەموومان ئەمە دەتوانین بە بێ ئەوەی تەواوی رۆمانەکەمان خوێندبێتەوە. جگە لەمە من هەندێ رۆمانی تریشم خوێندووەتەوە کە دەتوانم هەندێ رووداویان لێ بهێنمەوە، یاخود ئەو کەسانەی دەناسم وا قسەیان لەسەر دەکەن و بەشێوەیەک لە شێوەکان  ئاماژەیان پێدەدەن.

بەڵام ئەی رۆمانی سەردەم، داخۆ دەتوانین بەهەمان شێواز باسی بکەین؟ بۆ نموونە رۆمانی 'ئایەتە شەیتانییەکانی (١٩٨٨) سەمان روشدی. ئەمە کتێبێکی سەردەمی تازەترە، بەڵام بە گوێرەی ئەزموونی من سەرەڕای ئەوەی بەشێوەی گشتی و تایبەت جێگای سەرنج و گفتوگۆ بووە بەڵام لە راستیدا کەم کەس خوێندوویەتییەوە. گفتوگۆی سەر ئەم رۆمانە بێگومان گرێدراوەتەوە بەو فتوایەی لەسەری دەرکرا، ئەو حوکمە مەرگەی وا ئایەتوڵلا خومەینی لەسەر روشدی دەریکرد لەخودی رۆمانەکە گرینگتر بوو. با نموونەیەکی تەواو جیاوازی دیکە بێنینەوە: واتە رۆمانی 'جیهانی سۆفی'ی (١٩٩١) 'یۆستەین گۆردێر'. ئەم رۆمانە فەلسەفەی گەرم کرد و، بوو بە دیاردە: کێ دەیزانی رۆمانێک لەسەر کچێکی گەنج کە سەرسام دەبوو و بابەتە دوورودرێژەکانی سەر فیلسووفەکانی دەگرتەوە، ئەو بابەتانەی وا زۆربەی خەڵک کەمتر لە سەریانی بیستووە، ئاوەها لە جیهاندا ناوبانگ پەیدادەکا. سەرکەوتنی فرۆشی ئەم کتێبە وەک دەزانین ناوبانگی دەرکرد، بەڵام داخۆ خوێندراوەتەوە؟ بێگومان، بەلام نەک لە لایەن هەموو ئەوانەوەی وا لەو سەردەمەدا کتێبەکەیان کڕی، ئەو سەردەمەی وا "هەمووان" لەسەر رۆمانەکە قسەیان دەکرد. داخۆ جیهانی سۆفی یەکێکە لەو کتێبانەی وا گەلێک کەس کڕیان بە بێ ئەوەی بیخوێننەوە؟ بەهەرحاڵ ئەم رۆمانە یەکێک لە رۆمانە گرینگەکانی مێژووی رۆمانە، ئەو رۆمانانەی وا پێیان دەگوترێ رۆمانی بیر، ئەو رۆمانانەی وا لە پلۆتدا لاوازن و وەک کردە (رووداو) سەرنجڕاکێش نین، بەڵام ئەو بیرانەی دەگرنەوە وەک بڵێی واوەترن لە خودی رۆمان. بەڵام رۆمانی رووداو بە شێوەی جیاواز ناسراوە. رۆمانی 'کۆدی داڤینچی'ی 'دان براون' بێگومان ئەو بیرانە دەگرێتەوە وا حەز بۆ ئایین، عیرفان و مێژوو دەجوڵێنن، بەڵام ئەمە ئاکامی خویندنەوەی بوو. خوێنەرانی رۆمانی پۆلیسی ئەو کتێبانە ناکڕن وا لە قەفەسەکاندا بە نەخوێندراوەیی دەمێننەوە! لێکۆڵینەوەیەکی خێرا و تەواو نازانستی سەبارەت بە باسی رۆژنامەکان لەسەر ئەوەی نۆروێژییەکان لە هاوینی ٢٠١٣ چ بابەتگەلێکیان لە کاتی پشوودا زیاتر خوێندووەتەوە، ئاماژە بە کتێبی 'پۆلیس'ی نووسەر 'نێسبو' دەکەن. من شەرت دەبەستم ئەم کتێبە خوێندراوەتەوە.

ئەمە رۆمانەکانی 'داگ سولستاد'یش، رەنگە جگە لە مێژووی بنەماڵە کە لە ساڵی ٢٠١٣ درایە دەرەوە، دەگرێتەوە. سولستاد لەڕاستیدا نووسەرێکی نموونەییە لە بواری بیردا. ئەم رۆماننووسە خاوەن خوێنەری وەفاداری خۆیەتی کە بە رادەی خوێنەرەکانی نێسبو نین، بگرە یەکجار کەمتریشن، بەڵام خوێنەری بەتواناترن. ئەم نموونانەی وا باسمان لێکردن هەندێ پرسیار سەبارەت بە بەربڵاوی، فرۆش و کڤاڵیتە دیننە گۆڕێ کە بە بێ نزیکبوونەوەی زیاتر لە دەقەکان زەحمەتە بەڵگەمەند بکرێ. رەنگە بەهەرحاڵ بتوانن یارمەتیمان بدەن بۆ دیاریکردنی ئاراستەی رووداوەکان. ئەمە ئاماژە بەوە دەکەن کە ژانری رۆمان چەندە هەم جیاوازە و هەم زاڵە، هەروەها لە دیدی خوێنەریشەوە.

ئیستا با بگەڕێینەوە سەر رۆمانە "نەخوێندراوەکان": داخۆ ئەم حاڵەتە، واتە ئەو رۆمانانەی وا لە سەریمان بیستوون و قسەیان لەسەر دەکەین و بەڵام نەمانخوێندوونەتەوە، لە چ ئاستێکدا خاوەن گرینگییە؟ بەهەرحال گۆمانمان لەسەر ئەوە نیە ئەو کتێبانەی وا نەمانخوێندوونەتەوە دەتوانن بمانخەنە ژێر کاریگەریی خۆیانەوە، وەک چۆن نموونەی 'ئولیس' سەلماندی. کەس ناتوانێ هەموو شتێک بخوێنێتەوە و ئێمە زۆربەی جار لەسەر ئەو رۆمانانەی قسە دەکەین وا کەسانی تر خوێندوویانەتەوە. خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە هەندێ کتێب ـ لە سەردەمی نوێتریشدا رۆمان ـ بووە بە بەشێک لە حافزەی هاوبەشی کلتوری بۆ ئەو خەڵکانەی وا زۆر دەخوێننەوە. دراماکان پرسیارێکی ترن لەسەر بینراو تا خوێندراو، دیارە بەدەرهاویشتنی شکسپیر و ئیبسن. دراماکانی ئەم دوو نووسەرە لە قوتابخانە دەخوێندرێن و بۆیە بوون بە دراما خوێندراوەکان. شیعریش بەنۆرەی خۆی پێش لە هەر شتێک وەک شیعری تاک و تەرا دەژی نەک وەک کۆبەرهەم یاخود کتێب. کاتێک قسە لەسەر ئەدەبی کۆنترە، ئینجیل، سنۆرە، هومێر یاخود دانتە دەچنە ناو حافزەی هاوبەشی 'دروستکراو". بەڵام ئەمە پێ لەسەر ئەو بەشە دادەگرێتەوە کە من لەوە پێش ئاماژەم پێدا، ئەویش ئەوەیکە رۆمان سەرەتا دەبی بە خاڵێکی سەرچاوەیی هاوبەش و دوواتر دەبێ بە ژانرێکی ناوەندی لە ساتەوەختێک لە مێژوودا.

درێژەی هەیە...